ئێوە هەموتان كاوە نین
لە هەموو جوانیەك بەدەرە كاتێك هەموو وەك یەك ناژینو وەك یەك بەرەنگاری ناشرینیەكان ودڵڕەقیەكانی رۆژگار و ستەمكاری نابنەوە، كەچی لە دەرفەتی ڕەخساودا هەموو وەك ئازا، وەك پاڵەوان بێن و لە پەنای مەرگی بوێرێكدا پڕكێشی درۆی گەورە بكەنو وێنەی خۆیان بە هەمان وێنەی بوێرێك نمایش بكەن ؟ تەنانەت جەلادەكانیش بێنو وێنەی قوربانی بەرزبكەنەوە وداوای دۆزینەوەی بكوژ بكەن ؟ ئەم دۆخە ئەو ڕاستیەمان پیشاندەدات كە ئێمە لە تاژیدیایەكی ڕاستەقینەدا دەژین و بەناو شۆرشگێرەكانی دوێنێ ناهێڵن برینی ئەنفال سارێژبێتو ناهیڵن مەرگ لێمان دوربكەوێتەوە .
دۆخێكی تەواو پڕ ئازارە كاتێك دەبینین ترسنۆكەكانیش دێن و بە تەنیشت ئازاكانەوە لە خۆنمایشكردنێكی جادوگەرانەدا سیناریۆیەكی گاڵتەجاڕ سازدەكەنو شین بۆ مەرگی ئازاكان دەكەن . مەگەر بوێری چییە ؟ زۆرن هێشتا ئەوەندە بوێرییان تێدانیە دان بە ڕاستیدا بنێن، هێشتا بوێری ئەوەیان نییە بڵێین لەسەر دەریای نەوتی كوردستان مرۆڤەكان نابێت سەرمایان بێت، هێشتا ئەوەندە بەخۆیاندا رانابینن بە گەورەكانیان بڵێن عەیبە مرۆڤی كورد لەسەر ئەو هەموو سەروەتو سامانە برسیی بێت، ئیدی ئەو جۆرە كەسانە چ باكیان بە مردنی خەڵكی هەیە و چۆن دەبن بە (كاوە)یەك كە تەنها لە سەرووتنی راستی خەڵتانی خوێن دەكرێ ؟ كاوەیەك بۆخۆی هیچ لەگیرفانیدا نەبوو شەڕی گیرفانی هەمووانی دەكرد .
شیوعییەك كە هەمیشە ژیانو هەژاری كاوەی نادیدە گرتووە و هەژاریی كاوەو ئەوانی دی هیچ هەڵوەستەیەكی پێنەكردبێ لەوش خراپتر پێی شەرم بووە لە زیندوبونیدا هاوڕێی بێت، چ سودێكی بۆ كاوەوخانەوادەكەی هەیە ئێستا لە سەر كوشنو لە پشتی ستێرنی ئۆتۆمبیلی گران بەهاوە تەشریف بێنێتو خۆی بەهاو حزبو هاوسەنگەری كاوە بزانێو لە دوای مەرگی سەربەرزانەیەوە ئینجا بێتو خۆی پێوە هەڵبكێشێت ؟ ئێستا ئەوەی ڕونە دەزانین كاوە (كاوە) بوو، تەنها خۆی بوو بەس نە شیوعی بووە و نەئیسلامی هاوڵاتیەكی یاخی دەڤەری گەرمیان بووە یاخی لە گەندەڵییەك كە هەمووان تیایدا زەرەر مەندبووین، ئێستاش كە بەچنگ ونینۆك هەوڵدەدەن سەروەریی مەرگی ئەو بدزن ئەوە گەلێك لە دزینی ژیانو مافەكانی كاریگەرترو دزێوترە .
كوا ڕەوایە ئەمڕۆ حزبێك بێتو شانازی بەمەردایەتی كاوەوە بكات، كە پێشتر نەكاوەو نە بەرەنگاری گاندەڵی بۆ ئەومایەی شانازی بووە، بگرە شەریكێكی گچكەوبێشەرمی گەندەڵی بووە، مەگەر باشتر نیە لە بری ئەو بێ شەرمیە كڕبێت و هیچ لە بارەی كاوەو ژیانو مەرگییەوە نەڵێت، ئاخر حزبێك هەقی ئەوەی هەیە شانازی بە ئەندامەكانیەوە بكات كە هەموویان لە مافدا یەكسان بنو لە ژیاندا لەیەك بچن، ئەگەروا نەبێ هەق نیە شانازی بە مەردایەتیو مەرگیانەوە بكات، حزبێك شەرم لە ژیانی كاوەو خانەوادەكەی و خانووە خراپۆكەكەی نەكات، مافی قسەكردنیشی نیە لەسەر شەهیدبوونی، هەڤاڵانو هاوڕێیان و بەرپرسانو سەردارو سەركردەكانی حزب دەبێ چۆن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە ( بۆچی كاوە بەو ئاستە لە هەژاری ژیاوە و ئەوانیش لە سەڵتەنەتدا دەژین ؟ ) مەگەر ئەو تەمبڵو تەوەزەل بووەو ئەوانیش رەنجدەرو ئازاو چاپوكی نێومەیدانی ڕەنجو تێكۆشان بوون، یان تەواو بەپێچەوانەوە ؟
بەراستی بێشەرمیەكی گەورەیە بێچاووڕوییەكی مەترسیدارە كەسانێك كە رەنجو ژیانیان لەو گەنجە دزیوە ئێستا بێنو بەشێك لە سەروەری و بوێریو مەردایەتیشی بدزن.
