
پرسیارگه‌لێك بۆ یه‌كێتیی نووسه‌رانی به‌ڕێز
به‌ڕێزانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد، لقی سلێمانی، سه‌ره‌تا سڵاوی خۆمتان ئاراسته ده‌كه‌م. به‌ڕاستی تووشی شۆك بووم كاتێك نووسینێكی ئێوه‌ی ئه‌زیز (د. شێركۆ عه‌بدولڵا، فوئاد سه‌ڕاج، ئه‌حمه‌د ئابڵاخی، سواره قه‌ڵادزێیی، سه‌لام مسته‌فا، ئه‌حمه‌د ڕه‌زا، به‌كر حه‌سه‌ن)م به‌ناوی (ههڵهبڕێك ده‌بێته ده‌مڕاستی یه‌كێتیی نووسه‌ران) خوێنده‌وه، كه گوایه وه‌ڵامی نووسینێكی (كارا فاتیح)ه. به بێ ئه‌وه‌ی نووسینه‌كه‌ی ناوبراو دوورونزیك هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به منه‌وه هه‌بێت، ئێوه به شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا په‌لاماری منتان داوه، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی له یه‌كێك له ژماره‌كانی گۆڤاره‌كه‌تان (نووسه‌ر) شیعرێكم بڵاوبۆته‌وه، كه‌چی ئێوه ئێستا خۆتان به ئاگا هاتوون، گوایه ئه‌وه شیعر نییه. بێگومان له توێژینه‌وه‌یه‌كی شیعریدا، ئه‌گه‌ر له په‌راوێزیشدا ئاماژه‌تان بۆ ئه‌و شیعره بكردایه و ئه‌و دهرئهنجامهتان بخستایه‌ته‌ڕوو، ئه‌وا به دڵنیایییه‌وه زۆر ئاسایی ده‌بوو واتان بوتایه، به‌ڵام له نووسینێكدا كه له ڕاستیدا جنێونامهیهكه، به ناڕه‌وا ناوی من بهێنرێت و هێرشم بكرێته سه‌ر، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی برای ئه‌و نووسه‌ره‌م، كه ئێوه قسه و جنێوی پێده‌ده‌ن، نه‌ك وه‌ڵامێكی بابه‌تییانه‌ی نووسینه‌كه‌ی، به‌ڕاستی پێ بزانن یان نه‌زانن، ئه‌م ڕه‌فتاره‌تان ته‌نها ده‌چێته خانه‌ی ڕه‌فتاری خێڵهكییانهوه، ئه‌ویش به‌وه‌ی، كه دوو كه‌س كێشه‌یه‌كیان ده‌بێت، ئیتر به جارێكی هه‌موو كه‌سوكار و بنه‌ماڵه تێوه ده‌گلێنن، بۆیه ده‌ڵێم تووشی شۆك بووم، چونكه ئێوه‌ی نووسه‌ران، ده‌بوو ڕه‌خنه له‌م ڕه‌فتاره خێڵه‌كییانه‌ی ناو كۆمه‌ڵگا بگرن، نه‌ك بیگوێزنه‌وه بۆ ناو نووسین و بیركردنه‌وه‌ی نووسه‌رانه‌وه.
خاڵێكی تر له‌وه‌ی كه تووشی شۆكی كردم، ئه‌وه بوو، به‌ڕاستی نووسینی ترم نه‌دیوه، له ته‌نها لاپه‌ڕه‌یه‌كدا چه‌ندان جنێوی ناشیرین و ده‌سته‌واژه‌ی بێ ئاستی تێدا بێت، كه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و ته‌مه‌نی ئێوه‌دا نایه‌ته‌وه و بۆ ئێوه جوان و گونجاو نییه به‌و زمانه بێنه قسه، هه‌روه‌ها كێشه‌ی تێگه‌ییشتن و جۆری هه‌ندێ ده‌ربڕینتان، نه‌ك هه‌ر تووشی شۆكی كردم، به‌ڵكو به ته‌واوی له توانای نووسینتان نائومێدی كردم. من به‌نیازم بووم بزانم ئێوه چۆن له (زمان، شیعر) تێگه‌یشتوون، كه‌چی كاتێك نووسینه‌كه ده‌خوێنمه‌وه، ده‌بینم تێگه‌یشتنی ئێوه بۆ چه‌مك و واژه ساده‌كانی (ده‌مڕاست،هه‌ڵه‌بڕ،تایپێست) نه‌گه‌یشتۆته ئاستی تێگه‌یشتنێكی زۆر سهرهتایییشهوه، هه‌روه‌ها هه‌ندێ شتتان وتوه، به‌ڕاستی نازانم بۆ بیرتان له‌وه نه‌كردۆته‌وه، كه ئه‌و شتانه ئه‌گه‌ر ڕاست بن، ئه‌وا هه‌ر زۆر عه‌یبه بۆ یه‌كێتیی نووسه‌ران كه شتی وا هه‌بووه، ئه‌گه‌ر ناڕاستیش بن، ئه‌وا بێگومان هه‌ر عه‌یبه‌یه، كه شتی ناڕاست ده‌ڵێن.
