
فه‌لسه‌فه‌ی کۆچەریی خولیا هه‌نووکه‌ییه‌کان له هزری فه‌ره‌نسییدا
چاپی دووه‌م 2013
سوێد
ناوی کتێب: فه‌لسه‌فه‌ی کۆچه‌ریی
بابەت: فەلسەفە
ناوی ئۆرگینالی کتیب: Nomadfilosofi
نووسه‌ر: Esbren Krause-Jensen
وه‌رگێڕی سوێدیی: Joachim retzlaff
وه‌رگێڕانی له دانمارکیی و سوێدییه‌وه: هه‌ندرێن
کاری نه‌خشه‌سازی: نما
چاپی یه‌که‌م: 2005
چاپخانه: له بڵاوکراوه‌کانی سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی فیکریی و ئه‌ده‌بی نما،زنجیره 50
چاپی دووه‌م: 2013، لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی فیکریی و ئەدەبی نما،
زنجیرەی ١٣٩
چاپخانە: شەهاب
ژمارەی سپاردن لە کوردستان: ٧٠٣
ISBN) ژمارەی سپاردنی سوێد 978-91-637-2790-0(
تیراژ:٥٠٠
پێشەکیی چاپی دووەم
هەنووکە گفتوگۆی فەلسەفیی و پرسیاری پێویست بوون و نەبوونی فەلسەفە لە جڤاکی کوردستاندا، لە کاتی چاپی یەکەمی ئەم کتێبە گەرمترە. بوونی ئەو گفتوگۆیەش هەرچەند پەیوەندی بە سەرهەڵدانی پرسیارێکی فەلسەفیی و دۆخێکی فەلسەفەیی نەبوو کە بوونی کورد وەک بوونیكی بیرکەرەوە بەرهەمیهێنا بێت، بەڵکە پەیوەندی بە مجگێزی کاری بەڕێوەبەرایەتی زانستگەوە هەبوو. لێرەوە مرۆڤ دوای ئەو هەموو گرفت و تەنگانە رۆشنبیریی و بوونییەی کە لە جڤاکی کوردستاندا لە ئارادان، خۆزگەی دەخواست دەستەیەک لە نووسەری بواری هزر و فەلسەفە و خوێندکار و مامۆستاگەلێک لە بواری زانستە مرۆڤایەتییاکان لە زانستگەکانی کوردستان و دەرەوەدا سازیان بکردبا. لێ پرسیاریی پێداویستیی کردەی فەلسەفیی و بوونی فەلسەفە بە زۆری سەرهەڵنادا، بەڵکە ئەو پرسیارە لەو کاتەدا لە دایک دەبێ کە بیرکردنەوە بە تۆخی لە ژیانی کورددا سەرهەڵبدا، یان بە لای کەمییەوە بیرکردنەوە بە دوای رێگەیەک، شێوازێکی نوێ بگەڕێ، تاکوو خۆی لە دۆخێک نیشانبدا و بخەمڵێنێ کە خوازیاری فەلسەفاندنە. فەلسەفە لە جڤاکێکدا کە کۆی رۆشنبیریی لە ستووندا کورتبکاتەوە، ناژیت. هەروا فەلسەفە لە کۆمەڵگەیەکدا کە رۆشنبیریی دەکا بە کاڵایەکی زۆر هەرزان، کڕیاری نابێ، چونکە نرخەکەی هەرزانە. رەچەڵەکە گرێکییەکەی فەلسەفە، خۆشەویستی زانین و هاندەریی دۆشدامانی مرۆڤ بوو. لێ مرۆڤ لە کۆمەڵگەی کوردستاندا کە خۆشەویستییەکی شێتانەی بۆ پارە هەیە، ناکرێ هەستی دۆشدامانی لە بەرانبەر بوون هەبێ. سیاسەتی بە ئابوورییکردنی مرۆڤ، بیرکردنەوە و مرۆڤگەلێک لە ئابوورییەکی مەکینەیی بەرهەمدەهێنێ؛ پارە نەک تەنێ بیرکردنەوە لە بیر دەباتەوە، بەڵکە بیرکەرەوەش دەکا بە کاڵا، ئەمرۆش بیرکردنەوە و بیرکەرەوەی کوردیش، لە دۆخی کاڵادا دەژیت. کاتێک مەیلی بیرکردنەوە لە دایک دەبێ، کە خوێندن لە خوێندگە و زانستگەکاندا دەبێ بە ئامانجێک لە بەرهەمهێنانی بیرکردنەوە و ویستی بیرکردنەوەی نوێ. فەلسەفە لە جڤاکێکدا هەڵناکا کە شەهادە و شۆرەت خەونی گەورەیەتی.
تێگەیشتن لە دۆخی رۆشنبیریی کوردستان، بۆ سادەترین خوێنەر سەختە نییە؛ ئەو دۆخە نەک هاندەر نییە پرسی فەلسەفیی و پرسیاریی پێویستبوونی فەلسەفە لە دایک بێ، بەڵکە هاندەر نییە کتێبی فەلسەفییش بە دەستەوە بگریت. لەوەش گەڕێ کە لە کوردستاندا ئاکار و رەفتاری زۆرینەی ئەوانەی کە کاری فەلسەفییش دەکەن، دژە فەلسەفیین، ئەمەش وایکردووە ئەو بە کەم سەیرکردنەی خەڵک لە فەلسەفەدا زیاتر بێت.
بەهەمە حال، چاپکردنەوەی ئەم کتێبە لەو کاتەدا کە خوێندنەوەی رەخنەی ئەدەبیی لە روانگەی هزریی فەڕەنسییەوە زۆر باوە، بۆیە بە لای کەمییەوە دەکرێ ئەم کتێبە بۆ ئەو خوێنەر و نووسەرە نوێیە بە سوود بێ. چونکە بۆ ئەوەی ئەو شێوازە لە رەخنەی ئەدەبییە، بەرهەمی فەلسەفەی پۆستمۆدێرنە. ئەم کتێبەش بریتییە لە کۆی هزرەکانی ئەو فەیلەسووفە فەڕەنسییانە کە فەلسەفە و ئەدەبییان ئاوێتە کرد. دوای خوێندنەوەکانی ئەو فەیلەسووفە فەڕەنسییانە لە دەقگەلێکی ئەدەبی ناسراوی نووسەران، ئەو شێوازە رەخنە ئەدەبیی-فەلسەفییە پانتایی رەخنە لە زمانە جیاوازەکانی جیهاندا دەتنێتەوە. ئەم کتێبەش خوێندنەوەیەکی چێژدار و فرەی هزرەکانی ئەو فەیلەسووفانە لە خۆی دەگرێت.
دیارە ساڵی ٢٠٠٥ “سەنتەری نما سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی فیکریی و ئه‌ده‌بی نما”، ئەم کتێبەیان بە تیراژێکی کەم چاپکرد و لە سنوورێکی دیارییکراویشدا دابەشکرا. بۆیە لێرەوە سوپاسی ئیسماعیل کوردە و جەمال پیرە دەکەم کە دیسانەوە چاپی دووەمی ئەم کتێبەیان بە هەند وەرگرت. بەو ئومێدەی بخوێن بە خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە، چێژی فەلسەیەکی راسانگر و دۆشدامای فەلسەفیی بچێژێ.
