نامەیەکی کراوە بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان
لە ماوەی بیست و سێ ساڵی ڕابردوی دەسەڵاتی هەرێم ، کوردستان بۆتە دۆزەخێک بۆ ژنان. لە مێژوی ئەم چەند ساڵەدا بە هەزارەها ژن بە بەهانەی ناموس پەرستی یان کوژراون یان لە ژێر فشاری کۆمەڵایەتی و لە بێ چاریدا خۆیان کوشتوە و بوونەتە قوربانی دەسەڵاتی پیاوسالاری . ژمارەی ژنانی قوربانی ژمارەی قوربانیانی جینۆسایدو چەکی کیمیاوی تێپەڕاندوە. ئەگەر تەنها سەیرێکی هەوالەکانی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوی قوربانیانی توندو تیژی و تیرۆر بکەین بەم شێوەیە بووە:
ڕۆژی ٢٣/١٢/ ٢٠١٣ ژنێکی کارگوزار کە لە نیپاڵەوە بۆ کارکردن هاتبوو بۆ هەرێمی کوردستان بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە, لە ڕۆژی ٢٩/١٢ لە شەلتەری حکومی بۆ پارێزگاری لە ژنان، ژنێک سوتا .لە ٣١/١٢ کچێک لەلایەن براکەیەوە لە دێیەکی سەر بە کفری دەکوژرێت. ئەم ژنە کەیسەکەی لەلای فەرمانگەی گەرمیانی ڕوبەڕوبونەوەی توندو تیژی دەبێت و بە فەرمانی دادوەر ڕادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە. لە ٤/ ٣١/١٢ ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵ لە گەڕەکی ئەندازیارانی شاری هەولێر بەدەستی برایەکی بە کلاشینکۆف دەکوژرێت. ٥/ ٢/١ کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە ماڵەکەی خۆی بەهەڵواسراوی دۆزرایەوە. ٦/ ٥/١ تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی گوڵان کە ٥ فیشەک بەسەریەوە ندرابوو لە ٣٥ کیلۆمیتری شاری هەولێر دۆزرایەوە. ٧/ ٦/١ کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ کە ئاوارەی سوریایە لە هەولێر ڕفیندرا و لەلایەن ٦ کەسەوە دەستدرێژی کرایە سەر. ٨/ ٧/١ کوڕێک بەدوای ئەوەی کە کچێک دەکوژێت لە شاری سلێمانی خۆشی دەکوژێت. دیارە ئەم ئامارە تەنها مشتێکە لە خەرمانێک و تەنها ژمارەی ئەوانەیە کە بڵاوبۆتەوە، زۆرێک لە حاڵەتەکانی توندو تیژی و تیرۆری ژنان بە شاراوەیی لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە بەهۆی فشاری کۆمەڵایەتییەوە دەهێڵدرێنەوە. ئەمە تەنها قوربانیەکانی کوشتنن ،مانگ نیە کە ئامارەکانی بەڕیوەبەرایەتی توند تیژی دەردەچێت بە سەدان حاڵەتی لێدان و دەستدرێژی و ئەتک کردن و سوتاندن و کوشتنی تێدا نەبێت بە جۆرێک کە دەڵێی ئامارەکان دوبارەدەبنەوە ومەرگی ژنان تەنها بوەتە ژمارەیەکی مانگانە و بە بەرچاوماندا تێ دەپەڕێت .
لەبەرامبەر ئەمانەشدا دەسەڵات لە کوردستان بێدەربەستە بەرامبەر بە پرسی ژن، ئەم نمونانە لە کوشتنی ڕۆژانەی ژنان لە دوای چەند رۆژێک ڕویداوە لەڕۆژی بەرەنگاریبونەوەی توندو تیژی کە سەرۆکی حکومەت خۆشحاڵی دەربڕی بەرامبەر بەوەی کە دۆخی ژنان بەرەو باشتر ڕۆیشتووە!
