Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
خۆژماردن!  ….  گۆران ڕه‌ئوف

خۆژماردن! …. گۆران ڕه‌ئوف

Closed
by November 17, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

شه‌وه‌كان له‌ چیرۆكه‌كان زێده‌ترن!

شه‌وه‌كان له‌ حیكایه‌ته‌كان درێژترن!

خاڵی دروستبونی شه‌وه‌كان..

خاڵی هاوبه‌شی شه‌وه‌كان..

خاڵی جیاوازی شه‌وه‌كان..

خۆشم نازانم چییه‌!

گه‌ر پوچی ژیان نه‌بێت..

 

شه‌و هه‌یه‌ پێده‌كه‌نم و غه‌مگینده‌بم 

له‌ چ گه‌مه‌یه‌كی سیخۆڕیدابوم، 

به‌ناوی عه‌شقه‌وه‌!

 

شه‌و هه‌یه‌ بیر له‌ لاوازی كهول ده‌كه‌مه‌وه‌ 

له‌ ئاست كه‌ئابه‌كانمدا!

بیر له‌ لێدانی قاقاكانم به‌و ڕۆژانه‌ی 

كه‌ئابه‌كانم قه‌شمه‌ریاندێ‌ به‌ حه‌شیش و تریاك!

 

شه‌و هه‌یه‌ به‌و شه‌وانه‌م پێده‌كه‌نم

كه‌تۆ دیارنه‌بویت و 

سه‌ری قسه‌م له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا داده‌مه‌زراند

كه‌ ڕۆژگارێك خۆم لاده‌دا لێیان!

 

شه‌و هه‌یه‌ گشت خه‌ونه‌كانم ده‌سڕمه‌وه‌ و

هه‌مو په‌یوه‌ندییه‌كانم ده‌پچڕێنم 

تاكو كه‌مێك بچمه‌وه‌ ناوخۆم!

 

شه‌و هه‌یه‌ به‌ده‌م غه‌ریبی خۆمه‌وه‌

خه‌م بۆ غه‌ریبه‌كانی شاره‌ جه‌نجاڵه‌كان ده‌خۆم.

شه‌و هه‌یه‌ به‌هه‌مو برینه‌كانی دڵمه‌وه‌ 

دڵم بۆ خه‌ونه‌ ساده‌كانت ته‌نگ ده‌بێ‌!

 

شه‌و هه‌یه‌ بیر  له‌و كاتانه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌…

گه‌وره‌بوم و ڕیشم هه‌یه‌!

شه‌و هه‌یه‌بیر له‌سه‌گه‌زۆر و 

برسییه‌كانی شار ده‌كه‌مه‌وه‌،

بیری ئه‌وه‌ی 

حه‌زده‌كه‌م یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ خۆم به‌خێوكه‌م!

به‌ڵام خه‌می به‌خێوبونی خۆم كه‌م نییه‌!؟

 

شه‌و هه‌یه‌ ڕاده‌مێنم به‌دیار وشه‌ی ته‌نهاییه‌وه‌،

داخۆ بۆ یه‌كه‌مجار 

چ بێویژدانێ ئه‌وه‌نده‌جوانی تاشی!

 

شه‌و هه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌كه‌م،

تا بیر له‌كامه‌كچ یان ژن بكه‌مه‌وه‌!

 

شه‌و هه‌یه‌به‌دڵی شكاوه‌وه‌ 

فه‌لسه‌فه‌ده‌خوێنمه‌وه‌و 

بیر له‌بێباكی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌مه‌وه‌!

 

شه‌و هه‌یه‌ له‌ڕوخساری داهاتومدا 

سه‌ركه‌وتنه‌كانی ڕابردوم ده‌بینم!

 

شه‌و هه‌یه‌ بیری خۆم و 

هاوڕێكانی منداڵیم ده‌كه‌م!

ئه‌و هاوڕێیانه‌ی پێكه‌وه‌ دزیمان ده‌كرد و 

پێده‌كه‌نین!

ئێستاكه‌ هه‌ندێكیان مردون و 

هه‌ندێكیان به‌شوێن خاوه‌ن شمه‌كه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن!