هەندرێن/ 2013.4.22
ستۆکهۆلم
پێشەکیی چاپی یەکەم:
له پێناو توڕهه‌ڵدانی نه‌ریتی
به پیرۆزکردن و بوێری هزراندندا
1
بۆ ئه‌م کتێبه؟ ئایا وه‌رگێڕانی ئه‌و کتێبه چ مه‌یلێکی له پشته‌وه‌یه؟ ئایا باشتر نه‌بوو، له جیاتی ئه‌م کتێبه، رۆمانێکی ئه‌ڤینداریی یان کتێبێکی ئاسان بۆ وه‌رگێڕان له بواری ئه‌ڤینداریی و ئێرۆتیک که هه‌نووکه له کوردستاندا بازاڕێکی به هه‌ڕمێنیان هه‌یه، بکه‌م به کوردیی؟ جووداوازی فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال kontinental” و فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوتیسک analytisk” له کوێوه سه‌رهه‌ڵده‌گرن؟ ئایا له‌و دوو رێچهکه فه‌لسه‌فییه‌دا کامه‌یان بۆ رۆشنبیریی کوردیی سوودمه‌ندترن ؟
هه‌ڵبه‌ت بخوێنی کوردیی ئه‌وه ده‌زانێت، که له سه‌ره‌تای ساڵی1990دا، یان دوای راپه‌ڕینه وهرچهرخێنرهکهی کوردستانی باشووردا، کۆمه‌ڵێ گۆڕانکاری جڤاکیی، سیاسیی و رۆشنبیریی… هتد، له پانتایی رۆشنبیریی کوردییدا هاتنه کایه‌وه که ده‌کرێ سه‌رتاپای ئه‌و دیاردانه وه‌ک ئاکامگیرییه‌ک یان ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی ئه‌و راپه‌ڕینه، سه‌یر بکه‌ین. وێڕای ئه‌مه‌ش، گۆڕانکارییه ده‌ره‌کییه‌کانیش، به تایبه‌تی هه‌ره‌سی بلۆکی سۆسیالیزم و سه‌رکه‌وتنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی و ئایدیۆلۆژیی نیولیبرالیزم و دیارده‌ی به جیهانیبوون و جیهانگیریی، راسته‌خۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، رۆڵیان هه‌بوو له سه‌رهه‌ڵدان و رسکاندنی دیارده‌گه‌لی نێو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا. لێره‌دا ئه‌م نووسینه نایه‌وێ له ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و هۆکارانه و ئه‌نجامه‌کانی بپه‌یڤێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که لێره پێویسته وه‌ک ده‌ستپێکێک ئاماژه‌ی پێبکرێت، ئه‌و دیارده، یان مۆده رۆشنبیرییه که له ماوه‌ی ئه‌و بیست ساڵه‌دا کرا به ده‌نگۆی “نوێگه‌ریی”، له پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌سته‌یه‌ک له رووناکبیری کورد ئه‌و قۆناغه ده‌کرێن-بوون به ده‌مڕاستی ئه‌و ته‌رزه “نوێگه‌ر”،ییه‌ی رۆشنبیریی کوردیی. سه‌ره‌تای ئه‌و دیارده “نوێگه‌ری”ه، له گۆڤاری “ئازادی” و پاشان “ره‌هه‌ند” و “گوتار” و “سهراب” و … هتد، خۆی نمایشکرد و دواجاریش ته‌واوی بڵاوڤۆکهکانی حیزبه بچووک و گه‌وره‌کان، چه‌پ و راستی کوردیی، به‌و بابه‌ت و دهستهواژانهوە تەنرانەوە، ته‌نانه‌ت ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که فڕیان به‌و جۆره ده‌سته‌واژه و روانگه هزرییانه نه‌بوو، که‌چی تا ئه‌وانیش له‌و شاڵاوه “نوێگه‌ری”یه به‌جێنه‌مێنن، یان بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان وه‌ک “پاڵه‌وان” له به‌رانبه‌ر یه‌کتر نمایش بکه‌ن، له نووسینه‌کانیان ده‌ستییان کرد به هه‌ڵڕشتنی، یان تێپهستان و پێوه‌نانی ناوی مێشال فوکۆ و رۆلان بارت و ده‌سته‌واژه‌ی “گوتار” و “ده‌سته‌ڵات”، له هه‌موو جۆره نووسێنێکدا. به‌مجۆره له‌ناو پانتایی چۆڵ و هۆڵی رۆشنبیریی کوردییدا، “کهڵهشێران” ده‌بن به “مه‌لای دوانزه عیلم”. لە ئاکامی ئەو مۆدەدا ده‌مڕاسته‌کانی ئه‌و دیارده رۆشنبیرییه، نه‌ک هه‌ر وه‌ک نموونه‌ی “نوێگه‌ریی دانسقه”و “فه‌یله‌سووف”ی کوردیی چووێنران، بەڵکە وه‌ک نموونه‌ی فه‌یله‌سووف و داهێنه‌ری رۆژه‌هه‌ڵاتی ناڤین و بگره جیهانیش وێنەکران. ره‌نگه یه‌کێک قووت بێته‌وه و بێژێ، له‌وه‌دا مه‌به‌ستت چییه؟ یان ئه‌و ئاماژه کردنانه‌ی من، به‌و دیارده و ده‌مڕاست و لاینهگیرهکانیانی “نوێگه‌ری”، به ئیره‌یی و یان تۆمه‌تی بێ به‌ڵگه سه‌یر بکرێن. هه‌ڵبه‌ته ئاماده‌یی ئه‌و چه‌شنه به‌رته‌که حازر به‌ده‌ستانه بۆ من سه‌یر و سه‌مه‌ره نین. به‌ڵام چونکه ئه‌و دیارده‌یه له ژیانی رۆشنبیریی کوردییدا زۆر زه‌قه، بۆیه بۆ بخوێنی له خۆ راپهرمووی وریا ئه‌و ئاماژه کردنانه ده‌بێ تشتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویست بن، یان کورد واته‌نی “که مانگ له چوارده بێت حه‌وجه ناکات په‌نجه‌ی بۆ ڕابکێشین”.
به‌هه‌مه‌حاڵ. ئه‌وه‌ی که بۆ من مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته کردنه، ئه‌وه‌یه: بۆ له‌و ره‌وته رۆشنبیرییه‌ی کوردییدا ته‌نیا فه‌لسه‌فه‌ی فه‌ره‌نسی به گشتی و، به تایبه‌تیش مێشال فوکۆ ده‌بێته “وێردی سه‌ر زاری” هه‌موو که‌سێکی خۆ به نوێگهرزانی کوردی؟ ئایا ئه‌و به “پیرۆزکردن” و به “پاڵه‌وانکردنه”، مانای کڵۆڵی خودی نووسه‌ران و خوێنه‌ره‌کانی ناگه‌یه‌نێت؟ ئایا ئه‌و بونیاته کولتوورییه‌ی که ئاوێزانه به پیرۆزکردنی سیمبووله‌کانی، کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه، بۆ نه‌شته‌رگه‌ری ناخه قهتیسماوهکهی، بیر له خه‌سته‌خانه‌یه‌ک بکاته‌وه؟ باشه، بۆ ئه‌و “فوکۆیست”ه دهمڕاستانه تا ئێستا یه‌ک کتێبی فوکۆشیان نه‌کرد به کوردیی؟ ئه‌رێ له هیچ زمانێکدا دیوتانه، نووسه‌رێک یان فه‌یله‌سووفێک، یانیش روانگه‌یه‌کی هزری بووبێته دیارده‌یه‌ک یان سه‌رچاوه‌یه بۆ جیهانێکی تازه‌ی نووسین له زمانێکدا. که‌چی به‌رهه‌مێک یان به‌شێکی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه نهگوزرابنهوه بۆ سه‌ر ئه‌و زمانه؟ ئه‌و پرسیارانه بۆ خوێنه‌ری هوشیاری کوردیی بهجێدههێلێم. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه جه‌خت بکه‌ینه‌وه، کاتێ فۆکو و دولۆز هاتن وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک گه‌ڕانه‌وه بۆ نیتشه، سه‌ره‌تا به دووباره وه‌رگێڕان و خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و ده‌ستیان پێ‌کرد. هه‌ر ئه‌و وه‌رگێڕان و خوێنده‌وه‌ی ئه‌وانه‌ش بوو که پانتایی سارد و سڕی ژیانی فه‌لسه‌فی رۆژئاوای زیندوو کرده‌وه. چونکه به پرۆژه کردن؛ وه‌رگێڕانه‌وه و راڤه کردنه‌وه‌ی نیتشه له لایه‌ن دولۆزهوه بوو به ته‌قاندنه‌وه‌ی کێشه فه‌لسه‌فه‌ییه‌کانی رۆژئاوا، که له ماوه‌ی نیو سەتە، فه‌لسه‌فه‌ی ئهنالیوستیک-فه‌لسه‌فه‌ی ئینگلیزیی و ئه‌مریکیی، هاوکاتیش ئایدیۆلۆژیی چه‌پڕۆ، نیتشه‌ی کردبوو به سه‌رچاوه‌ی کاره‌ساتی نازیزمی ئه‌ڵمانیا. هاوکاتیش ده‌بێ ئه‌وه بزانین، که ده‌سته‌واژه‌ی “ده‌سته‌ڵات” و هزری فوکۆ له عه‌ره‌بییه‌وه گوازرایه‌وه ناو زمانی کوردیی. ئاشکرایه لەو کات و هەنووکەشدا کێشه‌ی ده‌سته‌ڵات له کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیدا دیارده‌یه‌کی زۆر زه‌قه، بۆیه له کات و ساتێکی دیاریکراودا تیۆری فوکۆ له‌سه‌ر “ده‌سته‌ڵات” ده‌بێته سێبوورییهک یان هانایەک بۆ رووناکبیری عه‌ره‌ب. به‌ڵام جێگه‌ی سه‌رنجه، ئه‌وکاته، لە نەوەدەکانی سەتەی رابردوون، که رووناکبیری کورد له رێگه‌ی گۆڤاری “العرب والفکر المعاصر” و پرۆژه‌ی مطاع صفدی، به‌و بابه‌ته ئاشنا ده‌بێ، کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی هێشتا رووبه‌ڕووی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته نه‌ببۆوه که عه‌ره‌ب کێشه‌یان له‌گه‌ڵدا هه‌بوو. ئەوکات تازە حکومەتی کوردستان “ساوا” بوو؛ حکومەتی کوردستان هێشتا فێری ئەو گەندەڵێی و کۆنترۆڵ و نادادپەروەرییە مەعلانە نەبوو. لێ باشه، ئایا کێشه‌ی ده‌سته‌ڵات له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا، هه‌مان کێشه‌ی ده‌سته‌ڵاته له کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیدا؟ به‌رسڤدانه‌وه و خەمڵاندنی ئه‌و پرسیاره پێویستی به گوتارێکی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه.
