
ژاك دریدا له‌دیدارێكی لیمۆندا
(له‌ئێستادا بیرۆكه‌ی مردن، بۆ لای مه‌رگم ڕاپێچ ده‌كات، چونكه ئیدی هه‌موو شتێك به‌سه‌رچوو، هه‌موو شتێك كۆتایی هات…..
گه‌رچی له‌نووسینی كتێبێكدا كه‌س زۆری لێنه‌كردووم و كه‌سیش زۆرم لێناكات، به‌ڵام پاش نووسینی ده‌بمه تارمایی و هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ون بووبێتم، چونكه شوێنهوارێكم بۆ داهاتوویه‌ك به‌جێهێشتووه كه‌من تێیدا مردووم. ئه‌مه بانگه‌شه‌یه‌ك نییه بۆ نه‌مربوون، چونكه فۆرمی جێگری ژیان ئه‌وه‌یه، كه‌ده‌بێت بمریت. هه‌ر بۆیه پاش خۆم ئه‌و پارچه كاغهزانه جێده‌هێڵم.. به‌ناچاری ده‌بێت ئه‌م دنیایه جێبهێڵم و بمرم. نازانم ئه‌وه‌ی كهجێشی دێڵم، كێ ده‌بێته میراتگری و خۆی به‌خاوه‌نی ده‌زانێ؟!)-ژاك دریدا-
لیمۆند: هێنده‌ی ئاگادارین، جگه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌م ساڵانه‌دا بهچاپت گه‌یاندووه، به‌شداریی چه‌ندان كۆنفرانستان كردووه، هه‌ر له‌له‌نده‌نه‌وه تا پاریس و زۆر شوێنی دیكه‌ی دنیاش. هه‌ر له‌م ساڵدا بوونه‌ته میوانی دوو فیلمی تایبه‌ت به‌خۆتان و زۆرێك له‌گۆڤاره‌كان ژماره‌ی تایبه‌تیان سه‌باره‌ت به‌ئێوه بڵاوكردۆته‌وه.. وه‌ك هه‌ردوو گۆڤاری Europe و Magazine Litteiaire …و هێشتاكه زۆر گۆڤاری دیكه‌ش له‌ژێر چاپدان كه ده‌رحه‌ق به‌ئێوه ژماره‌یان ته‌رخانكردووه…هه‌ر بۆ نموونه هه‌ردوو گۆڤاری Herne و Cahiers..
باشه ئه‌م هه‌موو چالاكییهتان له‌ماوه‌ی ساڵێكدا، پێ زۆر نییه؟!
ژاك دریدا: پێم خۆشه هه‌ر ڕاشكاوانه بڵێیت، دووچاری نه‌خۆشییه‌كی كوشنده بوون و له‌ئێستادا خه‌ریكی چاره‌سه‌ری خۆتانن، به‌ڵام با له‌ئێستادا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بخه‌ینه لاوه، چونكه ته‌وه‌ره‌ی باس و خواسهكهمان هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌باری ته‌ندروستی منه‌وه نییه.
لیمۆند: كه‌واته واباشتره بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ” تارماییه‌كانی ماركس” گه‌رچی تایبه‌ته به تێزی عه‌داله‌ت له‌داهاتوودا، به‌ڵام پێم وایه واتای په‌نهان و نهێنی پشت دێڕه‌كانی له‌م ڕسته‌یه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت:
” یه‌كێك له‌وانه ڕه‌نگه من بم، یان تۆ.. هه‌نگاوێك ده‌چێته پێشه‌وه و ده‌ڵێت: ده‌مه‌وێت فێری ژیان بم”..
باشه پاش ساڵانێك له‌نووسینی ئه‌و كتێبه و له‌مڕۆدا چی ده‌رحه‌ق به‌فێربوونی ژیان ده‌ڵێن؟!
ژاك دریدا: له‌ڕاستیدا ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی كتێبه‌كه ئینته‌رناسیۆناڵی نوێیه و به‌ده‌ر لهكۆزمۆپۆڵیتیزم و گڵۆباڵیزم، تێزێكی ئهڵتهردیالیست ده‌خاته‌ڕوو.
له‌ساڵی 1993-دا له‌ڕوانگه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆناڵی نوێوه، ڕاشكاوانه ئاماژه‌م به‌وه‌دا، كه‌پێویسته ڕێكخراوه‌كانی IMF` DTO`G8 و به‌تایبه‌تیش ڕێكخراوی BM هه‌ر هیچ نه‌بێت باره‌گاكانیان ببه‌نه شوێنێكی دوورتر له نیویۆرك، ئه‌مه جگه له‌پێداویستی گۆڕینی پڕۆگرام و به‌رنامه‌یان.
