ڕووداو له ڕۆمانی هه‌یئه‌دا … سه‌باح شێخانی
ده‌روازه
ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی، خوێنه‌ری له گشت كایه‌كاندا هه‌یه، ئاخر چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی فیكریی و هونه‌ریی و سایكۆلۆژیی له‌خۆوه ده‌گرێت، هه‌ر خوێنه‌ره و له ڕوانگه‌یه‌كی ئه‌م ڕه‌هه‌ندانه‌وه خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته جێگای گرینگی و بایه‌خپێدانی ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب به تایبه‌تی و نووسه‌ران به گشتی، ئه‌م گرینگی پێدانه وایكردووه ساڵانه چه‌ندین كتێب و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر لایه‌نه جیاجیاكانی ڕۆمان بنووسرێن و بڵاوبكرێنه‌وه.
پێناسه و پێكهاته‌ی ڕووداو
ڕۆمان فۆرمێكی هونه‌رییه، بناغه‌كه‌ی ته‌نیا له‌سه‌ر یه‌ك ته‌كنیك و بنه‌ما و توخم دروست نابێت، به‌ڵكو ده‌قی ڕۆمان له‌سه‌ر چه‌ند توخمێك دروست ده‌بێت، ئه‌م توخمانه ده‌كه‌ونه پێوه‌ندی كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و به‌شداری ده‌كه‌ن له بونیادی ده‌قی ڕۆماندا، ئه‌م توخمانه‌ش به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن ناتوانن كاربكه‌ن، به‌ڵكو پێوه‌ندییه‌كی به‌هێز و پته‌و به یه‌كتریان ده‌به‌ستێته‌وه، هه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ش ئه‌و فۆرمه هونه‌رییه دروست ده‌كه‌ن كه پێی ده‌وترێت ڕۆمان، دیارترین توخمه پێكهێنه‌ره‌كانی ڕۆمانیش بریتین له (كاره‌كته‌ر، ڕووداو، شوێن، كات).
ڕووداو توخمێكی سه‌ره‌كی بونیادی ڕۆمانه و یه‌كێكه له‌و توخمانه‌ی كه له پاڵ (كاره‌كته‌ر، كات، شوێن) دا، توخمه هونه‌رییه‌كانی ڕۆمان پێكده‌هێنێت. توخمه‌كان هه‌ر یه‌كێكیان به پێی پێویستی به‌شداری له بونیادی هونه‌ری ده‌قی ڕۆماندا ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئاماده‌یی و به‌رده‌وامی توخمی ڕووداو، له پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌دا دیارده‌یه‌كی هه‌ستپێكراو و تێبینیكراوه، به‌م پێیه‌ش ڕووداو ( كردارێكه سه‌ره‌تا و ناوه‌راست و كۆتایی) هه‌یه، له ڕووی ئۆرگانییه‌وه به توندی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراون، به‌شێوه‌یه‌ك به لابردنی یان گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌شێكی ئه‌م پێكهاته‌یه، ته‌واوی ده‌قه‌كه ده‌شێوێنێت. هه‌ر له‌باره‌ی ڕووداو له ڕۆماندا دكتۆره شوكریه ڕه‌سوول ده‌ڵێت: ( ڕووداو بریتییه له‌و زنجیره گۆڕانه‌ی كه به‌سه‌ر ڕه‌وشتی كه‌سه‌كاندا دێت له پێوه‌ندیی و كارڵێكردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ی دێن و ده‌چن .) (2)
