وڵاتێک بۆ هه‌مووان نه‌بێت، پێی ناگوترێ وڵات
هاوینی 2004، ماوه‌یه‌کی زۆر نه‌بوو له کوردستان گه‌ڕابوومه‌وه بۆ سوێد و به هیچ جۆرێک، نه له ڕووی ئابوورییه‌وه و نه له ڕووی ده‌روونییشه‌وه، ئاماده‌یی سه‌ردانێکی دیکه‌ی کوردستانم تێدا نه‌بوو، به‌ڵام به تۆبزی خێزان و منداڵ و به قه‌رزوقۆڵه، جارێکێ دیکه گه‌ڕامه‌وه بۆ کوردستان. ڕێگه‌ی ئێرانمان هه‌ڵبژارد بۆ گه‌ڕانه‌وه. کچه‌کانم و خێزانم و خۆم، پێکه‌وه گه‌ڕاینه‌وه. له‌مێژ بوو وا ڕێککه‌وێت، هه‌موومان وێکڕا بگه‌ڕێینه‌وه. کاک” شێروان پشتیوان”ی هاوڕێیشم، هاوسه‌فه‌رمان بوو. سه‌فه‌ری ئێران بۆ هه‌موو بیانییه‌ک ڤیزه‌ی ده‌وێت و ئێمه‌ش هه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌و کۆمپانیایه‌وه، که بلێتهکهمان لێ کریبوو، ڤیزهکهمان بۆ وه‌رگیرا. کۆمپانیایه‌ک بوو خاوه‌نه‌که‌ی کورد و ئه‌وانه‌یشی له‌وێ کاریان ده‌کرد هه‌موو کورد بوون. بێجگه له پاره‌ی بلێتهکانمان هه‌ریه‌که‌و یهکههزار کرۆنی سوێدی بۆ وه‌رگرتنی ڤیزه لێ وه‌رگرتین. من هیج گومانێکم له‌وه نییه، که پاره‌ی ڤیزه‌ی یه‌ک مرۆڤ له باڵیۆزخانه‌ی ئێران بۆ خۆی له نیوه‌ی ئه‌و هه‌زار کرۆنه که‌متره. ئه‌مان ئه‌و پاره‌یه بۆ خۆ وه‌رده‌گرن. به‌شێکی زۆری ئه‌و کۆمپانیا بیانی و کارگێڕییه بیانییانه به باڵیۆزخانهکانیشهوه، که له سوێد یا له وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌وروپان، وه‌ک وڵاتانی خۆیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌ڵه ده‌که‌ن. کاردواخستن، “بڕۆ و سبه‌ی و حه‌فته‌یه‌کی دیکه وه‌ره‌وه”، “به‌خوا هێشتا ته‌واو نه‌بووه”، “له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕێ که”، پێشخستنی کاری که‌سێکی دیکه‌ی ناسیاو و دۆست و ڕانه‌په‌ڕاندنی کاره‌که‌ی تۆ، پاره‌یه‌کی کهمتروهرگرتن له ناسیاو و دۆستانی خۆیان و زۆروهرگرتن له تۆ، ئه‌مانه هه‌موو به‌شێکن له چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی کار و به‌شێکن له‌و ڕه‌وتار و قسانه‌ی له‌و جۆره شوێنانه ده‌یبینیت و دهیژنهفیت.
ئێمه به هێڵی ئاسمانی “کیش” سه‌فه‌رمان کرد، که هێڵێکی ئێرانییه. فڕۆکه‌کانیان کۆنه فڕۆکه‌ی ئێرفلۆت (Airflot) ی ڕووسییهکانن. ئه‌و فڕۆکانه له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌کیه‌تیی سؤڤیێتدا، ئیدی ڕووسیا که‌وته فرۆشتنی به وڵاتانی دیکه و ئێران یه‌کێکه له‌و وڵاتانه‌ی زۆرێک له‌وانه‌ی کڕیوه. ئێمه به یه‌کێک له‌و فڕۆکانه له ستۆکهۆڵمه‌وه چووینه‌وه بۆ تاران، که پێنج سه‌عاته ڕێگه‌یه. فڕۆکه‌ی چی یاخوا دوژمنیشت سواری نه‌بێت. شوێنێکی نه‌بوو ساغ و بێعهیب بێت. هه‌موو پارچه‌یه‌کی ته‌قه‌ی لێوه ده‌هات، کورسییه‌کانی شڕ و دڕا‌و، به‌رده‌وام ده‌له‌رزی و له‌ره‌له‌ری بوو و ها ئێستا ها تووزێکی دی به‌رده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌و فڕۆکه‌یه‌دا بوو، ئه‌گه‌ر بڕوای به خوا و ئایین و ئیمام و شێخ و سه‌یید و ئه‌وانه‌یش نه‌بووبێت، له ترسا تا له تاران دابه‌زیوه، ده‌ستی له سه‌ر دڵی بووه و هاواری خوا و هه‌موو پیاوچاکانی ئه‌م جیهانه‌ی کردووه و داوای پاراستنی لێکردوون. گه‌وره‌ترین ساخته‌کارییه‌ک له‌و وڵاتانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ند و وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و ڕۆژهه‌ڵاتدا، که زۆر زه‌ق ده‌چه‌قێته چاوی مرۆڤدا و زۆر ڕوون و دیاره، ئه‌و پیسکهییهیه، که حوکوومه‌ته‌کانی له بواری خزمه‌ت به مرۆڤدا ده‌یکه‌ن، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وروپادا. ئێرانێک به‌و هه‌موو سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی خۆیه‌وه، چ پێویستییه‌کی به‌وه هه‌یه، که‌ونه شڕه فڕۆکه‌ی ڕووسی بخاته گه‌ڕ و ژیانی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه بخاته مه‌ترسییه‌وه، که‌چی به میلیۆنان دۆلار بۆ کڕینی چه‌ک و دروستکردنی چه‌ک و کاری سیخوڕی ته‌رخان ده‌کات و چ به کێشه و گرفتیشی نازانێ. دیاره ئه‌وه ته‌نێ ئێران نییه به‌و جۆره کار ده‌کات، به‌ڵکه سه‌دان ده‌وڵه‌تی دیکه‌ی وه‌ک ئێران له جیهاندا هه‌ن.
به ئێران و تاران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، گه‌ڕاینه‌وه بۆ باشووری کوردستان. من بۆ خۆم و له‌گه‌ڵ خێزانمدا، ساڵی 1981، له تارانه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا ده‌رچووبووم. ساڵی 1987یش، هاوینێکم له تاران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان(سنه و کرماشان و مه‌هاباد) به‌سه‌ر بردبوو. هاوینی ساڵی 1991 یش هه‌ر له نێوان تاران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا (سنه وکرماشان و پاوه و مهسووراغایی و جوانڕۆ و مه‌هاباد)دا بووم. ساڵی 1992یش سه‌ردانێکی پاوه و سنه و کرماشانم کرد، به‌ڵام نه‌چوومه تاران. تاران و فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی میهرابادی تارانم، هه‌رگیز به‌و جۆره‌ی ئه‌م هاوێنه دیتم، نه‌مدیتبوون. کراوه‌یی و زمانی شیرین و ئاسانکاری، وه‌ک هه‌موو فڕۆکه‌خانه‌کانی ئه‌وروپا. نه پشکنینی چه‌مه‌دان و ساک و شتومه‌ک و خۆمان و نه پڕکردنه‌وه‌ی فۆرم و ناوی دایک و داپیر و به‌زمی دیکه. ژنان ئه‌گه‌رچی سه‌رپۆشیان وه‌سه‌ردا دابوو، لێ هه‌ر ته‌نێ نیوه‌ی پشته‌وه‌ی سه‌ریانی داده‌پۆشی. مانتۆ و جلی ژنان، که جاران ته‌نێ سیاڕهنگ بوون، ئێستا ڕه‌نگی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ و ههمهجۆر بوون. هیچ جۆره گوشار و سهختگیرییهک له گۆڕێ‌دا نه‌بوون. له تارانه‌وه به ماشێن و ئۆتۆبووسه گه‌وره‌کان، ڕێگه‌ی کوردستان‌مان گرته به‌ر. به کرماشامان و قه‌سری شیریندا تێپه‌ڕبووین و به خوسره‌ویدا په‌ڕینه‌وه مونزیرییهی به‌ری خانه‌قین. یه‌که‌م شتێکی ناحه‌ز و دزێو له به‌ری خانه‌قین و کۆنترۆڵی پۆلیسی ئه‌وێ، که به‌رچاوی مرۆڤ ده‌که‌وێت، ئاڵاکه‌ی عیراقه. ته‌واوی ئه‌و پۆلیس و کارگێڕییه‌ی له‌و سنووره‌ن کوردن و له سه‌ر خاکی کوردستانن، که‌چی ئاڵای عیراقیان هه‌ڵداوه و وه‌ک به‌شێکی پۆلیس و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی عیراق کار ده‌که‌ن و خۆ به به‌شێک له‌وان ده‌زانن. هه‌رچه‌نده به‌و ئاڵایه‌ی عیراق سه‌ر و دڵی مرۆڤ ده‌گیرێت، لێ ڕووخۆشی و ڕۆحسووکیی کارمه‌ندانی ئه‌و جێگه‌یه، که به‌شی زۆریان خه‌ڵکی خانه‌قین بوون، مرۆڤ دێنێته‌وه سه‌ر خۆی و دڵ فێنک ده‌کاته‌وه. وه‌نه‌بێ هه‌ڵکردنی ئاڵای عیراق ته‌نێ له‌و شوێنه و له خانه‌قین وا بێت، به‌ڵکه له ته‌واوی قه‌ڵه‌مڕه‌وی و ده‌ڤه‌ری بنده‌ستی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و حوکوومه‌تی سلێمانیدا هه‌یه و نه‌ریت و قانوونه. هه‌ر ده‌سبه‌جێ و دوای پێخستنه به‌ری خانه‌قین، یه‌که‌م شتێک، که به‌لای کچان و ژنانه‌وه گرنگ بوو و ئه‌نجامیان دا، لابردنی سه‌رپۆشه‌کانیان بوو، که له نێو ئێران‌دا ده‌بوو به‌سه‌ریانه‌وه بێت و له دوای په‌ڕینه‌وه‌ی سنووره‌که‌ش، هه‌ر ده‌سبه‌جێ و بێ بیرکردنه‌وه و وه‌ک گێڕانه‌وه‌ی ئازادییه‌کی داگیرکراو، لایان برد.
*****
یه‌که‌م که‌سێک، که له به‌ری مونزیرییه ڕاوه‌ستابوو و پێشوازی لێ‌کردین، دۆکتۆر “نه‌ریمان پشتیوان”ی برای کاک “شێروان”ی هاوڕێم بوو. دۆکتۆر نه‌ریمان مامۆستای زانستگه و ئه‌ندازیاری بیناسازی، دوای چه‌ندین ساڵ کارکردن له لیبیا، گه‌ڕابووه به‌غدا و کوردستان. به دیتنی دۆکتۆر نه‌ریمان هێنده‌ی یه‌ک دنیا گه‌شامه‌وه و خۆشحاڵ بووم. دۆکتۆر و من پێشتر یه‌کدیمان نه‌دیتبوو، لێ به ته‌لیفۆن و نامه یه‌کدیمان به‌سه‌رده‌کرده‌وه و ئاگامان له هه‌واڵی یه‌کدی هه‌بوو. که چاومان به یه‌کدی که‌وت، هه‌ر ده‌تگوت له‌وه‌تی هه‌ین یه‌کدی ده‌ناسین. دۆکتۆر نه‌ریمان، یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی به یه‌ک کۆمه‌ڵه پرۆژه و هزر و گه‌شبینییه‌وه هاتبووه بۆ کوردستان و بیری له گۆڕین ده‌کرده‌وه، لێ به‌و ماوه که‌مه‌ی له‌وێ بوو، چۆنیه‌تی سستی به‌ڕێوه‌چوونی کار و ڕه‌وشی گه‌نده‌ڵی وڵات، تا ڕاده‌یه‌ک تووشی بێئومێدییان کردبوو و ده‌یزانی، گۆڕانکاری گه‌لێک سه‌خته، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وره‌ی به‌رنه‌دابوو و هه‌ر سووربوو له‌سه‌ر هه‌وڵ و ته‌قه‌لای خۆی. گه‌لێکن ئه‌وانه‌ی وه‌ک دۆکتۆر نه‌ریمان، به هیوای گۆڕین و چاککردن و چێکردن، گه‌ڕاونه‌وه. ئه‌گه‌ر ئاو له شوێن بێڵ(پێمه‌ڕه)یان بڕوات، ئه‌وا شته‌کان به جۆرێکی دیکه ده‌بن.
