چاوپێکهوتنی رۆژنامهری ههولێر لهگهڵ نووسهرو وهرگێر : ئهردهڵان عهبدوڵڵا
ئهردهڵان عهبدوڵڵا: ئێـمە هەتاوەکو پرۆسەیەکی گەورەی وەرگێڕانمان نەبێت، ناتوانین داهێنانی گەورەمان هەبێت.
ههولێر: با لە دواهەمین كتێبی وەرگێڕدراوتان دەست پێ بكەین، (دیالۆگ لەنێوان رۆژهەڵاتو رۆژئاوا)، هیڵی گشتیی كاری وەرگێڕانت لەم كتێبەدا چۆن بوو؟ ئەو هۆكارانە چیی بوون كە وای لێكردیت ئەو گفتوگۆیانە هەڵبژێرن بۆ وەرگێڕان؟
ئەردەڵان: لە ڕاستیدا من دەمویست دیدوبۆچوونی کۆمەڵێک کەسایەتی کەلە بواری ئەدەب و فکر و هونەردا کاردەکەن ، لەهەردوو جەمسەری دژ بەیەکی جیهان ” ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا” کۆبکەمەوە، بۆ ئەوەی لەنزیکەوە خوێنەری کورد ئاگاداری دیدوبۆچوونی ئەو کەسایەتییە جیهانییە بێت، لەهەمانکاتیشدا لە ڕووی مەعرفیشەوە، خوێنەر زانیاری باشی دەستبکەوێت. دیارە کەسایەتییەکان هەمەجۆرن ” رۆماننووس، فەیلەسووف، ئەکتەر، دەرهێنەری شانۆ، وەرگێڕ” ی تێدایە. هەموو ئەمانەش ، هەریەکەو لە شوێنی خۆیەوە، خزمەتی بواری مەعریفی دەکات. شتێکی تریش کە پشتم پێ بەست ئەوەبوو، کە تەنها کەسایەتی پیاو نەبن ، بەڵكە کۆمەڵێک ژن کەلە بواری ” سیاسەت و فکر و ئەدەب” دا لە جیهاندا چالاکن ، پێم باشبوو تێروانینی ژنیشی تێدابێت. بۆ نموونە ژنە سیاسەتمەداری ئەمریکی ” کۆندەلیزا ڕایز” هەروەها ژنە نووسەر و ڕووناکبیری هیندی ” ئارونهات ڕۆی”لەلایەکی تریشەوە چەند کەسایەتییەک هەن کەلە بوارەکان فکر و ئەدەب و هونەردا کاردەکەن هەن، کە بەداخەوە هێشتا لەناو کوردستان نەناسراون ، بۆ نموونە ژنە نووسەری میسری ” شرین الفقهی” کە لە تەواوی جیهاندا ناسراوە، بەڵام لای ئێمە هێندە ناسراونییە. لەلایەکی تریشەوە پرسگەلێکی زۆرهەن، کە ئەم کەسایەتیانە باسان کردووە، بۆ نموونە ” تیرۆر، جەنگی عێراق و ئەفگانیسان، ئیسلامی سیاسی، بەهاری عەرەبی” کە هەریەکەیان لە دیدگا و تێروانینی خۆیەوە بۆ کێشانەی ئەمڕۆی جیهان دەڕوانێت، بۆ ئێمەی کورد گرینگە ئاگاداری تێروانینە جیهانییەکان بۆ ئەو کێشە گلۆبالانەی کە ئێـمەی کوردیش دەگرێتەوە. جێگەی گوتنە ئەم گفتوگۆیانە لە کۆمەڵێک سەرچاوەی ئەڵمانی و عەرەبییەوە وەرمگێڕاوە.
ههولێر: هەنووكە ئاستو پێگەی پڕۆسەی وەرگێڕان چۆن دەبینن لە كوردستان؟ *دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە تا چەند لە ئاستی برەودانن بە پڕۆسەی وەرگێڕان؟
ئەردەڵان : ئێستا لە چاو ساڵانی پێشوودا پرۆسەی وەرگێڕان لە ڕووی چەندایەتیی و چۆنایەتییەوە، هەنگاوێکی گەورەی ناوە، مانگانە کتێبێکی زۆر وەردەگێرێت، بەڵام لەبیرمان نەچێت، شت کە زۆربوو ، بۆریش دەبێت. بۆیە پێویستە دەزگاکانی بەرپرس بەتایبەتی وەزارەتی رۆشنبیری، لیژنەیەکی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی بابەتی وەرگێڕان دابنێت. بۆ ئەوەی چاک و خراپ لە یەکتری جودا بکاتەوەو نەهێڵێت بەرهەمی خراپ بڵاوبکرێتەوە. من پێم باشە ئەو بەرهەمانەی کە خراپن ، یەکسەر رەتنەکرێنەوە، بەڵکە ئەو لیژنەیە یارمەتی وەرگێڕەکە بدات ، بۆ ئەوەی کارەکە چاکبکاتەوە. چونکە زۆرجار کەسێکی وەرگێر ، لەوانەیە کارێکی باش وەربگێرێت، بەڵام کێشە لە وەرگێرانەکە بێت، بۆیە ئەو لیژنەیە دەتوانێت یارمەتی وەرگێرەکە بدات بۆ چاککردنەوەی بەرهەمەکە .
