ژیان فیکه‌ی کۆتایی لێدا …. ئیدریس عه‌لی
به‌و هه‌موو هێرشه‌ی
به لێزمه‌ی چاو
ده‌مانکرده سه‌ر یه‌کتر
به‌و هه‌موو به‌رگرییه‌ی زمانه‌وه
له جوانیی،
به گمه‌ی ئه‌م هه‌موو کۆترانه و
گرمه‌ی ناوه‌ختی ئه‌م هه‌ورانه و
به فیکه‌ی ئه‌م هه‌موو چۆله‌که و
هاندان و چه‌پڵه‌ی
ئه‌م هه‌موو
په‌پوله و
باران و
ئه‌ستێره و
شیعر و
شهرابانهوه،
به عه‌داله‌تیی داوه‌ری ئێواران و
شاره‌زایی راهێنه‌ری خه‌یاڵ و
په‌خشی راسته‌وخۆی پاییزییهوه،
دوای ئه‌و هه‌موو
شیله و
شه‌ونم و
عه‌ترانه‌ی
که له گیانمان رژان،
سه‌ره‌نجام ژیان
فیکه‌ی کۆتایی لێدا و
یارییه‌که ته‌واو بوو،
ته‌واو بوو گه‌مه‌که‌ی
من و تۆ
هیچ و هیچ.
پاش سه‌ده‌یه‌ک چاوه‌روانی
ئیتر ده‌بێت به سه‌بری
پیره کیسه‌ڵێک تێهه‌ڵچینه‌وه،
ئیتر ده‌بێت
به ژماردنی ئه‌ستێره و
ماڵیکردنی کۆتره‌وه
به خواردنی زۆرترین سی‌و و
داگیرساندنی زۆرتین مۆمه‌وه،
به زۆرترین کات
راوه‌ستان و
به‌رگه گرتن له ژێر باراندا،
به دۆزینه‌وه‌ی ناوکه کوله‌که
له ناو ده‌ست و پێی هه‌زاران توێکڵدا،
په‌له په‌ل
به لێکردنه‌وه‌ی بۆڵه ترێوه
بێئه‌وه‌ی مۆسیقای گه‌ڵایه‌ک هه‌ڵوه‌رێنین،
به راکردن به دوای په‌پوله‌دا
له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری کۆڵان
له‌م چڵ بۆ ئه‌و چڵی باخچه
بێئه‌وه‌ی ئارامی ئینجانه‌یه‌ک بشێوێنین،
به تێگه‌یشتن
له زۆرترین وشه‌کانی کوکوختی و
خوێندنه‌وه‌ی وردترین
دێڕه‌کانی مێشک کونکه‌ره
له سه‌ر قه‌دی دره‌ختێک،
به ناسینه‌وه‌ی ده‌نگی پێی چۆله‌که
ئه‌وکاته‌ی به کۆمه‌ڵ
له‌سه‌ر لقێ دره‌ختێک ده‌نیشنه‌وه و
له به‌ینی خۆیاندا
ده‌یکه‌نه به هه‌را،
به گوێ رادێران له حه‌زینترین گۆرانی
بێئه‌وه‌ی یه‌ک دڵۆپ ئه‌شک
له جاومان بتکێت و
بۆی بچینه ژێر بار،
به ئه‌زبه‌ر کردنی درێژترین شیعر
که خوێناوی شاعیرێکه،
به گێڕانه‌وه‌ی تازه‌ترین نوکته و
سێ جار که‌وتن به پشتا
له تاو پێکه‌نین،
به هه‌ڵهێنانی مهتهڵیکی کورت
له ماوه‌ی ماچێک و
پێکردنی سیگارێک و
بۆیه کردنی په‌نجه توته‌ی
بوکۆکهیهکدا،
به خیرا پێچانه‌وه‌ی جانتاکان
به‌ر له‌وه‌ی زه‌نگی ده‌رگاکه لێ‌بدا و
که‌سیک گازمانگات بۆ سه‌فه‌ر،
به هه‌ڵدانی ورده چه‌و
بۆ ئه‌وبه‌ری ئاوه‌که،
به شاردنه‌وه‌ی ده‌نکێ موروو
کێ ئازایه و بزانێت
له ده‌ستی چهپایه یان راست،
به ریزکردنی ئینجانه‌کان
له به‌ر هه‌تاودا
به کۆکردنه‌وه‌ی
سه‌تڵێک شه‌ونم
له ماوه‌ی جاوتروکانێکا،
به ناسینه‌وه‌ی بۆنی عه‌ترێکی بێگانه
له ژورێکی تاریک‌دا..
ته‌واو یاریه‌که
ژیان فیکه‌ی کۆتایی لێدا
من و تۆ
هیچ و هیچ
ئیتر ده‌بێت به لێدانی
سزای دڵ
یارییه‌که ته‌وای که‌ین.