Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
نه‌وه‌ی‌ شاخ، ئازادیخوازی جاران‌و سه‌ركوتكه‌ری‌ ئێستا

نه‌وه‌ی‌ شاخ، ئازادیخوازی جاران‌و سه‌ركوتكه‌ری‌ ئێستا

Closed

 

 

 

 

هه‌رچه‌نده‌ ناكۆكی‌ نێوان نه‌وه‌كان له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كدا مێژووه‌كه‌ی‌ كۆنه‌‌و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ژیان‌و سه‌ره‌تای‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی‌ مرۆڤه‌وه‌ هاتۆته‌ كایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ‌ باسه‌كه‌ له‌ كوردستاندا بۆ مێژوویه‌كی‌ نزیك كورتكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێ‌ له‌ 50 ساڵی‌ رابردووی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردییه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین كه‌ تێیدا تێكڕای‌ جوڵه‌‌و ئاراسته‌ی‌ بیركردنه‌وه‌‌و هه‌وڵ‌و تێكۆشانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ له‌نێو بۆته‌ی‌ ململانێیه‌كی‌ راسته‌قینه‌دا كورتكرابووه‌وه‌ ئه‌ویش ململانێی‌ نێوان نه‌وه‌كان بووه‌، له‌راستیدا ئه‌م ململانێیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌روا به‌ ساده‌یی‌ به‌م ناوه‌ چه‌كه‌ره‌ی‌ نه‌كردبێت، ئه‌وا له‌ ناواخندا حه‌قیقه‌تی‌ بوونی‌ خۆی‌ سه‌لماندووه‌‌و فۆرمه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی‌ خۆی‌ نمایش كردووه‌، ئێمه‌ لێره‌دا ته‌نها ده‌توانین له‌سوچێكدا سوكه‌ به‌راوردێكی‌ حاڵه‌ته‌كه‌ بكه‌ین له‌نێوان شێوه‌ی‌ ململانێكه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ئێستا كه‌ به‌داخه‌وه‌ خه‌ریكه‌ ململانێكه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ تردا ده‌بردرێت‌و هاوكێشه‌یه‌كی‌ ناته‌ندروستی‌ لێوه‌به‌رهه‌مدێت.

هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌بوونی‌ ململانێی‌ له‌مشێوه‌یه‌ له‌نێو هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كدا بۆ ئاراسته‌ی‌ نوێ‌ سودی‌ ده‌بێت، واتا سودمه‌ندبوونه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ نه‌وه‌ی‌ كۆندا نابێ‌، له‌ كوردستانیشدا دۆخه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێدا شكایه‌وه‌ كه‌ ده‌شێ‌ له‌ئێستادا به‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ بڵێین نه‌وه‌ی‌ شاخ، نه‌وه‌یه‌كی‌ راپه‌ڕیو دژ به‌ سته‌م زۆرداریی‌، دژ به‌ ئه‌قڵی‌ كۆن‌و داگیركاریی‌.

ئێمه‌ له‌ كوردستاندا له‌به‌رده‌م قه‌یرانێكی‌ نوێی‌ نه‌وه‌كانداین، نه‌وه‌ی‌ راپه‌ڕیو كه‌ نه‌ هه‌ستده‌كات نه‌وه‌كانی‌ دوای‌ خۆی‌ هه‌ن نه‌ قه‌بوڵیشیه‌تی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و عه‌ڕشه‌ بێت كه‌ به‌ خوێن ده‌ستیكه‌وتووه‌!!، بێئاگا له‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌وه‌ی‌ پێش خۆیشی‌ هه‌ر به‌ خوێن‌و به‌ هه‌وڵی‌ تێكۆشه‌رانه‌ هاتبوونه‌ پێشه‌وه‌، واتا لێره‌دا ململانێكه‌ی‌ ئه‌وان له‌ ململانێی‌ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ ململانێ‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌، مانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ وه‌ك بڕیاربه‌ده‌ست، وه‌ك خاوه‌ن شكۆ. ئێستا ده‌بینین نه‌وه‌ی‌ كۆن (شاخ) كه‌ دژ به‌ نه‌وه‌ی‌ پێش خۆی‌ شۆڕشی‌ به‌رپاكردووه‌، هاتۆته‌ شار له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی‌ دوای‌ خۆیدا بێویژدانانه‌ ده‌جوڵێته‌وه‌،،واز ناهێنێت،، تا ناچارده‌كرێت به‌زه‌بر‌و زه‌نگ شاربه‌ده‌ر بكرێته‌وه‌‌…. ئه‌مه‌ خۆی‌ له‌خۆیدا راگه‌یاندنی‌ شه‌ڕێكی‌ سپییه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كاندا، شه‌ڕێك كه‌ دواجار به‌بێ‌ گومان ده‌بێته‌ شه‌ڕێكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خوێناوی‌ ئه‌گه‌ر ویست‌و ئیراده‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ به‌دینه‌كرێت بۆ ده‌ستبه‌ردابوون‌و وازهێنانی‌ نه‌وه‌ی‌ كۆن، چونكه‌ هه‌موولایه‌ك هه‌ستده‌كات نه‌وه‌ی‌ شاخ كه‌ ئێستا بۆته‌ نه‌وه‌ی‌ كۆن، نه‌وه‌یه‌كی‌ دڵڕه‌قه‌‌و‌ ده‌یه‌وێ حاكم‌و سه‌رده‌سته‌یه‌كی‌ جاویدان بێ‌و تێكڕای‌ نه‌وه‌كانی‌ تر تا ئه‌به‌د ملكه‌چی‌ ئه‌و بن..!!

