بارزانی و ئه‌ردۆگان
سه‌ردانه‌که‌ی دوێنێ ی بارزانی بۆ شاری ئامه‌د به جل و به‌رگی کوردی و قسه‌کردن به زمانی کوردی، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ هه‌نگاوێکی مێژوویی و مێژووه‌ک بوو. قسه‌م له‌سه‌ر چیه‌تی سه‌ردانه‌که و ماهیه‌تی سه‌ردانه‌که نییه، ڕه‌نگه له‌م کاته‌دا پێویست نه‌بووبێ و له‌وانه‌شه گونجاوترین کات بووبێت بۆ سه‌ردانێکی له‌م چه‌شنه‌و کۆمه‌ڵێک گریمانه‌ی تر.
له دوێنێوه وته و کۆمێنت و ڤیوپۆینتی جیا جیا و دژبه‌یه‌ک له ده‌ستگه‌کانی ڕاگه‌یاند و ماس میدیاکانی کوردستانی باشوور فڕێ ده‌درێن و ده‌هاوێژرێن.
چه‌شنێکیان گه‌وره‌کردن و ناشرینکردنی سه‌ردانه‌که‌یان به زمانیانه‌وه دیاره و وه‌ک که‌ناڵێکی ئاڕاسته‌که‌ر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ باسکردن و تڕانسفێرکردنی ده‌که‌ن، له‌وه‌ی وه‌ک ڕووداوێک و سه‌ردانێکی سیاسی و دبلۆماسی ڕووماڵی بکه‌ن.
وێنه‌یه‌کی تری ڕاگه‌یاندن په‌یام و مێسجێکی ستایشکه‌رانه‌ی بۆ ده‌رخستین و به هه‌موو شێواز و فۆڕمێک تێیگه‌یاندین که یه‌کێک له وێستگه سه‌ره‌کی و گرنگه‌کانی تورکیا، باشووری کوردستان ده‌بێت. وه باشووری کوردستان به قه‌باره و ڕۆڵێکی زۆر به‌بایه‌خه‌وه چۆته ناو کارنامه و لاپه‌ره نوسراوه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا و ئه‌جێندای (ئاک پارتی)، که مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی کردووه تا ساڵی 2023 له حکومڕانی بمێنێته‌وه له تورکیا.
له دامێنی په‌رچه‌کردار و ده‌ره‌نجامه‌کانی ئه‌م هاموشۆ و کارلێکه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و ململانێ ئاڵۆزه‌ی نێوان دوو نه‌ته‌وه‌ی زیاتر له 90 ساڵی ڕابردوو، کۆمه‌ڵێک خاڵی گرنگ هه‌ن بۆ باشووری کوردستان به‌تایبه‌تی و پارچه‌کانی تر به گشتی ده‌بێت بخرێته ئه‌جێندای کار‌و کاری له‌سه‌ربکرێت:
1- ئاستی سیاسی: له‌ڕێگه‌ی ئه‌م سه‌ردانه دبلۆماسی و په‌یوه‌ندیه ڕاسته‌خۆیانه‌ی نێوان هه‌ردوولا، ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌وه به گوێ ی تورکیا و ده‌سه‌ڵاتدارانیدا بچرپێنێت که داننان به مافه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد و کوردانی باکووری کوردستان خاڵێکی بنه‌ڕه‌تیه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه ستراتیژیه‌کانی داهاتوویان و، وه چه‌ندی ئه‌م ڕێژه‌ی داننان به ناسنامه‌ی کوردی له تورکیا به‌رزتربێته‌وه، کاریگه‌ری ده‌بێت بۆسه‌ر په‌یوه‌ندیه‌که.
2- ئاستی ئابووری: له ئێستادا تورکیا له‌ڕووی به‌کارهێنانی ووزه‌وه پێویستیه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه‌و هه‌رچۆنێک بێت ده‌یه‌وێت هه‌رێمی کوردستان بکا به‌یه‌کێک له سه‌رچاوه پشت پێبه‌ستووه‌کانی سووته‌مه‌نی و بیکات به خه‌زێنه‌ی دابینکردن له ئێستا و له‌داهاتوودا، به‌مه‌ش هه‌م هه‌رێم هه‌میش تورکیا سوودمه‌ند ده‌بێت له‌م نێوه‌نده‌دا، ڕه‌نگه سوودی هه‌رێم دوو ئه‌وه‌نده‌ی تورکیابێت و تورکیا ببێته په‌نجه‌ره‌یه‌کی گرنگ بۆ هه‌ناسه‌دانی باشووری کوردستان له‌هه‌ر ئه‌گه‌رێکی سیاسی نه‌خوازراو.
3- ئاستی که‌لتوری و فه‌رهه‌نگی: یاوه‌ریکردن و هاوه‌ڵی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ردۆستان و کۆنسێرت و گۆرانی ووتن به‌زمانی کوردی خۆی له‌خۆیدا قبوڵکردنێکه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکی و به‌رزکردنه‌وه‌ی رێژه‌ی دانپیانانه‌که زیاتر و به‌هێزتر ده‌کات و ده‌شێت هه‌نگاوی گه‌وره‌تری به‌دواوه‌بێت، هه‌رهیچ نه‌بێت که‌ناڵه کوردیه‌کان زیاتر بکرێن و پارته سیاسه کوردیه‌کان بتوانن به ئازادانه له تورکیا له‌ڕێگه‌ی که‌ناڵه‌کانیان په‌یامه‌کانیان ئاڕاسته بکه‌ن و فێستیڤاڵه که‌له‌پوریه‌کان زیاتر گه‌شه‌پێبده‌ن. چاڵاکیه هونه‌ری و فه‌رهه‌نگیه‌کان له کوردستانی باکوور و تورکیا فۆڕمێکی ڕه‌سمیانه وه‌ربگرێت.
په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
به‌کالۆریۆس له زانسته سیاسییه‌کان