Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
هۆنراوەی بەلقیس (نزار قەبانی)

هۆنراوەی بەلقیس (نزار قەبانی)

Closed
by December 27, 2013 ئەدەب

 

بەلقیس

پێشکەشە بە گیانی کاوە گەرمیانی؛

نزار قەبانی ئەم هۆنراوەیەی بۆ بەلقیس نووسیووە، بەلقیس ئەلڕاوی خێزانی شاعیر بوو. لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٠ بەکاریکی تیرۆریستی لە بەردەم سفارەتی عێراق لە بەیروت شەهید بوو. بەلقیس و نزار دوو نەوەیان هەیە بەناوی زەینەب و عومەر. نزار قەبانی لەم هۆنراوەیە هێرش بۆ سەر هەموو نەتەوەی عەرەب دەکات. من بۆم نەکرا هەموو ئەوهەست و سۆز و جوانی و موزیک وەزنەکان وەربگێرم کە لایەنێکی زیندوو و لاشعوری شعرن بەڵام ناوەرۆکەکەیم وەرگێڕاوە کە بۆم گرنگ بوون. لەگەڵ ئەوەش من لایەنگری ئەم هەموو ووشانەی شاعیر نیم بەڵام بۆم گرنگ بوو خەڵکی بەم هۆنراوەیە ئاشنا بن، هەروەها خێزان و نەوەی کاوە و دۆست و لایەنگرانی ووشەی ئازاد پێکچوونێ لەم دوو دیمەنەی تیرۆر ببینن کە نزار شاعیرانە باس لە دەردی دڵی خۆی دەکات، کە لە زۆر شوێن دا زۆر ڕۆییوە و دابەزیوە سەر مێژووی عەرەب و ڕابەرانیان. هەرکەس ئازادە چۆن لەم وەرگێرانە دەڕوانێ بەڵام دووبارە بۆ من ناوەرۆکی هۆنراوەکە گرنگ بوون ئەمە لەلایەک لەلایەکی تریش گرنگە نەوەی نوێی نەتەوەی کورد ئەوانەی زمانی عەرەبی نازانن تا بینن شاعیرانی بە توانای میللەتانی تر چۆن ڕەزالەتەکانیان دەردەبڕن. من نازانم ئەم هۆنراوەیە کەسی تر وەریگێراوە بۆ کوردی یان نا بەڵام تواناکانی شعری نزار قەبانی سەرفی نەزەر لە باوەڕ و بۆ چوونەکانی زۆر هەڵدەگرن و ئەدەبی وەرگێڕانی کوردی دەوڵەمەند دەکەن. بە هیوام خوێنەران چێژ لە وەرگێرانەی ئەم هۆنراوەیە وەربگرن و یادی کاوە و سۆران و سەردەشت و عەبدولستارو هەموو شەهیدانی پێنوس یش هەر بەخێر، هەموومان یەک ئامانجمان هەیە ئەویش ئازادیە بۆ هەمووان و کۆتایی هاتنە بە کوشتن و تۆقاندن. بەردەوامی خەڵکی کوردستان بۆ زیندووڕاگرتنی ئەم کەیسانە مانای ڕاددە دانانە بۆ سەرکوت و پشتوانی کردنی ووشەی ئازاد.

 

 

هۆنراوەی بەلقیس (نزار قەبانی)

 

بەلقیس

ئەو خۆشەویست بوو، خێزان بوو

بە کارێکی تیرۆریستی ماڵئاوایی کرد

سوپاس بۆ ئێوە

سوپاس بۆ ئێوە

خۆشەویستەکەم کوژرا

ئێستا بۆتان هەیە

پێکێک لە سەر گۆڕی شەهید هەڵدەن

وە چامەیەکم تیرۆرکرا

ئایا هیچ نەتەوەیەک لەسەر گۆی زەوی هەیە

– تەنها ئێمەین –  چامە دەکوژین؟

 

بەلقیس 

جوانترین شاژنی مێژووی بابل بوو

 

