مەسعود بارزانی و سیاسەت…!
ساڵی ١٩٩٦، دوای کارەساتەکەی ٣١ی ئاب، شەهید فەرەنسۆ حەریری هاتە سەر تەلەفزیۆن. و ڕاشکاوانە و بێ ئەملاوئەولا گووتی: باهەمووان بزانن ئێمە(پارتی)، بۆ پاراستنی خۆمان و بەرژەوەندییەکانمان، بێ هیچ گومان و دوودڵیەک هەموو شتێک دەکەین..!
پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدرێژایی دیرۆکی خۆی بێ ئەوەی هەبوونی وەک پارتێک لەمەترسیدابووبێت، تەنیا لەپێناو بەرژەوەندییە ئاساییەکانیدا پەنای بۆ هەمووشتێک بردووە.
لێرەدا چەمکی (هەمووشتێک)، پڕواتاو لەهەمان کاتدا زێدە مەترسیدارە. چونکە بەم واتایە دێت ئەگەر ئەوهێزە بۆمبی ئەتۆمیشی لەبەردەستدا بێت لەشەڕی ناوخۆو دژی نەیارانی بەکاری دەهێنێت. لەکاتێکدا، لەتەواوی جیهاندا جگە لەهێزە فاشست و تۆتالیتارەکان، هیچ هێزو پارت و دەسەڵاتێک… نەدەڵێن و نە هەمووشتێکیش لەپێناو مانەوەو پاراستنی بەرژەوەندییەکانییاندا ئەنجامدەدەن. بەڵکو لەپاڵ چەمکی (هەمووشتێک)دا دەبێ چەمکی (مەشروع)یش بەکاربێت. بەم واتایەی هێزەکان بۆ پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندییەکانییان پەنا بۆهەر کارێکی مەشروع دەبەن. درووستە پا بەندبوون بەمەشروعیتەوە هەمیشە بەوجۆرەی بانگەشەی بۆدەکرێت، پەیڕەو ناکرێت، بەڵام هەمیشە ئاست و سنوورێک هەیە کە ئیتر نابەزێنرێ. و ئێمە بەردەوام لەشوێنە جۆربەجۆرەکانی جیهاندا، دەبینین و دەبیسین چۆن دەسەڵات، و پارت، و سەرکردە، بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوەو بەرەو لەناوچوون دەچن، و بەڵکو لەناویش دەچن. بەڵام هەمووشتێکیش. ناکەن و ئەگەر پارتێک یان هێزێکی سیاسی زیانی گەورەو بچووک ببینێت و لەناویش بچێت، نەجیهان بەسەریەکدا دەڕمێ و نەئەو نەتەوەیەش کەئەو پارتە بانگاشەی نوێنەرایەتیی دەکات لەناودەچێت.
ئێستا، پارتی دیموکراتی کوردستان، لەپەیوەندیی لەگەڵ شۆڕش و خۆڕاگریی ڕۆژئاوای کوردستاندا، نە هەبوونی ڕووبەڕووی هیچ مەترسیەک بۆتەوە، و نەکەسیش بەلای بەرژەوەندییەکانیاندا چووە. و تەنیا لەبەر ئەوەی هێزە کارتۆنییەکانی گرێدراوی خۆی، پێگەی جەماوەرییان نییە، و لە ئاستی ڕێبەرایەتیدا نین. وەها تووڕەو سەخڵەتە کە جێگا بەخۆی ناگرێ.!
ئەوەی لەڕۆژئاوا ڕوودەدات، بۆهەر کەس (ئەگەر لەخۆی نەگۆڕێت) مایەی تێگەیشتنە. چونکە ئەوەی لەگۆڕەپانەکەدا ڕۆژانە شەهیدو قوربانی پێشکەش دەکات، شایستەیی پتری لەو حزب و لایەنانەهەیە کەلەهەولێرو ئەستەمبوڵ قەپاڵ بەوپارووە چەورانەدا دەکەن کەلەپارەی دزراوو گەندەڵیی پارتیی پێیانبەخشراوەو ئەو مەشروعیەتەی خەڵک لێی ستاندوونەوە لەمۆدێلە قەڵبەکیدا لەلایەن پارتییەوە بەبەرۆکیاندا کراوە، و لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی پارتییەوە پاڵەوانبازیی بەرسێبەر دەکەن..!
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەقەڵەمڕەوی دەسەڵات و سەروەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا نییە. و بەشێکی کوردستانە کە پەیوەندیی بەو خەڵکەی ئەوێوە هەیە داخوا خەبات بەچ شێوازو مێتۆدێک بەڕێوەدەبەن و کێ بەنوێنەری خۆیان قبوڵ دەکەن.