سه‌باره‌ت به‌فێربوونی ژیان-یش ڕاستییه‌كه‌ی له‌كۆتایی كتێبه‌كه‌دا ئه‌م ڕسته‌یه‌م به‌خه‌یاڵدا هات، دیاره ده‌كرێت ئه‌م ڕسته‌یه له زۆر گۆشه نیگاوه ڕاڤه بكرێت، گه‌ر به‌یه‌كێك بڵێیت “فێری ژیانت ده‌كه‌م”… وه‌ك ئه‌وه وایه پێی بڵێیت، ده‌تخه‌مه ئه‌و قاڵبه‌ی كه‌خۆم ده‌مه‌وێت، به‌و پێیه‌ش هه‌ست به‌تۆنێكی ههڕهشهكارانه له‌دوو توێی ڕسته‌كه‌دا ده‌كه‌یت، ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر خودی ترسمانه له‌مه‌رگ، كه‌ده‌بێته مایه‌ی ته‌رحكردنی پرسیارێكی له‌و چه‌شنه.. تۆ بڵێی فێری ژیان ببین؟! یان تۆ بڵێی فێری ژیانمان بكه‌ن؟! گه‌ر نه‌مه‌وێت درێژه‌ی بده‌مێ و به‌پێچ و په‌نادا نه‌تبه‌م، ئه‌وه ڕاسته‌وخۆ وه‌ڵامت ده‌ده‌مه‌وه و ده‌ڵێم:
نه‌خێر من هیچ كاتێك فێری ژیان نه‌بووم… بێگومان نه‌خێر، چونكه فێربوونی ژیان، فێربوونی مه‌رگه، هه‌ر له‌سه‌رده‌می پلاتۆنیشهوه گوتراوه:
” فه‌لسه‌فه فێربوونی مه‌رگه”.
گه‌رچی له‌ئێستادا كه‌متر باوه‌ڕم به‌و گوته‌یه ماوه، چونكه هێشتاكه فێری مه‌رگ نه‌بووم، ئێمه هه‌ر هه‌موومان ده‌مانه‌وێت، له‌م دنیایه‌دا بمێنینه‌وه و بژین، تا پێمان بكرێت ده‌مانه‌وێت مه‌رگ له‌خۆمان دووربخه‌ینه‌وه‌و هاتنی دوابخه‌ین، به‌ڵام مه‌ودای نێوان من و مه‌رگ، تا دێت زێده‌تر كورت ده‌بێته‌وه..چونكه زۆرێك له‌و نووسه‌رانه‌ی كه له‌گه‌ڵا مندا ناویان ده‌هێنرێت، ئێستا له ژیاندا نه‌ماون و مردوون.
من وه‌ك خۆم میراتگری ده‌یان شتی باش و خراپم.. دواین نوێنه‌ری نه‌وه‌ی شه‌سته‌كانم. گه‌رچی هه‌موو شتێكیان به‌ڕاست نازانم، به‌ڵام به‌ته‌واویش لێیان ناڕازی نیم و چه‌شنێك له‌ویستی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی میلانكۆلیم لا به‌رجه‌سته ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كه‌له‌مڕۆدا نه‌خۆشی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوم و لهبگر و به‌رده‌ی ژیان و مردندام. ئه‌وه‌ی كه‌به‌ته‌واوی بیر و هزری ته‌نیوم، خودی زینده‌گی و مانه‌وه‌مه له‌ژیاندا، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ژیان به‌واتای درێژه‌دان بهزیندهگی و ئیدامه پێدانی دێت، به‌ڵام له‌ڕوویه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌واتای ژیانه‌وه‌ی پاش مه‌رگیش دێت، “واڵته‌ر بینجامین” ئاماژه به‌دوو جۆری ژیانه‌وه‌ی پاش مه‌رگ ده‌دات.
یه‌كێكیان به”ئوبهرلیبین” ناوده‌بات و به‌واتای له‌ژیاندا مانه‌وه‌ی پاش مه‌رگ دێت، هه‌ره‌ك چۆن منداڵێك، پاش مه‌رگی دایك و باوكی، ده‌یه‌وێت له‌ژیاندا بیانهێڵێته‌وه و له‌به‌رچاویدا بهتهسهور به‌رجه‌سته‌یان بكات.