*****
یه‌کێک له‌و دیارده هه‌ره دزێوانه‌ی جڤاکی باشووری کوردستانی گرتووه‌ته‌وه، باسی پاره‌وپووڵ و ده‌وڵه‌مه‌ندی و سامان و پایه و ده‌سه‌ڵاته. مه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن، ده‌نا هیچ خڕبوونه‌وه و ده‌مه‌ته‌قه و کۆڕ و کۆمه‌ڵێک نابینیته‌وه، ئه‌گه‌ر باس نه‌یه‌ته سه‌ر پاره و ده‌سه‌ڵات و پایه. ڕاوڕاوان و فڕکانفڕکانی خه‌ڵک وه‌دووی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و خڕکردنه‌وه‌ی سامان، بووه‌ته دیارده‌یه‌کی له‌به‌رچاو و پیشه‌ی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکێکی زۆر. ئه‌وه‌ی پتر هه‌ڵپه ده‌کات و وه‌دووی ئه‌و شتانه‌وه‌یه، خه‌ڵکه پاره‌دار و دهوڵهمهندهکهن. ئه‌وانی دیکه‌یش گه‌رمێنی گوته‌نی.”وه‌ک ههڵمشی دوای برنج کوت”، لیک به ده‌میاندا دێته خوارێ و به واقوڕمان و سه‌رسووڕمانه‌وه، ده‌نۆڕنه چینه ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتداره‌که. مه‌یلی خه‌ڵک پتر به لای ئه‌وه‌دا ده‌ڕوات، ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی و سامانه، بۆ خه‌ڵکه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌که، به ڕه‌وا و وه‌ک مافێکی ده‌سته‌به‌رکراو و پارێزراو، ته‌ماشا بکات. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار مرۆڤ وا هه‌ست ده‌کات، که پیرۆزییه‌ک به‌و سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندییه ده‌درێت. گه‌لێک جار تۆ وشه‌ی”مافی خۆیانه” و “ماندوو بوون” و “خه‌باتیان کردووه” و ”شه‌هیدیان داوه” و ”خاوه‌ن شه‌هیدن” و “ده‌ربه‌ده‌ری و شه‌ونخوونی و برسییه‌تیان چه‌شتووه” و…ده‌یان وشه‌ی له‌و چه‌شنه له خه‌ڵکه‌وه. وه‌ک پاساوی هه‌ڵپه و سامانزۆریی ده‌سه‌ڵاتداران و دهوڵهمندانت. به‌رگوێ ده‌که‌وێت. ده‌سه‌ڵاتداران وایان بردووه‌ته مێشکی خه‌ڵکه‌وه، که ئه‌وه‌ی هه‌یانه و ئه‌وه‌ی ده‌یانبێت، به‌رهه‌می ڕه‌نج و شه‌که‌تی و خه‌بات و ساڵانی شۆڕش و چیا و ئهوانهیانه، وه‌ک بڵێی هه‌ر مرۆڤێک، که ده‌چێته ڕیزی شۆڕشگێڕان و خه‌بات ده‌کات و دهشۆڕشێت، بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و سامان و پایه و ده‌سه‌ڵاتی ده‌کات! ئه‌و کار و گوته و پاساوانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و خاوه‌ن سامانان، بۆ شه‌رعییه‌تدانه به‌و دزییه‌ی، که له خه‌ڵکی ده‌که‌ن، چونکه هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ک له بنه‌ڕه‌تدا بۆ خۆی دزییه. ملانێیه‌کی هێنده به‌هێز له‌نێوان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌دا هه‌یه، که ته‌واوی ژیانی وڵات و خه‌ڵکه‌که‌یشی گرتووه‌ته‌وه و که‌س نییه، ئه‌گه‌ر بۆ خۆی به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌ر به‌و بازنه‌یه نه‌بێت، هه‌ستی پێ نه‌کات. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له باشووری کوردستان، که ڕه‌نگه به گۆڕان دابنرێت و جێی سه‌رنج بێت، فره‌بوون و به‌هێزبوونی هێزی کڕین(توانستی کڕین)ه له کن خه‌ڵکی کوردستان، به به‌راورد له‌ته‌ک پێش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسدا. بێجگه له‌و خۆراکه مفت و به‌لاشه‌ی، که جاران و ئێستایش، خه‌ڵک وه‌ریانده‌گرت و وه‌ریده‌گرن، مووچه‌ی کارمه‌ند و کارگه‌ر، ئه‌وڕۆ زیادی کردووه. ئه‌وڕۆ خه‌ڵک به‌و پووڵه‌ی وه‌ری ده‌گرێت، ده‌توانێت بژی. خه‌ڵک ئێستاکه، پتر وه‌دووی خانووکردن و ئۆتۆمبیلکڕین و ناوماڵهکڕین و چتی زیاده کڕینهوهن. ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، که هه‌موو خه‌ڵکه‌که وابن، به‌ڵام به‌شێکی زۆری، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی گرێدراوی ده‌سه‌ڵاته، وایه. ته‌واوی ئه‌وه‌یشی بۆ خۆی ده‌سه‌ڵاتداره و گرێدراوی ده‌سه‌ڵاته و خزمی خه‌زووری سه‌پانی ماڵی ده‌سه‌ڵاتداریشه، له باشترین حاڵ‌دا. ئه‌گه‌ر سه‌د هه‌زار که‌سێک ببن، ڕێژه‌یه‌کی که‌می خه‌ڵکی باشووری کوردستانن. ئه‌وڕۆ، چینێکی تا بڵێی زه‌نگین. له به‌رپرسانی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و ئه‌وانه‌ی سه‌ر به ئه‌وانن، چێ بوون و گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌یان به ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام کێ. خێر له‌و سه‌رمایه‌یه ده‌بینێت، بێجگه له خۆیان و خه‌ڵکانی نێزیکیان! ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، ته‌واوی کوردستان، ته‌واوی سامان و ماڵ و موڵکی خه‌ڵکی کوردستان، به کۆمپانیایه‌کی گه‌وره داده‌نێن و به گوێره‌ی تیۆری”ماڵی خۆم هی خۆمه و ماڵی تۆیش هه‌ر هی خۆمه”، به هی خۆیانی ده‌زانن و له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ قانوونێکیش نییه سنوورێک بۆ ده‌سه‌ڵات و ملهوڕییان دا‌نێت، ده‌توانن چۆنیان بوێت، به‌و جۆره بکه‌ن و چی‌یان بوێت بیکه‌ن. ئه‌وڕۆ تۆ و منی ئه‌وروپانشین، که ده‌چینه‌وه کوردستان، هه‌ژارین و ئه‌و باسانه‌ی له‌وێ و له زۆر دانیشتن‌دا دێنه گۆڕێ و خه‌ڵک به تاسووقه‌وه باسی لێ ده‌که‌ن، گه‌ڵا و ده‌فته‌ر و بلۆک و ئه‌وانه‌ن. ئێمه‌ین، که لێیان تێناگه‌ین و واده‌زانین. باسی بلۆکی خشتی چیمه‌نتۆ ده‌که‌ن، که خانووی پێ دروست ده‌کرێت و حه‌زیش ناکه‌ین. ئه‌و باسانه بژنه‌فین. خه‌ڵک، دیاره نه‌ک هه‌موو، پتر ئه‌وانه‌ی سه‌ر به حیزب و ده‌سته سیاسییه‌کانن، یا له نێو ئه‌واندا خه‌ڵک ده‌ناسن و خزم و که‌سیان له نێویاندایه، ئه‌وڕۆ له کوردستان، مووچه‌ی شه‌هیدانه، شۆڕشی ئهیلوولانه، شۆڕشی نوێیانه، شۆڕشی گوڵانانه، زیندانیی سیاسییانه، نووسه‌رانه، ژنی شاخانه و ده‌یان شتانه و جۆره مووچه‌ی دیکه وه‌رده‌گرن. خه‌ڵک، ئه‌وڕۆ به ناوی سه‌ندیکا و ده‌یان شتی دیکه‌وه پارچه زه‌وی وه‌رده‌گرن و ده‌یفرۆشن و ده‌یکه‌نه خانوو. هی وا هه‌س، ئه‌و وه‌رگرتن و به‌زمه، له چه‌ند لا و چه‌ند شوێنه‌وه ده‌کات. هی وا هه‌یه، پیری که‌نه‌فتی مردووی سه‌رجێگه‌ی چل ساڵی پێشتری، کردووه‌ته شه‌هیدی ڕێگه‌ی کورد و کوردستان و پووڵی پێ وه‌رده‌گرێت . هی وا هه‌یه، باوکی، نه‌نکی، برای، خه‌سووی، ساڵانێکه به مه‌رگی خودا مردووه، که‌چی به شه‌هیدانی 1ی شوباتی 2004ی هه‌ولێری داوه‌ته قه‌ڵه‌م و پاره‌ی پێ وه‌رده‌گرێت. وه‌ها بارێک، به‌شێکی زۆری خه‌ڵکه‌که‌ی، فێری مشه‌خۆری و لامژی و ته‌ڵه‌که‌بازی و ساخته‌کاری کردووه. ته‌واوی ئه‌و باره، ڕه‌وشێکی وای نه‌هێناوه‌ته گۆڕێ، که بنگه‌ی ئابوورییه‌کی تۆکمه و به‌هێز و سه‌ربه‌خۆ، له کوردستاندا بێته ئاراوه. ئابووری کوردستان، به ئابووری تورکیا، ئێران، سووریا و عیراقه‌وه گرێ دراوه. ئابووری کوردستان، ئابوورییه‌کی مشه‌خۆر و پاشکۆیه. سه‌رمایه‌دارانی کورد، له پێناوی قازانجی خێرا و زوو و زۆرتر ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و وه‌ده‌ستخستنی پاره‌یه‌کی زۆر، بێ هیچ سه‌ختی و سه‌ره‌ڕۆییه‌ک، هه‌رچی پێوه‌ندێکی ئابوورییانه و هه‌رچی پرۆژه‌یه‌کی ئابوورییانه، به ده‌وڵه‌ته داگیرکاره‌کانی کوردستانه‌وه‌ی گرێ ده‌ده‌ن و له به‌پاشکۆکردنی ئه‌و ئابوورییه‌دا، ڕۆڵێکی مه‌زن و له‌به‌رچاویان هه‌یه. ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کوردستانیش، هه‌رچی کار و پرۆژه‌ی ئابووریی وڵات هه‌یه، ده‌یداته کۆمپانیا تورکیاییه‌کان و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر. وڵاتێک ئه‌گه‌ر بنگه‌یه‌کی ئابووری و فه‌رهه‌نگیی سه‌ربه‌خۆی نه‌بێت، نابێته وڵات! و باشووری کوردستانیش ئه‌وه‌ی نییه.
*****
ئه‌وڕۆ چه‌ندین کۆمپانیای ته‌لیفۆنی مۆبایل له کوردستاندا هه‌ن، به‌ڵام له نێوان ئه‌و کۆمپانیانه‌دا، چ پێوه‌ندێک نییه. تۆ له کۆمپانیای”سانا” یا “کۆڕه‌ک”ه‌وه له هه‌ولێر، نا‌توانیت زه‌نگ بۆ کۆمپانیای “ئاسیا”ی سلێمانی لێده‌یت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تۆ و ئه‌وه‌یشی زه‌نگی بۆ لێده‌ده‌یت له هه‌ولێریش بن. له سلێمانییه‌وه بۆ فڵانه کۆمپانیای هه‌ولێر یا دهۆک زه‌نگ لێ نادرێت، به‌ڵام له‌نێوان باژێڕه‌کانی کوردستان و به‌غدا و باژێڕه‌کانی دیکه‌ی عه‌ره‌بستانی عیراقدا، زۆر به هاسانی پێوه‌ند هه‌یه. له کوردستانه‌وه، زه‌نگ بۆ ئه‌وسترالیا و سوێد و برازیل و کۆنگۆ لێده، گه‌لێک هاسانتره له‌وه‌ی له سلێمانییه‌وه زه‌نگ بۆ هه‌ولێر لێده‌ی .
*****
ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ڕه‌وشی باشووری کوردستان بکه‌ین و گوێ ڕادێرین بۆ خه‌ڵکی کوردی ئه‌و به‌شه، ده‌بینین به‌شێکی یه‌کجار زۆری کورد، ده‌توانم بڵێم زۆرینه‌ی کورد، کۆڵێک گه‌شبینانه ده‌نۆڕنه ڕه‌وشی کورد، دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس و له‌وه‌ش گه‌شبینانه‌تر ده‌نۆڕنه به‌ڵێنه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆڵی ئه‌مه‌ریکا، له کوردستان و عیراقدا. ئه‌و خه‌ڵکانه پێیانوایه، کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ته‌واوی کاره‌کانی، بۆ جێبه‌جێ کراوه و ئه‌مه‌ریکا، هه‌موو چتێک له بری ئه‌و ده‌کات و بۆ خۆی (نه‌ته‌وه‌ی کورد) بلا لێی پاڵداته‌وه و “سهرڕهحهت دڵ بێ گرێ” لێی بنوێت. دیاره ئه‌م بۆچوونه، چه‌نده بێزاری و وه‌ڕزبوونی خه‌ڵک له ڕێژیمی به‌عس و ئاواتخواستن به ڕزگاربوون له‌و ڕێژیمه به هه‌ر جۆرێک بێت، هێناویه‌تییه ئاراوه، ده هێنده له لایه‌ن هه‌ردوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانه‌وه، به‌وه‌ی هه‌رده‌م باسی دۆستایه‌تیی خۆیان و ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ریکا وه‌ک په‌ناگه و پشتیوان باس ده‌که‌ن، زه‌وینه‌ی بۆ خۆشکراوه و ئه‌وانن، په‌ره‌یان به‌و جۆره بیرکردنه‌وه‌یه داوه و ده‌ده‌ن. خه‌ڵکانێکیش هه‌ن، وه‌لێ زۆرکه‌م و ده‌گمه‌نن، ده‌زانن و له‌وه تێگه‌یشتوون، که ئه‌مه‌ریکا هیچی بۆ کورد نه‌کردووه و هیچی تایبه‌تیش بۆ کورد ناکات. ئه‌مه‌ریکا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هاتووه‌ته ئه‌و ده‌ڤه‌ره و هه‌ر وه‌ک چۆن ده‌نۆڕێته ته‌واوی ئه‌و نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزایانه‌ی دیکه‌ی ئه‌وێ، هه‌روایش ده‌نۆڕێته کورد و به ده‌ستی په‌تی و ڤاڵا هاتووه‌ته ماڵی کورد. ئه‌مه‌ریکا به‌رمیله نه‌وتێکی که‌رکووک، به هه‌موو کورد ناگۆڕێته‌وه. من پێموایه ئه‌مه‌ریکا و ته‌واوی زلهێزان و ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ر و کۆڵۆنیالیست، که ده‌چنه هه‌ر وڵاتێک و جێگه‌یه‌کی ئه‌م جیهانه، به له‌تکردن و به‌شینه‌وه‌ی خه‌ڵکی وڵاته‌که، به سه‌ر ئایین و ئایینزا و نه‌ته‌وه و ده‌سته و خێڵ و هۆز و حیزب و بنه‌ماڵه و…ده‌یان شتی دیکه‌دا، ده‌ستپێده‌که‌ن و هه‌ر ئه‌و ته‌رزه دیتنهشه ده‌بێته بنه‌ما و بنگه‌ی سیاسه‌ت و ڕه‌وتاریان له‌و شوێنانه‌دا. ئه‌وان هێز و ده‌سه‌ڵاتیان، له پارچه‌کردنی نه‌ته‌وه و وڵاتی داگیرکراوه‌وه، وه‌ده‌ست ده‌هێنن. ئه‌مه‌ریکا، وه‌ک سه‌رانی کورد و زۆرینه‌ی کوردیش بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن و خۆیانی پێ ژیر ده‌که‌نه‌وه و خه‌ونی خۆشی پێوه ده‌بینن، ئه‌گه‌ر ڕاستی کردبا و پرسی کوردی مه‌به‌ست بووبا و بیویستبا کوردستان بکاته قه‌واره‌یه‌ک و کورد بگه‌یه‌نێته ئه‌نجامێک، ئه‌وا به تۆبزییش بووایه، هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژێوه، ئه‌و دوو کارگێڕییه‌ی سلێمانی و هه‌ولێری، ده‌کرده یه‌ک. ئه‌مه‌ریکا، ئێستا به ڕدێنی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان پێده‌که‌نێت و بۆیشی بکرێت، کارگێڕیی دیکه‌یش له کوردستاندا چێ ده‌کات و قوت ده‌کاته‌وه. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی، جۆرێکی دیکه ڕه‌وشه‌که ده‌خوێننه‌وه و ده‌زانن ئه‌مه‌ریکا سه‌رانی کورد و نه‌ته‌وه‌ی کوردییشی خاپاندووه و ده‌سخه‌ڕۆ کردووه، گه‌لێک که‌من، وه‌لێ ده‌بێ له ده‌رکه‌وتن و ئاشکرابوونی ڕاستییه‌کانیش هیوابڕاو نه‌بین.
