Skip to Content

Wednesday, May 1st, 2024
پێوەر بۆ ئازادی هیچ کاتێک دەسەڵات نیەو لە کوردستانیشدا نابێت….

پێوەر بۆ ئازادی هیچ کاتێک دەسەڵات نیەو لە کوردستانیشدا نابێت….

Closed
by January 9, 2014 گشتی

 

 

 

” ئەگەر کۆمەڵگایەک بەختەوەر نەبێت بە ئازادی ئەوا هەموو شارو گەڕەک وماڵەکانی ئەو کۆمەڵگایە بەختەوەر نابن ، چونکە ئەو کۆمەڵگایە خۆی بە ئازادیەوە خەریک نەکردووە… “

ئازادی لەهەر شوێنێک لەهەر کونجێک هەتک بکرێت، ئەوا هەموو مرۆڤایەتی رووبەرووی هەتک بوون دەبێتەوە، هەموو تاکێک لە ماڵەکەی خۆیدا مافی هەتک دەبێت، ئەگەر مرۆڤێکیش لەبەرامبەر ئازادی پێشێل کردنی کۆمەڵدا بێدەنگ بێت، ئەوا بێگومان لە دەرئەنجامدا لەبەرامبەر ئازادی خۆشیدا بێدەنگ دەبێت، مرۆڤی ئازاد ناتوانێت لەبەردەم ئازادیەکانی خۆی بێدەنگ بێت، چونکە بوون وگۆڕانی هەست وهۆش ورۆح وهزرو عەقڵ لە کەشی ئازادیدا گەشە دەکات ودەبوژێتەوە نەک بە پێچەوانە لە سایەی دەسەڵاتێکی نادادپەروەردا…

سەردەمی ئەمڕۆکە سەردەمی ئازادی و گۆڕانی فیکرو دەنگ ورەنگە نەک گەڕانەوە بۆ بن دەست ورکێفی داگیرکەرو کۆیلەدار بوون لە سایەی دەسەڵاتەکاندا، ئەوەی لە کوردستانی ئەمڕۆکەدا روو دەدات، هەربە تەنیا قەیرانی نەبوونی سیستمی ئیداری یاسایی و دادو ژێرخانێکی ئابووری تۆکمە نیە، بەڵکو لێرەدا لەو دەڤەرەدا ئازادیەکانی مرۆڤ وهاوڵاتیان لەبەردەم هەڕەشەو قەیرانی گەورە دان، ئەو قەیرانەش دەبێتە بەرەئەنجامێک بۆ ئیفلیج بوون وداڕمانی هەموو سیماو بوارێک وهەموو شێوازێکی ژیان وگوزەران، بۆیە لە رووبەروو بوونەوەی ئەو ئاستەنگ وقەیرانە چارەنوسسازانەدا ئەرکی بەدەنگ هاتن وراوەستان بەتاقی تەنیا ناکەوێتە ئەستۆی رۆژنامەنوسان ورۆشنبیران، بەلکو ئەوە ئەرکی هەموو کەسێک وتاکێکە کە لەو وڵاتەدا کە ژیان دەباتە سەر، تەنانەت هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتیش دەژین و لە ئازادی وڵاتیش بە دوورن، چونکە نائازادی بوونی کۆمەڵگا دیکتاتۆری گەوەرەو کارەساتی گەورە دەهێنێتە بەرهەم ئەوکات کەس ناتوانێت رێ لە روودانی کارەساتی نادادپەوەری بگرێت، هەروەها کەسێک ناتوانێت خۆی لەوە بێبەری بکات چونکە کەسەکان هەڵوێستی نائازادیان هەبووە بۆیە نائاسودە دەبن، بەبێ ئازادی فەراهەم بوون لە وڵاتدا هیچ کەسیک خەون بە داهاتوویەکی باش وئایندەیەکی ئاسوودە نابینێت…

