Skip to Content

Sunday, June 23rd, 2024
کتێبی جییهانی دووەم ، تڕوانینی نوێی ئەمریکا بۆ خۆیی و جیهان دەردەخات.

کتێبی جییهانی دووەم ، تڕوانینی نوێی ئەمریکا بۆ خۆیی و جیهان دەردەخات.

Closed

 

 

 

 

جەنگ ئامڕازێكی سیاسی نییە ، بەڵكو نیشانەی شکستخواردنە

 

 

گەشتکردن بەناو دەوڵەتانی جیهاندا، کارێکی هەروا ئاسان نییە، لەویش سەختر ئەوەیە، کە تۆ لەهەموو کێشە ” ئابوری و سیاسی و کلتوریەکانی” جیهان شارەزابیت. دیارە لەناو کتێبخانەکانی جیهاندا، چەند پسپۆرکی بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی هەن، کە توانیویانە قسە لەسەر دەوڵەتانی جیهان  و کێشەکانیان دەربخەن.

 لە ئەمریکادا، دوو ناو هەمووکاتێک کتێبەکانیان جێگەی بایەخی جیهان بوون ئەوانیش ”  کیسنجەر و برجنسکی ” . یەکەمیان ماوەیەکی زۆر ڕاوێژکار و پاشانیش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو لەسەردەمی سەرۆک نیکسۆن و ئەویتریشیان ڕاوێژکاری سەرۆک کارتەر بوو. بەڵام لەپاش کۆتایی هاتنی کارەکانیان ، وازیان لە سیاسەتی دەرەکی نەهێناوە، بگرە ئەوان پاشان بوون بەسەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوەو توێژینەوەن و چەندین کتێبیان لەبارەی سیاسەتی دەرەکیەوە نووسیوە.  

سالێ ١٩٩٧ کتێبێكی برجنسکی بەناوی ” ئەمریکا تاکە زلهێزی جیهان” نووسی. ئەم کتێبە لەناو بازنەی چەپ و سیاسییەکانی ئەڵمانیا زۆر باسی لێوەدەکرا. ئەو کتێبە یەکەمین کتێبی لەم جۆرە بوو خوێندمەوە. 

دیارە بۆ نووسینی لەم جۆرە کتێبانە پێویستە پێش هەموو شتێک ئەو کەسە، ئاگادارییەکی باشی سیاسەتی دەرەکی وڵاتەکەی خۆی بێت و جێگە و شوێنی دەوڵەتانی جیهان بناسێت و لە ڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووریەوە، بە چاوێکی ووردەوە  لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکات.  دیارە ئەمەش تەنها کارێکی کەسێک نییە، بەڵکە دەبێت دەزگایەکی گەورەش لە پشتی ئەم کارەتەوە هەبێت. هەموو ئەوانەی ئەمجۆرە کتێبانەش دەنووسن، دەزگایەک یان چەند دەزگایەکی حکومی و ئەهلی  لە پشتیانەوەیە. 

دیارە لە رۆژئاوادا شانسی نووسینی ئەم جۆرە کتێبانە زۆرن، چونکە بۆ نموونە ڕاوێژکارێکی سیاسی یان ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی ،بچێتە هەر وڵاتێکەوە، دەتوانێت بەئاسانی  بەرپرسانی ئەو دەولەتە ببینێت و خەڵكی بناسێت. بەڵام ئەمە لەوانەبێت بۆ کوردێک زۆر زەحمەت بێت، چونکە ئێمە ناتوانین هەروا بە ئاسانی بەرپرسانی خۆمان ببینین ، ئیتر چۆن دەتوانین گەشتی وڵاتان بکەین و لەگەڵ بەرپرسی وڵاتان بدوێین. 

لە ئەڵمانیا ” پیتەر شوڵەتور و هیلمۆت شمیت” دوو شارەزای گەورەی بواری سیاسەتی نێودەوڵەتین و کتێبەکانیان  جێگەی بایەخن. لەناو جیهانی عەرەبیشدا، تەنها ” محمەد حەسەنێن هەیکەل” یان هەبووە، ئەویش پێشتر ڕاوێژکاری سەرۆک ناسربوو، بەڵام لەپاش ئەو عەرەب کەسی تریان نیە. کوردیش جارێک کەسی وای تێدا هەڵنەکەوتووە، کە خۆی لە قەرەی ئەمجۆرە کتێبانە بدات.

