Skip to Content

Sunday, June 23rd, 2024
ئاقڵەکان دەفڕن!  … فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئاقڵەکان دەفڕن! … فەڕۆخ نێعمەتپوور

Closed
by October 27, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

چ دەبوو مرۆڤ وەک قوڵینگەکان با؟ ئەمە پرسیاری ناو زەینی ئەو بوو. دەیگوت قوڵینگەکان کە زستان و سەرما و سۆڵ روو دەکاتە وڵات، کۆچ دەکەن،… تا بەهارێکی تر. ئەوسا دەگەڕێنەوە،… بە کۆ دەگەڕێنەوە، وەک چۆن بە کۆ رۆیشتبوون. بڵیند بڵیند لەو ئاسمانەدا بە ئاوازە ئەبەدییەکانیانەوە روو دەکەنەوە شوێنی سەرەتا،.. شوێنی دەستپێک. کۆیە سپییەکانی بەرزاییەکان و دەستپێک و کۆتاییە بەردەوامەکان.

دەیگوت: “زستان، زستانە. کە دێت ئیتر دێت. تەمەن و سەردەمی خۆی دەوێت. دەبێ بەسەری کا. دانیشتنیش لە تاریکاییەکاندا و لە سەرما و سۆڵەدا نە زیرەکانەیە و نە یارمەتی دەدا. لەوە ناخۆشتر نیە تەنیا لەژوورەوە بیت و هەموو رۆژ و کاتێک لە پەنجەرەکانەوە لە دەرەوەی سەهۆڵین بڕوانی و بە دەمییەوە بیر لەو رۆژانەی بکەیتەوە وا هێشتا بە بەریەوە ماون. چ زەمەنێکی ترسناک!”

ئەو دەیگوت: “تاریکی دەبێ بۆ تاریکی بە جێ بێڵی،… سەرما بۆ سەرما و زستان بۆ زستان. دەبێ لێگەڕێی ‘با’ بە نیوە شەودا بلورێنێ و دنکە بەفرەکان وەپێش خۆی بدا و تاریکیش دابنیشێ و شێتانە سەیری ئەم کایە ترسناکە بکا.” ئەو پێی وابوو لە هاتنی زستان دا حیکمەتێک هەیە، حیکمەتێک کە خوێندنەوەی یەکجار دژوارە. حیکمەتێک کە لۆژیکەکەی لە خۆیدا دەست پێدەکا و هەر لە خۆیشیدا تەواو دەبێ،… بوونەوەرێک یەکجار دوور لە هێز و حەزی مرۆڤ.

دووا قسەیشی لەم بەشەدا ئەم رستەیە بوو: “مرۆڤە ئاقڵەکان وەک قوڵینگەکانن،… کۆچ دەکەن!”

من ئەم قسانەم شەوێک لە شەوەکانی ژیان بیست،… کاتێک لە کار دەگەڕامەوە و لە سەر قەنەفەکە بە دەم سەیرکردنی تەلەفزیۆنەوە نانم دەخوارد.

سەرەتا واقم وڕما. نازانم چەندە، بەڵام بێگومان چەند خولەکێک راوستابووم. ئاخر لای من زستان خۆشترین وەرزی ساڵ بوو،… لە بەهاردا کۆچم کردبوو و خۆشترین ئاوازی سروشتیش لای من دەنگی “با” بوو. بەڵام،… بەڵام قوڵینگەکان! من لە گەڵ ئەم بوونەوەرانە ئاشنا بووم، بەڵام قەت بیرم لێنەکردبوونەوە. ئەوانم بینیبوو. بە تایبەت لە ساڵی شەڕەکاندا. ئەو کاتانەی وا دەنگی تۆپ و گرمەی بۆمبەکان سەری لێدەشێواندن. یاخود پێوەندی نێوان ئەقڵ و قوڵینگە. ئەوەی کە ئەوان لە مرۆڤەکانی نیشتەجێی وڵاتە زستانییەکان ئاقڵترن. مرۆڤی ناو تەلەفزیۆنەکە چی دەگوت. وردتر لێی رامام. تەمەن گەڕاوەیەکی سەر ماش و برینجی بە چاویلکە بچووکەکانییەوە. ئەوسا ژێرنووسەکە هاتە لە رووبەری تەلەفزیۆنەکە “پسپۆڕی فەلسەفەی سیاسی”.

