ڕه‌خنه له كتێبی (گوزارشتی خود)ی (سۆران ئازاد )
(گوزارشتكردن له خود یان فه‌رامۆشكردنی خود ؟)
كتێبی (گوزارشتی خود) , كۆمه‌ڵێك لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی , هزری و هونه‌ری (سۆران ئازاد)ی هاوڕێمه و له ساڵی (2012 )دا بڵاوكراوه‌ته‌وه .ئه‌و كتێبه, قسه‌كردنه له‌سه‌ر تێكست و شتی تر له ڕوانگه‌ی فیكر و تێڕوانینی فیكرییه‌وه . بۆ گه‌یشتن به نهێنییه فیكرییه‌كانی نێو تێكستی ئه‌ده‌بی , بوونی فیكر به ته‌نها به‌س نییه . فیكر توانای كه‌شف كردنی هه‌موو نهێنییه ( فیكری – ئه‌ده‌بی)یه‌كانی نییه ئه‌گه‌ر پشت ئه‌ستوور نه‌بێت به گه‌مه قووڵه‌كانی مانا و پێوانه‌كانی زمان و چێژێكیش كه خاڵی نییه له فیكر و زمان و سۆز و مانا و بێمانایی و هتد . ده‌شێ له‌نێوان( زمانی ده‌ق ) و ئه‌و زمانه‌ی قسه له‌سه‌ر زمانی ده‌ق ده‌كا ، جۆرێك له به‌ریه‌ككه‌وتنی زمانه‌وانی هه‌بێت له فه‌زا گه‌وره‌كه‌ی زماندا . دوا جار ئه‌و فه‌زا گه‌وره‌یه‌ی زمان له پاڵ فه‌زای مانا و جوانی و چه‌ند فه‌زای تردا ، ده‌بێته پاشكۆی شتێكی گرینگتر كه خودی ئه‌ده‌به . (عه‌قڵ) و كێشه هزرییه‌كان ئیشیان له‌سه‌ر كراوه له ( گوزارشتی خود)دا و په‌راوێزخستنیان پێوه دیار نییه . (سۆران) ده‌قه‌كانی سپی سپی نه‌خستۆته به‌رده‌می خوێنه‌ر و وایلێده‌كا له ڕێگای ده‌قه‌وه بیر لهشتگهلێك بكاته‌وه , تا ئێستا بیریانی لێنه‌كردۆته‌وه . پرسیاره هزرییه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن . سیسته‌مێكی فیكری دیاریكراو ئیشی له‌سه‌ر كراوه كه خوێنه‌ر به‌ره‌و شه‌قامی هه‌ڵگیرساندن ده‌با و هێزی گوزارشتكردن له خود له نێو ئه‌ویتردا له خوێنه‌ر ناسێنرێتهوه. لای( سۆران) بینین و دۆزینه‌وه‌ی خود له نێو ئه‌ویتردا (كه خوێنه‌ره) ، كرچ و كاڵ نییه و زاده‌ی گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ ئهویتریك له‌پشت خوێنه‌ر خۆی مه‌ڵاس داوه و به‌هۆی چه‌ند ده‌مامكێكه‌وه ڕۆڵی خوێنه‌ر ده‌بینێت . ( سۆران) بێ‌ئاگا نییه له‌وه‌ی كه ئه‌و كه‌سه‌ی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كا خوێنه‌ره و ئه‌و خه‌یاڵه‌ی بۆی ده‌نووسێ هی خوێنه‌ره و خه‌یاڵێكه كه له‌سه‌ر خوانی خه‌یاڵی خوێنه‌ر ناژی .
