ساتێک لەگەڵ هاوڕێی ٢جار هاوبەندیی شەهیدم دا.
هەموو ساڵێک لە پایزدا، برینەکانم وەک شێرپەنجە سەرهەڵئەدەنەوە، ئازارەکان وەک گڕکان ناخم ئەهەژێننەوە. ژێی ژانی مەرگەساتەکان، لە نێو ژانی مێردەزمەی خەونەکان، وەک ئافرەتی بە ژان، شەوانە زریکەو هاوار ئەژێنێ. خەمەکان ئەوەندە گەورەن، ئەو دڵە گجکەی من چیتر بە تەنیا ناتوانێ لە خۆیان گرێ. ئازارەکان ئەوەندە زۆرن نازانم باسی کامیان بکەم. بە درێژایی گیرانەکان، ئەوەندە قارەمانم دی، کە تینوێتی سەدان داستان و ڕۆمانی پڕ ترس، بۆ پاڵەوان بشکێنێ. ئەوەندە پەپولەی خۆشەویست و ڕۆح ناسکم لێ هەڵوەری نازانم باسی فڕینی کامیان بکەم …. لەگەل کرانەوەی دەرگای خوێندنگاکان، دەروازەی زیندانەکانیش بە ڕووی خوێندکارو لاوانم واڵاتر ئەکرا. دەزگا ئەمنی وئیستخباراتی و سیخورییەکان، چۆن زەردەواڵە لە سەر برین کۆئەبنەوە، ئاوا دڕ وهار، لەسەر جەستەی برینداری ئەو میللەتە مۆڵ ئەبوونەوە. پایزی ١٩٨٩ بوو، پۆڵێک لە ڕێکخستنەکان وەک مێروولە کەوتبوونە داوی دائیرەی جالجالۆکەی ئەمن، هەموو ژوورەکان پڕ بوون لە خەلک. بۆڕیەکی درێژ بە چوار دەوری هۆڵە گەورەکە بوو، پەنجەرەی چاومان بە شیتاڵی پشتێن و جەمەدانی کلۆم درابوو، دەستمان بە کەلەپچە لە بۆڕیەکە بەسترا بوو. ڕۆژانە، لەگەل هەر ژەمە ساردێکی خواردن، ژەمێکی گەرمی لێدان، پایزی ڕووتکراوەی جەستەی گەرم ئەهێناین. ئێوارەیەک ڕاکشابووین، وەک خوێندکاری شەشی ئامادەیی، لە خەیاڵی خۆ ئامادەگی دابووم بۆ تەحقیقی داهاتوو. بە دەنگێک بێداربوومەوە کە زۆرئاشنا بوو بە من، زۆر نزیک لە ڕۆحم، وەک شێرێکی یاخی نەڕەی ئەهات. هاواری ئەکرد یەک بەئاسمان. نەوەک لە ترسان، بەلکو بۆ ئاگاداری، تا پێمان بڵێت ئەوا منیش هاتم….. من ناسیمەوە، ئاخیر چۆن نەیناسمەوە؟ سەدان بەڕەی ساردی و گەرمیمان پێکەوە دڕیوە، دەیان جار لە ناو ڕەزو باخچەکان لە ترسان خۆمان حەشارداوە. بە درێژایی ٧مانگ لە هەمان دائیرەی ئەمن، لەتە نانی دڵەڕاوکێمان بە شۆربای ئومێدەوە خواردوە. ئەمزانی چ قارەمانێکە. زۆرم پێ ناخۆش بوو کە گیرابوو چونکە تەوژمی فشاری دوبارە و سێبارە گیرانەوە، بە گوڕترە. لێپێچینەوەکەی، دە ئەوەندە زیاترو بە ئازارترە. شەوێک لامان مایەوە، دوور بەدوور بێئەوەی بتوانم قسەی لەگەل بکەم، هەستم بە ترپەی لێدانەکانی دڵی ئەکرد. هەستم بە هەناسە سوارە ئازاراویەکەی ئەکرد. بەیانی زوو لەگەل شۆربای بەیانی، بانگیان کردەوە بۆ تەحقیق، ئەمە دوا دیدارم لەگەل (موحەمەد قادر¬) بوو. گورگی هاری ئەشکەنجەدان کەلبەی لە رۆحی گیرکرد بۆ دواجار بێماڵئاوا هەموومانی جێهێشت.
شەهید (محەمەد) کەسێکی ئاسایی نەبوو، ڕێبواری سەفەرێکی دوور بوو، خەمی ئەو میللەتەی بە قوڕسی کردبووە کۆڵ. ٧مانگ ئەزموونی گیرانی پێشتری من و (دلشاد ئیبراهیم) لەگەلیدا، وورەی شاخێک بوو بە هیچ نەدەڕوخاو ئیعترافی نەئەکرد. جەلادەکان بێزارئەبوون. ئەو بێزار نەئەبوو. قامچی وکێبلەکان وئەپسان و پارچە ئەبوون، بڕوای ئەو نەئەشکا. جوێن و سوکایەتیپێکردنەکان شەکەت ئەبوون، وەلام و متمانە بەخۆبوونەکەی ئەو تەواو نابوو. لە بەرامبەر دوژمنان قەڵای خۆراگری بوو. لە بەرپێی ڕەفیق و دۆستانیش پردی وەفایی بوو. ڕوناکبیرێکی بە تواناو پەرۆشێکی ڕێباز و باوەڕەکەی بوو.