گرنگه ئه‌وه بزانین ڕووداوی هه‌ر ڕۆمانێك له ڕێی زنجیره كردارێكه‌وه، له‌سه‌ره‌تا و ناوه‌راست و كۆتاییه‌وه خۆی ده‌نوێنێت و ده‌گێڕدرێنه‌وه، ئه‌وه‌ته (عه‌بدوڵڵا عه‌لاوی) ده‌ڵێت: ( كردار ئه‌و ڕیزبوونه‌یه كه ڕووداوی تێدا ده‌رده‌كه‌وێت له چوارچێوه‌ی كاتدا.) (3) هه‌روه‌ك گوتمان ڕووداو وه‌ك توخمێكی سه‌ره‌كی ڕۆمان سه‌یر ده‌كرێت و به‌شێكیشه له به‌شه پێكهێنه‌ره‌كانی بونیادی ده‌قی ڕۆمان، به‌ڵام ڕووداویش له ناوخۆیدا شێوه و پێكهاته‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه، واته گواستنه‌وه و هه‌ڵبژاردن و وه‌رگرتنی ڕووداوه‌كان له لایه‌ن ڕۆماننوسانه‌وه به شێوه‌یه‌كی سه‌رپێی و هه‌ره‌مه‌كی نییه به‌ڵكو ڕووداوه‌كان پێویستیان به ڕیزبه‌ندی و ڕێكخستن هه‌یه، جا چ ئه‌وانه‌ی ڕۆماننووس له واقیع وه‌ریانده‌گرێ یان ئه‌وانه‌ی له خه‌یاڵی خۆیدا نه‌خشه‌ی بۆ ده‌كێشێت یا ئه‌وانه‌ی له واقیع و خه‌یاڵ تێكه‌ڵیان ده‌كات، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ڕۆمانووس ڕووداوه‌كانی هه‌یئه‌ی له واقیع وه‌رگرتووه ( له 9_8_1977 چوار هه‌ڤاڵ و به‌نده له‌سه‌ر چالاكی پێشمه‌رگانه‌ی نێو شار گیراین و براین بۆ (هه‌یئه خاصه) له كه‌ركووك. دوانمان هه‌ڵاتین و دوانیشمان له سێداره دران و یه‌كێكیشمان به حوكمی ئه‌به‌دی مه‌حكوم كرا. ئه‌م داستانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوه‌یه.) وه‌رگرتنی ڕووداوه‌كان له لایه‌ن نووسه‌ره‌وه به پرۆسه‌یه‌كی هونه‌ریی و ڕێڕه‌وێكی تایبه‌ت كه له لایه‌ن نووسه‌ره‌وه بنیاتنراوه،تێپه‌ر ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له نوێ له دایك ببێته‌وه،ڕۆماننوس (ئه‌و ڕووداوانه وه‌رده‌گرێت و دووباره به‌سه‌ریاندا دێته‌وه و ده‌سكارییان ده‌كات و گۆڕانییان به‌سه‌ردا دێنێت و به پێی مه‌رجه هونه‌رییه‌كان ڕێكیان ده‌خات و دایانده‌ڕێژێته‌وه، ئه‌و ڕێكخستن و دارشتنه‌وه‌یه پرۆسه‌ی پێكهاتنی گرێچنی “پلۆت” چیرۆك پێكده‌هێنێت) (4)
گرێچنیش ته‌نیا خاڵێكی ڕووداوی ڕۆمان ناگرێته‌وه، یاخود ته‌نیا له خاڵ و پنت و به‌شێك دروست نابێت، به‌ڵكو گرێچنی هه‌ر ڕۆمانێك له (سه‌ره‌تا و ناوه‌راست و كۆتایی) یه‌وه پێكدێت و به‌هه‌ر سێكیان میكانیزمی ته‌واوی ڕووداوێك پێكده‌هێنن (گرێچنی هه‌ر ڕووداوێك له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێده‌كات و به‌ره‌و هه‌وراز هه‌نگاو ده‌نێ، دواتر ورده ورده به‌ره‌و خوار دێته‌وه.) (5) ڕووداوه‌كان سه‌ره‌تا ورده ورده سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و له حاڵه‌تی هه‌ڵكشاندا ده‌بن تا ده‌گه‌نه تێكچرژان و ئالۆزبوون