Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
که‌رکووکه‌خه‌م  – هه‌شت …. ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

که‌رکووکه‌خه‌م – هه‌شت …. ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

Closed

 

 

 

له‌ قۆناخی ناوندیدا بووم، له‌ سانه‌وی کفری ده‌مخوێند. کفری، ئه‌وسا دوور له‌ ئێستا، شار بوو. به به‌راورد له‌ته‌ک باژێڕه‌کانی سلێمانی و که‌رکووک و خانه‌قیندا، چواره‌م شاری ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ بوو، که‌رکووک یه‌که‌م و سلێمانی دووه‌م و خانه‌قین سێیه‌م و کفرییش چواره‌م بوو. کفری، گه‌ره‌ترین شارۆکه‌ یا قه‌زای سه‌ر به‌ ئوستانی که‌رکووک بوو. له‌و ته‌مه‌نه‌دا،  بێجگه‌ له‌ مه‌کته‌ب و گه‌مه‌ و پیاسه‌ و تێکه‌ڵاویی هاوڕێیه‌کانم، زۆرجارانیش گوێم ده‌دایه‌ ڕادیۆی کوردی به‌غدا و چێژم له‌ گۆرانی و مۆسیقا وه‌رده‌گرت. جارجار به‌ خه‌یاڵمدا ده‌هات و  نامه‌م ده‌نارد بۆ ئه‌و ڕادیۆ کوردییه‌ و داوای گۆرانیم ده‌کرد و جارجاریش حه‌زم ده‌کرد،  نامه‌ بۆ که‌سانێکی ناسراو، که‌ له‌و ڕادیۆیه‌ کاریان ده‌کرد، بنێرم. وه‌ک نموونه‌: مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، که‌ جارێکیان نامه‌یه‌کم بۆ نووسی و سه‌رسامبوونی خۆم به‌ ده‌نگ و گۆرانی و مۆسیقاکانی ده‌ربڕی و داوام لێکرد باسی ژیانی خۆیم بۆ بنووسێت و وێنه‌ی خۆیم بۆ بنێرێت. ئه‌وده‌م نامه‌نووسین و نامه‌گۆڕینه‌وه‌،  باو بوو.  نامه‌که‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردانم ئاماده‌کرد و ناوونیشانی ڕادیۆی کوردیی به‌غدام له‌سه‌ر زه‌رفه‌که‌‌ نووسی و نووسیشم، که‌ ئه‌و نامه‌یه‌ بگاته‌ ده‌ستی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، دیاره‌ نامه‌که‌م به‌ کوردی نووسیبوو، لێ ئه‌و ناوونیشان و ئه‌وانه‌ی سه‌ر زه‌رفه‌که‌م به‌ عه‌ره‌بی نووسی. ئه‌وده‌مه‌ ده‌بوو به‌ عه‌ره‌بی بنووسرێ، چونکه‌ عه‌ره‌بی زمانی ڕه‌سمیی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ش بوو. نامه‌که‌م هه‌ڵگرت و چووم بۆ پۆسته‌خانه‌(پۆست)، که‌ کارگێڕییه‌ک بوو بۆ پۆست و ته‌لیفۆن و ته‌لیگراف و له‌ هه‌موو شار و شارۆکه‌یه‌کدا هه‌بوو و‌ پێیان ده‌گوت، دائیره‌ی به‌رید و به‌رق(دائرة البرید والبرق)، واته‌: کارگێڕی یا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆست و بروسکه(ته‌لیگراف)‌. ئه‌وده‌مه‌ ئه‌و جۆره‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ بۆ هاووڵاتییان هه‌بوون و وه‌ک ئێستا قوڕی پێوه‌ نه‌درابوو، که‌ خه‌ڵک له‌و وڵاته‌ی خۆمان(کوردستان)، هه‌ر نازانێ، پۆست چ واتایه‌کی هه‌یه‌ و بۆ چی باشه‌، چونکه‌ هه‌ر نییه‌. که‌ چوومه‌ به‌رده‌م ئه‌و کارمه‌نده‌ی، ده‌بوو نامه‌که‌ی بده‌مێ و  پاره‌ی بده‌مێ، بۆ ئه‌وه‌ی پوول له‌ زه‌رفه‌که‌ بدات و نامه‌که‌ بنێرێ، یه‌کسه‌ر ناسیمییه‌وه‌ و ده‌یزانی کێم و کوڕی کێم و سه‌ر به‌ چ بنه‌ماڵه‌یه‌کم. ئه‌و ناوی ڕیفعه‌ت بوو و تورکمان بوو. له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی که‌رکووک، تاووغ، خورماتوو، کفری، قه‌ره‌ته‌پپه‌، که‌ تورکمانیش له‌گه‌ڵ کورددا ده‌ژین، وه‌ک نه‌ریت و بۆماوه‌یه‌کی سه‌رده‌می عوسمانییه‌کان و کاریگه‌ریی