Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
توندو تیژی و دیاریدەی لەشفرۆشی!

توندو تیژی و دیاریدەی لەشفرۆشی!

Closed
by December 3, 2013 ژنان

 

 

 

دیارە دیاریدەی توندو تیژی بەرامبەر بەژنان دیاریدەیەکی جیهانییەو، بەڵام شێوەی بەرەنگاریبونەوەی لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر بەپێی ئاستی هۆشیاری وڵاتەکان جیاوازی هەیە.

ئەگەر لە سەرەوە سەیرێکی ناو کوردستان بکەین، دەبینین لە چوارچێوەی عەقڵیەتی  دەسەڵات، یاساو، پۆلیس، دابونەریت، کەلتور، پەروەردە، رۆشەنبیر، مامۆستا وە، لە بیر و زەینی ئەمانەدا کۆمەڵێک دیاردەی نائینسانی هەن تاکو ئێستاش بەنرخن وەک بەهایگشتی و جێبەجێکردنیان ویژدانی ئەوان ئازار نادات وە یان لانیکەم لە عەقڵیەتی ئەوانەوە پەسەندکراوە، هەندێ لەو بەهایانەی کۆمەڵگای کوردی ئەمانن: پیاو خاوەن ژنە، ژن کەم عەقڵترە لە پیاو، ژن بێ غیرەت ترەلەپیاو، سەر شۆریە بۆ پیاو لەگەڵ دایک، خوشک و ژنێکدا بژیت کە دەستدرێژی کرابێتە سەر، بەخشین و قوربانیکردنی ژن لە پێناو هەڵەکانی پیاودا، خۆ پاککردنەوە لە ئەتکی ناموسی بە کوشتنی دایک،ژن و خوشک شانازیە، خەتەنە کردنی ژنان، لەچکی زۆرەملی، بەستنەوەی کچان و ژنان لە کونجی ماڵەوە و …هتد.  ئەمانە بازنەیەکی داخراویان دروستکردووە کە دەرفەتی لە دەرکەوتنی ژن وەک کەسایەتی سەربەخۆی بڕیوە و زۆرجار ژن دەستدرێژی دەکرێتەسەر، بەڵام دەرگاکانی سکاڵاکردن بەڕویا داخراوە، لەبەر ئەوەی ئابڕوی نەچێت نابێت بیدرکێنێت و لە مێشکی خۆیدا قوفڵی دەدات هەتا توشی خەمۆکی دەبێت. هەر لە خێزانەوە بیگرە تا کۆمەڵگا، خوێندنگا، بازاڕ شوێنی کار توندو تیژی بەرامبەر بە ژنان وەک بەشێکی جیانەکراوە ئاساییە. تەنانەت بەپێی لێکۆڵینەوەکان تەکنەلۆژیای سەردەم وەک و مۆبایل و ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی بونەتە یەکێک لە هۆکارەکانی توندوتیژی دەرونی و جەستەیی بۆسەر ژنان.

ناتەبایی نێوان هیوایەت و ئارەزوەکانی ژنان لەگەڵ کەلتوری کۆمەڵگای داخراو بەردەوام گرژی و ئاڵۆزی دروست دەکات. لە لایەکەوە دەستگرتن بە سیستەمی دەرەبەگایەتی و دابو نەریتی سەردەمی جاهیلیەتەوە  لە ژێر ناوی تەقالید و بەهای گشتی و کەلتوری کوردەوە، لەمپەری جیدین لە بەردەم کرانەوەی کۆمەڵگای کوردستاندا. لە ڕوەکەی ترەوە گەشەکردنی ئاستی هوشیاری و تەوەقوعاتی ژنان، کەلێنی نێوان چاوەڕوانیەکانی ژنان و ئەمری واقێعی کۆمەڵگا قوڵتر دەبێتەوە، لە هەر ئاستێک ژنان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هۆشیاریان دەچێتەسەرەوە و تێدەکۆشن مومارسەی مافە ئینسانیەکانی خۆیان بکەن، هەر بەو ئاستەش ڕێگریان بۆ دروست دەبێت و توشی کێشە دەبن. لە سەر هەر بابەتێک ژنان هەڵوێست بنوێنن وەک کەسایەتی سەربەخۆ توشی کێشەو بەرەنگاری دەبنەوە.

کاریگەریەکای توندو تیژی لەسەر دیاریدەی لەشفرۆشی

لە کوردستاندا سیستەمێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی نییە کە ئینسانەکان بپارێزێت، بۆنمونە دامو دەزگایەک نییە کە پارێزگاری لەو منداڵانە بکات و بە باشی پەروەردەیان بکات کە ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبەوە یاخود ژنان و کچان ناچار نەبن بەوەی کە هەموو توندو تیژیەک قبوڵبکەن. ئەگەر دەوڵەت بە ئەرکو بەرپرسیاریەتی خۆی هەستێت و هاووڵایت وەکوپێویست بایەخی پێبدرێت و سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بەهێز هەبێت کە لەڕوی مادی و مەعنەویەوە پارێزگاری لە ژیان و کەسایەتی مرۆڤ بکات، بۆنمونە ڕێگا نەدات ئینسانەکان ئیهانەو تەشهیریان پێبکرێت و دەرفەتی قبوڵنەکردنی کۆیلایەتییان  بۆ بڕەخسێت و بتوانن ئازادانە بێنە دەرەوە لە ماڵەوە، ئەگەر هەمو ئینسانێک مافی تەئمینی ژیانێکی گونجاو لەوانە ئابوری و جێگەو ڕێگایان بۆ دابینبکرێت، ژنان ناچارنەبن بەهۆی نەبونی ئابوری سەربەخۆو بە ناچاری جیانەبنەوەو هەموو توندوتیژیەکی دەرونی و جەستەیی قبوڵبکەن.