نازانم چ مۆرالێك ڕێگە بەو ڕۆژنامەنوسانە دەدات كاتێك هەموو دێن ودەڵێن خوراین كوژراین فەوتاین ؟ ئەم درۆیە بە كوێمان دەگەیەنێ كوا هەرێمی كوردستان دۆزەخی رۆژنامەنوسانە ؟ كوا هەموو رۆژنامەنوسان لە دۆزەخدان ؟ كوا هەموویان وەك یەك برسیو بێ خانەولانەن كوا هەموویان ئازاو بوێرن ؟ درۆیەكی زۆر گەورەیە كاتێك هەموو ڕۆژنامەنوسان بێنو لەسەر تەرمی قارەمانەكان بڵێن ئێمە لەبەردەم مەترسی مەرگو تیرۆرداین . بەشبەحاڵی خۆم كاوەم نەناسیوەو بۆیەكجاریش روخساریم نەبینیوە، بەڵام هێندەی شوێنی نیشتەجێبوونی ( كاوەو شیرنی هاوسەری ) ئازاری دام، ماڵو حاڵو خانووە كرێیەكەی، سەربانی ماڵە بە نایلۆن داپۆشراوەكەی ویژدانمی هەژاند، مردنەكەی هێندە ئازاری نەدام، منێك كە هەرگیز لە كاوە پۆشتەترو ژیانم هەوراز تر نیەو هەرگیز ناشمەوێ لە سۆنگەی ملكەچ بوونمەوە ببم، لە بری هەموو دەوڵەمەندەكان، بەرپرسەكان، نەوت فرۆشەكان، قەڵەم فرۆش و خۆفرۆشەكان، لە دوای هەمووشیانەوە لە بری بكوژەكانی تەریق دەبمەوە ئیدی چۆن درۆی ئەو كەسانە بەسەرمدا تێبەپەڕن كە بەتەنیشت مەرگی كاوەوە هاتوون سنگ دەردەپەرێنن ودەڵێن : ( ئێمە هەموومان كاوەین) .
كەمێك ویژدانتان هەبێ چ شەرمەزارییەكی هەستپێكراوە كە تەنها لە سەرتەرمی مردووەكان بوێریتان بیردەكەوێتەوە ؟ تەنها لەكاتی گلانو خوێن لێ چۆرانی رۆژنامەنوسە بوێرەكاندا، لە گەرماوگەرمی پرسەی رۆژنامەنوساندا نەبێ كوا دەتواننو كەی توانیوتانە دەنگ بەرزبكەنەوە . لەوەش خراپتر زۆربەی ئەوانەی خۆیان بە پاڵەوان دەزانن كاتێك دان بەبوونی بوێریو ئاستی رۆژنامەنوسێك، چالاكوانێكدا دەنێن كە كوژرابێ بەپێچەوانەوە نابینم ئەوانە وەك رۆشنبیرێك هەڵسوكەوت بكەن هێندەی وەك ئێمپراتۆرێك خۆیان دەنوێنن .
كەسێك هەژاری ئەوانی تر ڕاینەچڵەكێنێ چ باكی بەمردنیانە ؟ كەسێك موچەو ژیانی كاوەی وەك ئینسانێك بەلاوە گرنگ نەبوبێ ئیدی ئەم شیونە بۆ كاوەی هەژار چ درۆیەكی گەورەیە ؟ (كاوە)یەك كە بۆخۆی هیچ لە گیرفانیدا نەبووەو خەمی ژیان و گیرفانی هەمومانی بووەو بەگژ ئەژدیهای سامانو مافیاكاندا چوبێتەوە ئیدی چۆن خۆتان دەكەن بەوی مەرد ؟! ئەوە هەر بێچاوڕویی نیە بەڵكو ستەمكاریەكی گەورەشە كە دەبینین خەڵكانێك كە ژیانیان دزیوە و لەسەر قوتی هەزاران خانەوادەی وەك (كاوە) دەژینو سڵ لە هیچ گەندەڵیو دزیو فزیو كۆیلایەتیەك ناكەنەوە ئێستا بێنو لە سەر قەبرانەوە مەردایەتیەكەشی پێرەوا نەبییننو لە هەڵپەی ئەوەدا بن مەردایەتیشی ( كە تەنها هی خۆیەتیو بەس) لەگەڵیدا بەش بكەن.
ئێوە هەموتان كاوەنین تكایە كەمینەیەك نەبێت زۆربەتان لە هیچتان كەم نیە، هەرچی پێداویستیە لە موچەو ئۆتۆمبیلو خانوو زەوی تەنها لە رێگەی ملكەچییەوە بەدەستتان هێناوەو بوونە بەشێك لەو گەندەڵیەی كاوە لەدژی شەهید بوو، ئەوەی خانووە كرێ خراپۆكەكەی خانەوادەكەی كاوەی بینیبێ دەزانێ هیچ كام لەو پێداویستیانەی نەبوو، ئەوەی كە نیتانەودەبێت هەتان بێت كەمێك شەرمە. ئەوسا ئەرەنگە كەمێك لەكاوە بچن .
عومەر محەمەد
11/12/2013