زمان و فه‌رهه‌نگی تورکی، ئه‌و جۆره‌ ناوانه‌: ڕیفعه‌ت، جه‌وده‌ت، نه‌جده‌ت، ته‌لعه‌ت، سه‌فوه‌ت، مه‌دحه‌ت، نه‌شئه‌ت، عیززه‌ت، به‌هجه‌ت و…ئه‌وانه‌ له‌نێو تورکمانه‌کاندا، به‌ تایبه‌ت، گه‌لێک زۆرن و‌ له‌نێو کوردانیشدا هه‌ن، ته‌نانه‌ت  له‌ مسریش وه‌ها ناوگه‌لێک فره‌ن، ئه‌ویش هه‌ر به‌ هۆی فه‌ر‌هه‌نگی تورکی و ده‌سه‌ڵاتی تورکه‌وه‌ له‌وێ. دوای سڵاو له‌ ڕیفعه‌ت، نامه‌‌که‌م دایه‌ و ئه‌ویش، که‌ سه‌یری ناوونیشانه‌که‌ی کرد و لێی نووسرابوو ڕادیۆی کوردیی به‌غدا و ناوی عه‌لی مه‌ردانی پێوه‌ بوو، ده‌سبه‌جێ گوتی: تۆ کوردی یا سه‌ییدی؟ منیش گوتم هه‌ردووکیانم. جارێکی دیکه‌ پرسیاره‌که‌ی دووپات کرده‌وه‌ و منیش هه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی پێشووم دایه‌وه‌. جاری سێیه‌م پرسیاره‌که‌ی کرده‌وه‌ و من هه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی پێشووم دایه‌وه‌. ئه‌وجا گوتی: نا ئه‌وه‌ نابێ، تۆ ده‌بێ یه‌کێکیان بیت، یا کورد یا سه‌یید! من هه‌م گوتم، که‌ هه‌رددویانم. هه‌مدیس پێی گوتمه‌وه‌: ‌ ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌، تۆ ئه‌گه‌ر کوردیت ئه‌وا سه‌یید نیت و ئه‌گه‌ریش سه‌ییدیت ئه‌وا کورد نیت! من هه‌ر له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی خۆم سوور بووم و هه‌ر ده‌مگوت هه‌م کوردم و هه‌م سه‌ییدم. به‌ کوردییه‌که‌ی ده‌ستبه‌رداری هیچ یه‌کێک له‌و دووانه‌ نه‌ده‌بووم. من ده‌مزانی ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو،  ده‌ستبه‌رداری کوردبوونه‌که‌م بم و ئه‌و ناسنامه‌یه‌م لێ بستێنێته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نێ سه‌یید بم، ئه‌وا وه‌ک بنجوبناوان، ده‌بێ عه‌ره‌ب بم و بۆ ڕیفعه‌تیش ئه‌وه‌ گرنگ بوو، که‌ من کورد نه‌بم، ئیدی هه‌رچی ده‌بم با ببم. ئیدی ئه‌و (ڕیفعه‌ت)، که‌ دیتی سوودی نییه‌ و ناتوانێت له‌تم کات و کوردبوون و سه‌ییدبوونه‌که‌م، له‌یه‌کدی جودا بکاته‌وه‌، کۆڵی دا و پووله‌که‌ی له‌ نامه‌که‌ دا و پاره‌که‌ی لێ وه‌رگرتم و نامه‌که‌ی وه‌رگرت، بۆ ئه‌وه‌ی بینێرێ. به‌شێک له‌ هاوپۆل و هاوڕێیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌م، وه‌ک ڕیفعه‌ت تورکمان بوون، لێ بۆ من، له‌گه‌ڵ هاوڕێ کورده‌کانمدا، هیچ جیاوازییه‌کیان نه‌بوو. ئێستاش هاوڕێی تورکمانی ئه‌و ڕۆژگاره‌م هه‌یه‌، که‌ گه‌لێک له‌یه‌که‌وه‌ نێزیکین و دۆستایه‌تیمان هه‌ر ماوه‌ و به‌هێزه‌.‌ ‌من ئێستاش یه‌که‌م هاوڕێی منداڵیی ته‌مه‌نی پێنج ساڵانی خۆمم دێته‌وه‌ یاد، که‌ ناوی ئه‌حمه‌دی مه‌لا برایم بوو. ماڵی ئه‌حمه‌د هاوسێمان بوون و عه‌ره‌ب بوون. له‌و ته‌مه‌نه‌دا، نه‌ ئه‌حمه‌د و نه‌من، عه‌ره‌ب و کوردمان نه‌ده‌زانی. ئێمه‌ منداڵ بووین و  پێکه‌وه‌ وازیمان ده‌کرد و له‌ ماڵی یه‌کدی نانمان ده‌خوارد و ده‌خه‌وتین و هه‌رگیز گچکه‌ترین هه‌ستی جیاوازی له‌نێوانماندا نه‌بوو.  