کتێبی (جیهانی دووەم ، دەسەڵات و دەستڕۆیشتن لە سیستەمی نوێی جیهاندا”  دەچێتە قاڵبی ئەممجۆرە کتێبانەوە. کاک ستران عەبدوڵڵاش کە پێشەکی بۆ ئەم کتێبە نووسیوە، ناوی لێناوە ( سیاحەتنامەی دەورانی عەولە). ئەم کتێبە لە نووسینی یەکێک لە پسپۆرۆ و شارەزاکانی بواری سیاسەتی نێودەوڵەتییە ئەویش” پاراگ خانا” یە. هەرچەندە نووسەرێکی لاویشە، بەڵام ئەو سەرۆکی دەزگایەکی  توێژینەوەی سیاسییە و ماوەیەکیش ڕاوێژکاری سەرۆک ئۆباما بووە، ماوەی چەند ساڵێکیش لە عێراق  و ئەفگانیستان کاریکردووە. 

کتێبەکەی پاراگ خانا  جیهانی بەسەر سێ زلهێزدا دابەشكردووە کە ئەوانیش بریتین لە : چین ، ئەمریکا و یەکێتی ئوروپا . لەپاش ئەمانیش  جیهانی بۆ سێ جەمسەر دابەشکردووە: جیهانی یەکەم، کە دەوڵەتانی رۆژئاوا و ژاپۆن و کۆریای باشور و سەنگاپور دەگرێتەوە، چینیش لە هەوڵی ئەوەدایە باز بداتە ناو ئەم جیهانەوە. جیهانی دووەم : زیاتر دەوڵەتانی تازەپێگەیشتووی بەهێز دەگرێتەوە وەکو : روسیا، هیندوستان،دەوڵەتانی کەنداو، بەرزایل،شیلی، مالیزیا، تایلاند، تورکیا.”

ئەو زیاتر لەم کتێبەیدا گرینگی بەم دەوڵەتانەی جیهانی دووەم دەدات و دەڵێت : ( جیهانی دووەم بە کردەوە ناوچەیەکی خاوەن توانای مەزنە، بەڵام بە چاک نەخراوەتە گەر. …دەوڵەتانی جیهانی دووەم ، چینی ناوەراستی جیهانن ،ل٣٢) . پاشان باس لە گرنگی ئەم دەوڵەتانەی جیهانی دووەم دەکات و ڕۆڵیان لە سەردەمی گلۆبالیزم و ئەمرۆماندا دەردەخات. (جیهانی دووەم سەرە ڕمن لە جیهانێکی فرە جەمسەریدا: بەو پێیەی دەشێت بڕیارەکانیان هاوسەنگی جیهانی هێز بگۆڕن .ل٣١) گەرچی جیهانی سێهەم: زیاتر دەوڵەتانی ئەفریکا و عەرەبی و دوورگەی هندی و چەند دەوڵەتێکی ئەمریکای لاتین دەگرێتە خۆی. 

لەلایەکی ترەوە ئەو پێی وایە دەوڵەتانی : (روسیا و هندوستان و یابان، ئەوانە دەوڵەتانی زلهێز نین ، بەڵکە هێزی هاوسەنگی ڕاگرتنن و دەشێت هەژموونی سێ زلهێزەکە  دوابخەن ، بەڵام ناتوانن بەتەواوەتی ڕێگەیان لێ بگرن .ل.٢٣) 

پاراگ خانا لەم کتێبەیدا زیاتر تیشك دەخاتە سەر  ئەو سێ زلهێزە نوێیەی جیهان. لەکاتی باسکردنی دەوڵەتانی جیهاندا، باسی چۆنێتی مامەڵەی ئەم سێ زلهێزە دەکات لە گەڵ ئەو دەوڵەتانە.  پاراگ خانا تەعرفێکی نوێی هێزی دەوڵەتان دەکات و دەڵێت : ( گرنگی هێزی سەربازی لە چاو جاراندا کەمبۆتەوە، ئەمڕۆ هێز بە بڕی بەرهەمی ئابووری، پشک لە بازاری جیهان، داهێنانی تەکنەلۆژی، سامانە سروشتیەکان، ژمارەی دانیشتوان ، هێزی ئیرادە نیشتمانی، قاڵبوونی دیبلۆماسی.ل ١٧) . پاشتر دانە بەهەقیقەتێکی نوێدا دەنێت و  دەڵێت : ( ئەمڕۆ هێزی ئابووری وای لێهاتووە لە هێزی سەربازی گرنگترە . ل ١٧)  