ئەم دەسەلاتە لە ماوەی جەندین دەورەی پەرلەمان و کابینەی حکومەتیدا لەژێر فشاری بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستان چەندین جار بەڵێنی باشکردنی بارودۆخی ژنانیان داوە، بەڵام بەعەمەلی کاریان بۆی نەکردووە! ئەوەی کە ئیتر لامان ئاشکرایە کە دەسەڵاتی هەرێم نایانەوێت وەزعی ژنان بەرەو باشی بڕوات لەبەر ئەوەی ئەگەر ژنان کە نیوەی کۆمەڵگان هۆشیارببنەوە ئەوە بەزەرەری ئەوان و دەسەڵاتەکەیان کۆتایی پێدێت. لەنێو دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش کاتێک ژنێک ناچاردەکرێت بە خۆکوشتن، زۆر بەئاسانی دەڵێن خۆی هەلواسی و یان خۆی سوتاند و کەیسەکەی دادەخەن، بەبێ ئەوەی کە لێکۆڵینەوە بکەن لەوەی بۆ ئەو ژنە دەستی بۆ خۆکوشتن برد؟ پاڵنەرەکانی چیبوون؟ سەدان حاڵاتی سوتاندن و خۆسوتاندنی ژنان بە ” قەزا و قەدەر ” تۆماردەکرێت و لێپرسئنەوە و بە دواداچوونی بۆ ناکرێت، واتا فشارو توندو تیژی دەرونی هیچ جێگەو ڕێگەیەکی بۆ دانەندراوە. ئەگەر سەیرێکی سەنتەرە حکومیەکانی پارێزگاری لە ژنان بکەین بارودۆخیان ئەوەندە خراپە کە ژنان ئامادەن بکوژرێن یان بچنەوە لای کەس وکاریان تا ئەوەی لەوێ بمێننەوە.، تا ئیستا چەند ژنیک لە دوای ڕادەستکردنەوەیان لە ڕێگای دادگاوە بە کەسوکاریان کوژروان، ئەمە چەندین جارە لە دادگاکان ئەم کارە ڕودەدات و بە تەعاهودێکی بێ ئیعتبار کچان تەسلیمی کەسوکاریان دەکەنەوە. کوردستان لەسایەی ئەم دەسەڵاتە بۆتە شوێنێکی ئەوەندە نا ئەمن بۆ ژنان کە زۆر بە ئاسانی کچێک دەرفرێندرێت و دەستدرێژی بەکۆمەڵی دەکرێتە سەر. هەموو ئەم توند تیژیانە هەروا بە بەرچاوی کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا تی دەپەڕن ، بەڵام بۆ ژیانی هەموو ژنیک زیندانێکی خولقاندوە ئەم دیاردانە بوونەتە هۆکاری نائارامی لە کۆمەڵگادا و کاریگەری گەورەی لەسەر کار و خوێندن و هەڵس وکەوت و هاتو چۆی ژنان لە دەرەوەی جوارچێوەی ماڵ بە فروانی داناوە و لە ئەنجامدا کچان و ژنان ناچاربوون کە زیاتر لە کونجی ماڵدا بهێڵدرێنەوە. یاساکان لە کوردستان تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزن و هەرجەندە بەپێی یاسا ژن کوشتن قەدەغەیەو وەک هەر تاوانێکی تر سەیردەکرێت بەڵام زەمینە زۆر لەبارە بۆ حەشاردانی ژن کوژان یاخود ئازادکردنیان چ بە پشتیوانی بەرپرسان لە چەکدار و پیاوانی خۆیان یان بە یاسای لێبوردنی گشتی وە یان بە بریاری دادوەر و دادگا لە زۆربەی کەیسەکانی کوشتنی ژناندا بە بەهانەی لی خۆش بوون و نەبوونی شکایەت کەر کە زۆربەی کات لە ژێر فشاری سوڵحی عەشایەری و دەستتێوەردانی مەکتەبەکانی کۆمەڵایەتی و مەلا و پیاوانی ئایینی و بەرپرسان روودەدات. لە هەموو ئەمانەش خراپترئەوەی کە بەدیدەکرێت لە کوردستان ئەوەیە کە هەموو ستەم و چەوسانەوەیەک بەرامبەر بە ژنان ڕودەدات بەڵام کۆمەڵگای کوردستان ڕاناچڵەکێنێت و لەوانەش بەرەی ئازادیخواز و بەرگریکار لە کۆمەڵی مەدەنی و سەروەری یاسا و مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان.
