Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
سەرکردایەتی حیزب و هەستی بەرپرسیاریەتی

سەرکردایەتی حیزب و هەستی بەرپرسیاریەتی

Closed
by October 30, 2013 گشتی

 

 

 

 

سەرکردایەتی هەرحیزبێک وەک کاپتنی فڕۆکە،شۆفێری شەمەندەفەر، بەڕێوەبەری بانک ،بەڕێوەبەری دامەزراوەیەک وایە. هەر شکستیەک یا هەڵەیەک لەو شوێننانەدا ڕووبدات ،لەوانەیە کارەساتی بەدوادا بێت. کەواتە  گەر کاپتنی فڕۆکەیەک بەرپرس بێت لە گیانی سەرنشینانی فڕۆکەکە ،ئەوا سەرکردایەتی حیزبێکیش بەرپرسە لە کییانی حیزبەکە لە هەموو روویەکەوە ،بۆیە  گەرەکە ئەو سەرکردایەتیە پەیرەوی سیاسەتێکی تەندرووست بکات ،لە ئەگەری  ڕوودانی هەر تەنگەژە و قەیرانێک حیزبەکە  بیپارێزێت و لە ڕاستە ڕێگا  لاینەدات  .

لەدەمی ڕوودانی کێشەی   رێکخراوەیی یا سیاسیدا گەرەکە  سەرکردایەتی حیزب  هۆکارەکانی کێشەکان دەستنیشان بکات ،بوێرانە ئاماژە بەو ئۆرگان و کەسانە بدات  کە بوونەتە هۆی قەیرانەکان ،تەنانەت گەر خودی سەرکردایەتیەکە خۆی بووبێت.

حیزبی شیوعی کوردستان لە ماوەی 10 سالی ڕابردوەدا بە کۆمەلێک تەنگەژەی سیاسی و تەنزیمیدا   گووزەری کردوە ، کە بوونە هۆی دابەزینی ئاستی جەماوەری حیزب و کزبوونی ڕۆڵی لە گۆراپانی سیاسیدا ،هاوکات بەم هۆیەوە زۆرێک لە هاوڕێیانی دلسۆز و جەسوور، بەتایبەت ئەو هاوڕێ پێشمەرگانەی  ڕۆژانێک ئامادەبوون گیانی خۆیان لە پێناوی ئەم حیزبەدا بەخت بکەن ،پاش بێ ئومێدیان بە چاکسازی،  بە دڵشکاوی و بە کۆمەڵێک خەمەوە ڕێکخستنەکانی ئەم حیزبەیان جێهێشت.

وا چاوەروان دەکرا  و شتێکی سروشتیش بوو  سەرکردایەتی ئێستای حیزب، پاش  شکستیە یەک لەدوای یەکەکان، هەستی بەرپرسیاریەتی، تەکانی پێ بدانایە و دەستیان بخستایەتە سەر زامەکان، کاریان بۆ گەڕانەوەی حیزب بکردایە بۆ پێگە شایستەکەی خۆی، کە ئەویش نێو جەماوەرەی ڕەش و ڕووت و بەشمەینەتە .

لێ مەخابن ئەم گشت شکستیە ئەم پوکانەوە بەردەوامە ،بە ئەندازەی موویەک ئەم سەرکردایەتەیەی نەبزواند،

نەک هەر هەنگاویان بۆ چارەسەر  هەڵنەگرت ،بەڵکو ئەو گشت داواکاری و یاداشت و دەستنیشانکردنی رێگا چارە و نامە و ڕجا و تکایانە  کە لە لایەن زۆرێک لە هاوریان و دلسۆزانەوە خرانە بەردەمیان  ،هیچ  ڕێزیان لێنەگیراو گوێیان پێنەدرا وە  لەسەر سیاسەتی بچوککردنەوەی حیزب  بەردەام بوون.

وێرای ئەمانە  بەردەوام هەوڵی دورخستنەوەی ئەو دەنگە دڵسۆزانە دراوە و دەیدەن کە لەگەڵ ئەم سیاسەتە  چەوت و نالۆژیکەدانین.

پاش دوا شکستی حیزب لە هەڵبژاردنەکانی 21.9 دا، من بەشبەحاڵی خۆم وام چاوەرێ دەکرد کە  ئیدی لە کن سەرکردایەتی حیزبیش جامەکە پڕ بووەو لێی دەڕژێت ، بۆیە دەبوو دان بە ڕاستیە تالەکاندا  بنێن.چاوەڕوان دەکرا سەرکردایەتی حیزب  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دان بە شکستیەکاندا بنێت و هاوکات بوێرانە  و جەسوورانە ئۆبالی ئەو شکستیانە بگرێتە ئەستۆی خۆی و بەڵێنی چاکسازی بدات و لێپرسینەوەش لەو کەسانە بکات کە حیزبیان گەیاندە ئەم دۆخە، ئیدی لە هەرج پۆست و ئاستێکدابن.