و ده‌چنه حاڵه‌تی لوتكه و گرێی ڕووداوه‌كان دروست ده‌بێت كه ئه‌وپه‌ری ورووژاندنی خوێنه‌ره، پاشان ڕووداوه‌كان به‌ره‌و خواره‌وه دێن و ده‌كه‌ونه حاڵه‌تی داكشان و ڕیتمی ڕووداوه‌كان خێرا ده‌بێت و ئالۆزی و گرژی ڕووداوه‌كان به‌ره‌و خاڵی چاره‌سه‌ر هه‌نگاو ده‌نێن، ئه‌مه‌ش له‌ئه‌نجامی جولانه‌وه و گه‌شه‌كردن و به‌ره‌و پێشچوون و ئالۆزبوونی ڕووداوه‌كان و به هۆی ململانێی كاره‌كته‌ره‌كانی ناو ڕۆمان یان كاره‌كته‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا دروست ده‌بێت. (گرێچن داهێنراوێكی هونه‌رییه له لایه‌ن نووسه‌ره‌وه داهێنراوه، تاكو لایه‌نی هونه‌ركاری ده‌قی پێ بخاته ڕوو.) (6) سه‌ره‌تای ڕووداو له ڕۆماندا بایه‌خێكی گرنگی هه‌یه، چونكه ده‌ستپێكردنی ڕووداوه‌كان له‌وێوه‌یه و ده‌روازه‌یه‌كه بۆ چوونه نێو ڕووداوه‌كان یان زه‌مینه‌سازییه‌كه بۆ ڕووداوی ده‌قه‌كه، بۆیه ڕۆماننووس به شێوه‌یه‌كی سه‌رنج ڕاكێشانه و به‌رزی هونه‌ری، سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كان داده‌ڕێژێت، به جۆرێكی وا كه خوێنه‌ر بۆ خۆی كێش بكات و نه‌توانێ واز له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه بێنێت، بۆیه باشترین سه‌ره‌تا ئه‌وه‌یه كه به درامی و وه‌سف ده‌ست پێ بكات ( كه كلیلی ده‌رگای ماڵه‌وه‌م وه‌رچه‌رخان، ئه‌وسا زانیم چ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌م كردووه، نه‌ده‌بوو بگه‌رێمه‌وه…نا… به‌ڵام تازه كار له كار ترازابوو، چونكه به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌و شه‌وه دره‌نگه نه‌مده‌توانی برۆمه‌وه بۆ ئه‌و ماڵه‌ی له‌م مانگه‌ی دواییدا، ببووه حه‌شارگه و شوێنی حه‌وانه‌وه‌م.) ده‌سپێكی هه‌یئه ل7. هونه‌ری داڕشتنی سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كانی ڕۆمان و چیرۆك هه‌موو كاتێك به كارێكی سه‌خت داده‌نرێت، سه‌ره‌تا كار له سایكۆلۆجیه‌تی خوێنه‌ر ده‌كات و به ده‌قه‌كه‌ی ده‌به‌ستێته‌وه، چونكه سه‌ره‌تا بریتییه له كۆمه‌ڵێك ئاماژه و كۆد كه ڕۆماننووس له‌ملا و له‌ولای ده‌ق فرێیان ده‌داته به‌رده‌م خوێنه‌ر. لایه‌نێكی گرینگی تری سه‌ره‌تا ئه‌وه‌یه، كه ده‌بێت داڕشتنی هه‌ر سه‌ره‌تایه‌ك پێوه‌ندییه‌كی پته‌وی به به‌شه‌كانی دواوه‌ی خۆی هه‌بێت. سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كان ده‌روازه‌یه‌كه بۆ به‌شه‌كانی تری ڕووداو و ده‌بێته هۆی ڕوودانی ڕووداوه‌كانی ناوه‌راست و كۆتایی. ناوه‌راست، كه به‌شی دووه‌مه له به‌شه‌كانی ڕووداو له دوای سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كان ده‌ست پێده‌كات، ئیتر ڕووداوه‌كان