
به‌راییه‌ك بۆ كتێبی هه‌زارو یه‌كشه‌وه
(له‌دنیای هه‌زار و یه‌كشه‌وه‌دا ژنان هه‌رده‌م جێی متمانه‌و باوه‌ڕپێكردن نین، ڕاستبێژنین، هه‌میشه بهگچكه فێڵ و ته‌ڵه‌كه پیاوه‌كان ته‌فره ده‌ده‌ن) -ئۆرهان پامووك-
یه‌كه‌مین هه‌ڵبژارده‌یه‌كی حیكایه‌ته‌كانی هه‌زار و یهكشهوهم به‌ر له‌زیاتر چل ساڵا لهمهوپێش خوێنده‌وه. ئه‌وده‌مه ته‌مه‌نم حه‌وت ساڵان بوو.. پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایم ته‌واوكردبوو، له‌پشووی هاویندا له‌گه‌ڵا دایكمدا چووینه سویسرا، چونكه بابم له‌وێ كاری ده‌كرد و به‌وپێیه‌ی تازه‌ش فێره خوێندنه‌وه‌و نووسین ببووم و به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشچوونم له‌خوێندنه‌وه‌دا، پوورم كۆمه‌ڵێك كتێبی منداڵانی به‌دیاری دایه من و كاكم، له‌نێویاندا هه‌ڵبژارده‌یه‌كی حیكایه‌ته‌كانی هه‌زار و یه‌كشه‌وه هه‌بوو.. به‌رگه‌كه‌ی ئه‌ستوور بوو، له‌سه‌ر كاغه‌زێكی زۆر باشیش چاپكرابوو.
وه‌بیرم دێته‌وه به‌درێژایی ئه‌و پشووی هاوینه چوار پێنج جار خوێندمه‌وه، پاش نانخواردنی نیوه‌ڕۆژان، به‌و گه‌رمای هاوینه له‌نێو ئه‌و خانووه‌ی كهدهكهوته نێو ئه‌و ئه‌پارتمانه‌ی كه كۆڵانێك له‌كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی جنێف دوور بوو.. لهغورفهكهی خۆمدا و له‌بان جێگه‌كه‌م ڕاده‌كشام و هه‌مان ئه‌و حیكایهتانهم چه‌ند جار و سه‌رله‌نوێ ده‌خوێنده‌وه.
له‌و كاتانه‌دا كه نه‌رمه بایه‌ك له‌ده‌ریاچه‌كه‌وه هه‌ڵیده‌كرد و له‌په‌نجه‌ره كراوه‌كه‌وه ده‌هاته ژوورێ، ئه‌مه جگه له‌ده‌نگی ئۆكۆردیۆنی ئه‌و دهرۆزهكهرانهی كهلهكۆڵانهكهی پشته‌وه‌دا بوون، ئه‌ز خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كانی عه‌لی باباو چل دزهكهو عه‌لائه‌دین و فانووسه سیحرییه‌كه‌ی بووم و جارێكی تر له‌نێویاندا وون ده‌بووم.
ئه‌و وڵاته‌ی كهدهچووه نێوی كوێ بوو؟ یه‌كه‌مین هه‌ستێك كه‌لای من دروست بوو، ئه‌وه بوو كه‌ئه‌و حیكایه‌تانه حیكایه‌تی شوێن و جێگه دووره ده‌ست و نامۆكانه به‌ئێمه.. ساده‌و ساكارتر..به‌ڵام دنیایه‌كی سیحراوی بوو.
به‌وپێیه‌ی ناوی قاره‌مانه‌كانی له‌ناوی ئه‌و كه‌سانه‌وه نزیكبوون كهلهكۆڵانهكانی ئیستانبووڵدا ڕووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه، تاڕادده‌یه‌ك ئه‌وانی له‌من نزیك ده‌كرده‌وه، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك گونده‌كانی ئانادۆڵی دوور، ئه‌م حیكایهتانهم به‌به‌راورد له‌گه‌ڵا دنیای خۆمدا پێ هاوشێوه‌و هاوتا نه‌ده‌كرا.
هه‌وه‌ڵینجار ئه‌و حیكایه‌تانه‌ی هه‌زار و یه‌كشه‌وه، هه‌روه‌ك چۆن منداڵێكی ڕوژئاوا سه‌باره‌ت به‌ڕۆژهه‌ڵات حیكایه‌تی پڕ په‌نهان و نهێنی ده‌خوێنێته‌وه، ئاوا ئه‌و حیكایهتانهم خوێنده‌وه.
