بۆچی فەندەمێنتاڵیستەکانی بازاڕی ئازاد پێیان وایە ساڵی 2013 باشترین ساڵ دەبێت
سەر وتاری گۆڤاری Spectator (بینەر) لەو ژمارەیە کە لە کاتی جەژنی کریسمس دەرچوو تایتڵەکەی بریتیی بوو لە ” بۆچی ساڵی 2012 باشترین ساڵ بوو ” . ئەو سەروتارە ئەرگیۆمێنت دەکا دژ بەو بۆچوونەی کە پێ ی وایە ئێمە لە دونیایەکی مەترسیدار و دڵ ڕەق دەژین کە شتەکان خراپەو ڕووی لە خراپتریشە . سەروتارەکە بەو پەرەگرافە دەست پێدەکات :-
(( ڕەنگە پێت خۆش نەبێ . بەڵام لە مێژووی جیهاندا ساڵی 2012 باشترین ساڵ بووە . ئەم قسەیە وەکو بانگەشەیەکی زیادەڕەو دێتە بەرگوێ ، بەڵام ئەم قسەیە دەوڵەمەندە بە بەڵگەی زۆر، قەت ئاستی برسێتی بەم ڕادەیە نزم نەبووە ، هەرگیز نەخۆشی وپەتا بەم ڕادەیە لە خوارەوە نەبووە ، هیچ کاتێکیش خۆشگوزەرانی و بەو زیادیە نەبووە . ڕۆژئاوا لە داڕمان و سستی ئابوریدایە ، بەڵام زۆربەی ولاتە گەشەسەندووەکان ڕوو لەسەرن و خەڵک بە خێراترین ئاست کە تۆمارکرابێ ڕزگاریان بووە لەهەژاری . ژمارەی مردن بە هۆی جەنگ و کارەساتە سروشتیەکان ئەویش شوکر بۆخوا کەمە . ئێمە لە سەردەمێکی زێڕین دەژین “
هەمان ئەو بۆچوونە ، سیستیماتیکانە پەرەی پیدراوە لە لیستێک لە کتێبە زۆرفرۆشراوەکاندا ، لە کتێبەکەی مات رایدلێی بگرە ( گەشبینێکی عەقلانی) تا دەگاتە کتێبەکەی ستیڤن پینکەرس ( باشترین فریشتەکانی سروشتەکەمان) . هەروەها هەمان بۆچوون بە ڕوخسارێکی نزیکتر لە ئەرزی واقیع جاروبار لە میدیادا بەرگوێ دەکەوێ ، بە تایبەتی لە پەیوەست بەو وڵاتانەی کە ئەوروپایی نین ئاوا خۆی دەنوێنێ :-
قەیران ، قەیرانی چی ؟ سەیری ئەو وڵاتانە بکە کە بە کورتکراوەیی بە (BRIC) ناودەبرێن ، مەبەست وڵاتەکانی بەڕازیل ، ڕوسیا ،هیندستان و چینە ، یان لە پۆلەنداو ، باشوری کۆریا ، سەنگاپور، پیرۆ تەنانەت لەهەندێک وڵاتانی باشوری بیابانی ئەفریقیا بڕوانە – هەموو ئەو وڵاتانە لە گەشەسەندنن .
تا ئێرە ، دۆڕواەکان بریتیە لە ووڵاتە ڕۆژئاوایەکانی باشوری ئەوروپا ، ئەمریکا . کە وایە ئێمە مامەڵە لەگەڵ قەیرانێکی جیهانی ناکەین ، بەڵکو لەگەڵ جێگۆڕکێ ی گەشەسەندنی ئابوری دەکەین کە لە ڕۆژئاوا دوورکەوتۆتەوە .ئایا ئەم جێگۆڕکێیە لە گەشە سیمبولێکی زۆر بەهێزە ، نەک ئەو حەقیقەتەی کە لەم ماوانەی دوایدا ، خەڵکێکی زۆری وڵاتی پورتوگاڵ ، کە ولاتەکەیان لە قەیرانێکی قوڵی ئابوریدایە ، گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتانی مۆزەمبیق و ئەنگۆلا – واتە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتە داگیركراوەكانی پێشووی پورتوگال، بەڵام ئەم جارەیان نەك وەكو داگیركەر بەڵكو وەكو كۆچبەری ئابوری؟
وەسف کردنی قەیرانە بەردەوامەکان وەکو دیاردەیەکی جیهانی درێژەی هەیە ، تەنانەت لە پەیوەند بە مافەکانی مرۆڤ :- ئایا بارودۆخ لە ولاتی چین و روسیا ئیستا باشتر نیە لە ٥٠ ساڵ لە مەوبەر ؟ حیکایەتەکە درێژ دەبێتەوە ، ” قەیرانی جیهانی ئێمە ” لە ڕاستیدا تانەیەکی بچوکی سەر جامی وێنەیەکی گەورەو بەرینە لە پێشکەوتن . ئەمە بۆچونێکی (ئیرۆسێنتەریزمە) کە لە لایەن ئەو چەپانەوە دەخرێتە ڕوو ، کە عادەتەن شانازی بە ئەنتی – ئیرۆسێنتەریزم بوونی خۆیان دەکەن !