به‌نێویه‌كدا ده‌چن، تا ئه‌لقه‌كانیان توند ده‌بن. به‌شی سێیه‌می ڕووداویش بریتییه له كۆتایی، كۆتایش ئه‌و ئه‌نجامه‌یه كه ڕووداوه‌كانی لێوه ده‌رده‌كه‌ون و چاره‌نووسی پاڵه‌وانه‌كانی تێدا ده‌رده‌كه‌وێت، گرینگی و بایه‌خی كۆتایی له‌وه‌دایه، كه هه‌موو ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ی تیایدا ڕوون ده‌بنه‌وه، به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری وا ده‌خرێته ڕوو كه خوێنه‌ر هه‌وڵ بدات زوو بگاته ئه‌نجامی ڕووداوه‌كان، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ڕووداو و كه‌سه‌كانی ناو چیرۆك له‌سه‌ره‌تادا كارلێك ده‌كه‌ن، ئینجا په‌ره‌ده‌ستێنن و به‌ره‌و ئاڵۆز بوون ده‌چن و له لووتكه‌دا ده‌گه‌نه ئه‌وپه‌ری په‌ڕه‌سه‌ندن و ئالۆزبوون و چڕبوونه‌وه له خاڵێكدا كێشه‌كه ده‌ته‌قێته‌وه و به‌ره‌و ئه‌نجامێك ده‌چێت، كه خاڵی كۆتایی هاتنی چیرۆكه‌كه پێكده‌هێنن. كۆتایی جگه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ته‌واوكردنی ڕووداوه‌كان ئه‌و ئه‌نجامه‌مان ده‌داتێ، كه ڕۆماننووس له‌سه‌ره‌تاوه مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی بووه و به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری دایڕشتووه.
سه‌رچاوه و كه‌ناڵی ڕووداو
بونیادی ڕووداوه‌كان له ڕۆماندا، گرنگترین و قورسترین ئه‌ركه كه تووشی ڕۆماننووس ده‌بێت، كارێكی یه‌كجار ئاڵۆزه، پێویستی به توانا و هونه‌رێكی زۆر هه‌یه، مامه‌ڵه‌كردنی ڕۆماننووسانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه سوودیان لێ وه‌رده‌گرن جیاوازه، ڕۆماننووس ده‌توانێ سوود له هه‌موو كه‌ناڵ و سه‌رچاوه‌یه‌ك وه‌ربگرێت، به‌ستنه‌وه‌ی ڕۆمان به چه‌ند بابه‌ت و وێنه و سه‌رچاوه و كه‌ناڵه‌وه، كارێكی دژواره، چونكه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانرێت ئه‌و بابه‌تانه ده‌ست نیشان بكرێت كه ڕۆماننووس سوودیان لێ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ڕۆماننووسی به‌توانا ده‌توانێت سوود له هه‌موو سه‌رچاوه‌یه‌ك وه‌ربگرێت و له بێژنگی بدات و شێوه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رزی لێ به‌رهه‌م بێنێت، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی ناوه‌رۆكی ڕووداوه‌كان گرنگی هه‌یه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی ده‌قه‌كه پێوه‌ندی به چۆنیه‌تی به‌كارهێنان و مامه‌ڵه‌كردن و شێوه‌ی به‌كارهێنانی بابه‌ته‌كانه‌وه هه‌یه ( چیرۆكنووس كه نموونه‌ی پاڵه‌وانێك له واقیعی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێ، پێویسته پاڵه‌وانه‌كه سیمای واقیع و بۆچوونی ئینسانه‌كانی ده‌وروپشتی پێوه دیار بێت و به به‌رچاو ڕوونییه‌وه هه‌ڵوێست و بار و زرووفه‌كه‌ی دیار بكرێت.) (7)