دووه‌میشیان به”فۆرتلیبن” ناوده‌بات و به‌واتای ژیانه‌وه‌ی پاش مه‌رگ دێت، هه‌روه‌ك چۆن نووسه‌ری كتێبێك پاش مه‌رگی ده‌ژێته‌وه.
لیمۆند: ئاماژه‌دانت به‌نه‌وه‌ی شه‌سته‌كان و ناوبردنی ئێوه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌واندا، چۆن چۆنی له‌لایه‌ن ئێوه‌وه ڕاڤه ده‌كرێت؟
ژاك دریدا: ڕاستییه‌كه‌ی ئاماژه‌دانم بهنهوهیهك، شتێك لاستیكییهو نه‌وه‌كانی پێشوو و ڕابردووش، لهمهدارێكی ئهناكرۆنیكی هاوچه‌رخدا ده‌گرێته خۆی.. هه‌ر لهلاكان و لیڤینس و فۆكۆڵت و بارتێس و دیلوز و بلانچۆت و لیۆتارد و ساراكۆفمان-ه‌وه تا ده‌گاته ئه‌ڵتۆسێر و ده‌یان نووسه‌ری دیكه كه‌هێشتاكه له‌ژیاندان، گه‌رچی ڕه‌نگه له‌ڕووی جێگه‌وه، زۆر له‌منه‌وه دووربن، به‌ڵام هه‌ست به‌وه ده‌كه‌م كه‌زۆر لێیانه‌وه نزیكم. گه‌ر له‌ڕوانگه‌یه‌كی میتۆنیمییهوه بڕوانمه میراتی پێش خۆم، ده‌بینم هیچ هه‌وڵێكی سازشكارانهو سهوداكارانهی نه‌بووه و سه‌رباری زۆر بۆ هێنانی توێژێك لهنوێنهر خۆی ساده نه‌كردۆته‌وه و وه‌ك “Ethos”ێك پاشه‌كشه‌ی نه‌كردووه.
شایانی باسه مه‌سه‌له‌كه لهڕیزكردنی كۆمه‌ڵێك ناودا خۆی نابینێته‌وه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی كهمهبهستمان له‌وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی سه‌ده‌یه‌كه، كه‌ده‌بێت لهسڕینهوهو له‌ناوچوون ڕزگاری بكه‌ین. یان باشتره بڵێم، ده‌بێت بیژێنینه‌وه و هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ین كه‌جارێكی دی له‌دایك بێته‌وه. ڕووناكبیرانی ئه‌مڕۆ ئه‌ركێكی زۆر گرنگ له‌ئه‌ستۆیاندایه و ده‌بێت به‌جێی بگه‌یه‌نن، چونكه میدیای ئهنتهلكتوێل و لۆبییه”ئیكۆنۆمیك-پۆله‌تیك”ه‌كان، هه‌موو بواره مهعریفییهكانیان كۆنتڕۆڵكردووه و ده‌بێت دژ به‌وان جه‌نگێك به‌رپابكه‌ین، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه نایه‌ت كه‌ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری میدیا ببین و پشتی تێبكه‌ین، به‌ڵكو ده‌بێت هاریكارییان بكه‌ین و وایان لێبكه‌ین كه‌هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی بكه‌ن.
ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌یاد نه‌چێت، كهسهدهی به‌خته‌وه‌ری و ئاشتی به‌سه‌رچووه و هه‌موو شتێك بۆته هیمۆژینێكی تێكه‌ڵ و هه‌ستی ڕك و ڕكهبهرایهتیمان تێدا ده‌بزووێنێت، وه‌ك بیرۆكه‌ی ساڵی”68″، له‌سایه‌ی گوزارشتێكی بێ مانادا كۆكراوه‌ته‌وه‌و چ له‌زانكۆ و چ له‌میدیاكانه‌وه، وه‌ك پهڕۆڵه یان تاوانباركردنێك به‌ڕووماندا ده‌درێت، به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت درێژه به‌دیالۆگ بده‌ین و به‌زیندووێتی بیهێڵینه‌وه. ئه‌وه‌ی كهسهبارهت به‌نه‌وه‌ی خۆم به‌ڕاستی ده‌زانم، به‌هه‌مان شێوه‌ش نه‌وه‌كانی پێش خۆشم ده‌گرێته‌خۆ و له‌هه‌مان دیدگاوه تێ‌یان ده‌ڕوانم. ناكرێت ده‌ستبه‌رداری كتێبی پیرۆز و پلاتۆن و كانت و ماركس و فرۆید و هایدیگه‌ر ببم.
