حه‌وت که‌سه سه‌ر ره‌شه‌که … فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
رۆژی راکردنی حه‌وت که‌سه سه‌ر ره‌شه‌که بوو، ئه‌و رۆژه‌ی وا خه‌ڵکی شار بۆ هه‌میشه کردیان به سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی مێژوویه‌کی نوێ بۆخۆیان، رێک وه‌ک سه‌ره‌تای ساڵی زایین یان کۆچی، ته‌نیا به‌و جیاوازییه‌وه ئه‌و مێژووه ته‌نیا هی ئه‌وان بوو، تایبه‌ت به ئه‌وان، خه‌ڵکی ئه‌م شاره بچووک و خنجیلانه‌یه.
شه‌ش که‌س بوون رایانده‌کرد. ئه‌ویش به ته‌نیا له پێشه‌وه ته‌نیا به مه‌ودای سی مه‌ترێک. له شه‌ش که‌سه‌که ئه‌وانه‌ی پێشه‌وه که دووان بوون جوێنیان ده‌دا و ده‌یاننه‌ڕاند، ئه‌وانه‌ی دوواوه هه‌وڵیانده‌دا بگه‌نه‌وه ئه‌وانه‌ی پێشه‌وه و ته‌نیاکه‌یش وه‌ها ترس و ئاره‌قه‌که‌یه‌ک شه‌ڵاڵی ئاوی کردبوو که له گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێک وزه‌ی داده‌به‌زی و له خێرایی راکردنه‌که‌ی که‌م ده‌بووه‌وه. هه‌موو خه‌ڵکی جاده‌که ئه‌وانه‌ی وا به هه‌ڵکه‌وت له‌وێوه تێده‌په‌ڕین، راوه‌ستابوون و سه‌یری دیمه‌نه‌که‌یان ده‌کرد. چه‌ند دانه‌یه‌ک خه‌ریکی ته‌له‌فۆن کردن بوون، وا ده‌ینواند به ته‌مای ئاگادارکردنی پۆلیس بوون. له‌و سه‌ر شۆسته‌که‌یش نه‌فه‌رێک راوه‌ستابوو، به جگه‌ره‌یه‌ک به لێوه‌کانییه‌وه. دووکه‌ڵ له‌و سوبحه سارده پاییزییه‌دا له قژه لووله‌کانی ده‌ئاڵا و دوواتر ئاوێته‌ی ئاسمان ده‌بوو.
ئه‌وه‌ی ته‌نیاکه، تاوانبار بوو. تاوانباری ئه‌وه‌ی ژنی قژ لووله دوکه‌ڵاوییه‌که‌ی بینیبوو له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وا له پێشه‌وه‌ی شه‌ش که‌سه‌که رایده‌کرد و ده‌ینه‌ڕاند. ئه‌وانی له سه‌یاره‌یه‌کدا بینبوو، رووت رووت، خه‌ریکی سێکس کردن،… له ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ وه‌ختی ساردی پاییزیدا. ئه‌گه‌رچی دیمه‌نه‌که زۆر لای سه‌رنجراکێش بوو، به‌ڵام ئیستایش که بیری سمته زله سپی و تووکاوییه‌کانی کابرا ده‌نگ زله جوێن فرۆشه‌که‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ش که‌سه‌که ده‌که‌وێته‌وه، وه‌ها قێزێک دایده‌گرێ که له‌وانه‌یه بڕشێته‌وه. ئه‌و پێی وایه که به راستی ژن سه‌یرن!
