Skip to Content

Sunday, June 23rd, 2024
چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆماننووسی ناسراوی ئەڵمانی فێردیناند ڤۆن شیراخ

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆماننووسی ناسراوی ئەڵمانی فێردیناند ڤۆن شیراخ

Closed

 

 

 

 

فێردیناند ڤۆن شیراخ : بە بڕوای من ژیان بریتییە لەوەی کە تۆ لەناخی خۆتدا هەمووکاتێک هەست بەوە بکەیت کە  تاوانت کردووە.

 

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ: ئایا بەڕاستی قاوەی ناو هۆڵەکانی دادگا، وەکو ئەوەی کەلە ڕۆمانەکەتدا باستکردووە، هێندە تامی ناخۆشە؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ: تامێکی زۆر ناخۆشی هەیە، لەهەموو دادگاکاندا، قاوەکەیان جێژی قاوە نادات، پێدەچێت ئەمەش بووبوێتە عادەتێک ، دەنا من هیچ وەڵامێکی ترم بۆ ئەمە نییە.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ: ئەمڕۆ لە یەکەمین ڕۆمانتدا، („Der Fall Collini تاوانەکەی کۆلینی ) باس لە یاسایەک یان ” حەسانەیەک”  دەکەیت، کە ئەفسەرەکانی ڕژێمی نازی بەتایبەتی ” ئێس ئس، دەزگا ئەمنی نازی ” لە دادگایکردن دەپارێزێت، ئەم جۆرە یاساییە چۆن دانرا؟.

فێردیناند ڤۆن شیراخ: لەپاش کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان، نیقاشێکی گەورە دروستبوو لەبارەی ئەوەی ، کە چۆن لەگەڵ تاوانەکانی ڕژێمی نازیدا مامەڵە بکرێت. لە کۆتایی ساڵی ١٩٥٦ دا هەموو تاوانەکانی ئەو قۆناغە ” مەبەست لە سەردەمی نازیەکانە”  جگە لە کوشتن ، لەڕووی یاساییەوە ڕاگیرا. لە  ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٠ دا،لێکۆڵینەوە لە بارەی  تاوانی کوشتنیشەوە،  ڕاگیرا. داواکاری گشتی دەبوایە ، تەنها  بە دوای بەڵگەی دروستی یاساییەوە بگەڕایە، ئینجا دەیتوانی لێکۆڵینەوە بکات. لە ساڵی ١٩٦٩ دا، ئەمەشیان کۆتایی پێهێناو، بۆ کەس نەبوو بە دوای ئەو تاوانانەدا بگەڕێت. بەڵام پرۆسەی دادگاییکردنی ” ئایشمان” لەسەر تاوانەکانی ئورودگای کوشتنی ئاوسشڤایتس جولەکەکان، هەروەها پاشانیش لەڕێگای زنجیرە درامایەکی ئەمریکییەوە بەناوی ” هۆلۆکۆس” کەلە ساڵی ١٩٧٨ دا لە تیڤییەکان پەخش دەکرا، توانی نیقاشێکی گەورە لەبارەی تاوانبارانی ڕژێمی نازی دروستبکات. لێرەوە خەڵكی توانی ئاگاداری ئەو ناهەقیانە بێت کەلەو سەردەمەدا کراوەو هۆشیاربێتەوە. 

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ: ئایا ئەم هۆشیاربوونەوەیە توانی چی بکات؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ: لە ساڵی ١٩٦٨ دا، پەرلەمانی ئەڵمانی ، یاسایەکی دەرکرد، کەهەموو لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی  لەبارەی تاوانێکی کوشتن، لە سەردەمی نازیدا، ڕابگیرێت. بەڵام پاش ئەم یاساییەوە، ئینجا کارەساتی گەورە ڕوویدا.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ: ئەو کاتە چی ڕوویدا؟