لهقالبگرتنی فیكر به مانای نزیكبوونه‌وه دێت له كۆتایی ئه‌و ڕێگایه‌ی ده‌مانگه‌یه‌نێته ونبوون ، ونبوون له مه‌مله‌كه‌تی نهفرهتلێكراوهكاندا . دیسانه‌وه ڕووتبوونه‌وه كه ئه‌مجاره ڕووتبوونه‌وه‌ی ده‌قه دروستده‌بێته‌وه . نامانه‌وێ ئه‌ده‌ب بخه‌ینه ژێر سایه‌ی فیكر و فه‌لسه‌فه‌وه , یان به پێچه‌وانه‌وه فیكر و فه‌لسه‌فه بخه‌ینه ژێر سێبه‌ری ئه‌ده‌به‌وه , ته‌نها گه‌ره‌كمانه ئه‌و سنووره ده‌ستكردانه تێكبشكێین كه له نێوان فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بدا هه‌ن . گه‌ره‌كمانه له ڕێگای تێكشكاندنی ئه‌و سنوورانه‌وه , فه‌زای ئه‌ده‌ب فراوانتر بكه‌ین و پرسیاره فهلسهفییهكانیش فه‌زای وه‌ڵامدانه‌وه‌یان كشاوتر بێت , چونكه ئه‌و كاته‌ی تێكستی ئه‌ده‌بی زۆرترین پرسیار له‌دوای خۆی جێدێڵێ , سه‌لماندنی سه‌ركه‌وتنی تێكسته‌كه ئاسان ده‌كه‌وێته‌وه , به‌شێك له پرسیاره‌كان هه‌ڵگری وهڵامهكانن له‌نێو خۆیاندا و به‌شێكی تریان دۆزه‌ره‌وه‌ی پرسیاری زیاتر و بنیاتنه‌ری وه‌ڵامی زیاترن . پرسیاره‌كان ده‌ست له ملی وه‌ڵامه‌كان ده‌كه‌ن له ئانی بوونی ناكۆكی فیكریدا , یانی كاتی ئاشتبوونه‌وه‌ی پرسیار و وه‌ڵامه‌كان په‌یوه‌سته به كێشه فیكرییه‌كانه‌وه , پرسیاركردنیش جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌یه , ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه سه‌لمێنه‌ری په‌یوه‌ندی نێوان فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بیاته . (سۆران) له پاڵ تێكسته‌كاندا , دیدی خۆی بۆ چه‌ندین چه‌مك و ده‌ربڕین خستۆته ڕوو , ئه‌وكاته‌شی نووسه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بۆچونی ئه‌وانیتر , گه‌ره‌كیه‌تی بۆچونه‌كانی خۆی به‌هێزتر بكا . واته گه‌ڕانه‌وه‌ی (سۆران) بۆ بۆچونه‌كانی (پلاتۆ) و (هیگل) و (نیتشه)و (شۆپنهاوه‌ر) و هتد , به مه‌به‌ستی چه‌سپاندنی بۆچونه‌كانی خود و خستنه ڕووی بۆچونی زیاتره , دوا جاریش مه‌به‌ست لێی له‌دایكبوونی (جوانی)یه .لێره‌دا قسه‌كردنمان له‌سه‌ر جوانی له ڕووی چه‌مكه‌وه نییه , بۆیه نامانه‌وێ له‌و باسه‌ماندا باسی ئه‌وه بكه‌یه‌ن ئه‌مه جوانه و ئه‌مه جوان نییه , قووڵبوونه‌وه ئامانجمانه . لای (كانت) جوانی چه‌مك نییه و پێوه‌ری جوانی كۆنسێپت نییه* . پێموایه گه‌ڕانه‌وه بۆ بۆچونی ئه‌وانیتر , وا ناكا له‌و كه‌سه بچین بۆی گه‌ڕاوینه‌ته‌وه , به‌ڵكه گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌ویتر , وا ده‌كا زیاتر له خۆمان بچین , ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌و فه‌زا