با له‌جیاتی ده‌وڵه‌ت (ئیماراتۆكه) بنیات بنێین!
بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت پێش هه‌موو شتێ پێویستی به بنیاتنانی نه‌ته‌وه هه‌یه، ئه‌مه‌یش پڕۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌ن و سه‌خته، وه‌لێ بنیاتنانی (ئیماراتۆكه) كورتخایه‌ن و ئاسانتر. ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بیرێكی ستراتیژیی و زه‌مینه‌سازیی گه‌ره‌كه‌و هه‌موو كه‌لتووره لۆكاڵییه بچووكه‌كان له ناو بۆته‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا، یان له ناو یه‌ك نیشتماندا، به یه‌ك ئاشنا ده‌كا و كۆیانده‌كاته‌وه‌و ناسنامه‌یه‌كی فراوانتریان پێده‌به‌خشێ و كار له سه‌ر پێگه‌یاندن وپه‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤه‌كان ده‌كات، ئه‌وه‌ی دووه‌میان دانیشتوانی هه‌ر شار‌و شارۆچكه‌یه‌ك هانده‌دات خه‌ون به ژیاندنه‌وه‌ی (ئیماراتۆكه) بچووكه هه‌ره‌سهێناوه‌كانی مێژووی كورده‌وه ببینن!
دانیشتوانی هه‌ر شار‌و شارۆچكه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان مافێكی ره‌وای خۆیانه داوای خزمه‌تگوزاریی زیاتر له حكومه‌ت بكه‌ن و به دواداچوون بۆ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆژه‌كانی ئه‌م بواره بكه‌ن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك نه‌بێته مایه‌ی پشێویی و نا ئارامیی و بره‌ودان به بیرۆكه‌ی شار و ناوچه په‌رستی له جیاتی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت ونه‌ته‌وه‌دا.
دوابه‌دوای راگه‌یاندنی بڕیاری به پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو له (سه‌ید سادق) خه‌ڵك به دروشم و داواكاریی جیاجۆره‌وه رژانه نێوشه‌قامه‌كان و ئه‌وه‌ی له‌م رووداوه‌دا له هه‌مووان زیادتر سه‌رنجی راكێشام یه‌كێ له‌و دروشمانه بوو كه هه‌ڵگری په‌یامێكی شاراوه‌ی مه‌ترسیداره و په‌رده له سه‌ر رووی رازێكی نه‌خوازراو لاده‌دات، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی ئایا خه‌ڵكی سه‌یدسادق (نایانه‌وێ)، یان ئه‌وانه‌ی له پشته‌وه‌ی ئه‌م رووداوانه‌ن نایانه‌وێ، سه‌ید سادق بخرێته سه‌ر سنووری هه‌ڵه‌بجه و بۆچی؟!
حه‌شاردانی بیرۆكه‌ی به‌رته‌سكی (شارچیه‌تی) و (ناوچه‌گه‌رێتی) یان( ئیماراتگه‌رایی)له په‌نای خواست و داوكاریی ره‌وای خه‌ڵك له‌م ساته‌وه‌خته و هاوكات له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌دا، ده‌مامكی قێزه‌وه‌نی ئه‌و بیرۆكه خه‌وتووه لاده‌دات كه ئیتر له‌مه‌ودوا دانیشتوانی هه‌ر (ده‌ڤه‌رێك) داوابكه‌ن ببن به (پارێزگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ)و (حكومه‌تێكی لۆكاڵیی سه‌ربه‌خۆیشیان هه‌بێ) و له ئێستا زیاتر نوقمی كه‌لتووره لۆكاڵییه‌كه‌ی خۆیان بن له جیاتی ئه‌وه‌ی به فیكری بنیاتنانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان و دۆزه ره‌واكه‌ی بن، كه خۆی له‌دروشمی گه‌لێكی به‌ختیار و نیشتمانێكی ئازاد دا ده‌دۆزێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت لاوازبوونی هزری ده‌وڵه‌تداریی و زاڵبوونی هزری ئیماراتگه‌رایی هۆكاره‌كه‌ی هه‌ر به ته‌نیا بۆ تاكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو له‌مه‌یاندا پێش هه‌موو كه‌سێ به‌رپرسیاره‌تی راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌و حزبانه‌ی ماوه‌ی 22 ساڵه ده‌سه‌ڵاتدارن و له‌م بواره‌دا وه‌كو پێویست كاریان نه‌كردووه، یان هه‌ر زۆر بێخه‌به‌ر بوون.
رووداوه‌كانی سه‌یدسادق (به‌ده‌ر له خواست و داواكارییه ره‌واكانی خه‌ڵك) زه‌نگێكی مه‌ترسیدارن بۆ سه‌ر هزری بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و پێگه‌یاندنی تاكی كوردستانی له‌م بواره‌دا، زه‌نگێكی مه‌ترسیدارتریشن بۆ سه‌ر ئاینده‌ی سیاسیی ئه‌م هه‌رێمه‌و چاره‌نووسی یه‌ك به یه‌كی مرۆڤه‌كانی، ئیتر ئه‌و مرۆڤه سه‌یدسادقی بێت، یان زاخۆیی، یاخود كه‌لاری، یانیش هه‌ریری!