Skip to Content

دەسەڵاتى کوردى چیمان پێ دەلێت ؟!

دەسەڵاتى کوردى چیمان پێ دەلێت ؟!

Closed
by November 25, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

 

ئێمە لەمێژە درکمان بەوە کردووە کە دەمێکە و بەتایبەت لەدوواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە ، نەغمەیەکى ناسیۆنالیستى ڕووکەش و ساختە خەریکە بە قوڵى دونیاى ئێمە وێران و خاپور دەکات ، نەغمەیەک بەدەستێکى هەست و سۆزى عەوام بۆ خۆى پەلکێش و بەدەستەکەى تریشى زام و برینەکان قوڵترو قوڵتر دەکاتەوە و کێشەو ململانێى قورستر ڕووبەڕووى کۆمەڵگا دەکاتەوە و دەیخزێنێتە نێو پەیوەندییەکانى ئینسانى کوردەوە ، بێگومان کەرکوک وەکو شار ، وەک پێگەى جیۆپۆلۆتیکى ، وەکو پێگەى کۆمەڵایەتى و روحە فرەیى و پلورالییەکەى ، جیاوازتر لە شاران و شوێنانى ترى کوردستان ئەم وتار و نەغمە ناسیۆنالیستەى تێدا تەوزیف کراوە و خەسترو قەترانیتر ئەم ئاوازەى تێدا ساختە کراوە ، بەمانایەکى تر چیتر کەرکوک لەوە دەکەوێت کەیس و بابەتێکى نیشتمانى و نەتەوەیى باڵاو پیرۆز بێت ، بەپێچەوانەوە  بەڵکو لەوە نزیک دەکرێتەوە ببێتە بەرداش بۆ ململانێ پرۆکێنەرەکانى دونیاى سیاسەت و سیاسەتکاران . 

ئێمەى نوسەران ، ڕوناکبیران ، هونەرمەندان ، شانۆکاران و رۆژنامەنووسان ، چەندین جار ویستومانە نامەو بەیاننامەى دەستەجەمعى بنووسین ، بەڵام ترسى گەورەمان لەوە بووە بێ بنەما تومەتى تەخریب و تەخوین بخرێتە پاڵ وەزیفەى مەعریفیمان و بەئاراستەیەکى تر لێکبدرێتەوە ، دیارە ئەمەش هەڵەیەکى ترى کوشندەى سیاسەتە لەژیانى کلتوورى و مەعریفى ئێمەدا ، کە بەردەوام خۆى دووبارە دەکاتەوە ، بەڵام ئەمجارە دەمانەوێت ڕوونکردنەوەیەکى گرنگ ، ڕوون و ئاشکرا سەبارەت بە ئەداو روئیاى خراپى دەسەڵاتى کوردى بخەینە سەر مێزەکانیان لەمەڕ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم شارەداو بەتایبەت نەوەیەکى ڕوناکبیر کە لەم شارەدان و ئێستاشى لەگەڵدا بێت باجى گەورەیان بەخوێن و ئێسک و فرمێسک داوەو دەیدەن ، بۆیە چیتر ئامادە نین خۆیان ژێر پێى یارییەکانى دەسەڵات و بەڵێن و پەیمانە وەهمییەکانى بکەن ، بەڵێن و پەیمانگەلێک خوودى خاوەنەکەى بڕواى پێ نییەو دەیەوێت باوەڕ بە کۆى کۆمەڵگە بهێنێت .

ئێمە  تەواو هەست بەوە دەکەین کە دەسەڵاتى کوردى دەیەوێت لەرەمزە جوانەکانى کەرکوک و گەرمیان بدات ، کە نوسەرو روناکبیر هونەرمەندەکانییەتى ، واتا پێش ئەوەى کەرکوک بکات بەزۆنێکى وێران و خاپور ، دێت و لە سیمبولە  دیارەکانى ئەم شارە دەدات بەوەى تائیستا  بچوکترین رێزى لەم نوخبەیە نەگرتووە ، لەم سۆنگەیەوە ئێمە پێمان وایە دەسەڵاتێک ڕێزى رۆشنبیرو قەڵەم بەدەستەکانى نەگرێت ، بێگومان ڕێزى خەڵکەکەیشى ناگرێت ، گوێ بۆ رۆشنبیرەکانى نەگرێت ، گوێ بۆ ئینسانەکانى تریشى ناگرێت ، دەسەڵاتێک حورمەت بۆ نوسەرو و ڕوناکبیرەکانى دانەنێت ، ڕێز بۆ ئینسانەکانى ترى کۆمەڵگاش دانانێت . 