کەواتە فیلسووفێکی بەشی سیاسەت ئەم قسانەی دەکرد. دەنگی تەلەفزیۆنەکەم زیادتر کرد:

ـ “ئینسانیترین شێوازی بەربەرەکانێ لە گەڵ زستان ئەمەیە. دەبێ مرۆڤەکان بڕۆن،… بفڕن،… کۆمەڵ بە کۆمەڵ، بەو ئاوازانەوە کە دەیزانن. لەو بەرزاییانەدا گۆرانی بچڕن و رێبکەن. گرینگیش نیە چەندەن. هەمیشە لە هەموو شوێنێک بەشی ئەوەندە جێگا هەیە بۆ نیشتەجێ بوونیان. بەشێکی زۆری وڵاتان بەتاڵن لە حەشیمەت. ئا، کێو و دۆڵەکان، دەشتەکان. کە مرۆڤەکان رۆیشتن، زستان ئیتر تەنیا دەمێنێتەوە، ئەوەندە تەنیا ئیتر مانای خۆی لە دەست دەدا. کە کەس نەما بیتەزێنێ و بیترسێنێ، ئیتر بۆ زستان بێت. ماندوو دەبێ و بارگە و بنە دەپێچێتەوە و دەڕوا. بۆ کوێ؟ ئەمە کێشەی ئێمە نیە. گرینگ ئەوەیە بەو قەناعەتە گەیشتووە بڕوات. ئەوسا قوڵینگە ئاقڵە کۆچکردووەکان دەگەڕێنەوە. ئەوەی کە ئەوان چۆن هەواڵی رۆیشتنی زستانیان پێدەگا، بڕوا ناکەم زۆر کێشە بێت. دەنگەکان بە بێ مرۆڤەکانیش دەڕۆن. فیلسووفێک هەیە دەڵێ دەنگ سەرچاوەی بوونە. وەک چۆن لە ئینجیلیشدا هاتووە ‘سەرەتا وشە هەبوو’.”

من بیر لە خۆم دەکەمەوە. کە فڕیم ئاوازێکم دەچڕی سەرتاپای پەیکەرمی گرتبووە خۆ. ئاوازێک کە نازانم حەزین بوو شادی هێنەر یاخود پڕ لە پووچی. هەر ئەوەندە دەزانم وەک خەرمانەیەک دەوری پەیکەرەمی دابوو. 

ئەو درێژە بە قسەکانی دەدا:

ـ “ئەو پارەیەی سەرفی شەڕ دەکرێ، بە نیوەی گەر سەرفی فڕینی قوڵینگەکان بکەی بەسە. کە گەیشتنە وڵاتی نوێ تەنیا مانگێک لەوێ بژین بەسە. رۆیشتنی زستان کەمتر لە مانگێک دەخایەنێ. هەمیشە وابووە. سەیری سروشت بکە!”

ئەم ئاگای لێیە پرۆفیسۆرەکە دەست دەبا پەرداخە ئاوەکەی بەردەمی هەڵدەگرێ و کەمێکی لێدەخواتەوە. قوڕقوڕاچکەیەکی یەکجار دیاری هەیە. ئەوەندە دیار، وەک ترسناک. 

ـ “ئا وەک وتم دەبێ هەموو پێکەوە بڕۆن. رێک وەک قوڵینگەکان. گەر تەنیا هەندێکیان بڕۆن، ئەوانەی وا دەمێننەوە یان دەمرن یان گەر نەیشمرن بە هۆی مانەوەیان زستان قەت ناڕوات. دەزانی سروشت جۆرێکە (یاخود باشتر وایە بڵێم ژیان، چونکە مرۆڤ بەشێکە لە سروشت و لە ژیان)، کە وەڕەزی دەکا. جا لە هەر جۆرێکی. هیچ کەس بە تەنیایی سەری نەکردووە تا زستان بتوانێ لە تەنیاییدا بژی. دەبێ لێی گەڕێی تەنیایی و وەڕەزی بەو قەناعەتەی بگەیەنێ بڕوات، بۆ هەمیشە بڕوات.”

من بیری خۆم دەکەمەوە. ئەو قوڵینگەیەی بە تەنیا رۆیشت.

