Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

له‌ كوێوه‌ هاتی؟ … هێمن خورشید

Closed
by January 13, 2014 ئەدەب

 

 

 

 

ئه‌رێ‌ یار! 

تۆ.. به‌ من ناڵێی 

فریشته‌ بووی

یان كائینێكی ئاسمانی؟

ئه‌وه‌ تۆ له‌ كوێوه‌ هاتی 

ئه‌م هه‌موو جوانییه‌ت هانی؟

له‌ پشتی كام په‌رده‌ی ئه‌سرارۆ 

ده‌ركه‌وتی؟

ئه‌و گشت بۆنه‌ خۆشه‌ چییه‌

فه‌رشی زه‌وی و په‌رده‌ی ئاسمانت

پێ‌ ڕه‌نگكرد؟

هه‌ر تۆ هاتی، شادی هاتوو 

و هاتی هات و

ماتی ڕۆیی و

 لاتی چوو

ئه‌رێ‌ تۆ به‌ فریشته‌ش ناچی

ئه‌ی بۆچی هێنده‌ ته‌نكی؟

ئه‌ی چۆن ئه‌وه‌نده‌ ناسكی؟

چۆن هێنده‌ ته‌ڕو فێنكی؟

گوڵی كام باخی به‌هشته‌ت له‌ په‌رچه‌م و قژت داوه‌؟

ئه‌ی پاكتر له‌ پاكی

ئاوی كام ده‌ریای ئه‌وینه‌ت له‌هه‌گبه‌ی سه‌فه‌رت ناوه‌؟

ئه‌رێ‌ خۆ تۆ خۆت ده‌ریا نیت؟!

ئه‌ی ئه‌م هه‌موو مه‌نگی و بێده‌نگی و جوانییه‌ت

گوڵێ‌

له‌ كوێوه‌ هێناوه‌؟!

ئه‌ی بارانی داباریوی سه‌ر كێڵگه‌ و بێستانی

دڵی شه‌یدام

چۆن ئه‌م هه‌موو بڵێسه‌یه‌ی

هه‌ناوه‌ گڕگرتووه‌مت بۆ تا هه‌تایه‌ خامۆش كرد؟

ئه‌رێ‌ به‌هار!

تۆ چۆن وه‌ها له‌پڕ هاتی و 

پاییزی عومری زه‌ردمت

نغرۆی دونیای عه‌ده‌م كرد و 

زه‌مه‌نێكی به‌جێماوت فه‌رامۆش كرد؟

له‌ بوخچه‌ی كام فریشته‌وه‌ گوڵێ‌ 

كه‌وتیته‌ خواره‌وه‌

وا ئه‌وه‌نده‌ بۆنی ئاسمانت لێدێ‌؟!

له‌ سۆزدانی چ پیره‌ خواناسێكه‌وه‌ هاتیته‌ده‌ر

وا ئه‌وینت لێده‌چۆڕێ‌ و 

سه‌راپا شه‌ڵاڵی سۆزی؟

ئه‌رێ‌ هاورێ‌!

تۆ بڵێی به‌ هه‌ڵه‌ نه‌هاتبی بۆ به‌ر ده‌رگام؟

ئاخر من كه‌ی شایانی ئه‌م هه‌موو سۆزه‌م؟

كه‌ی شایسته‌ی ئه‌م گشت نه‌وازش و ڕێزه‌م؟!

ئه‌رێ‌ هاوژین!

تۆ هه‌ر به‌ڕاست هاتوی ببیته‌ هاوژینم؟

عه‌یامێكه‌ به‌بێ‌ هاوڕێ‌

هه‌ر ته‌ماشای ئاسمان ده‌كه‌م

زه‌مانێكه‌ به‌ بێده‌نگی چاوه‌ڕوانی باران ده‌كه‌م

ئه‌رێ‌ گوڵێ‌

 تۆ له‌گه‌ڵا كام دڵۆپه‌ی بارانا هاتی؟

له‌ ته‌ك كام په‌یامهێنی ئاسمانا هاتی؟

ده‌ك به‌خێر بێی!

 

 

3/11/2008

 

 

 

Previous
Next