یاخیبوونێک بە بێ بەدیل
“بووم بە ژێر رۆژە خێراکانی مۆدێرنەوە”
داستان بەرزان
دەسپێک
نەوەی دوای راپەڕین خاوەن وزەیە، بەڵام ئەم وزەیە نە کەنالیزە کراوە، نە بە شێوەیەکیش کۆدەبێتەوە کە ببێتە هاندەرێک بۆ گۆڕینی نەخشەی کۆمەڵایەتی ؛ ئەم وزەیە بە نێو دەقەکاندا دەگەڕێ، وزەیەکی سەرشێتانەیە و شت وێران دەکات، بە گژ هەموو شتێکدا دێت و تەنانەت خۆشی بریندار دەکات. بە گژ رابردوودا دەچێت بە بێ ئەوەی کەرەسەکانی هەموو خەمڵێنراوبن بۆ کردنەوەی دەروازەیەک بەرە ئایندە، لە ئێستادا ئۆقرە ناگرێ، چونکە ئەم وزەیە لە سیاقەکانی خۆی گەورەترە ؛ بە خەیاڵ هەست دەکرێت لە ئایندەدا دەژی، یا لە نێو جیهانێکی گلۆبالیزەدا، بەڵام رەگوریشەکانی لە رابردوو ئاو دەخۆنەوە ؛ ئەو توێشووانە هەرس دەکەن کە بەروبوومی رابردووە، خودی ئەم رابردووە بەرجەستەکردنی ئاسان نییە. ریشاڵەکانی لە ئاووهەوایەکی کۆندا بڵاودەبنەوە کە دەیەوێ شۆڕشی بەسەردا بکات، بەڵام ناتوانێت، رەفزی دەکات، بەڵام نازانی بەدیلەکان چین.
بو کورتی خودی ژیان دەبێتە قەیران. هەناسەدان زەحمەتە، خەوتن نا ئاساییە، گەڕان و پیاسەکردن گەرای نامۆیی و تەغریبوون دادەنێن. نووسین فریادرەسێکی بێدەسەڵاتە چونکە ئەم نووسینە نەبۆتە بەرهەمی ژیان، بەڵکو لە رەفزکردنی ژیانەوە هاتۆتە بەرهەم.
شیعر لە چوارچێوەی “هەست و حیکمەت و تێگەیشتن”دا دەیەوێ خۆیمان پێ بناسێنێ. ئەم سێ کوچکەیە، دەبنە ئەو کۆڵەگانەی کە شیعری داستان بەرزانی لەسەر بنیات دەنرێ.
١- هەستکردنێکی نوێ دەیەوێ دەقەکان بنووسێتەوە
دەمێکە شیعری کوردی لە هەوارە زیهنییەکانەوە بۆ واقیع شۆڕبۆتەوە، ئەم شۆڕبوونەوەیە خاوەن پەرادۆکسی خۆیەتی ؛ چونکە خودی واقیع شوێنێکی شیعریی نییە، بەڵکو لە ئاڵۆزکارییەکی سەیروسەمەرە پێکدێت : ئایدیۆلۆژیا بە هەموو تەرحەکانییەوە، هەلومەرجی کۆمەڵایەتی بە رەهەندە قەیراناوییەکانییەوە، بارودۆخی سیاسی بە لایەنە هیشکئامێز و برینگەکانییەوە کە لە چوارچێوەیەکی تەسکدا کۆمەڵگا دەخوێنێتەوە. بۆیە واقعی کوردی، واقیعێکی شیعریی نییە، بگرە دژە شیعریشە. شاری سیخناخ بە بێ پلانی تەندروست هەناسەسواریی دروست دەکات، هاوردەکردنی کەرەسەکانی تەکنەلۆژیای نوێ بە هۆشیارییەکی نوێ، توێژێکی نامۆکار دەخاتە سەر ئەم واقیعە و تەنانەت دایدەپۆشێت ؛ ئینسان وەکو گەمەیەک بە دەستی گەورەکانەوە و گەورەکانیش گەمەیەکی دی بە دەستی هێزە نادیارەکانییەوە برەو بە “لیبرالیسمی نوێ” دەدەن کە دەرکەوتنە کێوییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا رەنگ دەدەنەوە.