ئەو ڕەوشەی لەڕۆژئاوای کوردستان لەئارادایە، زێدە هەستیارو تایبەتە. جەنگێکی ئاسایی نییە کە مرۆڤ بتوانێ و بکرێ خۆی لێ ببوێرێ. جەنگی نێوان وەحشیگەریی و شارستانییەت، تاریکیی و ڕوناکیی، مەرگ و ژیانە…
لێرەدا پێویست نییە پرسیار ئەوەبێت داخوا ئەو هێزەی لەسەرخاکی خۆی بەرگری لەخاک و خەڵک و ئابڕوومەندیی خۆی دەکات کێیەو چ زمانە..! هەروا نابێ ئەو پرسەبێت، کە کوردی ئەو بەشە چی بکات و لەگەڵ کێ بێت و دژی کێ بێت..!؟ چونکە ئەو هێزە تاریکپەرستەی بانگی جیهادی پۆخڵی بۆسەر کوردان ڕاگەیاندووە، تەنیا چاوەڕوانی وەڵامی خۆبەدەستەوەدانە. نەدیموکراسی و نەفرەیی، و نە تایبەتمەندی فەرهەنگی و نەتەوەیی، و نە پارت و ڕیکخراو، و نە دیالۆگ و عەقڵ، نەباس لەهیچ مافێکی قبوڵە. بەڵکو تەنێ شەریعەتی ئیسلام بەشێوازە هەرەهەرە پاشڤەڕۆو بەربەریەتییەکەی. و هەرکەس مل بدات، ئەگەر پیاوە بەشداری جیهادی گەورەو ئەگەر ژنیشە جیهادی نیکاح و بێلایەنانیش هەروەک یاخیەکان، ببنە قوربانی شمشێری هەمەجیەت.
پارتی گوایە بەمە سەخڵەت بووە کەسالح موسلیم گووتوویەتی ئەگەر پارتی ئێمە ئابڵووقەبدات و خەڵکەکەمان برسی بکات، ئەوە ئێمە خەڵکی خۆمان و پارتیش فێری خۆڕاگری دەکەین..! و پێیانوایە ئەم گوفتارە هێندە خەتایەکی گەورەیە، کە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەرچی بکەن خەڵک پێیاندەڵێت: چاکتانکرد..!
کوێی ئەم قسەیە خەتایە..؟ مەگەر ئەمە واقیعێک نییە ڕۆژانە جیهان دەیبینێت..؟ مەگەر گەلان نەک هەر لەناوخۆیاندا، بەڵکو لەدوورەدەستانیشەوە فێری قارەمانێتی و خۆڕاگریی نابن..؟
کوردان لەپارتییەوە فێری چاوساغیی بۆ دوژمن و گەندەڵیی و شەڕی ناوخۆ، و لە ڕاپەڕینی ڕۆژئاواشەوە فێری خۆڕاگریی و لەخۆبردوویی دەبن.
لە پارتییەوە فێری ناجوامێری، و بنپێکردنی بەهاکان و ترسنۆکی و پۆزلێدان، و لەکچان و کوڕانی بەژن زراڤی ڕۆژئاواشەوە فێری مەردایەتیی و جوانخاسیی و پاکیی دەبن.
لەپارتییەوە فێریی هەڵپەی دەوڵەمەندەیی، و خڕکردنەوەی سامان، و قۆرغکردنی دەسەڵات، و خەساندنی مرۆڤی کورد، و لەڕۆژئاواشەوە فێری بەخشینی گیان و زاڵبوون بەسەر مەرگ و خوڵقاندنی ژیانی مەزن دەبن.
لەڕۆژئاوا هەرڕۆژ ژمارەی شەهیدان و داستانەکانی بەرخۆدان زۆرتر، ولەناوپارتیش گیرفان گەورەترو سەفتەدۆلاری دزراو پتر.
مەسعودبارزانی، چیتر ئەو سیاسەتمەدارە هێمن و لێهاتووە نییە کە پێمانوابوو. بەڵکو ئەو سیحربازەیە، کەلەحاڵێکدا بە بزواندنی دەستی چەپی سەرنجی جەماوەر بۆلای خۆی ڕادەکێشێت، بەدەستی ڕاستی خەریکی شارندەوەی ئەو کەروێشکە ئاڵتوونیەیە لە ژێر جامانە سوورەکەیدا کە تورکیاو عەرەبستانی سعودی بەدیاریی پێیان بەخشیوە.
دارا مەمود
darachimen@hotmail.com