با ڕوونتر قسه بكه‌ین‌و بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه تووشی كێشه‌ی تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌ی مندا نه‌بن، هه‌روه‌ك چۆن تووشی كێشه‌ی تێگه‌ییشتن له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌ی (كارا فاتیح) و زۆر ده‌ربڕینی تریش بوون، كه له‌و نووسینه به‌كارتان هێناوه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی بڵاوكردنه‌وه‌ی لێره‌دا مسۆگه‌ربێت، به پێویستی ده‌زانم له شێوه‌ی پرسیار و به چه‌ند خاڵێك، ئاماژه بۆ ئه‌و تێگه‌ییشتنه ژێر سهرهتایییانهی ئێوه بكه‌م، كه له‌و نووسینه‌دا ئاشكراتان كردوه:
1- ئایا لای ئێوه تا ئێستایش شیعر وه‌زیفه‌یه‌كی عاتیفی و ئایدیۆلۆژی و هیومانیستیی هه‌یه و هه‌ر به ئاوازی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، مه‌به‌سته‌كانی شیعر بۆ (نیشتیمانی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی، دڵداری… هتد) پۆلێن ده‌كه‌ن و به ڕسته مهشهوورهكهی خۆتان، ده‌بێت شاعیر (ئه‌سپی خۆی له‌م بوارانه‌دا تاو بدات) ئینجا ده‌بێت به شاعیر؟ ئه‌ی هیچ خهبهرێكتان له تێكشكاندنی بونیادی چێژ و بونیادی حه‌قیقه‌ت له تێكستدا بیستوه؟ ده‌زانن ستراكتۆری تێكست به تێكشكاندنی ئه‌و بنه‌ما تهقلیدیییانه، بۆی هه‌یه ببێته سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی مانا و ئیستاتیكای نوێ له‌به‌رده‌م تێكستدا (دیاره لێره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده بوار هه‌یه له‌م بواره‌وه قسه بكه‌ین).
2- ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌تان (ههڵهبڕێك ده‌بێته ده‌مڕاستی یه‌كێتیی نووسه‌ران) وشه‌ی ههڵهبڕتان وه‌ك توانج به‌كارهێناوه، ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، ئێوه كاری (هه‌ڵه‌بڕی)یتان لا نزم و هیچ و كه‌مه. ئێوه‌ی یه‌كێتیی نووسه‌ران ده‌زانن چ ههڵهیهكتان كردوه، ئێوه ئه‌گه‌ر بتانزایبایه په‌یامی نووسین چییه، یان خودی نووسین چییه، هه‌رگیز به‌و چاوه‌وه له‌و كاره‌تان نه‌ده‌ڕوانی؟ ئێوه ده‌زانن هه‌ڵه‌چن، هه‌ڵه‌ی ناو نووسین ڕاست ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌یش واته پاككردنه‌وه‌ی زمانی نووسه‌ر، ئه‌و زمانه‌ی كه ده‌گات به خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌تر بێـت و چاكتر بگات، واته ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره نه‌بێت، یان به باشی ئه‌نجام نه‌درێت، بۆی هه‌یه ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان تێكست و خوێنه‌ر مه‌یسه‌ر نه‌بێت، ڕه‌نگیشه ئێوه بێخهبهربن له‌وه‌ی، به‌شێكی زۆری كتێبی كوردی كه ئه‌مڕۆ ناخوێنرێته‌وه، هۆیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و كتێبانه له‌ڕووی ههڵهچنییهوه بایه‌خیان نه‌دراوه‌تێ، یان كه‌مبوونه‌وه‌ی خوێنه‌ر بۆ زۆربوونی هه‌ڵه‌ی چاپی ناو كتێبه‌كان بگه‌ڕێته‌وه.
