![گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نیهاد جامی له‌باره‌ی دواكه‌وتنی كولتوریی له‌كۆمه‌ڵگای كوردی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نیهاد جامی له‌باره‌ی دواكه‌وتنی كولتوریی له‌كۆمه‌ڵگای كوردی](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/nihadZirak_548002966.jpg)
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نیهاد جامی له‌باره‌ی دواكه‌وتنی كولتوریی له‌كۆمه‌ڵگای كوردی
كۆمه‌ڵگای كوردی له چ قۆناغێكدایه؟ ئایا ده‌توانین بڵێین كه دواكه‌وتنی كولتووری حاله‌تی هه‌ره دیاری كۆمه‌ڵگای كوردییه؟ ئایا دواكه‌وتنی كولتووری چییه؟ هۆكار و خه‌سڵه‌ته‌كانی چین؟ چ كۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌كرێت به كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتوو له قه‌ڵه‌م بدرێت؟ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ده‌توانین پێشكه‌وتن و پاشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگاكان دیاری بكه‌ین؟ چۆن ده‌كرێت كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ره‌وپێش ببه‌ین؟ ئه‌مانه‌و چه‌ندین ته‌وه‌ری تر ناوه‌ڕۆكی ئه‌و دیمانهیهیه كه له‌گه‌ڵ نیهاد جامی نوسه‌ر و روناكبیر سازكراو. ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی دیمانه‌كه‌یه.
* ئایا ده‌كرێت سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاریكراو چه‌مكی دواكه‌وتنی كولتووری به‌كاربهێنین؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه به‌ڵێ یه، ئه‌وا پێناسه‌ی دواكه‌وتنی كولتووری بكه؟
– هه‌ڵبه‌ت دواكه‌وتنی كولتووریی به‌ته‌نیا بابه‌تێكی سۆسیۆلۆژیی نیه ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌یگوازینه‌وه بۆناو كۆمه‌ڵگا ئه‌وا بارگاوی ده‌كرێت به ره‌هه‌ندی سیاسی ئه‌وه‌ش ده‌وڵه‌ت جۆرێك لهدووفاقیهت ده‌خولقێنێت ئێمه لێره‌دا ئه‌گه‌ر بڕوانینه كۆمه‌ڵگای عیراقی وده‌وڵه‌تی تۆتالیتاری به‌عس ئه‌و حاله‌ته زۆر به‌ڕوونی هه‌ست پێده‌كه‌ین كه ده‌وڵه‌ت به‌شداریه‌كی پته‌و ده‌كات بۆ به‌رهه‌م هێنانی دواكه‌وتنی كولتووریی ئه‌و ده‌مه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا به‌شداریه‌كی دیار له‌گه‌شه‌سه‌ندن ده‌كات له‌ڕووی جه‌نگه كاولكاریه‌كان وبه‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ته‌كنه‌لۆژیی كه‌چی نه‌یویست ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه بپه‌ڕێته‌وه ناو كۆمه‌ڵگا لێره‌وه به‌عس به‌شداریه‌كی سه‌یری كرد بۆ خولقاندنی دواكه‌وتنی كولتووریی له‌كۆمه‌ڵگای عیراقی، بۆیه ئه‌وه ده‌وڵه‌ته گۆشهگیریهكی كولتووریی درووست ده‌كات كه جۆرێك لهدواكهوتن بنیات ده‌نێت له‌به‌ر ئه‌وه مه‌رج نیه كولتوور به‌ته‌نیا بابه‌تێكی سۆسیۆلۆژی بێت به‌دوای به‌شداری زانسته مرۆییه‌كان له‌ناو بازنه‌ی ئه‌بستمۆلۆژی ئه‌وا چه‌مكی دواكه‌وتنی كولتووریش چۆته فره ئاستیه‌وه ئه‌وه خه‌وشێك نیه له میتۆد هێنده‌ی فراوانی چه‌مكه كه توانای به‌شداریكردنی له‌ناو كایه جیاوازه‌كانی فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگاكان هه‌یه.
* ناوی هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه به‌نموونه بهێنه‌وه كه له‌جیهانی هاوچه‌رخدا هه‌ڵگری دواكه‌وتنی كولتووری بێت؟
– ده‌شێت هه‌ر كولتوورێك له‌ناو خۆیدا به‌جۆرێك به‌شداری بكات له‌دواكه‌وتنی كولتووریی به‌واتای مه‌رجنیه ئاستی پێشڤه‌چوونی كۆمه‌ڵگایه‌ك دواكه‌وتنی كولتووریی تێدا نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه بگاته پرۆسه‌ی ناونانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه ده‌شێت ئاماژه بكه‌ین بۆ دواكه‌وتنی كولتووریی له‌كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیدا كه به‌هۆی بوونی ئاینی ئیسلام و به‌ركه‌وتنی ئه‌م ئاینه له ئه‌مرۆدا له‌گه‌ڵ ژیاری خۆرئاوا ڕووبه‌رووی دواكه‌وتنی كولتووریی ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و دیده غه‌یبانییه بۆ ئاین كه دیدێكی نۆستالۆژیه بۆ خوێندنه‌وه‌ی بونیاده پێكهاتووه‌كانی عه‌قڵی عه‌ره‌بی لێره‌دا ده‌توانین ئاماژه بۆ ناوێكی وه‌ك ئیبن روشد بكه‌ین كه‌به‌ر له‌هه‌شت سه‌ده كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی نه‌یتوانی پرۆژه تهئویلكاریهكهی بۆ تێكست قه‌بووڵ بكات كه‌چی تازه دێته سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن ئیبن روشد بگه‌ڕێنینه‌وه ناو كۆمه‌ڵگا؟ ئه‌و پرسیاره نه‌ك به‌ته‌نیا جێگای گومانه به‌ڵكو سه‌ره‌تای له‌دایكبوونه‌وه‌ی دواكه‌وتنی كولتووریه له‌عه‌قڵی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیدا. ده‌شێت لێره‌دا ئاماژه بۆ كۆمه‌ڵگای كاریبی وبڕواكانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه بۆ ئه‌فسانه بكه‌ین كه حاله‌ته ریتوالیهكان وای كردووه كولتوورێك بێت به‌سه‌ر خۆیدا نه‌كرێته‌وه، به‌ڵكو به‌ناو بونیاده كولتووریه‌كانی خۆیدا له‌ناو دواكه‌وتنێكی دیدی خورافیدا ده‌ژیێت، ده‌شێت بنه‌ما كولتووریه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌ندۆنیسی وه‌ك نمونه‌یه‌كی دیاری ناو دواكه‌وتنی كولتووریی ئاماژه پێبده‌ین.
* له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ده‌توانین كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتوو و دواكه‌وتوو ده‌ستنیشان بكه‌ن؟
– هه‌ڵبه‌ت ده‌ست نیشان كردنی پێشكه‌وتن ودواكه‌وتن به‌نده به تێگه‌یشتن له‌دیدی كولتووریی كۆمه‌ڵگاوه، ئه‌و ده‌مه‌ی باس له‌دواكه‌وتنی كۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌كه‌ین قسه‌كردنه‌كان له‌سه‌ر دواكه‌وتنی كولتووریی ئه‌و كۆمه‌ڵگاییه به‌واتای كولتووره تاچه‌ند ده‌رگا له‌سه‌ر خۆی داده‌خات یاخود ئه‌و ده‌مه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتوومان هه‌بێت ئه‌وه به‌ره‌نجامی كرانه‌وه‌ی ئه‌و كولتووره‌یه به‌سه‌ر كولتوورهكانیتردا.. كولتووره‌كان به‌دوژمنی خۆی نه‌زانێت، با ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت كرانه‌وه به‌سه‌ر كولتووره‌كان به‌هۆی میراته‌وه ناگوازرێته‌وه، ئه‌وه زانسته.. زانست له‌رێگه‌ی زمانه‌وه كولتوور ده‌كاته حاله‌تێكی به‌رده‌وامی ژیان، كه خاوه‌نی وێنه‌ی مه‌جازین.. ئه‌و مه‌جازه له كولتووردا هه‌ڵگری ره‌هه‌نده كولتووریهكهتی به‌فر بۆ ئه‌سكیمۆ و ووشتر بۆ عه‌ره‌ب وبه‌رد بۆ فه‌له‌ستینی و پێشمه‌رگه بۆ كورد و عهفڵهق بۆ به‌عس و ئه‌تاتورك بۆ تورك، بۆیه كولتوور بیركردنه‌وه‌یه له‌ناو زمان كه ماناكانی بوونی فراوان ده‌كات.
* ئایا ده‌كرێت سه‌یری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكه‌یت وه‌كو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه دواكه‌وتنی كولتوورییان تیادایه؟ بنهۆی (مبرر) بۆچونه‌كانت چییه؟
– سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگای كوردیی هه‌ڵبه‌ت ناتوانین دواكه‌وتنی كولتووریی خاڵی بكه‌ینه‌وه له‌و كۆمهڵگایهوه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ئێمه یه‌كێكین له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی له‌ناو دواكه‌وتنی كولتووریی ده‌ژین، چونكه كولتووری كوردی كولتوورێكه ترسی له‌كولتووره‌كانی تر هه‌یه، ئێمه له‌به‌رامبه‌ر كرانه‌وه به‌ڕووی كولتووره‌كانی تر هه‌موو ده‌رگایه‌ك داده‌خه‌ین، كولتووری كوردیی دیدێكی داخراوه‌ی بۆ ژیان هه‌یه، ئه‌و جۆره داخرانه بۆ خۆی دیدێكی گواستراوه‌ی كولتووری عه‌ره‌بی وعه‌قڵیه‌تی سیاسیانهیهكی فاشیه كه ئێمه‌ش وه‌ك بنه‌مایه‌كی كۆنكرێتی بۆ كولتووریی كوردی سه‌یری ده‌كه‌ین لێره‌دا ووته‌یه‌كی كه‌سێكی فاشی وه‌كو میشێل عهفڵهق ده‌كه‌وێته‌وه بیرم كه له یه‌كێك له كتێبه‌كانیدا ده‌نووسێت “كۆمه‌ڵگایه‌كی عه‌ره‌بی داخراوم زۆر به‌لاوه په‌سندتره له كۆمه‌لگایه‌كی كراوه‌ی سۆسیالیستی خۆرئاوا” ئه‌و دیده به ئاستی جیاوازه‌وه په‌ڕیوه‌ته‌وه ناو كۆمه‌ڵگای ئێمه ترس له وونبوونی بنه‌ما ئه‌خلاقیه‌كانی كولتووری كوردی و ترس له شوناسی من كوردێكی موسڵمانم.. ترس له وونبوونی ده‌سه‌لاتی كۆنكرێتی عه‌قڵی نێرسالاری كه كولتووری كوردی ڕه‌وایه‌تی به ڕه‌گه‌زی نێر داوه هه‌موو ئه‌مانه هۆكارن بۆ ئه‌و بنهۆیانهی دواكه‌وتنی كولتووریی.
* كامانه‌ن ئه‌و رووداوه به‌رچاوانه‌ی كه له‌ماوه‌ی رابردوو و ئێستادا روویانداوه و ره‌نگدانه‌وه‌ی حاله‌تی دواكه‌وتنی كولتووری ده‌كه‌ن له كوردستاندا؟
– له‌كوردستاندا ڕووداوگولێكی زۆر ڕوویداوه كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دواكه‌وتنی كولتوورییه به‌ڵام ده‌شێت ئاماژه به‌چه‌ند نمونه‌یه‌ك بكه‌ین كوشتنی ژنان به‌ناوی شه‌ره‌فه‌وه رووداوێكه هه‌موو رۆژێك له‌گه‌لماندا ده‌ژیێت.. جگه له‌وه ترسناكترین ڕووداو كه هه‌موو رۆژێك تراژیدیای مه‌رگ دێنێت ئه‌و رووداوه ترسناكه‌یه كه پیاوان له‌رێگه‌ی مۆبایله‌كانیانه‌وه وێنه‌ی ڤیدیۆی خۆشه‌ویسته‌كانیان ده‌گرن ئه‌و رووداوه به‌ره‌نجامی دواكه‌وتنی كولتووریی و هه‌ستكردنی پیاوه‌كانه ئه‌وه‌ش وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ك له بنه‌ماله‌و خێزانه‌كان په‌نای ده‌بردرێته به‌ر كه به‌ره‌نجامی عه‌قلیه‌تێكی خێڵه‌كیه عه‌قلیه‌تێك هه‌موو رۆژێك به‌شێوه‌و نۆرمی جیاواز دووباره ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌ش به‌ره‌نجامی ئه‌و كولتووره‌یه كه به‌ره‌و دواكه‌وتنی خۆی ده‌ڕوات وێناكردنی بۆ ژن له وێنه‌یه‌كی سێكسی ڕووت وا ده‌كات ته‌نانه‌ت ڕووداوی شێخزانا به‌شێكه له دواكه‌وتنی كولتووریی به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌پێی بنه‌مای ئه‌و دیده بۆ دواكه‌وتن له‌كۆمه‌ڵگادا كار ده‌كه‌ن.