لەلایەکی ترەوە ئەو بەوپەڕی ڕاشکاوانە باس لە سیاسەتی ئەمرۆی جیهان دەکات و دەڵێت : ( لە ڕابردوودا دەوڵەتان داگیر دەکران ، کەچی ئێستا دەوڵەتەکان دەکڕدرێن.ل ٢٩) ئەمەش واقعێکی حاشا هەڵنەگری ئەمرۆی دەوڵەتە پاشکەوتووەکانی جیهانە. 

پاراگ خانا دەڵێت: ( نەتەوەکان وەک مرۆڤەکان، ئەقڵ و دڵ و گەدەیان هەیە و زۆرجار ڕێگەکە بە گەدەدا دەچێت بۆ ئەقڵ و دڵ. بەو پێیە دەولەت لە ڕێگەی دیبلۆماسی کاراوە دەچێتە پاڵ ئەو هێزەی شتێکی دەداتێ کە دەیەوێ. ئەمەش دەبێتە مایەی هەڵکشانی ئەو زلهێزە باشتر لە هێزەکانی تر ئەو کارە ئەنجامدەدات.ل ٣١)

چەند ڕاستییەک گرینگ/

خانا بەو پەڕی ڕاستگۆیانەوە باسی لە چەند ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگر کردووە. کەئەمەش لەلایەکی بوێری و لەلایەی تریشەوە هێزێکی باشی بەم نووسەرەو کتێبەکەی بەخشیوە.

چین زلهێزی نوێی جیهانە/

پێش چەند ساڵێک کتێبێکم بەناوی ” چین زلهێزی نوێی جیهان ” نووسی. لەپاش بڵاوکردنەوەی کتێبەکە ،  هەندێک نەفام  پێیان وابوو  ناوبردنی ” چین، وەک زلهێزێک” هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە ئەوان هێشتا تەنها ئەمریکایان بە تاکە زلهێزی جیهان دادەنا. هەرچەندە من ماوەی چەند ساڵێک خەریکی ئەم کتێبە بووم بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئەڵمانی، گەیشتبوومە ئەم قەناعەتە. لە ڕووی ئابووری و سیاسیەوە، خاڵە بەهێزەکانی ئەم دەوڵەتەم دەرخستبوو. پاراگ خانا بەوپەڕ ئازایەتییەوە باس لە دروستبوونی چین وەکو زلهزێكی نوێی جیهان دەکات. لەهەمانکاتیشدا، بەپەوڕی ووردییەوە چاودێری رەوشی ناوخۆیی و دەرەکی ئەم زلهێزە نوێیەی جیهانی کردووە. خانا پێمان دەڵێت، کە چین ئەمڕۆ  یەکێکە لەو دەوڵەتە گرینگانەی کە کاریگەری ئێجگار گەورەی بەسەر سیاسەت و ئابووری جیهانەوە هەیە. چۆن ئەم دەوڵەتە لە ئەفریکا و ئەمریکای لاتین و ئاسیا و تەنانەت ئوروپاش، بۆتە یاریزانێکی گەورەی گەمەی جیهانی.

نەمانی ئەمریکا وەک تاکە زلهێزی جیهان/

ساڵی ١٩٨٩ فۆکۆیاما لە کتێبی ” کۆتایی مێژوو” دا، جاڕی نەمانی یەکێتی سۆڤێتی داو، ئەمریکای بە تاکە زلهێزی جیهان داو، ئەزموونی ئەمریکیشی بە تاکە ئەزمونی سەرکەوتووی جیهان دانا . پاش دە ساڵی تریش ” برجنسکی” لە کتێبەکەیدا، باسی لەوە دەکرد، کە ئەمریکا ناهێڵێت چیتر زلهێزێکی نوێ لە جیهاندا پەیدابێت و تەنها وتەنها خۆیان زلهێزی جیهان دەبن. لێ پاش دەساڵی تر پاراگ خانا بەوپەڕی ئازاییانەوە پێمان دەڵێت ، چیتر ئەمریکا تاکە زلهێزی جیهان نییە.