له‌یه‌كه‌مین خوێندنه‌وه‌مدا ئه‌وه‌م نه‌ده‌زانی كه ئه‌م حیكایه‌تانه له‌هیندستان و ئێران و عه‌ره‌بستانه‌وه هاتۆته نێو كولتووری منه‌وه، نه‌مده‌زانی ئه‌و كتێبه مه‌زنه‌ی كهسهرسامت ده‌كات، شوێنپهنجهو كه‌شوهه‌واكه‌ی له‌نهێنی و جه‌نجاڵیی ئه‌و ئیستانبووڵهدا ده‌بینرێته‌وه كه‌هه‌موو منداڵی خۆمم تێدا به‌سه‌ر بردبوو، هه‌ر له‌درۆو فێڵا و ته‌ڵه‌كه‌بازی و قۆڵبریِین و عه‌شق و ئیهانه‌و خۆگۆڕین و هه‌موو شته سه‌رسووڕهێنه‌ر و عه‌جایبه‌كانی.
له‌هه‌وه‌ڵین خوێندنه‌وه‌مدا هه‌ستم به‌وه‌نه‌كرد كهلهڕۆحی حیكایه‌ته‌كاندا زۆر شتی كۆڵانه‌كانی ئیستابووڵی تێدا به‌دیده‌كرێت.
هه‌ر دواتریش له‌ڕێی كتێبی دیكه‌وه ئه‌وه‌م بۆ ڕوون بۆوه، ئه‌و حیكایه‌تانه‌ی ئه‌وكاته خوێندبوومه‌وه وه‌ك عه‌لی باباو چل دزه‌كه، عه‌لائه‌ددین و فانووسی سیحری، ئه‌وه‌ی “ئه‌نتوان گالان” نه‌بوو كهلهسووریا به‌ده‌ستنووس چنگی كه‌وتبوو، به‌ڵكو نووسه‌ره‌كه‌ی ئه‌و حیكایه‌تانه‌ی له‌پیاوێكی مه‌سیحی عه‌ره‌به‌وه به‌ناوی”حنا دیاب”ه‌وه ژنه‌فتبوو، دواتریش له‌نووسینه‌وه‌یدا چۆنی به‌خه‌یاڵدا هاتبۆوه ئاوای هۆنیبۆوه.
ئه‌مه ده‌مانباته‌وه بۆ سه‌ر بنه‌چه‌ی مه‌سه‌له‌كه، حیكایه‌ته‌كانی هه‌زار و یه‌كشه‌وه جوانترین شاكارێكی ئه‌ده‌بیاتی ڕۆژهه‌ڵاته.
به‌ڵام ئێمه‌یه‌ك كهلهكولتوور و ئه‌ده‌بیاتی ڕه‌سه‌نی خۆمان و لهكولتووری ئێرانی و هیندی دابڕاوین و كه‌وتووینه‌ته ژێر كاریگه‌ری ئه‌ده‌بیاتی ڕۆژئاواوه، سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌وه‌ی كه كولتووری خۆشمان پێده‌ناسێنێت و فێرمان ده‌كات، هه‌ر خودی ڕۆژئاواییه‌كان خۆیانن.
ئه‌م حیكایه‌تانه‌ی كه‌باسمان كرد، چه‌ندینجار كه‌سانێكی زۆرجار ناسراو، زۆرجار سه‌یر و سه‌مه‌ره، زۆرجار لایه‌نی ده‌روونی شێواو هه‌ستاون به‌وه‌رگێڕانی.
ناسراوترین وه‌رگێڕانیشی ئه‌وه‌ی “ئه‌نتوان گالان”ه كه‌له‌ساڵی 1704دا له‌فه‌ڕه‌نسا بڵاویكردۆته‌وه‌و له‌هه‌مووشیان كاریگه‌رتر و توانای مانه‌وه‌ی زیاتر و له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش زیاتر خوێندراوه‌ته‌وه. ده‌توانین بڵێین ئه‌و وه‌رگێڕانه بووه مایه‌ی ناسینی هه‌موو ئه‌و حیكایه‌تانه له‌دنیادا. وه‌رگێڕانه‌كه‌ی “گالان” هه‌ر له‌و سهردهمهوهو تا دواتریش هه‌موو نووسه‌ره گه‌وره‌كانی ڕۆژئاوای وه‌ك ژێده‌رێك، خسته‌ژێر كاریگه‌ری خۆیه‌وه.
