Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
چەلالیزمی عارف قوربانی! ….. ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

چەلالیزمی عارف قوربانی! ….. ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

Closed
by January 31, 2014 گشتی

 

 

 

 

لە رۆژی  ٣٠/١/٢٠١٤ کەناڵی روداو لە بەرنامەی کەوانەی سور چاو پێکەوتێکی لەگەڵ بەرێز نوسەرو رۆشەنبیر و چاودێری سیاسی عارف قوربانی پەخش کرد. لەو چاوپێکەوتنە ئەو بەرێزە پەنجەی بۆ چەند خاڵێک راکێشا کە راستەو خۆو ناراستاوخۆ چەند مەبەستیکی تایبەتی پێکا. چاوپیکەوتنەکە بە سێ ئاراستەدا ئاراستە کرا، میوانی بەرنامەکە بە هێمنانە مەبەستی خۆی لە هەرسێ ئاراستەدا پێکا کە بیگومان ئەو جۆرە مەبەستە لای کەناڵی روداویش ئامانج بو.

ئاراستەی یەکەم: مەرایی کردنی بەرێز قوربانی بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستانو بە تایبەتیش ناردنی پەیام بۆ هێرۆخودی خۆیو باڵەکەی، ئەویش بەوەی چەند بار دوبارەی کردەوە کە هەتا سەر ئێسقان جەلالیەو ئەندامێکی دڵسۆزی ئەو زارەوەیەی بەکار هێنا (جەلالیزم)ە. لە پەیامەکەشی بۆ هێرۆ باڵەکەی کە لە رێگای کەناڵی روداوەوە ناردی ، ئەوەبو کە هەر چەند ئەو لە رێزەکانی یەکێتی دەرکراوە! بەڵام ئەوهەرخۆی بە ئەندامیکی دڵسۆزی یەکێتی دادەنێو وە هەرملکەچی باڵی جەلالیە لە ناو یەکتێتیدا، بەبێشک ئەوەش بۆ ئەوەیە کە لە رێزەکانی یەکێتی وەربگێرێتەوە وە ئامادەیە هەروەک جاران ئەندامێکی گوێرایەڵی ئەو باڵە بێت ئەگەر ئەوان قبوڵیان بێت! 

ئاراستەی دوەم و سێهەم تێکەڵ بو :لەو چاوپێکەوتنە چەند جار دوپاتی کردەوە کە تاڵەبانی کەس ناتوانێ جێگەی بگرێتەوەو رۆڵەکەی پربکاتەوە. بێگومان لەو رستەیە دو مەبەستی گرنگی پێکا، یەکەم: دەیەوێ بڵێ کە دوای تاڵەبانی کەس لەوانەی سەرکردایەتیو مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە لەو ئاستەدا نین کە توانای ئەویان هەبێ کە یەکێتی وەکو ئەو بەرێوە بەرن وە یەکێتی رو لە شکەستە ئەگەر خەڵکی تازە نەهێنە پێشەوە، بە دڵنیایەوە یەکێ لەو کەسە تازانە مەبەستی خۆی بو ! وە دەوم مەبەستیشی ئەوە بو کە هەتا رێکخەری گشتی بزوتنەوی گٶڕانیش توانای  جێگە گرتنەوەی تاڵەبانی نیە!

بەرێز قوربانی کاتێ باسی لە هێنانە پێشەوەی خەڵکی تازە کرد بۆ سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گٶڕانیشی بە نمونە هێنایەوە وتی ” کاتێ کاک نەوشێروان بڕیاریدا جیابێتەو لە یەکێتی نیشتمانی ١٩ کادیر لە ئاستی سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵی رۆیشتنو بزونتەوەی گۆڕانیان دامەزراند، بەڵام رێکخەری گشتی ئەو بزوتنەوەیە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی ٢٠١٣ ئەو کەسانەی بەکارنەهێنا”،  ئەم برادەرە لەم نمونەیە چەند چۆلەکەیەکی بە یەک بەردکوشت، مەبەستیبو کە بە هەر ١٩ ئەندامەکە بڵێ کە ئێوە سەرەڕای پشتیوانی کردنتان لە رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەڵام ئیوەش وا ئیمرۆ لەو پرۆسە گرنگە پشتگوێخرانوهیج هەژمارێکتان بۆ نەکرا،  لە هەمان کاتدا دەیەوێ پێیان بڵێ کە ئێوەش ناشرینن لە ناو میللەت بۆیە رێکخەری گشتی ئەو بزوتنەوەیە متمانەی بە پێگەی جەماوەری ئێوە نەبو بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەکان! 