*****
به‌شێکی یه‌کجار که‌میی عه‌ره‌بی داگیرکا‌ر، کوردستانیان به‌جێ هێشتووه و زۆرینه‌ی ئه‌و عه‌ره‌بانه ماونه‌ته‌وه. ئه‌مه ئه‌گه‌ر باسی باشووری کوردستان به گشتی بکه‌ین، لێ ته‌واوی عه‌ره‌بی که‌رکووک، که کرۆکی پرسی کورده و کلیلی هه‌موو کێشه‌کانی کوردستانه، هه‌ر له شوێنی خۆیانن و هه‌ر ماونه‌وه. عه‌ره‌باندن، بێجگه له‌وه‌ی سیاسه‌ت و کاربۆکردن بووه و هه‌یه، ئایدیۆلۆژیا و فه‌رهه‌نگه. له کوردستاندا، مادام هێشتا که‌ونه‌جاش و که‌ونه‌به‌عسی و کهونهڕاوێژکار و کهونهخۆفرۆش و کهونهقهڵهمفرۆش، له گۆڕێ‌دا هه‌بن و ده‌ستیان بڕوات و کارگێڕ و به‌رپرس بن، ئه‌وا هه‌رگیز عه‌ره‌باندن نابڕێته‌وه و هه‌ر ده‌شمێنێت. ئه‌وڕۆ ئه‌و ئایدیۆلۆژیا و فه‌رهه‌نگه ماوه و به‌هێزه و درێژهیشی پێ ده‌درێت. له کوردستاندا، پرۆسێسی خۆعهرهباندن، واته:عه‌ره‌باندنی ئاره‌زوومه‌ندانه، پێڕۆ ده‌کرێت و به‌ڕێوه ده‌چێت. مرۆڤی ئاسایی کورد، بێ ئه‌وه‌ی قیچێک بیر له ئه‌نجام و کاریگه‌ریی بکاته‌وه و بێ ئه‌وه‌ی دیرۆک بخوێنێته‌وه و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌ریی خۆی بکاته دادوه‌ر و پێوه‌ر، بۆ خۆی به‌شدارییه‌کی چالاک و کارا، له‌و پرۆسێسه‌دا ده‌کات. ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانیش، که بۆ خۆیان هانده‌ر و ڕێبه‌ری عیراقییاندنهوهی کوردستان و کوردن، هه‌رگیز ئه‌وه‌ی بیری لێ نه‌که‌نه‌وه و به خه‌یاڵیاندا نه‌یه‌ت، ئه‌و باسه‌یه. حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان، نه‌ک هه‌ر هیچ نه‌خشه و به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ نه‌هێشتنی عه‌ره‌باندن نه‌بووه و نییه، به‌ڵکه بۆ خۆیان به واڵاکردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی کوردستان به ڕووی عیراقدا و به عیراقییاندنهوهی کوردستان، گه‌شه به پرۆسێسی عه‌ره‌باندن ده‌ده‌ن. ئه‌وڕۆ ته‌نێ که‌رکووک و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و به‌دره و مووسڵ نین، که عهرهبێنراون، ئه‌وڕۆ بێخاڵ و جندیان و سولاڤ و سواره‌تووکه و گه‌لیی عه‌لی به‌گ و شه‌قڵاوه و ئه‌حمه‌داوا و ئاوێسه‌ر و سه‌رچناریش دهعهرهبێنرێن. له ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌دا، تۆ گوێت له یه‌ک کاسێتی کوردی و یه‌ک مووزیکی کوردی نابێت. تابلۆی سه‌ر فرۆشگه و چێشتخانه و چایخانه و هوتێل و مه‌یخانه‌کان، هه‌مووی به عه‌ره‌بین. ئه‌و پارچه کاغه‌زه‌ی، که خاوه‌نی گه‌راژ و پارکینگهکهی، که ئۆتۆمبیلی تێدا ڕاده‌گریت، ده‌تداتێ، به عه‌ره‌بی له سه‌ری نووسراوه و یه‌ک وشه‌ی کوردیی له سه‌ر نییه. ناوی خۆراک و ئه‌و شتانه‌ی هه‌ر خواردنگه‌یه‌کی ئه‌و ناوه بگره، به زمانی عه‌ره‌بی نووسراوه و یه‌ک وشه‌ی کوردیی تێدا نییه. پاساوی نه‌بوونی زمانی کوردی و وشه‌ی کوردی له سه‌ر ئه‌و جۆره شتانه، له‌کن ئه‌و که‌سانه‌ی خاوه‌ن و پێوهنددارن به‌و شوێنانه‌وه ئه‌وه‌یه، که ئاخر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی دێنه کوردستان، کوردی نازانن و ده‌بێ له‌به‌ر ئه‌وان به عه‌ره‌بی بنووسرێن. ڕاوهپاره هه‌موو شت له بیر ده‌وڵه‌مه‌ندی چاوچنۆک ده‌باته‌وه و ته‌نانه‌ت ئاماده‌ی دهستبهردانیش ده‌بێت له زمانی خۆی. ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی دێنه ئه‌و شوێنانه، یه‌ک ڕێزه، یه‌ک تۆز. نه ڕێز و نه حورمه‌تیان بۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌تیی خه‌ڵکی کورد و کوردستان نییه. ئه‌وه هیچ، که ئه‌وان بۆ خۆیان به‌و جۆره هه‌ڵسوکه‌ت و ڕه‌وتار ده‌که‌ن، وه‌لێ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، کورده‌که‌ی خۆیان و کوردستانه‌که‌ی خۆیانیان، سووک کردووه و بێڕێزی پێ ده‌که‌ن. ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌موو جیهان، سنوورێک بۆ خه‌ڵکی بیانی، که دێنه نێو وڵاته‌که‌یانه‌وه داده‌نێن، وه‌لێ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، له پێناوی پتر توندوتۆڵکردنی پێوه‌ندی خۆیان به عیراق و پتر زهنگینبوونی خۆیان، وه‌ها کارێک هه‌رگیز ناکه‌ن . له‌و شوێنه فێنک و به‌ناو هاوینهههوارانهدا، له‌بری پێشاندانی جوانیی دیمه‌نی ئه‌و شوێنانه و له دووره‌وه ته‌ماشاکردنی و چێژوه‌رگرتن له جوانیی سروشت و فێنکی و خۆشی، ته‌واوی ده‌وروبه‌ری و تا بن چیایه‌که و تا بن ئه‌ستێڵی ئاوه‌که و تا که‌نار گۆمه‌که و تا بن سێبه‌ره‌که، هه‌ر هه‌مووی کراوه به که‌پر و چایخانه و مه‌یخانه، که هه‌رچی جوانییه دایپۆشیوه و نه‌یهێشتووه. ئه‌و ده‌وروبه‌ره به هه‌زاران شووشه و قوتووی بێکه‌ڵک و پلاستیکی بێکه‌ڵک تژی بووه و ئه‌و پیساییانه هه‌روا و بێ هیچ بیرکردنه‌وه‌یه‌ک فڕێ ده‌درێنه نێو ئاو و بن سێبه‌ر و بن چیا‌و و ژێر دارانه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌سه‌ڵاتێک و کارگێڕییه‌ک به‌ر به‌و نه‌زانین و وێرانکارییه بگرێت. پرۆسێسی خۆعهرهباندن یا عه‌ره‌باندنی ئاره‌زوومه‌ندانه، وه‌نه‌بێ ته‌نێ ئه‌و شوێنه فێنک و شوێنی گه‌شت و سه‌یرانانه‌ی کوردستانی گرتبێته‌وه و به‌و شێوه‌یه بێت، به‌ڵکه له نێو باژێڕه گه‌وره‌کانی کوردستانیشدا، هه‌ر وایه. تابلۆی فرۆشگه و هۆتێل و چایخانه و خواردنگه و زۆر جێگه‌ی دیکه‌ی له شاره‌کانی باشووری کوردستان به عه‌ره‌بی نووسراون و ئه‌گه‌ر به عه‌ره‌بییش نه‌نووسرابن ئه‌وا به کوردییه‌کی عهرهبێنراو نووسراون.
فرۆشگه‌ی”مازی”، له دهۆک، که یه‌کێکه له فرۆشگه گه‌وره‌کانی کوردستان، تاکه یه‌ک وشه به زمانی کوردی له سه‌ر کاڵاگه‌لێکی، که تێیدا ده‌فرۆشرێن نابینییه‌وه. پاره و ناوی کاڵاکه، به عه‌ره‌بی نووسراون و له بنیشییهوه نووسراوه(دهوك-عراق). تۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسینه گچکهیهت نه‌کرده کوردی و ئه‌و (دهوك-عراق)هت نه‌کرده(دهۆک-کوردستان)، تۆ ئه‌گه‌ر تابلۆی ناوی شار و ژماره‌ی ئۆتۆمبیله‌کانی کوردستان، که نووسراوه: (اربیل/عراق یا سلیمانیة/عراق یا دهوك/عراق یا کرکوك/عراق)ت، نه‌کرده هه‌ولێر/کوردستان، که‌رکووک/کوردستان، سلێمانی/کوردستان، دهۆک/کوردستان و تۆ ئه‌گه‌ر ته‌واوی تابلۆی هوتێل و فرۆشگه و مه‌یخانه و مووزیک و لیستی ناوی خۆراک و…ئه‌وانه‌ت نه‌کردنه کوردی و تۆ ئه‌گه‌ر ده‌رگای ته‌واوی کوردستانت، خسته سه‌رپشت، بۆ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی عه‌ره‌ب و ڕێگه‌ت پێدان به ئاره‌زووی خۆیان، له‌وسه‌ری کوردستانه‌وه بۆ ئه‌وسه‌ری کوردستان، ته‌راتێن بکه‌ن و تۆ ئه‌گه‌ر زه‌وی و خانوو و خاکی کوردستانت فرۆشتنه عه‌ره‌ب و به تورکمانت کردنه دیاری و به‌سه‌ریاندا بهشیتنهوه، هه‌رگیز چاوه‌نۆڕی نه‌مان و لاچوون و سڕینه‌وه‌ی عه‌ره‌باندن مه‌که و هیچ هیوایهکیشت، به قسه‌ی هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێک نه‌بێت.
تورکه‌کان، هه‌رچی به‌رهه‌م و کاڵایه‌کی خۆیانه، که له کوردستان ده‌یفرۆشن، به هیچ زمانێکی دیکه‌ی بێجگه له تورکی، له سه‌ری نانووسن. من بۆ خۆم به‌فرگری تورکیم بینی، که به‌و شێوه‌یه بوو، کاغه‌زی سه‌ر به‌فرگره‌که، به تورکی، ته‌واوی زانیارییه‌کانی له‌مه‌ڕ بهفرگرهکهوهی، له سه‌ر نووسرابوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌موو جیهان تورکزمان بن. ئه‌وه سیاسه‌تی خه‌ڵکی دیکه‌یه و ئه‌وه‌ش سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد!
له که‌رکووکی کوردستانه‌وه، نه‌وت، به لۆری و تانکه‌ر و ترێلای زل زل، ده‌برێت بۆ تورکیا و له‌وێ له پاڵاوتگه‌کانی ئه‌وێ، ده‌پاڵێورێت و ده‌کرێته به‌رهه‌می دیکه و لێک جیا ده‌کرێته‌وه و به‌نزین و چتی دیکه‌ی لێ ده‌رده‌هێنرێت، ئه‌و به‌نزینه جارێکی دیکه دێته‌وه کوردستان و له به‌نزینخانه‌کانی کوردستاندا ده‌فرۆشرێت، به‌ڵام له سه‌ری ده‌نووسن:”به‌نزینی تورکی”، وه‌ک بڵێی ئه‌وه به‌نزینی ئه‌تاتورک و که‌مالیستان بێت و خێریان به کوردستان کردبێت. هیچ به‌رپرسێکی کورد، هیچ کوردێکی ئاسایی، هه‌رگیز بیر له‌وه ناکاته‌وه و ناپرسێت: چما به‌نزینی تورکی؟ مه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌وته‌که‌ی که‌رکووکی دڵ و قودسه‌که‌ی خۆت نییه!
له فرۆشگه و دوکانی وردهواڵهفرۆشهکاندا جۆره خه‌نه‌یه‌ک ده‌فرۆشرێت، ده‌زانی چی له سه‌ر نووسراوه؟ له سه‌ری نووسراوه:”ئه‌تاتورک”!! من بۆ خۆم ئه‌و خهنهیهم له سلێمانی دیت. هیچ کوردێک ناپرسێت: بۆ ئه‌تاتورک؟ نه‌ده‌کرا ناوێکی دیکه‌ی لێ بنرێت! ناوی هه‌ر شێت و گه‌وواد و له‌شفرۆش و سۆزانییه‌کی کوردستان، له‌و کیسه خه‌نه‌یه بنرێت، گه‌لێک باشتر و شه‌ریفتر نییه، له‌وه‌ی ناوی ئه‌تاتورکی به‌سه‌ره‌وه بێت! خه‌ڵکی کورد بۆ نه‌هێشتنی عه‌ره‌باندن، ده‌بێ له مێشکی خۆیانه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ن و پێشه‌کی، له مێشکی خۆیاندا بیسڕنه‌وه و دواتریش، ڕێگه به هیچ عه‌ره‌بێک نه‌ده‌ن، شۆخیی به زمان و فه‌رهه‌نگی کورد بکات. عه‌ره‌باندن پێش ئه‌وه‌ی بکرێته سیاسه‌ت و کاری ڕۆژانه و پێڕۆ بکرێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ستی خۆبه‌بچووکزانی و هه‌ستی کێماسی و خۆبهکهمترزانی له عه‌ره‌ب و تورک و فارس و ئه‌مه‌ریکایی و هه‌موو خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه. من که باسی عه‌ره‌باندن ده‌که‌م، تورکاندن و فارساندنیش، هه‌ر به‌و جۆره ده‌بینم، وه‌لێ من ئێستا قسه‌م له سه‌ر عه‌ره‌باندنه. بۆ نه‌هێشتنی عه‌ره‌باندن، گه‌ره‌که ئه‌و هه‌سته له ڕه‌گوڕیشه‌وه ده‌ربهێنرێت و بهاوێژرێت، ده‌نا تا ئه‌و هه‌سته هه‌بێت، کورد هه‌رگیز له عه‌ره‌باندن، تورکاندن و فارساندن، ڕزگاری نابێت. که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی”الشرقیة”، که که‌ناڵێکی عیراقییه، به کامیرایه‌که‌وه ده‌چێته”بێخاڵ”، بۆ پێشاندانی ڕه‌وشی گه‌شت و گه‌شتیاران و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی ده‌چنه ئه‌وێ، بۆ ڕابواردن و شۆخیکردن به کورد ، کۆمه‌ڵێک قه‌شمه‌ری کورد، به خۆ و به مووزیکێکی کوردی و چه‌ند ئاوازێکی کوردی و که‌سێک، که گۆرانی ده‌چڕێت، ده‌که‌ونه هه‌ڵپه‌ڕین و خۆبادان، بۆ ئه‌و که‌ناڵه عه‌ره‌بییه و له نێو گۆرانییه‌که‌شدا به‌و که‌ناڵه‌دا هه‌ڵده‌ڵێت و باسی ده‌کات. هه‌ر چه‌ند ڕۆژان جارێک “الشرقیة”، ئه‌و سووکایه‌تییه پێشان ده‌داته‌وه و بێخاڵیش وه‌ک به‌شێک له “عیراقی هیوا و ئاشتی” پێشان ده‌دات.