به کورتی ده‌خوازم بێژم، ئه‌و دیارده “نوێگه‌ری”یه‌ی کوردیی، به‌و شێوازه‌ی که‌خۆی کرد به دیارده و مۆده، وه‌ک هه‌میشه، ته‌نیا ناوه‌کان و ده‌سته‌واژه‌کانی رابردوویان ئاڵۆگۆڕ کرد، نه‌ک گۆڕانێکی مه‌عریفیی و بونیاتیی. به واتایه‌کی راشکاوتر، گه‌ر پێشتر بۆ ماوه‌ی زیاتر له نیو سهدەدا، روانگه‌ی “ئه‌ده‌بی ریالیستی” و ئه‌ده‌بی “به‌ره‌نگاری”، چه‌ند نووسه‌ری رووسی کرابوون به “په‌رستگه” و “سه‌رچاوه”ی رووناکبیری کورد، که‌چی دوای نه‌وه‌ده‌کان چه‌مکگه‌لێکی وه‌ک: “ستراکچالیزم” و “پۆستمۆدێرنیزم”، نه‌ک “مۆدێرنیزم و مۆدێرنیته”، له شێوه‌یه‌کی خوار و خێچدا، نه‌ک به به‌شدار بوون و خوێندنه‌وه، بەڵکە به ته‌مومژاوی کردنی له چه‌شنی په‌یامهێنه‌رێکی راست و ره‌وان، ده‌کرێن به جێگره‌وه‌ی راستییه‌کی نوێ بۆ رووناکبیری کورد. له پاڵ ئه‌وه‌شدا فوکۆی هزرڤان لای ئه‌و نووسه‌ره تازانه‌دا ده‌کرێته “خدری زینده”ی ئه‌و”نوێگه‌ر”ه په‌نهانه‌ی کوردی. ره‌نگه یه‌کێک له کێشه‌کان ئه‌وه بێت چونکه رۆشنبیریی ئێمه وابه‌سته‌ی زمانی عه‌ره‌بی و فارسییه، بۆیه هه‌ر دیارده‌یه‌ک له‌و دوو زمانه‌دا به هه‌ڕمێن بن، ئه‌وکات دوای ماوه‌یه‌ک رووناکبیرکوردیش سه‌ری له دوو ده‌نێت. لێره‌دا ئاماژه کردنی من به‌و کێشانه نابێت وه‌ک دژه بۆچوون سه‌یر بکرێن، بەڵکە ده‌بێت وه‌ک گفتوگۆ و هه‌ڵوه‌سته کردن فام بکرێن
2
به‌ڵێ، که له سه‌ره‌تای ساڵی 2000دا له زانستگه‌ی سۆده‌رتۆرن له ستۆکهۆلم ده‌ستم کرد به خوێندنی فه‌لسه‌فه، له یه‌که‌م رۆژی ده‌ستپێکردنی خوێندندا، هانس روین(Hans Ruin)، که پرۆفیسۆره له فه‌لسه‌فه و به‌رپرسی به‌شی فه‌لسه‌فه‌یه له زانستگه‌ی ناوبراودا، وه‌ک ده‌روازیه‌ک به قسه کردن له‌سه‌ر روانگه جووداواز و سنووره‌کانی نێوان فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوتیسک-analytisk و فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال-kontinental”، یان ئێنگلو ساستیسک¬-ئینگلیزی و ئه‌مریکی، فه‌لسه‌فه‌ی کۆنتینێنتال-ئه‌لمانی-فه‌ره‌نسی، که دوو ئاراسته‌ی گرینگی فه‌لسه‌فه و سیسته‌می بیرکردنه‌وه‌ن له رۆژئاوادا، پێشوازی له خوێندکاران کرد. شایه‌نی باسه، هه‌تا سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان له زانستگهیهکانی سوێد ئه‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی که سه‌ر به فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال” بوون، ته‌واو پشت گوێخرا بوون و بۆ خوێندکاران ئاسان نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه و فه‌یله‌سووفانه لێکۆڵینه‌وه بکه‌ن، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌دا هانس روین یه‌که‌م خوێندکار بوو له سوێد له‌سه‌ر مارتین هایدێگه‌ر دکتۆرا به ده‌ست بهێنێت.
به‌مجۆره له‌گه‌ڵ ده‌ستکردن به خوێندنی فه‌لسه‌فه له کێشه‌کانی ئه‌و دوو ئاراسته فه‌لسه‌فییه شاره‌زا بووم. چونکه کتێبه‌کانی ئه‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی، که سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی ساڵی یه‌که‌می خوێندنی فه‌لسه‌فه بوون و به فه‌یله‌سووفانی “کۆنتینێنتال” ده‌ناسرێن، ئه‌وه‌م به زه‌ین داهات که له نووسینی کوردی‌دا ئه‌و فه‌یله‌سووفانه له‌سه‌ر زاران بوون-هه‌ن، به‌ڵام، تا ئێستاش، نه به قسه و نه به نووسینیش، نه گوێم له ده‌سته‌واژه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال” و فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوستیک” بووه و، نه له نووسینێکی ئه‌و “فه‌یله‌سووفانه”ی کوردییدا چاوم ساتمه‌ی لێکرد بوون! له کاتێکدا له رۆژئاوا له پانتایی فه‌لسه‌فه‌دا، ناکۆییه‌کانی ئه‌و دوو ده‌سته‌واژه، “کۆنتینێنتال” و “ئهنالیوتیسک”، له “ناکۆکی” رووناکبیرنێوان هه‌ولێر و سلێمانی، یان هه‌ردوو “حوکمه‌ت”ی کوردی قووڵترن. به واتایه‌کی دیکه، ده‌خوازم بڵێم، سه‌رباری ئاوێزان بوونی نووسه‌ره “نوێخوازه‌کان”ی کوردی به‌و هزره، به تایبه‌تیش ئه‌مڕۆ گۆڤار، بڵاوکراوه و دانووساندنهکانی کوردیی، به گواستنه‌وه‌ی هزری فه‌ره‌نسی، یان به‌و ته‌رزه فه‌لسه‌فه و ده‌سته‌واژانه‌ی که فه‌یله‌سووفه “کۆنتینێنتال”ه‌کان وه‌ک میتۆد به‌کاری دێنن، سه‌رگه‌رمن. هه‌ڵبه‌ته من نامه‌وێ لێره‌دا دڵسۆزی و غەم و هیلاکی ئه‌و نووسه‌رانه له پێناو هه‌وڵی ئه‌فراندن و گۆڕان ره‌تبکه‌مه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم، سه‌رچاوه‌یه‌کی به سوود له و هزره به کوردی به‌رچاو ناکه‌وێت که خوێنه‌ری کوردی بتوانێ پشتی پێبه‌ستێت، له کاتێکدا قسه کردن له‌سه‌ر هزری ده‌ره‌کی، بێ بوونی ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌کانی ئه‌و هزره، وه‌ک ئه‌وه وایه که ئێمه باس له جیهانێک ده‌که‌ین که نه‌مان بینیوه، یان له باس له مهلهوانیکرندی ناو زه‌ریایه‌ک ده‌که‌ین که خۆشمان سروشتی ئه‌و زهریایهمان نه‌بینیوه. روونتر بێژم: بۆ نموونه، هه‌موو خوێندکارێکی زانستگه له سوێد، به گشتی، ده‌توانن ئینگلیزی، ته‌نانه‌ت ئه‌لمانیش باش بخوێننه‌وه، که‌چی به‌شێک له‌و سه‌رچاوه هزریانه‌ی جیهان ده‌کرێنه سوێدی. ئه‌و رووناکبیره ئه‌کادیمیانه‌ی سوێد که خه‌ریکی بواری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌لمانین، به‌رله دوو ساڵ دووباره ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کانی نیتشه‌یان کرده‌وه سوێدی. مه‌به‌ستم له‌وه‌دا ئه‌وه‌یه بێ وه‌رگێڕانی به‌رهه‌می سه‌رچاوه‌یه‌کی هزری، گفتوگۆ کردن و به دیارده کردنی ئه‌و هزره، گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێت، ئه‌وه تشتیێکی ئیفلیجه. جارێک به نووسه‌رێکی کوردی سوێد نشینم گوت، که “تشتێک”ی به‌ناو فه‌لسه‌فه‌ی نووسیبوو، تۆ له جیاتی ئه‌و نووسینه، بۆ خۆت و کورد، باشتر بوو گه‌ر هه‌وڵی وه‌رگێڕانی ده‌قێک بده‌ی له‌سه‌ر ئه‌و باسه، که‌چی ئه‌و براده‌ره پێی وابوو وه‌رگێڕان “ئیش”ی ئه‌و نییه، چونکه ئه‌و خه‌ریکی “فه‌لسه‌فاندن”ه. به کوردی گه‌ر بمانه‌وێ له‌سه‌ر هزرێک قسه‌مان هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و به‌شێکی به کوردیی ئاماده بێت، ئه‌گینا زمانی کوردیی به رێگه‌یه‌ک دادهبهین، ئه‌نجامه‌که‌شی بێجگه له سه‌رگه‌ردان بوونی خوێنه‌ری کوردیی، هیچی تر نییه.