ئەم واقیعە نامۆکارە، ئینسان تووشی گێژبوون دەکات. ئینسان ئاوڕ دەداتەوە هێچ شتێک نابینێ کە بۆ توێشووی ئەم سەفەرە بشێت، ئێستایەکی زڕ بەرەو رووی دەبێتەوە و ئایندە وەکو خەون و خەیاڵێک ژیانی پڕ لە بێهودەیی دەکات. چەمکەکانی مۆدێرنیتە سەرهەڵدەدات، بەڵام بە بێ پێگەیەکی فیکریی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی. لەم ژینگە نوێیە، ئینسان ئەو کائینە غەریبەیە کە ناگاتە ئەویتر، ئەویترێک کە ناگاتە ئێمە. تاک گڕیدراوی کۆیەکە کە ئەویش لە قوڵایی ناخییەوە هەست دەکات کە کار لە کار ترازوە ؛ داستان بەرزان دەڵێ :
دەستمان بە راستی بەر پێستی یەکتر ناکەوێت
بە راستی بۆنی یەکتر ناچێت بە سەرماندا
بە راستی لەرەی دەنگی یەکتر نابیستین ( لا ٣٣)
بۆیە هەستکردن بەوەی کە ئینسان خەریکە خۆی دەدۆڕێنێ، هەستێکی قووڵە لە لای داستان بەرزان، بەڵام ئەم هەستە خاوە، هەڵگری دەلالاتێکە کە وەکو نارنجۆکێک بەرەرووی خاوەنەکەی دەبێتەوە، تەنانەت بە روویدا دەتەقێتەوە.
گەورەترین کارەساتی فیکریی ئەوەیە کە ئینسان هەست دەکات کە ئیدی پەیوەندی لە گەڵ رابردوو نەماوە، یا بە واتەیەکی دی، کەرەسەکانی رابردوو قسەیان پێ نەماوە و زمانیان لە گۆچووە. ئەم لاڵبوونی رابردووە، لاڵبوونی ئێستاشی لێوە دێتە بەرهەم، چونکە ئەگەر بێت و ئارەزووی ئینسانی لە ساتەوەوختێکیدا چڕ ببێتەوە و ئۆخژنبەخشیی هەنووکەیش بێت، بەڵام ناتوانێت خۆی لە رابردوو داببڕێت.
دەقی شیعریش لە نێو ئەم دیالیکتیکە دەژێت، بەڵام بەجۆرێکی شاعیرییانە ئاودیوی خۆی دەکات و دەکەوێتە شەڕ لە گەڵیدا. هەموو هوروژمێکی راستەقینە بەرەو ئایندە، لە تەقینەوەیەکی رابردووە دێتە دی، هەموو ئایندەیەک خەونێکی دێرینە. ئەمە بە تەواویی لە ململانیی نەوەکاندا خۆی بەرجەستە کردووە.
نەوەی شیعری دوای راپەڕین هەست دەکات سنوورێک لە نێوان ئەوان و رابردوودا هەیە، هەست دەکات کەلەپووری “باوک” ئیدی فریای خواستەکانی ناکەوێت، هەست دەکات دروشمە سیاسییەکان هی قۆناغە بەسەرچووەکانن، هەستیش دەکات شتێک لە گۆڕاندایە، بەڵام …؟ گەورەترین پرسیار بە رەو رووی ئەم نەوەیە دەبێتەوە کە خودی نەوەکە لە توانایدا نییە بە وردی پرسیارەکە فۆرمولەی بکات، نەخوازەڵا وەڵامەکانیش :
نامەوێت بە پێیەکانی باوکم بڕۆم
نامەوێت سەروەرییەکانی باپیرەم بکەمە گوتار (لا ١٧)
“باوک” و “باپیرە” مێتافۆرێکی ئاشکرایە، کەلەپوورێکی لە قسەخراوە، نەهێنراوەتە زمان.
تێکەڵبوونی کەرەسەکانی مۆدێرنیتە بە رەقوتەقی، بە هیشک و برینگی، بە تەنهایی، ئەم هەستە لە لای شاعیر بەهێزتر دەکات. هەموومان تابلۆ بەناوبانگەکەی ئێدوار موینخ-مان بینیوە کە ناونیشانی “هاوار”ی دراوەتێ کە لە ساڵی ١٨٩٣ دروستکراوە و هونەرمەند دەڵێ ” گوێم لە هاوارێکی بەهێز بوو کە سروشتی دادڕی.”