له‌تێكسته‌كانی “ستاندال و كۆلێردج و دیكوینسی و ئێدگه‌ر ئالن پۆ”دا كاریگه‌ری حیكایه‌ته‌كانی هه‌زار و یهكشهوهم ده‌بینینه‌وه. به‌ڵام دیاره حیكایه‌ته‌كان هه‌ر ته‌نها ده‌رخه‌ری لایه‌نه نهێنییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و شتی ناوازه‌و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌و ڕووداوی میتافیزیكی و دیمه‌نه ترسناكه‌كان نییه.. كاتێك له‌ته‌مه‌نی بیست ساڵیمدا وه‌رگێڕانه تووركییهكهی “رایف قه‌ره‌داغ”م خوێنده‌وه كه‌له‌ساڵی 1950دا چاپكرابوو، دیاره وه‌ك هه‌ر خوێنه‌رێكی ئاقڵا هه‌موو كتێبه‌كه‌م نه‌خوێنده‌وه، به‌ڵكو به‌وپێیه‌ی كهبهعهقڵمدا ده‌هات له‌به‌رگه‌وه بۆ به‌رگ چاومدهگێڕاو ئه‌وه‌ی ویستبام ده‌مخوێنده‌وه.
له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌مدا حیكایه‌ته‌كان شتێك بێزار و ناڕه‌حتیان ده‌كردم، له‌كاتێكدا به‌مه‌راقه‌وه هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی بمه‌وێت حیكایه‌ته‌كان ههڵبلووشم، ئاواهی ده‌مخوێندنه‌وه‌و له‌هه‌مان كاتیش‌دا لێیان تووڕه‌و داخ لهدڵبووم.
به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشان نه‌مده‌خوێنده‌وه كهلهخوێندنهوهی كتێبه كلاسیكییه‌كاندا ده‌بێته پاڵنه‌رمان، به‌ڵكو بهپهرۆشهوهو له‌په‌رۆشیدا داخ له‌دڵانه ده‌مخوێنده‌وه.
ئه‌مڕۆ پاش سی ساڵا و بۆ جارێكی دیكه كه‌خوێندمه‌وه، زانیم هۆكاری ئه‌و ناڕه‌حه‌تییه‌ی ئه‌و كاته‌م چیبووه. زۆر پێوه‌ندیی نێوان پیاوان و ژنانی نێو حیكایه‌ته‌كان تائاستی هه‌ژاندن، نائارامی و شڵۆقی پێوه‌دیاره، بێههدادان و وێستان، یه‌كدی فریوده‌ده‌ن و چاڵا بۆ یه‌كدی هه‌ڵده‌قه‌نن.. ئه‌مانه ئه‌و شتانه بوو كه له‌و ده‌مه‌دا منیان تۆقاندبوو.
له‌دنیای هه‌زار و یه‌كشه‌وه‌دا ژنان هه‌رده‌م جێی متمانه‌و باوه‌ڕپێكردن نین، ڕاستبێژنین، هه‌میشه بهگچكه فێڵ و ته‌ڵه‌كه پیاوه‌كان ته‌فره ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت ده‌سپێكی گێڕانه‌وه‌ی حیكایهتهكانیش له‌لایه‌ن شه‌هره‌زاده‌وه بۆ پیاوێكی دڵڕه‌ق و بێبه‌زه‌یی، فێڵێكه بۆ ڕزگاركردنی ژیانی خۆی.
ئه‌و تێڕوانینه‌ی كهسهبارهت به‌ژنان پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی حیكایه‌ته‌كانی داگیركردووه له‌ڕاستیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیروهزری هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌یه كه‌له‌هه‌مان كولتوور و كه‌شوهه‌وای ئه‌و حیكایه‌تانه‌دا ده‌ژین.. به‌و پێیه‌ی كه‌گرنگترین چه‌كی ژنانیش بۆ فێڵ وتهڵهكهبازییهكانیان توانا سێكسییهكانیانه، ئه‌مه ئه‌وه‌نده‌ی دیكه ترسه‌كانمان قووڵتر ده‌كاته‌وه. ئه‌و جوگرافیایه‌ی كه‌هه‌زار و یه‌كشه‌وه باسی لێوه‌ده‌كات، پیاوه‌كانی مه‌حكومن به‌فراوانترین ده‌ست لێبه‌ردان و پێڕابواردن، له‌لایه‌ن ژنانه‌وه. ترسناكترین حیكایه‌تیش كهچێژێكی مازۆشیستیت پێده‌به‌خشێت، حیكایه‌تی ئه‌و پاشایه‌یه كهبهدزییهوه سه‌یری ژن و كه‌نیزه‌ك و كارهكهرهكانی خۆی ده‌كات، كاتێك له‌گه‌ڵا كۆیله زنجییهكاندا ڕادهبووێرن.