هه‌موو كاتێك فێربوونی ژیان، شتێكی نارسیستییه، چونكه هه‌رده‌م مرۆڤ ده‌یه‌وێت به‌رگری له‌بوونی خۆی بكات و له‌و گه‌ردوونه گه‌وره‌یه‌دا، سه‌رباری بچووكی خۆی شوێنێك بۆ خۆی بكاته‌وه.
هه‌ر بۆیه ناكرێت پشت بكه‌مه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌خۆشم ده‌وێن، ئه‌وه‌ی كه داوایه‌كی واشم لێبكات وه‌ك ئه‌وه وایه پێم بڵێت: “بمره”.
له‌ڕاستیدا ڕاستگۆیی و بهوهفاییم، سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی كه‌ناوم هێنان، چه‌شنێك له‌به‌رگری و داكۆكی كردن له‌خودی خۆم و خۆپاراستنێكی ناوه‌كی ده‌گرێته خۆی.
لیمۆند: پێم وایه ئێوه له‌ژیاندا مانه‌وه و نه‌مریتان كرده، شێوازێكی نووسین و به‌و پێیه‌ش شێوازێكی نوێتان داهێنا؟!
ژاك دریدا: گه‌ر شێوازێكی نوێم له‌نووسیندا داهێنابایه، ئه‌وه بێگومان له‌فۆرمی شۆڕشێكدا ده‌كه‌وته ڕوو!؟ هه‌ر بارودۆخ و كه‌ش و هه‌وایه‌ك، شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆی گه‌ره‌كه، كه‌بتوانێت پڕاوپڕی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه بێت كه‌ده‌خرێته ڕوو. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌بێت باوه‌ڕمان به‌دروستبوونی توێژێكی نوێش له‌خوێنه‌ر هه‌بێت، چونكه هه‌ر كتێبێك پیدهگۆژییهكی له‌قاڵبدانی خوێنه‌ره و ئامانجی سه‌ره‌كیشی هه‌ر ئه‌وه‌یه. دیاره ڕاگه‌یاندنه‌كانیش هه‌ر له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان. به‌ڵام بێگومان ئه‌م كاره هێنده ئاسان نییه و ناكرێت به‌سانایی خوێنه‌ران كۆنتڕۆڵ بكرێن.
چه‌ند به‌وه‌فا و دڵسۆزیش بین له‌خستنه‌ڕووی گوتارهكانماندا، به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت به‌رامبه‌ره‌كانمان بریندار ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت كاتێك كتێبێك بڵاوده‌كه‌ینه‌وه هه‌رچییه‌ك بڵێین و دایبهێنین. دواجار هه‌موو ئه‌وه‌ی كهنووسیومانه ئیدی هی ئێمه نییه و له‌ئێمه به‌ده‌ره و به‌ده‌ر له‌ویست و خواستی ئێمه ده‌كه‌وێته جووڵه و ده‌بزووێ، گه‌رچی له‌نووسینی كتێبێكدا كه‌س زۆری لێنه‌كردووم و كه‌سیش زۆرم لێناكات، به‌ڵام پاش نووسینی ده‌بمه تارمایی و هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ون بووبێتم، چونكه شوێنهوارێكم بۆ داهاتوویه‌ك به‌جێهێشتووه كه‌من تێیدا مردووم. ئه‌مه بانگه‌شه‌یه‌ك نییه بۆ نه‌مربوون، چونكه فۆرمی جێگری ژیان ئه‌وه‌یه، كه‌ده‌بێت بمریت. هه‌ر بۆیه پاش خۆم ئه‌و پارچه كاغهزانه جێده‌هێڵم.. به‌ناچاری ده‌بێت ئه‌م دنیایه جێبهێڵم و بمرم. نازانم ئه‌وه‌ی كهجێشی دێڵم، كێ ده‌بێته میراتگری و خۆی به‌خاوه‌نی ده‌زانێ؟! ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م سه‌ده‌ی (ته‌كنۆ-كولتوور)هی تێیدا ده‌ژین، بووه‌ته مایه‌ی گۆڕینی زۆر شت. نه‌وه‌ی پێشوو، نه‌وه‌یه‌كی تر بوو، هه‌رده‌م په‌نامان ده‌برده به‌ر خوێندنه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی پێش خۆمان، به‌ڵام له‌مڕۆدا هه‌موو شتێك گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و دیار نییه داهاتووی بیر و هزر ده‌گاته كوێ. بۆخۆم دوو تێڕوانینم هه‌یه، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه‌ڕه‌نگه پاش مردنم،
چه‌ند خوێنه‌رێك په‌نهان و مه‌به‌ستی نووسینه‌كانم تاوتووێ و شیكار بكه‌ن؟!