دیارە چەند رۆژێک پێش ئێستا وەزارەتى رۆشنبیرى ، ناوى ئەو کەسانەى بڵاو کردەوە کە کۆمەک دەکرێن بۆئەوەى بتوانن هەر هیچ نەبێ کەمێک ژیان و گوزەرانیان باشتر بکەن و کتێب و پرۆژە هونەرییەکانیان شەرەفمەندانە بخەنە بەر دەست خوێنەرو بینەر ، بەڵام زۆر بەداخەوە ، ساڵى پار لە کۆى (790) کەس تەنها ( 20 ) کەسى خەڵکى (( دڵ و قودسى کوردستان )) ى تیادا بوو ، ئەمساڵیش زۆر ناعادیلانەترو تراژیدى تر لە کۆى (( 694 )) کەس تەنیا ( 5 ) کەسى تێدایە خەڵکى  (( دڵ و قودس )) بن ، وەک ئەوەى بڵێى ئەم شارە نە ڕوناکبیرو نە هونەرمەندى تێدا نەبێ ، بێگومان ئێمە هەر ساڵى پار دەلالەتە قوڵ و ریشەییەکانى ئەم سوکایەتى پێکردنەمان هەست پێکرد ، کە دەلالەتى سیاسى و حیزبین لەسەر حیسابى کەرکوک و کەرکوکییەکان ، وەزارەتى ڕۆشنبیرى کە بانگەشەى ( ڕێزگرتن لە قەڵەم و مەعریفەت ) دەکات و ، واى پیشان ئەدات رێزى نووسین و داهێنان دەگرێت ، بەڵام ئەمە نە جارى یەکەمەو نە جارى دووەم کەرکوک و گەرمیانییەکان سوکایەتییان پێ دەکرێت و رێزو و حورمەت لە ماندوو بوونیان ناگیرێت ، وەزارەتێک کە مەعریفەو هزروو هونەر و ئەدەب ناناسێت و بێ هیچ پێوەرێکى مەعریفى لیژنەى هەڵسەنگاندن دروست دەکات و دوواجار رێزى لیژنەکەش ناگرێت و هەڵیدەوەشێنێتەوە و بەئارەزووى خۆى پارەو پولى وڵات بەسەر خەڵکى شیاو و نەشیاودا تەخشان و پەخشان دەکات ، ئایا ئەم وەزارەتە بە  چ شێوەیەک و بەکامە پێوەر بە خۆى دەڵێت ( وەزارەتى رۆشنبیرى ) ؟!

بۆیە ئەوەى بۆمان گرنگە بە هەمووانى بڵێین لەم چەند خاڵەدا چڕى دەکەینەوە :

خاڵى یەکەم : دەبێت هەرچى زووە وەزارەتى رۆشنبیرى سەبارەت بەم کارەى کردوویەتى ڕونکردنەوەمان بداتێ بەوەى بە چ پێوەرێک ئەم پارەیەی دابەش کردووە بە بێ رەچاو کردنى پرۆژەکان هەر کەسێک و بڕى چوار ملیۆن دینارى دراوەتێ ، لەمەشدا تەنها سیستمێک پشتى پێ بەستبێت بریتییە لە سیستمى گروپى ..!!

خاڵى دووەم : دەبێت وەزارەتى ڕۆشنبیرى ڕونکردنەوەى خێرامان بداتێ بۆچى ئەم وەزارەتە بەردەوام و بەئەنقەست مەبەستێتى سوکایەتى بەکەرکوک و رەمزەکانى بکات ؟ ئایا ئەمەى دەکرێت کاکى وەزیر دەیکات ، یان لە سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمەوە ئەم بێرێزییە رەوانەى ئەم شارەو رەمزەکانى دەکرێت ، ئەمانەوێت تێبگەین لەوەى کە ناتانەوێت خزمەت بە کەرکوک و گەرمیان و روناکبیرەکانى بکەن بۆچى سوکایەتییان پێ دەکەن ؟! 

خاڵى سێیەم : داواکارین هەرچى زووە لە کۆى ئەو کەرکوکییانەى فۆرمى ئەم ساڵیان بۆ سندووقى کۆمەکى کلتوورى پڕ کردۆتەوە لانى کەم سەد کەسیان کۆمەک بکرین بە پلەى A) ) _ وەکو خۆیان ناویان لێناوە .

خاڵى چوارەم : لەکاتێکدا ئەگەر وەزارەت بەپیرى خاڵى سێیەمەوە نەهات ، ئەوا ئەو کاتە ئەو ئەرکە کلتورى و مەعریفییە دەخەینە ئەستۆى پارێزگارى کەرکوکەوە پێى هەستێت ، چونکە بەهاوشان ئەو پرۆژانەى لە بوارە جیاجیاکاندا لەم شارەدا ئەنجام دراون ، پێویستە ئەم پرۆژەیەش وەک پرۆژەیەکى گەشەى مرۆیى تەماشا بکرێت ، کە دەچێتە خانەى ئاوەدانکردنەوەى شاروو بووژانەوەى گیانى بەرپرسیارێتى و ئاستى روحى تێکراى پێکهاتەکانى ئەم شارەوە . 

