دەست درێژی بە کۆمەڵی سێکسی بۆ سەر کچێک لە کوردستان
ژن مرۆڤە:
یەک لە جینایەتە هەرە قێزەونەکان کە بە دەستی پیاوان دەرحەق بە ئافرەتان دەکرێت، جینایەتی دژە مرۆڤی و تا سەر ئێسقان وەحشیانەی دەست درێژی سێکسیە کە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا روویانداوەو و بە دەرکەوتنی تریفەی شارستانی و پێشکەوتن و تێرامان و هەوڵ بۆ بەرە پێش بردنی بواری کۆمەڵایەتی و دەرونی مرۆڤەکان نە تەنیا کەمتر نەبۆتەوە بەڵکو بە فۆرم و شێوازی جیاوازتر وەکوو دەست درێژی بە کۆمەڵ (کە لەم دوواییانەدا و بە تایبەت لە وەڵاتی هیندوستان زۆر پەرەی ئەستاند) دەردەکەوێت.
ئایا بگەرێینەوە بۆ سەر رەهەندە فکریەکانی تۆماس هابز سەبارەت بە سەرۆک و یاسا لە وەڵاتێک دا کە ئەگەر نەبوو ئەوا بەو مانای جەنگەڵەێکی پر لە درندەیە کە تیایدا بەناو مرۆڤەکان وەکوو گیانلەبەرانی درندە بۆ دەرباس کردن و بەرژەوەندیەکانی خۆیان خەریکی کوشتن و تاڵان و درندەیی خۆیانن؟ یان ئەوەیکە دەبێ دڵمان بە ئیمانۆئێل کانت خۆش کەین کە لای وایە مرۆڤ لە خەراپترین حاڵەتیشدا پەیرەوی کۆمەڵێک یاسای سروشتی دەکات کە بۆ وێنە کەس ئامادە نابێت بە هیچ شێوەیەک رێگە بە خۆی بدات کە دەست درێژی سێکسی بکاتە سەر ئافرەتێک یان هەر مرۆڤێکی تر؟!!
ئایا لە کۆمەڵگایەکدا کە تا سەر ئێسقان توندوتیژی سەردەمی بەعس و داگیرکەرانی بۆ بۆتە میرات و دینێکی خورافی و پر لە تاریکی و جەهالەتەوە بۆتە مەشخەڵی رێگای و مەلایەکی نەخوێندەواری ریش پان بە دینێکی دەستکردی مرۆڤی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر بە ئازادی و لە سەر بڵنگۆی مزگەوتی شارەوە بانگی بێ رێزی کردن بە ژنان و بە نیوە مرۆڤ حیساب کردنیان و بە بێ ئەقڵ و سەفیه و گەمژە ناوزەد کردنیان دەدات، ئاخۆ چ کۆمەڵگایەک و چ کەش و هەوایەک بۆ ئەم میللەتە برەخسێنن؟؟ واتە لە کوردستان ساڵەهایە بە شێوازێکی سیستەماتیک و پۆلێن کراو، ژنان و ئافرەتان نەهی و نەفی دەکرێن، کەسایتیان ژێر پێ دەخرێت، تیرۆری کەسایەتی، دەروونی و جەستەیی دەکرێن، وەکوو خزمەتکاری سێکسی تەماشا دەکرێن و بە تەنیا ئەرکی ژنان بۆتە ژیانێکی لە رادەی پلەی یەکەمی هێرەمەکەی ئەبراهام مەزلۆ کە بریتیە لە خواردن و خەو و خواردنەوەو سێکس کە ئەمیش نەک بۆ وجودی خۆیان بەڵکو بۆ مێرد و باوک و براکانیان. تەنیا ئەمە پێشاندەری ئەقڵی گشتی و تێروانینی پیاوسالارانەی کۆمەڵگایەکی نەک تەنیا دواکەوتو لە رووی کولتووریەوە بەڵکوو بە دووقات دوا کەوتوو کە دینێکی دەستکردی مرۆڤ و تاریک بۆتە دواکەوتوویی لە رادەبەدری ئەم گەلە.