له‌م تێگه‌یشتنه‌وه ده‌کرێ پێشکه‌شکردنی کتێبی فه‌لسه‌فه‌ی کۆچه‌ری خولیا هه‌نووکه‌ییه‌کان له هزری فه‌ره‌نسیدا، که نووسه‌ری دانمارکی ئێسبرێن کراوس-یهنسین نووسیوویه‌تی و یوهکیم رێتزلاف کردوویه‌تی به سوێدی و منیش له وه‌رگێڕاندا هه‌ردوو زمانی سوێدی و دانمارکی، به‌هۆی له‌یه‌کتر نزیکی‌یان، به‌راورد کردووه، وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک له هزری فه‌ره‌نسی، بۆ ئه‌مڕۆی رۆشنبیریی کوردی بایه‌خدار بێت. بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری کوردی بتوانی له ناوکۆیی-کۆنتێکستی فه‌لسه‌فه‌ی فه‌ره‌نسی تێبگات،
نووسه‌ری کتێبی فه‌لسه‌فه‌ی کۆچه‌ریی ئیسبێرن کراوسێن-ێنسێن، له‌ساڵی 1940 له دانمارک له دایکبووه و دکتۆرای له‌سه‌ر زمان و فه‌لسه‌فه‌ی فه‌ره‌نسی کردووه و له زانستگه‌ی rhusÅدا له به‌شی مێژووی هزر-ئیدێهیستۆریا وانه ده‌ڵێته‌وه. ئیسبێرن چه‌ندان کتێنبی نووسیوه، له‌وانه: ستراکچالیزمی فه‌ره‌نسی، 1973؛ مه‌عریفه و ده‌سته‌ڵات (سه‌باره‌ت به ره‌خنه‌ی فوکۆ له‌سه‌ر دامهزرهوهکان)، 1978؛ مێژووی ئایدیۆلۆژیی و سیاسه‌ت (سه‌باره‌ت به لیڤی شتراوس، ئالتۆسێر و گرامشی)، 1980)؛ ئاژه‌ڵ به چاوه سه‌وزه‌کان (کۆوتارێکه سه‌باره‌ت به ژیانی ته‌نیایی، “سامبۆ”، ژیانی هاوبه‌شی کوڕ و کچێک و ژیانی ره‌به‌نی)، 1982 و چه‌ندان به‌رهه‌می تر. هاوکات وه‌رگێڕی سوێدی، یوهکیم رێتزلاف، چه‌ندان کتێبی تیۆریی له بواری فه‌لسه‌فه، ئایین، کۆمه‌ڵناسیی، په‌روه‌رده، سیاسه‌ت و چه‌ندان به‌رهه‌می تری تیۆری ئه‌ده‌بی له زمانی ئه‌وروپییه‌وه کردووه به سوێدی.
جێگه‌ی ئاماژه کردنه، له نهوهدهکاند له رۆشنبیریی ئێمه‌دا ته‌نیا ناوێک ده‌بێته وێردی سه‌ر زاران. به واتایه‌کی تر، ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر به ته‌نیا فوکۆ و رۆڵان بارت ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی کرا بوون به‌مۆده و لاساییکردنه‌وه له نووسینی کوردی‌دا، که‌چی ئه‌مڕۆ نۆبه‌ی ژاک دێریدا، هایدێگه‌ر و چه‌ند گگوتەیهکی نیتشه‌یه. بۆیه ده‌سته‌واژه‌ی “سێنته‌ر” و “جیاوازیی” کراوه به چاویلکه‌یه‌ک بۆ وێناندنی هه‌موو کێشه‌کانی خێزان، نێوان شار، نێوان حیزب؛ وه‌ک ته‌رازووێک داهێنان و نوێگه‌ریی نووسه‌ر، شاعیر، هونه‌رمه‌ند و سیاسی کوردی پێ ده‌پێورێت.
به‌مجۆره رووناکبیرکورد به هه‌مان پێوانه هه‌میشه له ژێر ناوی ئه‌فراندن و نوێگه‌ریدا نووسه‌رێک ده‌دۆزێته‌وه بیکات به”پاڵه‌وان”ی خۆی، دواجاریش ئه‌و پهڵهوانه ده‌کات به سیمبوولێکی پیرۆز و وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ته‌لیسماویی و ئاوێزانی ده‌بێت. ئه‌مه‌ش روانگه‌یه‌که له خورافه‌ت و ئایین نزیکه تا له پرسیاری گومان و هزری نوێ؛ له نه له‌کۆیله بوونی هزر کردن ده‌چێت تا له گفتوگۆ و فروانکردنی مه‌عریفه…هتد.
له‌م روانگه‌یه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا ده‌سته‌واژه‌ی “سێنته‌ر”، “جیاوازیی”، “گوتار-دیسکۆرس ” و “ده‌سته‌ڵات”، وه‌ک ده‌سته‌واژه و روانگه‌کانی ئه‌ده‌بی “به‌رگری”، ئه‌ده‌بی “کرێکاران” و ئه‌ده‌بی “ریالیزمی سۆسیالیزم”ی گۆرین، نه‌کرێن به کلیلی کردنه‌وه‌ی ده‌رگای “که‌ون و کائینات”ی کوردی؛ به ئیفلیجی له رۆشنبیریی و ماڵی خوێنه‌ری کوردیی که‌ڵه‌که نه‌بن، دواجاریش رووناکبیرکوردی له‌سه‌ر ئه‌م “وه‌زن و قافیه‌یه”ی فوکۆ و دێریدا، تاکه فه‌یله‌سووف له کورد دانه‌تاشێت، پێویسته وه‌ک پرۆسه و تۆڕێک له بزاڤی هزر بڕوانین. لێره‌وه گرینگی ئه‌و کتێبه له‌وه‌دایه که له نمایشێکی پوخته‌دا تایبه‌تمه‌ندی فه‌لسه‌فه‌ی فه‌ره‌نسی به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه.
بۆ زیاتر روونکردنه‌وه‌ی ئه‌و تایبهتمنهدییهی فه‌لسه‌فه‌ی فه‌ره‌نسیی، هه‌وڵده‌ده‌م به ده‌ست پێوه‌گرتنه‌وه جیاوازییه سه‌ره‌تاییه‌کانی نێوان فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال” و فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوستیک” بخه‌ینه روو، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ پانتایی فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوا، به تایبه‌تیش فه‌لسه‌فه وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی به کۆمه‌ڵی، یان پرۆسه‌یه‌کی ئاوه‌ڵا سه‌یر بکه‌ین، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی لای ئێمه باوه، که هه‌موو بزاڤێک له قه‌به‌ر که‌سێکدا قه‌ید ده‌که‌ین.