زمانه‌وانییه‌وه تێیدا ده‌ژین و هه‌موومانی كۆكردۆته‌وه , به ئه‌ندازه‌یه‌ك , بۆچونه‌كانی ئه‌ویتر دابڕ نین له خود , دیدی خودیش , دابڕ نییه له دیدی ئه‌ویتر , ئه‌مه‌ش گوزارشته ڕاسته‌قینه‌كه‌یه له‌خود و فه‌رامۆشكردنی نییه . پێموایه ده‌كرێ ڕه‌خنه‌گران و لێكۆڵه‌ره‌وان دوای نووسینی هه‌ر بابه‌تێكی ڕه‌خنه‌یی یان شیكاری یان تیۆری و هتد , پرسیاری زۆر له‌دوای خۆیان بهجێبهێڵن و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ش بۆ خوێنه‌ر بهجێبهێڵن(وه‌ك ئه‌وه‌ی سۆران ده‌یكا ) . ئه‌و بۆچونه‌ی پێیوایه ئه‌وكه‌سه‌ی پرسیار ده‌وروژێنێ ده‌بێ هه‌ر خۆشی وه‌ڵامی بداته‌وه , بۆچونێكی چه‌وته , ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌ی پێویستی پرسیاركردن له‌كوێدایه ؟ مرۆڤ بۆ ئه‌وه پرسیار ده‌كا , تا وه‌ڵامی له ئه‌وانیتره‌وه ده‌ستبكه‌وێ , ئه‌گینا پرسیاركردن له خود , جۆرێكه له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێشوه‌خته , جگه له فۆڕمێكی دیاریكراوی پرسیاركردن له خود كه ده‌كرێ به (فۆڕمی هاملێتی) ناوزه‌دی بكه‌ین . هه‌ست و عه‌قڵ له‌ژێر تیشكی پرسیاردا هه‌ست به جۆرێك له گوزارشتكردنی خودی ده‌كه‌ن . هه‌ست و عه‌قڵ خودی خۆیان شوێنێكن بۆ پرسیاركردن ، ئه‌وكاته‌شی ده‌كه‌ونه ژێر گوشاری پرسیاره‌كانه‌وه ، مانای وایه ئێمه پرسیار له‌باره‌ی خودی پرسیاره‌وه ده‌كه‌ین ، یان به تهفسیرێكی تر : پرسیار له سه‌رچاوه‌ی پرسیاره‌كان كه هه‌ست و عه‌قڵن ، ده‌كه‌ین ، وه‌لێ ئایه پرسیار له‌ژێر تیشكی پرسیاری تردا ئه‌گه‌ری هه‌یه وه‌ڵامێكی دروستمان پێ‌بدا ؟ ( سۆران) پرسیارگه‌لێك ده‌خوڵقێنێ ، كه سه‌رچاوه‌كه‌یان پرسیاری تره ، پرسیاركردن له پرسیاره‌كانی ئه‌ویتر ، پرسیار كردن له پرسیاره‌كانی خودی پرسیاركه‌ر ، دوا جار پرسیاركردن له پرسیار و وه‌ڵامه‌كان به‌گشتی . پرسیاری بێ‌مانا ئه‌و پرسیاره‌یه كه له ده‌ره‌نجامی نه‌بوونی ئه‌زموونه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دا ، پرسیاركردن له كوفر(disbelief) به‌بێ بوونی ئه‌زموون له‌گه‌ڵ ئیمان ، پرسیاركردن له ئه‌ده‌ب به‌بێ بوونی ئه‌زموون له‌گه‌ڵ ئهدیبانێكی وه‌كو (ساراماگۆ و كازانتزاكیس و كافكا و پامۆك و ….