ئەم سەرگوشینەی شاعیرە بە بێ وەڵام دەمینێتەوە، ئەمە ئەو پەرادۆکسەیە کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆی کرد ؛ ئەگەریش چمکە وەڵامێکیشی دەستکەوێت ئەوە دەیگەڕێنێتەوە بۆ هێزێکی نادیاریی میتافیزیکی “خودا، غەزەبت لێگرتووم!”ە
پەرادۆکسێکی شیعریی نییە، بەڵکو فیکرییە :
لە خەونمدا قژم قەوزەی شین دەگرێت
بە شەقامەکێدا رادەکەم
بە هەر دوو دەستم سەرم دەگوشم
هاوار دەکەم : خودا غەزەبت لێگرتووم ( لا ٥٣)
ئەم واقیعە دژوارە ئینسانێک دروست دەکات و کەرەسەکانی بیرکردنەوەی پێ نابەخشێت..ئەگەر لە ” بواری دەستەواژەیی” دەقەکانی داستان بەرزان بڕوانین، دەبینین لە لایەک دژ بە “باوک” و “باپیرە” وەکو خوازەیەک بۆ کەلەپووری رابردوو بەکارهاتووە، لە هەمان کاتیشدا هەمان دەستەواژەی ئەوان بەکار دەهێنێت و لە فریادرەسێک دەگەڕێت ؛ وەکو لە دوو دێری خوارەوە دەبینرێت. شاعیر پەنا دباتە بەر پاڕانەوە، پاڕانەوە لە چی؟
هیچم لە دەست نایەت بیکەم
تەنیا دەپاڕێمەوە ( لا ٦٦)
خودی شاعیر هەست بەم دووفاقییە دەکات ؛ دەزانێت رابردوو دەبێتە بارستایی ؛ ئەگەر ئینسان خۆی لەو رابردووە پاک کردەوە ئەوە دڵشاد دەبێت :” مرۆڤی بێ رابردوو شادومانە
ئەوە من ناگرێتەوە ( لا ١١٦)”
٢– حیکمەت فریادرەسێکی قەیراناوییە
شاعیر لە زۆر شوێن وێنە و دێرە شیعری وامان بۆ دەنووسێت کە لە حیکمەتەکانی رۆژهەڵاتی دێرینەوە نزیکن. حیکمەت چڕکردنەوەی ئەزموونەکانی ژیانە و هەوڵدانێکیشە لە رێژەییەوە بەهایەکی جیهانیی، تەنانەت گەردوونی پێ ببەخشرێت. حیکمەت لە ناواخندا دژە شیعر خۆی پڕ چەک دەکات، چونکە شیعر ناتوانێت مەنگ بێت وەک ئاوێکی وەستاو، شیعر تەنها ئەو دەنگەیە کە لە خوڕەی ئاوەکانەوە گوێمان لێی دەبێت. حیکمەت ئاوێکی وەستاوە! شیعر ناتوانێت باسی وچانی ژیانمان بۆ بکات، زمانی شیعریی لە توانایدا دییە، ئەزموونەکانی ژیان بە شێوەیەک چڕ بکاتەوە بۆ هەموو زەمان و سەردەمێک بشێ! شیعر هەندەی جوولەکان دەنووسێتەوە، هەندە ناتوانێت مەنگیی تۆمار بکات.
بۆیە حیکمەت کاتێک ئاودیوی دەقێکی شیعریی دەبێت، ئاوس دەبێت بە قەیران. قەیرانێکی دوو فاقەیە، لە لایەک دەکەوێتە شەڕ لە گەڵ خودی خۆی، لە لایەکی دیکەش دژ بە واقیع، بەڵام واقیعی جەنجاڵی ئێمە بە حیکمەت چارەسەر ناکرێت، ئەگینا لە مێژدابوو، هەموو جۆگەلەکان رێڕەوی زەریای حیکمەتییان دەگرتەبەر و گرفت و کێشەکان چارەسەر دەبوون. دونیا بە راوێژ و نەسیحەت بەڕێوە ناچێ!