ئەی هاوڕێکەم..هاتووم وەکو جاران پەڕەی گوڵی خەمەکانم، بەسەرڕووی دەریای ڕۆحت هەڵڕژم.. هاتووم بێزاریم، لوولپێچێکە لە ناو سەدەفی هەناومدا، هیڵنج ئەدا. زمانم بەستوویەتی، لە ئاسمانی سایەقەی دەمم دا لە گۆ چووە. گەرووم ووشک بووە، وەک لولەکێکی لێهاتووە، دووکەڵ وتەنی ناخم بەتاڵ ئەکا. هاتووم وەڕزیەکانت نیشان دەم. هاتووم نیشانت دەم، ئەو نیشتمانەی دەریایەک خوێنمان لە پێناوی ڕژاند، مۆمی تەمەنی گەنجێتی خۆمان لە پێناوی سوتاند. ئەو نیشتمانەی من وتۆی لێک ترازاند، تۆی خستە ژێر خاک، منیشی دوور فڕێدا، سێ کیشوەر دوور لە ووڵات ودایک. شەڕی غەریبی و ئاوارەیی بکەم. چۆن لە سایەی هاوڕێکانی دوێنێمان، خەونە جوانەکانمان ژێر پێ خران. وەرە سەیرکە، ئەو هەڤاڵانەی دوێنێ کە لافی کۆمەلگای دادپەروەریان لێئەدا، ئەمڕۆ چۆن نغرۆ بوون لە نێو زەلکاوی ستەمکاری دا….. ئەوانەی بانگخوازی حەق و یەکسانی بوون، ئەمڕۆ تەلارو قوللەی قاف لە سەر ئێسک و پروسکی هەژاری ئێمە هەڵئەچنن…. ئەو باوەڕە پاکەی دوێنێ، لەکاتی فشار و هەڵواسیندا، ئەبوو بە شلەیەکی خاو لە پۆڵا، ئەبوو بە گیانێکی بەرگری لە ماندێللا، ئەرژایە نێو خوێن و جومگە و دەمارەکانمان، ئەمڕۆ بەناوی خۆشگوزەرانی لە هەلبژاردنەکان خەلکی پێ فریوئەدرێ…. ئەو دروشمە جوانانەی دوێنێ، ئەبوو بە ڕۆح ئەکرایە بەر خۆراگری. ئەو دروشمانەی بە خوێنی برینەکانمان لەسەر دیواری بەندیخانە ئەمان نوسی، یان شەوانە لە سەر ڕووپەڕی بلاوکراوەو دام دەزگاکانی بەعس هەڵمان ئەواسی. ئەمڕۆ نەک هەر نەهاتنە دی، بەلکە کاڵ کراونەتەوەو بوونەتە نووسینی سەر بەفر کەسیش لێیان ناپرسی…. ئەوانەی دوێنێ خۆیان بە نوێنەری هەژاران وزەحمەتکێشان ئەزانی، ئەمڕۆ بوونە (زەروو) لە جەستەی هەژاران، خوێن و سامانیان هەڵئەمژن……
ئەی هاوڕێکەم، ئێمە هاتبووین کۆت و دیوارو زنجیرەکان بشکێنین، نەوەک خەت و سنوور بۆ ماف وئازادیەکان بکێشین. هاوڕێکەم ئەو دونیا جوانەی وەک کولێرەیەکی گەرم لە نێو کۆبوونەوە برسیەکان باس ئەکرا، لەو دیو شیشی زیندان خەونی پێوە ئەبینرا، ئێستا بە دەست هاوڕێکانی دوێنێمان، لە سەر مێزی خواردنەوە و دانیشتنەکان وەک نوکتە باسی ئەکرێ، لە نێو بابەتە جدیەکانی ئەمڕۆی پۆست وپارە و نەوت و کۆیلەبوون، بۆ خۆشی ناوی ئەهێنرێ.