بەلقیس

درێژترین دارخورمای زەوی عێراق بوو

هەرکاتێ گوزەریەکرد

چەندان بەدواوەیەوە بوو

چەندانیش ڕێڕەویان دەگرت

بەلقیس 

ئەی ژانەکەم 

ئەی ژانی چامە کاتێ مێروولەکان دەیگرنەخۆ

بەڵام ئاخۆ

لەدوای قژت گوڵەگەنمەکان باڵا دەکەن

ئەی نەینەوای سەوز

ئەی کچە قەرەجە قژزەردەکە

ئەی شەپۆڵی دیجلە

کەلەبەهاردا

جوانترین هەڵچوون لە خۆوە دەگری

بەلقیس

تۆیان کوشت 

چ نەتەوەیەکە عەرەب

ئەونەتەوەیە کە دەنگی بولبولەکان دەکوژی؟

لە کوێیە ئەلسموال

و دەنگ لەرەوەکان

و غەتاریفە یەکەمینەکان

هۆزەکان هۆزەکان دەخۆن

وە گورگەکان گورگەکان دەخۆن

جاڵجاڵۆکەکان جاڵجالۆکەکان دەخۆن

سوێند بەو چاوەی

کە مانای ملیۆنان ئەستێرەیە

پێت دەڵێم مانگەکەم

لەلای عەرەب شتێکی سەیر هەیە

ئایا پاڵەوانیەتی درۆیەکی عەرەبیە؟

یان نمایندەی مێژوویەکی درۆینەین؟

 

بەلقیس 

لێم ئاوا مەبە

چونکە ئەو ڕۆژەی دوات

ناتوانێ کەنارەکان ڕووناک بکا

لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم؛

ئێستا دزەکان جلی جەنگاوەریان لەبەرە

لەڵێکۆڵینەوەدا دەڵێم:

کە سەرۆکە بەتواناکە بۆتە بەڵێندەر

هەروا دەڵێم؛

حکایەتی بڵاوبوونەوە،

بێ ماناترین جۆکە کە ووتراوە…

ئێمە هۆزێکین لە نێو هۆزەکان

ئەمەش ئەم مێژووەیە…

 

هۆ بەلقیس

چۆن مرۆڤ جیاوازی دەکا…

لە نێوان باخچەکان و زبلدانەکان…

 

بەلقیس…

ئەی شەهید

و چامە

خاوێنەکە و پاکیزەکە

لە لێکۆڵینەوە گەڕێ با بۆ خاوەنەکانیان بێ

وەڵامی جەماوەر بە سڵاوێ بدەوە

ئەی بەهاترین شازن

ئەی ژن…

ڕەنگدەرەوەی هەموو نەوەی سەردەمی سۆمەریەکان

بەلقیس…

ئەی بەرزترین چۆلەکەکەم

ئەی بەهاترین لوتکەم

ئەی فرمێسکی سەرگۆنای پتەوم

ئایا ئەم تاوانە دەبینی

ئەورۆژەی دەتکوژن…

ئەو ڕۆژە

لە کەنارەکانی ئەعزەمیە

بیروت…

هەموو ڕۆژێ یەکێ لە ئێمە دەکوژرێ

هەموو ڕۆژێ داوای قوربانیەک دەکا

مردن…

لە فنجانی قاوەکانمان دایە..

لە کلیلی باڵەخانەکانماندایە

لە نێو گوڵی باڵکۆنەکانماندایە…

لە نێو لاپەڕەی ڕۆژنامەکانماندایە

وە لەنێو پیتەکانی ئەبجەدیماندایە…

ئێستا ئێمە  ئەی بەلقیس…

دووبارە دەچینە نێو سەردەمی نەزانین

دووبارە بۆ نێو دواکەوتوویی..

گەمژەیی…

سەرکوت..

توندوتیژی..

دووبارە دەچینەوە..

سەردەمی بەربەریەکان…

بۆیە نووسینی ئەم سەفەرە

لە نێو ساچمە بۆ ساچمەیە

تیرۆرکردنی پەپولەیەک لە کێلگەکەی خۆیدا

بۆتە مەسەلەیەک…

ئایا دەزانی خۆشەویستم بەلقیس؟

هەموو ئەو نووسینانەی کە دەربارەی خۆشەویستی نوسراون

تێکەڵاوێکی قەشەنگە

لە نێوان پچڕان و داڕمان

ئەو ڕەنگە وەنەوشەیی لە نێوان چاوەکانیا

دەنوێ و هەرگیز چاوانی لێک نانێ…

 

بەلقیس…

ئەی بۆنی بیرەوەریم….

ئەی ئەو گۆڕەی سەفەردەکەی لە تەمدا..

تۆیان لە بەیروت کوشت 

وەکو کارمامزێک 

لە دواییدا 

گوفت یان کوشت…

 

بەلقیس

ئەمە ئەوەندە سانا نیە

بەڵام ..

ئاشتی بۆ  عەرەب..