وانەکانی ئەخلاق فریادڕەس نین، چونکە ئەخلاق لە دووپاتکردنەوەی قسە نەستەقەکان پێکنایەن، لە وانە ئامۆژگارییەکانەوە نایەتە بەرهەم، بەڵکو وانە راستەقینەکانی ئەخلاق لە لێپرسراوییەوە دروست دەبێت، واتە لە پەروەردەکردن و دامەزراندنی پێگەکانی دادپەروەری و داڕشتنی یاساگەلێک کە ئەوانەی سەرەوە بە هەند وەرگرێت. زەمین گەورە بێت یا نا، هیچ لە هاوکێشە راستەقینەکەی ژیان ناوگۆڕێت، ئینسان لەوەی ئێستا زەبەلاحتر بێت یا بچووکترین قەبارەی هەبێ، هیچ لە مێژووی بەشرەییەت ناگۆڕێت. یەکێکی وەکو ڤۆلتێر لە حەکایەت فەلسەفییەکانی ئاماژە بۆ ئەم دیاردانە دەکات، بە تایبەتی لە حەکایەتی ” میکرۆمێگا = هەرەبچووک و هەرەگەورە”. فیکریی رێژەیی دەهێنێتە نێو فیکریی فەلسەفەی فەرەنسییەوە.
ئەم حیکمەتەی کە شاعیر تێکهەڵکێشی کردووە، وانەیەکی ئەخلاقییە بە بێ کاریگەریی :
مرۆ دەبێت لە ئاسمانەوە سەیری خوارەوە بکات
تا تووشی وەهمی گەوەرەیی زەوی نەبێت ( لا ٧١)
مێژووی رۆشنبیریی کوردی، بە هەڵبەز و دابەزی مەنهەجیدا تێپەڕیوە، بەلكو بە بێ مەنهەج گەشەی کردووە، تووشی ساتمەی زۆر گەورە بووە، وەکو سەمەندەر لە خۆڵەمێشی خۆی زیندووبۆتەوە، کەرەسەکانی بە تەواوی نەخەمڵاون و زۆر ئەستەمە ئاقارەکانی دیاریی بکرێن. لە تێکەڵوپێکەڵییەک پێکدێت، رەنگە پەنجا ساڵی دیکەش بە تەواوی هێور نەبێتەوە تا رێڕەوی خۆی بدۆزێتەوە. ئەم نامەنهەجییە لە بەرزترین ئاستدا رەنگی داوەتەوە، ئەگەر دەستەواژەکەی گاستۆن پاریس بهێنینەوە یاد، باس لە “بێدەنگی سەدەکان”دەکات ؛ لە لای ئێمە، تەنانەت ئەو سەدانەی کە بێدەنگیش نەبوون، زۆر بە روونی گوێمان لە قسەکانی نابێت.
ئەم نا مەنهەجییەتە هەر لە پێناسەکانی ئێمە بۆ ڕۆشنبیریی دەست پێدەکات تا رۆڵی رۆشنبیر و ئەرکەکانی نووسین و پەیوەندی سەرجەم ئەم چالاکییانەش لە گەڵ ژیاندا. ژیان جەوهەرە، نووسین پاشکۆیە، نووسین هەرگیز نابێتە جەوهەر ئەگەر بێت هەستمان کردبێت خودی ژیانمان دۆڕاندووە. ئەم لێکدانەوەیە و ئەم پەیوەندییە سنوور لە نێوان چاخەکانی ناوەند و چەرخی راپەڕین دادەنێت. مۆنتێن-ی نووسەر و بیرمەندی فەرەنسی سەردەمی راپەڕین بە وردی ئاماژە بۆ ئەم پەیوەندییە نوێیە دەکات.
ژیان ناچێتە نێو هاوکێشەی بردنەوە و دۆڕانەوە، چونکە ئێمە بازرگانی لە گەڵ ژیان ناکەین، بەڵکو هەوڵ دەدەین ڕێڕەوەکانی بگۆڕین، کەرەسەکانی ئەم گۆڕانکارییانە دەستینیشان کەین هتد.
کە ژیانم دۆڕاند
زانیم نووسین گرینگە ( لا ١٣٩)
٣- تێگەیشتن لە جیهانێک سرک
نەوەی دوای راپەڕین هەست ناکات ئەو دونیای کە گەورەکان دروستیان کرد، هی ئەو بێ. بە پێچەوانەوە هەست دەکات، ئەم دونیا نوێیە هەندەی هی ئەوانەیە کە درەستیان کردووە، هەندە ئەوان خۆیان ناکەنە خاوەنی. موفارەقەی خەونەکانی سیاسی و خەونی نووسەران.