 فێردیناند ڤۆن شیراخ: پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بزانین ، بەپێی ئەم یاسایە، هەموو سەربازەکانی سوپای نازی ئەڵمانی، لەڕووی یاسایییەوە وەکو ” هاوکاریکاری تاوان” دانران. تاکە تاوانباری سەرەکی تەنها هیتلەر و هیملەرە و چەند ناوێکی ترن، ئەوانی تر تەنها هاوکاریکار بوون. ئەم مافە یاساییە ڕۆڵێكی زۆر ترسناکی بینی ، بەتایبەتی لەکاتی پرۆسەی دادگاییکردنەکانی ساڵانی پەنچاو شەستەکانی سەدەی پێشوودا. ئەو تاوانبارانەی کە سەدان کەسیان کووشتووە، سزای زۆر سوکیاندان، کە دەتوانین بە سزای گاڵتەجاری ناوبنێین. دەتوانم بە ڕوونتر پێتان بڵێم: بۆ کوشتنی هەر کەسێک، تەنها سزای دە دەقیقەیان بەسەر تاوانبارەکاندا داوە. بەڵام هێشتا یاسای ڕاگرتنی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی رژێمی نازی ، هێندە ڕۆڵی نەبوو. بۆ پیاوکوژەکان و هاوکاریکارەکانیان، هەمان یاسایان پێڕەوکرد. 

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ: ئایا رۆمانەکەی ئێوەش ، لەسەر بنەمای ئەم یاساییە نووسیوتانە؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ: بەڵێ ڕاستە، لە ساڵی ١٩٦٨دا پەرلەمانی ئەڵمانی یاساییەکی دەرکرد، هێندە خراپ بوو کە ناتوانین بە چ شێوەیەک باسی لێوەبکەین. ئەو یاسایانەی کەبە EGOWiG, ” یاساکانی ڕێکخستنەوە  بۆ پێشێلکارییە یاساییەکان.” کۆمەڵێك نووسراوی ناگرینگ، کە کەس نەیدەزانی چۆنە. لەوکاتەدا هیچ کەسێک گرینگی و بایەخی بەم یاسایانە نەدا، تەنانەت لەناو پەرلەمانیشدا  نیقاشی لەبارەوە نەکراوە. ئەو یاسایانە بریتیی بوون لە چەند لاپەڕەیەک ، کەوا دەردەکەوتن هیچ گرینگیەکی وایان نەبێت. بەڵام ئەم چەند لاپەڕەیە توانی گۆڕانکاری زۆر گەورە بکات. ئەویش بەم شێوەیە بوو: گەر ئەو کەسانەی کەبە هاوکاریکردنی تاوانی نازییەکان ، تۆمەتبار بکرێت، دەبێت کەسی موشتەکی  بەڵگەی تەواوبخاتە ڕوو، گەر نا ، ئەوا ئەو تاوانە بۆ ماوەی پانزە ساڵی تر ڕادەگیرێت. بەم شێوەیەش لەڕوو یاساییەوە، هەموو تاوانەکانی بەرپرسە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژێمی نازی ، لە ٨ ی مای ساڵی ١٩٦٠ دا، بەتەواوەتی ڕاگیرا. هەزاران دۆسیەی تاوانی نازییەکان ، بەپێی ئەم یاساییە ڕاگیران.

 