تێڕوانینی دووه‌میشم ئه‌وه‌یه، كه‌ڕه‌نگه پاش مردنم،
به‌پێنج شه‌ش ڕۆژ یان مانگێك له‌یاد بكرێم و كتێبه‌كانم ته‌نها له‌ئه‌رشیفی كتێبخانه‌كاندا بمێنێته‌وه،كه‌دیاره ئه‌م هه‌سته زۆر به‌سه‌رمدا زاڵه و سوێندتان بۆ ده‌خۆم كه‌وه‌ك خۆم زۆر باوه‌ڕم به‌وه‌یه، كه‌وام لێ به‌سه‌ر دێت.
لیمۆند: لهنووسینهكانتاندا هه‌ست به‌وه ده‌كرێت زۆر هۆگری زمانی فه‌ڕه‌نسین، ته‌نانه‌ت له‌كتێبی Le Monrolinguisme de L’autre ، ڕاشكاوانه خۆتان وه‌ك پارێزه‌رێكی زمانی فه‌ڕه‌نسی ناساندووه و پێتان وایه كه‌ئێوه نیگاركێشێكی ئه‌و زمانه‌ن.
ژاك دریدا: گه‌رچی زمانی فه‌ڕه‌نسی، زمانی زگماكی من نییه و به‌بنه‌چه جووله‌كه‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسیم و له‌سه‌ر خاكی جه‌زائیر له‌دایك بووم، به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا زمانی فه‌ڕه‌نسی تاكه زمانێكه كه‌به‌كاری ده‌هێنم. جووله‌كه‌كانی جه‌زائیر چ له‌ڕووی زمان و چ له‌ڕووی داب و نه‌ریته‌وه، هێشتاكه لهعهرهبهكانهوه نزیكن. پاش ساڵی 1870، جووله‌كه‌كانی ئه‌وێ تهنگهتاوكران و ته‌نانه‌ت نه‌نكم، له‌و بارودۆخه‌دا به‌دزییه‌وه و له‌باخچه‌یه‌كی پشته‌وه‌ی شارهوانییهكدا، ڕێ و ڕه‌سمی زهواجییان بۆ كردبوو.
سه‌رده‌می دایك و باوكیشم ئه‌و سه‌رده‌مه بوو كه‌زۆربه‌ی جووله‌كه‌كان تووجار بوون و بهتیجارهتهوه خه‌ریك بوون. زۆربه‌یان نوێنه‌ری ماركه كۆزمۆپۆلیتهكان بوون. ده‌كرا زۆر به‌سانایی جووله‌كه‌یه‌ك ببێته نوێنه‌ری فابریكه‌ی سابوونی مارسیلیا له‌باكووری ئه‌فه‌ریقا.
پاشان نه‌وه‌ی ئێمه هاته پێشێ، كه‌زۆربه‌یان مامۆستا و پزیشك و كه‌سانی ڕۆشنبیر و ئهنتهلهكتوێل بوون و زۆربه‌شیان گه‌ڕانه‌وه بۆ فه‌ڕه‌نسا و پێم وایه
له‌ساڵی 1962 به‌دواوه، هیچ كه‌سێكی ئه‌و نه‌وه‌یه
له‌جه‌زائیر نه‌مان.. شایانی باسه یه‌كێك له‌پێكهاته گرنگه‌كانی ژیانی من، زمانی فه‌ڕه‌نسییه و زۆرم لا خۆشه‌ویسته‌و ته‌نیا زمانێكی بێ گرێ و گۆڵه به‌لامه‌وه.