 

شه‌و هه‌یه‌ به‌فره‌كان ده‌سوتێنم و

ئاگر به‌رده‌ده‌مه‌به‌ر خه‌یاڵه‌كانی سوتان!

 

شه‌و هه‌یه‌ غه‌ریبی ئه‌و ژنه‌ده‌كه‌م

كه‌له‌ته‌كسییه‌كدا ناسیم و

ئیستا هاوڕێیه‌كم ماچی ده‌كات!

 

شه‌و هه‌یه‌ بیر له‌و كارانه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌ 

كه‌هه‌ركات بیریان لێده‌كه‌مه‌وه‌شه‌رمه‌زارده‌بم!

ئێستاش كه‌بیریان لێده‌كه‌مه‌وه‌، 

هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زده‌كه‌م و ورته‌م دێ!

 

شه‌و هه‌یه‌…

شه‌و هه‌یه‌..

 

شه‌و هه‌یه‌ گوێ له‌میوزیك ده‌گرم،

تاكو كه‌متر بگرییه‌م!

 

شه‌و هه‌یه‌ ته‌نها بیر 

له‌دڵته‌نگیم ده‌كه‌مه‌وه‌،

كه‌ بۆ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌!

 

شه‌و هه‌یه‌ به‌دیار فیلمه‌ سێكسییه‌كانه‌وه‌ داده‌نیشم و

ته‌نها ڕقم له‌ تۆ ده‌بێته‌وه‌!

 

شه‌و هه‌یه‌ نامه‌ی بێ ناونیشان ده‌نوسم و 

نازانم بۆ كێیه‌!

 

شه‌و هه‌یه‌ ئۆزۆ ده‌خۆمه‌وه‌ و 

به‌گریانه‌وه‌ پێده‌كه‌نم!

 

شه‌و هه‌یه‌ خه‌یاڵ به‌منداڵیمه‌وه‌ لێده‌ده‌م و

پیربونم نایه‌ته‌ پێشچاو!

 

شه‌و هه‌یه‌ به‌گریانه‌وه‌ له‌خه‌و ڕاده‌چڵه‌كێم و

به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌نومه‌وه‌!

 

شه‌و هه‌یه‌ بیر له‌درۆی هاوڕێكانم ده‌كه‌مه‌وه‌ و

تێده‌گه‌م خۆشم درۆزنم!

 

شه‌و هه‌یه‌ بیر له‌و كچانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ 

كه‌ ماچیانكردوم و

من وه‌ك په‌یكه‌رێك 

هه‌ستم به‌هیچ نه‌كردوه‌، هیچ!

 

شه‌و هه‌یه‌ ته‌ماشای توڕه‌بونم ده‌كه‌م و

تێده‌گه‌م پوچییه‌كی قۆڕه‌ توڕه‌بوون!

 

شه‌و هه‌یه‌ به‌سه‌ر وێنه‌كانی ڕابردومدا 

ده‌ڕشێمه‌وه‌!

شه‌و هه‌یه‌ ڕشانه‌وه‌ی 

سه‌ر وێنه‌كانی ڕبردوم ده‌سڕم!

 

شه‌و هه‌یه‌ ده‌سوتێم و 

بیر له‌دۆزه‌خ ده‌كه‌مه‌وه‌!

 

شه‌و هه‌یه‌ پێده‌كه‌نم و

به‌كاته‌ گریاوه‌كانم قه‌شمه‌ریم دێ!

 

شه‌و هه‌یه‌…

شه‌و هه‌یه‌..

 

شه‌وه‌كان له‌ چیرۆكه‌كان زێده‌ترن!

شه‌وه‌كان له‌ حیكایه‌ته‌كان درێژترن!

خاڵی دروستبونی شه‌وه‌كان 

خاڵی هاوبه‌شی شه‌وه‌كان

خاڵی جیاوازی شه‌وه‌كان

خۆشم نازانم چییه‌!

گه‌ر پوچی ژیان نه‌بێت..

خۆشم نازانم له‌ چییه‌وه‌یه‌؟!

گه‌ر ڕه‌شێتی چاوه‌كان نه‌بێت!!

 

ئه‌م شیعره‌ له‌ ژماره‌ (93) گۆڤاری هه‌نار بڵاوبۆته‌وه‌.

 

 

 

Previous
Next