بە تاسەوەن..

بەتاسەوەن..

بەتاسەوان..

بەتاسەوان…

وە ماڵە چکۆلەکە..

لە شاژنە بۆندارەکەی دەپرسێ..

سەیری هەواڵ دەکەین..

هەواڵەکان ئاڵۆزو گێژەنن..

هیچ هەواڵێکی خۆش نیە…

 

بەلقیس..

سەربڕاوین تا سەر ئیسقان..

نەوەکانمان نازانن چی دەگوزەرێ..

وە منیش نازانم..

چی بڵێم؟

ئایا دوای چەند دەقیقەیەک لە دەرگا دەدەی؟

ئایا پاڵتۆیە زستانیەکەت لەبەردەکیتەوە؟

گەش وەکو گوڵی کێلگەکان..

دێیەوە بە نازو خەندەوە..

 

بەلقیس…

ئەگەر بە سەوزی بتچێنن..

هەر لەسەر دیوارەکان دەمایەوە..

وە ڕووت هەرگیز نەدەرۆیشتن

لە نێو ئاوێنەو ستارەکان..

تەنانەت جگارەکەت کە دات دەگیرساند

هەرگیز نە دەکوژایەوە..

دووکەڵەکەشی 

تا ئێستاش دژی سەفەر دەوەستنەوە ..

 

بەلقیس..

پێکاوین.. پێکاوین..لە ناخەوە..

باخچەکان بلبلولەکان تیای نیشتەجێنە..

 

بەلقیس…

چۆن ڕۆژ و خەونەکانت بردووم..

هەموو خۆشی و باخچەکانت لێم ڕەتکردەوە..

ژنەکەم..

خۆشەویستم..

و چامەکەم..

ئەی ڕووناهی چاوم..

چۆلەکەیەکی جوانی من بووی…

 چۆن ڕاتکرد لەمن هەڵفڕی…

 

بەلقیس…

ئێستا کاتی چایە عێراقیە بۆندارەکەیە..

کۆنە وەکو دەورانەکان..

کێ پیاڵەکان دابەشبکات..

ئەی پاک ڕەوشتەکەم؟

کێ فورات بۆ ماڵمان گواستەوە

وە گوڵەکانی دیجلە و ڕەساففە..

 

بەلقیس..

خەمەکان کون کونم دەکەن..

بەیروت تۆی کوشت و نازانێ تاوانەکەی چی بوو..

ئەو بەیروتەی کە عاشقی بووی..

خۆی بێ بەبەری دەکا کە عاشقی خۆی کوشتووە و

مانگ ئاوابوو..

 

بەلقیس..

ئەی بەلقیس..

ئەی بەلقیس..

هەموو غەمامەکان بۆت دەگرین..

بەڵام ئایا کامەیان بە بەرزتر بۆت دەگرین..

 

بەلقیس

چۆن بەبێ دەنگی گوزەرت کرد..

وە دەستت نەخستە سەردەستی..؟

 

بەلقیس..

چۆن ئێمەت لەبەر با جێ هێشت..

دەلەرزین وەکو گەڵای دارەکان؟

جێتهێشتین_ هەر سێکمان_ بێ خانەولانە

وەکو پەڕەموچێکی بەر باران..

ئایا قەت بیرت لەمن نەکردەوە؟

منێ کە پێویستم بە خۆشەویستت هەیە

وەکو زەینەب یان عومەر..

 

بەلقیس..

ئەی بەبەها خەیاڵیەکەم…

ئەی تیرە عێراقیەکەم

ئەی جەنگەلەکەی خەیزەران

ئەی ئەو کەسەی ئەستێرەبەرزەکان پێی ناگەن..

 

بەلقیس…

لە کوێ وە هاتووی بەم هەموو میهرەبانیەوە؟

ئەی هاوڕێکەم..

دۆستەکەم…

ناسکتر لە پەڕەی گوڵی ئەقحەوان..

لە بەیروت گیرسایەوە

لە دەریا گیرسایەوە

لە هەموو شوێنێ گیرسایەوە لەگەڵمان..

 

بەلقیس..

تۆ ئەوەی دووبارە نابیتەوە

چما بەلقیس دووە..

 

بەلقیس..

ووردەکاریەکانی نێوانمان دەمکوژێ..

بەرگ بەبەرم دەکەنەوە

هەموو دەقیقە و چرکەیەک

هەموو دەرزیەکی بچوک.. چیرۆکێکن..