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکە، ئەو بەرێزە زۆر پێداگری کرد لە رۆڵی گرنگی تاڵەبانی بۆ پاراستنی یەکێتی رێزەکانی یەکێتی نیشتمانی ونزیک کردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی سەرگۆرەپانی سایاسی عیراق بە تایبەتی شیعەو سونە. لێرەدا  پرسیارێکی گرنگ خۆی دەهێنێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە، ئەگەر تاڵەبانی کەسایەتیەکی وا بەهێز بو ئەی بۆچی نەیتوانی یەکێتی ناو رێزەکانی یەکێتی نیشتمانی بپارێزێ؟ بزوتنەوەی گۆڕان لە هەناوی یەکێتی دروست بو کاتێ تاڵەبانی لە هەرەتی بەهێزی دەسەڵات بو لەسەر ئاستی هەرێمو کوردستان کە کاک نەوشێروانو ١٩ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە یەکێتی نیشتمانی جیا بونەوە، ئەم جیابونەوەیە بە یەکێ لە زەربە هەرە توندەکان هەژماردەکرێ لە مێژوی ژیانی سیاسی یەکێتی نیشتمانی.سەرەرای ئەوەش لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ساڵی ٢٠١٠ تاڵەبانی خۆی هەستا بە بانگەشە کردن بۆ یەکێتی نیشتمانی بەڵام لە هەڵبژاردنەکان یەکێتی شکەستی هێنا بە تایبەتی لە پارێزگای هەوڵێر بە تایبەتی تریش لە کۆیە کە تاڵەبانی خۆی لەوێ وتاری پێشکەش کردو داوای لە خەڵک کرد دەنگ بە لیستەکەی بدەن! 

 لە درێژەی چاوپێکەوتنەکە، بەریز قوربانی تەئکیدی کردەوە لەوەی کە رێچەڵەکەی تاڵەبانی لەناو یەکێتی نیشتمانی بە “جەلالیزم” پێناسە دەکرێ وە رەگی جەلالیزم دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردو. ئەوەی سەیرە کە ئەو رۆشەنبیرە چۆن لەو زاراوەیە گەیوە! بێگومان ئەم زاراوەیە لەسەر وەزنی مارکسیزم ، سۆشیالیزم ، ریالیزم و کۆمۆنیزم.. هیترە. ئەم زاراوانە لەسەر بنامایەکی فکری فەلسەفی زانستی مێژوی دارێژراوە لەسەر ئاستی جیهان کە بە هەزاران هەزار هەواداریان هەیە، هەروها نوسەرانو رۆشەنبیرانوزانایانی دونیا لەسەر ئەو بنەمایە ئەو زاراوانە لە نوسینەکانیان بەکاردەهێنن، لەپاڵ ئەوەش لە زۆردانیشگای جیهان کە باس لە سیستەمی سەرمایەداری دەکرێ بە تایبەتی لە بەشی پەیوەندی پیشەسازیەکانو دابەش بونی چینەکانی ناو کۆمەڵگاو ئابوری، فەلسەفەی مارکسیزم یەکێکە لەو فەلسەفانەی کە وەکو ئەساسیاتێک هەمو زانایەکانو مامۆستایانی ئەو بوارانە بۆی دەگەرێنەوە. ئەوەی کە جێگەی سەرسورمانە بەرێز قوربانی ئەو زاراوەی “جەلالیزم” لەسەر چ بنەمایەکی فکری، زانستی، فەلسەفیو مێژوی دارشتوە و بەکاری دەهێنێ؟ وە تا چ ئاستێ لەنێو کۆمەڵگای نێونەتەوەی و رۆشەنبیرانی دونیا ئەو زاراویە ئیعترافی پێکراوەو لایەنگرو هەواداری هەیە، تاوەکو بەوجۆرە بینەرو بیسەری کۆمەڵگای کوردی پێ چەواشە بکرێ، ناوی رێچەلەکەی تاڵەبانی لە ناو یەکێتی نیشتمانی بنێن “جەلالیزم”؟ ئەم بەکارهێنانە بە دڵنیاوەو بە متمانەیکی زۆرەوە دەڵیم کە هەڵەیەکی گەوریە لە زانستی نوسیندا بەتایبەتی بۆ کەسێ کە ناوی بچێتە لیستی رۆشەنبیرو نوسەرو چاودێری سیاسی!!

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.