له به‌ر ده‌م “باڕ” ێکه‌وه تێده‌په‌ڕن که رێک له ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌که‌دا‌یه. له‌وێوه گوزه‌رده‌که‌ن،… به په‌له. پیاوێکی به‌ر ده‌م باڕه‌که که له سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتووه و په‌رداخێک بیره و سێ په‌رداخی به تاڵی تری له به‌ر ده‌م له سه‌ر مێزه‌که‌دایه، به لاره لار سه‌ر به‌رزده‌کاته‌وه و له‌و مرۆڤانه‌ی ده‌ڕوانێ که به‌و به‌یانییه زووه خه‌ریکی یاریکردنن. بزه‌یه‌ک لێوه‌کانی داده‌گرێ و له بیری سه‌رده‌می منداڵیی خۆی ده‌ست ده‌با و لێوانه پڕه‌که هه‌ڵده‌گرێ.
لاده‌کاته‌وه و سه‌یری دوواوه‌ی خۆی ده‌کا، به‌و ته‌مایه‌ی که ئه‌وه‌نده دوور که‌وتووه‌ته‌وه که ئیتر نه‌یگه‌نێ،… به‌ڵام، به‌ڵام چ خه‌یاڵێکی به‌تاڵ، له‌وه نزیکترن ئه‌م بۆی ده‌چوو. ناو ده‌می تاڵ ده‌بێ. مزر،… مزری مزر. هه‌وڵ ده‌دا به زمان لێوه‌کانی ته‌ڕ کا. زمان به مه‌ڵاشوویدا چه‌سپیوه.
ئه‌وانه‌ی له دوواوه‌ن، دوواتر ده‌که‌ون و ئه‌وانه‌ی له پێشه‌وه‌ن له پێشه‌وه‌تر. ده‌نگ زله‌که ماندوویی پێوه دیاره. گه‌ر تا چه‌ند هه‌نگاوێکی تر نه‌یگاتێ، ئیتر ره‌نگه قه‌ت نه‌یگاتێ. رقی له‌وانه‌ی دوواوه‌وه‌ی خۆیه‌تی. له‌و گه‌نجترن و که‌چی وه‌ک ئه‌و خێرا راناکه‌ن. دیاره به ئه‌نقه‌ست خۆیان دوواده‌خه‌ن. که ته‌له‌فۆنیشی بۆ کردن هه‌ر به بێ وازی و به بێ مه‌یلییه‌وه وه‌ڵامیان دایه‌وه،… وه‌ڵامی داواکه‌ی، ئه‌وه‌ی که له گه‌ڵی بکه‌ون و ئه‌و کوڕه‌ی پێشه‌وه‌ی بۆ ته‌مێ بکه‌ن.
ئه‌وانه‌ی دوواوه بیریان ده‌کرده‌وه که بۆچی خۆیان له‌م به‌زمه داوه. به‌وان چی که ئه‌و جنسی کردووه‌و ئیستا ده‌بێ ئه‌وان خۆیان تێگلێنن. ده‌یانزانی چه‌نده شه‌ڵوار پیسه. به‌ڵام نه‌فره‌ت له خزمایه‌تی! نا، ناکرێ. ده‌بێ پشتی بگرن. که هه‌موو به‌زمه‌که ته‌واو بوو، ده‌بێ دانیشن و جارێکی تر هه‌موو شتێک به سه‌ر بکه‌نه‌وه. ناکرێ وه‌ها له وڵاتێکی تر به کۆمه‌ڵ رابکه‌ن و ببنه گاڵته‌جاری خه‌ڵکی سه‌رشه‌قام و …، تف له‌م وه‌زعه!
قژ لووله دووکه‌ڵاوییه‌که جوان ئاگای له هه‌موو شتێکه، ده‌بینێ چلۆن به‌ره‌و ئه‌م دێن و لێی نزیک ده‌که‌ونه‌وه. جگه‌ره‌یه‌کی تر به جگه‌ره‌که‌ی داده‌گیرسێنی. دووکه‌ڵ دیسان لێی ده‌ئاڵێته‌وه. له‌وه پێش هه‌ر له‌م شه‌قامه خۆی له ناو شووشه‌ی جامخانه‌کانی دووکانه‌کاندا بینیوه. چه‌ند سیحراوی ده‌نوێنێ. بێگومان بۆ ژنان سه‌رنجڕاکێشه. له‌م وڵاته هه‌موو شتێکی نوێ سه‌رنجڕاکێشه بۆ خه‌ڵکی.