3
ره‌نگه گرینگ بێت بزانین که ئه‌و دابه‌شکردنه‌ی نێوان فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال” و فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوتیسک” چۆن ده‌ستیپێکرد؟
به‌ر له‌وه‌ی له‌و دابه‌شکردنه بپه‌یڤین، ده‌بێت بزانین ره‌چه‌ڵه‌کی ئه‌و فه‌لسه‌فه “ئهنالیوتیسک”ه له کوێوه هاتووه. ده‌سه‌ته‌واژه‌ی “ئهنالیوتیسک-analytisk”، واتا رهڤهکاری له وشه‌ی “راڤه-analys” هاتووه. سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌ی “راڤه‌کاری” که‌مێک ئاڵۆزکاوه، له ساڵانی 50 و 60 ه‌کاندا ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه له بواری فه‌لسه‌فه‌دا به شێوه‌یه‌کی فراوان، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی دیارکراو، به‌کارده‌هێنرا. فه‌لسه‌فه‌ی راڤه‌کاری به واتای فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بوو که به رێگه‌ی میتۆدێکه‌وه راڤه‌یه‌ک ئه‌نجامده‌دات. هه‌ڵبه‌ته له‌و روانگه‌یه‌وه فه‌لسه‌فه له‌وه‌ته‌ی هه‌یه خه‌ریکی ئه‌و جۆره راڤهکاریه بووه. چونکه مرۆ له ئاستی فه‌لسه‌فه‌دا هه‌میشه هه‌وڵیداوه چه‌ندان دیارده‌ی ژیان راڤه بکات، تاکوو له چییه‌تی- گه‌وهه‌ری تشته‌کان یان ئۆبژه‌کان نزیک بێته‌وه. بۆ نموونه، پێناسه‌کانی ئه‌رستو بۆ چییه‌تی. وه‌لێ تایبه‌تمه‌ندی فه‌لسه‌فه‌ی راڤه‌کاری-ئهنالیوتیسک سەتەی بیست چییه؟ ئایا مرۆ له‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌دا واز له ئۆبژه‌کان ده‌هێنێت، له بڕی ئه‌وه یه‌خه‌ی کێشه فه‌لسه‌فییه‌کانی تر ده‌گرێت؟ هه‌ڵبه‌ته له گۆشه‌نیگای زمانه‌وه ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و کێشانه ده‌ڕوات، که به راڤه‌کردنی زمانه‌وه خۆی له جیهانبینی فه‌لسه‌فه رزگار ده‌کا، به‌مه‌ش خۆی له وێناکردنه مێتافیزیکییه‌کان دوور ده‌خاته‌وه. وێڕای ئه‌مه‌ش فه‌لسه‌فه‌ی راڤه‌کاری خۆی بۆ سێ شێوه‌ی راڤه‌کردن ته‌رخان ده‌کات: 1. راڤه‌یه‌کی کلاسیکی. 2. راڤه‌یه‌کی ئیدیالی زمان. 3. راڤه‌ی زمانی رۆژانه. راڤه‌ی کلاسیکی ده‌به‌سترێته‌وه به روسێل. بنه‌مای راڤه‌ی روسێل باس له‌وه ده‌کات که زمانی رۆژانه هه‌رچه‌نده روونه، به‌ڵام مانایه راست و ستروکتورهکهی حه‌شار ده‌دات. ئه‌و نموونه راشکاوهی که روسێل جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌یه: “پاشای فه‌ره‌نسا سه‌ری رووتاوه‌ته‌وه”. “ئایا سه‌ر رووتانه‌وه‌ی پادشای فه‌ره‌نسا راسته یان هه‌ڵه‌یه؟” گه‌ر ئه‌و پادشایه نه‌بێت که‌واته ناکرێ سه‌ری رووتاوه بێت. رۆسێل پێی وایه ئه‌و کێشانه به لۆگێکی راست چاره ده‌کرێن. به‌ڵام رۆسێل ته‌نیا خۆی خه‌ریک نه‌کرد به راڤه‌ی لۆگیک، بەڵکە پاشان زیاتر خۆی خه‌ریک کرد به کێشه‌ی مێتافیزیکه‌وه.
دوای ساڵانی 40 – 50 یه‌کان فه‌یله‌سووفی ئه‌لمان ڤیتگنشتاین فه‌لسه‌فه‌ی زمانی رۆژانه دامهزراراند.. له روانگه‌ی ڤیتگنیشتانهوه مانای وشه له به‌کارهێنانی خودی خۆی دایه. کاتێ ئێمه ده‌فه‌لسه‌فێنین به‌مجۆره له مانای ئاسایی وشه‌وه دوور ده‌که‌وینه‌وه و رۆده‌چینه ناو چه‌مکه‌کان. بۆ نموونه، ڤیتگنیشتاین ئاماژه به به هه‌ڵه به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه ده‌روونییه‌کانی وه‌ک “ئازار”، “ویست”، ده‌کات، که به هه‌مان شێوه‌ی تشته ماددییه‌کانی وه‌ک “مێز”، “به‌رد” به‌کار ده‌هێنرێن، ئه‌مه‌ش وامانلێده‌کا بڕوا به‌وه بکه‌ین که ده‌سته‌واژه ده‌روونییه‌کان ئۆبژه‌کان ناودێر ده‌که‌ن. به‌ڵام چونکه ئۆبژه تشتی کۆنکرێتین، بۆیه ده‌بێ ئه‌و ئۆبژانه زۆر تایبه‌ت بن، ئۆبژه‌ی ناو‌کی بن. ئاکامی ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که ئێمه له ئاستی مێشکه‌وه رووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ببینینه‌وه.
به‌و مانایه مرۆڤ چۆن تشتێک له‌سه‌ر ناوکیهتی ئۆبژه به ده‌ست بهێنێت؟ ئایا ته‌نیا سۆبژه-فه‌یله‌سووف ده‌توانێت ئه‌و زانیاریانه بزانێت؟ که‌واته هزری ڤیتنگیشتاین کێشه‌ی زۆره و ناتوانێ ئه‌و کێشانه چاره‌سه‌ر بکات. ئه‌و ته‌رزه فه‌لسه‌فه‌یه له سەتەی بیستدا زۆر باڵاده‌ست بوو، به تایبه‌تی له ئینگلیستاندا. سه‌رباری ئه‌وه‌ش له 50یه‌کاندا فه‌یله‌سووفێکی وه‌ک -کیون Quine سه‌رهه‌ڵده‌دا و ده‌یه‌وێت له روانگه‌ی لێکجووداکردنهوهی دوو “هه‌قیقه‌ت” ئه‌و کێشانه چاره‌سه‌ر بکات.
کیون له‌مه‌دا گریمانه‌که‌ی خۆی به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه: راستی سیونتێستیسک-syntestisk و راستی پیاده‌کاریی-mpiriske، راڤه‌کاری-analytisk.
هه‌ڵبه‌ته له‌م نووسینه‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه نییه له گشت لق و پۆپه‌کانی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه بپه‌یڤین. ئه‌وه‌ی که نمایشکرا ته‌نیا به‌شێکی بچووکه له ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و رێچکه فه‌لسه‌فیه‌دا.
بۆ جهخترکدنهوه ده‌بێ سه‌رنج له‌وه بده‌ین که چه‌مکی فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال-kontinental” و “ئهنالیوتیسک-analytisk” وه‌ک دوو چه‌شنه جیهانبینی فه‌لسه‌فی له سه‌ره‌تای سەتەی بیسته‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی گشتی دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوتیسک” له به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانستگهیهکانی رۆژئاوا باڵاده‌ست ده‌بێت. بۆیه ده‌بێ بزانین له پشت ئه‌و به باڵاده‌ست کردنه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوتیسک”و گۆشه‌گیر کردنه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال”دا له وڵاته ئینگلیز زمانه‌کاندا، مه‌رام و هۆکارێکی ئایدیۆلۆژی ئاماده‌یه. بۆیه ده‌بینین هه‌ر له‌وکاته‌وه فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوتیسک” وه‌ک میتۆدێک به دژی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌لمانی قووتده‌کرێته‌وه. هاوکات ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه بۆ سه‌رچاوه روو ده‌کاته کو‌لتوور و زمانی ئینگلیزی. له پاش شه‌ڕی جیهانی دووه‌مه‌وه له بواری زانسته مرۆڤایه‌تییه‌کاندا ئه‌و ره‌وته فه‌لسه‌فیه‌ی “ئهنالیوتیسک” ده‌بێته روانگه‌یه‌کی سه‌ره‌کی و باڵاده‌ست. شایه‌نی باسه، ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه، فه‌لسه‌فه‌یه‌کی “زانستی” په‌تییه. به‌مجۆره به‌شه‌کانی تری فه‌لسه‌فه، یان فه‌یله‌سووفه‌کانی تر، به‌و بیانۆهی که “زانستی” نین. له ژێر ناوی “مێتافیزک”. “ئه‌ده‌ب” و تێڕامان”دا پشتگوێ خران. له سه‌ره‌تای سەتەی بیسته‌مدا روسێل Russel و مۆر Moore و میتۆدی راڤه‌کاری چه‌مک ئه‌و بهناوکردنه به فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوتیسک” ده‌به‌خشن. ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه هه‌ندێ جار وه‌ک میتۆدێکی شۆڕشگێڕانه خۆی ده‌نوێنێت ، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دابڕانه فه‌لسه‌فییه تێبگه‌ین ده‌بێ ئه‌و کاره وه‌ک پرۆژه‌یه‌کی ئۆتۆپیانهی مۆدێرنیستانه و پرۆژه‌ی زمانێکی ناسیۆنالیستانه فام بکه‌ین. چونکه ئه‌گه‌ر به وردی سه‌یری خودی شێوازی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه بکه‌ین، ده‌بینین له شێوازی جیهانبیننییهکی رووت و خه‌ستدا، ده‌خوازێت به به‌ڵگه‌ی ساده وه‌ڵامی پرسیاره‌کان بداته‌وه. له‌م روانگه‌یه‌وه ڤیتگنشتاین له “تراکتهتۆس- Tractatus”دا، که بریتییه له خاڵه گرینگه‌کان یان مانێفێسته فه‌لسه‌فه‌ییه‌کانی ئه‌و، به راشکاوی ئه‌و جیهانبینییه فه‌لسه‌فه‌یه جهغدهکاتهوه، وێڕای ئه‌وه‌ش ئه‌و کتێبه به فه‌لسه‌فه‌یه‌کی شیعرییانه خۆی بارگاوی کردووه.
