کێ کێ دروست دەکات ؟ … ڕزگار عومەر
هەموو وا ڕاهاتووین کە دەزگا موخابەراتیەکانی زلهێزەکان بە گشتی و ڕۆژئاوا بە تایبەتی ڕۆڵ دەبینین لە جێگیرکردن و دروست کردنی دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێ یەم ، لە گەڵ ئەوەشدا کەم نیە ئەو کەیسانەی کە پارەی دزراو لە داهاتی گشتی دیکتاتۆرەکانی جیهانی سێ یەم دەچێتە نێو یاریەکانی دەسەڵات لە ڕۆژئاواو یارمەتی جێگیربوون مانەوەی سەرۆکێک یان وەزیرێکی دیاریکراو دەدات .
پارە وەکو ووشە باوەکە ، ئابوریش وەکو تێرمی گشتگیری بارودۆخێک کە(پارە) شادەماری دەبێ بڕبڕەی پشتی یەکەکانی هێزە چ لە ئاستی تاک چ لە ئاستی دەوڵەت . ئەم هێزە باز دەدا بە سەر سنوورو ناسنامەکان ، باز دەدا بە سەر یاساو پرەنسیب وهەرچی بەهایەکیتر کە لە بەردەمی ڕابوەستێ . لە مامەڵەی ڕۆژئاواش لە گەڵ پارەیەک کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دێ پرسیارەکە ئەوە نیە لە سەر چۆنیەتی گەیشتنی ، بەڵکو پرسیار لەسەر کاتی گەیشتنی بارێکیتر دەبێ ! کەناڵەکانی ڕۆیشتنی پارە چەندین شێواز بە خۆیەوە دەگرێ چەشنی : جێگیرکردنی لە بانکەکانی لۆکسمبۆرگ و سویسرا ، کڕینی عەقاراتی گەورە لە لەندەن ، ، ناردنی پارە بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە فەرەنسا بۆ ئەوەی سارکۆزی بێتە سەر کورسی دەسەڵات !
ڕاپۆرتە ئابوری و لێکۆڵینەوەکان ئامارو ڕاستی وەها دەخەنە ڕوو کە کەس خەیاڵی لێ ناکا ، لەم ڕاپۆرتانە هاتووە کە قەبارەی پارەی ئاودیوکراو بۆ بانکەکانی لۆکسمبۆرگ ساڵانە دەگاتە 3000 بلیۆن یورۆ . سویسرا ساڵانە دەگاتە 2500 بلیۆن یورۆ . کڕینی خانوبەرەو ئۆفیس و میوانخانە لە شاری لەندەن تا مانگی 9 ساڵی 2012 خۆی داوە لە 8 ملیار دۆلار کە تەنیا %10 ئەم موڵک کڕینانە لەلایەن دەوڵەمەندە مالیزیەکان ئەنجام دراوە ئەویتری هەمووی دەوڵەمەندەکانی کەنداو کڕیویانە . لە ساڵی 2007 قەزافی £42 ملیۆن فرەنکی بەخشیبووە سارکۆزی تا پێ بگاتە سەر کورسی دەسەڵات . لەتازەترین هەواڵیشدا سهرۆكی لیژنهی پهیوهندیهكانی ئهوروپا – عیراق ستراوس ستیڤنسن رایگهیاند : – ” ههفتانه 800 ملیۆن دۆلار لهعیراقهوه دەچێتە دهرهوه” کە ئەمیش دەڕوا بۆ بانکەکانی سویسرا .
پاش ئەوەی لۆکسمبۆرگ بڕیاریداوە لە ساڵێ 2015 هەموو کۆت و بەندێکی پاراستنی نهێنی حیساب بانکیەکان بخاتە ڕوو ، فشارێکی زۆر هەیە لە سەر بانکەکانی سویسراو نەمساو تەنانەت بانکەکانی فاتیکانیش کە دەبێ ( نهێنی پارێزی ) حیساب بانکیەکانیان بخەنە بەردەم دەزگا نێو دەوڵەتیەکانی شەفافیەت و ئەو دەوڵەتانەی بە فەرمی بە دوای پارەی ئاودیوکراوی دەوڵەمەندەکانی خۆیان و گەندەڵین .
دەرکەوتنی نهێنیەکانی ئەم هەموو حیساب بانکیانە ڕەنگە چارەنووسی زۆر دەوڵەمەندو سیاسەت مەدارەکانی ڕۆژهەڵات و ئەوەی پێ ی دەڵێن جیهانی سێ یەم بخاتە بەردەم توڕەبوون ونەفرەتی زیاتر لەوەی کە هەیە . بەڵام ، نهێنیەک کە زۆر زووتر لە وادەی خۆی دەرکەوت ؛ یارمەتی قەزافی بوو بۆ سارکۆزی !
ڕۆژنامەی ” لا کوریری دیلا سیرا “ی ئیتاڵی لە ڕۆژی 29 ئەیلولی 2012 ڕوماڵێکی وردو درێژی بڵاوکردەوە لەسەر ئەوەی چۆن سارکۆزی فەرمانی بە دەزگای هەواڵگری فەرەنسا داوەو سیخوڕەکانی خۆیان ناردووە بۆ زەمانەت کردنی کوشتنی موعەمەر قەزافی . ئەم مانگەش CNN سەر لەنوێ ئەم باسەی وروژاندەوە بە تایبەتی کە زانراوە ئەو کەسەی کە لە ڤیدیۆکانی کوشتنی قەزافی دەردەکەوێ و دەمانچە ئاڵتونیەکەی قەزافی بە دەست گرتووە ، کە دواتر لەلایەن حکومەتی تازەی لیبیا خەڵاتی ئازایەتی پێدەدرێ وەکو پاداشتی کوشتنی قەزافی ، ڤیزای چوونە فەرەنسای پێدەدرێ و لەوێ چیتر کەس سۆراغی تا ئەمڕۆش نازانێ .
بە پێ ی ڕاپۆرتەکان قەزافی هەڵەیەک دەکا ئەویش ئەنجام دانی تەلەفۆنێک بوو بۆ سوریا ، بەشار ئەسەد ژمارەکە دەداتە دەزگای هەواڵگری فەرەنسا ئیتر لەم ڕێگایەوە دۆزینەوەی ئاسانتر دەبێ و بەر لە گەیشتنی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن فڕۆکە ئەمریکی فەرنسیەکان کاروانەکەی بۆمباران دەکەن ، دواتر ئەوانیش دێن و دەیکوژن .
قەزافی ڕۆڵی هەبوو ، لەوەی سارکۆزی بێتە سەر دەسەڵات ، ڕۆڵی هەبوو لە یارمەتی دانی ئابوری و سیاسی بەشار ئەسەد بە تایبەتی لە ساڵی 2005 دا ، قەزافی وەکو زۆریتر پشتی بە سیحری پارە بەستبوو ویستی سیاسەتمەدارێکی پۆخڵی ڕۆژئاوا بکڕێ ، بەڵام نەیزانی بە هێنانی ئەم سیاسەتمەدارە بۆسەر تەخت ئەو مەرگی خۆی کڕی !