هەروەها ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا دەسەڵاتێک ناداپەروەر بێت هەموو هاوڵاتیەکان دووچاری ناداپەروەری دەبنەوە ئەگەر لە دەرەوەی بازنەی ئەو دەسەڵاتەدا دابن یان لە ناوەوەیدا دابن، هیچ کەسێک ناتوانێت سەلامەت بێت وئایندەی خۆی بزانێت، چونکە ئەو ئەندامێکە لەو کۆمەلگایە، مافە سەرەتاییەکانی ئازادی  وچەمکی ئازادی بەهەموو ماناکانیەوە گرنگ و پێویستن بۆ هەموو قۆناغێکی کۆمەڵگا، لەوانەیە ئەمڕۆ یەکێک خۆی بە ئازاد بزانێت لە سایەی هەندێک ریفۆرم وچاکسازی وەختی، بەڵام ئەوە شتێکە تاسەر نیە چونکە ئازادی ومافی مرۆڤ نەبۆتە بنەمایەک وپێوەرێک بۆ پەیڕەو کردنی یاساو جێگیر بوونی دادپەروەری لەو وڵاتەدا، لەوانەشە یەکێک بەبێ نان بتوانێت چەند رۆژو هەفتەو مانگێک هەڵبکات، بەڵام ژیان وگوزەرانی ئاسایی زۆر ئاستەمە بەبێ هەبوونی ئازادی بۆ چەند چرکەیەکیش بێت…ئەوەی ئازاد ببێت هەمیشە حەز لە ئازادی دەکات، ئەوانەی ویستی کۆیلایەتی لە کەللەیاندا هەبوو بێت، هەمیشە ژیانی کۆیلەییان پی باشترە لە ژیانی ئازادی، هاوکات هەر ئەوانەش لە دژایەتی ئازادی ناکەون چونکە بەرژەوەندیان لە نەبوونی ئازادیدا باشترە نەک لە بوونی..

ئازادی لە کوردستاندا لەسایەی دەسەڵاتدا بەیەک روبە دەپێورێت وهیچ جیاوازیەکی نیە، هەرچەندە هەمیشە وا روو دەدات چەمکی ئازادی بە گوێرەی هەست وهۆشمەندی خەڵک وجۆری دەسەڵات وعەقڵەکەی دەگۆڕێت، ئەو قەیرانەش بەتەنیا لەیەک شوێندا دەرناکەوێت، بەڵکو لە هەموو دەڤەرو زۆنەکانی (زەرد)و (سەوز)دا بوون ونەبوونی هەیە، بەڵام بە رەنگی جیاواز نەک وەکو ئەو پێوەرە نادروستانەی دەسەڵات ئەنجامی دەدات، ئەگەر دەسەڵاتی زۆنێک ئەمڕۆکە هەول بدات باسی ئەوە بکات وبلێت لە ناوچەی ئێمە ئازادی بەرقەرارەو پێشێلی کردن نیە شەکری خواردووە، ئەوەی ئێستا لە (گەرمیان وسلێمانی)دا روویداوە ئەوا دەمێکە لە (هەولێر) روویداوە، ئەوەی تا ئێستا نامۆ نیە بەلای هەمووانەوە لەهەردوو دەڤەری دەسەڵاتدا ئاسایش وسەلامەتی هاوڵاتیان بەرقەرار نەبووە، ئازادی لەهەردوولاشدا هەتک دەکرێت…

ئەو هەلسوکەوتە نامەنتیقیەی دەسەڵاتێک لە زۆنەکەی بەرامبەردا ئەنجامی دەدا کاتێک دەیەوێت بسەلمێنێت ئەوا زۆنەکەی ئەو لە ئەوی بەرامبەر چاکترو (شامی شەریف) ترە، ئەوا درۆیەکی شاخداری گەورەیەو شێوازیكی دیماگۆکیکارانەی میدیاکانە ،ئەوان ناتوانن تاسەر بە سیاسەتی بانێکەو دوو هەوا، بە هەواو درۆو موبالەغەی سیاسیانەیان بەرچاوی هاوڵاتیان لێل ونابینا بکەن، بەو شێوازە نە دەتوانن تاسەر ئەو بانە رووپۆشی هەوا جیاوازەکانیان بکات، نە لە سەردەمی ئەمڕۆکەشدا پەتی درۆ ئەوەندە درێژ دەبێتەوە کە یەکێک بێت و باوەڕ بەو قسەیان بکات..

بەداخەوە لە کوردستاندا هەموو شتێکی تازە بە خراپی هەیەو بە شێوازی خراپ وچۆنایەتی خراپیشەوە بەکار دەبردرێت کە ئەوانەش هەر هەموویان لە لایەن دەسەڵاتی رەسمیەوە هاتوونەتە بەرهەم هاوردە کراون راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، تەنیا ئەوەی نیەو نەبووە هەبوونی (ئازادی) راسیەقینەیە، ئەگەر تۆزقالێکیش هەبوو بێت جۆرە خراپەکەیە وەکو ئامرازو شمەکەکان کە ناتوانێت خزمەتی هیچ لایەک بکات، لە وڵاتێکیش (ئازادی) بۆ مرۆڤ نەبێت، هەمیشە ژیان وگوزەرانی ئەو مرۆڤە دەبێتە کاڵاو شمەکێکی دەستاودەست پێکراو ، رۆژێک لە ئاستێکی ژیانەو رۆژێکی دیکەش لە ئاستی مردنە…

 

شوان عوسمان

هۆلەندە-٧/١/٢٠١٤  

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.