لە هەر دەیەک لە دەیەکان دوو چیرۆکن

تەنانەت تۆقە زێڕینەکەی قژت..

دەمخنکێنن هەردەم وەکو بارانی خۆشی..

وە بەدەنگی عێراقی  جوان هاواردەکەن

لەسەر ستارەکان

شوێنەکانی دانیشتن و قاپ و قاچاخەکان

وە لە ئاوێنەکان  و ختمەکان دەردەکەوی

لە چامەکان دەردەکەوی

لە مۆمەکان..

لە کاسەکان..

لە ناوەخنی ئەرجوانیەکان…

 

بەلقیس …

ئەی بەلقیس..

ئەی بەلقیس…

ئەگەر دەتزانی ئەم شوێنە چەندە ژانی هەیە..

لە هەموو قوڕنەیەک..

تۆ وەکو چۆلەکەیەکی داماو

وەستاوی وەک جەنگەلێکی بێ زمان

لەوێدا

جگەرەیەکت دەکێشا لەوێدا دەتخوێندەوە

لەوێدا وەک دارخورمایەک دەلەریەوە

دەچویتە لای هەموو میوانێ

وەکو شیری یەمەنیەکان

 

بەلقیس…

لە کوێیە شووشەی ئەلغیرلان؟

هەروەها ڕەونەقە شینەکان

کوا جگەرەی کێنت ئەوەی هەرگیز لە لێوەکانت جیانەدەبوونەوە

کوا هاشمی بە گۆرانیەوە..

سەرکەوتوو بەسەر هەموو سەرکەوتووەکانی میهرەجان

یادی ڕۆژە ڕابردووەکان دەکا 

فرمێسک دەچڕی..

ئاخۆ ئایە هەنگاوەکان لە ڕووناکیەکانی گرفتارن؟

بەلقیس.. زەحمەتە لە خوێنم جیا ببیتەوە..

من ئێستا بەردەوامم بە پۆلوەکانی ئاگر..

هەروا لە نێو شەپۆلی دووکەڵەکان…

 

بەلقیس..

ئەی شاژنەکە

تۆ ئێستا دەسوتێی

لە شەڕی هۆزێک و هۆزێکی تردا..

چی بنوسم لە ماڵئاوایی شاژنەکەم

ووشەکان نەگبەتی منە…

ئێستا لە نێوان قوربانیان دەگەڕێێن..

لە ئەستێرەیەکی رژاودا..

لە تەنێک داڕمابێ وەکو ئاوێنە 

ئاوا ئێستا من لە خۆشەویستەکەم دەپرسم..

ئایا ئەم گۆڕە گۆڕی تۆیە

یان گۆڕی عەرەبایەتیە..

 

بەلقیس..

ئەی ڕۆشنەکەم.. کە منت ڕۆشەنکردەوە

ئەی بێ تاوانی پاکیزە..

 

بەلقیس..

قەزاکانی عەرەب.. ئێمەی عەرەب دەکوژێ..

عەرەبەکان گۆشتمان دەخۆن..

سکمان پڕە لە عەرەب..

وە عەرەب گۆڕمان دەکاتەوە..

ئێمە چۆن لەم قەزایە ڕابکەین؟

خۆ خەنجەری عەرەبی 

جیاوازی ناکا 

لە نێوان ملی پیاوان

لە نێوان ملی ژنان..

 

بەلقیس..

ئەوانەی تۆیان تەقاندەوە..

لەلای ئێمەمانان هەموو جەنازەیەک لە کەربەلاوە دەست پێدەکا و کۆتایی دێ

لەم ڕۆوە مێژوو ناخوێنمەوە

پەنجەکانم سووتان

جلەکانم هەموو خوێن دایپۆشیوون..

ئێستا دەچینەوە سەردەمی بەردین..

هەموو ڕۆژێ سەد ساڵ بۆ دواوە دەگەڕێنەوە..

دوای چاوەکانت دەریا لە بەیروت مالئاوایی کرد

وە هۆنراوەش لە چامەکانی سۆراخ دەکات..

ئەوەی کەهێشتا تەواونەبووە

بەڵام کەس وەلامی ئەم پرسیارە ناداتەوە..

غەمگینی، ئەی بەلقیس..

قووڕگی وەکو پرتقاڵ گووشیووم..

ئێستا دەزانم ووشە چەند زەحمەتیان هەیە..

دەزانم گرفتی زمان مەحاڵە..

وە من داهێنەری نامەکانم

نازانم چۆن دەست بە نامەکان بکەم..

