Skip to Content

Friday, September 13th, 2024
رۆژنامه‌ و گۆڤار و په‌ڕتووک

رۆژنامه‌ و گۆڤار و په‌ڕتووک

Closed
by May 30, 2008 گشتی

 ……… خوێندنه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان
 فـه‌هـد گـرده‌وانـی……

 یه‌کێک له‌ کاره‌ هه‌ره‌ چاکه‌کانی به‌رچاوان له‌  هه‌رێمی کوردستان ، چاپکردن و ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه‌ و دابه‌ش کردنی ئه‌و هه‌مووه‌ گۆڤار و رۆژنامه‌  ، حیزبی و نا حیزبی و رێکخراو و کۆمه‌ڵه‌ و به‌لایه‌ن و بێلایه‌ن و تاقه‌که‌سی و کۆمه‌ڵکه‌سی یه‌ . شه‌قامه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ، به‌ رۆژنامه‌ و گۆڤار رازاندراونه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵکی له‌پێش دوکان و عاره‌بانه‌ی رۆژنامه‌ فرۆشان راده‌وه‌ستن و سه‌یری گۆڤار و رۆژنامه‌کان ده‌که‌ن . له‌ یه‌کێک له‌و دوکانه‌ بچوکانه‌ له‌سه‌ر پارچه‌ کارتۆنێک نووسراوه‌ {بیکڕه‌ ئینجا بیخوێنه‌وه‌ } ،له‌و گه‌نجه‌ فرۆشیاره‌م پرسی بۆ ئه‌وه‌ت هه‌ڵواسیووه‌ . له‌ وه‌ڵامدا گووتی : ئه‌وه‌نده‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان سه‌یرده‌که‌ن و ده‌یخوێننه‌وه‌ نایکڕن ، بۆمن هه‌ر دانه‌ی 250 دیناری تێدایه‌ {دۆلارێک 1220 دینار بوو} و به‌شی ماندووبوونه‌که‌م ناکات . هه‌ر جاره‌ی له‌ شوێنی خۆی دانانێنه‌وه‌ و به‌ ناڕێکی لاپه‌ڕه‌کان به‌جێ ده‌هێڵن . ئه‌و فرۆشیاره‌ لاوه‌ بۆ جاری چه‌نده‌م که‌ سه‌ردانم کرده‌وه‌ پرسیاری لێکردم : مامۆستا تۆ خه‌ڵکی کوێی . یه‌کسه‌ر گووتم خه‌ڵکی کۆریام ، نابینی چاوه‌کانم چۆنه‌ . به‌ شه‌رمه‌وه‌ گووتی مه‌به‌ستم هیچ نی یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پرسیارت لێ ده‌که‌م و ده‌پرسم چونکه‌ جه‌نابت رۆژنامه‌ و گۆڤار گه‌لێک ده‌کڕن و خه‌ڵکی بایی [حه‌وت هه‌زار] و [نۆ هه‌زار] گۆڤار و رۆژنامه‌ ناکڕی و که‌سی وه‌کو توم توش نه‌بووه‌ . له‌ وه‌ڵامدا گووتم کاره‌با نی یه‌ و ئینترنێت کزه‌ ، بۆیه‌ ناچارم رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کان رۆژانه‌ یان ماوه‌ به‌ ماوه‌ بکڕم و سه‌یریان بکه‌م و بخوێنمه‌وه‌ بزانم ئه‌و کاغه‌زانه‌ چی یان تێدایه‌ و باسی چی ده‌که‌ن ، خوێندنه‌وه‌ش ده‌رمانی مێشکه‌ . ئه‌گه‌ر ئینترنیته‌که‌ و کاره‌بایه‌که‌ یارمه‌تی ده‌ربوان منیش پێویستم به‌وه‌ نه‌بوو ئه‌و هه‌مووه‌ بکڕم . بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ بزانن چی له‌ هه‌رێمی کوردستان بڵاوده‌کرێته‌وه‌ وا ناوی هه‌ندێک له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌کان ده‌نووسمه‌وه‌  ئه‌وانه‌ی ده‌مکڕین و سه‌یرم ده‌کردن ئه‌مانه‌ بوون : هاوڵاتی..ئاوێنه‌..هه‌ولێرپۆست.. کوردستان راپۆڕت.. رێگای کوردستان .. ئاسۆ..هه‌واڵ..ئاڵای ئازادی..میدیا..رۆژنامه‌..خه‌بات.. لڤین.. رامان.. ژن .. کوردستانی نوێ..چاودێر.. خاک.. بارزان..خێزان..رووداو..هه‌رێمی کوردستان.. مێرگ..ستانده‌ر..گوڵان.. ئابووری سیاسی..هتد. جگه‌ له‌مانه‌ ده‌یان رۆژنامه‌ و گۆڤاری تر له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی کوردستان ده‌رده‌چێت .                          
  له‌کاتێکدا له‌و فرۆشیاره‌ و له‌ هه‌ندێک نووسه‌ر و خوێنده‌وارم پرسی ، ئایا رۆژنامه‌کانی زمانحاڵی یه‌کێتی و پارتی ، واته‌ کوردستانی نوێ و خه‌بات رۆژانه‌ چه‌ند ده‌فرۆشرێن و خه‌ڵکی مانگانه‌ چه‌ند ژماره‌ی ده‌کڕی . له‌ وه‌ڵامدا ئه‌و رۆژنامه‌فرۆشه‌ لاوه‌ شیرین و کاسبه‌ گووتی زۆر زۆر که‌م ده‌فرۆشرێت . خه‌ڵک هه‌ر سه‌یری سه‌ره‌لاپه‌ڕه‌کان ده‌کات . له‌ هه‌رێمی کوردستان تاقه‌ هه‌رێمی جیهانه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت به‌ گه‌وره‌یی خۆیی رۆژنامه‌ی حیزبی به‌سه‌ر دائیره‌کان و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت دابه‌ش ده‌کات و ئیشتراکی[ئابوونه‌ی] ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی باری حیزب سووک بکاته‌وه‌ و رۆژنامه‌ی حیزبی و سیاسه‌تی حیزبی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ر و کارکه‌رانی بڵاوبکاته‌وه‌ . پاره‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌درێته‌ رۆژنامه‌ی حیزبی . له‌ داموده‌زگا و دائیره‌کان نزیکه‌ی 15 هه‌تا 40 رۆژنامه‌ دابه‌ش ده‌کرێت و ئابوونه‌ کراوه‌ ، ئه‌ویش ته‌نها رۆژنامه‌ی خه‌بات و کوردستانی نوێ یه‌ . له‌و به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌تیانه‌ چه‌ند که‌س رۆژنامه‌کان ده‌خوێننه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و که‌سانه‌ وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ که‌ پاره‌ی رۆژنامه‌کان بۆ خه‌بات و کوردستانی نوێ به‌ڕێ ده‌که‌ن  . حکومه‌ت ئه‌گه‌ر خه‌بات و کوردستانی نوێ دابه‌ش نه‌کات ره‌نگه‌ هه‌ردوو رۆژنامه‌ بۆیان نه‌کرێت نه‌فه‌س بده‌ن و به‌رده‌وام بن له‌ ده‌رچووندا. خووره‌وشتی خوێندنه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌و کزی ده‌ڕوا و خه‌ڵکی ئه‌وه‌نده‌ هۆگری خوێندنه‌وه‌ نین . کتابه‌کان له‌ کتابفرۆشیه‌کان خه‌وتوون و تۆزیان لێ نیشتووه‌ ،  تیراژی چاکترین کتاب ره‌نگه‌ هه‌زار دانه‌ بێت ئه‌گه‌ر بێت و نیوه‌ی کتابه‌که‌ بۆ نووسه‌ر بفرۆشێت ئه‌وا ئه‌و نووسه‌ره‌ سه‌رقافڵه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ یه‌ و جه‌ماوه‌ری زۆره‌ .په‌ڕتووکه‌که‌ی مامۆستا [زرار سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی ساڵی 1927 له‌دایک بووه‌] به‌ناوی {بیره‌وه‌ریه‌کانم له‌ ساڵانی 1943 ــ 1977 دا} که‌ [506]لاپه‌ڕه‌یه‌ . له‌ بازاردا نه‌ماوه‌ و هه‌نووکه‌ به‌ گرانتر له‌بازاردا ده‌ست ده‌که‌وێت، ئه‌ویش ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو گوایه‌ پارتی هه‌مووی کڕیووه‌ و له‌ بازاری نه‌هێشتووه‌ . ئه‌من سوپاسی شاعیری گه‌وره‌ و تێکۆشه‌ر هاوڕێ [دڵزار] ده‌که‌م که‌ دانه‌ی کتابه‌که‌ی خۆی پێشکه‌ش کردم ، ئه‌گه‌ر چی نووسه‌ر مامۆستا زرار به‌ده‌ست خه‌تی خۆی رۆژی 12/10/2007 کتابه‌که‌ی پێشکه‌شی مامۆستا دڵزاری شاعیر کردبوو .ئه‌و کاره‌ی پارتی نابێته‌ له‌ناو بردنی کتابه‌که‌ی مامۆستا زرار ، به‌ڵکو بووه‌ هۆی زیاتر خوێندنه‌وه‌ی کتابه‌که‌ و خه‌ڵکی به‌دوایه‌وه‌ ده‌گه‌ڕان و هه‌وڵیان ده‌دا په‌یدای بکه‌ن . کاتی خۆی فه‌تواکه‌ی ئیمام خومێنی بۆ کوشتنی سه‌لمان روشدی کتابه‌که‌ی سه‌لمان روشدی زۆر بڵاوکرده‌وه‌ و بووه‌ هۆی چاپکردنه‌وی سه‌دان هه‌زاری و رێکلامه‌کی[پڕوپاگه‌نده‌ی] به‌لاشیش بوو بۆ سه‌لمان روشدی و به‌ جیهانی ناساند . باوه‌ڕم هه‌یه‌ له‌ شوێنی تردا ئه‌و کتابه‌ زله‌ی مامۆستا زرار چاپ ده‌کرێته‌وه‌ و بازرگانیشی پێوه‌ ده‌کرێت .ئه‌و حیزبانه‌ با زمانی دیالۆگ فێرببن . چاکتره‌ به‌ نووسین وه‌ڵامی نووسین بده‌نه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر زانیان نووسه‌ر مێژوو به‌راستی باس ناکات یان به‌راسگۆیی کاره‌ساته‌کان ناگێڕیته‌وه‌  . مامۆستایان پێویسته‌ قوتابیان و خوێندکاران له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی یه‌وه‌ فێره‌ خوێندنه‌وه‌ و موتاڵه‌عه‌ کردن بکه‌ن ، تاوه‌کو نه‌وه‌ی تازه‌ فێره‌ خوره‌وشتی خوێندنه‌وه‌ بکرێت . ئه‌و هه‌مووه‌ کاغه‌ز و چاپه‌مه‌نیانه‌ پێویسته‌ به‌ چاوێکی ریزه‌وه‌ سه‌یر بکرێت و باری رۆژنامه‌گه‌ری و نووسین فره‌وان بکرێت و تۆق و زه‌نجیر له‌ده‌ست و قاچی رۆژنامه‌وان بپسێنرێت .
                              
 15/5/2008ستۆکهۆڵم
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.