Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
سەرۆكى حكومەت و راوێژكارانى

سەرۆكى حكومەت و راوێژكارانى

Closed
by May 26, 2008 گشتی

  دڵزارحەسەن……….
 
 كابینەى پێنچ كە بە رێكخستنەوەى ماڵى كورد ناونرا و بەدەستكەوتێكى پڕ بایەخى ئەزمونى نیشتمانى و پێكهێنانى حكومەتى تەكنۆكرات بانگێشەى بۆ كرا، بەڵام هێندەى پێنەچوو 42 وەزارەت بوە مایەى سەر ئێشە بۆ كابینە تازەكە و ئێستاش بە نیازن كابینەى پێنچ هەڵبوەشێننەوە و كابینەیەكى ستوونى لە نێوان خۆتاندا تەشكیل بكەن. لە بەرامبەرئەوەدا نووسەران و رۆژنامەنووسان دنیایەك رەخنەیان لێگرتن و سەرلەبەرى كابینەكەیان بە گەندەڵ وەسفكرد، بەڵام نەمانبینى جەنابى سەرۆكى حكومەت و راوێژكارانى بۆ خاترى كاڵكردنەوەى قسە و گومانەكان رۆنكردنەوەیەك رابگەیەنیت. زۆرێك پرۆتۆكۆڵى چارەنووس سازانە لە بوارى سامانى سروشتى و نەوت و هتد… بە ئیمزاى سەرۆكى حكومەت هاتنە ئاراوە و چەندان كۆمپانیا و سەرمایەدارى گەورە سەرمایەكانیان هێنا كوردستان، بەس لە هیچ سەرچاوەیەكى فەرمیەوە نەمانبیست بەرژەوەندى هاووڵاتیان و حكومەت لەم بەرهەم و داهاتانە چەندە و كىَ سوودمەندى یەكەمە. زیاد لە چەند جار هات و چۆى بەغداتانكردو و هەمیشە دەتانگوت كۆبونەوەكان ئیجابیبوینە، بەڵام بە تەلەفۆنى تایبەتى خۆتان لێدوانتان بە رۆژنامە و رۆژنامەنووسەكاندەدا كە بەدەستى بەتاڵ گەڕاونەوتەوە. كاتێكیش رەخنەتان لێدەگیرا كە بۆ بەدەستى بەتاڵگەڕاونەتەوە، ئیدى دەمى وتەبێژى حكومەت دەبێتەوە و هەزار شێرو رێوى دەهێنێتەوە تا بیسەلمێنێت ئێوە بەدەستى بەتاڵ نەگەڕاونەتەوە، بۆیە ناهەقمان مەگرە جەنابى سەرۆكى حكومەت كە نەزانین بە كامیان بڕوا بكەین. ئەوەى بە تەلەفۆن شكستى سەفەرەكەى راگەیاندوە، یان ئەوەى دەیەوێت خەڵكى چەواشەبكات.
 سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان "نێچیرڤان بارزانى" لە دیدارێكى رۆژنامەى شەرق و ئەلئەوسەتدا گوتى: كۆمەڵگەى كوردى تەمبەڵن. لە بەرامبەرئەو قەسەیەدا رۆژنامەنووسان هاواریانكرد و چەندین نووسین و وێنەیان بڵاوكردەوە لە دژى لێدوانەكانى، بەڵام سەرۆكى حكومەت نەهات راستەوخۆ بەبەرچاوى هاووڵاتیان و لە میدیاى ناوخۆدا بۆچونەكەى بەبەڵگە و دیكۆمێنت پشتڕاستبكاتەوە. د. عەباس وەلى لە زانكۆى كوردستان دەركرا و هەڵڵایەكى گەورەى ئیعلامى لەسەر دروستكرا، بەڵام سەرۆكى حكومەت لەمەشیانە بێدەنگى هەڵبژارد. جەنابى سەرۆكى حكومەتى كوردستان خۆت گەنجیت و دڵنیام كە باش لەوەدەگەیت ئاخۆ كێشەى خەڵك و گەنج لە چیدایە، بەڵام راوێژكارانت هەریەكە و بە ئەقڵى ناوچەگەرى و خزم خزمێنە و دۆستایەتى تایبەتى ئیمتیاز دابەشدەكەن. پێشم سەیرە لە شوێنى تۆدا بڕیار لەسەر چارەنووسى كەسانى دیكە دەدرێت و بەناوى تۆوە رۆژنامەنووس و نووسەران لەسەر رەخنە و بیروبۆچون فەسڵدەكرێن. قوربان مەشاعیرى باوەڕ بوون بە غرور بۆ نەتەوە و میللەتى خاوەن شارستانى و كلتوورێكى دەوڵەوەندوو پڕ ئەزمون رەوایە، بەڵام هەستى غرور لەلاى تاك و ئینسانەكان مایەى نەگبەتییە بۆ گەل و نیشتمان. سەرۆكى حكومەت تا ئێستا رووبەڕوو تۆم نەبینیەوە و  پارەشم لەو كەسانە وەرنەگرتوە كە بترسم لەوەى رۆژێك لەرۆژان بە چاومدابدەنەوە و پێم بڵێن هەى پیاوى حكومەت و دەسەڵاتى نمەك حەڕام، بەڵام مافیش بە خۆم نادەم بىَ ویژدانى بەرامبەر بە دەسكەوتەكانى بزوتنەوەى رزگاریخوازى نەتەوەكەم بكەم و رابردووم رەشبكەمەوە. لەگەڵ ئەوەشدا جەنابى سەرۆك پێم خۆشنیە  هەمیشە لەسەر خاك و نیشتمانى خۆمان بە چاوى میوان و كرێچى چاو لە رۆژنامەنووس و نووسەر و هاووڵاتیان بكرێت، رەنگە ئەم قسەیە بەردڵى زۆر كەس بگرێت و بە دەنگى ناحەز و نەیار وەسفمان بكات، بەڵام خۆشبەختم بەوەى تروسكایەك هەناسەى ئازادى لە قورگى چەند نموونەیەكى وەك جەنابتان ماوە كە دەرگاى چەواشەكارى دابخات و لە بەرامبەر ئەوەدا پەنچەرەكانى شەفافیەت و راستگۆیى بۆ هاووڵاتیان بخاتە سەرپشت.


 تێبینى: ئەم نووسینە لە گۆشەى"دەنك"ى ژمارە 442 رۆژنامەى كوردستان راپۆرت بڵاوبۆتەوە.
 
dlzarhessen@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.