لێ مەخابن ئەم شتانە هیچی ڕووی نەدا ،لەبری ئەمانە سەرکردیەتی ویستی بە دوو بە یاننامەی پڕ پاساوی نالۆژیک و ئاست نزم  باز بەسەر ئەو هەموو قەیرانەدا بدات و لەکۆڵ خۆی بکاتەوە.

سەرتا لیژنەی مەرکەزی بەیاننامەیەکی دەرکرد نە بەدوور نە بە نزیک ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرکردایەتی حیزب لەم شکستیەدا نەکرد.ئەمەش  بۆ زۆربەمان شتێکی چاورەڕوان نەکراوبوو. زۆری نەبرد مەکتەبی سیاسیش بەیاننامەیەکی بەهەمان ناوەڕۆک دەرکرد کە لە کۆپی ئەوەی لیژنە مەرکەزی دەچوو، چونکە ئەمیش بەهەمان نەفەس و  بە هەلاتن لە بەرپرسیاریەتی  هیچ ئاماژەیەکی تیاد نەبوو بۆ سەبەبکارانی ڕاستەقینەی شکستیەکان کە خودی سەرکردایەتی خۆیەتی. ئەمەش زۆرێک لە هاوڕیان و دۆستانی تووشی شۆک کرد.

یەکێتی بەو گشت توانا جەماوەری و دارایی و سەربازیەوە هەیەتی ،دەمێک دووچاری  شکستی هاتن ، چەند کەسێکیان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی پێیان لەو شکستیە ناو گوتیان کە لێپرسینەوە  لە سەبەبکاران دەکرێت لەهەر پلەو پایەیەکدا بن، وێرای ئەمەش لە سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتیەوە تا دەگاتە برێک لە کادیرە پێشکەوتووەکان  لەبوارە جیاجیاکاندا بەتووندی  سەرکردایەتی و بەتایبەتی مەکتەبی سیاسیان رەخنە باران کرد.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە لە کن حیزبمان ئەمەش ڕویندا ، نووسینەکانی هاوڕێ محمد چۆمانی لێدەرچێت کە ڕاشکاویی پێوە دیار بوو ، هیچ نووسینێکی دیکەم بەرچاو نەکەوت ڕەخنەی جددی تێدابێت بۆ سەرکردایەتی حیزب. ئەوانەی لەم بوارەدا نووسران [مەبەستم هاوڕێیانی ناوەوەیە ]  چەند بابەتێکی  تەم و مژاویی و پاساوئامێز  بوون کە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا  بەهیچ جۆرێک  ڕۆڵی سەرکردایەتی نەهاتبوونە نیو باسەکانەوە لە خولقاندن و بەردەوام بوونی ئەم شکستیانەدا . 

بۆ  ڕێزگرتن لە مێژووی پڕ سەروەری حیزب ،لە شەهیدان ،لە پێشمەرکە قارەمانەکان، لەو هاورێیانەی  لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپاردو نهێنیەکانی حیزبیان نەدرکان، لەو هاورێیانەی   سەربەرزانە چونە بەردەم پەتی سێدارە،لەو هاورێیانەی بەهۆی بیروباوەرەکانیانەوە دونیایەک دەربەدەری و نەبوونی وجەرمەسەریان چەشت  و کۆڵیان نەدا ، بۆ ڕێز گرتن لەم هەموو بەرخوردانە  ئومێدەورام  ئەم سەرکردایەتیە  پێ بەهەڵەی خۆیدا بنێت لە گەیاندنی حیزب بەم دۆخە،بە جددی بیر لە چاکسازی بکاتەوە ،لێپرسینەوە لەگەڵ شکستکاران بکات ،  گەڕانەوەی حیزب  بۆ نێو جەماوەر   بکاتە سەرمەشقی کاری داهاتووی، کە بێگومان ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئاشت کردنەوەی هاوڕێ دڵشکاوەکان.

 گەر  بێت و چاکسازی ڕوونەدات   و سەرکردایەتی حیزب  هەر  لەسەر هەمان میتۆد بەردەوام بێت ،ئەوە نائومێدیەکان مەزن ترو فراوانتر دەبن و حیزبیش بەیەکجاری لە گۆرەپانی سیاسی لەکوردستان دەچێتە دەرەوە.ئەو دەمەش تەنهاو تەنها سەرکردایەتی بەرپرس دەبێت .جا ئومێدەورام هەرگیز ئەوە ڕوونەدات.

 

گۆران هەڵەبجەیی

Previous
Next