Skip to Content

Saturday, May 4th, 2024
هاوڕێ و هاوخەباتم ئازاد ئەحمەد بەرپرسی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان- عێراق، تیرۆر کرا!

هاوڕێ و هاوخەباتم ئازاد ئەحمەد بەرپرسی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان- عێراق، تیرۆر کرا!

Closed
by November 1, 2013 گشتی

 

 

 

 

لەم ساتە وەختەدا و لە کاتی بیستنی ئەم هەواڵە جەرگبڕەدا، زمانم لاڵە و هەستەکانم سڕن ولە گۆ چوون، گەروم پڕە لە گریان و فرمێسکەکانم بەری بیناییان گرتووم ولێواولێوم لە خەم و پەژارەی لەدەستدانی هاوڕێیەک و ئازیزێکی نزیک بە دوو دەهە لە هاوخەباتی و کارکردن بەیەکەوە بۆ خزمەتی منداڵانی کوردستان و عێراق و بەرگری کردن لە مافەکانیان، بەڕاستی هەرچی بنووسم و بڵێم ناگاتە بارتەقای گەورەیی و میهرەبانیت ئازاد گیان. 

هاوڕێ ئازاد ئەحمەد سەرباری ئەوەی کە بەرپرسی سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵان – عێراق بوو بۆ ماوەی چەندین ساڵ سەرپەرشتی چەندین کاروپرۆژەی سەنتەری دەکرد بەتایبەتیش لە بەغدا و کەرکوک، لەهەمان کاتدا کادرێکی دڵسۆزو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقیش بوو. 

کارو خەباتی چەندین ساڵەی ئازاد ئەحمەد، بێسنور میهرەبانی و دڵسۆزی و مرۆڤدۆستی، بێکۆتایین ولە نووسین و باسکردن نایەن. بە ئەندازەی گەورەیی و میهرەبانی ئازاد نەفرەت لەو ‌‌هێزانە دەکەم کە جگە تیرۆرو ڕق وناشرینی بەرامبەر مرۆڤ و جوانییەکانی ژیان ‌هیچی تریان پێ نیە. هاوڕێ ئازاد ئەحمەد دوێنێ 30 ئکتۆبەری 2013 لە ڕووداوێکی پڕ تەمومژاویدا تیرۆر کرا، ئەو بۆ کارێکی خۆی دەچێتە کەرکوک و پاش کاتژمێر 6ی ئێوارە هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵدا دەپچڕێت و دیارنامێنێت، دواتر لە ئۆتۆمۆبێلەکەی خۆیدا لە سەر ڕێی بەغداد بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە.

ئێمە لەسەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان دەسەڵادارانی کەرکوک کە بەرپرسیارن لە پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان، بەبەرپرس دەزانین لە دۆزینەوەو بەسزا گەیاندنی ئەو دەستە ڕەشەی ئازاد ئەحمەدی تیرۆرکرد.

بە لەدەستدانی هاوڕێ ئازاد ئەحمەد منداڵانی کوردستان و عێراق، ڕابەرێکی لێهاتوو دۆستێکی دڵسۆزیان لەدەستدا. هاوڕێ ساکاری ئازیزهاوسەری ئازاد، دایک و خوشک و براو کەسەکانی ئازاد، هاوڕێیان و دۆستانی ئازاد، بە ئەندازەی ئێوە دڵم پڕ لە غەموپەژارەیە، دڵتەنگ و بێتاقەتی گیان لەدەستدانی ئازادم، ئەوەی ماوە بیڵێم ئەوەیە کە هاوڕێ ئازاد لە بیر نەکەین و درێژەپێدەری ڕێبازەکەی بین و کارەکانی تەواو بکەین بەسەرئەنجامی بگەیەنین.

یادی ئازاد ئەحمەد هەمیشە زیندوو بەرز و بەڕێزە

نەفرەت لە تیرۆرو تیرۆتیستان

 

شێرزاد فاتح

بەڕێوەبەری سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان

0046735715449

www.childiraq.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.