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  تاوانباران بە بێ سزادان دەمێننەوە، ئایا بە بڕوای ئێوە کێ بەرپرسە لەم حاڵەتە.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ: ئەم یاسایانە لەلایەن ” Eduard Dreher ئێدوارد درێهەر’ ” نووسراوە، کە پێشتر  داواکاری گشتی بووە لە دادگای تایبەتی ڕژێمی نازی.” لە زمانی ئەڵمانیدا، بە قۆناغی  فەرمانڕەوایی نازییەکان دەگوترێت، ئیمپراتۆریەتی سێهەم ،،و.ک “. لەوکاتەدا وەکو داواکارێکی گشتی دڵڕەق ناوی دەرکردبوو. بەڵام لەپاش جەنگی دووەمی جیهانی و دروستبوومی کۆماری فیدڕاڵی ئەڵمانی، ئەم پیاوە هەتاوەکو کۆتایی ژیانی ، وەکو کارمەندێکی گەورەو بەڕێزی وەزارەتی داد تەماشادەکرا. یاساکانی ئەم پیاوە وایکرد، کە زۆربەی بکوژەکانی ڕژێمی نازی دادگا نەکرێن.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  بۆچی ئەو یاسایە، جارێکی تر نەتوانرا لاببرێت و کاری پێ نەکرێت؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ: گەر دۆسییەیەک رابگیرێت، ناتوانرێت جارێکی تر  بکرێتەوە، ئەمەش بنەمایەکی سەرەکی دەوڵەتی یاساییە. بەڵام ئێوە ڕاست دەکەن، دیارە ئەمە تەنها یاساکەی درێهەر نەبوو، تەنانەت لە یاسای ژمارەی ٥ سزای تاوانەکانی دادگای فیدڕاڵی سەرەکی ئەڵمانی ، لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو تاوانانەی ڕاگرت. وە پەرلەمانی ئەڵمانیش ، هیچ هەوڵی نەدا، کە جارێکی تر ئەو یاسایەی درێهەر  پووچەڵ بکاتەوە. بە بڕوای من ، دەبوایە پەرلەمانی ئەڵمانی  ئەم کارەی بکردایە، بەڵام پەرلەمانتارەکان هیچ ئاگاداریی و زانیاریان لەبارەی ئەم یاساییەوە نەبوو، نەیاندەزانی باسی چی دەکات، هەروەها نەشیاندەویست بزانن باسی چی دەکات.” Fritz Bauer فریتس باوەر” لەبەرئەوەی جوولەکە بووە، هەشت مانگ لە ئورودوگای زۆرەملێی شاری ” هومبێرگ” دا گیراوە، پێشتر داواکاری گشتی شاری هێسن بووە. ئەو هیچ باوەڕی  بە دادگای فیدڕاڵی ئەڵمانی نەبوو، هەرلەبەرئەمەش ،ئەو زانیارییەکانی خۆی دا بە دەزگای هەواڵگری  ئیسرائیلی ” موساد”، هەتاوەکو بچن ” ئایشمان” لە وڵاتی ئەرجەنتین بدۆزنەوە و پاشان لەوێوە بیهێننەوە بۆ  ئۆرشەلیم” قودس” لەوێندەر دادگایی بکەن. چونکە ” Fritz Bauer فریتس باوەر” لەو باوەڕەدابوو، گەربێتو لە ئەڵمانیا دادگایی ئایشمان بکرێت، ئەوا سزایەکی سووکی بەسەردا دەسەپێنن، من پێم ناخۆشە کە وا دەڵێم ، بەڵام ئەو ڕاستی دەکرد. باوەر پێش ئەوەی یاساکانی  EGOWiG جێبەجێبکرێن ، کۆچی دواییکرد. ئەو هەوڵێکی زۆریدا بۆ ئەوەی  ئەو تاوانبارانە دادگایبکات، کەلە تاوانەکان Euthanasie*  سەردەمی نازیەت بەرپرس بوون، بەڵام لەدوای مردنی باوەرەوە، ئەو دۆسیەیەش داخرا.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  بۆچی ئەم بابەتە سەرنجی ڕاکێشایت.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  من سەرەتا دەمویست ئەوە تاقیبکەمەوە، ئاخۆ دەکرێت بابەتێکی ئاڵۆزی یاسایی، لەناو رۆمانێکدا بەکاریبهێنیت، بە شێوەیەک کە خەڵكی لەکاتی خوێندنەوەیدا ، تووشی مەلەل و بێ تاقەتی نەبن. لەلایەکی تریشەوە ، پرسیاری سەرەکی کتێبەکە ئاشکرایە کە برتییە لە: ئایا ئێمە دەمانەوێت لە چ جۆرە جیهانێکدا بژین ؟ ئەمەش لەلایەن هەردوو پارێزەرە پیر و گەنجەوە، بە شێوەی جیاجیا وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەکییەیان داوەتەوە. 