شیر دەچێتە گۆشتی ملم

قوڕگی ووشە..

هەموو شارستانیەک ، تۆی بەلقیس، شارستانی مێینە..

بەلقیس تۆی مزگێنی گەورەی منی..

بەس کێ مزگێنی دزیووە؟

تۆ ئەو نووسینەی پێش ئەم نووسینە

تۆ دوورگە و تۆ منارە..

 

بەلقیس…

ئەی مانگەکەم بەبەرد کوژاندیانەوە و بزریان کرد

ئێستا پەردەکان بەرز دەبنەوە

ئێستا پەردەکان بەرزدەبنەوە

لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم؛

من ئاسمان دەناسم.

وە شتەکانیش….

وە زیندانەکان…

وە شەهیدەکانیش..

وە هەژاران و چەوساوەکانیش

وەهەروەها دەڵیم من ئەو شیروەشێنە دەناسم کە بکوژی ژنەکەمە..

وە ڕووی هەموو هەواڵنێرەکان

وەدەڵێم

ئەوە ڕوومان قەحپەیەو نزاکانمان پیسە

وەدەڵیم

خەباتمان درۆیە

و جیاوازی نیە 

لە نێوان سیاسەت و قەحپی دا…

هەروەها لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم؛

من تاوانبارانم ناسیەوە

وە دەڵێم

ئەو کاتانەی عەرەبی تایبەتن بە سەربڕینی یاسەمین

بە کوشتنی هەموو پێغەمبەران

وە کوشتنی هەموو پەیامهێنەران

هەتا عەرەب  چاو سەوزەکان دەخۆن

هەتا پەنجەکان و ئەنگوستیلەکان

وە ئاوێنە و یاریەکان

هەتا ئەستێرە لە ووڵاتی من ترسی هەیە

نازانم هۆی چیە

تەنانەت باڵندەش لە ووڵاتی من ڕادەکا

نازانم هۆکاری چیە

تا ئەستێرەکان

هاتوچۆکەران

وە هەور و تەنانەت دەفتەر و

کتێب یش

وە هەموو شتێکی جوان

هەموویان دژی عەرەبن..

کاتێ لەشی ڕووناکت ڕەنگدەداتەوە

ئەی بەلقیس..

گەوهەرە بەنرخەکەم

بیرتکردەوە

ئایا کوشتنی ژنان خولیای عەرەبەکانە

یان ئێمە لە بنەڕەتدا

تاوانکاری بەتوانایین؟

 

بەلقیس….

ئەی سوارچاکە جوانەکەم

من لە هەموو مێژووی شەرمندا

ئەو ووڵاتەیە کە ئەسپەکانیش تیایدا دەکوژرێن

ئەو ووڵاتەیە کە ئەسپەکانیش تیایدا دەکوژرێن

لەو ڕۆژەوەی دەجوڵێنەوە

 

بەلقیس

ئەی ووڵاتە نەشمیلەکەم

مرۆڤەکان نازانن

چۆن لەم ووڵاتەدا بژین

مرۆڤەکان نازانن

چۆن لەم ووڵاتەدا بمرن

هەتا ئێستا بە خوێن قوربانی

بەرزترین تاوان دەدەم

تا ئەم جیهانە خۆشبژی

بەڵام ئاسمان 

دەیەوێ من تەنها بم

وەکو گەڵاکانی زستان

ئایا شاعیرەکان لە منداڵدانی ڕەزالەت لە دایک دەبن؟

ئایا چامە

تانەیەکە لە دڵدا

هەرگیز چارەی نیە؟

یان ئەوە تەنها منم

کە چاوەکانی تەنها بۆ گریانی مێژوو کراوە؟

لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم:

چۆن ئاسکەکەم مرد

بە شیری ئەبی لەهەب

هەموو دزەکان

لە دەریاوە تا کەنداو

کاول دەکەن..

وە دەسوتێنن..

دەدزن و گەندەڵی دەکەن..

وە دەسترێژی بەرامبەر بە ژنان دەکەن..

هەروەکو ئەبو لەهەب دەیەوێ..

هەموو فەرمانبەرە سەگەکان

دۆخۆن و سەرخۆش دەبن

لە سەر حسابی ئەبو لەهەب

هیچ گەنمێ لەسەر زەوی نیە..

بەبێ رەزامەندی ئەبی لەهەب سەوزببێ..

هیچ منداڵیکی لای ئێمە لە دایک نابێ..

