Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
کەی ڤۆلێتری عەرەب دەردەکەوێت؟

کەی ڤۆلێتری عەرەب دەردەکەوێت؟

Closed
by January 13, 2014 گشتی

 

 

 

 

 

ساڵێ ٢٠١٣ وا دوا هەناسەی خۆی هەڵدەکێشێت، ئومێدەواربووم، کە بمانتوانیایە چەند ساتێکمان تەرخانبکردایە بۆ ئاهەنگێڕان بە بۆنەی ئەو ڕووداوە گەورانەی کە پێش ٢٥٠ ساڵ ڕوویانداوە، بەڵام کاروانی شکۆمەندی تێپەڕیی‌ بەبێ ئەوەی کەس ئاگاداریبێت‌و ئاورێکی لێبداتەوە.  ڕەنگە واچاوەڕوانیبکەن من مەبەستم لە ڕووداوێکی سیاسیی گەورە بێت، یان کەوتنی ئیمپراتۆرێک‌و دەرەکەوتنی دانەیەکی تر، یان باسم لە جەنگێکی گەورەبێت، یان شۆڕشێکی سیاسی گەورە… نا هەرگیز نا. مەبستم دەرکەوتنی کتێبێکە، بەڵێ تەنیا کتێبێکی بچکۆلەی ڤۆڵتێر. هەر بەم هۆیەشەوەیە، کە مێژوو بەروار تۆمار دەکەین لە پشتی کتێبەکان، بە نموونە دەڵێن: لە ساڵی ١٦٣٧ کتێبی”ئارتیکڵ لەسەر ڕێباز”ی دیکارت، لە ساڵێ ١٩٧٠ کتێبی “ئارتیکل لە سەر لاهوتی سیاسی”  سبینوزا، لە ساڵی ١٩٦٢ “ئیمل”‌و “گرێبەستی کۆمەڵایەتی” رۆسۆ، لە ساڵی ١٧٨١ “ڕەخنە لە عەقلێ پەتی” کانت، لە ساڵی ١٨٠٧ “فینۆمینۆلوجیای رۆح” هیگڵ..تا دوای؟ 

بەڵێ، دەرکەوتنی یەک دانە کتێب، گرنگترە لەو هەوموو تەقە تەقە ڕووکەشەییەی کە ڕۆژانە سەرمان دەیەشێنێت‌و وەرسمان دەکات، بەڵام هەرچ کتێبێک نا! پێویستە کتێبێک بێت کە سەردەمێکی نوێ لە مێژووی مرۆڤایەتییدا بهێنێتە ئاراوە. هەر لە سەرتاوە، وشەکان، ئاسۆ داخراوەکان بکەنەوەو ڕوناکی‌و تیشکەکانی، شەوی ئەنگوستەچاو روناککەنەوە.

کەواتە لێرەوەیە کە جوانی‌و بەنرخی بیرەکان‌و دەقە ئەدەبیەکان لە مێژووی نەتەوەکان‌و گەلەکاندا دەردەکەوێت. لەبەر ئەمە، نەتەوەو گەلەکانی جیهان شانازییەکیان نییە جگە لە داهێنانە گەورەکانیان نەبێت. پیاوانی سیاسی دەڕۆن‌و کاریگەریەک بەجێنا‌هێڵن لە سەر مێژوو، جگە لە پاڵەوانێتی. تەنیا فەیلەسوفەکان‌و شاعیرە گەورەکان‌ دەمێننەوە. ‌جارێک جاک شیراک هەمان قسەی کردو وتی: ئەوە بەس نییە کە سەرۆکی کۆماری فەرنسابیت بۆ ئەوەی ناوت لە لاپەڕەی مێژوودا تۆماربکەیت. تەنیا لە نێوانماندا دیگۆڵ دەمێنێتەوە، بەڵام ئێمە لەبیردەچینەوەو دەکوژێینەوە.. زۆر لام سەیربوو ئەو قسەیەی، لە کاتێکدا لە کەسێکەوە بکرێت کە زۆر گرنگی بە خۆی دەدات. خەڵکی پرسیاری ئەوە دەکەن: کێ بوو سەرۆکی فەرەنسا لە سەردەمی هیگۆدا، بە پێچەوانەوە پرسیار ناکەن، واتا ناڵێن کێ بوو فەیلەسوف‌و شاعیر‌و نووسەری گەوەرو داهێنەر  لە سەردەمی فڵان سەرۆکدا؟ پاشای ئەنگلتەر کێبوو لە سەردەمی شکسپیردا؟ ئەوانە پاشای ڕاستینە بوون: کە منەوەری گەورەی مرۆڤایەتی بوون، پاشای رۆح‌و بیر بوون. 

بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ لای ڤۆڵتێر. لە ساڵی ١٧٦٣دا کتێبەکەی بە ناونیشانی”لێبوردەیی” Tolerance  دەرکەوت. کتێبێکی بچووک کە لە سەد لاپەڕە تێناپەڕێت. خۆشبەختانەش تەرجەمە کراوە بۆ سەر زمانی عەرەبی بە شێوەیەکی نایاب لە لایەن ڕۆمان نووس هنرییت عەبودی ەوە. نووسینی ئەم کتێبە بەرپەەرچدانەوەیەکە لەسەر دەمارگیری دینی کە ئەو کاتە باڵی کێشابوو بەسەر وڵاتی فەرەنسادا. ئەم نووسینەی لەسەر ڕووداوێکی تۆقێنەر بوو، کە لە شاری تولوز دا ڕوویدا دژی خێزانی جان کالاس کە سەر بە کەمینەی پرۆتستانیەکان بوون. کاتێک کوڕە لاوەکەی خۆی کوشت، باوکیان تۆمەتبارکرد بەوەی خۆی کوڕەکەی خۆی کوشتووە بۆ ئەوەی بە زۆر قەدەغەی مەزهەبی کاسۆلیکی لێبکات! کابرای تووشی شۆک کرد: چۆن کوڕی خۆی لەسەر کارێک وا دەکوژێت، کە خۆشەویست‌و جگەرگۆشەیەتی؟! بە هەموو توانای خۆی بەرگری لە خۆیکردو نکوڵی لەم تۆمەتە کرد کە لە حاڵەتێکی هێندە حەپەسان‌و دۆشداماودا بوو کە وەسف ناکرێت. گەیاندیانە ژووری ئەشکەنجەدان‌و لە ژێر ئەشکەنجەدانێکی قورسدا گیانی لە دەستدا. 

کاتێک ڤۆڵتێر ئەمەی بیست، کەلەیی بوو، توشی شێتێتی بوو. ئەو کات زانی کە دەستی ڕەشی دەمارگیری دینیە کوێرەکان دەستی خۆیان وەشاند. کە دوژمنێکی سەرەکی ئەم بیرە بوو، هەموو ژیانی خۆشی لەم پێناوەدا دانا. هەموو توانا‌و پێوەندیە فراوانەکانی خۆی خستەکار لە پێناوی ئەم مەسەلەیەدا، تا لە دواجاردا توانی ڕاستیی مەسەلەکە بدۆزێتەوەو بێتاوانی تۆمەتباری کوژراو بسەلمێنێت، ئەو تۆمەتبارە بێتاوانەی کە دوو جار ستەملێکراو بوو: جارێک لەبەر ئەوەی کوڕەکەی لە دەستداوە، جارێکیش لەبەر ئەوەی خۆیان بە بێتاوان کوشت، ئەم چێرۆکە یەکێک بوو لە سەرکەوتنەکانی فەیلەسوفانی منەوەر بەسەر ستەمکارانی مەسیحیدا. هەندێک وا بیردەکەنەوە کە بەرگرییکردنی ڤۆلتێر لەو پیاوە بێتاوانە لەبەر ئەوە بووە کە پرۆتستانی بووە، بەڵام ئەمە هەرگیز وانییە. لەبەر ئەوەی جانکاڵاس یەکێ بوو لەو کەسانەی کە تەواو بڕوای بە بیری کاسۆلیکەکان هەبوو.   

