Skip to Content

Sunday, June 16th, 2024
براکوژی!  …. جەلال قادر

براکوژی! …. جەلال قادر

Closed
by November 1, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

 

لەسەردەمی پێشمەرگەیاتیم لە ناوچەی گەرمیان جارێکیان بە سوکی برینداربووم. ئەگەرچی بۆ تەندروستی لەش وردە ساچمەو پەردەی گوێ تەقین کەم نییە، لی بریندارییەکم شایەنی ئەوەنەبوو بیکەم بەهاتوو هەرا و پزیشک بهێننە سەرم.

پاش چەند هەفتەیەک بە ئازاری گوێچک و ساڕێژبوونی برینی ساچمەکان. دکتۆر هادیم بینی، پشکنینێکی خێرای بۆکردم و وتی : وردە ساچمەکانی ناو لەشت هیچ کاریگەرییەکی  نابێت، بەلام بۆ پەردەی گوێچکت باشترە سەردانی نەخۆشخانەی شۆڕش بکەی لە سەرگەلوو.

لە دوای مانگێک جەولەکردن ڕۆژێک ڕێمان کەوتە سەرگەلوو، لەوێ شۆڕبوومەوە بۆ بەرگەلوو پزیشکم بینی، وتی : پەردەی گوێچکت لەدەستداوە  هیچ چارەیەکی نییە مەگەر بچیتە ئێران لەوێ چارەسەرێکی بۆ بکەن. منیش لە ژیانما دەرەوەی کوردستانم نەدیبوو. بە هاوکاری پزیشکەکان توانیم لە کەرتەکەم تاخم وچەکەکەم دانێم ومۆلەتی مانگێک وەرگرم.

پێشئەوەی لە سنوور بپەڕمەوە، لە گوندیک میوان بووم. ئەو مالەی لێی مێوانبووم پێکهاتبوو لە دایکێک وکوڕە هەرزەکارێک و کچێکی بچکۆلانە.

لەگەل خواردنی نانی ئێوارە، دایکەکە چوو بۆ حەوشە چەند کۆلکە دارێکی بەسەر تاوێرێکەوە دانا ، کوڕە هەرزەکارەکەی بە تەور نیشتە سەری و پارچە پارچەی کرد، لەم کاتە هەلم بۆ گونجا  لە کچە بچکۆلانەکە بپرسم : کەی باوکت دەگەڕێتەوە؟

– باوکم لە مێژە ڕۆشتووەو نەگەڕاتەوە.

– بۆ کوێ چووە؟

– نازانم دایکم هەر ڕۆژی شتێک دەلێت ڕۆژێک دەلێت لەناو بەفردا خنکاوە ، ڕۆژێک دەلێت کەوتۆتە ڕووبارێکەوە!.

– باوکتان نەماوە؟

فرمێسک بەسەرگۆناکانیا هاتە و خوارەوە و ویستی شتێک بدرکێنێ، بەلام من بەزەییم پێهاتەوە و لێمپرسییەوە : تۆ لە پۆلی چەند دەخوێنی؟

:- ئەم گوندە قوتابخانەی تیا نییە!.

زەردەپەڕی خۆر لە پشتی چیای گوندەکە ئاوابوو، کزە سەرمای پاییز بە لەشمانەوە نووسا. دایکەکە بە کوڕە هەرزەکارەکەی وت : وشیار… لە بیرت نەچێت سبەینێ دەبێت بچیت بۆ دارکردن.

– بەلێ، بەسەر چاو دایکە گیان.

پرسیم : دار بۆ زستان کۆدەکەنەوە؟

– بەلێ. پێدەچیت ئەمساڵ زستان زووتر میوانداریمان بکات.

وتم : منیش هەرەوەزیتان دەکەم و سبەینێ لەگەل وشیار دەچم بۆ داربڕین.

دایکەکە وتی :  بەلێن بوو، سبەینێ زوو لە چیا ئاوابیت و بگەیتە ئەودیو سنوور!.

– با ببێتە دوسبەی.

شەو داهات دایکی وشیار جێگای بۆ ڕاخستین، گوێم لێبوو کچە بچکۆلانەکە دەیگووت : توخوا دایکە ئەمشەو لێفەکەی باوکم پێدادە.

– بەسەرچاو كچەخنجیلانەکەم.. ئەمشەو پێکەوە دەنووین.

