پاشماوه‌ی قابیله‌كان … ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی
تۆ له‌قابیل بكوژتر بووی،
دیداری جێهێشتن له‌تۆوه فێر بووم،
منت شه‌ڵاڵكرد به‌فیراق،
به‌ڕووخاندنی ڕۆح…
هیچ مه‌ڵێ،هیچ له‌یاره‌وه بوویته ناحه‌زی
زه‌رده‌خه‌نه‌كانی دڵم….
له‌یاره‌وه بوویته سڕینه‌وه‌ی،
باخچه فڕیوه‌كانی گه‌نجیم…
من به‌كۆنترۆڵی ووشه‌كاندا تێپه‌ڕیوم،
باسی هیچ مه‌كه هیچ…
باسی عیشقێك مه‌كه ،كه‌عیشقت كوشت
تۆ له‌قابیل بكوژتربووی…
ئاخر چ داهێنانێكت كرد له‌عیشقا،
كه‌حه‌رفه‌كانی لێبوردنت فڕێ‌دا..
چۆن ده‌توانیت یاربیته‌وه له‌گه‌ڵ عیشقا
كه‌سه‌رت خاڵییه له‌نوێژی گوڵی ئینجانه‌كان و
له‌مه‌رحه‌بای گڵۆبه‌ڕۆژه و گوڵه هه‌نارو
له‌په‌راسوی باخچه‌كان…
كه‌زیكرت به‌تاڵه‌له‌ئه‌لیف لامی باران و
له‌نیشتمانی خوا..!!!!!!!
ئه‌ی له‌قابیل بكوژ تر داهێنان له‌عیشقا:
پێگه‌شتنی میوه‌كانه به‌قوڵفی دره‌خته‌وه…
چرۆكردنی ماچه به‌لاسكی گوڵه‌كانه‌وه…
جۆگه‌له‌ی ئاوه به‌پێڵاوی حه‌قیقه‌ته‌وه…
چاندنی باڵنده‌یه له‌ده‌شته‌كانی ئاسمانه‌وه…
ئاخر تۆ له‌پاشماوه‌ی چ قابیلێك بووی،
بوویته نه‌یار…. من له‌ناو هه‌ڵوه‌رینا دێم و ده‌چم،
تۆ ده‌ڵێی چی؟؟
خه‌م له‌ناو خه‌یاڵمدا زریكه‌ی دێ،
ئاخر من چیم كردبوو؟؟
قسه‌ی چه‌قۆم نه‌دابوو له‌دڵی جوانی،
تۆ ده‌ڵێی چی؟؟؟
به‌ڕه‌نگی گریانه‌وه فێری جێهێشتنم مه‌كه…
كه‌من شیعرێكی دره‌نگم و
به‌سه‌ر مردنا ده‌كه‌وم و نامرم….
خه‌یاڵم شین مه‌كه به‌جێهێشتن،
هێشتا نه‌سیمی قسه‌یه‌ك ماوه،
ڕۆحت پڕكه‌م له‌شنه‌با،
هێشتا چاره‌كێ چاوه‌ڕوانیم ماوه،
بیڕوێنم له‌دڵتا…
من ده‌مه‌وێ قسه‌ی ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه ،
له‌هه‌ناوتا بسڕم كه‌به‌قه‌له‌قی قسه‌كانت ته‌ڵخ بوو:
زۆر له‌وه بریندارترم بته‌وێ بریندارم بكه‌ی…
لێگه‌ڕێ هه‌موو شتێك به‌بێ ده‌نگی بڕوا…
ئه‌زیزی دڵم بێده‌نگی كه‌وتۆته خواره‌وه،
ئێسكی حه‌قیقه‌ت شكانه له‌درزێكا…
شوشه‌ی ته‌نهایم شكاوه به‌دیواری ده‌نگتا…
فێری جێهێشتنم مه‌كه،
كه‌من خۆم نیم و ناچمه‌وه سه‌ر خۆم..
كه‌من هه‌موو ڕێگاكانم داخراوه به‌خه‌یاڵی تۆ..
بڕوا بكه من په‌ژمورده‌م به‌كریستاڵی ناوی تۆ…!!!
ئه‌ی له‌قابیل بكوژتر به‌سیه كوشتن….
* * *
واده‌ی وه‌رزی چاوه‌ڕوانیم بوو،
خوله‌كه‌كانم نه‌فه‌سێكی ده‌ویست بۆ ئومێد…
چاوه‌ڕوانیم ڕووشا ئه‌ی قابیلترین كه‌س
به‌ده‌م هه‌ڵكردنی قابیلبوونی خۆته‌وه ،
چی ده‌ڵێی؟؟
كه‌من كچه پایزییه‌كم جیا ،
له‌پایزی وه‌رزه‌كان…
ئه‌م هه‌موو جێهێشتنه چییه،
له‌ناو قه‌فه‌سی ڕۆحتا سه‌رده‌كا؟؟
ئه‌م هه‌موو خه‌یاڵ كوشتنه چییه،
به‌ربوونه‌وه‌ی كفره‌و
ده‌یكێشی به‌سه‌ری موته‌ڵه‌قا!؟
من ویستم پایزێكت بۆ بكه‌مه‌وه
(با) له‌ناویا نه‌قیژێنێ..