گرنگی ڕووداو
ڕووداو ڕۆلێكی كارای هه‌یه له پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌دا، هه‌روا شتێكی ئاسان و سه‌رپێی نییه، به بێ بوونی ڕووداو ڕۆمان مانایه‌كی ئه‌وتۆی نامێنێت، ڕووداو به بڕبڕه‌ی پشتی ڕۆمان داده‌نرێت جا ئه‌و ڕووداوانه ڕووداوێكی واقیعی بێ یان تێكه‌ڵكردنی خه‌یاڵ و واقیع بێت، له ڕاستیدا ڕۆمان خۆی له خۆیدا پێشاندان و په‌خشكردن و خستنه‌ڕوو و باسكردن و وێنه‌گرتنی ڕووداوێكه، كه‌واته لایه‌نێكی هه‌ره گرنگی ڕووداو ئه‌وه‌یه كه له هه‌موو ده‌قێكی ڕۆماندا ئاماده‌یی هه‌یه، به بێ ڕووداو ده‌قی ڕۆمان دروست نابێت، به واتایه‌كی تر ده‌قی ڕۆمان له‌سه‌ر ڕووداو له‌نگه‌ر ده‌گرێت و بوونی ڕۆمان په‌یوه‌سته به بوونی ڕووداوێك یان چه‌ند ڕووداوێك ، چونكه هه‌ر ڕووداوه وزه و هێز و توانا و جموجۆڵ ده‌داته ڕۆمان، كه‌واته ڕووداو ڕه‌گه‌زێكی ڕه‌سه‌نه و ناتوانرێ له هیچ ڕۆمانێكدا چاوپۆشی لێ بكرێت. له لایه‌كی تره‌وه ڕووداو سه‌نته‌ری به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و گوتار یان په‌یامه‌یه كه ده‌قه‌كه‌ی له پێناودا خوڵقاوه. واته مه‌به‌ست و فه‌لسه‌فه و په‌یامی ڕۆماننووس له ڕووداوه‌كانی ده‌قدا ڕوون ده‌بێته‌وه، یا چاكتر بڵێین ئه‌و شتانه‌ی ڕۆماننووس ده‌یه‌وێت بیلێ، له ڕێگای ڕووداوه‌كانه‌وه جیهانبینی و بیروڕای خۆی پێشكه‌ش ده‌كات.
ڕووداو له هه‌یئه‌دا
ڕۆمانی (هه‌یئه)، دوا ڕۆمانی سه‌لام عه‌بدوڵڵایه، له 2003دا چاپكراوه، دواتر چاپی (دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م) ی بۆ كراوه و (174) لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره مام ناوه‌ندییه. له‌م ڕۆمانه‌دا، ده‌توانین له ڕووی هونه‌رییه‌وه دوو جۆر ڕووداو دیاری بكه‌ین، كه ئه‌وانیش ( ڕووداوی سه‌ره‌كی و ڕووداوی لاوه‌كی) ن. ڕووداوی سه‌ره‌كی له هه‌یئه بونیادی گێرانه‌وه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه . ڕووداو له هه‌ر ده‌قێكی ڕۆماندا سێ شێوه‌ی هه‌یه، جاری وا هه‌یه ڕووداوه‌كان له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و هه‌ڵده‌كشێن و پاشان به‌ره‌و كۆتایی ده‌جن، جاری واش هه‌یه ڕووداوه‌كان له ناوه‌ڕاسته‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و پاشان به‌ره‌و كۆتایی ده‌ق و دواتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ره‌تا، هه‌ندێ جاری دیكه‌ش سه‌ره‌تای ده‌قێك كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌یه و پاشان گه‌رانه‌وه بۆ سه‌ره‌تا و پاشان ده‌چێته‌وه ناوه‌راست. ڕووداو له (هه‌یئه) له جۆری یه‌كه‌مه، واتا سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه، سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردن و ڕوودانی ڕووداوه‌كانه. ڕۆمان ئه‌و گۆشانه‌ی مێژوو وێنه ده‌گرێت كه مێژوونووسان نایبینن، سه‌ره‌تای ڕووداوی ڕۆمانه‌كه به‌و شێوه‌یه ده‌ست پێ ده‌كات كه (سه‌رم هه‌ڵبری، سه‌ربانی ماڵه‌كه‌مان پڕ بوو له سه‌رباز، ڕه‌وه سه‌ربازێكیش به پاڵ ده‌رگاكه‌یان كرده‌وه و به ڕاكردن ڕووه و حه‌وشه‌كه هاتن. شریخه‌ی ڕاكێشانی میلی تفه‌نگ و هاواری نه‌جووڵێن، سه‌ره‌تای كاره‌ساته‌كه‌ی به ئاشكرا ده‌دركاند و هیچ گومانی نه‌ده‌هێشته‌وه كه ئه‌وانه بۆ گرتنی من هاتوون.) ل 8
(سه‌ربازه‌كان چوار ده‌وریان دام، یه‌كێ له‌قه و یه‌كێك بۆكس و یه‌كێك چه‌پۆك و یه‌كێك قۆناغی پێدا ده‌دام، منیش به ئاسته‌م خۆم به پێوه ده‌گرت، هه‌ستم لای خۆم نه‌ما بوو.) ل 9.
(په‌لیان له پشته‌وه به‌ستمه‌وه و به پارچه په‌ڕۆیه‌كیش چاویان پۆشیم و به پاڵ بردیانم.) ل 9.
(ده‌ستیان دایه بن باڵم و فڕێیان دامه نێو پشتی پێكابێكه‌وه.) ل 9 گرینگی سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه له‌وه‌دایه كه به چه‌ند په‌ره‌گرافێك نرخ و گرینگی، یه‌كه یه‌كه‌ی توخمه‌كان دیاری ده‌كات. سه‌باره‌ت به ناوه‌راستی ڕووداوه‌كانیش ده‌توانین بڵێین له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌كات كه هه‌ندێك له به‌ندكراوه‌كان پلان بۆ ڕاكردن و هه‌ڵهاتن له هه‌یئه داده‌نێن، دوای بیركردنه‌وه و مشتومرێكی زۆر بڕیاری ئه‌وه ده‌ده‌ن كه پلانه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نیوه شه‌وێك ڕاده‌كه‌ن (ئیدی هاتینه ناو سه‌ربازگه‌كه‌وه، ڕووه و ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌ربازگه‌كه ملمان نا. ماوه‌ی نێوان به‌ندیخانه‌كه‌مان و ته‌لبه‌نده‌كانی ده‌ره‌وه ، هه‌ر سه‌د مه‌ترێك بوو، پێویست بوو به زووترین كات بیگه‌ینێ.) ل134
(گه‌یشتینه نزیك ته‌لبه‌نده‌كانی ده‌ره‌وه، به‌رزایی دوو مه‌تر زیاتر ده‌بوو، ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌لبه‌ندانه‌ی سه‌خت كردبوو، ئه‌وه بوو، كه ته‌له دڕكاوییه‌كانی ڕووه و ژووره‌وه بوون و ئه‌وه‌ش هه‌ڵزنانی به‌سه‌ردا گه‌لێك قورس ده‌كرد. به‌ڵام چار چی بوو.) ل 134 ناوه‌راستی ڕووداوه‌كان زۆر درێژ ده‌بێته‌وه، به جۆرێك ڕووداوی ڕاكردنه‌كه و به ئه‌نجام گه‌یاندنی پلانه‌كه و تا گه‌یشتن به سله‌یمانی نزیكه‌ی چل لاپه‌ڕه ده‌بێت به‌جۆرێك هه‌ر له لاپه‌ڕه (134 تا 174) ده‌گرێته‌وه. كۆتایی ڕووداوه‌كان، له ئه‌نجامی لوژیكیانه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی ڕووداوه‌كانی پێش خۆیه‌وه هاتووه (ده‌مویست به زووترین كات شار به جێ بهێڵم و ماڵئاوایی له ژیانی خۆشاردانه‌وه بكه‌م.