ـ “ئەو قوڵینگەیەی بە تەنیا دەڕوا، قوڵینگە نیە. سەیر کە! قوڵینگە تەنیاکان تیا دەچن. ناگەنە جێگای مەبەست. گەر بیشگەن، تازە رێگا وەهای لێکردوون نابنەوە بە قوڵینگەکەی پێش سەفەر. ئا، لۆژیکی سەفەری تەنیا وەهایە. باڵندەیەکی لەم چەشنە ئیتر لە کاتی سەفەرەکەیدا ئاواز ناچڕێنێ، بەڵکوو بەردەوام لە ترسا هاوار دەکا بۆ ئەوەی ئەوانەی تر بدۆزێتەوە، ئەوانەی وا لە مێژە رۆیشتوون.”

رادەبم و دەچمە بەر پەنجەرەکە. ئەو پەنجەرەیەی وا بە سەر دەریادا دەڕوانێ و بە شەودا رەنگی ئەستێرەکان دەگرێ. دێتەوە بیرم دەریا و بەتایبەت ئەستێرەکان چەند ئاشنای قوڵینگەکانن. پرۆفیسۆرەکە دەبا ئاماژەیەکیش بەوان بکا. لادەکەمەوە و سەیری تەلەفزیۆنەکە دەکەمەوە. بەڵام نیگاکانی ئەو ئاگایان لە دەریا و لە ئەستێرەکان نیە. دەزانم گوناهی ئەو نیە. دەبا چاوپێکەوتنەکە لە دەرەوە لە ناو هەوای ئازاددا بایە. لەوێ ئەو بیریان دەکەوتەوە. 

ـ “ئیستا دەگەڕێمەوە بۆ یەکێک لەو قسانەی وا لە سەرەتادا کردم. ئا، ئەوەی کە “مرۆڤە ئاقڵەکان وەک قوڵینگەکانن،… کۆچ دەکەن!”، ئا، قوڵینگەکان ئاقڵن چونکە هاوڕێی دەریا و ئەستێرەکانن. حەتمەن بیستوتە تالیس کە فەیلەسوفێکی سەردەمی کۆنە دەڵێ هەموو شتێک لە ئاوەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەستێرەکانیش وەک دەزانی یەکەمینی رێ پیشاندەرانی مرۆڤ بوونە لە کاتی سەفەرکردندا.”

من بیرم دەکەوێتەوە لە کاتی کۆچ دا ئەوەندە لە خاکی بەر پێم دەڕوانی کە قەت نە دەریاکانی دەورووبەرم بینی و نە ئەستێرەکانیشم دۆزییەوە. 

حاڵەتێکی ناخۆش رووم تێدەکا. سەرئێشە دەگرم. وەک هەمیشە لە چەکمەجەکەدا دەست دەبم و حەبەکە دەردەهێنم و بە لێوانێک ئاو دەیخۆم،… دەیخۆمەوە. نازانم رقم لە خۆمە یان پرۆفیسۆری ناو تەلەفزیۆنەکە. ئەویش وەک هەموو ئەوانەی پێش خۆی هاتووەو دەیەوێ شتێک بڵێ، شتێکی جیاواز. پێشکەشکەری بەرنامەکە دەڵێ ئەوەی لێرەدا دەگوترێ لە راستیدا لەوە پێش کاکی پرۆفیسۆر لە کتێبێکدا نووسیویەتی و داویەتە دەرەوە. ئەو لێرە تەنیا بە کورتی باس لەو ئەندێشانە دەکا وا لە پەرتووکەکەیدا باسی لێکردووە. منیش کۆچبەرێکی وڕ و کاس کە وەک هەموو کۆچبەرەکانی پێش خۆی لە ناو بازنەی ئەوەی کە روویدا و بەڵام نازانێ بۆ وەها و لەم چەشنە رووی دا. بیر دەکەمەوە من و ئەو پرۆفیسۆرە شتێکمان کەمە: یان دەبێ من بچم لەوێ لە ستۆدیۆکە لە تەنیشت ئەودا دابنیشم، یان ئەو بێتە ئێرە لە ژوورەکەی من لە پشت ئەم پەنجەرەیەوە پێکەوە سەیری دەرەوە بکەین.

سەیرێکی تری شاشەکە دەکەمەوە. پرۆفیسۆرەکە چاوێک لە من دادەگرێ و دەڵێ:

ـ بۆ قوڵینگەکان، پەنجەرەکان بێ مانان. ئەوان ئەوەندە بەرز فڕیون کە هەرچی پەنجەرەی دونیایە سەرنجیان راناکێشێ!”

ئاە کە من چەندە رقم لەم پرۆفیسۆرەیە.  

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.