ئەم جیهانە سرکە ؛ نازانین بەرەو کوێ رێڕەو وەردەگرێت. هەرێم بە رووی دونیادا کراوەتەوە ؛ بەڵام لە خۆمان دەپرسین بە رووی چی کراوەتەوە. ئەگەر ئەم کرانەوەیە لە شەستەکان بوایە، ئەوە رەنگە گەورەترین گۆڕانکاری لە کوردستان رووی دابا، ئەگەر لە حەفتاکانیش ئەم گۆڕانکارییانە رووی بدایە، ئەوە ئیمڕۆ ئێمە لە جیهانێکی دیکە دەژیان، بەڵام کرانەوەی ئیمڕۆ بەرەو دونیایەک کە خودی دونیاکە لە قەیرانە سوودەکانی زۆر سنووردارن. کرانەوەی هەرێم بە رووی دونیا لە ئاوڵوێرکردنی کەلوپەل و خولانەوەی سەرمایە زیاتر هیچی دیکە نییە، هیچ بەهایایەکی پێ نییە جگە لە دروشمەکانی “مافی مرۆڤ” و “مافی ژنان” و “مافی منداڵان” هتد، ئەم مافە بنچینەییانەش زۆر بە مەعلانی لە لایەن سیاسەتەوە ئیشی لەسەر دەکرێ و لە سەر زەمینەی واقیعیش زەربەی لێدەوەشێنرێت.
کەواتە تێگەیشتن لەم جیهانە نوێیە ئاسان نییە. لەبەر یەک هۆکار، کەرەسە وکلیلەکانی کردنەوەی کۆد و نهێنییەکانمان لە لا نییە. هەر ئەم تێنگەیشتنەیە، دەرگاکانی رابردوومان بۆ دەخاتە سەر گازەرای پشت، کاتێک ئایندە نابینرێت، رابروو نەک تەنها بە جوانی، بەلکو روونتر لە پێشچاومان خۆی نیشان دەدات. هەست و خەیاڵەکانمان بە شێوەیەک دەبزوێنێ و دەیەوی پێمان بڵێ دوێنی دونیا جوانتر بوو. بەڵام ئایا دوێنی بە راستی دوێنێ جوانتر بوو، یا ئەمە خۆ هەڵخەڵەتاندنێکە بۆ ئەوەی ئێستای پێ رازی بکەین؟
بیر لەو رۆژگارە دەکەمەوە
دارستان بە راستی سەوزبوو ( لا ٣٠)
یەکێک لە گۆڕنکارییە قوڵەکانی کۆمەڵگەی کوردی دروستبوون و چەکەرەکردنی کۆمەڵگەی شارە، رەنگە هێشتا سەرەتایەک بێت، بەڵام ئەم سەرەتایە بە روونی دیارە. تاکو دوێنێش شاری کوردی لە کەڵەکەبوونی ئینسان و سەرجەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە هی چاخەکانی ناوەند بوون، پێکهاتبوو. شار گوندێکی گەورە بوو. یەکێک لە بەرهەمەکانی کرانەوەی هەرێم بە رووی دونیا دروستبوونی شارە. سەرمایە لە شوێنێک کۆدەبێتەوە و ئیدی سەرجەم پەیوەندییەکان لە دەوری ئەم چەقە خۆیان رێدەخەن. دەکرێ بوترێت کە سەرمایە بە مانا هەرە سادەکەی لە سەرجەم ئەو سەرمایانە پتەوتر و بەهێزترە کە بوردیۆ ( سەرمایەی کەلتووری، سەرمایەی پەروەردەیی، رەمزی هتد) باسی لێوەدەکات.
ئەمەش دیسانەوە دەبێتە مایەی قەیران. کۆمەڵگەی شار بە ئاسانی دووڕویی کۆمەڵایەتی قبوڵ دەکات. شار واتە گۆڕانکاریی خێرایی رۆڵ و سیما و روخسارەکان. نمایش جێگای کارەکتەری راستەقینە دەگرێتەوە. باسکال، فەیلەسووفی سەدەی حەڤدە، زوو دەیوت “ئینسان بە ماسکەوە پێشدەکەوێ.” مۆلییەر لە شانۆنامەکانی ئەم کارەکتەرە دەخاتە ژێر میکرۆسکۆبەوە و بە پێکەنینەوە ئەم گاڵتەجاڕییەمان نیشان دەدات.