ئه‌وه‌ی كه‌وام لێده‌كات لهنووسینهكانمدا توندوتیژبم، زمانی فه‌ڕه‌نسییه، یان ڕه‌نگه له‌وه‌وه بێت، كه‌زمانێكی خۆشه‌ویسته به‌لامه‌وه. كه‌دیاره ئه‌مه‌ش پێوه‌ندی به نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌وه نییه، زمان پێویستی به‌سه‌لماندن و سه‌پاندنه. شایانی باسه ناشێت و ناكرێت هه‌موو شتێك به‌سه‌ر زماندا بسه‌پێنیت، چونكه زمان له‌پێش ئێمه‌وه هه‌بووه و له‌دوای ئێمه‌شه‌وه هه‌ر ده‌بێت. گه‌ر بته‌وێت ده‌ستكاری زمان بكه‌یت و شتێكی به‌سه‌ردا بسه‌پێنیت، ئه‌وه ده‌بێت زۆر به‌ناسكی و نه‌رم و نیانی به‌ئه‌نجامی بگه‌یه‌نیت و بێ ئه‌ده‌بی ده‌رحه‌ق نه‌كه‌یت، گه‌ر ئه‌وه‌ش بكه‌یت ده‌بێت یاسا نهێنییه‌كانی زمان له‌به‌رچاو بگریت و ڕێزت بۆی هه‌بێت.
هه‌ربۆیه من وه‌ك خۆم به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵیدا ده‌جووڵێمه‌وه و ده‌مه‌وێت له‌مێژووی زمانی فه‌ڕه‌نسیدا، شوێنه‌وارێك جێبهێڵم. به‌ڕاده‌یه‌كی بێ سنوور په‌رۆش و په‌یوه‌ستی ئه‌و زمانه‌م و پێشم وایه كه‌تاكه زمانێكه، توانستی گرتنه خۆی بێگانه‌ی وه‌ك ئێمه و مانانی هه‌یه.
دڵنیاشم له‌وه‌ی كه چ جووله‌كه و چ غه‌یره جووله‌كه‌كانی فه‌ڕه‌نسا، له‌م ڕووه‌وه له‌گه‌ڵمدا هاوبیر و ته‌بان.
لیمۆند: واپێده‌چێت زۆر نه‌ته‌وێت لهقسهكانتدا، دان به”ئێمه‌ی جووله‌كه”و “ئێمه‌ی فه‌یله‌سووفدا” بنێیت، گه‌رچی له‌زۆرێك لهنووسینهكانتدا ، ئاماژه‌ت به”ئێمه‌ی ئۆرووپایی” كردووه، له‌وه ده‌چێت كه‌متر سڵا له‌به‌كارهێنانی بكه‌یته‌وه، له‌چاو ئه‌وانه‌ی پێشوودا.
له‌كتێبی L’Autre cap دا ئاماژه به‌پیره ئۆرووپاییه‌كان ده‌كه‌یت.
ژاك دریدا: باش بوو ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ت وهبیرهێنامهوهو، چونكه به‌ڕاستی له‌به‌كارهێنانی زاراوه‌ی “ئێمه”، كه‌مێك دوو دڵم و سڵی لێده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا هه‌ر به‌كاری ده‌هێنم، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌پێم وانییه ئیسرائیل، نوێنه‌ری نه‌ك ته‌نها هه‌ر جووله‌كه‌كان، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت پێشم وانییه نوێنه‌ری خودی زایۆنیزمیش بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا هیچ كاتێك، نكوڵیم لهجوولهكه بوونی خۆم نه‌كردووه و كه‌م تا زۆریش “ئێمه‌ی جووله‌كه‌م” به‌كارهێناوه و هه‌ر به‌كاریشی ده‌هێنم، ته‌نانه‌ت گه‌ر پێویستیش بكات، ئاساییه له‌شوێنی خۆیدا “ئێمه‌ی فه‌ڕه‌نسی”یش به‌كاربهێنم.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای نووسینمه‌وه، دژ به‌وه بووم كه ئۆرووپا له‌میانی تێكست و بۆچوونه‌كانی ڤالێری و هۆسێرل و هایدگه‌ره‌وه، هه‌ڵبسه‌نگێنرێت و له‌داڕژگه‌ی مۆدێرنیزم‌دا جێی بكرێته‌وه، چونكه سه‌رچاوه‌ی نازیزم و تۆتالیتاریزم و جینۆسایدی جووله‌كه‌كان، هه‌ر له‌خودی ئۆرووپاوه هه‌ڵقووڵاوه، گه‌رچی له‌مڕۆدا ئۆرووپا تێڕوانینێكی دیكه‌ی هه‌یه و ده‌یه‌وێت ببێته قوتبێكی دژ به‌سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه‌له كێشمهكێشدایه، دژ به تیۆكراسیهتی “عه‌ره‌ب-ئیسلام”ی ناپۆلۆتیكانه، هه‌ر بۆیه ده‌بێت سه‌رجه‌م ئۆرووپا، دژ به‌و بلۆكانه‌ی كه‌دژ به‌ون، كۆك و ته‌با و یهكانگیربێت، من لێره‌دا مه‌به‌ستم له “نیولیبڕاڵی” نێو ئۆرووپاو ئه‌و جه‌نگه ناوخۆییانه‌ی ئه‌م دواییانه نییه..مه‌به‌ستم لهئۆرووپایهكه كهبهشوێن خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، ئۆرووپایهك كه‌هه‌ست به‌لێپرسراوێتی مێژوویی و مرۆڤانه‌ی خۆی ده‌كات، هه‌ر بۆیه له‌و كاته‌دا سڵا له‌وه ناكه‌مه‌وه كه‌بڵێم: “ئێمه‌ی ئۆرووپایی”.