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ: جیاوازیەکانی نێوان ئەم دوو پارێزەرە لە چیدا دەردەکەوێت.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:   جیاوازییەکانیان لەم پرسیارەدایە : ئاخۆ هەق پەیوەستە بە رۆحی زەمەنەوە یان نا.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ: ئێوە چۆن دەڕواننە پرسی ” تاوان” ەوە.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ: تاوان شتێکی تازە نییە، بەڵکە هەمووکاتێک بوونی هەبووە. هەموو یەکێک لەئێمە لە ماوەی ژیانیدا ، ڕووبەڕوی مەسەلەی تاوان دەبێتەوە. ئەم پرسە هەر لە قۆناغی منداڵییەوە ڕووبەروی مرۆڤ دەبێتەوە.  هەندێکجار بەوە کۆتایی دێت ، کە درۆیەکی گەورە لەژیانتدا بەرامبەر بەخودی خۆشت بکەیت. یان کەسێک تووشی شڵەژان بێت ، کاتێک ڕووبەڕوی شتێکی ناخۆش دەبێتەوە. بە بڕوای من ژیان بریتییە لەوەی کە تۆ لەناخی خۆتدا هەمووکاتێک هەست بەوە بکەیت کە  تاوانت کردووە.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ: ئایا دانپیانان** یارمەتیدەرە.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  گەر ئێوە باوەڕتان بەوە هەبێت، ئەوا بە دڵنییایەوە یارمەتیدەرە. لەلایەکی ترەوە دەمەوێت ئەوەبڵێم، بەڕاستی مەسەلەی دانپیانان ، داهێنانێکی زۆر مەزن و باشە. ئێوە لەناو ژوورێکی  بچووکی تەختەدا ، لەسەر کورسیەک دادەنیشن و دەرگاکە دادەخەن . لە کونێکی بچووکەوە ، قەشەیەک دەبینن ،کەلەودیو دانیشتووەو گوێتان بۆ دەگرێت. هەموو شتێک هێـمن و بێ دەنگە، دەبێت بە گوێیدا بچرپێنیت، ئێوە و ئەو بە تەنها دانیشتوون. قەشەکە گوێتان بۆ دەگرێت، پاشان ئەو  وەکو دادوەرێکی باش ، سزایەکی دروستت بۆ تاوانەکە بۆ دادەنێت. سزاکە نە زۆر بەرزە ، وە نە زۆر نزمیشە.  ئەو دەتوانێت لە ڕووی دەروونییەوە لەم تاوانە ،ئازادت بکات و ئیسراحەت بکەیت. دیارە بە نیسبەت پرۆتستانەکانەوە، ئەم کارە زەحمەتە. ئەوان دەڵێن دەبێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودادا  باسی تاوانەکەی بۆ بکەیت و ئەو بڕیاردەرە، بە دڵنییایەوە خوداش وەڵامی ئەو کەسە ناداتەوە. 

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ: ئایا ئێوە کاتۆلیکین ؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  من  بۆماوەی دەساڵ لە قووتابخانەی یەسوعیەکاندا خوێندوومە،بەڵام من خۆم  لە کڵێسای پرۆتستانی  شۆراوم***،  لێ پاشان زۆر بە ئاساییەوە دەتوانم پێتان بڵێم ، کە وازم لە کڵێسا هێناوە.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  لەناو ڕۆمانەکەدا ووشەی ” نەوتی بالیست”  زۆرجار بەکاردەهێنیت، نەوتی بالیست چییە؟.

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  جۆرە نەوتێکی دروستکراوە بۆ پاککردنەوەی چەکو تەقەمەنی. بۆنێکی زۆر تیژو ناخۆشی هەیە، بەتایبەتی لە هاویندا، ئەمە دەتوانم بڵێم جۆرە یادەوەرییەکی منداڵی خۆمە. 

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  ئایا هەتاوەکو ئێستاش ئەو نەوتی بالیستەتان هەیە.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  بە دڵنییایەوە.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  ئەو نەوتی بالیستە بۆچی بەکاردێت؟.