ئازادیخوازوو یەکسانیخوازان، ئەی ئەوانەی کە کەمێک دڵتان بۆ یەکسانی ژن و پیاو لێدەدات. ئیعترازو ناڕەزیەتیەکانی ئەم دواییە بەرامبەر بە تیرۆری ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی و فشارهێنان بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوان و دەستگیرکردنیان، وەهەروەها هاتنە مەیدانی خەڵکی سەیدسادق و ناچارکردنی بەڵێندانی دەسەڵات بە جیبەجێکردنی داواکاریەکانیان و دەست لەکارکێشانەوەی بەرپرسانی ئەم شارە ئەوەمان پێدەڵێت کە تەنها ڕیگا بۆ بەدیهێنانی مافەڕەواکانمان هاتنە مەیدانمان و فشارهێنانە بۆ ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرست و پیاوسالارە. با بێدەنگیمان بشکێنین و بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەهێز بێنینە مەیدان بۆ باشکردن و بەجدی وەرگرتنی مەسەلەی ژنان لە کوردستان. باشکردنی بارودۆخی ژنان لە کوردستان تەنها بە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی یاخود بە تەنها ژنان ناکرێت، کێشەی ژنان کێشەی هەموو کۆمەڵگایەو دەبێت ئەم ناهەقیانە کۆمەڵگا بوروژێنێت و هەروەک کێشەکانی گەندەڵی و تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان بۆی بێتە مەیدان.
بابێینە مەیدان و داوابکەین: ١/ لە بواری یاسایی دا : یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ژمارە ٨ی پەرلەمان جێبەجێبکرێت و پیویستیەکانی جی بە جی کردنی بە تیر و تەسەلی دابین بکرێت . یاسای باری کەسێتی هەموار بکرێتەوە و هەموو ئەو هەلاوردنانەی کە لە دژی ژنان تێیدایە لاببرێن و لە جیگەیان مافی یەکسانی ژن و پیاو مسۆگەر بکرێت لە بوارەکانی هاوسەرگیری و جیابونەوە و سەرپەرشتی مندال و میراتی و.. هتد . یاسای سزادانی عێراقی هەموار بکرێتەوە و سزای “زینا ” هەڵبوەشیتەوە و کوشتنی ژنان وەک تاوانی بە ئەنقەست بە ئاشکرا راگەیەنریت و هیج یاسایەک نەتوانیت تەعنی بکات . هەموو ئەو ناکۆکیانەی لە یاسادا هەیە و بە زیانی کەیسەکانی ژنان لە دادگادا بەکار دەهێنرێت هەڵبوەشیتەوە . بەهیچ شێوەیەک یاسای لێبوردنی گشتی دەرنەکرێت لە کوردستان و بەو بەهانەیەوە ژن کوژان ئازادنەکرین .
٢/ خوێندن و پەروەردە : هەڵمەتی هۆشیاریکردنەوەی بەهێز دەستپێبکات لە کوردستان لەڕێگای سیستەمی خوێندن وپەروەردە ،هەموو جۆرە هەڵاوردن و جیاکاریەک چ لە نیو کتێب و وەسیلەکانی فیربوون و چ لە هەڵس وکەوت و مامەڵەی مامۆستایان و ستافی پەروەردەدا قەدەغە بکریت ، بە پێچەوانەوە بنەماکانی مافی یەکسان و هاوڵاتیبوون و ئینسادۆستی ببنە سەرچاوەی فێرکردن و خویندن ، لەم بارەوە پێکهێنانی لیژنە بۆ چونە ناو شوێنە گشتیەکان، گەڕەک و لادێکان. میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن کۆمەکی فراوان بکەن بە هەڵمەتی فیربوون و هوشیارکردنەوەی گشتی .
٣/کۆمەکی قوربانیانی توند تیژی : سەنتەری شیاو بۆ ژنان بکرێتەوەو بوجەی تایبەتی بۆ سەرفبکرێت، کەسانی پسپۆڕ ڕابهێندرێن بۆ ئەوەی کە بتوانن هەڵسوکەوتی ئینسانیانە لەگەڵ ئەم ژنانە بکەن کە ژیانیان لە خەتەردایە. ئەو کەسانەی بونەتە قوربانی توندوتیژی، لەبواری دەرونیەوە کۆمەکبکرێن و یارمەتی بدرێن بۆ ئەوەی کە بتوانن ژیانێکی نۆرماڵیان هەبێت ، وەهەروەها قەرەبووی مادی قوربانیانی توندوتیژی بکرێتەوە.