ئۆرووپای نوێ ده‌بێت ئهڵتهرمۆندیالیستێكی نوێ، دژ به گڵۆباڵیزم بهێنێته ئاراوه و بیخوڵقێنێت، به‌ڕای منیش ئه‌مه تاكه ڕێگه‌یه‌كی ده‌ربازبوونمانه.. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م هێزه‌ش كه‌وته گه‌ڕ، پێم وانییه هیچ شتێك بتوانێت به‌ری پێ بگرێت، ده‌بێت ئۆرووپا له‌ئه‌مریكا و ناتۆ، خۆی به‌دوور بگرێت، هێزی سه‌ربازیشی ده‌بێت ته‌نها بۆ به‌رگریكردن له‌خۆ بێت، نه‌ك بۆ هێرش و هێرشكاری.
لیمۆند: پێده‌چێت سه‌باره‌ت بهئۆرووپا، له‌نێو خۆتاندا له‌ململانێدا بن، چونكه 11-ی ئهیلوول، گرامه‌ری جیۆپۆله‌تیكی كۆنی سه‌روژێر كرد و ئۆرووپاشی تووشی كریز كرد.. له‌كاتێكدا هێشتاكه ئێوه ده‌تانه‌وێت كۆزمۆپۆلیتی نێو نه‌ته‌وه‌یی ئۆرووپا وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه…؟!
ژاك دریدا: پۆله‌تیك وشه‌یه‌كی گریكییه و په‌یوه‌سته به‌ده‌وڵه‌ت و خاك و ئۆتۆكتۆنیكهوه Otoktoni ، له‌پێش وشه‌ی Polis ه‌وه بوونی هه‌بووه و به‌كارهێنراوه، به‌ڵام له‌مڕۆدا باڵاده‌ستی ده‌وڵه‌تێك، بهخاكهوه په‌یوه‌ست نییه، هه‌ر ئه‌مه‌شه له‌ڕووی سه‌ربازی و سیاسییه‌وه تووشی كریزی ده‌كات. به‌ڕای من بۆ پارێزگاریكردن لهئۆرووپا، جار جاره پێویسته ناڕه‌زایه‌تی خۆمان دژ به‌هێزه گڵۆباڵهكان بخه‌ینه‌ڕوو، ئه‌مه‌ش بكه‌ینه كولتوورێك، هه‌روه‌ك لهنووسینهكانمدا ئاماژه‌م پێداوه، دیموكراسییه‌ت هیچ كاتێك نابێته جێگه‌ی بڕوا، هه‌ر بۆیه دژ به‌خۆم ده‌جه‌نگێم و له‌نێو خۆمدا له‌ململانێدام، ئێوه له‌و ڕووه‌وه ڕاست ده‌كه‌ن، دڕدۆنگ و دوودڵم و هه‌ر ئه‌مه‌شه وام لێده‌كات، له‌یه‌ك كاتدا ڕاوبۆچوونی له‌یه‌كتر جوداو جیاواز بخه‌مه‌ڕوو.. ئاشكراشه ئه‌م دڵه‌ڕاوكێیه دهمژێنێت و ده‌مكوژێت، ئه‌م جه‌نگه جه‌نگێكی ترسناكه و ئازاربه‌خشه و ژیانیش ئه‌مه‌یه، مه‌گه‌ر پاش مردنم به‌ته‌واویی دابسهكنێم و هێورببمه‌وه.