بەڵام ، پێویستە ئەو خۆشیەمان کپ بکەین . پرسیارێک کە دەبێ بکرێ ئەوەیە : ئەگەر ئەوروپا پلە بە پلە وێران بێ وهەڵوەشێتەوە ، چ شتێک شوێنی هەژموونی ئەو دەگرێتەوە ؟ وەڵامەکە ئەوەیە ” مۆدیلی کاپیتالیزمێک بە ئەزرش و بەهای ئاسیایی ” کە بێ گومان ئەم جۆرە لە کاپیتالیزم هیچ پەیوەندیەکی بە خەڵکی ئاسیا نیە وەکو خەڵک ، بەڵام پەیوەندیەکی گشتگیری بە کاپیتالیزمی هاوچەرخ هەیە ، کە مەیلی هەیە نەک تەنیا بۆ سنوردار کردن بەڵکو بۆ قەدەغەکردنی دیموکراسی .
ئەم مەیلە بە هیچ ڕێگایەک ناکۆک نیە لە گەڵ پێشکەوتنی بە ناوبانگی مرۆڤایەتی بەڵکو یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی . هەموو بیریارە ڕادیکاڵەکان ، لە مارکسەوە تا ڕۆناکبیرە کۆنسێرڤەتیزمەکان ، هەمووی شەیدای ئەو پرسیارە بوون : نرخ وبەهای گەشەسەندن چیە ؟ مارکس دێوانە ببوو بە دەستی کاپیتالیزم ، بە دەستی ئەو جڵەو بەردان و قەبارەیە بەرهەم هێنان کە پێشوتر نەبینرابوو. بەڵام ، لەگەڵ ئەوەشدا مارکس پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە ئەم سەرکەوتنەی سیستەم ناکۆکی و دوژمنایەتی بەرهەم دێنێ . ئێمەش دەبێ ئەمڕۆ هەمان شت بکەین : ژێرخانی تاریکی سەرمایەداری جیهانی ، لە بیروڕاو و ڕەخنەکانمان جێگیرکەین، کە ئەم ناکۆکیانەهەڵگیرسێنەری شۆڕشەکان دەبێت .
خەڵک ئەو کاتانە یاخی نابن کە شتەکان بە ڕاستی خراپن ، بەڵکو ئەو کاتانە یاخی دەبن کە چاوەڕوانیەکانیان دووچاری بێئومێدی دەبێت . شۆڕشی فەرەنسا تەنیا ئەوکاتە ڕوویدا کە پادشاو خانەداران دەسەڵاتیان لە دەست دەدا .ساڵی 1956 لە هەنگاریا ، (ئیمرای ناجی) دووساڵی لەسەرۆک وەزیرانی بەسەربردبوو، بەڵام شۆرشی ئەنتی – کۆمۆنیستی تەنیا ئەوکاتە تەقیەوە پاش بەڕێوە چوونی دیباتێکی گشتی و ئازادی ڕۆناکبیران . لە میسر خەڵک یاخی بوو، چونکە لە ژێر دەسەڵاتی موبارەک : چەند گەشەسەندنێکی ئابوری ڕووی دابوو کە بواری سەرهەڵدانی چینێکی لە گەنجان فەراهەم کرد کە تێکەڵی کلتوری نێو نەتەوەیی دونیای دیجیتاڵ ببوون . جا لەبەر ئەوەیە حکومەتی وڵاتی چین حەقی خۆیانە توشی دڵەڕاوکێ ببن ، چونکە بە شێوەیەکی گشتی لەوێ خەڵک ژیانیان باشترە لە چاو 40 ساڵ لەمەوبەر، ناکۆکی چینایەتی لە نێوان دەوڵەمەندانی تازەو باقی چینەکانی کۆمەڵگە لە تەقینەوەدایەو چاوەڕوانیەکانیش زۆر ڕوو لە سەرە .
ئەمە ئیشکالی نێوان گەشەسەندن و پێشکەوتنە : ئەم دوانە هەمیشە نایەکسانن . هەردوکیان دەبنە هۆی لە دایک بوونی ناسەقامگیری و ناکۆکی و دژایەتی نوێ ، ئەمانە چاوەڕوانی تازە بەرهەم دەهێنن کە ناکرێ دابین بکرێت . لە میسر بەر لە بەهاری عەرەبی ، لە چاو جاران خەلک تۆزێک ژیانیان باش ببوو. بەڵام ئەو ستاندارەی کە ناڕازی بوون لە ژیانی خۆیان پێ بەراورد دەکرد ، زۆر بەرزتر بوو لەو گۆڕنکاریە بچوکەی لە ژیانیان ڕووی دابوو .