قژی گه‌ڵا نه‌كوژێته‌وه،
ئاو له‌پیرییا نقوم نه‌بێ،
كه‌له‌پچه نه‌چێته ده‌ستی دره‌خت،
په‌ڕه‌سێلكه له‌نه‌ریتی سه‌فه‌ره‌كانیا،
شه‌كه‌تی تیا نه‌ڕوێ…!!
ئه‌ی قابیلترین كه‌س ،به‌ده‌م هه‌ڵكردنی
قابیل بوونی خۆته‌وه چی ده‌ڵێی؟؟
كه‌نزاكانم ده‌گاته دڵی ئاو..
كه‌من كچه پایزییه‌كم جیا ،له‌پایزی وه‌رزه‌كان…
وازبێنه له‌پاشماوه‌ی قابیله‌كان ،
ئه‌ی كفرترین پیاو..!!
به‌سیه كوشتن…
* * *
ویستم شتێكی تر بژیم…نه‌تهێڵا،
به‌هانه‌یه‌ك بهێنمه‌وه بۆ ژیان ،
ده‌ست له‌ژیان بده‌م ..نه‌تهێڵا…
تۆ چ جه‌هه‌نمی به‌خته‌وه‌ری من بووی..
ئه‌ی له‌قابیل بكوژتر.
خۆشه‌ویستیت قفڵی زیندانم بوو..
ئه‌ی له‌هه‌موو قابیله‌كان بكوژتر
پێم ووتی مه‌مكوژێنه‌ره‌وه..واده‌ی نییه،
به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو فیراقه ناگرم
پێك پێك بمخۆیته‌وه…!!
ئاخر ئه‌وه‌ت له‌بیر چوو!؟
من زاهیدانه خۆشمویستی،
تۆ سه‌رپێیانه…
من ده‌رگایه‌كم داخست،
تۆ ڕێگای هه‌موو ده‌رگاكان…
بێ ئۆقره …سه‌بری ئه‌یوبم كه‌وته خوار…
بێ ویقار ..گڕم دایه به‌ر پڵیته‌ی یاده‌وه‌رییه‌كان..
ئاخر تۆ چ جه‌للادێك بووی ؟؟
ناخی منت هه‌ڵكۆڵی ،
تاریكیت تیا ڕواند ..
ڕۆحمت دایه ده‌ست كرێنشینه‌كانی قوربانی…
ویستم شتێكی تر بژیم..
خاڵیت كردمه‌وه له‌ژیان،
چه‌ند شتێكت له‌مندا شكاند:
سێبه‌رێكی سوكه‌ڵه ،له‌مشتومڕی گه‌ڵاكان..
هۆنینه‌وه‌ی حه‌شاردانێك ،له‌میلۆدیای مه‌له‌كان..
ملوانكه‌یه‌ك نه‌سیحه‌ت ،له پیته بێده‌نگه‌كانی سوكرات…
ویستم شتێكی تر بژیم،
ئاشتبینه‌وه له‌گه‌ڵ مناڵی..
پێم ووتی:چ بایه‌كی شێت ده‌ستی لێوه‌شاندی؟؟
بۆ چوویته‌وه سه‌ر پاشماوه‌ی قابیله‌كان؟؟
ده‌ستی ئه‌م مناڵییه بگره..
باكۆڵانه پشت قه‌موره‌كانمان بیر نه‌چێته‌وه،
پێڵاوه‌كانی پڕ كردین له‌برین..
دۆعا كاڵه‌كانی دایكمان بیر نه‌چێته‌وه،
كه‌سه‌ری به‌رماڵی ده‌خوراند..
به‌ربونه‌وه‌ی سێوه‌كانی نیوتنمان بیرنه‌چێته‌وه،
كه‌هزری لاڵ كردین..
تۆ چ بایه‌كی شێت ده‌ستی لێوه‌شاندی؟؟
من دلۆپ،دلۆپ ته‌نییایم چنی له‌تۆ،
تۆ بۆ چوویته‌وه سه‌ر پاشماوه‌ی قابیله‌كان؟؟
تۆ خاڵ خاڵ منت كوژانه‌وه له‌خۆت…
من هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی تۆزێكی تر ده‌ست له‌ژیان بده‌م،
سه‌ری هه‌موو كۆڵانه‌كانی عومرم شكاند…
به‌كۆلاره‌یه‌ك پیاسه‌ی ئاسمانم ڕا ژه‌ند…
به‌دارلاسیكێك دانی هه‌موو ،
دره‌خته‌كانم كلۆر كرد..
به‌میزه‌ڵانێك هارو هاجیم داگیرساند…
به‌جانتایه‌ك گۆرانییه‌وه بێتاقه‌تیم به‌ردایه‌وه..
چ فیتنه‌ی ئاخر زه‌مه‌نێك هه‌ڵی كرد!!؟
ئاخر تۆ له‌چ مه‌زهه‌بێك بووی،
بای چ مه‌رگ لێیدای؟؟
ویستم شتێكی تر بژیم..
نه‌مزانی تۆ له‌چاوه‌ڕوانیا چۆڵ و
من پێكراوم به‌چاوه‌ڕوانی…
ئه‌ی له‌قابیل بكوژ تر‌و
له‌پاشماوه‌ی قابیله‌كان قابیلتر…!!!
ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی