Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
لاوانەوەی دایکە شەهیدێک … بەشی دووەم

لاوانەوەی دایکە شەهیدێک … بەشی دووەم

Closed
by November 13, 2013 گشتی

 

 

 

       خەیاڵم ئەم جارە لە ئاسکێکی سرکی بریندار ئەکا، دەستەمۆ نابێ هەرچی ئەکا . سەر بەم ژوور و بەو ژوور دا ئەکا. ژووری فەلاقە، ژووری لێدانی کارەبا، ژووری هەلواسین و ریزعەموودەکان. بەناو هۆڵە گەورەکەدا گوزەر ئەکا، کە بە چوار ژوور دەورەدراوە، باش ئەیان ناسیەوە. خۆ دەمێک نیە چەند مانگێک لەمەوبەر، بۆ ماوەی ٧ مانگ، تێیدا ترس و دڵەڕاوکێت لەگەلیان دابەش ئەکرد. پاشان لە دەرگایەکی ئاسنینی تردا، هەنگاوی لەسەرەخۆو بە ترس ئەنێی. بەرەو ڕێڕەوی بەر دەم ژوورە بێ گلۆپ و روناکییەکانی ئێنفرادی تێئەپەڕی. ئەبیت بە هەناسە، بە مۆم بۆ کونە تاریک و بێ ئۆکسجینەکانی ئینفرادی… کە لە هەر کونێکدا، سەرو ملی سەدان چیرۆکی خەمگین وداستانی خۆراگری بە بێدەنگی، بە چەقۆی غەدر بڕاوە….. لەملاتر دەنگە دەنگی منداڵ و خانەوادەکان دێ، بە زمانی مەسیحی ئەدوێن. واپێئەچوو خانەوادەی شەهید (سۆران)ی عەنکاوە بن، هێشتا لێرە مابن،  لە چاوەڕوانی حوکمێک دابن، کە هیچ کەس نازانێت رەمی کردنە یان نا….. لە تەنیشت ئەوانەوە دەنگی تریقەیەکی خنکاو ئەهات، لە بەرامبەر گالتەو گەپەکانی (مەجید) کە لە ژووری (حەرەس) دوای ٢٧ ڕۆژ بێدەنگی وپێکەنین لەبیر کردن، هەڵوەستەیەک ئەکا. تەماشا ئەکات هەموویان دڵیان خۆشە. یەکەم جارە خورما ببێتە میوان وەکو جەمێکی خۆش. پاش ئەو ماوەیە یەکەم جارە گۆمی مەنگی ئەشلە‌قێ ، بە گەیشتنی هەندێ دەنگو باسی گەرم،. هەندێ هاوبەندی تریان لە زیندانی حجز هێنابوو. گوایە بەشێک لە ١٥٠ گیراوەکان ئازاد کراون، دەوام تەواو بووە هێنرابوون تاکو بەیەکەوە هەموویان ئازاد بکرێن. بەلام ئەوە زیاتر لە درۆیەکی گەورە ئەچوو.. ئەوەی کەمێک شارەزای بەعس ودائیرەی ئەمن بووبێت، ئەزانێ، لەدوای دەوام کارە قێزەونەکانیان، ئەشکەنجەدان، رەمی کردن، ناموس هەتک کردن، دەست درێژی …هتد، دەست پێئەکا. بۆیە دڵم خورپەیەکی لەناکاوی کرد. هێنانی ئەو پۆلە هاوزیندانیە و بەخشینی خورما لە هەوالێکی خۆش نەئەچوو. لەسەروبەندی ئەو خەیالانە بووم، تا لە پڕێکدا دەنگە بێزارکەرەکەی سورجی(شیش)ی کرانەوەی دەرگا ئاسنینەکە هەموویانی لەسەر پێ راچەناند…

 دیسان لیستی ناوە. کابرای ڕەشتالەی چاو پڕ لە خوێنی ئەمن ٨ ناوی خوێندەوە کە بێنە دەرەوە. لەوانە، ناوی دوو کوڕی من. هەموویان تەنگاو بوون، زانیان شتێکی خراپ بەرێوەیە. دوو شت لەو دیمەنە هەرگیز بیرناچێتەوە… 

یەکیان: هاوبەندیەکان لە خەمی ئەو ٨کەسە بوون. هەندێ جلی باش وخورمایان، ئەو خورمایەی هێشتا نەخورابوو، بۆ کۆکردنەوە. کەچی بەداخەوە وەک هەموو شتە چاوەروان نەکراوەکانی فاشیەکان، بەپێچەوانە ئەمان وەزعیان پتر لە مەترسی و خراپی دا بوو.

 دوو: (نەریمان)ی پازدە ساڵان، داوای چێک کردنی لیستەکەی کرد، ” ئەمنیش برای (شوان و شێروانم)، بزانە ناوی منی تێدا نیە؟” چەند ووشەیەک بوون وەک نارنجۆک تەقینەوە، خەریک بوو بەندی دڵمی ئەپچڕاند. ئەمە دوا ڕستەی ناخی نێچیرێکی  دەروون بێگەرد بوو، داوای دادپەروەری لە گورگ ئەکرد، گەر بۆ ئەو دیو دۆزەخیش بێ نەیئەویست لە برا گەورەکانی داببڕێ. رستەیەکی ساکارە بەلام گەلێ مانای مەزن لە خۆئەگرێ. ئەمە دوا دیدار و لە باوەش گرتنی ئەبەدی بوو.

 ئەو کۆمەلەی مانەوە، دڵیان خۆش بوو، تۆوی هیوای بەربوون لە ناخیان چەکەرەی ئەکرد. بەڵام ئەو خۆشیە زۆری نەبرد، دواتر بە پێچەوانە، دیسان دەرگای ڕووناکی لەسەر چاوانیان کلۆم درا، دیسان چاوەکانیان بە پەڕۆی ڕەش بەسترانەوە. بران بۆ زیندانێکی دیکە. ڕادەستی ‌هێزێکی تر کران کە لە لەخێلی ئینسان نە ئەچوون. ڕۆبۆتێک بوون، بە کاری کوشتن گۆشکرابوون. مێشکیان لە پوورە زەردەواڵەی ژەهراوی ئەچوو، تینوو بە خوێن و زام. زمانیان لە زمانی ئاسایی نەئەچوو چەقۆیەک بوو، ئەچەقایە سەر دڵی ووشە و هەستی ناسک، دڵیان وەکو بەرد بە بەرد کرابوو، خوێنی ڕەشی ئەهریمەن بە هەناوییان دائەگەڕا. هێزێک، وەک ڕەوە گورگێکی برسی،  کەلبەکانین بە بڕبەندی قین تیژ کرابێتەوە.

      گواسترانەوە بۆ زیندانی (بەلدە)….. (بەلدە)، بینایەکی کۆن بوو. وەک بیرێکی قوولی لیخن، پڕ نهێنی وابوو، دەرچوون لێی شتێکی مەحال بوو.  ئەو کونجە تاریک و شوومە، ببوو بە دوا مەنزلگایەک ئەوەی لێی ئەهاتە ژوورەوە . ئەوەی(بەلدە) لە زیندانەکانی تری جیا ئەکردەوە، بوونی هۆڵیکی نا ئاسایی بوو. کە  نە پەنجەرەی هەبوو بۆ ڕوناکی، نە کلاورۆژنەیەک بۆ هەوا گۆرکێ. ئەو ئێوارەیە چاوم لێبوون، بە پاڵ و کێبل خرانە هۆڵەکە، یەک بە دوای یەک ریزیان بەستبوو. دەست لەسەر شان لە شەمەندەفەرێکی کۆنی هیلاک ئەچوون کە فارغۆنەکانی بە بەتاڵی بەم لاو بەولادا بچێت . جگە لە کونی دەرگا هیچ دەلاقەو و کونێکی تێدانەبوو دەنگ ورووناکی هاتوچۆ بکەن. هەر لە خۆتەوە بە هەوای خنکاوو و نەگۆڕی، هەناسە سوار ئەبووی. بۆنی ئەو جێیە، لە توونێلێکی شێداری ژێر ئەرزی دابڕاو ئەچوو. کە تیشکی خۆری لێنەدابێ، شوێنێک جیا ودابڕاو لە دونیای دەرەوە. شوێنێک بتوانێ هەموو نهێنیەکاننیان لەگەڵ خۆی قووت بدا. شوێنێک هیچ ئاسەوارێکی ژیان وشارستانی لێ نەبوو جگە لە بۆن و رەنگی تاوان… خۆ فرسەتیان نەدا ئەو حەقیقەتە، تەنیا یەک ووشەش بۆمن بگێرێتەوە، وەلێ ڕاستی ئەم حیکایەتانە چۆن دزەیان کرد؟

      دوای دوو ساڵ بە سەر ڕووداوەکە، یەکێ لە جێبەجێکەرانی ئەم ئەرکە لەسەر ناسنامە ئەگیرێ، ئەبرێ بۆ هەمان ژوور کە (شێروان) وهاوڕێکانی گیرانەوە. بێئەوەی بزانێ برای یەکێکیان لەم ژوورەیە، لە کاتی گێڕانەوەی پاڵەوانێتیەکانی خۆی بۆ هاوڕێیانم باسی کردووە. بەڵام تۆ زۆر لە هاوڕێکانت توڕە بووی، کە دڵیان نەهاتووە پێت بڵێن تاکو دوای بەربوونی. هەر هیچ نەبا کەمێ زانیاری زیاترت دەست کەوتبا. ئەو باسی ئەو هۆلەشی ئەکرد، کە لادیوارێکی لە گونیەی پڕ خۆڵ هەڵچنراو درووست کراو بوو تا دەنگی فیشەکەکان لەوێدا کپ کەنەوە.

        ئا ئەو ڕۆژە هەمووتان لە پێش ئەم لادیوارە خۆڵینە ڕیزکرابوون. ڕەنگ هەڵبزرکاو، سیس وەک خەزەلی پایز، قورگ نووساو، ووشک هەڵگەڕاو، دڵشکاو و بڕست لێبڕاو، شەکەت و ماندوو. چاوەڕێی مردن ئەکەن، ئای مردن چەند ناخۆشە چاوەڕێی بکەیت، کەی دوا فیشەکی رەحمەت دێت و لەو ژیانە کۆیلەییە ڕزگارتان ئەکات؟ هەرچی زووە سەروەری بۆ خۆتان و کەس وکارتان تۆمار بکات… ئای لەو ڕۆژە، چەند قارەمانانە سنگتان وەک قەلغانی ڕۆح بۆ ڕووبەڕووی دوا فیشەکی غەدر ڕەپێش ئەکرد. گەورەو بچوکتان، ئەوەی بەسەر زمانتان نەئەهات زمانی پاڕانەوە بوو. ئای چ مەحشەرێکی ڕەشی بەربەری بوو. لە پشتی ژووەرە تاریکەکان، بە بێ گەڕانەوە بۆ یاسا ودادگا ئەو کارە ئەنجام درا. چ (هۆلۆکۆس) ێک بوو مەگەر تەنیا زمانی نازیەکان بتوانێ لە ئاستیا بێتە گۆ.  ئای چ قەسابخانەیەک بوو، لەگەل یەکەم ڕێژنەی گوللە، خوێنی سوور فیچقەی کرد، هاڵاوی گەرم تینی گرت، گیانی زیندووی هەمووتانی تێکەڵ به یەک کرد. تابلۆیەکی ڕەشی گولالە سوورەیان نەخشاند.  ئا لەو ڕۆژەدا، ڕۆحی پاکتان ‌هەڵفڕی. جەستەی بێژینگتانی وەک لەکەیەکی قێزەون، بۆ ئەبەد بە نێوچەوانی فاشیەکان بەجێهێڵا. بوونە ٢٣  پەپوولە، لەسەر کێوەکانی سەفین هەڵنیشتنەوە. بوون بە ٢٣ گوڵە مێخەک، باخچەیەک لەسەرسنگی گردی زەیتوون دا چێنن. ببێتە پەرستگاو و سەیرانگای سەدان دایکانی ئەم شارەم. ببن بە سیمبولی خەبات و بەرخودانی.

     ئەی شەهیدانم…. ئەمڕۆ دوای یەک چارەکە سەدە لە چاوەڕوانی، بیست و پێنچ ساڵ لە زوخاوو تەنیایی. هاتووم گەڵای ٢٥ساڵەی پاییزی سەر شانتان، بتەکێنم. هاتووم دیواری تەنیایی و خۆ خواردنەوە، بشکێنم. هاتووم زمانی سکاڵاتان، ببزوێنم. هاتووم ئاوێکی سازگار لە بەر کانیاوی ئاواتەکانتان، بخۆمەوە. هاتووم سێوی باخی خەونەکانتان، لێکەمەوە. هاتووم و بزانم جگە لە دایکان و خوشکان و جگەرسووتاوانی ئێوە، کێی تر دێ بە لاتان؟ لە ڕۆژانی گەرما، کێ قومە ئاوێ بپرژێنێتە نێو گەرووی ووشکی نەمامی سەر سنگتان؟ لە ڕۆژانی ساردا، كێ بشکێنێ، شەختەی غەریبی و تەنیایی ژوور سەرتان؟ ئێوە وەک مۆم، گیانی خۆتان داگیرساند، ئەی کوا ئەو هاوڕێ و دڵسۆزانەی تەنیا رووناکیەکەیان برد؟ هاتووم و بزانم ئێوە بوون بەقوربانی بۆ ئەم شارە، بەڵام ئەو شارە چی بۆ کردن؟ چەند گوڵی وەفای بە ملی کێلەکانتان شۆڕکردەوە؟ بە درێژایی سووتانی ٢٥ ساڵ تەمەنتان، پەردە لە سەر چەند مۆنومێنت لە یادەکانتان لادرا؟ چەند شەقامو باخچە بە ناوتان کرا؟ خۆ ئێوە سیمبولی شارەکە بوون، گەر سیمبول ڕێزی نەبێ، چۆن ڕێز بۆ ئەوانی دی ئەبێ؟ هاتووم و بزانم نوێنەرانی ئێوە. ئەوانەی بە پێپلیکانی ئێسک وپروسکی  ئێوە سەرکەوتن، ئەوانەی بەسەر فەرشی لەشە پڕ برینە سارێژنەکراوەکانی ئێوە ڕۆیشتن، ئەوانەی بەسەر جۆگەلە خوێنی ئێوە بازیان دا.  بۆ ئەوەی بگەنە سەر کورسی، بۆئەوەی خۆشگوزەرانی بێنن بۆ سکی برسی، بۆ ئەوەی بەختەوەری بێنن بۆئاوایی.  چەند ڕاستگۆ بوون لەگەڵ بەڵێنەکانیان؟ کاتێک دەست بۆ سەفین و سۆرک برا وەک جووت مەمکی ئەو شارە، چەند ژینگەی حەیا و جوانیەکانی سروشت لەبەر چاو گیرا؟ کاتێک لە ماڵە گەورەکەی خۆتان، بەبێ لەبەر چاو گرتنی جیاوازیەکان، ئینتیماکان، باوەڕەکان. میرات و خانوو و زەوی بۆ دایکانی تەنیا و ڕۆلە بەجێماوەکانتان دابەش کرا.  چەند دادپەروەری ئەنجام درا؟ خۆ ئێوە دار بەڕوێک بوون، ڕەگتان لە قولایی دڵی غەدر دا کوتابوو، لق و قەدەکانتان لەسەر شان و تۆقەلانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری ڕاکشابوو، سێبەرتان بۆ هەمووان بوو. جیا لە هەموو دارەکانی تر، هەموو جۆر میوەو بەرێکتان گەیی بوو، هەمە چەشن، گەڵای ڕەنگاو ڕەنگتان گرتبوو… لە مێژووی ئەم نیشتمانە، ئێوە یەکەم پەرستگا بوون، ئیسلام و دیان بێ جیاوازی بەیەکەوە نوێژی جەماعی خۆیان بکەن…..بەڵام ئێمە مەخابن هیچمان بۆ نەکردن.

      ئەمڕۆ هاتووم لە بەر پێتان کرنۆش بەرم. هاتووم تنۆک تنۆک ئارەقەی شەرمەزاری بسڕم. هاتووم داوای لێبوردنتان لێبکەم، هاتووم بڵێم درۆمان کرد لەگەلتان، ئەی قوربانیانەکانمان…….

ئەی شەهیدانم…..ئێستا تێئەگەم، هەر ڕۆژێ من ئەژیم، ئەوە من ناژیم. بەلکو،شەوق و شلەی نەمری ئێوەیە بە لق و قەد و ڕەگی پیری پایزیم، شۆڕئەبێتەوە. ئەوە ڕۆحی زیندووی ئێوەیە بە لاشەی مردووی مندا ئەگەڕێتەوە.

 

 

شێروان عوسمان-کەنەدا

١٣-١١-٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.