ماوەی چەند ساڵێکە هەندێک لە ئەمریکییەکان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە چیتر ئەمریکا زلهێزی نوێی جیهان نییە. پاراگ خاناش بەوپەڕی راستگۆیانەوە دانی بەم ڕاستیە تاڵەدا ناوە. ئەو دەڵێت : (ئەمریکا هێزی خۆی لە دەستداوەو لە توانایدا نەماوە مەسەلەکان بخاتە سەر ڕێرەوی خۆیان. ل ٤٧١) ئەو زۆر بەوردی باسی خاڵە لاوەزکانی ئەمریکای کردووە، چۆن لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بەرەو لاوازبوون دەچێت . خانا دەڵێت : ( زیاتر لە ١٣٠ هەزار دەوڵەمەندی ئەمریکا ئەوەندە پەیدا دەکەن کە ٤٠% ی تەواوی دانشتوانی کە سێ سەد ملیۆنە پەیدای دەکەن… ژمارەی هەژارەکانی ئەمریکا دەگاتە ٤٠ ملیۆن کەس..  ٤٥ ملیۆن ئەمریک بیمە تەندروستیان نییە.  پێنچ یەکی منداڵی ئەمریکا لەناو هەژاریدا پەروەردە دەکرێن … ئەمریکا لە ڕووی زانست و خوێندن و تەکنەلۆژیدا ئاستی هاتۆتە خوارەوە، تێکڕای ئامادەنەبوون لە خوێندنی ئامادەیی لە ئەمریکا دەگاتە ٣٢%. ژمارەی پیاوانی باندەکانی تاوانکاری هێندەی ژمارەی تاکەکان پۆلیسە ” ٧٥٠ ” هەزار . ل ٤٦٧، ٤٦٦). 

ئەمڕۆ ئەمریکا هێندە لاوازبووە ، کە تەنانەت ئەو کەسانەش کە پێشتر بە شانوباڵی ئەم ئیمپراتۆریەدا گۆرانیان دەچڕی، ئەمرۆ مارشی مەرگی ئەم زلهێزە دەژەنن. 

پێشبینکردنی بەهاری عەرەبی/

پاراگ خانا لەم کتێبەیدا کە ساڵی ٢٠٠٧ نووسیویەتی ، پشبینی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی کردووەو دەسەڵات گرتنە دەستی ئیسلامییەکان کردووە بە تایبەتی لە ولاتی میسر. 

خانا دەڵێت: ( گشت هەلومەرجەکانی ڕوودانی شۆڕشی ئیسلامی لە میسری ئەمرۆدا هەن: نایەکسانی لە ساماندا ، قەیرانی دەستەبژێری، چەوساندنەوەی ئاین و نامۆبوونی سیاسی .ل ٢٩٢)

خانا پەرەسەندن ئیسلامی سیاس بۆ خراپی حوکرانی دەگەڕینێتەوەو دەڵێت : 

( لە جیهانی ئیسلامیدا کاتێک گەندەڵی سەر بەرەو خوار بێت ، بە ئیسلامبوون سەر بەرەو ژوور دەبێت ، حکومەت و ئابووریەکەی گەندەڵ جێ بۆ جیهاد خۆشدەکات تاکەکان بەلای خۆیدا ڕابکشێت، ل٤١٠)

 خانا پێی وایە ( عەرەبەکان لە بازنەی جیهانگیری ناکرێنە دەرەوە ، چونکە ئەوان روخساری پێ دەبەخشن ل ٢٥٧) 

 چەند سەرنجێکی خێرا/

دیارە ئەم کتێبە راستە لە زۆر ڕووەوە سەرکەوتنی باشی بە دەستهێناوە، لێ ئەمە مانای ئەوە نییە ، کە نووسەر بەتەواوەتی هەموو مەسەلەکانی بە باشی هەڵمژیووە. بەتایبەتی چەند پرسگەلێکی وەکو ڕۆلی ئوروپا و روسیا .

خانا لەبارەی یەکێتی ئوروپاوە، زۆر گەشبینانە بۆ ئەم مۆدێلە دەڕوانێت تەنانەت داواش دەکات کە ئەمریکا لاسایی ئوروپاییەکان بکاتەوە. 