به ده‌م راکردنه‌وه کت‌وپڕ قژ لووله‌که له‌و سه‌ر شه‌قامه‌که ده‌بینێ. ئومێدێک دایده‌گرێ. بێگومان ده‌گاته فریای. ئه‌م ده‌بێ ته‌نیا وه‌ها رابکا که بگاته لای ئه‌و. ئیتر ئه‌و که هه‌موو داستانه‌که‌ی بینی، دێته وه‌ڵام. دوو نه‌فه‌ر بۆ کاتێکی وه‌ها یه‌کجار زۆره! ئه‌ی ئه‌وه نیه له سه‌ر ئه‌و به تووش ئه‌م به‌زمه‌وه بووه. تا ده‌توانێ هه‌رچی هێزی ترساویه‌تی کۆده‌کاته‌وه‌و تین ده‌داته هه‌نگاوه‌کانی.
ده‌نگ زله‌که، پاڵتۆ قورسه‌که‌ی به ده‌م راکردنه‌وه داده‌که‌نێ و فڕێی ده‌دا. به ده‌م فڕێدان و جوێن دانه‌وه داوا له‌وانه‌ی دوواوه ده‌کا بۆی هه‌ڵگرنه‌وه. ده‌ڵێ موبایل و پاره‌ی تێدایه. وادیاره ده‌ستی لێ داشۆردون. که ته‌واو بوون ده‌زانێ چۆن به خزمه‌تیان بگا. ده‌بێ بیانکا به قۆننه‌ره! ئه‌و پێڵاوانه‌ی ئه‌م له پێیایه‌تی و پێیانه‌وه ده‌چێ بۆ گ… ژنی خه‌ڵکی.
ـ ده‌بێ تڕ‌ۆیان که‌م، وه‌ک ئه‌و گه‌واده!
رێک له به‌رده‌م قژ لووله‌که‌دا ده‌یگه‌نێ، نا واباشتره بڵێین ده‌یگاتێ. هه‌ڵبه‌ت ده‌یگاتێ چونکه ئه‌و ده‌که‌وێ. وه‌ک بڵێی قاچی له شتێک هه‌ڵه‌نگێوێ. رێک به ده‌مه‌وه. هه‌ڵبه‌ت یه‌کێک له‌وانه‌ی که دوواتر بۆ پۆلیسی گێڕابووه‌وه گوتبووی که:
ـ “ئاگام لێ‌بوو، خۆی که‌وت، جاده ته‌خت بوو، هیچ شتێک له سه‌ر رێگای نه‌بوو، وه‌ک بڵێی پشته پێیه‌کانی له قۆزینگه‌کانی که‌وتبێ،… هه‌ڵبه‌ت به‌ختی هه‌بوو، وه‌ها له‌و ئاخرانه‌دا خاو و ئارام هه‌ڵده‌هات که که‌وتنه‌که‌ی زۆر قورس نه‌بوو، وه‌ک بڵێی ده‌یه‌وێ پاڵ بکه‌وێ، ئا له ترسا پاڵ که‌وی و ئه‌وجا به ده‌ست و قۆل سه‌روچاوت داپۆشی!”