لیمۆند: له‌هه‌ردوو كتێبه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌تاندا، بۆ جارێكی دی ژیان و مردنتان خستۆته ژێر پرسیاره‌وه و فه‌لسه‌فه‌تان به”دیاری مه‌رگ” داوه‌ته قه‌ڵه‌م؟
ژاك دریدا: چه‌مكی ژیان و مردن، شتێكی ئاڵۆزه‌و فامكردنی ئاسان نییه، له‌ژیاندا مانه‌وه و نه‌مری، ژیانێكی دیكه‌ی ئه‌ودیوی ژیانه.. به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا ئیدامه‌دان بهزیندهگی هه‌ر له‌نێو خودی ژیاندا شیاو و مومكینه. هه‌رده‌م له‌خۆشترین ساته‌كانی ژیانیشمدا، هه‌ستم به‌تارمایی مه‌رگ كردووه‌و زانیومه كه‌هه‌میشه له‌بۆسه‌دایه. ڕه‌نگه له‌ژیاندا شانسم هه‌بووبێت و توانیبێتم ببمه خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ده‌مه‌وێت، ئاشكراشه زۆر ساتی پڕ كامه‌رانی و به‌خته‌وه‌ریشم بردۆته سه‌ر، به‌ڵام له‌ئێستادا بیرۆكه‌ی مردن، بۆ لای مه‌رگم ڕاپێچ ده‌كات، چونكه ئیدی هه‌موو شتێك به‌سه‌رچوو، هه‌موو شتێك كۆتایی هات.
گۆڕینی له‌توركییه‌وه: یوسف عیزه‌دین
تێبینی:
(به‌ر له‌ماوه‌یه‌ك پێش مه‌رگی ژاك دریدا، لیمۆند-ی فه‌ڕه‌نسی توانی له‌ناوچه‌ی Ris orangis ی ده‌ره‌وه‌ی پاریس، ببێته میوانی ژاك دریدا و ئه‌م دوا دیداره‌ی له‌گه‌ڵدا سازبدات.. كه‌دیاره له‌و ده‌مه‌دا تابڵێی كه‌نه‌فت و په‌رێشان و نه‌خۆش بووه، موبهتهللا بووه به‌سه‌خترین و كوشنده‌ترین و ترسناكترین جۆره‌كانی نه‌خۆشی.
بۆیه ئاساییه ترس و خۆفی له‌مه‌رگ تاساندبێتی؟!
به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره توانستی بگره‌و به‌رده‌و قسه‌كردنیه‌تی ده‌رحه‌ق به‌شته هه‌ستیاره‌كان و زۆر به‌پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له‌و نووسه‌ره نه‌رجسییانه‌ی كه‌پاش خۆیان ده‌یانه‌وێت له‌میانی گرنگی دان بهتۆپۆگرافیاو جوگرافیای شوێنی ناشتن و هه‌ڵبژاردنی باشترین شوێنی قه‌ره‌باڵغی نێو خه‌ڵكی بۆ مه‌زاریان.. یان بۆ نموونه وه‌سیه‌تكردن به‌ژه‌ندنی میوزیك له‌كاتی ناشتنیاندا وه‌ك نمایشێكی نهترسانیان له‌مه‌رگ و یاخود…؟!.. یان هه‌وڵا و داواكاریی شاراوه‌و ئاشكرایان بۆ ناونانی كوچه و كۆڵان و شه‌قام و خه‌ڵات و مۆزه‌خانه‌و شتی له‌وچه‌شنه به‌ناویانه‌وه‌و زۆر شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی تر، به‌مه‌به‌ستی مانه‌وه‌یان به‌تۆپزی له‌یاده‌وه‌ری نه‌وه‌كانی پاش خۆیاندا؟!
كه‌چی وه‌ك له‌دیداره‌كه‌دا ڕوون ده‌بێته‌وه، پێده‌چێت “ژاك دریدا” به‌چه‌شن و شێوازێكی دیكه ته‌سه‌ووری قۆناغی پاش مه‌رگی خۆی بكات و پێناچێت هێنده خۆش باوه‌ڕ و نابوود بووبێت له‌ڕووی ڕۆحییه‌وه، تا له‌میانی وه‌سیه‌ت و وهسیهتكاری چۆنیه‌تی ناشتن و.. بۆ نموونه داواكاری دروستكردنی په‌یكه‌ر، یان شوێنێكی تایبه‌ت له‌نزیك گۆڕه‌كه‌ی و شتی له‌و چه‌شنه‌وه مه‌به‌ستی بێت له‌دنیای زیندوواندا بمێنێته‌وه.. یان بابڵێین سواڵی به‌رده‌وامی فرمێسك و عه‌تفی كه‌سانێكی پاش خۆی زیندوو بكات؟!).
سه‌رنج: له‌ژماره 1207-1208-ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی بڵاوبۆته‌وه.
ژێده‌ر: Cogito-Yapi kredi kultur sanat yayngilik-A.S-2006-iastanbul.