بەنیسبەت پرسیاری دووەمیشەوە، ڕاستییەکەی هیچ پرۆسەیەکی وەرگێڕان ، بە بوونی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی باش ، سەرکەوتوو نابێت، چونکە گەر تۆ شوێنێك نەبێت بەرهەمەکەت بۆ چاپبکات و پاداشتێک بە وەرگێڕەکە بدات، تۆ چۆن دەتوانیت باس لە پرۆسەی وەرگێڕان بکەیت. خۆشبەختانە ئەمڕۆ لە کوردستاندا کۆمەڵێک دەزگای باشمان هەیە بۆ نموونە ” سەردەم ، خانەی وەرگێڕان، موکریان، ئاراس، کە بەداخەوە دایانخست” ئەم دەزگایانە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە برەودان بە پرۆسەی وەرگێڕان لە کوردستاندا. بەڵام من پێم باشە هەوڵ بدرێت ئەو دەزگایانە لە ڕووی وەرگێرانەوە جیابکرێنەوە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا و تەواوی وڵاتانی تری رۆژئاوا، دەزگا هەیە، تەنها لە بوارێکدا کاری وەرگێڕان دەکات ، بۆ نموونە تەنها لە بواری ئەدەبی عەرەبی یان فارسی ،،،. لە ڕووی بابەتیشەوە ، بۆ نموونە هەیە تەنها لە بواری تەندروستی یان سیاسی ، زانستی کاری وەرگێران دەکات. هیوادارم لە کوردستانیش ئەو شێوازی کارکردنە بێتە کایەوە.
ههولێر: بۆ كورد لە چ كایەیەكدا گرنگە وەرگێڕان بكرێت؟ بەو واتایەی هیچ ئەولەوییەتێك هەیە بۆ وەرگێڕان؟
ئەردەڵان : من پێم وایە ئێمە چەندە وەرگێڕان بکەین هێشتا کەمە، ئێمەی کورد لە چاو نەتەوەکانی درواسێدا لە ڕووی پرۆسەی وەرگێرانەوە زۆر لە دواوەین، دیارە ئەوەش کۆمەڵێک هۆکارگەلی ” سیاسی و کلتوری و ئابووری” لە پشت ئەم دواکەوتنەی ئێمەوەیە. بەڵام مادام ئێستا ئێمە لە سەرەتای پرۆسەکەداین ،ئەوا من پێم باشە لەهەموو کایەکانی بواری مەعریفەدا ، ئێمە وەرگێران بکەین، چونکە لە هەموو بوارەکانی مەعریفەدا ئێـمە هەژارین. پاشان من لەگەڵ ئەوە نیم کە ئێـمە تەنها گرینگی بە بوارێک بددەین و بوارەکانی تر فەرامۆش بکەین،چونکە مەعریفە هەمەلایەنەیە.
تۆ سەیری قۆناغی ڕێنانسازی ئوروپا بکە، ئەم قۆناغە تەنها یەک بوار نەیتوانی بەتەنها ئەو شٶرشە مەزنە بکە، بەڵكە ڕێنانساز هەمەلایەنە بوو، ” هونەر، ئەدەب، فکر، زانست، ئابووری” گرتەوە. تۆ گەر بتەوێت ڕێنانسازێک لەم کوردستانەی خۆمان دروستبکەیت، ئەوا پێویستە لەهەموو بوارەکانی مەعریفەدا وەرگێڕان بکەین. ناکرێت تۆ تەنها کایەیەکی مەعریفی بەلاتەوە گرینگ بێت و ئەوانی تر فەرامۆش بکەیت، چونکە دەستەگووڵی پێشکەوتن ، بە کۆمەڵێک ڕەگەوە بەستراوەتەوە.
ئێـمە هەتاوەکو پرۆسەیەکی گەورەی وەرگێڕانمان نەبێت، ناتوانین داهێنانی گەورەمان هەبێت. ئاخر وەرگێڕان واتە سوود وەرگرتن لە ئەزمونی ئەوانی تر، بۆ ئێمەش ئەزمونی خەڵكی تر گرینگە ، هەتاوەکو بتوانین خۆمان پێشبخەین و وەکو ئەوانی تر داهێنان بکەین، هەموو نەتەوەکانی تری جیهانیش سەرەتا لە وەرگێڕانی ئەزمونەکانی خەڵكی ترەوە، فێری پێشکەوتن بوون.