هتد)، پرسیاركردن له سیاسه‌ت به‌بێ بوونی رۆشنبیری سیاسی ، ئه‌گینا له جه‌وهه‌ردا هونه‌ری پرسیاركردن هونه‌رێكه ئه‌ركی كه‌شفكردن و خوێندنه‌وه و ده‌رخستنی رووی راسته‌قینه‌ی شته‌كانه . (رۆلان بارت) له كتێبی (ئه‌فسانه‌ناسیدا – fable logy) ره‌خنه له ره‌خنه‌گره‌كان ده‌گرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێیانوایه ده‌قێك كه ئه‌وان تێی نه‌گه‌ن خوێنه‌ریش تێی ناگا . گرژی ره‌خنه‌گره كۆنه‌كان گه‌یشته ئاستێك كه ده‌قه‌كانی (بارت) به بێ به‌ها و سه‌لیقه له قه‌ڵه‌م بده‌ن ، دواجار (بارت ) وه‌ڵامی به‌شێك له ره‌خنه‌گره كۆنه‌كانی دایه‌وه له كتێبی (ره‌خنه و حه‌قیقه‌ت ) . گرنگه ره‌خنه‌گره‌كان گوێ به بۆچونی جیاواز بده‌ن و كار بۆ به‌ته‌خته‌بوون و بهبهفربوونی عه‌قڵ نه‌كه‌ن . (ئه‌دۆنیس) له‌مه‌ڕ عه‌قڵی جیاوازی (detached) عه‌ره‌به‌وه ده‌ڵێ : له قورئاندا خودا ((God گوێ بۆ یه‌كه‌مین دوژمنی خۆی كه شه‌یتانه ده‌گرێ. (كریتیك) لای (شێكسپیر ) به واتای تێپه‌ڕاندنی سنووره ئهخلاقییهكانه . ئه‌خلاق تهفسیرێكی تایبه‌تی هه‌یه لای (شێكسپیر) كه له ده‌قه‌كانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه . (هاملێت) و (ماكبێس) گوزارشت له فۆڕمێك له ئه‌خلاق ده‌كه‌ن به جیاوازییه‌كانی نێوانیانه‌وه . وه‌كو پێویستییه‌ك و ئه‌لته‌رناتیڤێك بۆ ستایشكردن، ڕه‌خنه‌م گرتووه . ئه‌و میتۆده ره‌خنه‌ییه‌ی ئیشم له‌سه‌ر كردووه ، رێزگرتنه له ماندووبوونی ئه‌دیبات و خه‌یاڵدانێك ئه‌ده‌ب و نووسین به‌رهه‌م ده‌هێنێ (به خه‌یاڵدانی سۆرانیشه‌وه ) . له بازنه گشتییه‌كه‌ی فیكردا كه په‌یوه‌ندی به بازنه‌ی تریشه‌وه هه‌یه ، ره‌خنه‌م له ده‌ق و له ڕه‌خنه خۆشی گرتووه . .خود (سۆران) ده‌یه‌وێ بگاته شتێك و بۆ گه‌یشتن به‌و شته‌ش , ڕووبه‌ڕووی ئه‌وانیتر ده‌بێته‌وه , وه‌ك چۆن قاره‌مانێكی ڕۆمانی (بێكێت) هه‌وڵ ده‌دا بگاته شتێك و ڕووبه‌ڕووی زۆر شت ده‌بێته‌وه , ئه‌و قاره‌مانه خاوه‌نی دونیای ناوه‌كی خۆیه‌تی . تێكسته‌كانی (سۆران ئازاد) به‌هێزن , به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه هه‌ڵده‌گرن و بابه‌تی (فره دیدی) به‌شێكه له تێكسته‌كان , به‌و واتایه‌ی (سۆران) به چاوێكی خودییه‌وه كه چاوی فیكر و وشهكانیهتی , قسه له‌سه‌ر تێكسته‌كان ده‌كا . ڕه‌خنه مانای ڕه‌تكردنه‌وه نییه ، به‌ڵكو كارلێكه له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌زایه‌ی له چركه‌یه‌ك له چركه‌كاندا ئه‌و سڕبووانه‌ی له‌سه‌ر بێمانایی سڕبوون ده‌ته‌قێنێته‌وه ، ئه‌وانه په‌راوێز ده‌خا كه شتێكن به ته‌نها و ده‌یانه‌وێ ببنه كۆی شته‌كان . ئه‌وه‌ی مرۆڤ له ئاژه‌ڵ جیاده‌كاته‌وه ، تێگه‌یشتنی زیاتره . نزیككردنه‌وه‌ی مرۆڤ به‌هۆی ڕه‌خنه‌وه له ئه‌فسانه و سه‌ندنه‌وه‌ی ڕۆح لێی و بڕیاردانی پێشوه‌خته له‌سه‌ر مرۆڤ ، توشی تێنه‌گه‌یشتمان ده‌كا له‌و مرۆڤه‌ی كه ئه‌وه‌ی جیایده‌كاته‌وه خودی تێگه‌یشتنه ،مرۆڤێك (رۆح + جه‌سته)یه . تێگه‌یشتن له ڕێگای ڕه‌خنه‌وه له بۆشایدا دروست نابێت ، تێبینیكردن و سه‌ره‌نجدان له قۆناغێكدا ده‌گۆڕێن بۆ بیركردنه‌وه و بیركردنه‌وه‌ش تێگه‌یشتن به‌دوای خۆیدا ڕاده‌كێشێ ، یان ڕاستر بڵێین : تێگه‌یشتن له هه‌ناوی بیركردنه‌وه‌دا خۆی مه‌ڵاس داوه . تێگه‌یشتن كاردانه‌وه به‌دوای خۆیدا ده‌هێنی ، تێگه‌یشتن له‌و كاردانه‌وه‌ی تێگه‌یشتن به‌رهه‌می هێناوه نایه‌ته كایه‌وه , تا له‌و سیاقه ته‌قلیدییه‌ی هه‌یه ده‌رنه‌چین و بڕیاره‌كانمان باكگراوندێكی فیكری و مه‌عریفی له خۆ نه‌گرن .(زۆرجار تێگه‌یشتن به‌رهه‌می ڕه‌تكردنه‌وه‌یه ) . ڕه‌خنه‌ی پۆست مۆدێرن پێچه‌وانه بوو له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ی كلاسیك . له ره‌خنه‌ی كلاسیك‌دا چه‌مكی ڕووخسار و ناوهڕۆك وه‌كو لێكدهرهوهیهك بۆ تێكستی شیعری به‌كارده‌هاتن ، دیدی شیعری مۆدێرن جیایه له دیدی شیعری پۆست مۆدێرن ، زمانی شیعری نێو تێكستی شیعری پۆست مۆدێرن ، له پشت ئه‌و جیاوازییانهوهیه . شیعرگه‌رایی پۆست مۆدێرن نیهلیستی و دژهخوده . شیعری پۆست مۆدێرن بانگه‌شه‌ی ئایدۆلۆژیا ناكا و له پڕۆتێستی به‌رده‌وامیش دایه دژ به شیعرگه‌رایی مۆڕاڵی و سیاسی مۆدێرنیتی . جێناوی سه‌ربه‌خۆی كه‌سی یه‌كه‌می تاك له‌و جۆره تێكستانه‌دا ، به‌رده‌وام هه‌ست و عه‌قڵ ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه . چاوه خودییه‌كانی (سۆران) , جیاوازن له چاوه خودییه‌كانی من , ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری دوو خاڵه , یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه ئه‌و تێكستانه‌ی (سۆران) قسه‌یانی له‌باره‌وه كردووه , فره ئاڕاسته‌ن و فیكری كه‌سی قسه‌كه‌ریش(كه‌سی نووسه‌ر) فیكرێكی چه‌ند ئاڕاسته‌یه , فیكرێك بۆ (سۆران) خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه .چه‌ند ئاڕاسته‌یی به مانای په‌رت و بڵاوی نایه‌ت , به‌ڵكو واتای ڕوانگه‌ی جیاواز و تێڕوانینی جیاواز ده‌گه‌یه‌نێ . ئه‌و كتێبه‌ی (سۆران) رووبه‌ڕووی سیاقێكی ناته‌قلیدی و فه‌زایه‌كی كراوه‌ی شیعری و هه‌ناسه‌یه‌كی درێژی بڕیاردانمان ده‌كاته‌وه ، چونكه ئیش له‌سه‌ر عاتیفه نه‌كراوه ، ئیشكردن له‌سه‌ر عاتیفه, له جه‌وهه‌ردا دووركه‌وتنه‌وه‌یه : (مه‌به‌ست له عاتیفه‌یه‌كی خاڵییه له عه‌قڵانیه‌ت ،چونكه به‌گشتی پێموایه عاتیفه به‌شێكی دانه‌بڕاوه له عه‌قڵ و به‌شێكه له عه‌قڵ ) . ئه‌و كتێبه‌ی (سۆران) دانانی خاڵێكه له كۆتایی ئه‌و رسته‌یه‌ی كه ده‌كرێ له وشه‌یه‌كدا كورتی بكه‌ینه‌وه ، ئه‌ویش وشه‌ی( دانپیانانه) . زۆر جار مرۆڤه‌كان له جیاتی داننان به حه‌قیقه‌ته‌كان ، هه‌وڵیان داوه لێی هه‌ڵبێن . سیسته‌می كلتوری و میزاج و مۆتیڤهكان و كلتوره سوننه‌تییه‌كان و شێوازه كلاسیكییه‌كان و لێدانه‌وه‌ی قه‌وانه كۆنه‌كان ، كێشه‌ن له به‌رده‌م نیشاندانی رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌و كائینه‌ی ناومان ناوه واقیع .