فه‌لسه‌فه‌ی ئهنالیوتیسک به هەزرکانی ده‌خوازێ ئه‌وه جه‌ختبکاته‌وه که به شێوه‌یه‌کی جادووگه‌رانه ده‌توانێت مرۆڤ له ئاگاییه په‌نگخواردووه‌کانی مێژوو، که ئه‌و ئاگاییه به‌رهه‌می سەتەی 1800ه، رزگار بکا و سه‌ره‌تایه‌کی نوێ بۆ ئه‌و مرۆڤه ئاوه‌ڵا بکاته‌وه. به‌ڵام به مه‌رجێک مرۆڤ ده‌بێت میتۆدێکی راست و دروست ده‌سته‌به‌ر بکا، ئه‌وکات به زمانێکی راشکاوهوه ده‌توانێت خۆی له مێژوو رزگار بکات و بۆ یه‌که‌م جار له کاتی ئێستادا ئاماده بێت.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و هەزریه سه‌باره‌ت به ئاگایی مێژوو و رزگار بوون له‌و مێژووه، به‌ره‌نجامی جیهانبینی گهشبینیانهی رۆشنگه‌رییه، که له‌وێدا زانست ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌موو تشتێک.
وه‌ک گوتمان هۆکاری پابه‌ندی بۆچوونی ناسیۆنالیزم سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه‌ی ئهنالیوتیسک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌ڕی جیهانی دووه‌م، که ئه‌و شه‌ڕه پێویستی به گه‌ڕانه‌وه بۆ نه‌ریتی ناسیۆنالیزمێکی راسته‌قینه تازه کرده‌وه. بۆیه له‌ئاکامی ئه‌و شه‌ڕه‌دا له ئینگلیستاندا ده‌ستکرا به سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌لمانی. له‌وێوه ئیتر هێگل و نیتشه له‌ناو فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌وروپیدا توڕداران، وه‌ک پروپاگهندهکارێکی ئه‌لمانی سه‌یر ده‌کران و واشیان له خه‌ڵکی ئه‌وروپی کرد که خۆیان له‌وان بپارێزن. هاوکاتیش سه‌رتاپای کولتووری ئه‌لمانی وه‌ک تانه‌یه‌کی دزێوی رژێمی نازیزم و به‌رهه‌می کاره‌ساته‌کانی وێنا ده‌کرا.
به‌ڵام نووسینه‌که‌ی فه‌یله‌سووفی ئه‌لمانی Carnap-کارناپ، له ساڵی 1930دا یه‌کلاکردنه‌وه‌یه‌ک له پانتایی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌وروپیدا ده‌هێنێته ئاراوه، کارناپ له‌و نووسینه‌دا باس له‌وه ده‌کا که ئه‌و به پشت به‌ستن به راڤه‌ی زمانێکی لۆگیکی ره‌وان و په‌تیه‌وه توانی ئه‌وه نیشانبدات که تێزه-گریمانه مێتافیزیکیهکهی هایدێگه‌ر وه‌ک مێتافیزیکهکهی هێگل هیچ ناوه‌ڕۆکێکی تێدا نییه. واتا کێشه‌ی هەزرکانی هێگل و هایدێگه‌ر په‌یوه‌ندی نییه به‌وه‌ی که ئه‌وان دوو فه‌یله‌سووفی خراپ و ئاڵۆزن که‌س تێ‌یان ناگه‌ن، بەڵکە به راشکاوی هەزرکانی هایدێگه‌ر و هێگل ناچنه خانه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه. ئه‌و راڤه سووک ئاسانه‌ی کارناپ له‌سه‌ر هایدێگه‌ر و هێگل هه‌ڵوێستێکی خراپ له‌سه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه جێگیر ده‌کا و له نه‌وه‌کانی دوای خۆشییه‌وه ده‌نگده‌داته‌وه. هاوکاتیش له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا روسێل-Russell و فرێگه- Frege په‌ره به‌و نه‌ریته فه‌لسه‌فییه ده‌ده‌ن. له ئاکامدا کارناپ و کیونی ئه‌و ترادیسیۆنهیان بۆ ئه‌مریکا گواسته‌وه. له هه‌مان کاتیش‌دا له هه‌مبه‌ر ئه‌و ره‌وته‌دا قوتابخانه‌ی هورسێل و فێنۆمۆلۆگی سه‌قامگیر ده‌بێت. هایدێگه‌ر له ئه‌لمانیاوه و هاوکاتیش نه‌وه‌یه‌ک له فه‌یله‌سووفی فه‌ره‌نسی له سارته‌ره‌وه تا دێریدا ئه‌و ترادیسیۆنه‌ی هۆسێرل و فرێگه په‌ره پێده‌ده‌ن.
شایه‌نی باسه، له په‌نجا و شه‌سته‌کاندا له ئه‌مریکا و سوێددا ئه‌و رێچکه فه‌لسه‌فییه‌ی هۆرسێل و فرێگه و هایدێگه‌ر به بوونگه‌رایی ناودێر ده‌کران. به‌ڵام له حه‌فتایه‌کان به دواوه ده‌سته‌واژه‌ی “کۆنتینێنتال” سه‌رهه‌ڵده‌دات. هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه فره‌ن، به‌ڵام وێڕای فێنۆمێنۆلۆگی، تیوری ره‌خنه، ستراکچالیزم و پۆستستراکچالیزم سه‌ریان هه‌ڵدا.
ده‌ستنیشانکردنی خاڵه هاوبه‌شه‌کانی نێوان فه‌یله‌سووفه “کۆنتینێنتال”ه‌کان کارێکی ئاسان نییه. به‌ڵام ره‌نگه بتوانین بڵێین ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه به‌رده‌وامییه‌که له ئیدیالیزمی ئه‌لمانی، که له هزردا جه‌خت له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی مێژوویی ده‌کاته‌وه، هه‌روا ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر روانگه‌یه‌کی ره‌خنه‌یی له ئاوه‌ز ده‌کاته‌وه. هه‌ڵبه‌ته گرینگه بزانین که چه‌مکی “کۆنتینێنتال” ته‌نیا له‌ناو کولتووری زمانی ئینگلیزی‌دا مانای هه‌یه، چونکه کولتووری زمانی ئینگلیزی پێویستی به چه‌مکێک هه‌یه تاکوو بتوانێت ئه‌و هزراندنه به‌رجه‌سته بکاته‌وه، که له زمانی فه‌ره‌نسی و ئه‌لمانیدا بوونی هه‌یه. چه‌مکی “کۆنتینێنتال”، مانای بوونی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌موو کێشوه‌ره‌کان ناگه‌یه‌نێت، چونکه سه‌رچاوه گرینگه‌که‌ی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه له ئهنالیوتیسک له فرێگه، ڤیتگنشتاین و کارناپهوه سه‌ریهه‌ڵداوه، که ئه‌وانه‌ش ئه‌لمانی زمان بوون. مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که فه‌لسه‌فه‌ی ئهنگلۆساستیسک ده‌خوازێت به‌و دابه‌شکارییه‌وه بازنه‌یه‌ک به ده‌وری فه‌یله‌سووفی ئه‌وروپیدا بکێشێ و ئه‌وه بسه‌پێنێ که فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال” به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی نامۆ و جوودایه له‌گه‌ڵ کولتووری زمانی ئینگلیزیزیدا. به واتایه‌کی تر، فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال” په‌یوه‌ندی به ترادیسیۆنێک هه‌یه که له بنه‌ڕه‌تدا هی خۆی نییه، بەڵکە له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا هاتووه، جا یان ده‌بێت ره‌تیبکاته‌وه، یانیش خۆی بۆ ته‌رخان بکات. به‌ڵام له هه‌ردوو باردا ئه‌وه ده‌بێته دروستکردنی سنوورێکی ناله‌بار له به‌رانبه‌ر نۆرمه‌کانی ئهنالیوتیسکدا. که‌واته فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال” چه‌مکێکی بێلایه‌ن نییه، بەڵکە ده‌ربڕینی کولتوورێکه که زیاد له پێویست به ئاسته‌نگ کراوه. چونکه له زمانی ئینگلیزی‌دا ره‌هه‌ندی کولتوورێکی دیاریکراوی پێدراوه. هاوکات چونکه کولتووری سوێدی ته‌واو له ژێر کاریگه‌ری ئه‌مریکیدایه، یان به ئه‌مریکی کراوه، بۆیه له زمانی سوێدیدا ده‌سته‌واژه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال” به راشکاوی به‌کار ده‌هێنرێت. سه‌باره‌ت به ئه‌مریکی بوونی کولتووری سوێدی ئه‌و سنوور به‌ندییه که له بواری هزردا له سوێد دروستکراوه، هانس روینی به‌رپرسی فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال” له زانستگه‌ی ستۆکهۆلم له سێمینارێکدا له سالێ 2001 که له‌گه‌ڵ به‌رپرسی فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوتیسک” ئه‌نجامیدا، گوتی: “ئیتر کاتی ئه‌وه هاتووه فه‌لسه‌فه‌ی سوێدی، له بڕی ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌و فه‌لسه‌فه “ئهنالیوتیسکه”دا قه‌تیسماو بمێنێته‌وه، ده‌بێت هه‌وڵبدات ئه‌و فه‌لسه‌فه به کولتوورکراوهی “ئینگلیزی-ئه‌مریکییه” بکات به بابه‌تێکی ئاگایی خۆی. ده ساڵ زیاتر دوای روخانی دیواری به‌رلین پێویسته دیواری ئه‌و ئاوهزهش بڕوخێت که نه‌وه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی سوێدی ئیفلیچ کردووه. به‌ڵام پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه که فه‌یله‌سووفانی سوێد خۆیان له نه‌ریته‌کانی کولتووری “ئه‌ویتر”دا گۆشه‌گیر کردووه، ئیتر لێره‌وه ده‌بێت ئه‌و کولتووره نوێیانه تاقیبکه‌نه‌وه…”.