ئەم هەستە لە کۆمەڵگەی کوردی لە گەشەسەندن دایە ؛ کێ هەست دەکات بەم دیاردەیە ؟ داستان بەرزان بە روونی و بە پێ پێچ و پەنا پێماندەڵێ :
درۆ دەکەین دەقیقەیەک بڕدەکات
ماسک نەبێت هەموو دەمرین ( لا ٣٤)
ماسک و مۆدێرنیتێ دوو دەستەخوشکن پێکەوە هەڵدەکەن. ئەوانەی لە گوندەوە دێنە شار خێرا هەست بەم دیاردەیە دەکەن، ئەوانەی لە کوردستان –گوندەوە دەچنە ئەورووپا خێرا هەست بەم دیاردەیە دەکەن. لەم نێوەندە وا هەست دەکرێت سۆز و عیشق و خۆشەویستییەکان لە ناودەچن، ئینسان ون دەبێ. بەڵام ئەوەی ون دەبێ، خۆشەویستی نییە، سۆز نییە، تەنانەت عیشقیش نییە، بەلكو شێوازەکان، گوزارشتکردن لەم حاڵەتانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بە واتایەکی وردتر، زمانە کە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
لە کۆتایی حەفتاکان گرووپی پینک فلۆید ئەلبومێکی مۆسیقا لە ژێر ناونیشانی “دیوار” دەهێننە کایەوە و لە ساڵی ١٩٨٢ دکرێتە فلیم، دوای چەند ساڵێکی دی یلماز گونەی فلیمێک بەم ناونیشانە دروست دەکات. پینک فلۆید ئاماژە بۆ بە کەرەسەکردنی ئینسان و تەنانەی بە مێگەلکردنی ئینسان دەکات. رقێکی روخێنەر لە ناو ئینساندا گەشە دەکات و دونیا دەبێتە بەربەست و بە دیوار هەڵدەچنرێ…ئینسان لەم گەردوونە هەند بچووک دەبێتەوە کە ئیدی هەموو بەهاکانی ون دەکات.
ئەم هەستکردنە لە هەرێم لە ژێر پەڕەمووچی شاعیردا دەنووسرێتەوە :
لە ئاهێک دەکەین، لە گەردەلوولی بیاباندا
سەیرکە چەندە ونین ( لا ٣٥)
لە رۆژەکانی مۆدێرنەدا کەس عاشق نابێت
مایە پووچن ئەوانەی دەسووتێن
کەس خەون نابینێت
خەیاڵ مایەی بەدبەختییە
دەبێت شەو و رۆژ لە خودا بپارێینەوە
بمانکوژێت، خودا، بمانکوژێت. ( لا ٣٦)
ئەوەی جێی بایەخ و سەرنجە لە لای شاعیر، نەبوونی هێزی دروستکردنە، یاخیبوون، تێکدانی نەمەتی شیعرنووسینە. ئەم هەستە قووڵە، هەستێکی تراژیدیائامیزە، چونکە ئینسان بەرەو کارەساتی راستەقینە پەلکێش دەکات، وەڵامی شاعیر دەبێ لە ئاستی ئەم هەست بێت و نارنجۆک بخاتە نێو دێرە شیعرەکانییەوە. لای پینک فلۆید هەست بە داهێنانە مۆسیقاییە دەکەین کە لە ئاستی ئەو هەستەیە کە ئینسانی دونیای مۆدێرن هەستی پێدەکات…بەڵام زۆر بە داخەوە شاعیر پێمان دەڵێ :
بەیانییەک ماوە خەبەرم بێتەوە
ژیان تۆزێک باش بووبێت ( لا ١١٢)
حەز دەکەین ئاماژە بۆ نەمەتێکی نووسین بکەین کە ئیمڕۆ لە کوردستان لە لایەن شاعیرانێکی زۆرەوە پەیڕەو دەکرێ، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ منداڵیی. ئەم گەڕانەوەیە هەڵاتنێکە لە ئێستا و خۆماندوونەکردنیش بۆ درەستکردنی ئایندە. هیچ نکوڵییەک لەوەدا نییە ئەم دروستکردنە لە ئاستی تاکەکەسیش ئەنجام بدرێت.