بۆی هه‌یه مرۆڤێك كه خاوه‌نی تێڕوانینی جوانه و تێگه‌یشتنی دروستی بۆ زۆر شت هه‌یه ، له له‌حزه‌یه‌كدا ئایدیاكانی یه‌كسان بكا به ئستووره ،چونكه هێزی دانپیانانی لاواز و كزه .له مه‌جالی فیكردا (كارل مانهایم) سۆسیۆلۆگی مه‌عریفه ،ئه‌و هێزه‌ی به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی تیا‌بوو و به به‌رده‌وامی قه‌ناعه‌ته‌كانی گۆڕیون و به چه‌قبه‌ستوویی نهیهێشتوونهتهوه .(مانهایم) له سه‌ره‌تادا وه‌كو سۆسیۆلۆگێكی ماركسیست ده‌ستی پێكرد ، به‌ڵام دواتر له (ماكس فیبه‌ر) و مێژووگه‌رایی ئه‌ڵمانی نزیك ده‌بێته‌وه له‌سه‌ر ئاستی میتۆدۆلۆژیا . دواتر به‌ره‌و رێژه‌گه‌رایی مێژوویی ده‌چێ و هه‌وڵی به‌رده‌وامیشی ده‌بێ بۆ تێپه‌ڕاندنی .هه‌ر ئه‌و هێزه وای له ( ئه‌ریك فڕۆم) كردووه سه‌ره‌ڕای كاریگه‌ری( فرۆید) له‌سه‌ری ، له زۆر بوار له بواره‌كان بۆچوونی جیاواز و تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێ، به تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌ی مرۆڤی فرۆیدی ، چونكه (فرۆید) سێكسی (sex)به هۆكاری به‌یه‌كگه‌یشتنی ژن(woman) و مێرد (husband) داده‌نا . رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دووباره‌كان (وه‌ك ئه‌وه‌ی سۆران ده‌یكا) , رێگایه‌كه ده‌مانگه‌یه‌نێته ره‌خنه و رقه‌به‌ری ئه‌وانی تر . وشه‌ی (ره‌خنه) و (رقه‌به‌ری)م به یه‌كه‌وه به‌سته‌وه ، زۆرجار ره‌خنه له چوارچێوه‌كه‌ی ده‌ترازێ و ده‌بێته ئه‌و ده‌لاقه‌یه‌ی ره‌خنه‌گر غه‌در له تێكسته‌كه ده‌كا و به‌ناوی ره‌خنه‌وه په‌ل ده‌هاوێژێته نێو كایه مه‌عریفی و ئه‌خلاقییه‌كان به شێوه‌یه‌كی تراژیدی ، ئه‌م تڕاژیدیبوونهی ره‌خنه به‌شێك له كۆمیدیای بیركردنه‌وه به‌دوا خۆی ده‌هێنێ و ده‌كه‌وێته نێو قالبێكی وشكی زانستی ده‌ستكرد و رووته‌ڵه‌ی بابهتگهرێتی .(فریدریك نیتشه 1844-1900) (friedrich netzche) وه‌كو پێشه‌نگی ئایدۆلۆژیایه‌ك و مامۆستای زمان‌زان له زانكۆی (بال) له سویسرا ، به‌هۆی بۆچوونه رادیكاڵه‌كانی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ میتافیزیكی باوی سه‌رده‌مه‌كی نه‌یاری زۆری بۆ په‌یدا بوو ، به‌ناوی ره‌خنه‌وه هه‌وڵی به‌دۆگما كردنی بیرۆكه‌كانیان ده‌دا ، ئه‌گه‌رچی (نیتشه) ره‌تكه‌ره‌وه‌ی میتافیزیك نییه ، (ویستی هێز) لای ئه‌و پرهنسیپاڵێكی میتافیزیكی و جه‌وهه‌ری شته‌كانه سه‌ره‌ڕای مردنی خودا . جۆرێكی تر له ره‌خنه هه‌یه كه به‌رهه‌می ئه‌زموونكردن و ژیانكردنه له‌نێو حهدهسهكان . (سۆران) هه‌وڵده‌دا واقیع جیاواز ببینێ . ده‌كرێ ئه‌و بۆچوونه (ژیژه‌ك)ییه دروست بێت كه پێیوایه وانه‌ی یه‌كه‌می مه‌جازیبوونه‌وه , وانه‌یه‌كی (هیگل)ییه .واقیع كه‌لێنێكی تیایه و فانتازیاش پڕكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌یه , مهجازیبوونهوهش له‌وێوه ده‌نگۆی په‌یدابوونی دێته پێشه‌وه , كه حه‌قیقی كه‌لێنێك دروست ده‌كا له جه‌سته‌ی واقیع و هاوكاتیش مه‌جازیبوونه‌وه پڕكه‌ره‌وه‌ی كهلێنهكهیه (ئه‌مه‌ش دیده ژیژهكییهكهیه ) . پێموایه واقیعی ڕاسته‌قینه یه‌كێك نییه له واقیعه مه‌جازییه زۆر جوانه‌كان , ئه‌و دوو بۆچونه‌شی (ژیژه‌ك) زۆر به‌ساده‌یی و به بێ هێنانه‌وه‌ی ئه‌رگۆمێنتی پێویست ڕه‌تیانده‌كاته‌وه , شیاوی وه‌ها ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كی ساده نین . بۆچونی یه‌كه‌م پێیوایه كۆی واقیع له ده‌ره‌وه‌ی جیهانی مه‌جازییه و هی دووه‌میش واقیعی ده‌ره‌كی ڕه‌تده‌كاته‌وه و ژیانی واقیعیش په‌نجه‌ره‌یه‌كی داخراوه .ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ لێكۆڵه‌ره‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ت نییه به‌و جۆره‌ی خۆی ده‌یبینێ ، به‌ڵكو بینینی بابه‌ته‌كه‌یه به‌و جۆره‌ی هه‌یه ، ئه‌و كرداره‌ش كامڵ نابێت تا به چاوی وشه‌ی نێو ده‌قه‌كان ، سه‌یری ده‌قه‌كان خۆیان نه‌كه‌ین . ئه‌وه‌ی ده‌بێته سه‌نته‌ر , وشه‌گه‌لی نێو تێكسته . دوا جار یه‌كگرتنی وشه‌كان رسته‌گه‌لی لێده‌كه‌وێته‌وه :(هه‌ڵبه‌ت مامه‌ڵه‌ی لێكۆڵه‌ره‌وه لهگهڵَ وشه و رسته ، دوو مامه‌ڵه‌ی جیاوازه ) , ده‌ره‌نجامی یه‌كگرتنی رسته‌كان، هاتنه كایه‌ی تێكسته به ژانره جیاوازه‌كانیه‌وه ، هه‌موو تێكستێك رووبه‌ڕووی چه‌ند رێگایه‌كی بێ كۆتایی ده‌بێته‌وه ، له دیارترینی ئه‌و رێگایانه‌ش , لێكۆڵینه‌وه‌یه وه‌كو رێگایه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناخ و دڵی ده‌ق : (لێره‌دا لێكۆڵینه‌وه‌مان به رێگا چوواند ، ئه‌گینا خودی لێكۆڵینه‌وه‌ش تێكسته) . ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی (سۆران ئازاد) (گوزارشتی خود)ه , وه‌لێ پێموایه ئه‌و ناونیشانه نه‌یتوانیوه گوزارشتێكی ته‌واو بێت له ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه . (گوزارشته‌كانی خود) ناونیشانێكی دروسته بۆ كتێبه‌كه , چونكه (سۆران) له كتێبه‌كه‌دا خاوه‌نی تاقه گوزارشتێك نییه و خاوه‌نی گوزارشتی جیاوازه , ئه‌سڵه‌ن خودی كتێبه‌كه ئامانج لێی (گوزارشتكردنێكی جیاوازه) , ته‌نانه‌ت جیاوازی له‌نێوان بۆچونی نێو لێكۆڵینه‌وه جیاوازه‌كانی ئه‌و كتێبه , واته ده‌كرێ بۆچونه‌كانی نووسه‌ر له ئانی نووسرانی تێكسته‌كاندا بۆ ئێستا گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتبێت :((ته‌نانه‌ت جیاوازیبوون له ئاست تێڕوانینی پێشووتر له ژیانی بیركردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی داهێنه‌رانی جیهانه , له‌وانه هیگڵ , نیتشه , ماركس , هایدیگه‌ر , فۆكۆ و زۆرانی دیكه )) ل :22 . ده‌شێ ڕه‌خنه‌گر بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و كتێبه‌ی (سۆران) , قسه له‌سه‌ر ئه‌و چه‌ند ئاڕاسته‌یه بكا :
1- قسه‌كردن له‌سه‌ر (قسه‌كردن له‌سه‌ر شیعر)
قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و تێكسته شیعرییانه‌ی (سۆران) قسه‌یان له‌سه‌ر دهكاو قسه‌كردنیش له‌سه‌ر قسه‌كردنی (سۆران) له‌سه‌ر ئه‌و قه‌سیدانه .
2- قسه‌كردن له‌سه‌ر (قسه‌كردن له‌سه‌ر چیرۆك و ڕۆمان )
قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و چیرۆك و ڕۆمانانه‌ی (سۆران) قسه‌یانی له‌سه‌ر دهكاو قسه‌كردنیش له‌سه‌ر قسه‌كردنی (سۆران) له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قانه .
3- قسه‌كردن له‌سه‌ر (قسه‌كردن له‌سه‌ر كاری هونه‌ری )
قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و كاره هونه‌رییانه‌ی (سۆران) قسه‌یانی له‌سه‌ر دهكاو قسه‌كردنیش له‌سه‌ر قسه‌كردنی (سۆران) له‌سه‌ر ئه‌و كارانه و هتد .
4- قسه‌كردن له‌سه‌ر (قسه‌كردن له‌سه‌ر فیكر )
* بگه‌ڕێوه بۆ : Sognavo l Africa / Kuki Gallman / Intraduzione di: Roberta Rembelli / Milano/1998
سه‌رچاوه‌كان :
1- گوزارشتی خود , سۆران ئازاد , چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی , هزری و هونه‌رییه , 2012 …
2- چێژوه‌رگرتن له سه‌فه‌ری فیكر بۆ سه‌ره‌تای شیعر ,لێكۆڵینه‌وه , بڵند باجه‌لان , گۆڤاری ڕامان , 2013 , هه‌ولێر
3- حقیقت و زیبایی , درسهای فلسفه هنر , بابك احمدی , چاپ پنجم , 1380 , نشر مركز
4- د. غنیمی هلال ، النقد اڵادبی الحدیپ ، مكتبه الانجلو المصریه ، 1971
سه‌ره‌نج : بۆ ئه‌م باسه‌م , سوودم له باسه‌كانی پێشووترم وه‌رگرتووه , پێموایه ئه‌و نووسه‌ره‌ی نه‌توانێ خۆی دووباره بكاته‌وه , ناشتوانێ به‌رده‌وامی به خۆی بدا .
– ئه‌م بابه‌ته به دوو به‌ش له رۆژنامه‌ی ((هاولاتی)) بڵاوكراوه‌ته‌وه …