4
له‌م روانگه‌یه‌وه کاتی ئه‌وه هاتووه که رۆشنبیریی کورد له‌مه به دواوه به شێوه‌یه‌کی وردتر گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هزر و تیۆری یان ته‌واوی کولتوورهکاتی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی مامه‌ڵه بکات. ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، به تایبه‌تی به‌شی باشوور، وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نی گه‌شاوه خۆی پێناسه ده‌کات، هاوکاتیش له بواری خوێندن به گشتی و به تایبه‌تیش خوێندنی زانستگه کان زمانی کوردیی چیتر وابه‌سته‌ی زمانی به‌سه‌ردا سه‌پێنراو نییه. بۆیه به‌هانه‌کانی وه‌ک نه‌بوونی ده‌رفه‌ت بۆ پرۆژه‌ی راڤه و لێکۆڵینه‌وه له ئاستی زانستگه‌دا چیتر ناتوانێت بکرێنه وه‌ڵام و چاوپۆشین بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژه رۆشنبیرییه‌ی کوردیی. لێره‌وه پێویسته نووسه‌ری کورد خۆی له‌و پۆلێن‌کردن و داوێنگیر بوون به تاکه ناوێک و تاکه دیارده‌یه‌کی فه‌لسه‌فی و تیۆری سه‌رفراز بکا. بۆ ئه‌مه‌ش نووسه‌ری کورد ده‌بێت به تێگه‌یشتن له بونیات و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کو‌لتوور و سه‌رچاوه مێژووییه‌کانی کوردییه‌وه زه‌مینه بۆ گفتوگۆ کردن له‌گه‌ڵ روانگه هزرییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا بڕه‌خسێنێت. به واتایه‌کی تر، کاتێک زمانی کوردیی سه‌رقاڵ ده‌بێت به دیارده‌یه‌کی هزری، که ئه‌و دیارده‌یه به‌رهه‌م و سه‌ره‌نجامی کێشه و پرسێکی تایبه‌تی زمانێکی تره، یان ناوکۆیی کولتوورێکی تره، گه‌ره‌که له روانگه‌ی جیهانبینی کوردییه‌وه پێناسه‌یه‌کی بۆ تایبه‌تمه‌ندیی و گرینگی ئه‌و روانگه هزرییه هه‌بێت، واتا به‌لای که‌مییه‌وه، کاتێک که ئێمه روانگه‌یه‌کی هزری ده‌گوازینه‌وه بۆ ناو زمانی کورد، ده‌بێت زمانی کوردیی به راڤه کردن و به‌شدار بوونی خۆیه‌وه ئه‌و هزره دابڕێژێته‌وه. چونکه نائاماده‌یی ناوکۆیی کوردی له مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵ هه‌ر هزر و تیۆرییه‌کدا، نه هزری خودی نووسه‌ر دهفراژێنێ و نه ئه‌و هزره‌ش کایه‌که‌ی سوودبه‌خش ده‌بێت له ژیانی رۆشنبیریی کوردییدا.
یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی که ئه‌نجامه‌که‌ی هه‌میشه له به پیرۆزکردنی هزر و ئایدیۆلۆژیه‌کان کۆتایی هاتووه. ره‌نگه په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌بێت، که نووسه‌ری ئێمه هه‌میشه به شێوه‌یه‌کی به‌سته‌ڵۆک و بێ به‌شداریی و بێ راڤه‌کاری په‌نای بۆ ئه‌و روانگه هزریی و ئایدیۆلۆژیانه بردووه. واتا کاتێک نووسه‌ری کورد قسه له‌سه‌ر هەزریهک، فه‌یله‌سووفێک، یان سه‌رچاوه‌یه‌ک ده‌کات، هه‌میشه وه‌ک ده‌قێکی پیرۆز سه‌یری ئه‌و سه‌رچاوه و فه‌یله‌سووفانه‌ی کردووه. له کاتێکدا خوێندنه‌وه ئه‌وکات به‌رهه‌مدار و فراژاوه، که خوێنه‌ر یان نووسه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌هه‌ندێکی تازه بدۆزێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بوونی خۆی ئاماده بکات، بۆ ئه‌وه‌ی له دوای خوێنده‌وه‌ی ده‌ستبکا به به‌شداریکردن و دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ردوونه‌ی، که ئه‌و هزرڤانه یان سه‌رچاوه‌یه بۆی دروستکردووه. وابه‌سته‌بوون و داوێنگیر بوون به هه‌ر روانگه‌یه‌کی هزری، ئاکامه‌که‌ی ده‌بێته به پیرۆزکردن و په‌رستنی ئه‌و روانگه هزرییه، که ئه‌مه‌ش کتومت ئه‌و تهلهزگهیهیه، که رۆشنبیریی و خوێنه‌ر و سیاسه‌تمه‌داری کورد، کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان زمانه‌که‌ی تێیدا قه‌تیسماو کردووه.
له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌خوازم بڵێم، ناکرێ نووسه‌ری کورد وه‌ک دوو ئایین یان دوو دژ سه‌یری فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوتیسک” و فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال” بکات. کێشه‌ی جیهانبینی کوردی له‌وه‌دایه، که تا ئێستا به پرۆژه‌یه‌کی ئاماده‌کراوی غەمڵیوی باس له هزر ناکا. هه‌وڵه‌کان له ره‌وتێکی تێکه‌ڵاو کردن و جهڵهبیدا ئه‌نجام ده‌درێن؛ گۆڤار و چاپخانه و ناوه‌ندێک نییه خۆی بۆ رێچکه و قوتابخانه هزرییه‌کان ئاماده بکات. ئه‌مڕۆ سه‌رتاپای گۆڤار و بڵاوکراوه‌کانی کوردی له یه‌کده‌چن. بابه‌ته جووداکان له دووتۆی گۆڤارێک‌دا که‌ڵه‌که ده‌کرێن، به‌مجۆره تایبه‌تمه‌ندی نووسینه‌کان مانایه‌ک نابه‌خشن. هاوکاتیش له‌و لێکچوون و په‌رش و بڵاوییهدا سه‌رتاپای گۆڤاره‌کان ناتوانن ببنه سه‌چاوه‌یه‌ک بۆ هزرێکی تایبه‌ت. هه‌ر بۆیه ئه‌رکی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که سه‌رگه‌رمن به قسه کردن له‌سه‌ر هزرەوە ئه‌وه‌یه، له پرۆژه‌یه‌کی به‌رده‌وامدا خۆیان ته‌رخان بکه‌ن به راڤه کردن و وه‌رگێڕانی ره‌وتی چه‌شنه هزرێک که ده‌توانێت پرسیاره کوردییه‌کان شیتەڵ بکاته‌وه و دووباره بیانغەمڵێنێتهوه. هاوکاتیش به به‌راورد کردن و به کێشه کردنی ئه‌و رێچکه فه‌لسه‌فی و روانگه هزرییانه ده‌کرێت زمانی کوردیی ره‌هه‌ندێکی جیاواز بۆ خۆی و ئه‌و هزرانه دابهێنێت. ئه‌م ئه‌رکه‌ش به کۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌ک له نووسه‌ری وردبین ده‌کرێت، نه‌ک هاوگه‌ڕه‌کی، هاوشاری یه‌کتر په‌رستن!