فێردیناند ڤۆن شیراخ: ئەو نەوتە زیاتر بۆ پاککردنەوەی چەكی ڕاوچییەکان بەکاردێت، بەڵام ئێـمە لە ماڵەوە ، بۆ زۆر نەخۆشیش بەکارمان دەهێنا. هەروەها بۆ  پاککردنەوەی سەگ لە گەنەکردن.  دەتوانیت لەرێگای نەوتی بالیستەوە ، هەرچی گەنەیە لە لەشی سەگەکە دەریبکەیت. هەروەها کاتێك ئێمە منداڵ بووین، دەبوایە کاتێک تووشی پەسیو دەبووین ، ئەو نەوتەمان بخواردەیەتەوە. دیارە ، گەر تەنها ئەم نەوتە خۆی بێت، هیچ کێشەیەکی نییە و باشە بۆ تەندروستی ، بەڵام نابێت تێکەڵی شتی تر بکرێت.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  ئەمە یانی وەکو نوقڵی ڕاوچییەکان واییە.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ: ( بە پێکەنینەوە) زۆر تەواوە.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  ئایا ئێوە هەتاوەکو ئێستاش ڕاو دەکەن.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ: من وەکو خودی خۆم ،هیچ کاتێک ڕاوم نەکردووە. لێ کاتێک منداڵ بووم لەگەڵ ماڵەوەمان چووم بۆ ڕاوکردن. من زۆرحەزم بە ماڵەکۆن و تایبەتییەکەی ڕاومان بووم. لەوێندەر سەگێکی زۆرمان هەبوون. من زۆر ڕاوچییەکەم  خۆشدەویست.هەمووکاتێک دەیزانی چی ڕاستەو چی هەڵەیە. گەر ئێوە ببینین چۆن ئاسکێک ڕاودەکرێت، ناوەکەی دەدرێتە سەگەکان و پاشان گۆشتەکەی لە ژێرزەمنێکدا هەڵدەگیرێت. ئەمڕۆ هەموو ئەو دیمەنانە لەلای من ناشرین و  تا رادەیەکیش خەفەتهێنەر و ئازار بەخشە، هەربۆیە حەزم بە ڕاوکردن نیە.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  ئایا ئێوە خزمەتی سەربازیتان کردووە.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ: بەڵێ، بەداخەوە دەتوانم بڵێم ئەو کاتانەی کە لە خزمەتی سەربازیدا بووم، وەکو ئەوە وایە کاتەکەم سووتاندبێت وایە.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:   بەڵام ئێستا ئێوە دەتوانن تەقەبکەن.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ: من کاتێک منداڵ بووم فێری فیشەک تەقاندن بووم. زۆر کارێکی ئاسان بوو. تەنها شت کە لەکاتی فیشەک تەقاندندا  پێویستە ئەوەیە، کە تۆ هێمن و ئارام بیت، لەسەرخۆ و ئارام بیت. هەموو مەسەلەکە پەیوەندی بەوەوەهەیە، کە تۆ باوەڕت بەخۆت بێت و توندوتۆڵ بیت.

 

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:   ئێوە تەقەتان لەکێ دەکرد.؟ 

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  تەقەمان لە نیشانە شکێنە دەکرد ، بەڕێز درێس!