هه‌ر که گه‌یشته سه‌ری، دوو شه‌قی تێسره‌واند. به لاکه‌له‌که‌یدا. ده‌نگێکی لووره‌ئاسا شه‌قامه‌که‌ی گرته خۆی. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند ئه‌وانی تر گه‌یشتن، به هه‌ناسه‌بڕکێ. ده‌وریان دا. جوێن و تف. ئه‌م چاوی گێڕا به ناویاندا. نیگا پڕ له پاڕانه‌وه‌کان. سوێندی خوارد ئه‌و ئه‌سڵه‌ن ئاگای له هیچ شتێک نیه. ئه‌وه‌ی که ته‌نیا خراپ لێک حاڵیبوونێک له نێواندایه. ئه‌وه‌ی که ده‌توانن دابنیشن و رێگایه‌ک بۆ کێشه‌که بدۆزنه‌وه. وشه‌کان چه‌ند پچڕ پچڕ بوون. دوو شه‌قی تر که‌له‌که‌ی برژان. ژانێکی نامۆ که له هیچ ژانێکی تری ژیانی نه‌ده‌کرد، جه‌سته‌ی سوتاند. له‌وێوه له سه‌ر زه‌وی چه‌نده جه‌غزی شه‌ش سه‌ره‌که پانتایی ئاسمانیان گچکه کردبووه‌وه.
سه‌گه‌کانی دوو ئافره‌تی به ته‌مه‌ن که بۆ پیاسه‌ی به‌یانیانی هه‌موو جاره‌یان هاتبوونه ده‌ره‌وه، که‌وتنه وه‌ڕینێکی شێتانه. ئافره‌ته‌کان په‌ته‌کانیان راکێشان و که‌وتنه نه‌وازش کردنیان. سه‌گه‌کان پاش ماوه‌یه‌ک ئارام بوونه‌وه. دانه‌یه‌ک له سه‌گه‌کان دوواتر کاتێک له گه‌ڵ خاوه‌نه‌که‌ی سه‌ردانی دراوسێیه‌کیان کردبوو که ئه‌ویش خاوه‌ن سه‌گێکی بچکۆلانه‌ی تووکن بوو، گوتبووی:
ـ ئه‌و رۆژه ده‌با له‌وێ بای! من نه‌مده‌زانی مرۆڤه‌کانیش وه‌ک هه‌ندێ له ئێمه یه‌کتر راوده‌نێن و به‌گژ یه‌کدا ده‌چن و، تا ده‌توانن و هێزیان تیایه ده‌وه‌ڕن!
ئه‌و ژنه‌ی وا نزیکترین که‌س بوو به‌وان، له پشت قاچه‌کانه‌وه دوو لاقی راکشاوی بینی که کۆبوونه‌وه، وه‌ها تا سک. ئه‌وسا دوو هاواری خنکاو. قاچه‌کان بڵاوه‌یان لێکردوو و به په‌له له شوێنی رووداوه‌که دوور که‌وتنه‌وه. رێچکه خوێنێکی سووری به‌یانییه‌کی زووی پاییزی، شۆسته‌ی دڕی و له نزیک دره‌ختێکی قه‌راخ جاده‌که په‌نگی خوارده‌وه. ماشینێکی پۆلیس که به رێکه‌وت له‌وێوه تێده‌په‌ڕی به ئاماژه‌ی خه‌ڵک راوه‌ستا. کاتێک پۆلیسه‌کان گه‌یشتنه سه‌ری، دووا ده‌نگ و هه‌ناسه خنکاوه‌کا ن له نێوان ده‌سته سوورکان و قوڕگ په‌له‌قاژه‌ی هاتنه ده‌ره‌وه‌یان هه‌بوو. شتێک وه‌ک رشانه‌وه خۆی له ره‌نگی خوێنه‌که ده‌دا.
قژلووله دووکه‌ڵاوییه‌که دووای ئه‌وه‌ی دووا مژی له جگه‌ره‌ی ئه‌و سبحه سارده پاییزیه‌دا و دووانیگای ئاراسته‌ی جامخانه‌که‌ی به‌رانبه‌ری خۆی کرد، ده‌ستی برد بۆ موبایله‌که‌ی و زه‌نگی بۆ شوێنێک دا:
ـ سڵاو ئازیزم،… حه‌ز ناکه‌م رۆژه‌که‌ت لێ بئالۆزکێنم. شتێکی ناخۆش روویدا. که هاتمه‌وه بۆت ده‌گێڕمه‌وه.