لە ڕاستیدا ئەگەر ڤۆلتێر بەرگریبکردایە لە یەکێک لەوانەی بیرییان وەک ئەم وابوو رەنگە نووسینەکەی‌و بەرگریکردنەکەی هێندە هێزی نەبوایە. بەڵام بەرگری لە کەسێک کردوە کە لەگەڵ ئەمدا دژ بووە. هەتتا گیانی خۆی خستوەتە بەردەمی مەترسیەوە لەسەر ئەم مەسەلەیە. ئالێردایە مەسەلە گرنگەکە. مەسەلی تۆلێرانس. ڤۆڵتێر سەلماندی کە دەمارگیری دینی لە هەرچ لایەکەوە بێت ئیدانەکراوە، بیرمەندی ڕاستینە دەبێت  هەڵوێست لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا وەربگرێت کە بە ناحەق دەکرێت، کەسی تاوان لێکراو هەرکەسێک بێت. رۆشنفکر، ئەگەر بە ڕاستی ڕۆشنفکربێت، دەبێت هەڵوێست وەربگرێت دژی تایەفەگەریی‌و دەمارگیری مەزهەبی دینیی، نابێت ئەوە بکرێت بە پاساو کە ئەو تاوانانە لە نێو کەمینەیەکی دزێودا دەکرێت بۆیە پێویست بە هەڵوێست وەرگرتن ناکات، ئەم جۆرە قسانە لە ڕق‌و قینەوەیە کە نابێت ڕۆشنفکر بگرێتەوە ئەم رق‌و قینە لە دڵانە. ئەو نەتەوەیەی کە ڕۆشنفکرەکانی هەڵوێست وەرنەگرن لەسەر ئەم تاوانانە شەرمەند نیین. ڤۆڵتێر بەم جۆرە لاپەرەیەکی نوێی کردوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆشنفکرەکان‌و ڕۆشنبیریی، بیری حەق‌و دادپەروەری دامەزراند.

لەسەر ئاراستەی ڤۆڵتیر بوو کە چەپکێک لە روناکی لای گەورە ڕۆشنبیرانی فەرنسەوە دەرکەوتن، وەک فیکتۆر هیگو و ئیمیل زۆلاو جان بول سارتەر کە ئیدانەیەکی تەواوی فەرنسای کۆلۆنیالکەرییان کرد‌و بەهەموو جۆرێک بەرگریان لە جەزائیری کۆلۆنیالکراو کرد‌و لایەنی سەربەخۆیی‌و ئازادی جەزائیریان کرد. 

دواجار لەم ڕاستینەیەی ڤۆلتیر تێگەیشتنین: ئیدانەکردنی دەمارگیریی لای خەڵکانەوە ئاسانە، بەلام ئیدانەکردنی لای خەڵکانی ڕۆشنفکرەوە گرنگەو ئاسانیش نییە، ڕۆشفکری ڕاستینە ئەو کەسەیە کە لایەنی حەق دەگرێت‌و هەتتا ئەگەر ئەو مەسەلەی حەقە لایەنی دژیش بگرێتەوە، من دەزانم ئەم جۆرە لە ڕۆشنفکر کەم نیین لە وڵاتانی عەرەبیدا، بەڵام تا ئێستا بە شێوەیەکی کەمینە دەرکەوتوون. بۆ نموونە، (ئال خلیفە سوسن ئەلئەتبەح)، (ئەحمەد عەبدولمعتی حجازی)‌، (مشارئەلزایزی‌)، (عەلاء ئەلئەسوانی)‌، (رجا‌ء بن سەلامە) و (محمەد عبدولمتلب ئەلهونی)‌و هەندێکیتر.

 

http://www.aawsat.com/leader.asp?section=3&article=754449&issueno=12806

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.