* ئایا دواكه‌وتنی كولتووری په‌یوه‌ندی به ره‌وشێكی دیاریكراوی (ئابووری – كۆمه‌ڵایه‌تی) دواكه‌وتوو، هه‌روه‌ها به‌جۆرێكی دیاریكراوی بوونیادی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌یه؟ بیرۆكه‌كانت روونبكه‌وه له‌گه‌ڵ هێنانی نموونه له ژیانی هاوچه‌رخی كوردستاندا؟
– هه‌ڵبه‌ته ده‌شێت په‌یوه‌ندیی به كایه‌و گوتاری تریشه‌وه هه‌بێت وه‌ك له گوتاری سیاسی كوردیی وه‌ك حاله‌تێكی ناسیۆنالیستی كورد بوون ده‌بێته گرفتێك له‌و گه‌شه‌سه‌ندنه، هه‌لبه‌ت لێره‌دا ئه‌گه‌ر له‌دیدێكی ماركسیانهوه بڕوانینه كۆمه‌ڵگای كوردیی ده‌بێت بلێین دواكه‌وتنی كۆمه‌ڵگای كوردیی په‌یوه‌سته به‌ره‌وشی ئابوری ئه‌و كۆمه‌ڵگایه هه‌ڵبه‌ت ئه‌و دیدگایه شتێكی خه‌یاڵی نیه به‌ڵكو یه‌كێكه له‌هۆكاره‌كان بۆیه ئه‌مرۆ كرانه‌وه‌ی بازاره جیاوازه‌كان له‌شاری كوردیی وای كردووه تا راده‌یه‌ك ئه‌و دواكه‌وتنه بگۆرێت بۆ دۆخێكیتر.
* ئایا ده‌كرێت بووترێت كه دواكه‌وتنی كولتووری كۆمه‌ڵگا، خاسیه‌تی دژكاری كولتووری (تناقچ الپقافی) هه‌یه؟ یان به‌پێچه‌وانه‌وه ئایا دژكاری كولتووری یه‌كێكه له‌خاسیه‌ته‌كانی دواكه‌وتنی كولتووری؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێیه، ئه‌وا نموونه‌ی ئه‌و دژكارییه كولتووریه له كۆمه‌ڵگای كوردستانی هاوچه‌رخدا بهێنه‌وه؟
– دژكاری كولتووری و وورده كولتوور و دواكه‌وتنی كولتووری سێكیان له‌ناو كولتوور هاتونه‌ته بوون، بۆیه دژكاری كولتووری ده‌بێته‌وه خاسیه‌تێكی دواكه‌وتنی كولتووریی بۆ ئه‌وه‌ش نمونه هێنانه‌وه به ڕووداوی گروپه‌كه‌ی شێخزانا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دژكاری كولتووریی ده‌سه‌پێته سه‌ر ئه‌و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه به لاده‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ناسراون، بۆیه له‌كۆمه‌ڵگای كوردیدا گروپی شێخ زانا ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی پێی هه‌ڵده‌ستان به نموونه‌ی دژه كولتووری ئه‌و گروپه ناسرا، هه‌میشه دژه كولتوور وێنه‌یه‌كی لاده‌رو نه‌شیاو ده‌به‌خشێته كولتوور، به‌هۆی ئه‌وه‌ی لادانه له ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌كانن دیاره سستی ده‌وڵه‌ت له‌به‌رامبه‌ر شه‌پۆل و گۆڕانكاریه ته‌كنه‌لۆژیه‌كان ئه‌وه‌ش ده‌بێته كه‌ناڵی په‌یوه‌ندیی و گه‌یشتن به دواكه‌وتنی كولتووریی به‌واتای له‌و حاله‌ته‌دا وه‌ك دوو ئاراسته بۆ ته‌واوكردنی یه‌كتری یهكتهواو ده‌كه‌ن.
* به چ شێوه‌یه‌ك ده‌كرێت حاله‌تی دواكه‌وتنی كولتووری له كۆمه‌ڵگای كوردیدا نه‌هێلدرێت؟ ئایا پێویسته چ لایه‌نێك، یان چ دامه‌زراوه‌یه‌ك ئه‌و كاره بكات؟
سه‌ره‌تا پێویستی به توێژینه‌وه‌و ناوه‌ندی تایبه‌ت هه‌یه كه ئه‌و كاره بگرنه ئه‌ستۆی خۆیان كه تاچه‌ند هۆكارو گرفته‌كان ده‌توانرێ چاره‌سه‌ر بكرێت ئه‌وه‌ش كارێك نیه به توێژینه‌وه ئه‌نجام بدرێت به‌ڵكو پێویستی به‌هه‌ماهه‌نگی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌و ناوهندانهو دامه‌زراوه حكومی ونێوه‌نده په‌روه‌رده‌یی ودامه‌زراوه كۆمهلایهتیهكانه كه ئه‌و كاره بگرنه ئه‌ستۆی خۆیان.
سازدانی: زیره‌ك عه‌بدولڵا