پاراگ خانا پێ وایە: ( یەکێتی ئوروپا بەناوبانگترین و سەرکەوتووترین ئیمپراتۆریەتە لە مێژوودا، چونکە باڵا دەستی ناسەپێنێ ، بەڵکو دیسپلین جێگیر دەکات..،ل ٤٣ یەکێتی ئوروپا هێزێکی بێ وێنەی خاوەن دەسەلات و خۆشگوزەرانە. ل ١١٥) 

بەڵام هەر ساڵێک دوای نووسینی ئەم کتێبە واتە ساڵی ،٢٠٠٨ ئوروپا  خۆی لەبەردەم گەورەترین قەیرانی ئابووریدا بینییووە، کەنەک ئەم یەکێتیەی لاوازکرد، بەڵکە لە لێواری مەرگیشی نزیک کردەوە. ئەمرۆ یەکێتی ئوروپا نەبۆتە شوێنێك بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئاسودەگەیی، بەڵکە ئەمرۆ زۆربەی دانیشتوانی ئوروپا بە دەست ” بێکاری و هەژار” ەوە دەناڵێنن کە پێش یەکێتی ئوروپا و پیادەکردنی دراوی ” یۆرۆ” ڕەوشی ژیانیان زۆر باشتربوو تاوەکو ئێستا. 

هەرچەندە نووسەر بە ئەسڵ خەلكی کێشوەری هیندوستانەو، دەبوایە دووربێت لە تێروانینی راسیزمی ئوروپیانە بۆ جیهان. لێ نووسەر نەیتوانییوە خۆی لە تێروانینی راسیزمی ئوروپی رزگار بکات. بۆ نموونە کاتێک کە باسی جۆرجیا دەکات و دەڵێت : ( ژنەکانی لە قەراغی ڕێگەکان گەنمەشامی دەفرۆشن، منداڵەکانی لەو جۆگانەدا خۆیان دەشۆن کە خەریکە وشک دەبن ، سواڵکەرە بێدەرەتانەکانی لە پایتەخدا دێن و دەچن ، ئینجا بیهێنە بەر چاوی خۆت، هاوڵاتانی ئەو دەوڵەتە سپی پێستن .ل٩٨ ) واتە خانا  ئەم دیمەنانە   بە سیمای پیاوی سپی نابینێت ، بەڵكە ئەمە سیمای رەگەزەکانی تری مرۆڤایەتیە. نابێت سپی پێست هەژار و کەم درامەت بێت، بەڵكە ئەمە سیمای  رەش پێست و قاوەییەکانیە. 

دیارە لە زۆر شوێنی تری ئەم کتێبەدا دەستەواژەو تەعریفاتی راسیزمانە دەبینیت . ( پیاوانی بەلقان ، بە جەردەی ڕێگا دەچن ، کاتێک ئوتومبیەلەکانیان یان ماتۆرەکانیان دەخەنە کار کە دەشێت دزراوبن ل ٧٩ . هەموو ژنە سربییەکانیش  لەپاش نەمانی براکانیان کەلە جەنگدا کوژراون ، خەریکی لەشفرۆشین، ل ٧٧. ) ئەمە گشتگیریی و دەستەواژەیەکی راسیزمانەی نەفامانەیە کە هەموو پیاوان بەلقان بە دزو چەتە و کچ و ژنی سربیش بە لەشفرۆش  وەسف بکەیت. لەکاتێكدا نووسەر لەبیری چووە، کەئەوە ئەمریکاو ئوروپا بەتایبەتیش ئەلمانیا بوون ، لەبەر خاتری خۆیان ، بەلقانیان تووشی کارەسات و هەژاری کرد . خۆی پێشتر پێمان دەڵێت : (بە درێژای ساڵانی هەشتاکان، گشت کۆمارەکانی یۆگۆسلاڤیا لە ئیسپانیا دەوڵەمەندتربوون ل ٧٠ ) 

نووسەر بەمەش ناوەستێت و لەکاتی وەسفکردنی لوبنانییەکاندا دەڵێت : 

( لوبنانیەکان هەموو دوو ڕوویەکانی کۆمەڵگە عەرەبییەکان لە خۆگرتووە، خۆپەرستن ، پارەپەرستن، رەوشت سووکن ، بێ ئارامن بە فیزن . ل ٣١٤) 

ئەمە تەنها نووسەرێکی ئەمریکی دەوێرێت ئەم هەموو جنێوانە بە گەلێکی تر بدات.