هه‌ستده‌كه‌یت بێباوه‌ڕی پێشوه‌ختی پیاوان به‌رانبه‌ر به‌ژنان له‌و حیكایه‌تانه‌دا چه‌ند به‌رجه‌سته‌بووه. ڕێكه‌وت نییه بهههژانێكی ڕاسته‌قینه‌وه ڕۆماننووسێكی وه‌ك”كه‌مال تاهیر” زۆر به‌قووڵی ئه‌و حیكایه‌تانه‌ی كردۆته ئاگادارییه‌كی دره‌وشاوه لهڕۆمانهكانیداو ئیشی له‌سه‌ركردووه. ئه‌و دنیایه‌ی كه‌پڕه له‌ترسی پیاو و متمانهنهكردن به‌ژنان، له‌ته‌مه‌نی بیست ساڵیمدا وه‌ك شتێكی خنكێنه‌ر و زۆر ئۆربانتاڵ هاتنه پێشچاوم و وامده‌زانی زێده‌تر ڕۆچۆته نێو زه‌وقی خه‌ڵكانی كۆڵانه‌كانی په‌راوێزی شار، خراپه‌كاری، دووڕوویی، گه‌رچی زیاتر باسی كه‌وتنی ئینسانه‌كان یان خستنه‌خواره‌وه‌یان بۆ نێو ناشیرینی و چهپهڵهییهكان ده‌كات.. به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا سه‌رباری ئه‌و لایه‌نانه‌ی كهقێزهوونن، لایه‌نه چێژبه‌خشه‌كانی ون نابن و هه‌رده‌م خۆیان ده‌سه‌لمێنن.
له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌مدا وه‌ك هه‌ر گه‌نجێك له‌ڕوانگه‌یه‌كی خۆبه ڕۆژئاوایی و ئۆرووپایی زانه‌وه تێمڕانیووهو له‌مه‌شدا ته‌نها نه‌بووم.. ئه‌و ده‌مه زۆر گه‌نجی وه‌ك من هه‌بوون، مه‌راقی خۆ مۆدێرنهكردنیان هه‌بوو، هه‌ر بۆیه كلاسیكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیان به دارستانێكی تاریك ده‌زانی كه‌ئێمه له‌گه‌ڵی ده‌رناچین. ئه‌وده‌مه ئه‌و كلیلانهمان په‌ی پێنه‌ده‌برد كه‌ئێمه له‌وان نزیكده‌كاته‌وه‌و ئێمه لای وان شیرین ده‌كات.
له‌سێیه‌مین خوێندنه‌وه‌مدا ئه‌وه‌ی پانام بۆ برد ئه‌و لایه‌نه ئه‌فسانه‌ییه بوو، كهئهدهبیاتی ڕۆژئاوا له‌و كتێبه‌دا كه‌زیاتر به‌كتێبی سه‌فه‌ره‌كان ده‌چێت دۆزیبوویه‌وه، هه‌ر له‌حیكایه‌ته مه‌زنه‌كانی و سووربوونی كتێبه‌كه له‌سه‌ر ته‌واونه‌بوون و ئه‌و جیۆمهتره نهێنییه‌ی كه‌تێیدا بوو.. هه‌مدیسان وه‌ك هه‌موو كاتێك چۆنم حه‌ز لێ‌بوو ئاوا خوێندمه‌وه، لهحیكایهتێكهوه بۆ حیكایه‌تێكی تر و له‌هه‌ر حیكایهتێكیش بێزار بوومایه وازم لێده‌هێناو دهستمدهكرد به‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كێكی تر.