نزیك گردی سه‌یوان دابه‌زین، خۆشبه‌ختانه هیچ نه‌هاته ڕێَگه‌مان، ورده ورده به گرده‌كه‌دا سه‌ركه‌وتین. كات نیوه شه‌و بوو، شه‌وێكی یه‌كجار تاریك، سه‌یری ئاسمانم كرد، ئه‌ستێره‌كان پێده‌كه‌نین. ئاورم بۆ دوایین جار له سله‌یمانی دایه‌وه، گڵۆپه‌كانی كز كز ده‌سووتان. شار نوقمی خه‌و بوو. كزه‌بای سه‌ره‌تای پاییز ده‌یدا له‌سه‌روچاوم، منیش یه‌كه‌مین هه‌نگاوم به‌ره‌و ژیانی پارتیزانی و ئازادی ده‌نا.) ناوبردنی ڕووداو به ڕۆحی ده‌ق بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه كه (ڕووداو به سروشتی خۆی تێكه‌ڵ به ژیانی مرۆڤه،جا ئه‌و ڕووداوانه جۆر به‌جۆرن، له ڕووی چه‌ندێتی و چۆنیه‌تی،به جۆرێك كار له مرۆڤ ده‌كه‌ن زۆر جار وا ده‌كات ژیانی بگۆڕدرێ.) (8) ڕووداو كار و كرده‌وه‌یه‌كه، به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌م ڕۆمانه‌دا گێڕدراته‌وه و به سیستمێكی دیاریكراو له‌لایه‌ن ڕۆماننووسه‌وه به‌ڕێوه چووه.
———————–
سه‌رچاوه و په‌راوێز
1_ سه‌لام عه‌بدوڵڵا، هه‌یئه (ڕۆمان) چاپی دووه‌م، 2003
2_د. شكریه ره‌سول: ئه‌ده‌بی كوردی و هونه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب، مگابع التعلیم العالی، اربیل، 1989، ل151.
3_ عبدالله ابراهیم علاوی: البنائ الفنی فی روایه الحرب العربیه فی العراق (1908_1985)، رساله ماجستیر، كلیه الاداب، جامعه بغداد، بغداد، 1987، ص24.
4_په‌رێز سابیر محه‌مه‌د: بینای هونه‌ری چیرۆكی كوردی له‌سه‌ره‌تاوه تا سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، نامه‌ی ماسته‌ر، كۆلێژی ئاداب، زانكۆی سه‌لاحه‌ددین، هه‌ولێر، 1992، ل 109.
5_ حوسێن عه‌لی سابیر: بینای ڕووداو له ڕۆمانی (مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته)دا، گۆڤاری ڕامان، ژماره (125) له 5_10_2007 ، ل62.
6_ ڕێزان عوسمان مسته‌فا: بنیاتی جۆره‌كانی ڕووداو له ڕۆمانی كوردی باشووری كوردستان(1985_1990) دا، نامه‌ی ماسته‌ر، كۆلیژی زمان، زانكۆی سه‌لاحه‌ددین، هه‌ولێر، 2008 ، ل18.
7_ ئازاد عه‌بدولواحید: په‌نجه‌ره بچووكه‌كان، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2011، ل167
8_ ئاره‌زوو محه‌مه‌د عه‌لی: ته‌كنیك له ڕۆمانه‌كانی (عه‌بدوڵڵا سه‌راج) دا، نامه‌ی ماسته‌ر، كۆلیژی په‌روه‌رده بۆ زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان، زانكۆی سه‌لاحه‌ددین، هه‌ولێر، 2009، ل 117