لێره‌دا ده‌بێ‌ بڵێین سه‌رزه‌نشتكردنی‌ نه‌وه‌ی‌ شاخ به‌وه‌ی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رێگر‌و به‌ربه‌سته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ پێشكه‌وتنی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌،،،پێویستی‌ به‌ هه‌وڵی‌ ره‌نگاوڕه‌نگ هه‌یه‌،،، به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ بنه‌مایه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ هه‌یه‌ بۆ تێكڕای‌ بیر‌و بۆچون‌و ئاراسته‌ سیاسیی‌‌و فیكریی‌و كه‌لتوریی‌‌و ئایدۆلۆژییه‌كان،،ده‌شێ‌ پێمانوابێ‌ له‌گۆڕه‌پانی‌ ئه‌مڕۆی‌ سیاسیی‌‌و كه‌لتوری‌ كوردیدا تاكه‌ ململانێیه‌كه‌ بتوانێ‌ تێكڕای‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ بخاته‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌، بریتییه‌ له‌ ململانێ‌‌و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ شاخ، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئاماده‌ نییه‌ له‌ شاریشدا ده‌سبه‌رداری‌ ئه‌قڵی‌ شاخ بێت..!!

دیاره‌ ململانێكانی‌ نه‌وه‌ی‌ كۆن له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی‌ دوای‌ خۆیدا‌ ته‌واوی‌ جومگه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ته‌نیوه‌، له‌ خێزانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ دامه‌زراوه‌ حكومی‌‌و رێكخراوه‌ سیاسیی‌‌و كه‌لتوری‌‌و مه‌ده‌نییه‌كان، نماینده‌كانی‌ نه‌وه‌ی‌ شاخ سه‌رپه‌رشتیارانی‌ ئه‌م ئه‌قڵه‌ن رێگه‌یان‌ گرتووه‌ له‌بواردان به‌به‌رامبه‌ر، مانه‌وه‌ی‌ تا مردنیان كردۆته‌ رێباز‌و مه‌نتیق، مافیان پێدراوه‌ خۆیان خاوه‌نی‌ هه‌موو بستێكی‌ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ بن، خاوه‌ن سامان بێ‌ گوێدانه‌ دۆخی‌ ژیانی‌ ئه‌وانی‌ تر، شه‌رعیه‌تی‌ مان‌و نه‌مانی‌ خه‌ڵكیان‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌‌و چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتی‌ تر، كه‌ له‌ راستیدا ململانێكه‌یان گۆڕیوه‌ بۆ ململانێ‌ له‌سه‌ر سه‌روه‌ت‌و سامان، له‌سه‌ر پۆست‌و پله‌‌و پایه‌، له‌سه‌ر بردنه‌ پێشه‌وه‌ی‌ كوڕ‌وكچ‌و كه‌سوكاریان…!!!

ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ داخه‌ له‌ كوردستان كه‌متر بایه‌خ به‌لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م باسه‌ ده‌درێت، له‌كاتێكدا له‌ دنیادا پرسی‌ ململانێی‌ نه‌وه‌كان خزاوه‌ته‌ نێو تێكڕای‌ كایه‌كان، كاره‌ هونه‌رییه‌كان موزیك‌و شانۆ‌و شێوه‌كاری‌، نێو چاڵاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان، ته‌نانه‌ت له‌ نێو كاری‌ سیاسی‌‌و په‌ڕله‌مانیش…بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ لای‌ خۆمان به‌دیده‌دكرێت، ململانێیه‌كه‌ نه‌بۆته‌ به‌شێك له‌ كه‌لتور، هه‌روه‌ك نه‌كراوه‌ به‌ بابه‌تێكی‌ جیددی‌ توێژینه‌وه‌ی‌ ئه‌كادیمیی‌‌و زانستی‌ له‌باره‌وه‌ ئه‌نجامنه‌دراوه‌،،،،!!! راستییه‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ ئێستا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی‌ ناوه‌ ناوه‌ ئه‌نجامده‌درێن، كێشه‌كانی‌ نه‌وت‌و كه‌ركوك‌و حكومه‌ت‌و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌مڕۆكه‌ بوونه‌ته‌ كێشه‌ی‌ سیاسیی‌‌و كۆمه‌لایه‌تی‌،،،ته‌نها به‌ نه‌مانی‌ نه‌وه‌ی‌ كۆن یان نه‌وه‌ی‌ شاخ چاره‌سه‌رده‌كرێن‌و كۆتاییان پێدێت…واته‌ ئه‌سڵی‌ كێشه‌كه‌ ئه‌قڵی‌ شاخه‌، ئه‌و ئه‌قڵه‌ی‌ كه‌ ئاماده‌ نییه‌ به‌ كردار دان به‌ نه‌وه‌ی‌ نوێدا بنێت، ئه‌و ئه‌قڵه‌یه‌ كه‌ نایه‌وێ‌ هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ بمێنین‌و بژین.

 

 

جه‌مال پیره‌

Previous
Next