هەروەها ئەم گەڕانەوەیە ئەگەر تێکەڵکێش نەبێت لە گەڵ گۆڕانکارییەکی بونیادگەرایی لە ناواخنی زمانی شیعری، ئەوە بە “پاشەکشەکردن-نکوص” دەبێ بخوێندرێتەوە. ئێمە دەزانین کە شیعر زەمانی نییە، بەڵام زمانی هەیە. بۆیە رەهەندە کاتییەکان دەکرێ بە جۆرێک تەوزیف بکرێن کە لە خزمەتی دروستکردنی زمانێکی نوێی شیعریی کۆتایی بێت. ئەگینا رۆمانسییەتێک باڵی خۆی بەسەر ئەم جۆرە شیعرییانە دەکێشێت کە کەلەپووری شیعری رۆمانسی خەزینێکی بۆ جێهێشتووین کە بە تەواوەتی تینوتیمان بشکێنێ.
ئەمە بە هیچ جۆرێک مانای ئەوە نییە کە ئاوڕ لە رابردوو نەدرێتەوە ( موفرەدە، شوێن، یادەوەری، کەرەسە، ئاماژە…هتد) بەڵام دەبێ بە شێوەیەکی نوێ کە لە ئاستی خواستە شیعرییەکانی ئیمڕۆمان بێت، بەکاربهێنرێن.
ئەم “پاشەکشییە” لەم وێنە شیعرییە بە جوانی دەردەکەوێت. یاخیبوون بە زمانی منداڵ بۆ ئەوەی دەسەڵات و سەروەری خۆی بسەپێنێ!!
شەوان مەنوو
بەرد بگرە ماڵە دراوسێکان
زەنگی دەگاکانیان بشکێنە
ریگەمەدە کەس بە گەڕەکەکەتدا بڕوات ( لا ١٣٠)
ئەو چەند رێرەی کە لەسەرەوە لەمەڕ “دووڕوویی کۆمەڵایەتی” شار نووسیمان، خەریکە دەچێتە دوو تۆی هۆشیاریی شاعیرەوە. هەست دەکات کە ژیان شانۆنامەیەکە و کارەکتەرەکان دەبێ گەمەی خۆیان بکەن. ئەمەیە دونیای نوێ. درکردن و هۆشیاریی لەمەر دروستبوونی شار و تێکچڕژانی بەرژەوەندییەکان و سەودا و ئاڵوێرەکان دەبنە سەنگی مەحەک و بە هەنگاوی یەکەم دەبێ بژمێردرێت، واتە دوای درکردن بەم حالەتانە چۆن شیعر بنووسینەوە؟
لە نێو ئەم “دونیا بێ رۆح و بەتاڵە”ی کە شاعیر بەمجۆرە ناوی دەبات، پرسیار ئەوەیە : چۆن شێوەکانی گوزارشکردنمان دەسکاری بکەین، یا بە پێچەوانەوە، چۆن ئەم واقیعە نوێیە، ئەم “دونیا نوێ” زمانی شیعریی خۆی بسەپێنێ. دونیای نوێ بە بێ زمانی نوێ، واتە هەیکەلێکی بێ ناوەڕۆک! رەنگە ئەم پرسیارێکی جەوهەری بێت کە ئاراستە نەوەی دوای راپەڕین بکرێت!
دونیا ئەوە نییە خەڵکیت لە خۆت خۆشتربووێت
دەبێت لەسەر هەموو هەموو پەتێک یاریی بکەیت
بەمجۆرە دونیا بێ رۆح و بەتاڵەکەی
ناوی لە خۆی ناوە “دونیای نوێ” ( لا ١٤٢)
ئەحمەدی مەلا
ژێدەر :
لەمەڕ تابلۆکانی میونخ بڕوانە ئەم سەرچاوەیە :
https://www.google.fr/search?q=le+tableau+cri&tbm=isch&tbo=u&source=univ&sa=X&ei=UDiOUp6jL6ar0QWL-oDwAQ&ved=0CD4QsAQ&biw=1366&bih=629