ئێمه، که باسی بنه‌بڕکردنی عه‌ره‌باندنی که‌رکووک و خانه‌قین ده‌که‌ین، سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، یه‌ک عه‌ره‌بی له که‌رکووک وهدهرنهناوه. حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، دڵی یه‌ک عه‌ره‌ب ناشکێنن و کاغه‌ز و مۆڵه‌تی مانه‌وه و به‌ڵێنی پاراستنیشیان له که‌رکووک، پێ ده‌ده‌ن. هه‌رچی عه‌ره‌بی خانهقینیشه، زۆریان ئێستاکه له “جه‌له‌ولا” نیشته‌جێن. به‌رپرسانی کورد، ڕێیان پێ داون، له‌وێ بژین. عه‌ره‌بی جه‌له‌ولا و عه‌ره‌بی که‌رکووکیش، سه‌گی هار ئاسا، لاقی یه‌ک کورد به سه‌لامه‌تی ده‌رناکه‌ن و ده‌یگه‌زن. له که‌رکووک له مانگێکدا چوار پێنج به‌رپرسی کورد، ده‌کوژرێن، واته: هه‌ر حه‌فته‌و یه‌کێک. له جه‌له‌ولایش هه‌ر به‌و جۆره‌یه. ئه‌وڕۆ هه‌رچی ناکورده له که‌رکووکدا، شتاقیان دۆستی کورد نین و نه‌یاری کوردن و هه‌ر ئه‌وانیشن، کورد ده‌کوژن و دژی کوردستانیبوونی که‌رکووکن و که‌رکووک به هی خۆیان ده‌زانن. سه‌رانی کورد، له قینی یه‌کدی و بۆ خڕکردنه‌وه‌ی ده‌نگ و ڕاکێشانی مه‌یلی عه‌ره‌ب و تورکمان و فڵانه هۆز و خێڵ و ده‌سته، هه‌ریه‌که‌و له ئاستی خۆیه‌وه، هه‌رچی کارئاسانیی هه‌یه، بۆ عه‌ره‌بی ده‌که‌ن. ئه‌و قانوون و فۆرمپڕکردنهوه و کاغهزبازییهی، که سه‌رانی کورد پێیانوایه، عه‌ره‌بی که‌رکووکی پێ ده‌رده‌که‌ن، من بۆ خۆم هێنده‌ی ڕێزه‌یه‌ک بڕوام پێ نییه. عه‌ره‌ب، به‌و جۆره له که‌رکووک ناچنه ده‌رێ. که‌رکووک پێویستی به وردبینی و کارێکی تایبه‌ت و خێرا و بوێرانه‌یه، وه‌ها کارێکیش به خهڵکگهلێک ناکرێت، که به که‌رکووکییان بڵێن:”با خه‌ڵکی که‌رکووک بچن بۆ خۆیان، کاری خۆیان بکه‌ن. ئێمه له سلێمانی هێلانه‌یه‌کمان دروست کردووه، با لێمانی نه‌شێوێنن”. که‌وابوو، خه‌ڵکی له‌و جۆره، با ئیدی به ناوی کورده‌وه قسان نه‌که‌ن و ته‌نێ باسی “نێوانی قلیاسان و گۆیژه” بکه‌ن و چیدی مێشکی خه‌ڵکی کوردیش نه‌به‌ن، به قسه‌ی زل و فیشاڵ. که ئه‌و جۆره خه‌ڵکه و مانه‌ندی ئه‌وانه، ڕێبه‌ری کورد بن، هه‌رگیز چاوه‌نۆڕی نه‌مان و بنبڕکردنی عه‌ره‌باندن مه‌به. له که‌رکووک له‌گه‌ڵ هه‌ندێک لاودا که‌وتمه قسه‌کردن، ئه‌وان زۆر ڕاشکاوانه و به ئاشکرا ده‌یانگوت، سه‌رانی هه‌ردوو زلحیزبی پارتیی و یه‌کیه‌تیی و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وان له که‌رکووک ڕێگه‌یان لێ گرتوون و ده‌ستیان بهستوونهوه، ده‌نا ده‌توانن کاری زۆر باش و چالاکیی ئازایانه و بوێرانه به‌رانبه‌ر عه‌ره‌به داگیرکاره‌کان ئه‌نجام بده‌ن و وه‌ده‌ریان نێن. ئه‌وان باسی هه‌ندێک لاوی خوێنگه‌رم و شۆڕشگێڕیان ده‌کرد، که به شێوه‌ی توند و به تۆبزی ویستبوویان ئه‌و عه‌ره‌بانه وه‌ده‌رنێن و زۆریان به‌رانبه‌ر نواندبوون، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان ئه‌و لاوانه‌ی گرتبوو و خستبوونییه زیندانه‌وه.
*****
یه‌کێک له کاره‌ساته هه‌ره مه‌زنه‌کانی کوردستان، پیسکردن و ژاراویکردنی ژینگه‌یه. سه‌رتاسه‌ری کوردستان، گوفه‌ک و زبڵدانێکی گه‌وره‌یه و هه‌رچی پیسی له‌و وڵاته‌دایه، تێیدا هه‌ڵده‌ڕێژرێت، له‌وسه‌ری وڵاته‌وه بۆ ئه‌وسه‌ری وڵات، دێت و ده‌ڕوات و بڵاوده‌بێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی که‌س بیرێکی لێ بکاته‌وه. له سیادهڵقه ژاراوییه نایلۆنه‌کانه‌وه بگره، تا ده‌گاته شووشه و پلاستیکی کۆکاکۆڵا و توکاکۆڵا و زه‌مزه‌م و قوتووی بیره و شووشه‌ی عه‌ره‌ق و جۆره‌کانی دیکه‌ی خواردنه‌وه و تا کاغه‌ز و کهوڵهبهستهنی و قوتووه گۆشت و قۆدییه ماسی و پارچهئاسن و لهتهئۆتۆمبیل و ده‌فره پلاستیکه سپییه گه‌وره بیست لیترییهکانی به‌نزین و…هه‌زاران چتی دیکه هه‌ن، فڕێ ده‌درێنه سه‌ر خاک و نێو ئاو و دار و چیا و ده‌شت و نێو هه‌وا و سروشتی وڵاتی کوردستان، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌سه‌ڵاتێک و هیچ کارگێڕییه‌ک بیر له‌و ژاراویکردنهی ژینگه‌یه بکاته‌وه.
خه‌ڵک هه‌ر له‌خۆڕا و بێ ئه‌وه‌ی که‌س هۆکاره‌کانی بزانێت، ده‌مرن. سه‌دان نه‌خۆشی سه‌یر و سه‌مه‌ره، له‌و وڵاته‌دا بڵاوبوونه‌وه و قڕانیان خستووه‌ته نێو خه‌ڵک، بێ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بکرێن. خه‌ڵک ده‌ڵێن، کاریگه‌ریی ئه‌و خۆراکه مفتهیه، که وه‌ریده‌گرن و به سه‌ریاندا ده‌به‌شرێته‌وه. ئه‌و خۆراکه، هه‌روا و بێ هیچ کۆنترۆڵ و لێنۆڕینێک دێته کوردستانه‌وه و ده‌به‌شرێته‌وه و ده‌خورێت. ئۆتۆمبیله شکاوی جیهان، ده‌برێنه‌وه کوردستان و له‌وێ ده‌فرۆشرێن. بردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبیل له ئه‌وروپاوه بۆ کوردستان بووه‌ته بازرگانییه‌کی پڕسوود و مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و پاره‌په‌یداکردن. ئه‌وروپانشینی وا هه‌یه له مانگێکدا یه‌ک دوو جار بۆ خۆی و به چه‌ندین شۆفێری به کریگرتوودا چه‌ندین کۆمه‌ڵه ئۆتۆمبیل ده‌باته‌وه و ده‌نێرێته‌وه کوردستان و له‌وێش ڕاده‌ستی خه‌ڵکی تایبه‌تی که‌س و خزمی خۆی ده‌کات و به پاره‌یه‌کی زۆریان ده‌فرۆشنه‌وه. به‌و شێوه‌یه کوردستان بووه به گۆڕستانی ئۆتۆمبیلهکۆنی ئه‌وروپا.
ئاووهه‌وای سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆک و که‌رکووک، له پیسی و ژاراویبوونیدا، هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ ئاووهه‌وای تارانێکی 14-15 میلیۆنی و لهندهنێکی 10-11 میلیۆنیدا نییه، باشه بۆ؟ ئه‌گه‌ر پیسبوونی ژینگه و مردنی زوو و خێرای خه‌ڵک و زۆربوونی جۆری نه‌خۆشی و ژاراویکردنی ئاووهه‌وا و خاک و سروشت، به‌وه‌ی، که ئۆتۆمبیل زۆر بووه و خه‌ڵک هێزی کڕینی به‌رز بووه‌ته‌وه و پتر ده‌ستی ده‌ڕوات و به‌سته‌نی زیاتر ده‌خوات و کۆکاکۆڵا پتر ده‌خواته‌وه و کاڵا زیاتر به‌کار ده‌بات و ده‌دڕێت و مه‌سره‌ف ده‌کات، پاساو بدرێت، ئه‌وه من بۆ خۆم هه‌رگیز، به گۆڕان و به‌ره‌وپێشچوون و خۆشگوزه‌رانیی دانانێم، ڕێک به پێچه‌وانه‌وه، چاوه‌نۆڕی باری دژوارتر و گه‌لێک خراپتریش، له وه‌ها وڵاتێک ده‌که‌م.
*****
هه‌رچی کارگێڕییه له کوردستان، که ماوه‌ی سێزده ساڵێکه، هه‌ردوو زلحیزبه‌که‌ی کوردستان سه‌رپه‌رشتیی ده‌که‌ن، گه‌نده‌ڵییه‌کی وای تێدایه، که ژیانی خه‌ڵکی تاڵ کردووه، گه‌نده‌ڵییه‌که له سه‌ری سه‌ره‌وه تا خواری خواره‌وه‌ی گرتووه‌ته‌وه. کورد له‌مێژه گوتوویه‌تی:”ماسی له سه‌رڕا بۆگه‌ن ده‌کات”، ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی کوردستانیش له‌سه‌رڕا بۆگه‌نی کردووه و دزی گه‌وره و چهپاوکهری گه‌وره و تاڵانکه‌ری گه‌وره و تێڕه و نه‌وسن و چڵێسی گه‌وره، له‌سه‌ره‌وه‌ن و ئه‌وانن، که گه‌نده‌ڵییه‌که‌یان ساز کردووه. وه‌ها گه‌نده‌ڵییه‌ک، مه‌گه‌ر به لهبنڕاههڵتهکاندنی ته‌واوی ده‌سگا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و کارگێڕییه‌کان و گۆڕینی سه‌رله‌به‌ری، له‌سه‌رڕا و به‌ره‌وخوار، گۆڕینێکی ڕادیکاڵانه، چاره‌سه‌ر بکرێت، ده‌نا ئه‌ویش ده‌ستی لێ بشۆ، چونکه گۆڕینی ڕادیکاڵانه، خه‌ڵکانێکی ڕادیکاڵ ده‌توانن ئه‌نجامی بده‌ن، نه‌ک مشه‌خۆر و لامژ و دزانی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان. به‌رپرسانی وڵاته‌که‌ی ئێمه، وه‌ک “گه‌نه” و “زه‌روو”یان لێ هاتووه، گه‌نه و زه‌روو، تا پێیان بکرێت، خوێن ده‌مژن و ئیدی، کاتێک تێر ده‌بن و لێ ده‌بنه‌وه و مڕ ده‌بن، ده‌ته‌قن، وه‌لێ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌که‌ی ئێمه، هه‌رگیز نه مڕ ده‌بن، نه تێر ده‌بن و نه دهشتهقن، هه‌ر بۆیه هه‌رگیز لێ نابنه‌وه. وڵاتێک ئه‌وه حاڵی بێت، کوو چاوه‌نۆڕی ئه‌وه‌ی لێ ده‌کرێت، ببێته ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نی ئابووریی سه‌ربه‌خۆی خۆی! ئابووریی سه‌ربه‌خۆ و فه‌رهه‌نگیی سه‌ربه‌خۆ، نه‌ته‌وه دروست ده‌که‌ن و وڵاتێک ده‌که‌نه ده‌وڵه‌ت و گه‌لێک ده‌که‌نه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات. وڵاتێک ئه‌وه حاڵی بێت، چۆن چاوه‌نۆڕی ئه‌وه‌ی لێ ده‌کرێت، گوزه‌رانی هاووڵاتان و خه‌ڵکه‌که‌ی به‌ره‌و باشیی بڕوات!.
*****
ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان هیچ جۆره کارێکیان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌ی بارگرژی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی حوکوومه‌تی نێوه‌ندیی عیراق نه‌کردووه و پێموانییه هیچ نه‌خشه‌یه‌کی له‌و جۆره، له‌کن ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان هه‌بێت. ئه‌گه‌ر هه‌یانبووایه، ئه‌ڵبه‌ته له‌شکرێکی یه‌کگرتوویان، بۆ ته‌واوی هێزه چه‌کداره‌کانی کوردستان، پێکده‌هێنا. ئه‌وان تا ئێستاش هێزه چه‌کداره‌کانی خۆیانیان، نه‌کردووه‌ته یه‌ک هێز و هه‌ر حیزبه و خاوه‌نی له‌شکری خۆیه‌تی. بێگومان تا ئه‌و هێزانه نه‌بنه له‌شکری کوردستان، ئه‌وا هه‌رچه‌ندی بۆ خۆیان بانگاشه بکه‌ن و بڵێن، میلیشیا نین، ئه‌وا هه‌ر میلیشیان. تۆ سه‌یری هێزی چه‌کداری فڵانه حیزب بکه، که سه‌ر به‌و حیزبه بێت و ئاماده بێت، دژی حیزبێکی دیکه‌ی کوردستان بچێته سه‌نگه‌ره‌وه، ئه‌مه چۆن میلیشیا نییه! ئه‌مه میلیشیایه و تۆزێکیش. ئه‌مه چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ چه‌کداره‌کانی موقته‌دا ئه‌سسه‌در(مقتدﻯ الصدر)دا هه‌یه، که به میلیشیا ده‌ژمێردرێن؟ ئه‌و “سه‌گ به حه‌وشه” و “فڕکان فڕکان”هی ئه‌وڕۆ به موقته‌دا ئه‌سسه‌در ده‌کرێت، من هیچ به دووری نازانم، سبه‌ی به چه‌کداره‌کانی کوردیش بکرێت. سه‌رانی کورد، وا پشتیان لێ کردووه‌ته‌وه، وه‌ک بڵێی نه عه‌ره‌بیان دیوه و نه کوردستان ئه‌نفال و کیمیاباران کراوه! زمانی سه‌رانی به‌غدا و حیزبه عه‌ره‌به‌کان و ته‌واوی ناکوردان، زمانێک نییه، هه‌رگیز چاوه‌نۆڕی ڕۆژێکی خۆشی بۆ کورد لێ بکرێت. ئه‌وان، حوکوومه‌تی به‌غدا و هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، ئێستا له قۆناغێکدان، له هێزه گچکه‌کانه‌وه ده‌ستپێده‌که‌ن و پاشان به‌ره‌و هه‌وراز هه‌ڵده‌کشێن. ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا، هه‌رگیز وشه‌ی فیدرالی و کوردستانیان به زاردا نایه‌ت، ئه‌گه‌ر فره ته‌نگاو نه‌بن. که‌واته ئه‌و بارگرژییه هه‌ر هه‌یه و هه‌ر ده‌بێ چاوه‌نۆڕی زیاتر گرژبوونه‌وه‌ی بکه‌ین، به‌ڵام سه‌رانی کورد، هه‌ر که به‌رپرسێکی عه‌ره‌ب یا عیراقی ده‌بینن و له‌گه‌ڵیاندا داده‌نیشن، ئیدی هه‌موو چتێک له‌بیر ده‌که‌ن و ده‌که‌ونه‌وه خه‌یاڵی”هه‌ربژی کورد و عه‌ره‌ب، رمزالنضال” ه‌که‌ی پێش46 ساڵان.