بۆ ئەوەی لینکی نێوان پێشکەوتنخوازی و ناسەقامگیری وون نەبێت . پێویستە هەمیشە فۆکس بکریتە سەرە ئەوەی کە چۆن پێشکەوتنخوازی وەکو حەقیقەتی جێ بەجێ نەکراوی پڕۆژەیەکی کۆمەڵایتی ، سیگنال دەداتە سنوورداربوونە لکێنراوەکەی . چیڕۆکێک هەیە کە ڕەنگە دروست کراو بێت ، چیڕۆکەکە دەربارەی چەپ – ئیکۆنۆمیستێکی ڕیبازی کینزیزمە کە ناوی جۆن گالبرێزە ، جۆن بەر لەوەی سەفەر بکا بۆ یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسا لە کۆتایەکانی ساڵی 1950 دا ، نامەیەک بۆ سیدنی هۆک ی هاوڕێ دەنێرێ کە کەسێکی دژە کۆمۆنیزمە ، لە نامەکە جۆن دەنووسێ (( خەمت نەبێ ، لە لایەن سۆڤیەتیەکانەوە فریو نادرێم و بڵێم ئەوان سۆشیالیزمیان هەیە ! )) سیدنی هۆک دەستبەجێ وەڵامی بۆ دەنێرێتەوەو دەڵێ (( ئاخر منیش خەمی ئەوەمە ، کە بێیتەوەو بڵێ ی یەکێتی سۆڤیەت سۆشیالیزمیان نیە ! )) ئەوەی هۆک دەترسێنی ئەو پارێزگاریە ساویلکەیەیە لە پاکیزەیی کۆنسێپتەکە : ئەگەر کارەکان بە هەڵە ڕۆیی لە بنیاد نانی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی ، ئەوا خودی ئایدیاکە (سۆشیالیزم ) بەتاڵ ناکاتەوە ، بەڵکو بەسادەیی ئەوە دەگەیەنێ کە ئێمە بە شێوەیەکی دروست جێ بەجێمان نەکردووە . ئایا ئێمە هەمان ئەو پاکانە ساویلکەیەمان لە لایەن فەندەمێنتالیستەکانی بازاڕی ئازاد بەدی نەکردووە؟
لە یەکێک لە دوا دیباتەکانی تەلفزیۆنی لە فەرەنسا ، کاتێک فەیلەسوف و ئیکۆنۆمیستی فەرەنسی (گای سۆرمان ) ئیدیعای ئەوەی کرد کە دیموکراسی وکاپیتالیزم وەکو زەرورەت بەیەکەوە ڕێ دەکەن ، خۆم بۆ نەگیراو لێم پرسی : بەڵام ئەی دەربارەی ووڵاتی چین چی دەڵێ ی ؟ ئەو دوبارە قسەی پێ بڕیم و ووتی : لە چین کاپیتالیزم نیە ! دیارە بۆ پڕۆ- کاپیتالیزمێکی دەمارگیری وەکو سۆرمان ئەگەر وڵاتێک دیموکراسی تیا نەبێت ئەوە کاپیتاڵیستی ڕاستەقینە نیە ، هەروەکو چۆن کۆمۆنیستە دیموکراتەکان پێیان وابوو ستالینیزم فۆرمێکی ڕاستەقینە نەبوو لە کۆمۆنیزم .
ئەمە ئەو پاکانانەیە کە بۆ بازاڕی ئازد دەکرێت لە ئەمڕۆدا ، دزی کردنێکی ئایدیۆلۆژی بۆ لێکدانەوەی قەیرانەکانی سالی 2008 لە بابەتی: – هۆی ئەم قەیرانانە شکستی بازاڕی ئازاد نەبوو ، بەڵکو رۆڵی زیاد لە پێویستی یاساکان و ڕێکخستنەکانی دەزگای دەوڵەت ؛ کە هۆکارو حەقیقەتی ئەوەیە کە ئابوری بازاڕەی هەمان بوو دانە ڕاستەقینەکە نەبوو ، بەڵکو بە پێچەوانەوە دانەیەک بوو لە نێو مشتی دەوڵەت بوو.
کاتێک ئێمە شکستی بازاڕی کاپیتالیزم ڕەت دەکەینەوەو لە چەشنی ڕوداوێکی ناخۆش و بەڕێکەوت فۆرمۆڵەی دەکەین ، لە کۆتاییەکەی بە ” پێشەکەوتن-خوازی” یەکی ساویلکە دەگەین کە چارەسەرەکە لە ” حەقیقەت ” ی ئەسڵیترو جێ بەجێ کردنی زیاتری بێ خەوش و پاکی تیۆریەکە دەبینێ ، بەم شێوەیە هەوڵ دەدا بە پێداکردنی نەوتی زیاتر ئاگرەکە بکوژێنێتەوە .