منداڵ، که‌ دێته‌ دنیاوه‌ و تا ته‌مه‌نێک، بێ نه‌ته‌وه‌ و بێ ئایین و بێ مه‌زهه‌ب و بێ هۆز و خێڵ و ته‌نانه‌ت بێ ڕه‌نگ و بێ ڕه‌گه‌زیشن. خێزان و کۆمه‌ڵگه‌ و ده‌سگاکانی جڤاک و میدیا و ده‌سه‌ڵاته‌، که‌ ئیدی منداڵ به‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ و ئایین و مه‌زهه‌ب و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و هۆز و خێڵدا، ده‌به‌شنه‌وه‌. من ئه‌و‌ده‌می نامه‌که‌م بۆ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان نارد،  چوارده‌ ساڵێک ده‌بووم. ڕیفعه‌ت پیاوێکی په‌نجاساڵه‌ی خڕه‌ڵه‌ی سوورکه‌ڵه‌ی سه‌رتاس بوو، که‌ هه‌میشه‌ پانتۆڵ و چاکه‌تی قاوه‌یی ده‌پۆشی. ڕیفعه‌ت، هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌یی تورکمانیی هه‌بوو و ده‌یه‌ویست هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌کن منیش ببزوێنێ، که‌ من ئه‌وده‌می، ئه‌و هه‌سته‌م به‌و شێوه‌ نه‌بوو، لێ پرسیاره‌کانی ڕیفعه‌ت، ختووکه‌یه‌کی هه‌ستی دام و وه‌ک بڵێی پێم خۆش نه‌بوو، وه‌ک ئه‌و بڵێم و بکه‌م و بهزرێم. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم، که‌ وه‌ها پرسیارێک هه‌رگیز ڕووبه‌ڕووی منداڵێکی چوارده‌ساڵانی هه‌ولێر، دهۆک، سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، زاخۆ، کۆیه، ئامێدی، چۆمان‌ و…نه‌ده‌بووه‌وه‌ و نه‌ ئێستاش ده‌بێته‌وه‌، لێ هه‌موو کوردێکی که‌رکووک، خورماتوو، کفری، خانه‌قین، شاره‌بان، مووسڵ، مه‌نده‌لی، شنگال، جه‌له‌ولا و ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان، که‌ عه‌ره‌بێنراون و داگیرکراون، نه‌ک هه‌ر ئه‌وده‌م، به‌ڵکه‌ ئێستاش، به‌ره‌وڕووی هه‌مان پرسیار ده‌بنه‌وه‌. ئه‌و پرسیاره‌، بۆ منداڵێکی چوارده‌ساڵان، بۆ خۆی ئه‌شکه‌نجه‌یه‌که‌ و ئه‌گه‌ر له‌م ئه‌وروپایه‌ بووایه‌، ده‌بوو بخرابایه‌ته‌ چوارچێوه‌ی نه‌ژادپه‌رستی و ڕقبوون له‌ نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵکی دیکه‌ و به‌ چه‌ندین دانیشتن له‌گه‌ڵ بژیشکی ده‌روونی و ده‌روونناس و ئه‌وانه‌، ئه‌وجا مرۆڤ گه‌یشتبایه‌ته‌ ئه‌نجامی ئاسووده‌بوونه‌وه‌ و دڵدانه‌وه‌ی منداڵێکی چوارده‌ساڵان. پاش ماوه‌یه‌ک له‌ مامۆستا عه‌لی مه‌ردانه‌وه‌ وه‌ڵامی نامه‌که‌م به‌ دست و خه‌تی خۆی درایه‌وه‌ و باسی ژیانی خۆی بۆ نووسیبووم و وێنه‌یه‌کی خۆیشی پێشکه‌ش کردبووم. ئای له‌و خۆشییه، عه‌لی مه‌ردان، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ نامه‌ بۆ من ده‌نووسێت و وێنه‌ی خۆییم بۆ ده‌نێرێ! ‌ بۆ ماوه‌یه‌ک ڕیفعه‌ت و پرسیاره‌ نابه‌جێیه‌کانیم له‌بیرچوونه‌وه‌‌ و هه‌ستم به‌ زاڵبوونێکی بێ وێنه‌ ده‌کرد به‌سه‌ر ڕیفعه‌تدا، لێ ئه‌و له‌بیرچوونه‌وه‌یه‌ و ئه‌و زاڵبوونه‌، ته‌نێ بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م بوو، ئێستاش وه‌ک سووکایه‌تیپێکردنێک و دادگاییکردنێک دێته‌وه‌ یادم و هه‌رگیز له‌ بیرگه‌مدا ناسڕێته‌وه‌. کورده‌ که‌رکووکییه‌کان، هێشتا نه‌ک  هه‌ر  ڕووبه‌ڕووی  سه‌دان پرسیاری له‌و جۆره‌  ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵکه‌ له‌ ڕه‌وشێکدا ده‌ژین، که‌ ئه‌گه‌ر خۆیان نه‌بنه‌وه‌ خاوه‌نی که‌رکووک و داگیرکارانی عه‌ره‌ب وه‌ده‌رنه‌نرێن، هه‌رگیز مه‌ترسی له‌نێوچوونیان له‌سه‌ر ناڕه‌وێته‌وه‌ و هه‌رگیز نابنه‌ خاوه‌نی که‌سیه‌تی خۆیان و دڵنیا و خۆشگوزه‌ران و ئاسووده‌ نابن.                                                                          

22 – 11 – 2013

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.