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:   لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی کلاوست پرایسدا گووتان کە، پەیوەندییەکی بەتینتان لەگەڵ تەنهایی هەیە. ، ئەمە لە چییەوە هاتووە.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  ئێمە لە گوندا دەژیاین، خانوویەکی زۆر گەورەو کۆنمان هەبوو. منداڵەکان هیچ کەس گوێی پێ نەدەدان. ئێمە لە ئارامیدا بەجێیان دەهێشتین. ئێمە تەنها بۆ خۆمان دەژییاین.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  کەسێک چۆن دەتوانێت لەو جۆرە منداڵییەدا بژی.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  هیچ  ڕێگایەکی تر نەبوو تەنها ئەوە نەبێت، کە دەبوایە زیرەک بیت. ئەمڕۆ منداڵەکان وەکو گەورەکان مەوعدی تایبەتییان هەیە، بۆ نموونە: کاتی یاری تێنسکردن ، یان ژەنینی پیانۆ، ئاهەنگی  رۆژی لەدایکبوون، یاری ئایسهۆکی، فووتباڵ، هەمووی کاتی دیاریکراوی خۆی هەیە.  باوکو دایکەکان ماوەیەکی زۆر لەگەڵ منداڵەکانیانن، بۆ نموونە: لەکاتی سەردانیکردنی باخچەی ئاژەڵەکان، سەفەرکردن بۆ وڵاتی میسر، سەفەری زانستی بۆ شار فلۆرەنسای ئیتالی. ئەوان کاتێک تەنهادەبن ،   گەر پەتێک یان چەند بزمارێکیان هەبێت، ئەوا لە ناو ماڵە دارینەکەی ماڵی خۆیان دروستیدەکەن. وە گەر بارانیش ببارێت، ئەوا جارێکی تر تەنهایی بەجێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆیان. هەست بە بوونکردنی خود، سوودی زۆری هەیە بۆ منداڵەکان. ئەوان خۆیان تێکەڵی یاریە منداڵییەکان ناکەن، منداڵ دەتوانێت لە جیهانی تایبەتی خۆیدا بژی. بەڵام  مەسەلەیەکی  تر هەیە، ئەمڕۆ شوێنێکی پارێزراوی تایبەت  بۆ منداڵان نییە. ئەمەش زەرەرێکی زۆرمان لێدەدات. 

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  ئەمڕۆ لە کوێندەر دەژین.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  من خانوویەکم بە کرێ گرتووە.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  ناتانەوێت خانوویەکەی تایبەتی بە خۆتان هەبێت.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  نەخێر. داگیرکردنی بەشێک لەزەوی  بۆ خۆت ، شتێکی مومیل و ناخۆشە، وە لەپێش هەمووشیانەوە ، کارێکی زۆرنابەجێیە. لەلایەکی ترەوە ئەوە هیچ گرینگ نییە، ئاخۆ تۆ  ئەو شوێنە موڵکی هی خۆت بێت یان هی خۆت نەبێت. ئێمە تەنها هەشتا ساڵ لێرە دەژین، لەبەرئەوە ئەو شتە هیچ ڕۆڵێکی نییە. پێویست ناکات ، مرۆڤ هێندە ژیان بە قوورسی وەربگرێت.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  لەکاتی کارکردن لە پرۆسەیەی دادگاییدا، کار لە شێوازی ژیانت دەکات.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  لەو کاتانەدا زۆر بەکەمی دەخەوم. ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە پارێزەر  دەبێت هەموو شتەکان بە باشی بە ئەنجام بگەیەنێت. پرۆسەیەکی دادگاییکردن، لە هەزاران ووردەکاری پێکدێت، کە زۆرجار لەوانەیە شتێکی بچووک بتوانێت ئاڕاستەی پرۆسەکە بگۆڕێت. بەپێچەوانەی دادوەرەوە، پارێزەر لەبەرامبەر موەکیلەکەیدا بەرپرسیارە.  بەگشتی پرۆسە گەورەکان ، کارێکی زۆر نارەحەت و تاقەتپروکێنن، بەتایبەتی گەر پرۆسەکە حەساس بێت، ئەوا بۆ پارێزەر و دادوەرو داواکاری گشتیش ، کارێکی نارەحەتە. هەر دەبێت ئاواش بێت. 

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:  لەگەڵ ئەوەشدا ، حوکمدانی هەڵەش روو دەدات.

فێردیناند ڤۆن شیراخ:   بەڵێ ڕاستە، لەهەمووی ناخۆشتر ئەوەیە، گەر ئەوە لە دەوڵەتێکی یاسادا بێت. تەنها دادگا مافی ئەوەی هەیە ، بە شێوەیەکی شەرعی مرۆڤێک بۆ ماوەیەک زیندانی بکات  و کەمێک لە تەمەنی داگیربکات. زۆربەی ئەوانەی کەلە بواری یاسادا کاردەکەن، پیشەکەیان زۆر بە جددییەوە وەردەگرن. کەس حەز ناکات ، حوکمی هەڵە بدات.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ: ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم قسەیە : بوون خۆی لەخۆیدا بوونێکی  مردووە.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:   ئەوە یارمەتیدەرە.

فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ:چۆن.؟

فێردیناند ڤۆن شیراخ:  گەر تۆ پێشوەخت ئاگاداری مەرگ بیت ، بۆ نموونە سامۆرایەکان دەبوایە لەبەیانییەوە تەنها ئەم دێرەیان بگوتایەتەوە : تۆ مردویت. بەم شێوەیەش بە کتوپڕی مەسەلەکە کەمتر قورس دەبێت. بەم شێوەیە تۆ ئارامتر دەبیت ، هەموو شتێک بەلاتەوە گرینگ نییە. من زۆر حەزم بە ژیانە، بەڵام گەر ژیانیش کۆتایی پێ بێت، هیچ تووشی توڕەیی و دڵتەنگی نابم.  ئەوەی گرینگە، کە مرۆڤ هەتاوەکو ئەو کاتەی لە ژیاندایە، هەمووکارەکانی بە باشی بکات، لەمە زیاتر هچی تر نییە. 

 

چەند دێرێک لەبارەی نووسەرەوە:

فێردیناند ڤۆن شیراخ لە ساڵی ١٩٦٤ لە میونخ لەدایکبووە، کۆلیژی یاسای لە شاری بۆن تەواوکردووە. ماوەی بیست ساڵە وەکو پارێزەر کاردەکات و لە بەرلین دەژی. خاوەنی چوار کتێبە ، ” تاوانکاران Verbrechen“” ساڵی ٢٠١٠ نوسیویەتی، هەر لەهەمانساڵدا خەڵاتی Kleist-Preis  وەردەگرێت. ، Schuldتاوان” ساڵی ٢٠١١ نووسی، ئەم دوانە بریتی بوون لە کۆمەڵێک کورتە چیرۆک، سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا و بۆ ٣٢ زمانی جیهانی وەرگێراوە. ساڵی ٢٠١١ یش رۆمانە ناودارەکەی” تاوانەکەی کۆلینی”  نووسی. ئەم رۆمانە بەندە وەرمگێراوەتە سەر کوردی و بەم زوانە بە چاپ دەگەیەنرێت.  ئەمساڵیش رۆمانی ” تابو”  نووسی. جێگەی ئاماژەیە ئەم رۆمانەشی سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە. شیراخ ئەمرۆ لە ئەدەبی ئەڵمانیدا، بۆوەتە ناوێکی دیار، ئەو نوێنەرایەتی نووسەرانی نەوەی نوێی ئەدەبی ئەڵمانی دەکات . 

 

سازدانی : فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگ 

وەرگێرانی لە ئەڵمانییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

—————————————-

 

سەرچاوە: ڕۆژنامەی فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتونگی ئەڵمانی 


پەراوێزەکان:

 

* نازیەکان لەوباوەرەدابوون ، پێویستە رەگەزی ئەڵمانی لە رەگەزە سووک و خراپەکان پاکبکرێنەوە، لەمبارەیەوە کۆمەڵێک رەگەزی وەکو ” جوولەکە، قەرەجەکان، سلاڤەکان، هەروەها ئەو ئەڵمانانە کە کەمئەندام و هۆمۆسێکسوێلن” بوونە قووربانی ئەم سیاسەتەی نازیەکان. هەموو ئەمانەی لە ئورودگای زۆرەملێ کۆدەکردەوەو بە ناشرینترین شێوە لەناویانبردن. ،،و.ک.

**بەپێی نەریتی مەسیحیەکان، ئەو کەسەت تاوانێک دەکات، دەچێتە لای قەشەیە و باسی تاوانەەی بۆ دەکات و دان بەتاوانەکەیدا دەنێت. لێرەدا نووسەر زیاتر ئەم مەبەستە هەیە،،،و.ک

 

*** هەموو منداڵێكی مەسیحی کەلە دایک دەبێت، پێویستە ببرێتە کڵێسایەک و لەوێندەر لەلایەن قەشەیەکەوە بشۆرێت یان ئاوی بەرەکەتی پێدا بکرێت، ئەمەش یەکێكە لە نەریتە گرینگەکانی مەسیحی بوون ،،.وک

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.