4/ نابێت ڕێگا بدرێت باجی ئەم توندوتیژییە بەردەوامانە، ژنان بیدەنەوەو ببێتە هۆکاری بەستنەوەی زیاتریان لە ماڵداو نائەمنیەتی ببێتە هۆکاری دابڕانیان لە خوێندن، کارکردن و بەشدارینەکردنیان لە لە بەڕێوەبردنی کایە سەرەکیەکانی کۆمەڵگا.ئەمەش ئەرکی دەسەڵاتدارانە کە بەر بەم فەزا کۆنەپەرستانەیە بگرێت و ئارامی بۆ هەموو تاکەکان لە کۆمەڵگادا دابینبکات.
ئیمزاکان
1- لاوژە جواد/ نوسەرو چالاکەوانی بواری یەکسانی ژن و پیاو/ دانیمارک
2- گۆنا سعید/ چالاکەوانی بواری یەکسانی ژن و پیاو/ بەریتانیا
٣- ئاسۆ کمال/ چالاکەوانی سیاسی کۆمۆنیستی کرێکاری/ بەریتانیا
4- ڕێکخراوی ژنانی کوردو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست/ بەریتانیا
5- ئاراس ڕەشید/ چالاکەوانی سیساسی لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان/ کەنەدا
6- جلیل ڕەزایی/ چالاکەوانی سیاسی کۆمۆنیست/ دانیمارک
7- موزەفەر عبداللە/ چالاکەوانی سیاسی/ ئوستوڕالیا
8- جەبار موستەفا/ هەڵسوڕاوی سیاسی/ ئوستوڕالیا
9- عامر موستەفا/ هەڵسوڕاوی سیاسی/ ئوستوڕالیا
10- حەسەن مارف/ چالاکەوانی سیاسی/ ئوستوڕالیا
11- چیمەن مارف/ چالاکەوانی بواری یەکسانی ژن و پیاو/ ئوستوڕالیا
12- زەینەب ڕەحیم/ چالاکەوانی بواری یەکسانی ژن و پیاو/ ئوستوڕالیا
13- گەشە حمید. خوێندکاری ماستەر/ تورکیا
14- ڕۆژ عزیز/ نوسەرو چالاکەوانی سیاسی/ تورکیا
15- ناز علی/ خوێندکاری زانکۆ/ سلێمانی
16- پێشڕەو ئیسماعیل/ چالاکی مەدەنی/ بەلجیکا
17- ڕەنجدەر گراوی/ چالاکی مەدەنی/ بەلجیکا
18- سۆزان سعید/ خوێندکاری دکتۆرا لە فەلسەفە/ بەلجیکا
19- ڕێکخراوی کوردستان فۆرم/ بەلجیکا
20- کارزان علی/ ڕۆژنامەوان/ بەلجیکا
21- هەندرێن هۆرامی/ ڕۆژنامەوان/ بەلجیکا
22- کارزان عمر/ کرێکار/ بەلجیکا
23- لوقمان سالح/ کرێکار/ سلێمانی
24- ئاکۆ کەریم/ ڕۆژنامەنوس. سلێمانی
25- چنار علی/ خوێندکاری زانکۆ/ سلێمانی
26- هێمن ڕۆژهەڵاتی/ خوێندکار/ بەلجیکا
27- هێمن سوهرابی/ چالاکەوانی مەدەنی/ دانیمارک
28- میدیا حسن/ وەرگێری زمانەوانی/ دانیمارک
29- لارس مەسن/ تەکنیکی کۆمپیوتەر/ دانیمارک
30- ئیلهام لەک/ خوێندکار/ دانیمارک
31- ئیبراهیم لەک/ بێکار/ دانیمارک
32- فەراسەت میرزایی/ کرێکار/ دانیمارک
هەر ڕێکخراوو کەسایەتیەک دەیەوێت پشتگیری لەم نامەیە بکات، دەتوانێت پەیوەندی بکات بە:
لاوژە جواد
lawzha@yahoo.co
گۆنا سعید
gona_saed@yahoo.com