به‌ڵام کێشه‌ی له‌بار بوون و نه‌بوونی ئه‌و دوو روانگه فه‌لسه‌فییه، واتا فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوتیسک” و “کۆنتینێنتال” بۆ زمانی کوردیی، کارێکی ئاڵۆزه. چونکه فه‌لسه‌فه‌ی “ئهنالیوتیسک” هه‌ڵگری پرۆژه‌یه‌که که به‌ناوی زانست و لۆگیکه‌وه جیهان راڤه ده‌کا. ئه‌و لۆگیک و زانستهس له بونیاتی رۆشنبریی ئێمه‌دا کێشه‌یه‌کی ئاڵۆزه. له کاتێکدا سه‌رتاپای خوێندن له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هێشتا بیئاگایه له پێشکه‌وتن و ئاکامه‌کانی پرۆژه‌ی رۆشنگه‌ریی. وێڕای ئه‌مه‌ش بۆ پیاده کردنی ئه‌و روانگه فەلسەفییە پێویستمان به پرۆژه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی هزری هه‌یه له ئاسته جیهانبینییه جوودایهکانی ئه‌و دوو ئاراسته هزری و پشتینه و جیهانبینی، یان تایبه‌تمه‌ندیه رۆشنبیرییه‌کانی کوردی. ئه‌مه‌ش به تاکه که‌سێک و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک وه‌ڵام نادرێته‌وه.
له پاڵ ئه‌مه‌شدا، فه‌لسه‌فه‌ی “کۆنتینێنتال” به‌و پاشخانه کوردییه‌ی که له به‌رایی ئه‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌مان پێ‌کرد، ره‌هه‌ندێکی وێڵ و ته‌مومژاوی پێداروه. له پاش نه‌وه‌ده‌کانه‌وه فه‌لسه‌فه‌ی فه‌ره‌نسی، له ژێر ناوه جوودایهکانهوه له ئاستێک‌دا کورتکراوه‌ته‌وه، که گوایه هه‌موو تشتێک ره‌وایه. واتا، ئه‌وه‌ی من له نووسینه‌کانی ئه‌و رووناکبیرانه‌ی کورد گه‌یشتبم ئه‌وه‌یه، که ئیتر نووسین و هزراندن ئاراسته‌یه‌ک یان ئه‌رکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌سه‌ر شان نه‌ماوه‌ته‌وه. بۆیه له روانگه‌ی ئه‌و رووناکبیره “فوکۆیست” “پۆستمۆدێرنیست” و “ههڵوهشانهگهریست”انه‌ی کوردییه‌وه ئه‌رکی نووسین کرده‌یه‌کی سیاسی یان هه‌ڵوێست دیاریکردن نییه، بەڵکە ته‌نیا راڤه‌یه‌کی رووته و غەمی داهێنانه، که روون نییه، ئاخۆ ئه‌و داهێنانه له چیدایه؟ ئه‌رکی چییه؟ واتای ئه‌و داهێنانه کوردیه چی ده‌به‌خشێت؟. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌مان راشکاوتر بێت، بۆ نموونه، یه‌کێک له‌و چه‌شنه پۆستمۆدێرنیستانهی کوردی، له نووسینه‌کانیدا هه‌وڵده‌دات پێمان بێژێت، که نووسین کرده‌یه‌کی بێلایه‌نه، واتا له روانگه‌ی ئه‌و بێلایه‌نییه‌وه، به گوێره‌ی نووسه‌رێکی “نوێخواز”ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که له کۆڕێکدا پێشکه‌شیکرد، جیاوازییه‌ک له نێوان “پێشمه‌رگه” و “جاش”دا نییه، بەڵکە ئه‌وه‌ی گرینگه لای ئه‌و نووسه‌ره قسه‌کردنه له‌سه‌ر ئه چه‌مکانه. ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش له‌و روانگه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگرتووه، که هزری فه‌ره‌نسیی وه‌ک یارییه‌ک له چهمگهل و زمانه‌وانی خۆی نمایشده‌کا، به‌ڵام ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی هزری فه‌ره‌نسیی، لای رووناکبیری کورد، به هۆی ئه‌و ره‌شبینییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ده‌بێته روانگه‌یه‌کی مێتافیزیکی، بوارێک بۆ هه‌ڵاتن له ئه‌رک و هه‌ڵوێسته کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسییه‌کان و… هتد. یان قه‌ره‌بۆکردنی ئه‌و بۆشاییه رۆشنبیریی رووحییه‌ی که، خۆی له خۆیدا، ئه‌و نووسه‌ره به‌رهه‌مهێنه‌ریه‌تی.
لێ به‌ر له کۆتایی ده‌کرێ بۆ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک بپرسین: ئێمه ده‌زانین راپه‌ڕینی 68 و ئاکامه‌کانی ده‌بنه بنه‌مایه‌ک بۆ وه‌رچه‌رخانی ئه‌و هزرڤانه فه‌ره‌نسیانه‌ی که چاره‌که سەتەیهکه رووناکبیری کورد وه‌ک چاویلکه‌یه‌ک به‌کاریان دێنن، باشه، ئه‌دی بۆ کۆستی هه‌له‌بجه، ئه‌نفاله‌کان و راپه‌ڕینی91 نابنه بنه‌مایه‌کی وه‌رچه‌رخێنه‌رانه و ئاسۆیه‌کی جیاواز له جه‌م رووناکبیریی کورددا؟ لێره‌دا ده‌خوام بێژم ئه‌و وه‌رچه‌رخانه کاتێ به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه، که رووناکبیری کورد ده‌ست به‌ردار بوو له‌و رووحییهته هه‌سته‌کیی و کهف و کۆڵانه، که به‌ناوی شیعر ده‌که‌وێته هه‌ڵڕشتنی وشه‌گه‌ل. ئه‌و لێدوانه به‌ناو شیعرییانهش نه‌ک هه‌ر داخستنی ئاسۆی ئه‌و وهرچهخانهیه، بەڵکە کاڵکردنه‌وه و بێناوهڕۆکردنی ئه‌و یادانانهیه. هاوکات ئه‌و لێدوانانه‌ی که به‌ناو پسپۆڕانی ئه‌کادیمی کورد له تیڤیی و بڵاوکردنه‌وه‌کانی ئه‌و حیزب و ناوه‌نده به‌ناو ئازاده‌کانه‌وه که بۆ خواستی حیزبی و ئامانجه سیاسییه به‌رته‌سکه‌کان نمایشده‌کرێن، نه‌ک هه‌ر سڕکردن و بێ به‌هاکردنی ئه‌و یادانهیه، بەڵکە به‌نامۆکردنی ئه‌و ناخه راساوهیه که ئاوێزانه به رووبه‌ڕووبوونه‌وه بوێره‌کانی. به‌هه‌مه‌حاڵ، زمانی کوردیی ئه‌وکاته ده‌بێته خاوه‌ن ئه‌فراندنێکی جوودا، که بوێرانه ئه‌و جیهانبیننه قه‌تیسماو و مێژووی ئه‌و یاده په‌نگخواردووانه‌ی کورد له هزراندنێکی وهرچهرخێنهرانهدا به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه. هه‌ر چۆنێک بێت، ئاسۆی ئه‌و پرسیاره بۆ کۆچی ئه‌و رامانگهلهی که به‌ڕێوه‌یه به‌جێده‌هێڵم.
وه‌لێ دواجار زمانی کوردیی ده‌بێت وه‌ک گه‌ردوونێکی بزواو و وه‌رچه‌رخاو له ته‌واوی هزری ئه‌وروپی بڕوانێت. له‌و روانگه‌یه‌وه رووناکبیری کورد ده‌توانێت بچێته ناو گه‌ردوونی ئه‌و هزره، کاتێک که ده‌ستبه‌ردار بوو له‌و بونیاته‌ی که سیخناخه به رق و تۆڵه؛ به سپی و ره‌شکردنی جیهان؛ به “پاڵه‌وانکردن”ی خودێک، که له ده‌ست کڵۆڵی خۆیه‌وه وێڵه به دوای ئه‌و خوێنه‌ره‌ی که تا مردن ژیانی به چه‌پڵه لێدان و “به پیرۆزکردن” به‌سه‌ر ده‌بات.
هەندرێن/ 5.4.2005/ستۆکهۆلم