Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
هه‌فته‌ى ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌ى توندو تیژى

هه‌فته‌ى ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌ى توندو تیژى

Closed
by November 27, 2013 ژنان

 

 

 

 

          ئه‌وه‌ى هه‌موو ساڵێ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ رووكه‌شیانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمه‌ به‌ناوى هه‌فته‌ى به‌ره‌نگارى توندو تیژى دژ به‌ژنان هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ له‌ئاستى دنیادا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌شێوازى جیاواز,ئه‌گه‌رچى ڕه‌وشى ژن له‌كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌ك دى جیاوازى هه‌یه‌ به‌ڵام پێده‌چێت له‌سه‌ر ئاستى دونیادا ژن رووبه‌ڕوى توندوتیژى جۆر به‌جۆر ببنه‌وه‌ بۆیه‌ش بۆته‌ پرسێكى جیهانى . ئه‌م ئاریشه‌ له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا جیاوازى هه‌یه‌و پێویستى به‌میكانیزمى جیاوازیش هه‌یه‌ بۆ ڕووبه‌ڕو بونه‌وه‌ ,ئه‌وه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ له‌كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا به‌رێوه‌ ده‌چێت ته‌نها یه‌ك شێوازه‌و سالانه‌ش دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌و به‌هه‌مان شێواز بێ ئه‌وه‌ى هیچ گۆرانكاریه‌كى تێدابكرێت و بودجه‌یه‌كى زه‌خمیشى بۆ سه‌رف ده‌كرێت و بێ ئه‌وه‌ى یه‌ك هه‌نگاو مه‌سه‌له‌ى ژنى به‌ره‌و پێش بردبێت  یان لانى كه‌م بڕێك له‌فشارو توندوتیژى بۆ سه‌ریان كه‌م كربێته‌وه‌ ره‌وشى ژنان به‌ره‌و باشتر چووبێت , كه‌چى هه‌موو سالێكیش هه‌مان به‌رنامه‌ به‌هه‌مان ستایل و میكانیزم و گوتار دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ,وه‌ ئه‌وه‌ى ته‌نها له‌به‌رده‌م یه‌ك هه‌ڵبژارده‌دابین زیاتر نا . من پێم وایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ڕاستى خزمه‌ت به‌ڕه‌وشى ژنان بكرێت توندو تیژى فشاریان كه‌م بكرێته‌وه‌ ڕه‌وشی ئارامى و ئاسایشیان زیاتر له‌وه‌ به‌ره‌و پێش بڕوات ,سه‌ره‌تا هه‌ول بده‌ن ئه‌و به‌رنامه‌ سه‌قه‌ته‌ى ساڵانه‌ ڕابگرن ,كه‌جۆرێك له‌توندوتیژى یان ئه‌و په‌ڕى بێ موبالاتى به‌رهه‌مدێنێت و پێویست ده‌كات رێو شوێنێكى واقیعیانه‌ترو زانستیانه‌تر بگرنه‌ به‌ر كه‌خزمه‌ت به‌به‌رزكردنه‌وه‌ى  پێگه‌ى ژن بكات ,ته‌وقى دیلیه‌تى لێ دابماڵرێت ,بۆ ئه‌وه‌ش پێویستى به‌وه‌یه‌ رێى بڕیاڕى سه‌ربه‌خۆییانه‌ى بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت .

    ئیدى ئه‌و هه‌موو هه‌ڵڵاوهاتووهاواره‌ بێ رۆحانه‌ى بانگه‌شه‌كارانى ئازادى و یه‌كسانى دادوه‌رى پێشكه‌وتو  وخوازى و عه‌داله‌ته‌ كه‌هه‌ر له‌سه‌رۆكى حكومه‌ته‌وه‌ وه‌ك یه‌كه‌م داكۆكیكارى ژنان و هه‌موو ئه‌و به‌ناو رۆشنبیرو راوێژكارو بایه‌خ  پێدارى بوارى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و دیمۆكراتى وژنان و ئازادى و عه‌داله‌ت و وه‌ك یه‌كى ,تاوه‌كو حزبه‌كان و رێكخراوه‌كان و هه‌موو دام وده‌زگاكان و سه‌نته‌رو كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوو یه‌كێتیه‌كانى ژنان و ئافره‌تان و خوشكان و خانمان وزه‌عیفان ده‌كه‌ونه‌ شین وشاپۆرو هاتووهاوارى ناڕاست و چه‌واشه‌كه‌رانه‌و ڕیاكارانه‌و ناواقیعى و نازانستى نائه‌بستمۆلۆژى , كه‌له‌په‌ناى كوشتن و جینۆسایدى ژناندا بیر له‌ده‌ستكه‌وت وپاره‌و تلتله‌و پڵپله‌ى خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ بیر له‌نمایشتى ڕیاكارانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نیشانمان بده‌ن چه‌ند چالاك وچه‌ند دڵسۆزو كاراماو كاران . كه‌چى ساڵ دواى ساڵ ئامارى كوشتن و توندو تیژى ڕوو له‌هه‌ڵكشان ده‌كات ,بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سایه‌تى و كۆرو كۆمه‌ڵه‌ لێپرسراوو خۆ مه‌ژوڵكه‌رانه‌ ,هه‌ست به‌هیچ شه‌رم  و  په‌شمێك بكه‌ن ودان به‌شكه‌ستى خۆیاندا بنێن و له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و بیركۆڵیه‌یان بیر له‌رێچاره‌یه‌كى جیاوازتر بكه‌نه‌وه‌.