ئەم قسانە ئاگری لە جەرگم بەردەدا…هەستمدەکرد خانووەکە کاریتەی پێوە نەماوە ئێستا نا ئێستا دەڕووخێ بەسەرمدا.  خۆم بە تاوانبار دەزانی کە میوانی ئەم مالەم، چونکە لە مندالییەوە فێریانکردووم نابێت نانی مالی هەتیو بخۆیت. لی دڵی خۆم بەوە دایەوە کە سبەینێ ئەوەندە کۆلکەدار کۆبکەمەوە تۆلەی  میواندارییەکەم بکەمەوە.

پێشئەوەی بچمە ژێر جێگاکەم پشتێنە درێژەکەم لە خۆمکردەوە تا بیکەم بەسەرسەرینەکەوە.

دایکەکە لێیپرسیم : کوڕم دەلێی پشتێنی پێشمەرگەت بەستووە؟

– بەلێ. من پێشمەرگەی گەرمیانم.

وشیار بەسەرسوڕمانەوە لێیپرسیم : یەکیەتی؟

– بەلێ..

دوا بەدوای ئەم پرسیارە هەموو بە بێدەنگی لەسەر جێگا ڕاکشاین. وشیار چاوی بڕییە بنمیچی خانوەکە  و خەیاڵ بردییەوە. منیش ئەوەندە مانووبووم بە داخستنی پێلوی چاوم خەو ژیانی لێسەندمەوە.

 بەریبەیان لەگەل خوێندنی کەڵەشیرو باڕە وقاڕەی مەڕو مالاتی ئاوایی بێداربوومەوە.

 خواردنی ژەمی بەیانی ئامادەکرابوو، وشیارم بینی تەورەکەی  بە هەسان تیژ دەکرد . دایکەکە ڕووی لەمن کردو وتی : تکام هەیە نەچیت بۆ داربڕین و ئێستاش کاتت هەیە بەڕێبکەویت بەرەو سنوور.

– نەخێر، من بەلێنم پێداون دەبێت بەشی ئەم زستانە کۆلکەدارت بۆ بکێشمەوە.

– نا تکا دەکەم، ئەزێت مەخۆ.

لەم کاتە وشیار بانگیکردم و وتی : فەرموو با بەڕیبکەوین.

وشیار تەورێک و گوریسێکی دایە دەستم ، پێکەوە لە دەرگەی مال دەرچووین ..ڕێچکە باریکەلان و گردەکەی ئاواییمان بڕی و لە داربەڕووەکانی سەر چیاکان نزیک بووینەوە. ئەو ماوەی بە ڕێگەوە بووین گفتوگۆیەکم لەگەل وشیارکرد.

– وشیار لە مێژە باوکت مردووە؟

– پێنچ سال دەبێت.

– دەزانم بێباوکی ناخۆشە..بەلام چیبکەین لەگەل مردن هیچ ناکرێت.

– من خەمی دایکم و خوشکە بچکۆلانەکەمە.

– تۆ گەورەی مالیت، دەتوانی هاوکاری دایکت بکەیت.

– هیچ کەس جێگای باوکم ناگرێتەوە، ئەو بۆ من وەک هاوڕێیەک بوو، بۆ خوشکەکەشم مندالێک بوو هەمیشە گەمەی لەگەل دەکرد. ڕێزی دایکمی دەگرت و خۆشیدەویست…

وتم : وشیار، دەزانم باوک وەک شوانێک وایە خەمی کۆرپەکانییەتی، بەلام لەبیرت نەچێت دەلێن مندال بەبێ دایک هەتیو دەبێت بەلام بێ باوک کە گەورە بوو دەتوانێ لەسەر پیی خۆی ڕاوەستێ. ئەوە نییە ئێستا تۆ کاری مالەوە ئەنجامدەدەیت.

– ئەو قسانە کۆنن، هەرشت بەجیی خۆیی. من باوکێکم لە دەستچووە هەرچی باوک هەیە دەیبینم لە باوکی من ناچێت. کەسیش ناتوانێت شوێنی پڕکاتەوە. 

کاتێک گەیشتینە نزیک لووتکەی چیاکە، بە وشیارم وت : دەلێی زۆر هاتووینە ، ئەو هەموو بنە دار و چیلکانە هەبوون بۆ کۆتنەکردەوە.

– خەمت نەبێت لە پشتی ئەو شاخەوە دەست بەکاردەبین.

– من بە قسەی تۆ ناکەم ، لێرەوە دەست بە دار بڕین دەکەم. 

