Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
كاكه‌ی فه‌للاح دیوانی چرۆ!!

كاكه‌ی فه‌للاح دیوانی چرۆ!!

Closed

 

 

 

 

بیری منداڵی تیژه‌.. زۆرمان له‌كاتی دانیشتنماندا له‌ناو كۆمه‌ڵێك هاوڕێ‌ دا یان له‌كاتی بینین‌و بیستنی ئه‌وشتانه‌ی كه‌ده‌بنه‌هۆی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كان، چه‌ندان شتی منداڵی خۆمان دێته‌وه‌ یاد.. كه‌بێگومان له‌هه‌مان كاتدا خۆشی‌و ناخۆشی ده‌بنه‌ كاڵاو ده‌برێن به‌باڵای ئه‌و یادانه‌دا.. له‌ڕاستیدا منداڵ بوونه‌وه‌رێكی تابڵێ‌ی خاوه‌ن توانایه‌.. كانی به‌هره‌و هیوایه‌، زۆر به‌زوویی هه‌ست به‌شته‌كان ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌وریایی‌و به‌دروستی شتێكی بۆباس نه‌كرێت، ده‌روازه‌ی پرسیاره‌كانی به‌ڕووتدا ده‌كاته‌وه‌و زۆرجار سه‌رسامیشت ده‌كات به‌پرسیارێك كه‌وه‌ڵام دانه‌وه‌ی سه‌لیقه‌و وریایی‌و شاره‌زایی ده‌وێت.. من ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌، ئه‌وشتانه‌ن كه‌به‌منداڵی له‌شریتی یادمدا تۆماركراوه‌، جائه‌و شتانه‌ش خۆشه‌كان‌و ناخۆشه‌كانی زیاترو زووتر زه‌نگی بیرهێنانه‌وه‌ لێده‌ده‌ن‌و دێنه‌وه‌ سه‌رشاشه‌ی مێشك‌و به‌رچاوان.

كه‌منداڵ بووم له‌پۆلی سێ‌هه‌می سه‌ره‌تایی دا ((له‌گه‌ڵ ڕێزو خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه‌ی كه‌وانه‌ی كوردی پێ‌ ئه‌وتین)).. رۆِژێكیان ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی ((كاكه‌ی فه‌للاح))ی لێ‌ ده‌پرسینه‌وه‌.

 

((له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌))

 

   براكانم! خوشكه‌كـــــــــــانم…. هاوڕێ‌ خۆشه‌ویسته‌كانم

   ده‌رگای مه‌كته‌ب كرایه‌وه‌…. پشـــووی هاوین بڕایه‌وه‌

 

ده‌بوایه‌ هه‌موومان له‌به‌رمان بووایه‌ بۆ مامۆستامان بوتایه‌ له‌كۆتایی هۆنراوه‌كه‌دا دێڕێك نوسرابوو ((كاكه‌ی فه‌للاح – دیوانی چرۆ)).. ئه‌وه‌شمان وه‌ك دێڕێكی هۆنراوه‌كه‌ ده‌وت بێ‌ ئه‌وه‌ی بیزانین‌و لێ‌ی تێ‌ بگه‌ین.. مامۆستاش خۆی خه‌ریكی كتێبێك بوو ده‌یخوێنده‌وه‌، نزیكه‌ی((15)) منداڵ هۆنراوه‌كه‌یان وت له‌به‌ر، وه‌ك ئاوو دۆ له‌به‌ریان بوو، هه‌مووشیان له‌كۆتایی دا ده‌یان وت((كاكه‌ی فه‌للاح دیوانی چرۆ))

زۆر چاك له‌بیرمه‌ منداڵێك ئه‌وه‌ی له‌بیرچوو بیڵێ‌، هه‌موو ده‌ستمان به‌رزكرده‌وه‌: ((مامۆستا … مامۆستا .. مامۆستا دێڕێكی په‌ڕاند)).. ئه‌ویش وتی چی؟ وتمان دێڕی خواره‌وه‌ی په‌ڕاند ((كاكه‌ی فه‌للاح )) مامۆستاش لێ‌ ی تووڕه‌ بوو، لێ‌ ی داو پێ‌ ی وت: بۆچی به‌جوانی له‌به‌رت نه‌كردووه‌؟

ئیتر دوایی ئه‌وانی تریش كه‌مابوون، هۆنراوه‌كه‌یان تووتی ئاسا وت، بێ‌ ئه‌وه‌ی كه‌بزانن ((كاكه‌ی فه‌للاح دیوانی چرۆ))چی یه‌…؟ وایان ئه‌زانی دێرێكه‌ له‌هۆنراوه‌كه‌.. من خۆم تاپۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایش نه‌مده‌زانی تاله‌وێش به‌پرسیاركردن فێربووم.. كه‌له‌ڕاستیدا ده‌بوایه‌ مامۆستا ئه‌وه‌ی بۆ ڕوون بكردینایه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ناوی ((كاكه‌ی فه‌للاح))ه‌ و له‌كتێبێكدا ده‌رهاتووه‌، كه‌ناوی ((دیوانی چرۆ))یه‌، تا هه‌رهیچ نه‌بێ‌ شاعیره‌كه‌ بناسن‌و ناوه‌كه‌ی لایان نه‌بێته‌ دێڕێكی هۆنراوه‌كه‌…

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.