ئەمانەو نەبوونی ئازادی تاکە کەس لە چوارچێوەی لیبراڵیزمدا، نەبوونی ئازادی هەڵبژاردنی شێوازی ژیان و ئازادی هەبوونی سیستەمێکی ئازاد و دیموکرات و پەیرەو کردنی ئازادی عەقیدە لە چوارچێوەی سێکۆلاریزمدا، هەروەها نەبوونی بەرژەوەندی گشتی و هیچ بەرنامەیەکی حکومی لە کوردستان وەکوو ئەو پلانانەی کە لە چوارچێوەی بەرژەوندی گشتی یان یوتیلیتاریانیزمدا دەکرێت پەیرەو بکرێن هۆکار گەلێکی جێگای سەرنجن بۆ لێکۆڵینەوە لە مەڕ ئەم کارەساتە دژە مرۆڤیەدا.
ئایا هیچ پاساوێک دەتوانێت ئەم درندەییە بسەلمێنێت کە دەرحەق بە مرۆڤێک کراوە؟ بە پێ ووتەکانی ئیمانۆئێل کانت و تیئۆری “پاشایەتی مەبەستەکان” کە باس لە پێک هێنانی سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوری دەکات کە لە ژێر سێبەریدا هەر مرۆڤێک وەکوو مرۆڤ تەماشا و هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت نەک وەکوو ئامراز یان ئامێرێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەتی تاکە کەسی؛ بە واتایەکی تر، مرۆڤەکانی تری دەوروبەرمانیش مرۆڤن، پلیکانەی ئێمە نین تاکوو بە سەریاندا سەرکەوین بۆ ئەوەیکە بە ئامانجی تایبەتی خۆمان بگەین. لەم روانگەوە وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە روونە: نەخێر، هیچ پاساوێک نیە بۆ درندەیی مرۆڤێک دەرحەق بە مرۆڤێکی تر.
دەست درێژی بە کۆمەڵی سێکسی بۆ سەر ئەم کچە گەنجەی رۆژئاوا لە هەولێر زەنگێکی زۆر مەترسیدارە بۆ سەر نیوەی کۆمەڵگای کوردی، بۆ سەر ئافرەتان و کچان و خوشکان و دایکانمان، مەترسیەکە و هەرەشەیەکە بۆ سەر نرخی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، گەرانەوەیە بەرەوە ژیانی ناو ئەشکەوت و جەنگەڵ. ئەم کردەوە نامرۆڤیە ئەگەر ئەمرۆ لێکۆڵینەوەی بۆ نەکرێت و چارەسەر نەبێت ئەوا سبەی گەلێک درەنگە. پەروەردەی کوردستان دەبێ چاوی پێدا بخشێندرێتەوە و لە جیاتی خوێندنی دین و ئایینی جاهیلی، خوێندکاران فێری مرۆڤایەتی و خۆشەویستی یەکتری و یەکسانی مرۆڤ بکرێن. وانەی زانستی و مەعریفی و فەلسەفی ( فەلسەفە جیاوازە لە دین و ئایین) بگوترێنەوە. کەشی کۆمەڵگا بەرەو سێکۆلاریزم و لیبرالیزم بچێت. خوێندکار ئاشنا بێت بە کۆ ئەندامی سێکسی خۆی بەلایەوە شتێکی سەیر نەبێت ولێی نەبێت بە خەفەت و حەز و هەستێکی پەنگ خواردووەوە تا لە دوا رۆژدا نموونەی وەک ئەم گەنجانەی لێ ساز نەبێت. بەوهیوایەی ئەم کچە گەنجە ی کۆبانی، بتوانێت ئەوەندە خۆراگر بێت لە ئاست ئەم تاوانەی دەرحەقی کراوە و ژیانێکی نوێ دەست پێبکاتەوە و هەرچی حکومەتی هەرێم و رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنیە بە هانایەوە بچن. مرۆڤایەتی لە کوردستان پیویستی بۆ لە بەر کردنی بەرگێکی نوێیە. ژن مرۆڤە.