لەکاتی بڕین و کۆ کردنەوەی کۆلکەدارەکان ئاگام لێبوو وشیار  بە چواردەورم دەسوڕایەوە و بە خەمساردییەوە دارەکانی دەبڕییەوە.

لە کاتێکدا کە نەمدەزانی چ بیرۆچکەیەک مێشکی وشیاری سەرقاڵ کردوە، لەپڕ گوێم لە هاوار و بانگکردنی دو ژنبوو. لەگەل وشیار سەرمان هەلبڕی. بینیمان دایکی وشیار و پیرژنێکیتر بەرەو ڕوومان دێن.

وشیار لەجێگای خۆی بە چوارمشقی لێدانیشت و بەسەرسووڕمانییەوە لە ژنەکانی دەڕوانی.  منیش بەرەو پییریان چووم.  

کە گەیشتنە تەنیشتم. دایکی وشیارنیگەران و پەشۆکاوبوو.  پییوتم : کوڕی خۆم ، تۆ لەگەل پوورە  (هەمین ) بگەڕێوە بۆ ئاوایی.

پورە هەمین دەستی گرتم، وتی : خێراکە بابڕۆین.

سەرمسووڕمابوو، وتم : چیبووە؟

دایکی وشیار : تۆ بڕۆ من و وشیار داردەبڕینەوە.

پورە هەمین : لە ئاوایی،قاچاخچییەکی لێیە چاوەڕوانی تۆ دەکات.

دایکی وشیار تەوروگوریسەکەی لێسەندم، وتی : خێرا ئێرە جێبهێلە.

لەگەل پوورە هەمین شۆڕبووینەوە بۆ ناو ئاوایی.  ئاوایی چۆل و هۆل بوو. وتم : کوا قاچاخچی؟

– تۆ وەرە لەگەلم.

بەپاڵ چەند خانوویەک تێپەڕین گەیشتینە ماڵی پوورە هەمین،  لە دالانەکەی ژێرپلیکانەکەوە تورەگەیەکی پڕ لەخواردن کرد و پییگووتم : کوڕی خۆم وا باشترە ئەم گوندە بەجێبهێلی. ئەم کەمە خواردنەشم بۆ داناوی  بەشی ڕێگات دەکات.

واقم وڕمابوو، لەدلی خۆمدا وتم لەوەبێت جەیش و جاش هەلکوتنە سەر ئەم گوندە بۆیە دەیانەوێ لێرە بڕۆم. 

– پوورێ گیان، توخودا ئەگەر پێمنەلێیت چیبووە، بۆ بە پەلە دەتانەوێت ئێرە جێبهێلم؟

پورە هەمین هەناسەیەکی قوولی هەلکێشاو وتی : ئەلحکمولیللا..باوەنەکەم. ئەو کوڕە جوانەی لەگەلی چوویتە بۆ دارکردن، باوکی لە شەڕی براکوژی قەندیل کوژراوە. ئەم کوڕەش ڕق و کینە لە ناخیا شینبوە، سوێندی خواردووە تۆلەی باوکی بکاتەوە. بۆیە من و دایکی وشیار بەخاردان هاتین تا  لە ئەنجامدانی ئەم کردەوەیە ڕزگارت کەین.

  بەخەمێکی قورسەوە وتم : پێمناخۆشە ئەم خێزانە جوانە باوکیان لەدەستداوە. بەلام ئێمە چیمان پێدەکرێت؟!.

– لەدەوری سەری دایکت بگەڕێم.. هەتا چەک هەبێت جەنگش بەردەوامدەبێت. نەتبیستووە دەلێن چەک دوژمنی ئینسانە. ئەگەر چەکداربیت دەبێت یان بکوژی یان بتکوژن. ئەگەر خودا یەک تاقە کۆرپەی بە نسیبم بکردایە هەرگیز نەمدەهێهێشت دەست بەچەکەوە بدات!. 

دەستی پوورە هەمینم ماچکرد و مالئاواییم لێکرد. بەقەد پال چیای گوندەکە سەرکەوتم بۆ ناودارودارستانێکی چڕوپڕ، لە دوورەوە ئاوڕێکم لە گوندەکە دایەوە…زۆر بچکۆلانە دەهاتە بەرچاوم، کەچی تا ئێستاش بەسەرهاتی ئەو خێزانەم لە مێشکدا بە گەورەیی دەزرینگێتەوە و ناسڕێتەوە!.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.