ئەی هاوڕێکەم…کەی بێدار ئەبنەوە؟ بەچاوی خۆتان بەهەشتە درۆزنەکە ببینن، ڕوخسارە شەرمنەکان ئاشکراکەن، دەمامکەکان لابەرن و فڕێیان دەن، ماناکان بۆ شتە جوانەکان بگەڕێننەوە. کەی ئەو بازرگانی و مەزادخانەیەی خوێن و ناوی شەهیدان و ڕابگیرێ؟
ئەم دۆخەی ئەمڕۆ، بە خوێنی قارەمانانم تۆمار کراوە. کە هەرگیز مساوەمەیان لەسەر باوەڕو پرەنسیپەکانیان نەکردووە…بە فرمێسکی خوێنینی دایک و خوشکانم نەخشێنراوە، کە قەت خۆبەدەستەوەدانیان هەڵنەبژاردووە…. ئامادە بوون لە ئاست دوژمن، لە پێناو داهاتوویەکی باشتر، ژیانێکی شەرەفمەندانەتر، گیانیان بەخت کەن. ئامادەبوون شەق لە پارەی سەرشۆڕی و لەزەتی دونیا بدەن. چارەنووسی خێزانەکانیان بە دەم گەردەلوولی فاشیەکاندا بدەن. بەڵام چۆک دا نەدەن. پاشەکشە نەکەن لە باوەڕەکان… کەچی ئەمڕۆ هاتوون خوێنیان ئەفڕۆشن. دوکانی وەزارەتێکیش بۆ دەلالی کردن بە ناویان ئەکرێتەوە… لە ڕۆژگاری تۆقێنەری بەعسدا، ئەوان بەتەنیا بوون، دیواری ترسیان ڕووخاند. برووسکە بوون پەردەی تاریکی نائومێدیان دڕاند.. ئەوان هەڵوێستەکانیان نەفڕۆشت، ئەوان ڕەوشتە بەرزەکانیان نەگۆڕیەوە بە پارەو مولک، لە بەرامبەردا گیانیان بەخشی. کەچی ئەمڕۆ، داخەکەم ئەمڕۆ خوێنیان ئەکڕن، ئەفرۆشن، لە بەرامبەریشدا هەڵوێست و بەها وپرینسیپە پیرۆزەکانیان بەتاڵ ئەکەنەوە!!
قارەمانانی سەنگەری من، پشتیان لە گەل نەکرد بە پێوە شەهید کران، بە پێی خۆیان بەرەو پەتی سێدارە هەنگاویان نا.. کەی و لە مێژووی کام میللەت بووە، بێئەوەی تەماعی چەشە بیگرێ، ماسی دەم بە قولابی ماسیگر بگرێ؟ ئاسک ملی لە کەلبەی شێر بسوێ؟ گەردن خۆی بداتە بەر ڕەحمەتی خەنجەر؟ شەهید (موحەمەد)ەکەی من مێژووی نووسیەوە ترسنۆک نەبوو. ئەزموونی زیندانی هەبوو، هەروەک بەڵینی بە برادەرانی دابوو. باش ئەیزانی لەو دیو دیواردا ، چ دۆزەخێکی ڕەش چاوەڕێی ئەکا. کاتێ ئەبیسێ هاوبیرەکانی گیراون، هەرچەند دەرفەتی خۆشاردنەوەی ئەبێ، وەڵێ بەزین و ڕاکردن هەڵنابژێرێ. ڕووبەڕوو هەڵئەبژێرێ. شەڕی تەنیای باوەڕ لەگەل کێبل وفەلاقەو کارەبا وهەڵواسین هەڵئەبژێرێ. وەک بەڵێن وەفایەک بۆ ڕێبازو هاوڕێکانی، بە پێی خۆی ئەچێتە بەردەمیان و پێیان ئەڵێ: ئەوە منم و چیتان لە دەست دێ درێغی مەکەن. بە وورەی بەرزی سەفین ئاسا بەگژ جەلادەکان دێتەوە. پێیان ئەڵێ: هیچ منەتتان نەبێ، ئەوە پشتی من، ئەوەش دەست و قامچیە لەرزۆکەکانی ئێوە. ئەوە سینگی من، ئەوەش فیشەکە چرووکەکانی ئێوە. ئەوە گەردنی من، ئەوەش پەتی قەنارە لە موو باریکترەکەی ئێوە.. ئەوە نینۆکی پەنجەکانم دەریبێنن، ئەوە زمانم لە بنڕا بیقرتێنن، ئەوە دڵم بە چەقۆ دەریکێشن، بەڵام یەک ووشەی پاڕانەوە لە من نابیسن……….
میللەتێ باجی زۆری بۆ ڕزگاری دابێ، ئەوە قارەمان و گیان لەدەستانی بێ، ئەوە سەروەری وقوربانیانی بێ. سەد ساڵ بەرداشی نوگرە سەلمانەکان، ئازادیخوازانی هاڕیبێ. سەد ساڵ وەک ئاو خوێنی لەبەر ڕۆیی بێ. دیواری ترس لە کەللەسەری شۆرشگێرانی هەڵچنرابێ… چۆن خوێنیان، وا هەرزان فرۆش ئەکرێ؟ لەگەڵ جاش و مەفرەزە خاسەکاندا، یەکسان ئەکرێ؟ چۆن لە ئاست خانەوادەکانیان بێوەفایی ئەنوێنرێ؟ لە ئاست داوای ڕۆلەکانی بێباکی ئەکرێ؟ تف لە
ڕابردوویان ئەکرێ؟
شێروان عوسمان-کەنەدا
٢٠-١١-٢٠١٣