Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
ماڵئاوا ئازادی ئەزیز

ماڵئاوا ئازادی ئەزیز

Closed
by November 1, 2013 گشتی

 

 

 

 

ئەمڕۆ هەواڵی تیرۆرکردنی ئازاد ئەحمەد،  ڕابەری خۆشەویست و کۆمۆنیست دڵی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە کە بە دورو نزیک لە دەوری ئازاد بوو ، هەژاند.

ئازاد ئینسانێکی  دەمبەپێکەنین و خۆشەویست و ڕوح سوک بوو، ئینسانێکی دڵسۆز و دڵ ئاوەڵە کە هەموو ژیانی لێبراوانە تەرخان کردبوو بۆ خەبات و هاوکاری لە پێناو بەدیهێنانی بەختەوەری گشتی و ژیانی ئاسودە بۆ هەموان، ئازاد گەشبین بوو بە سەرهڵدانی بەهارێک کە تیایدا ئاسەوارێک نەبێت لە هەڵاواردنی چینایەتی، رەگەزی، دینی و نەتەوەیی…هتد. ئازاد مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی و کراوە بوو، ئەهلی وتووێژ و دیبات بوو و مەڵبەندی هۆشیاری و ڕۆشەنبیری بوو.  

 

ئازاد ئەحمەد لە ڕانیە بە ئازادە سورو لە ناو هاوڕێکانی لە سەرتاسەری عیراق بە ئازادی ڕانیە ناسرابوو، ئازاد ئینسانێکی دەمبەپێکەنین و خۆشەویست بوو، هەرکەسێک یەکەم جار دەیدیت نەیدەتوانی خۆشی نەوێت. 

ئازاد سەرسەختانە کاری دەکرد بۆ نەهێشتنی توندو و تیژ لە سەر منداڵان و ژنان. ئازاد یەکێک بوو لە  ڕانیە، قەڵادزێ و حاجیاوەو شارو شارۆچکەکانی تردا پاڵپشت و ئاسۆی روزگاری ئەو ژنانە بوو کە بەجۆرێک لە جۆرەکان ژیانی لە مەترسیدا بوو، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیانی دەداو ڕوبەڕوی عەشیرەتەکان دەبووەوە، ئەگەر پێی چارەسەر نەکرابا ئەوە بە پەلە ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری ژنانی ئاگادار دەکردەوەو زۆر چاو نەترسانە لەگەڵیان دەچووە شوێنی ڕوداوەکان زۆر جار ناو دڵی عەشیرەتەکان.

ئازاد یەکێک لەو هاوڕێ کەمانە بوو کە بەدوای کارەساتی ١٤ی ٧ ی ٢٠٠٠ لە کوردستان مایەوەو بەردەوام بوو لەسەر کارەکانی وەک و ئینسانێکی کۆمۆنیست و ئازادیخواز. بەدوای لەسەر کار لابردنی ڕژێمی بەعس و داگیرکردنی  عیراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئازاد زۆر بوێرانە ڕوو ناوەڕاست و خوارەوەی عیراق کاریدەکردوو زۆر بێباکانە و چاو نەترسانە شەڕی بەرامبەر کۆنەپەرستان دەکردوو خەباتی بۆ بەدیهێنانی مافە سەرەتایەکانی خەڵکی عیراق دەکرد. 

ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ٣٠/١٠ سعات ٦،٣٠ ئێوارە هاوڕێ ئازادی خۆشەویست دەرفێندرێت و بە تیرۆرکراوی و سوتاوی لەناو سەیارەکەی دەدۆزرێتەوە.

بەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ەوە کوردستان چەندین ئازادیخوازو یەکسانیخواز لەم وڵاتە تیرۆرکران و ژیانیان لێسەندرایەوە. وە بەدوای پرۆسەی بەناو ئازادی عیراق ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دیاریان بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە نائارامی وبەڕێخستنی شەریکاتی بەرهەمهێنانی  تیرۆریست، هەژاری و برسیەتی و کوشتن و بڕین، پۆلاریزە و تێکدانی کەشو و هەوای ژیانی هاو بەش لە سەر بنەمای هاوەڵاتی بوون و ڕێکخستنی چەندبەرەکایەتی و ئاژاوە،  لەسایەسەری ئازادی و دیموکراتیان عیراق بوو بە گۆڕستانێک و هەزاران ئینسان بوونە قوربانی ترس و دڵەڕاوکێ کوشتن و تیرۆر، بوونی ئەم وڵاتە بۆ مەڵبەندی باندەکانی مافیاو بازرگانیکردن بە ئینسانەکان، ڕاپێچدانی ژنان و منداڵانی ئەم وڵاتە بۆ بازاڕی لەشفرۆشی، پەرەدان بە شەڕی مەزهەبی و تائیفی مەیدانی بۆ بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی تەسکردۆتەوە. ئێمە ڕۆژانە شاهیدی تەقینەوەو کوشتنی هاوڵاتیانین لەم وڵاتە، نەبونی ئاسایشی گشتی و پەرەسەندنی کۆنەپەرستی، زەمینەی تیرۆرکردنی ئازادیخوازان و ئینساندۆستانی وەک و ئازادی فەراهەم کردووە.

ئازاد و ئازادەکان ترس و هەڕشەیەکی گەورەن لەسەر هێزە میلیشیاو کۆنەپەرستەکان هەربۆیە تیرۆر دەکرێن و دەیانەوێت لەناویان ببەن.

ئازادی ئەزیز تۆ هەمیشە لە دڵی ئێمە زیندوی و بە زیندویی دەمێنیەوە، هەرچەندە لەدەستدانی تۆ خەسارەتەکی گەورە بوو بۆ خێزانەکەت وهاوڕیانت و لەگەڵ ئەوەشدا کەلێنێکی  لە ڕیزی خەباتمان بۆ ئازادی و یەکسانی، بەڵام دوژمنان دڵنیا دەکەم ئەو ڕێبازەی کە گیانی خۆتت لەپێناوی بەخت کرد بەردەوامە تا بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و دنیایەکی باشتر بۆ ئینسانەکان.

بەرزو بەڕێز بێت یادی هاوڕێ ئازادو هەموو گیانبەختکردوانی ڕێگای بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی.

ڕوڕەشی بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی ئازادی.

لاوژە جواد/ جلیل رەزایی

٣١/١٠/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.