تەنها دەبێ ڕۆژێ دایکی سەردانی پێخەوی ئەبی لەهەبی کردبێ..

هیچ زیندانێ ناکرێتەوە

بەبێ ڕەزامەندی ئەبی لەهەب نەبێ

هیچ سەرێ لەلای ئێمە ناپەڕێ

بەبێ رەزامەندی ئەبی لەهەب نەبێ..

لە لێکۆڵینەوە وا دەڵێم؛

چۆن شاژنەکەم لاقەکرا

چۆن ناوەندی چاویان دووبەشکرد

وە ئەنگوستیلەی بوکێنیەکەیان شەقکرد

وەدەڵێم چۆن قژەکەیان بەشکرد

ئەو قژەی وەک ڕووبارێکی زێڕین گوزەریەکرد

لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم؛

چۆن تاڵانی ئایاتەکانی قورئانی پیرۆزیان کرد

ئاگریان تێبەردا

هەروا دەڵێم چۆن خوێنی ڕژا

دەممیان گرت..تەنها گوڵێکیان لێ نەهێشتەوە وە دەنکە ترێ یەکیش

ئایا مردنی بەلقیس..

تاکە سەرکەوتنێکە

لە هەموو مێژووی عەرەب؟؟

 

بەلقیس..

ئەی خۆشەویستی هەتا هەتایە

پێغەمبەرە درۆزنەکان

لە خۆ هەڵدەدەن و سواری ملی گەلان دەبن..

بەبێ پەیام..

ئەگەر ئەوان  ئەستێرەیەکیان 

لە فەلەستین ی غەمبار بۆهێناباین

یان پرتقالێ

 لە کەناری غەززە

بەردێ یان گوێجکەیەکی ماسیان بۆ ‌هێناباین

ئەوا ئەوان لە چارەکە سەدەیەکەوە زەیتونێکیان ڕزگار دەکرد

یان لێمۆیەک

مێژووی قەحپەییان ڕەش دەکردەوە

تۆش ئەوکات سوپاسی بکوژەکانت دەکرد ئەی بەلقیس..

ئەی پەرستگای هەتا هەتام

بەڵام فەلەستینیان جێ هێشت

تا ئاسکەکە بکوژن

چا هۆنراوە چی بڵێ ئەی بەلقیس..

لەم زەمانەدا؟

دەبێ شعر چی بڵێ؟

لە سەردەمی گەلی

مەجوسی

ترسنۆک..

وە جیهانی عەرەب

پلیشاوە و سەرکوتەو

زمان بڕاوە

ئێمە تاوانمان لە لوتکە دایە

کوا (سەردەمی فەرید) و (گۆرانیەکانی)؟؟

لە دەستیان بردم ئەی خۆشەویست

چامەیان لە دەمم برد

نوسین و خوێندن و 

تەمەنی منداڵی هیواکانمیان برد

 

بەلقیس

ئەی بەلقیس

ئەی ئەو فرمێسکەی کە دەرژێیتە سەر کەمان

زانیم کێ نهێنیەکانی خۆشەویستی کوشت..

بەڵام پێش کۆتایی دەورانێ

ئەسپەکەمیان کوشت..

بەیارمەتیت لێت دەپرسم

لەوانەیە، ژیانت ژیانت قوربانی ژیانی من بوو

من بەتەواوی نازانم

ئەوانەی کە لە کوشتنت تێوە گلاون

ئەوە ئاواتیان بوو

ووشەکانم بکوژن؟

بنو بە تەمای خودا..

ئەی جوانەکەم

هۆنراوە دوای تۆ مەحاڵە

هەروەها مێینە مەحاڵە

نەوەیەک لە منداڵەکان دەمێننەوە

لە نینۆکە درێژەکانت دەپرسن

هەروەها نەوەیەک لە عاشقەکان

لە بارەت دەخوێننەوە ئەی مامۆستا ڕەسەنەکە

ڕۆژگارێ عەرەبەکان دەزانن

ئەوا پەیامبەرێکیان کوشت

پەیامبەرێکیان کوشت..

ک.و. ش.ت.ی.ا.ن

پ.ی.ا.م.ب.ر

 

هۆنراوەی نزار قەبانی

وەرگێرانی ئاسۆ حامدی (قاهیرە دیسەمبەری ٢٠١٣)

* سەرچاوە؛

نزارقبانی، الاعمال الکاملە.. دار العودە لنشر و توزیع_ بیروت

 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next