 

کورد لەم کتێبەدا /

دیارە نووسەر لەگەشتەکەیدا بۆ جیهان ، بەناو کوردستاندا تێپەڕیوەو لە عێراقدا زۆر بەباشی باسی کورد دەکات، بەڵام لە تورکیا و ئێران و سوریا، زۆر بەکەمی باسی کورد و مافەکانی دەکات. لە تورکیا بە دێرێک باسی کورد دەکات و دەلێت ژمارەیان ١٠ بۆ ١٢ ملیۆن کەسە. لەهەمووشی قەباعەت تر دەڵێت : یەکێتی ئوروپا کوردەکان دەپارێزێت!” کەئەمش درۆیەکەی گەورەیە، ئەوە خەباتی گەلی کورد خۆیەتەی دەولەتی فاشیستی تورکی ناچارکردووە، کە واز لە سیاسەتە راسیزمەکانی بهێنێت نەک سیاسەتی یەکێتی ئوروپا. 

 هەرێمی کوردستان/

ئەم برادەرەمان بە حوکمی ئەوەی ماوەیەک لە عێراقدا پسپۆری سیاسی بووە ، پێدەچێت سەرکردە کوردەکانی بینیبێت و میوانداری باشیشیان کردبێت. ئەو لە کتێبەکەیدا باسی سلێمانی و هەولێر دەکات ، باسی پارکی ئازادی دەکات .

( لەهەر سوچێکی عێراقدا کڵێساکان وێران دەکرێن ، بەڵام لە کوردستاندا کڵێساکان بونیاتدەنرن . … لە هەولێر مۆڵێکی گەورەی نوێ هەیەو لە سلێمانیش پارکی ئازادی هەیە . کە رۆژێک لە ڕۆژان سەربازگەی سوپای عێراق بووەو ئیمرۆ بۆتە شوێنێک بۆ ئاخاوتن . سوچێک بۆ وتار خوێندنی گشتی لە شیوازی لەندەنی.ل٣٢٨ )

ئەو دەلێت: (  لە کوردستان دوو حیزب یان راستر بڵێین دوو بنەماڵە هەن . هەتاوەکو ئێستاش ئەم دوو حیزبە ، کوردستان دابەشدەکەن و حوکمڕانی دەکەن و مافیا ئاسا ، کارە بازرگانییەکان کۆنترۆل دەکەن .ل. ٣٢٨  )

خانا ، یەکێتی و پارتی بە حزبی دوو بنەماڵە وەسف دەکات، ئەمەش ئەو وەسفە سیاسییە کە میدیاکانی توروکی بۆ یەکێتی و پارتی بەکاریدەهێنن. لەهەمانکاتیشدا وەکو موعارەزەیەکی توندڕەو حوکمی یەکێتی و پارتی بە گرووپی مافیا دەشوبهێنێت. 

دەرئەنجام /

بەگشتی وەرگێڕانی ئەم جۆرە کتێبانە لە رووی زانستی و فکرییەوە ، دەوڵەمەندییەکی زۆر بە کتێبخانەی کوردی دەبەخشێت. ئەم کتێبە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە بواری سیاسەتی دەرەکی کار دەکەن ، سوودێکی ئێجگار گەورەی هەیە. لێ نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت، کە تێڕوانینی ئەمریکیانە بۆ جیهان ، زۆر زاڵە بەسەر ئەم نووسەرەدا. بەڵام لە زۆر شوێندا بەشێوەیەکی ئەکادیمیانە ، باسی کێشەکانی جیهانی ئەمرۆمان دەکات و خاڵی لاوازو بەهێزی دەوڵەتانی جیهان دەردەخات.

لێرەدا جگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک هەڵکەوت عەبدوڵللا بکەین، کە بەراستی کتێبێکی باشی وەرگێراوەتە کوردی. لەهەمانکاتیشدا زۆر بەباشی توانیویەتی ، بەسەر پرۆژەی وەرگێرانەکەدا زاڵبێت و خوێنەر تووشی هیچ کێشەیەکی زمانەوانی نەکات.

 

 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

سەرچاوە:

پاراگ خانا . جیهانی دووەم ، دەسەڵات و دەستڕۆیشتن لە سیستەمی نوێی جیهاندا” چاپی یەکەم ، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ، سلێمانی. ٢٠١٣ .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.