خاڵى پێنجەم : بێگومان ئەگەر وەزارەتى رۆشنبیرى بەزوویى وەڵامى خاڵى سێیەم نەداتەوە و ئەو داواکارییە جەوهەرییە جێبەجێ نەکات ، ئەوا ئێمە هەڵویستى تووندى دەستەجەمعى خۆمان رادەگەیەنین و خۆمان و قەڵەمەکانمان لە هەموو بڕیارو ئامادەگییەکى ئەو وەزارەتە بێ بەرى دەکەین . 

خاڵى شەشەم : چاوەرێى کردەوەى وەزارەتى رۆشنبیرین ، کردار نەک قسەى دووبارە کە بەو پەڕى سوکایەتى دەزانین . 

ئیمزا / کۆمەڵێک نوسەروو روناکبیرى شارى کەرکوک و گەرمیان .  

1- بورهان ئەحمەد..شاعیر و وەرگێڕ

2- هیمداد شاهین..نووسەر و لێکۆڵەر

3- سەباح ئیسماعیل .. نووسەر و وەرگێڕ

4- حەمە سەعید زەنگەنە.. چیرۆکنووس

5- دانا عەسکەر .. نووسەر و شاعیر

6- لەتیف فاتیح فەرەج .. نووسەر و ڕۆژنامەنووس

7- شاڵاو محەمەد.. ڕۆژنامەنووس

8- مەهدی زریان .. شاعیر و ڕۆژنامەنووس

9- موعتەسەم ساڵەیی..نووسەر و ڕۆماننووس

10- موعتەسەم ساڵەیی.. نووسەر و ڕۆژنامەنووس

11- عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) ..شاعیر و وەرگێڕ (کەنەدا)

12- مەحموود نەجمەدین..نووسەر و چیرۆکنووس

13- سامان محەمەد..نووسەر و مامۆستای زانکۆ

14- هەردەوێڵ کاکەیی .. نووسەری کەلەپووری

15- عەبدوڵا زەنگەنە..نووسەر و وەرگێڕ

16- عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ.. نووسەر و وەرگێڕ

17- ئەحمەد عارف..شاعیر و چیرۆکنووس

18- دابان کامیل..هونەرمەند موزیکژەن

19- حەسەن جومعە..شاعیر

20- عەباس جەمیل جێماو..شاعیر و هونەرمەند

21- محەمەد حەداد..شانۆکار

22- نوێنەر فاتیح .. ڕۆژنامەنووس

23- عەبدولستار جەباری..ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕ

24- ڕۆزار ئەحمەد..شاعیر

25- ڕامان حوسێن..هونەرمەند پەیکەرتاش (فیلەندا)

26- سالار ئیسماعیل سەمین..چیرۆکنووس و ڕۆماننووس

27- بورهان سلێمان..ڕۆژنامەنووس

28- ئاسۆ چرپە..شاعیر

29- شوکور ساڵەیی..بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکان

30- بورهان بەرزنجی..شاعیر

31- ڕێبوار تەیب..شاعیر

32- خالید باشبڵاخی..شاعیر

33- هێمن حەسیب ..ڕۆژنامەنووس

34- عەباس مەجید داودی..شاعیر و نووسەر

35- شاسوار محەمەد..هونەرمەند موزیکژەن

36- شوان سەدایی..شاعیر

37- سەڵاح قابیل..شاعیر

38- سۆران کامەران..ڕۆژنامەنووس

39- تەها تەیفور..نووسەر

40- هێمن دەلٶ..ڕۆژنامەنووس

41- ئەحمەد هەستیار..شاعیر

42- شەریف محەمەد عەلی..نووسەر

43- عوبێد ئەحمەد..نووسەر

44- عەلی عومەر..نووسەر و وەرگێڕ

45- ئیبراهیم مەجید تاڵەبانی .. شاعیر و نووسەر

46- هاشم عاسی کاکەیی.. نووسەر و ڕۆژنامەنووس

47- نزار محەمەد سابیر..نووسەر

48- هۆشیار بەکر عەزیز..فەرمانبەر

49- سێبەر ئەحمەد..شاعیر

50- ئەمیر فەخرەدین..مامۆستای زانکۆ

51- جەلیل محەمەد شەریف..نووسەر

52- شاخەوان کەرکوکی..نووسەر

53- خالید عەبدل..نووسەر

54- عەبدولوەهاب ئیسماعیل..ڕۆژنامەنووس

55- هیوا حوسێن ئەمین..نووسەر و ڕۆژنامەنووس

56- ڕزگار شوانی ..نووسەر و رۆژنامەنووس

57- ئەسعەد جەباری..نووسەر و ڕۆژنامەنووس

58- حەسەن عەلی حەوتەغاری..نووسەر

59- ئومێد عەندولڕەحمان جاف..ڕۆژنامەنووس

60- ئەنجام سەعید خالید..ڕۆژنامەنووس

61- دلێر ڕەفیق عارف..ڕۆژنامەنووس

 

 

Previous
Next