ههولێر: زۆرێك پرسی وەرگێڕانی دەستەجەمعی دەوروژێنن بەو پێیەی كە پڕۆسەی وەرگێڕانی دەستەجەمعی تەندروستترە و لەلای ئەوان لە وەرگێڕانی تاكە كەسیی باشترە، تۆ چۆن لەم كارە دەڕوانیت؟
ئەردەڵان : لە ڕاستیدا کاری بەکۆمەڵ، وەک هەرکارێکی تر ، خاڵی پۆزەتیف و نێگەتیفی هەیە. تۆ لەکارێکی بەکۆمەڵیدا، لەجیاتی توانایەک ، چەند توانایەک و ئێنەرجیەکت لەبەر دەستدایە، دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت ، کارەکە بەسەر چەند کەسێکدا دابەشبکەیت، بەم شێوەیەش هێز وتوانایەکی زۆر دەدەیتە ئەو بەرهەمە. لە لایەکی تریشەوە تۆ لەجیاتی چاوێک ، چەندین چاو خەریکی هەڵەچنی و دیاریکردنی هەڵەکان و ڕاستکردنەوەیانن، لەیەککاتدا چەند مێشێکێک خەریکی پنتێکی دیاریکراو دەبن، بیرکردنەوە و تروانینی زۆرت لەبەردەستدایە، هەمووکاتێکیش چەند بیرکردنەوەیەک لە یەک بیرکردنەوە باشترە. لە ڕووی کاتیشەوە ، کاتێکی زۆرت بۆ دەگەڕێتەوە، چونکە بۆ نموونە کتێبێکی هەزار لاپەرەیی گەر چوار کەس خەرکی بێت ، لەوانەیە لەماوەیەکی کەمتردا وەریبگێرن تا تەنها کەسێک .
بەڵام ئەوەی کە زۆرگرینگە لەکاری کۆمەڵدا، بوونی شعورێکی جەماعییە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو کارە، خۆشەویستییەکی بێ وێنەیە بۆ پیرۆزی کارەکە. گەر هەست و خۆشەویستییەک بۆ کارەکە نەبێت ، چەند کەسێک ناتوانن پێکەوە تەنها لاپەڕەیەکیش وەربگێڕن. لەبەرئەوە ، توانای پێکەوەکارکردن ، زۆر گرینگە بۆ کاری بە کۆمەڵ. لەلایەکی تریشەوە من زۆرجار ئاگاداربووم ، چەند برادەرێک سەرەتا زۆر بە عیشقەوە خەریکی پرۆسەی وەرگێرانی کارێکی مەزن بوون ، بەڵام بەهۆی بیروبۆچوونی جیاوازەوە، زۆرجار نەک کارەکەیان بە ئەنجام نەگەیاندووە، بەڵكە تەنانەت وازشیان لە برادەری و پەیوەدنییشان هێناوە. تۆ کاتێک باسی پەرەگرافێک بکەیت ، زۆرجار لە یەککاتدا، چەند کەسێک قسە دەکەن، گەر ئەو هەستی بەرەوپێشچوونی کارە نەبێت لە نێوانیان ،ئەوا زۆرجار دڵشکاندن ڕوو دەدات.
بەڵام کاتێک تەنها کەسێک خەریکی کتبێک دەبێت، ئەوە تەنها ئەو کەسەیە کە بڕیار لەسەر کۆی گشتی پرۆسەکە دەدات، ڕاستە لە ڕووی کات و توانا و ئێنەرجییەوە، زۆری لەدەستدەردەچێت، بەڵام پرۆسەکەی لەدەستدەرناچێت. لەلایەکی ترەوە من لەگەڵ ئەوەدانیم ، کە تەنها کەسێک نەتوانیت کارێکی مەزن وەربگێرێت، بۆ نموونە لەناو عەرەبەکاندا وەرگێری ناسراو” سامی دەروبی” تەنها خۆی کۆی گشتی بەرهەمەکانی نووسەری مەزنی رووسی و جیهان ” دۆستۆیڤسی” وەرگێرا.
بەڵام چ لە بواری کاری بەکۆمەڵی وەرگێران و کاری تەنهادا، گرینگ ئەوەیە وەرگێرەکە پرەنسیبە سەرەکیەکەی وەرگێڕانی لەبیرنەچیت ، کە ئەویش وەکو وەرگێری ناسراوی عەرەبی ” سەلاح نیازی” دەڵێت : کرۆکی سەرەکی کاری وەرگێران بریتییە لە ئەمانەت. بە بڕوای من گەر کارێکی وەرگێران ئەمانەتی لەدەستدا، ئەوا کارێکی فاشیل دەبێت.
سازدانی : شۆرش محهمهد