*****
له نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و گه‌لی کوردستاندا، که‌لێنێکی گه‌وره وه‌دی ده‌کرێت و دوورییه‌ک له گۆڕێدایه. حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان، هه‌رگیز هه‌وڵی خۆنێزیکخستنهوهیان له جه‌ماوه‌ر نه‌داوه. ئه‌وان جه‌ماوه‌ریان کردووه‌ته، پاشکۆی خۆیان. ئه‌وان نانی جه‌ماوه‌ر و کورده‌که‌یان به ده‌سته و بیانه‌وێت، خه‌ڵک ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن و ده‌یانکه‌نه میلیۆنێر و پاره‌دار و خودانی هه‌موو شتێک و بشیانه‌وێ، نانی خه‌ڵک ده‌بڕن. خه‌ڵکانی سه‌ر به خۆیان، گیرفانپڕ و تێروته‌سه‌ل و خۆشگوزه‌رانن و ئه‌وه‌یشی له‌گه‌ڵیان نه‌بێت، ده‌بێ هه‌میشه وه‌دووی بژێو و ژیاندا غاردات و هه‌ناسه‌بڕکێی تووش بێت. ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له‌و حیزبانه‌وه نێزیکه، مه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن، ده‌نا شوێنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی و خێزان و بنه‌ماڵه و عه‌شیره‌ته‌که‌ی که‌وتووه. خه‌ڵکێکی کوردپه‌روه‌ر و وه‌ڵاتپارێز و خۆبهکوردستانیزان، که‌متر شوێن ئه‌و جۆره حیزبانه ده‌که‌ون و خۆیان له بازنه‌ی حیزب‌دا ده‌تاسێنن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، له نێو ئه‌و حیزبانه‌دا خه‌ڵکی کوردپه‌روه‌ر و وه‌ڵاتپارێز و خۆبهکوردستانیزان نین، هه‌ن، به‌ڵام ده‌نگیان نابیسرێت و که‌س گوێیان لێ ناگرێت. ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه ده‌یکه‌ن و خۆیان به سیاسه‌ت و کوردایه‌تی و خزمه‌ت ده‌یده‌نه قه‌ڵه‌م، پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌ن، دژی به‌رژه‌وه‌ندی کوردستان و خه‌ڵکی کورده و سووککردن و گچکه‌کردنه‌وه و بێبایه‌خکردنی کورده. حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان، ئه‌گه‌ر دزی ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ر زه‌ویوزاری کوردستان داگیر ده‌که‌ن و ده‌فرۆشن و ده‌کڕن و ئه‌گه‌ر سازش له سه‌ر هه‌موو پیرۆزییه‌کی کوردستان و کورد ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ر کوردستان به نه‌یارانی کورد ده‌فرۆشن، هه‌ر به خزمه‌تی کوردستان و کورد، به کوردستانییان و نه‌ته‌وه‌ی کوردی ده‌فرۆشنه‌وه و منه‌تیان به سه‌ردا ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ترس و پێویستی و خۆپێداههڵواسین و ماستاوساردکردنه‌وه و مه‌رایی نه‌بێت، هیچ شتێک، جه‌ماوه‌ری کورد، به‌و حیزبانه‌وه، گرێ نادات. درز و که‌لێنی هێنده زه‌لام، له نێوان خه‌ڵک و ئه‌واندا هه‌س، به هیچ شتێک پڕ ناکرێته‌وه. که جه‌ماوه‌ر هیچ ناڵێت، هۆیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه، ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌گۆڕێدا نییه و ئه‌وان (حیزبه‌کان) نانی خه‌ڵکیان به ده‌سته، ئه‌وان، تێڵایان به‌ده‌سته و خه‌ڵکیش ده‌ستی په‌تییه.
*****
ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن ئازادی بیروڕاده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌گه‌ری له کوردستاندا به واتای ته‌واوی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه نییه. هه‌رچی ڕۆژنامه و حه‌فته‌نامه و مانگنامه و گۆڤار و بڵاوکراوه‌ی کوردستانه، هه‌مووی سه‌ر به حیزبه. ئه‌وه‌یشی، بانگاشه‌ی ئه‌وه ده‌کات سه‌ر به حیزب نییه، جێگه‌یه‌ک، دهسگهیهک، خه‌ڵکێک، به‌رپرسێک، لایه‌نێک، که‌سێکی له پشته‌وه‌یه و کۆمه‌کی پێ ده‌کرێت، ده‌نا ڕێگه نادرێت قسه بکات و ڕه‌خنه بگرێت. ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری، به ناو و له‌سه‌ر کاغه‌ز هه‌یه، به‌ڵام له واقیعدا وا نییه. ڕۆژنامه‌یه‌ک یا بڵاوکراوه‌یه‌ک، که بڕێک باسی کێشه‌کانی خه‌ڵک بکات و ڕاستی بخاته پێش چاوی خه‌ڵک، هه‌میشه ده‌نووکی ده‌سه‌ڵاتدارانی له‌سه‌ره و ڕێگه‌ی پێناده‌ن به ئاره‌زووی خۆی قسان بکات و به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی داخستن و دهمکڵۆمکردنی لێ ده‌که‌ن. ئه‌وجا من له تۆ ده‌پرسم، ئه‌وه پێی ده‌گوترێ ئازادی؟ له‌م ئه‌وروپا و جیهانه ئازاده‌دا، ڕۆژانه ڕه‌وتار و کردار و گوتاری هه‌رچی به‌رپرسی وڵاته، ده‌خرێنه ژێر پرسیاره‌وه و هه‌ر کارێکی ده‌یکه‌ن، ئه‌گه‌ر یه‌ک قیچ له قانوونی وڵاته‌وه دوور بێت، لێی ده‌که‌نه هه‌ڵڵا و له قاوی ده‌ده‌ن. سه‌رۆکی حوکوومه‌تێک ئه‌گه‌ر دۆلارێک یا کرۆنێکی زیاده‌ی وه‌رگرتبێت، یا به هه‌ڵه‌ی سه‌رف کردبێت، دنیای لێ پڕ ده‌که‌ن و په‌لکێشی سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆنی ده‌که‌ن و به دز و ده‌یان وشه‌ی توند، ناوی ده‌به‌ن و په‌نجه ده‌که‌نه چاویدا ، کوا له کوردستانه‌که‌ی تۆ و مندا وه‌ها کارێک ده‌کرێت؟ کێ ده‌زانێت، مووچه‌ی سه‌رۆکی حوکوومه‌ت، یا وه‌زیر، یا به‌رپرسێکی حیزبی، یا شۆفێر و پاسه‌وانێکی ئه‌وان، له وڵاته‌که‌ی ئێمه‌دا، چه‌نده؟ کێ ده‌زانێت به‌رپرسانی حیزب و سه‌رانی حوکوومه‌ته‌کانی وڵاته‌که‌ی ئێمه و ژن و زارۆک و قه‌وم و خوێشیان، چه‌ندیان موڵک و خانوو و زه‌وی و ئۆتۆمبیل و مووچه هه‌یه و چه‌ندیان پاره‌وپووڵ، له بانکه‌کانی ئه‌وروپا و وڵاتانی دیکه‌دا هه‌یه؟ سه‌رۆکی حیزبی وڵاته‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان، نیوه‌ی وڵاته‌که ده‌فرۆشێته داگیرکاران و چه‌وسێنه‌رانی وڵاته‌که‌ی، بێ ئه‌وه‌ی، هیچ ڕۆژنامه‌یه‌ک یا که‌سێک، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بخاته به‌رباس! به‌رپرسانی حیزبه‌کانی وڵاته‌که‌ی ئێمه، به ئاره‌زووی خۆیان و وه‌ک ته‌گه(نێری) ده‌که‌ونه نێو کچان و ژنانی وڵات، بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک بوێرێ، خۆی له قه‌ره‌ی وه‌ها باسێک بدات!
هه‌رکاتێک مایکڵ مۆر”Michael Moore”ه‌کانی کوردستانیش بێ ترس و دانبه‌خۆداگرتن و خۆخواردنه‌وه، توانییان ڕه‌خنه‌یان له ترۆپکی ده‌سه‌ڵات و سه‌رکرده و بنکرده گرت و هه‌موو کاره دزێو و ناڕه‌واکانیان، خستنه به‌رباس و هه‌موو کورد به هه‌موو چتێکی زانی، هه‌رکاتێک میدیای کورد و میدیاکارانی کوردستان توانییان، هه‌موو چتێک بڵێن و بنووسن و پێشان بده‌ن و ته‌واوی شاراوه‌کان و پهردهپۆشهکان، ئاشکرا که‌ن و بچنه نێو ماڵ و موڵک و ژماره حیسابی بانک و ژووری نووستن و خواردن و خواردنه‌وه‌ی بهرپرسهکانمانهوه و له هیچ شتێک نه‌سڵه‌مینه‌وه و تووشی هیچ سزا و نانبڕینێک نه‌بن، ئه‌وده‌می ده‌شێ بڵێین، به‌ڵێ ڕۆژنامه و ڕۆژنامه‌گه‌ری و میدیا، له کوردستاندا ئازاده.
*****
یه‌کێک له‌و قه‌یرانه سه‌ره‌کی و ڕۆژانانه‌ی خه‌ڵکی باژێڕه‌کانی کوردستان تووشی ده‌بن، که‌مئاوییه. من بۆ خۆم له سلێمانی و له ماڵان‌دا ئاگاداری ئه‌وه بووم، که هه‌ر دوو ڕۆژ و هه‌ندێ شوێن سێ ڕۆژ جارێک ئاویان ده‌درایه. ئیدی ناچار ده‌بوون هه‌رچی ده‌فره له تانکی و به‌رمیل و ته‌نه‌که‌وه تا ده‌گاته تیانچه و شووشه‌یش، پڕ له ئاو بکه‌ن، له ترسی ئاوبڕان و دواتر پێویستبوون به ئاو و به‌شنه‌کردنی ئاو. ئهلهکتریکبڕانیش سه‌رئێشه‌یه‌کی دیکه و ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکه. که ده‌نۆڕیته ماڵی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌مه‌ندان، هه‌رگیز له‌و باسانه له گۆڕێ‌دا نییه و وشه‌ی بێ ئاوی و بێ ئه‌له‌کتریکی، له زمانی ئه‌و ماڵانه‌دا نییه. سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئاو و ئه‌له‌کتریکی یه‌کجار زۆر، بۆ ده‌ستگا حیزبی و کارگێڕییه‌کان دابین ده‌کرێت. له‌کن ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، ده‌سه‌ڵات و کارگێڕی و حیزب، له خه‌ڵک و مرۆڤ گرنگتر و له‌پێشترن.
*****
له باژێڕی هه‌ڵه‌بجه مۆنۆمێنتێک یا نیشانه‌یه‌کی جوان و ڕێکوپێک بۆ شه‌هیدانی گازباران و مه‌رگه‌ساتی خه‌ڵکی ئه‌و شاره کراوه و پێشانگه‌یه‌کی جوانی وێنه و فۆتۆگراف کراوه و گۆڕ و کێل و ناوی به‌شێکی زۆری شه‌هیده‌کان نووسراون، لێ وه‌ک له که‌سێکی ئاگادار و نیشته‌جێی هه‌ڵه‌بجه‌م بیست، زۆر کۆگۆڕ هه‌یه، که چه‌ندین لاشه‌ی شه‌هیدی تێدان، ههڵنهبهستراون و کێلیان بۆ دانه‌نراوه و ناویان نه‌نووسراوه. که ته‌ماشای خانوو و کۆڵان و جاده و گه‌ڕه‌که‌کانی شاری هه‌ڵه‌بجه و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌که‌یت و لێیان ده‌پرسیت، ده‌بینیت شتێکی ئه‌وتۆی لایه‌قی ئه‌و شاره و کاره‌ساته‌که‌ی نه‌کراوه و پاداشتی یه‌ک له سه‌دی ئه‌و کاره‌ساته‌ی به سه‌ریاندا هاتووه، نه‌دراوه‌ته‌وه. په‌یکه‌ر و نیشانه‌ی گازباران و کیمیاباران به‌ڵێ ڕێزێکه بۆ شه‌هیدانی شاره‌که، به‌ڵام ئێستاکه ئه‌وانه‌ی ماون و ده‌ژین، گرنگن. ئه‌وان و شاره‌که‌یان پێویستیان به ئامرازه‌کانی ژیانه.
*****
چێشتخانه و خواردنگه و قاوه‌خانه و چایخانه و مه‌یخانه، له هه‌ر وڵاتێکی دنیا، بێجگه له زگتێرکردن و خواردن و خواردنه‌وه، بۆ پشوودان و ئارامیی و حه‌وانه‌وه و به‌سه‌ربردنی کاتێکی خۆش له‌گه‌ڵ دۆست و خۆشه‌ویستاندا، کراوه. له‌و شوێنانه له وڵاتانی دنیا، خه‌ڵک به سه‌عاتان داده‌نیشن و قسان ده‌که‌ن و کات به‌سه‌ر ده‌به‌ن و خۆشی ده‌گوزه‌رێنن. ئه‌وه‌ی من له چێشتخانه‌کانی کوردستان له هه‌ولێر و دهۆک و که‌رکووک و سلێمانی دیتم، دیاره باسم له چێشتخانه ئاساییه‌کانه، که خه‌ڵک به زۆریی ڕوویان تێ ده‌که‌ن و بڕێک ناسراون و ناوێکیان له نێو خه‌ڵکدا هه‌یه، ده‌نگه‌ده‌نگ و ژاوه‌ژاوه و هه‌ڵڵا و ته‌قه‌ته‌ق و په‌له‌په‌ل و ڕاکه‌ڕاکه بوو. باسم له ژه‌می نیوه‌ڕوانه، که چه‌ند جارێک ڕێم که‌وتووه‌ته ئه‌و شوێنانه. خه‌ڵک ڕوو له‌و شوێنانه ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زگیان تێرکه‌ن و بڕۆن، ڕێک وه‌ک خواردنگه‌کانی خۆراکی خێرای ئه‌وروپایی(Fast Food). زۆرجاران جێگه‌ی دانیشتن به‌رناکه‌وێت و ده‌بێ تۆ ڕاوه‌ستی تا شوێنێک چووڵ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دانیشیت. پێش خاوێنکردنه‌وه‌ی ئه‌و مێزه‌ی خه‌ڵکی پێش تۆی له سه‌ر دانیشتوون و لابردن و دوورخستنه‌وه‌ی پاشماوه و به‌رماوه‌ی خۆراکه‌کانی سه‌ری، تۆ ده‌به‌ن و له‌وێت داده‌نێن. ماوه‌یه‌کی زۆری پێ ده‌چێت تا دێن ئه‌و مێزه پاک ده‌که‌نه‌وه و گه‌لێک جاران بۆ خۆت ده‌بێ هاوار بکه‌یت و چه‌ندین جار پێیان بڵێیته‌وه. که مێزه‌که‌ش پاک ده‌که‌نه‌وه، به پارچه په‌ڕۆیه‌ک ته‌نێ به‌رده‌می تۆ پاک ده‌کرێته‌وه، واته هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی جێی ده‌ورییه‌که‌ی تۆی لی ده‌بێته‌وه، ده‌نا ئیدی به‌شه‌کانی دیکه‌ی مێزه‌که، ده‌ستی لێ‌نادرێت و ته‌نانه‌ت ئه‌و په‌ڕۆکه پیسهیشی پێدا ناهێنرێت. پێش ئه‌وه‌ی داوای خۆراکه‌که بکه‌یت، بان مێزه‌که‌ت پڕ ده‌کرێت له چه‌ندین جۆره زه‌ڵاته و ترشیی و ته‌ڕه‌تووره و سه‌وزیی دیکه، که هه‌ندێک جار ژماره‌ی ئه‌و ده‌ورییانه‌ی ئه‌و شتانه‌ی تێدان و بۆت داده‌نێن، ده‌گاته هه‌شت نۆ ده‌ورییه‌ک. بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرسێک به خۆت بکه‌ن، چیت بۆ دابنێن و چی له‌وانه‌ت ده‌وێت، ته‌واوی ئه‌وانه‌ت بۆ داده‌نێن و دیاره هه‌موویشیان له سه‌رت ده‌که‌نه ماڵ و ده‌بێ له ده‌رچووندا پاره‌که‌یان بجرنگێنیت. هه‌ر ده‌سبه‌جێ دوای ئه‌وه خۆراکهکهیشت بۆ دێنن. به یه‌ک په‌له و خێرایی بۆت داده‌نێنه سه‌ر مێزه‌که، زۆرجاران چێشته‌کان، به تایبه‌ت شله‌کان، لێیان ده‌ڕژێته سه‌ر جل و مێز و ئهسکهملییهکان. بان مێزه‌که‌ت هێنده پڕ ده‌کرێت، که بواری ده‌ستگێڕان و جووڵانهوهت که‌متر ده‌بێته‌وه یا هه‌ر نامێنێت. له‌و کاته‌دا تۆ خه‌ریکی خواردنی، به‌دیار سه‌رته‌وه چه‌ند که‌سی دیکه ڕاوه‌ستاون و چاوه‌ڕێی نۆره‌ی دانیشتنی خۆیان ده‌که‌ن، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی تۆ ناچار ده‌کرێیت به په‌له پاروهکانت بگلێنیته ئه‌و دیو و خۆراکه‌که‌ت له کۆڵ بکه‌یته‌وه. ئه‌و خۆراکهت لێ ده‌بێ به ئه‌رکێک و ته‌نێ بیر له هه‌رچی خێراتر، ته‌واوکردنی، ده‌که‌یته‌وه. ئێستایش له‌و چێشتخانانه‌دا جیاوازیی ڕه‌گه‌زی ڕه‌چاو ده‌کرێت. تۆ وه‌ک مێیینه، مه‌گه‌ر بڕێک چاوقایم بیت، ده‌نا نا‌توانیت به ته‌نێ، له‌و چێشتخانانه دانیشیت، یا تێکه‌ڵ به نێرینه‌کان دانیشیت، چونکه بێجگه له‌وه‌ی هه‌زارویه‌ک قسه‌ی به توێکڵت بۆ فڕێ ده‌ده‌ن، هه‌ر به چاویش ده‌تخۆن!. تۆ وه‌ک پیاو ئه‌گه‌ر مێیینهیهکت له‌گه‌ڵ بێت، کارگه‌رانی خواردنگه‌که یه‌کسه‌ر ده‌تبه‌نه به‌شێکی تایبه‌ت، که له‌و شوێنانه‌دا به “به‌شی خێزان” ناسراوه و ئیدی له خه‌ڵکه‌که‌ی دیکه‌ت داده‌بڕن.