     به‌ڕاستى هه‌موو ئه‌و نه‌گبه‌تى و نه‌هامه‌تى و ماڵوێرانى به‌ڵاو ئافاتانه‌ى دووچارى ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ دێن ,یابه‌رۆكى ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌گرن وزۆرینه‌مان نیگه‌ران و خه‌مبار ده‌كات كه‌چى هه‌ر له‌جێوه‌وله‌په‌نایه‌كى تره‌ ,هه‌ر ئه‌و به‌ڵاو ئافاتانه‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ى خیرو بێر بۆ هه‌ندێكان .بۆیه‌ من به‌رده‌وام دوعاى ئه‌وه‌ ده‌كه‌م خوا به‌زه‌یى به‌و میلله‌ته‌دا بێت و بچوكترین ئافات و رووداو ڕوومان تێنه‌كات ,چونكه‌ ئێمه‌ هه‌ر له‌لایه‌كه‌وه‌ ماڵوێران نابین به‌ڵكو له‌زۆر لایه‌نى تریشه‌وه‌ توشى ماڵوێرانى و به‌دبه‌ختى ده‌بین تایبه‌ته‌ن له‌تاڵان و به‌هه‌ده‌ردانى بودجه‌ى گشتى ..! 

     یه‌كێك له‌و به‌ڵاو ئافاته‌ به‌رده‌وامانه‌ى كۆمه‌ڵى ئێمه‌ ڕه‌وشى ناله‌بارى نه‌خوازراوى مێینه‌یه‌ كه‌به‌رده‌وام دووچارى هه‌مه‌جۆر توندو تیژى ده‌بنه‌وه‌ ..!  زیاتر له‌سه‌دا نه‌وه‌دى ئه‌و ئامارانه‌ى له‌به‌ر ده‌ستدان و باس ده‌كرێن هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ى ڕووبه‌ڕوى كوشتن و توندو تیژى بوونه‌ته‌وه‌ ژنانى ماڵه‌وه‌ن ,به‌شێكى سه‌ره‌كى كێشه‌كانیشیان له‌بنچینه‌دا كێشه‌ى پاره‌و ئابوریه‌ , هه‌روه‌ك یه‌كێك له‌فه‌یله‌سوفه‌ ناوداره‌كانى بوارى سۆسیۆلۆژیا ده‌لێت (ئابورى سه‌ربه‌خۆوكه‌سایه‌تى ئازاد و سه‌ربه‌خۆش به‌رهه‌م دێنێ ) به‌ڵام ئه‌و قه‌یره‌ كچانه‌ى له‌ماڵه‌وه‌ چاویان له‌ده‌ستى باوك برایه‌و ئه‌و ژنانه‌ى چاویان له‌ده‌ستى كورت و ڕه‌زیل و نه‌دارى مێردیانه‌ زۆر ئاسایییه‌ دووچارى لادان و ئه‌و حاڵه‌ته‌ نه‌خوازراوو جینۆسایده‌ ببنه‌وه‌ ,بۆیه‌ گه‌ر به‌ڕاست ده‌تانه‌وێت رێگرى له‌توندو تیژى بكه‌ن و كه‌مى بكه‌نه‌وه‌ بۆ رێژه‌یه‌كى  ناوازه‌و نائاسایى ئه‌وه‌ بیر له‌ته‌مویل كردنى ژنانى ماڵه‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌و هه‌وڵده‌ن بیمه‌یه‌كى گونجاوى مانگانه‌یان بۆ دابین بكرێت هه‌زار جار زیاتر له‌و كۆرو كۆمه‌ڵه‌و ڕاگه‌یاندن و سه‌نته‌رو یه‌كێتى و كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوانه‌ خزمه‌ت به‌ڕه‌وشى ژنان ده‌كات , كه‌من دڵنیام هه‌موو ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ ئه‌و كاره‌ ته‌رخان ده‌كرێت وه‌ك بیمه‌ ناكاته‌ چاره‌گى ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌به‌ناوى كۆرو كۆمه‌ڵه‌و سه‌نته‌رو ڕاگه‌یاندن و یه‌كێتیه‌كانه‌وه‌ خه‌رج ده‌كرێت ,بۆیه‌ من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر به‌ڕاست په‌رۆشى وه‌زعى بێ ده‌ره‌تانى ژنان هیچ سۆزو به‌زه‌ییه‌كى ڕاسته‌قینه‌تان هه‌یه‌و هه‌لوێستێكى ڕاسته‌قینه‌تان هه‌یه‌,له‌خه‌مى به‌ره‌و پێش بردنى كۆمه‌ڵگاكه‌ماندان ,ئه‌وه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌ له‌مڕۆداو كه‌هێنده‌ قورس وگران نییه‌ ده‌توانێت تاقى بكرێته‌وه‌ . هه‌ر له‌و مینحه‌و بودجه‌یه‌ى بۆ كارو بارى هۆشیارى چاودیرى و رێكخستن و ڕاهێنانى ژنان دانراوه‌ ,نیوه‌ى بكه‌ن به‌بیمه‌ واز له‌و هاتوهاواره‌ ڕیاكارانه‌ بێنن و با به‌جدى بیر له‌كۆتایى هێنانى ئه‌و ڕه‌وشه‌وه‌حشیه‌تیه‌ بكرێته‌وه‌ ,كه‌سیماى و پێگه‌ى حكومه‌ت و نه‌ته‌وه‌كه‌شمانى له‌دنیاى ده‌ره‌وه‌ ناشیرین كردووه‌ !.وه‌گرنگه‌ ئه‌وه‌ ببێته‌ خاڵێك له‌به‌رنامه‌و كارنامه‌ى ته‌شكیل بوونى حكومه‌تى ئاینده‌ . 

 

 

                                          نوسینى : عمر حسین _ رانیه‌ 26 _11 _ 2013  

 

Previous
Next