ئه‌مجاره‌یان ڕێكوپێكی قه‌باره‌ی حیكایه‌ته‌كان و تێرنهبوونم وایانلێكردم ده‌ستبه‌رداری ئه‌و خهیاڵانهببم كهدهرحهق بهخراپهكارییهكانی كۆڵانه پهراوێزكهوتووهكان له‌سه‌رده‌مێكدا زه‌ینمی ته‌نیبوو، ئه‌مه جگه له‌كاریگه‌ری ئه‌زموونی ژیانی خۆم و هه‌موو ئه‌و ناشیرینی و بێباوهڕییانهی كهبینیبووم.
به‌و چه‌شنه له‌سێیه‌مین خوێندنه‌وه‌مدا، لایه‌نه ئه‌ده‌بییه‌كانم بینییه‌وه، ئه‌و لۆژیكانهم كهوتهبهرچاو كه‌سه‌دان ساڵه كۆن نه‌بووه. چێژم لهخۆگۆڕین و چوونهجێی كه‌سێكی دیكه‌و خۆشاردنه‌وه‌و هه‌موو ئه‌مانه بینی، ئه‌و حیكایه‌ته‌ی كهلهئاستێكی بڵندا سه‌رسامت ده‌كات، حیكایه‌تی “هاروون ئه‌لڕه‌شید”ه كهخۆیدهگۆڕێت تا له‌شه‌وێكدا بچێته لای ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌خۆی كردۆته “هاروون ئه‌لڕه‌شید”. ئه‌مه‌م خسته نێو ڕۆمانی “كتێبی ڕه‌ش”ی خۆمه‌وه‌و كه‌شوهه‌وای فیلمه ڕهشوسپییهكانی ساڵانی 1940-ه‌كانی ئیستانبووڵم له‌گه‌ڵا تێكه‌ڵكرد.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پاش ته‌مه‌نی سیوپێنج ساڵیم به‌یارمه‌تی هه‌موو ئه‌و كتێبه ئینگلیزییانه‌ی كهسهبارهت به”هه‌زار و یه‌كشه‌وه” نووسرابوون، گه‌یشتمه ئه‌وه‌ی له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یدا لۆژیكی نهێنی و سهیرێتی و جوانی و بگره جوانی سه‌رسامكه‌ر و دزێویی بێئه‌ده‌بی و زۆر بڵێی و گاڵته‌جاڕی، وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌ك ببینمه‌وه، ئه‌و كاته‌ی له‌دیدگه‌ی عیشق و نه‌فره‌ته‌وه ده‌مڕوانییه حیكایه‌ته‌كان، هێشتاكه فێری ئه‌وه نه‌ببووم ژیان وه‌ك خۆی قبووڵبكهم.. ئه‌و كاته له‌نێوان خه‌یاڵی منداڵێك و هه‌ڵچوونی گه‌نجێكدا ژیانم ده‌گوزه‌را، به‌ڵام له‌ئێستادا له‌وه حاڵیبووم، گه‌ر حیكایه‌ته‌كانی”هه‌زار و یه‌كشه‌وه” نه‌شتوانێت وه‌ك خودی ژیان خۆیمان بهسهردابسهپێنێت، ئه‌وه نكووڵی له‌وه ناكرێت كه‌بێ ئومێدیمان هه‌ر پێده‌به‌خشێت.
به‌ڕای من خوێنه‌ر به‌بێ هیچ پێشینه هیواو چاوهڕێبوونێكی به‌تاڵه‌وه، پێویسته به‌پێی لۆژیكی چێژلێبینینی خۆی ده‌ستبداته خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه. له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا سه‌باره‌ت ژیان و مردن، له‌ڕێی ئه‌م كتێبه‌وه ده‌مه‌وێت دووشت بڵێم.. سه‌باره‌ت به”هه‌زارو یه‌كشه‌وه” دوو گوته‌ی باو هه‌یه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه‌تائێستا كه‌س نییه ئه‌م كتێبه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی خوێندبێته‌وه‌و دووهه‌میشیان ئه‌وه‌یه كه‌هه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی بیخوێنێته‌وه، ئه‌وه ده‌مرێت.. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م دوو ئاگاداركردنه په‌نهانه وا له‌خوێنه‌ر ده‌كات، ئاگای له‌خۆی بێت، به‌ڵام پێویستیش ناكات زۆر بترسین، چونكه حیكایه‌ته‌كانی “هه‌زار و یه‌كشه‌وه” بخوێنینه‌وه یان نه‌خوێنینه‌وه هه‌ر ده‌مرین.
ژێده‌ر: http://www.milliyet.com.tr/2001/07/15/pazar/paz07.html