شه‌وێکیان بۆ بڕێک فێنکبوونه‌وه، له هه‌ولێر له بهستهنیخانهیهک دانیشتین و ئه‌و مێزه‌ی له ده‌وری دانیشتین چه‌ندی بڵێی پیسوپۆخڵ بوو و لینجاوی کۆنهبهستهنی و ته‌ڕایی و شیرینی به‌سه‌ره‌وه بوو. بانگی مێردمنداڵێکیم کرد، که له‌وێ کاری ده‌کرد، بۆ ئه‌وه‌ی بێت و ئه‌و مێزه خاوێن بکاته‌وه. کوڕه هات و گوتی:”ئه‌من ئه‌وه‌ی خاوێن ناکه‌مه‌وه”. گوتم:”لۆ!”. گوتی:”ئه‌وه ئیشی من نییه، ئیشی کابانێیه”. کۆمه‌ڵێک قسه‌م بۆ ئه‌و کوڕه کرد، که کاکه ئه‌توو لێره کار ده‌که‌یت و کاری تۆ ئه‌وه‌یه، که خزمه‌ت به میوان و نه‌فه‌ره‌کان بکه‌یت و ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بۆیان دانێیت و داواکارییه‌کانیان جێبه‌جێ بکه‌یت و ئه‌وه پێوه‌ندی به‌وه‌وه نییه، تۆ پیاوی یا کابانی، لێ هه‌ر ده‌تگوت گوێزی بۆ ده‌ژمێریت و گاڵته‌ی به‌و قسانه ده‌هات. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم، که جیاوازیی نێوان نێر و مێ(پیاو و ژن) له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. دیاره هه‌ڵبژاردنی خواردنگه و چێشتخانهیش پێوه‌ندی به باری ئابووری و چینایه‌تی و گیرفانیشهوه هه‌یه. ئێستا خه‌ڵکانی دارا و ده‌ستڕۆیشتوو، ناچنه خواردنگه ئاساییه‌کانی، که خه‌ڵکه ئاساییه‌که ڕووی تێ ده‌که‌ن، به‌ڵکه به زۆریی ده‌چنه هوتێل و شوێنه گرانه‌کان، که له ڕووی خزمه‌ته‌وه باشترن، لێ گرانترن. خه‌ڵکێکی ده‌چنه ئه‌و شوێنانه، هه‌ر پێشتر به ته‌له‌فۆن مێز ده‌گرن و کات دیاری ده‌که‌ن.
*****
جه‌له‌ولا یا قه‌ره‌خان(قه‌ره‌غان) شارۆچکه‌یه‌کی سه‌ر به خانه‌قینه و ده‌که‌وێته سه‌ر ڕووباری سیروان. زۆر له‌مێژه حوکوومه‌ته‌کانی عیراق، عهرهباندوویانه و کردوویانه‌ته له‌شکرگه و مۆڵگه و مه‌کۆی چه‌کدار و سه‌ربازان. ئێستایش عهرهبێکێ زۆرێ وه‌ده‌رنراوی خانه‌قینی تێ هاتووه. له پاش ڕووخانی به‌عسه‌وه ئیدی ده‌سه‌ڵاتی کوردیش توانیویه‌تی، هه‌ندێک ده‌ست به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بگرێت له‌و شارۆچکه‌یه‌دا. ڕۆژێکی گه‌رمی ئه‌م هاوینه و به‌یانییه‌کی زوو، هه‌واڵی ئه‌وه گه‌یشت، که حه‌وت هه‌شت پۆلیس، ده‌مه‌وبه‌یان ده‌وروبه‌ری سه‌عات پێنجی به‌یانی، کاتێک له ژوورێکی بازگه‌ی چاودێری و پاسه‌وانیی خۆیاندا و دوای کاره‌کانیان خه‌وتوون، هه‌ر هه‌موویان ده‌درێنه به‌ر ڕێژنه‌ی فیشه‌ک و ده‌کوژرێن. دواتر ده‌رکه‌وت، هاوکارێکی خۆیان، که عه‌ره‌ب ده‌بێت و پێوه‌ندی به مرۆڤکوژان و گرۆ کوژهرهکانهوه ده‌بێت، ده‌ستی له نه‌خشه‌ی کوشتنی ئه‌و پۆلیسانه‌دا ده‌بێت و ئه‌و چاوساغی کوژه‌ره‌کان ده‌بێت. یه‌کێک له‌وانه‌ی له‌و کاره‌ساته‌دا تێداچوون، سه‌لام شاکه‌لی بوو، که لاوێکی خێرله‌خۆنه‌دیوی هه‌ژار و ڕاستگۆ و ده‌ست و داوێن پاک و دڵسۆزی کۆنه پێشمه‌رگه بوو. “سه‌لام”م بۆ دواجار، له به‌هاری 2004دا له ماڵه شڕه‌که‌ی خۆیان و له گه‌ڵ ژن و منداڵه وردیلهکانیدا له ڕزگاری”سموود”، دیت. سه‌لام، ئه‌و دواجارهی دیتم، له‌سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت، له بان لبادێک پاڵ که‌وتبوو و نه‌یده‌توانی جووڵه بکات. کزۆڵه و بێهێز و بێڕه‌نگ و لاواز، ته‌نێ زمانی کاری ده‌کرد، ئه‌ویش به‌ده‌م ئاخ و ئێشه‌وه. پشتی ههڵپلابوو و بڕبڕه‌ی پشتی تێک‌چووبوو. گله‌یی له به‌ختی خۆی ده‌کرد و گازنده‌ی له ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ده‌کرد، که دوای چه‌ندین ساڵی پێشمه‌رگایه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری، وا بێکار و نه‌دار له ماڵدا لێیکه‌وتووه، که‌چی هه‌زارانی دیکه‌ی پاشه‌ڵپیس و که‌ونه‌جاش و مفتخۆر وا وڵات ده‌ڕووتێننه‌وه. بۆ دواجار من “سه‌لام”م به‌و جۆره دیت و جاری دوای ئه‌وه‌ش، که بینیمه‌وه، ئه‌و جاره بوو، که له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ون و خۆزگه و ئاواته‌کانیدا، وه‌ک لاشه‌یه‌کی بێ‌گیان، بۆ نێو گۆڕه‌که‌ی شۆڕدهکرایهوه و خۆڵی به سه‌ردا ده‌کرا. کوژرانی سه‌لام و هاوڕێیه‌کانی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، که نه‌یارانی گه‌لی کوردستان و کۆنه‌به‌عسی و کۆنه‌جاش، هێشتا ده‌توانن کارا بن و له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان، که هێشتا نهگێڕدراونهوه سه‌ر کارگێڕیی کوردستان، هێشتا ده‌ستیان ده‌ڕوات و ده‌توانن کاره‌کان له کورد تێکده‌ن.
*****
خراپه‌کاری وه‌نه‌بێ هه‌ر له لایه‌ن به‌عس و کۆنه‌جاش و خه‌ڵکانی غهوارهوه و لایدهوه بکرێت و ڕوو بدات، به‌ڵکه خه‌ڵکی خۆماڵییش، که له‌ژێر کاریگه‌ریی دهرهکییانی دژ به ئه‌زموونی گه‌لی کوردستان یا دژ به شێوازه ئایینییه باوهکهن، وه‌ها کارێک ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی شێوازی پێڕۆکردنی ئایین له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا بکه‌ین و بنۆڕینه گوتاری ئایینیی خه‌ڵکانی فه‌رمی و ئه‌وانه‌ی کاروباری ئایینی‌یان له ئه‌ستۆی خۆیان گرتووه و ئه‌وانه‌ی به ناوی ئایینه‌وه قسان ده‌که‌ن، مرۆڤ هه‌ست ده‌کات، که جیاوازییه‌کی مه‌زن له نێوان گوتاره فه‌رمییه‌که‌ی ئایینکاران و ئایینی خه‌ڵکی ئاسایی‌دا هه‌یه. ئایینی خه‌ڵکه ئاساییه‌که، ئایینێکه گرێدراوه به ئیمام، سه‌یید، شێخ، مه‌لا، نوشته، دوعا، پیاوچاک، فریشته، مێرده‌زمه، جنۆکه، ته‌کیه، خانه‌قا، حوسه‌ینی، مزگه‌وت، تابڕ، ده‌می گورگبهستن، دوعای مار و کۆڵاژدم(دووپشک)، خێر، زیکر، ده‌روێش، حاڵگرتن، سهرقڵهمانه، ته‌به‌ڕوک و ده‌یان شتی دیکه‌وه. ئایینی فه‌رمییش ئه‌و ئایینه‌یه، که خزمه‌ت به ده‌سه‌ڵات ده‌کات و بۆ ده‌سه‌ڵات کار ده‌کات و ده‌سه‌ڵات ده‌پارێزێت و په‌یامی ده‌سه‌ڵات به خه‌ڵک ده‌گه‌یه‌نێت. ڕه‌نگه سه‌ردانی که‌سایه‌تییه ئایینی و سه‌یید و شێخ و ئه‌وانه یا سه‌ردانی گڵکۆ و گۆڕستانه‌کانی ئه‌وانه له‌کن خه‌ڵکانێک، که خۆ به ئیسلامی و هه‌ندێک حیزبی ئیسلامی ده‌زانن، کارێکی ناڕه‌وا و خراپ یا هه‌ر حه‌رام بێت، لێ له‌کن خه‌ڵکی ئاسایی وه‌ها کارێک، نه‌ک هه‌ر پێویسته، به‌ڵکه ئه‌رکیشه. خه‌ڵکی ئاسایی بۆ پاڕانه‌وه و نێزێکبوونهوه له خوا، له ڕێگه‌ی ئه‌و که‌سایه‌تییه ئایینییانه‌وه، که ده‌چنه زیاره‌تی مه‌زاره‌کانیان، سه‌دان کیلۆمیتر ده‌بڕن و به کارێکی باشی ده‌زانن و بڕوایان پێیه‌تی و هه‌ر ده‌بێ بیکه‌ن. ئه‌وه مافێکی سه‌ره‌تایی خۆیانه و چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه، شتێکه پێوه‌ندی به خۆیانه‌وه هه‌یه. هیچ که‌سێک ناتوانێت زیاره‌تی ئیمام عه‌لی، ئیمام حوسه‌ین، ئیمام عه‌بباس، ئیمام ڕه‌زا، ئیمام کازم، شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی، کۆسه‌ی هه‌جیج، وه‌یسی قه‌ره‌نی، کاک ئه‌حمه‌دی شێخ، شێخانی نه‌قشبه‌ندی، له هیچ موسوڵمانێک قه‌ده‌غه بکات. له ته‌وێڵه، که مه‌زاری شێخانی نه‌قشبه‌ندیی لێیه، چه‌ند دانه‌یه‌ک له گۆڕه‌کان تێکدرابوون و ئێسک و خۆڵی نێو گۆڕی هه‌ندێک له‌و شێخه نهقشبهندییانه ده‌رکرابوون و فڕێدرابوونه ده‌رێ. وه‌ها کارێک دژ به ئایینی گه‌لێری نێو خه‌ڵک و بڕوا گهلێرییهکهی خه‌ڵکه. ئێمه، که سه‌ردانی ئه‌و مهزارانهمان کرد، که‌سێک که له‌وێ خزمه‌تی ده‌کرد، ئه‌وه‌ی بۆ گێڕاینه‌وه و باسی ئه‌وه‌یش ده‌کرد، که ده‌سته‌یه‌کی سه‌ر به حیزبێکی ئیسلامی وه‌ها کارێکیان کردبێت.