گوێنەدان بە هەست و سۆزی ژنان و گرنگنەبوون ئیحساس و خۆشەویستی و لەزەتکردن لەیەکتری لە پرۆسەی زەواجدا، کپکردنەوەی ئیحساساتی مێینە بە هۆی خەتەنەکردنەوە هۆکاری تری دروست بوونی ناکۆکی و تەندو تیژی و گەرمکردنی بازاڕی لەشفرۆشین. لەکاتێکدا کە خۆشەویستی لە خێزاندا بەرقەرار نەبوو، ژن و پیاو نەیانتوانی جوابدەرەوەی ئیحساساتی یەکتری بن و بەتایبەت ژنا بەهۆی خەتەنەوە ئەم پێویستیە ئینسانییەیان لێسەندراوەتەوە، ئەوە دەبێتە سەرچاوەی لە یەک تێنەگەیشتن و بەرهەمهێنانی توندوتیژی لەخێزاندا. وە بەهۆی ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریە پیاوان ئازادن لەوەی کە لەدەرەوەی ماڵەوە لەشبکڕن ئەوەش بازاری لەشفرۆشی گەرمتر دەکات. 

هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە بەکردەوە دیاردەی توندو تیژی ئیدانە نەکردووە و دەتوانین بڵێین زۆرترین توندو تیژی بەرامبەر مێینە ئەنجامدەدرێت، هەر لە خەتەنەکردنی منداڵانی کچەوە بیگرە تا دەگاتە بەشودانی منداڵان، دەستدرێژی و تەحەروشی جنسی، بەزۆر بەشودان، لێدان، چەند ژنە، نەبونی ئابوری سەربەخۆو بەربەستەکانی بەردەم جیابونەوە وە هەروەها گرفتەکانی دوای جیابوونەوە. 

 من پێموایە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا قسەی زۆر کراوە دەربارەی توندو تیژی، شێوەو هۆکارەکانی. من دەمەوێت لەم نوسینەدا تیشک بخەمە سەر کاریگەری و دەرئەنجامەکانی تودوتیژی.

نیزامی سەرمایەداری هەمیشە هەوڵیداوە ئینسانەکان وەکو کاڵایەکی بێبایەخ  سەیربکات ، لەبەر ئەوەی بە ئاسانی بیانکاتە سەرچاوەی سود بۆ کەڵەکەکردنی قازانجی خۆی. لە دوو دەیەی ڕابردودا یەکێک لەو دیاریدانەی کە لە سەرتاسەری عیراق گەشەیکردوە وە کوردستانیش لێی بێبەش نەبووە دیاریدەی لەشفرۆشیە. دیارە ئەمەش هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئارامی کاریگەری بارودۆخە سیاسیەکان لەسەر بڵاوبونەوەی توندو تیژی و سەقامگیرنەبونی بارودۆخی ئابوری. بەپێی ئەم لێکۆڵینەوانەی کە دەربارەی لەشفرۆشی کراون لە کوردستاندا زۆربەی ئەو ژنانەی کە بونەتە قوربانی باندەکانی لەشفرۆشی و تێکەڵی ئەم بازارە بوون، کەسانێکن کە قوربانی توندو تیژین. ئەو ژنانەی کە ئیتر نەیانتوانیوە بەرگەی ئازاری دەرونی و جەستەیی بگرن و جێگاو ڕێگاو سەرپەنایەکیان نەبووە یاخود هاوسەر یان دایک و باوکیان لەدەستداوەو هیچ سەرچاوەیەکی ئابوریان نەبووە، بەناچاری ڕویان لەم بازاڕە کردوە بۆئەوەی بژێوی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان دابینبکەن.  بەپێی کتێبی ئۆقیانۆسێک لە تاوان کە لێکۆڵینەوەیەکە دەربارەی ئەم دیاریدەیەو لەلایەن بەڕێز خەندان جەزاوە ئەنجامدراوە، باندەکانی لەشفرۆشی لە هەموو شوێنێک ئامادە و بونیان هەیە، لە گەراجو جادەکان، خەستەخانەو سالۆنەکان ەهەموشی ترسناکتر لە زیندانەکان. کۆمەڵێک ژن و کچ کە بەهۆی توندو تیژی خێزانیەوە کەوتونەتە سەر شەقامەکان و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون لەبری ئەوەی جێگاو ڕێگاو شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابینبکرێت و کۆمەکی دەرونی بکرێن و یارمەتیبدرێن بۆ دەستکردن بە خوێندن و پەیداکردنی کاری گونجاو، لە زیندانەکاندا توشی داوی باندەکانی لەشفرۆشی بوونە، یاخود ژنانێک کە لەژێر یاسای زینا زیندانی کراون و کەسوکاریان ئامادە نەبوونین جارێکیتر بیانگرنەوە خۆیان دیسانەوە نێچیری باشبوون بۆ باندەکانی لەشفرۆشی.

هەربۆیە من پێموایە یەکێک لە بنەڕەتی ترین کۆڵکەکانی کەمکردنەوەی توندو تیژی لەسەر ژنان سەپاندنی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بەهێزە کە ئابوری و شەخسیەت و کەڕامەتی ژنان بپارێزێت و جارێکی تر ژنان نەکاتەوە قوربانی خۆی و نەخوازراو وەک و کۆیلە کڕین و فرۆشتنیان پێبکرێت یاخود لەژێر فشاردا دەست بەرن بۆ خۆکوشتن.

بۆیە، لە غیابی سیستەمێکی  گونجاو و کۆمەڵگایەکی تەندروست، توندو تیژی پاڵنەرە بۆ لەشفرۆشی.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.