*****
هه‌ندێک کوردی ئه‌وروپا له‌و بڕوایه‌دا بوون، که هه‌ر دوای ڕووخانی به‌عس و ڕێژێمێ به‌غدا، ئیدی کورد له ئه‌وروپا و هه‌نده‌ران نامێنێت و هه‌موو ده‌گه‌ڕێنه‌وه کوردستان. من به‌شبه‌حاڵی خۆم نه وام بیر ده‌کرده‌وه و نه وه‌هایش بیر ده‌که‌مه‌وه. که‌من ئه‌وانه‌ی ئه‌وروپایان جێهێشتووه و گه‌ڕاونه‌وه کوردستان. زۆرێک له‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌وه کوردستان، خه‌ڵکانی سیاسه‌تکار و سه‌ر به حیزب و ده‌سه‌ڵاتن یا خه‌ڵکانێکی خاوه‌ن پاره و سامان و داران. دیاره تاکهتاکهیهکیش هه‌ن، له‌به‌ر هۆیه‌کی تایبه‌ت، یا وه‌ڕه‌زبوون له ژیانی ئه‌وروپا، گه‌ڕابنه‌وه. گۆران قه‌ره‌داغی، دۆست و هاوڕێم یه‌کێک له‌و تاکهتاکانه بوو. نه سه‌رمایه‌دار و نه سیاسه‌تکار و نه حیزبی بوو و پاش بیستوحه‌وت بیستوهه‌شت ساڵێکی ژیان له سوێد گه‌ڕایه‌وه کوردستان. له سلێمانی یه‌کدیمان دیته‌وه. کۆڵێک دڵی به ژیانی نوێی و کارێکی، که ده‌یکرد خۆش بوو و ده‌یگوت :”هه‌ر ده‌ڵێی له ئه‌وروپا نه‌ژیاوم، هه‌ر هیچ بیری ناکه‌م و به خه‌یاڵیشمدا نایه‌ت”. گۆران، ده‌یان خه‌ونی له سوێده‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا بردبووه کوردستان و ده‌یویست بڕێک له‌و جۆره شێوازه‌ی ژیانی سوێد و چۆنیه‌تی کارگێڕی و چه‌ندین شتی جوانی سوێد، له‌وێ بکاته نموونه و پێڕۆ بکات. گه‌ڕانه‌وه‌ی خهڵکانێکێ وه‌ک گۆران قه‌ره‌داغی، کارێکێ باش و سوودمه‌نده و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی بیری گۆڕین و باشترکردنی کوردستانه، چونکه کۆمه‌ڵێک پرۆژهێ له مێشک‌دا بوو و بیری له گۆڕانکاری و دروستکردن ده‌کرده‌وه. چه‌ند سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت له کاره‌کانیدا و چه‌ندی ده‌توانێت کاریگه‌ریی هه‌بێت له سه‌ر ڕه‌وشی ئه‌وێ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گوێگرتنی ده‌سه‌ڵات لێی و ڕێگه‌پێدانی و کێشهسازنهکردن بۆی.
*****
پاش ماوه‌ی پتر له مانگێک له سنووری خانه‌قینه‌وه گه‌ڕاینه‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و چووین بۆ شاری سنه. ده‌مه‌و ئێواره گه‌یشتینه سنه و ئه‌و ماڵه ناسیاوه‌ی مه‌به‌ستمان بوو. سنه یه‌کێکه له باژێڕه جوانه‌کانی کوردستان، که هه‌میشه له گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌دایه. ئه‌گه‌ر زێدهڕۆییشم نه‌کردبێت، خاوێنترین شاری کوردستانه. باژێڕه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان جیاوازییه‌کی زۆریان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی باشووری کوردستاندا هه‌یه. نه‌ک هه‌ر له خاوێنی و ڕێکوپێکی جاده و باخچه و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و ئه‌له‌کتریک و ترافیک و نه‌خشه‌ی خانوو و کۆڵان و فرۆشگه‌کاندا، به‌ڵکه خه‌ڵکه‌که‌یشی. خه‌ڵکی دیوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، گه‌لێک ئارام و له‌سه‌رخۆ و هێمنترن. ئه‌و ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌رایه‌ی له باشووری کوردستان دێته گوێ و ئه‌و هه‌ڵپه و فڕکانفڕکان و په‌له‌په‌له‌ی له باشووری کوردستان به‌رچاو ده‌که‌وێت، له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نابینرێت و نابیسرێت. ئێمه شه‌وێکی له سنه ماینه‌وه و ڕۆژی دوایی له‌گه‌ڵ ئه‌و شۆفێره‌ی له‌گه‌ڵیدا سوار بووین پێکهاتین له سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێک به نێو شاردا بمانگێڕێت و پاشان بمانباته “ئاویه‌ر”یش، که چیایه‌کی به‌ناوبانگی سنه‌یه و جێگه‌یه‌کی یه‌کجار خۆش و جوانه. ساڵانی پێشتر من بۆ خۆم ئاویهرم بینیبوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان گۆڕانێکی زۆری به‌سه‌ردا هاتبوو و کۆڵێک جوانتر بووبووه‌وه. تایبه‌تمه‌ندییه‌کی، که نه‌ک هه‌ر باژێره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یانه، به‌ڵکه هه‌موو باژێڕه‌کانی ئێران هه‌یانه ئه‌وه‌یه، که گرنگییه‌کی زۆر به باخچه و پارک و دار و سه‌وزایی و جۆگه‌ی ئاو و که‌نار جاده‌کان ده‌درێت. به پێچه‌وانه‌ی باژێڕ و جاده‌کانی باشووری کوردستانه‌وه، لێره له ڕۆژهه‌ڵاتی وڵات، جاده‌ی ڕووتی بێ دار و بێ سه‌وزایی و قه‌راغ جاده‌ی ناڕێک و به‌رز و قیرتاوی سه‌قه‌ت و خواروخێچ و پارک و باخچه‌ی وشک و کوڵانی تۆزاوی، نابینرێن. ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆ بوو، سنه‌مان به جێهێشت به‌ره‌و مه‌هاباد وه‌ڕێکه‌وتین. به سه‌قز و بۆکان و ئه‌و ناوچانه‌دا تێپه‌ڕین. ڕێگه‌یه‌کی خۆش و وڵاتێکی تا بڵێی جوان. له‌گه‌ڵ شۆفێره‌که‌دا وا پێکهاتبووین، که کیلۆمیتر بژمێرێت و به گوێره‌ی ئه‌وه پاره‌مان لێ وه‌رگرێت. ئه‌وه پێشنیازی خۆی بوو. ده‌وروبه‌ری عه‌سر گه‌یشتینه مه‌هاباد و له‌به‌ر ده‌رگه‌ی ماڵی مامۆستا سه‌یید عه‌بدوڵڵای سهمهدیدا، هاتینه خوارێ. که له شۆفێره‌که‌م پرسی کرێیه‌که‌ی چه‌ندی کرد، ڕێک دووهێنده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یکرد گوت، واته: پاره‌ی گهڕانهوهکهیشی بۆ سنه له ئێمه وه‌رگرت. ئه‌و قۆڵبڕین و فێڵه وه‌نه‌بێ تایبه‌ت بێت به باشووری کوردستان، به‌ڵکه له شوێنانی دیکه‌یش هه‌یه، به تایبه‌ت که بزانن ئه‌و نه‌فه‌رانه خه‌ڵکانێکن ناشاره‌زا و سه‌ریان له چه‌ندوچوونی کرێ و ئه‌وانه ده‌رناچێت و له هه‌نده‌رانه‌وه هاتوون. له مه‌هاباد، له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆست و هاوڕێیانه‌دا، شه‌و و ڕۆژێکی یه‌کجار خۆشمان برده سه‌ر و ئێواره‌یه‌کی خۆشیشمان له چێشتخانه‌یه‌کی زۆر خۆشی ده‌رێی شار گوزه‌راند، که ڕێک پێچه‌وانه‌ی چێشتخانه‌کانی باشووری کوردستان بوو. بۆ من دیداری سهمهدییهکانی هاوڕێم، سه‌یید عه‌بدوڵڵا و سه‌یید موحه‌ممه‌د خۆشترین یادگارێک بوو، چونکه له‌مێژ بوو ئه‌وانم نه‌دیتبوو. شه‌و تا دره‌نگانێک و ڕۆژی دووه‌میشی هه‌ر پێکه‌وه بووین. کۆمه‌ڵێک شوێنی جوان و خۆشی مه‌هاباد گه‌ڕاین و له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆستانه‌دا، گه‌لێ قسه‌وباسی سیاسی و فه‌رهه‌نگیمان گۆڕییه‌وه. ڕۆژی دووه‌م کۆمه‌ڵێک شوێنی خۆش و جوان گه‌ڕاین. پاش نیوه‌ڕۆ ڕووه‌و ته‌ورێز وه‌ڕێکه‌وتین.
ته‌ورێز(تبریز) پێته‌ختی ئازه‌ربایجانه و دووه‌م شاری ئێرانه دوای تاران. شارێکی تورک(ئازه‌ری) نشینه. شارێکی جوانه و ده‌وروبه‌وری که‌ژه و ئاووهه‌وایه‌کی کوێستانه‌ی ساردی هه‌یه. دوای شه‌و و ڕۆژێک له ته‌ورێز، شه‌وی دووه‌م به‌ره‌و تاران وه‌ڕێکه‌وتین و به‌یانییه‌که‌ی گه‌یشتینه تاران.
تاران ڕێک له شۆخهژنێک، شۆڕه‌ژنێک ده‌چێت، که به کچێنی و لاویی، گه‌لێک جوان و شیرین و له‌به‌ردڵان بووبێت و به گه‌وره‌ییش ئه‌و شۆخی و نازدارییه‌ی مابێته‌وه، به‌ڵام له شێوه‌یه‌کی دیکه‌دا. تاران شارێکه، هه‌میشه پڕه له ژیان و جموجووڵ و ده‌نگه‌ده‌نگ و ژاوه‌ژاو و هاتوچۆ. شارێکه پڕه له جیاوازی چینایه‌تی، که له نێوان خواروو و سه‌رووی شاردا، گه‌لێک ئاشکرا ده‌بینرێ. شارێکه پڕه له فه‌رهه‌نگ.
سێ رۆژیک له تاران ماینه‌وه و میوانی مامۆستا موحه‌ممه‌د ساڵحی ئیبراهیمی بووین. ماڵی مامۆستا هه‌میشه میواندۆست و به خزمه‌ت بوونه و گه‌لێک له‌و خه‌ڵکانه‌ی باشووری کوردستان، ماوه‌ی دوورودرێژ و کاتی جیاواز، له‌و ماڵه‌دا ماونه‌وه و حهساونهوه و خزمه‌ت کراون و هه‌ر له‌وێشه‌وه، به‌ره‌و هه‌نده‌ران ڕۆیشتوون، یا گه‌ڕاونه‌وه باشوور و گه‌لێکیشیان، که هه‌ر له ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نیشته‌جێ بوون، هه‌میشه ماڵی مامۆستا مه‌کۆیان بووه. له تاران به دیداری هاوڕێم موحه‌ممه‌د ڕه‌ئووفی مورادی، که له‌مێژ ساڵ بوو نه‌مدیتبوو، شاد بووم. هاوینی1991، له‌گه‌ڵ “فه‌رهاد”ی کوڕم و “ناز”ی کچمدا، چه‌ندین ڕۆژ و چه‌ندین شه‌و، میوانی کاک حه‌مه‌ڕه‌ئووف بووین و له‌گه‌ڵ کاک حهمهڕهئووفدا، چه‌ندین حه‌فته و ڕۆژمان وێکڕا گوزه‌راندبوو و کۆمه‌ڵیک یاده‌وه‌ریمان هه‌بوو، که ئه‌مجاره‌ش یادیان بکه‌ینه‌وه. ئێوارانێکی له‌گه‌ڵ ماڵی کاک حهمهڕهئووفدا چووینه چه‌مران(چمران) و سه‌ر ئه‌و که‌ژه‌ی باکووری تاران و شیوی ئێواره‌مان برده ئه‌وێ. جێگه‌یه‌که‌ی هێنده خۆش و خاوێن و ته‌ڕ و سه‌وز و فێنک و ڕێکوپێک بوو، که هه‌موو نیشانه‌یه‌کی شارستانیه‌تی پێوه دیار بوو و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکیش له‌و جێگه و ساته‌دا له گۆڕێ‌دا نه‌بوو تا ئازادی خه‌ڵکه‌که ببه‌زێنێت و ڕێگه‌ی پێ بگرێت. خه‌ڵک ئازادانه گۆرانی‌یان ده‌چڕی و به شاراوه‌ییش ده‌یانخوارده‌وه و له چاوی پۆلیس و پاسداره‌وه دوور بوون.
*****
جیاوازییه‌کی یه‌کجار مه‌زن و له‌به‌رچاوی نێوان ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان یا کوردی ڕۆژهه‌ڵات و کوردی باشوور، که مرۆڤ زۆر به ئاسانی هه‌ستی پێ ده‌کات، ئه‌و نه‌رم و نیانییهیه، که له خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتدا وه‌دی ده‌کرێت. ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هۆی گرێدراویی به ئێرانه‌وه، که خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێکی چه‌ندین هه‌زار ساڵه‌ی زه‌نگین و تۆکمه و به‌هێزه، گه‌لێک کاریگه‌ریی ئه‌رێنی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی له سه‌ره، هه‌رچی باشووری کوردستانیشه کاریگه‌ری نه‌ئێنی ئه‌و پاشاگه‌ردانی و گه‌ڕه‌لاوژه‌یی و بێفهرههنگییهی عیراقی له سه‌ره. خه‌ڵک له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پتر له زمانی هه‌ست و شیعر و ناسکییه‌وه نێزیکن و پتر سه‌رگه‌رمی خوێندنه‌وه و کاری فه‌رهه‌نگین. فه‌رهه‌نگی کوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئێستا به به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ڕێژیمی شادا، گه‌لێک چووه‌ته پێش و گه‌لێک ئازادتره و باشتر ده‌توانێت خۆ بنوێنێت و بچێته نێو خه‌ڵکه‌وه و خه‌ڵک باشتر و زیاتر پێشوازی لێ ده‌که‌ن. گۆڤار و ڕۆژنامه و بڵاوکراوه‌ی کوردی زیاتره و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی کوردی زیاتره و نووسین و پهخشهکانیش ئازادانه‌تر ده‌نگی خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه خه‌ڵک. سیاسه‌ت وه‌ک کاری حیزب و ڕێکخراو له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ئه‌و بره‌وه‌ی نییه و خه‌ڵک هێنده به لای حیزب و ڕێکخراودا، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یشی، که باس له کوردستان و شۆڕش و ئازادی ده‌که‌ن و دژایه‌تی کۆماری ئیسلامی ده‌که‌ن، ناڕوات و بڕوای پێیان نییه. ئه‌و حیزبه کوردی و کوردستانیانه، پێگه و جه‌ماوه‌رێکی هێنده زۆر و به‌هێزیان نییه و نه توانیویانه و نه ده‌توانن هێنده خه‌ڵک له خۆیان خڕکه‌نه‌وه تا بگه‌نه ئه‌نجامێک. بۆ خه‌ڵکی ئه‌وێ کاری فه‌رهه‌نگی له کاری سیاسی حیزبی، گه‌لێک گرنگتره. حیزب و سیاسه‌تی چه‌وت و هه‌ڵه، باشووری کوردستان و به‌شێکی زۆری خه‌ڵکه‌که‌ی تێکداوه و ده‌رده‌دار کردووه و خه‌ڵکی کردووه‌ته کۆیله‌ی حیزب و کۆیله‌ی پاره‌وپووڵ و کۆیله‌ی بڕێک نه‌ریتی بۆنهاتوو و گه‌نده‌ڵی هۆز و خێڵ و کۆیله‌ی بێفه‌رهه‌نگی. خه‌ڵک هه‌ن له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش به سه‌رسووڕمان و واقوڕمانه‌وه ده‌نۆڕنه تاقیکردنه‌وه‌ی سیاسی له باشووری کوردستان و به هه‌ڵه ده‌یخوێننه‌وه، لێ به‌وه‌ی باشه، ئه‌وانه که‌من و ده‌نگیان هێنده زاڵ و بیستراو نییه. باری فه‌رهه‌نگیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، گه‌لێ دڵخۆشکه‌ره و جێی هیوایه، چونکه له سه‌ر بنگه و بناخه‌یه‌کی به‌هێز بنیات نراوه و خه‌ڵکانێکی سه‌رگه‌رمی کاری فه‌رهه‌نگی و خه‌ڵکه‌که‌یش به گشتی، لێبڕاوانه و دڵسۆزانه و زۆر قووڵ، ده‌نۆڕنه ڕه‌وشی وڵات و خاک و خه‌ڵک و زمان و پێده‌چێت بێسه‌روبه‌ریی سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی و بووده‌ڵه‌یی حیزب و سه‌رانی و سیاسه‌تکاران، فێری کارکردنی ورد و قووڵبیرکردنهوهی کردبن، که ئه‌وه بۆ خۆی ئومێدێکی گه‌وره‌یه بۆ کورد.
له نێوان ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران و باشووری کوردستاندا، که ئێمه تازه لێیه‌وه هاتبووین، جیاوازیگه‌لێکی هێنده مه‌زن هه‌بوون، که نایه‌نه ژماردن.
باشووری کوردستانێک، که هیچ گه‌شی و هیچ شتێکی ڕوون و دڵخۆشکه‌ری تێدا نابینییه‌وه، له خه‌ڵکه‌وه تا ده‌گاته ژینگه و ئاووهه‌وا و خۆراک و خاک و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و…ڕۆژهه‌ڵاتێکی کوردستانیش، که ئارامی و فه‌رهه‌نگ و هیوای لێ ده‌بارێ. ته‌واوی ئه‌و جیاوازییانه، نه‌ک هه‌ر من، به‌ڵکه منداڵه‌کانم زۆر به ڕوونی و زۆر باش هه‌ستیان پێ ده‌کرد و به چاوانی خۆیان ده‌یانبینی.
هه‌رچه‌نده ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و کوردی ئه‌و به‌شه بنده‌ستی ڕێژیمێکن هه‌موو به‌ها و دید و سیاسه‌تێکی له ئایینه‌وه هه‌ڵده‌گۆزێ و یه‌کلایه‌نه و له دیدی ئایینه‌وه ده‌نۆڕێته جیهان و بوارێکی زۆری بۆ ئازادی تاک نه‌هێشتووه‌ته‌وه، لێ هێشتا گه‌لێک زیاتر له ڕێژیمێکی بێفه‌رهه‌نگی بهههڵهلاساییکهرهوه و خۆههڵواسێن به ڕۆژاوا و مشه‌خۆری وه‌ک ئه‌وه‌ی باشووری کوردستان، به قازانجی خه‌ڵکه و خه‌ڵک، پڕانی خه‌ڵک، ڕه‌وشیان باشتره و ئاسووده‌ترن و له یه‌کسانییه‌وه نێزیکترن.
ڕێژیمه‌که‌ی باشووری کوردستان به ناوی بازاڕی ئازاد و ئابووری ئازاده‌وه، ده‌رگای بۆ ته‌واوی دزان و جه‌رده‌کانی وڵات خستووه‌ته سه‌ر پشت و چ سنوورێک بۆ چاوچنۆکی و تێرنهبوونیان دانانرێت. وڵات پڕ کراوه له نوێترین مۆبایل و نوێترین وه‌چه‌ی کۆمپیووته‌ر و سه‌دان به‌زمی ڕۆژاوایاندنی کۆمه‌ڵگه، هه‌ر له مووزیکی بێتام و ناکوردییه‌وه تا ده‌گاته ئاهه‌نگی سه‌ریساڵ و شتی دیکه، به‌ڵام له پاڵ ئه‌وه‌شدا په‌ره به کۆنترین و قڕێژترین بیرکردنه‌وه‌ی خێڵه‌کییانه و هزری چه‌ندین سه‌ده‌ی به‌سه‌رچوو ده‌درێت.
له‌گه‌ڵ “ڕاز”ی کچمدا به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له باشووری کوردستان بووین و چووینه ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران و تا فڕۆکه‌که‌مان ئێرانی جێهێشت و گه‌یشتینه‌وه سوێد، هه‌ر زووزوو و له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا و به ده‌نگێکی به‌رز ده‌مانگوت:”وڵاتێک ئه‌گه‌ر بۆ هه‌مووان نه‌بێت، پێی ناگوترێ وڵات “.
باشووری کوردستان، وڵاتێک نییه بۆ هه‌مووان. وڵاتێکه منداڵ و هه‌ژار و ژن و بێده‌سه‌ڵات و بێپاره تێیدا، چ مافێکیان نییه. وڵاتێکه بۆ ده‌سه‌ڵاتداران، پاره‌داران، گه‌نده‌ڵان. وڵاتی جه‌رده و دز و چه‌ته و چهوسینهرانه و له نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکدا ئاسمانێک به‌رینایی و زه‌ریایه‌ک دووری هه‌یه و ته‌نێ به ڕووخان و له‌نێوچوونی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی ئه‌وێ ئه‌و به‌رینایی و دوورییه که‌م ده‌بێته‌وه.
ئه‌وگوستی 2004
—————————————
ئه‌وان، که ده‌ڵێن گه‌ڵا مه‌به‌ستیان 100 دۆلاره و که ده‌ڵین ده‌فته‌ر، مه‌به‌ستیان ده‌هه‌زار10000 دۆلاره و که ده‌ڵێن بلۆک، مه‌به‌ستیان 10 ده‌فته‌ره، واته:100000 دۆلار.
گهرمێنییهک بۆی گێڕامه‌وه، که خوشکێکی پێش 30 ساڵێکی به ده‌ردی خودا مردووی، وه‌ک شه‌هید، ناونووس کردووه و تا پیرمام و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی پارتیی به دووی جێبه‌جێکردنی کاره‌که‌یدا چووه و ئێستایش مووچه‌ی مانگانه‌که‌ی بۆ خۆی وه‌رده‌گرێت.
ڕۆژێکی له هه‌ولێر خۆم کرد به بنکه‌ی ته‌له‌فۆنخانه‌ی ئاسیاسێڵدا، که ده‌که‌وێته به‌رانبه‌ر خانه‌ی داد و له نێو ته‌لاره‌کانی جه‌لیل خهیاتدایه. ژماره مۆبایلێکی هاوڕێیه‌کی ههولێرنشینم دایه یه‌کێک له کارمه‌نده‌کان و داوام لێکرد ژماره‌که‌م بۆ وه‌رگرێت. گوتی: به‌خودای ناتوانم ئه‌و ژماره‌یه‌ت بۆ وه‌رگرم. زۆر به سه‌رسووڕمانه‌وه گوتم: ئه‌وه هه‌ولێره و ماڵی ئه‌و هاوڕێیه زۆر دوور نییه لێره‌وه، بۆ نا‌توانیت وه‌ریگریت! گوتی: ئاخر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ولێره بۆیه ناتوانم. هه‌ر زۆرم پێ سه‌یر بوو. گوتم: کاکه ئێستا ئه‌گه‌ر ئاره‌زووم لێ بێت به چاره‌که سه‌عاتێک ده‌گه‌مه ماڵیان، چۆن ناتوانی ئه‌و ژماره‌یه وه‌رگریت؟. گوتی: ئێمه کۆمپانیایه‌کی جوداین و ئه‌و ژماره‌یه سه‌ر به “کۆڕه‌ک”ه و من ناتوانم وه‌ریگرم، به‌ڵام هه‌رکوێیه‌کی دیکه‌ت بووێت ده‌توانم بۆت وه‌رگرم.. به گاڵته‌وه گوتم:ده‌توانی ئهوسترالیام بۆ وه‌رگریت! گوتی: به‌ڵێ. هه‌موو جیهانی وه‌رده‌گرت ته‌نێ هه‌ولێر نه‌بێت!!! له که‌لاره‌وه ده‌مه‌ویست زه‌نگ بۆ مۆبایلی هه‌ولێر لێده‌م، هه‌ر به‌و جۆره وه‌ڵام درامه‌وه.
شه‌وێکی ده‌وروبه‌ری دوای سه‌عات دوازده، له بێخاڵ و ڕه‌واندزه‌وه بۆ هه‌ولێر ده‌گه‌ڕاینه‌وه و بۆ نانخواردن لاماندایه خواردنگه‌یه‌کی نێو شاری شه‌قڵاوه. یه‌ک دوو مینی‌بووسی پڕ له خه‌ڵک به سه‌ر جاده‌که‌ی پێش چێشتخانه‌که‌دا زۆر خاو تێده‌په‌ڕین. ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له‌و ئۆتۆمبیلانه‌دا بوون عه‌ره‌ب بوون و به جلی کورت و لاقی ڕووتی پیاوانیانه‌وه و به ده‌نگی به‌رز هه‌موو وێکڕا هاواریان ده‌کرد و ده‌یانقیڕاند و گۆرانیان ده‌گوت و ته‌پڵ و چه‌قه‌نه‌یان لێده‌دا، بێ ئه‌وه‌ی بیر له خه‌ڵکی ئه‌و شاره و نووستوو و نه‌خۆش و منداڵ و ئه‌وانه بکه‌نه‌وه. له خاوه‌ن چێشتخانه‌که‌م پرسی، که ئه‌وه چۆن ئه‌و خه‌ڵکه ئه‌و به‌زمه قه‌بووڵ ده‌که‌ن و نابێ ڕێگه به‌وانه بدرێت وا بکه‌ن و ئه‌وه پێی ناگوترێ ئازادی. خاوه‌ن خواردنگه‌که گوتی: جا ئێمه چیمان پێ ده‌کرێت، ئه‌وه پۆلیس و ئه‌وانه ڕێگه‌یان پێ ده‌ده‌ن و هیچیان پێ ناڵێن! هه‌مان ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌راو و چهقهنهم له کۆمه‌ڵه عه‌ره‌بێکی دیکه‌وه بینی، که ئه‌وانیش له مینیبووسێکدا بوون و هاتبوون بۆ ئه‌حمه‌داوا!
وه‌ک ئه‌وه‌ی، که جه‌لال تاڵه‌بانی، له ده‌وروبه‌ری کۆیه، به تورکمانه‌کانی به‌ره‌ی تورکمانیی سه‌ر به سه‌نعان قه‌سسابی به‌خشی.
هاوینی 1987 له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له شاری سنه به نێو بازاڕه‌کاندا ده‌گه‌ڕام و ده‌مه‌ویست هه‌ندێک پارچه‌ی ژنانه بکڕم و له‌گه‌ڵ خۆمدا بیهێنمه‌وه بۆ سوێد. له فرۆشگه‌یه‌ک، که کووتاڵ و پارچه‌گه‌لێکی زۆر و جوانی لێ‌بوو، له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌که‌یدا که‌وتینه قسه. ناوی پارچه‌کانی بۆ هه‌ڵده‌دام، که ئه‌وه‌یان فڵانه و ئه‌وه‌ی دیکه چییه و له‌پڕ گوتی ئه‌مه‌یش: چاوسهددامه. گوتم: چاو کێ! گوتی: چاوسهددام. ئیدی زۆرم پێ سه‌یر بوو و گوتم:” تۆ ده‌زانیت ساڵی 1963 پارچه‌یه‌کی ڕهنگڕهنگ و ڕیشاڵداری ژنانه له‌و وڵاته‌ی ئێمه په‌یدا بووبوو، کووتاڵفرۆش و خه‌ڵک له خۆشه‌ویستی جه‌لال تاڵه‌بانی، ناوی:”ڕیش مامجه‌لال”یان لێ نابوو. کاکه تۆ کوردیت و سه‌ددام کابرایه‌کی دیکتاتۆره و دوژمنی کورد و کوردستان و هه‌موو مرۆڤایه‌تییه، بۆ له بری چاوسهددام، چاوی سه‌رکرده‌یه‌کی کورد یا مرۆڤێکی باش و مرۆڤدۆستی جیهانی به‌و پارچه‌یه‌وه نانێیت!”. گوتی: وه‌ک چی! گوتم:” بۆ ناڵێی چاو دوکتۆر قاسملوو، چاو عه‌بدوڵڵای موهته‌دی، چاو ئیبراهیمی عه‌لیزاده، چاو مه‌سعوود بارزانی، چاو جه‌لال تاڵه‌بانی، چاو گیڤارا، چاو کاسترۆ ، چاو ما‌و، چاو هۆشی مینه یا چاو هه‌ر گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ند و سینه‌ماکار و هه‌رکه‌سێکی تر وه‌ک: چاو ناسری ڕه‌زازی، چاو نه‌جمه‌ی غوڵامی، چاو مه‌زهه‌ری خالقی، چاو حه‌سه‌ن زیره‌ک، چاو گوڵبه‌هار، چاو شه‌ماڵ سائیب و… چاو هه‌ر گه‌وواد و حیز و دزێکی کورد”. گوتی: جا برا سه‌ددام چهیهسی، سه‌ددام کوڕهخاسهیه، ده‌ی من چ ئه‌زانم خه‌ڵک گشتی وای پێ ئێژێ!
له وڵاته دیکتاتۆری و تۆتالیتێره‌کاندا نه‌بێت، ده‌نا له هه‌موو وڵاتێکی دیکه‌دا، قانوون و ڕێسا و سنوورێک بۆ مووچه و پاره و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌یه و داده‌نرێت. مۆنا سالین(Mona Sahlin)، که ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوێد بوو و جێگری سه‌رۆکی حوکوومه‌تی سوێد بوو و چه‌ند جارێک وه‌زیر بوو و له پارتیی سۆسیال دیموکراتیشدا که‌سی دووه‌م بوو و ژنێکی چالاکی بواری مافی ژنانیش بوو، جارێکی به هه‌ڵه، له‌بری کارتی بانکی تایبه‌تی خۆی، به کارتی بانکی کارگێڕییه‌که‌ی پاره‌ی کڕینی شه‌کرۆکه(شکۆلات)یه‌کی دابوو، که پێی ده‌گوترێ(Toblerone)، که نرخه‌که‌ی ده‌وروبه‌ری 120 کرۆنێکی سوێدی یا 15-16 دۆلارێکی ئه‌مه‌ریکایی کردبوو، میدیا لێی کرد به هه‌را و ده‌یان جار هێنایانه سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن و ده‌یان جار داوای لێبوردنی کرد و ددانی به هه‌ڵه‌ی خۆیدا نا و ئه‌وجایش سه‌رۆکی حوکوومه‌ت ناچار کرا، که له حوکوومه‌ت وه‌ده‌ری نێ و له سه‌رکرده‌یه‌تیی حیزبه‌که‌یشی ده‌رکرێت و ته‌واوی پایه و داهاتووی سیاسییشی بدۆڕێنێت.
ستیگ مالم(Stig Malm)، که له سه‌رانی سۆسیال دیموکراته‌کانی سوێد بوو و له نێوان 1983-1993یشدا سه‌رۆکی گه‌وره‌ترین سه‌ندیکای کرێکارانی سوێد(LO) بوو، که دوو میلیۆن ئه‌ندامی هه‌یه، به هۆی ئه‌وه‌ی کۆمه‌کی به کچێکی خۆی کردبوو بۆ ئه‌وه‌ی بڕێک زووتر فلاتێک(شوققه‌یه‌ک) وه‌رگرێت، سه‌ری دنیایان لێ هێنایه یه‌ک و میدیا لێی کرد به قاڵ و ئاوڕوویان برد. کێ له کوردستانه‌که‌ی ئێمه‌دا ده‌وێرێت نه‌ک وه‌ها کارێک، به‌ڵکه هه‌ر بپرسێت مووچه‌ی فڵانه سه‌رکرده یا به‌رپرس چه‌نده یا فڵانه به‌رپرس چه‌ند پارچه زه‌وی و خانووی هه‌یه!