با قسه له‌و دیده ناهیۆمانسیتی و ناعهقڵانییهیش نه‌كه‌ین، كه به چاوێكی نزم سه‌یری زۆر پیشه ده‌كات، هه‌رچه‌نده بۆ نووسه‌ر هه‌رگیز ئاسایی نییه و نه‌بووه خاوه‌نی ئه‌م دیده بێت، ئه‌وه ته‌نها كۆمه‌ڵێك سه‌رمایه‌دار یان ده‌سه‌ڵاتداری بێ هیچ سه‌رمایه‌یه‌كی مه‌عریفی هه‌ڵگری ئه‌م دیده‌ن، كه به چاوی نزم له پیشه‌كانی تر ده‌ڕوانن، به‌ڵام با بێینه‌وه سه‌ر كاری هه‌ڵه‌بڕ، هه‌ڵه‌بڕ كار له‌گه‌ڵ تێكستدا ده‌كات، جگه له ڕاستكردنه‌وه‌ی هێماكانی زمان، له ڕێنووس و داڕشتنی ڕێزمانی نووسینه‌كه ورد ده‌بێته‌وه و ده‌یانخاته‌وه سه‌ر بارێكی ڕاست، به‌م پێیه‌یش زمان كه‌ره‌سته‌ی ئیشكردنی ئه‌و كه‌سه‌یه، كه پێی ده‌ڵێن هه‌ڵه‌چن، ئایا ئێوه ئه‌گه‌ر له گرنگیی زمان تێبگه‌یشتنایه و بتانزانیبایه فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندانی دونیا، ئه‌مڕۆ زمان له فیكر جیا ناكه‌نه‌وه، ئاوا له‌م كاره‌تان ده‌ڕوانی؟ ئایا ده‌زانن توێژینه‌وه‌كانی بواری زمان‌ناسی په‌لیان بۆ زۆر له بواره ئهنسرۆپۆلۆژییهكانی تر هاویشتوه و بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ توێژینه‌وه زمانه‌وانییه‌كان، كاری زۆر له زانسته‌كانی تر ناكامڵ و كه‌موكوڕ ده‌رده‌چن؟ باس له‌وه ناكه‌ین له مێژوی فه‌لسه‌فه‌دا زمان چ گرنگییه‌كی هه‌بووه، به‌ڵام هه‌ر بۆ نموونه، هه‌وڵه نوێیه‌كانی ئه‌و بواره باس ده‌كه‌ین، دوای ئه‌وه‌ی زمانه‌وانی سویسری (فردێناند دی سۆسێر) تیۆره زمانه‌وانییه‌كانی خۆی خسته‌ڕوو، له زۆر له كایه زانستییه‌كانی تردا ئه‌م مۆدێله زمانه‌وانییانه‌ی كاریگه‌رییان ده‌ركه‌وت، له‌وانه: ڕۆلان بارت، له توێژینه‌وه‌كانی له بواری سیمۆلۆژیای ئه‌ده‌ب و ئیدیۆلۆژیا، بارت پێ وابوو، له‌ژێر ئیلهامی تیۆری زمانه‌وانیی سۆسێر، سیمۆلۆژیا سه‌رهه‌ڵده‌دات، هه‌روه‌ها (میشێل فۆكۆ)یش له كتێبه‌كانی (ئاركیۆلۆژیای زانین) و (سیستمی وتار) كه كار له‌سه‌ر مێژووی بیر ده‌كه‌ن، له تێڕوانین و دیدگا زمانه‌وانییه‌كانی سۆسێر كه‌ڵك وه‌ر ده‌گرێت، ژاك لاكانیش شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونیی فرۆیدی به زانستی زمانه‌وه به‌سته‌وه و، لیڤی شتراوسیش زۆر دیارده‌ی ناو كۆمه‌ڵگای وه‌ك ئه‌فسانه و سیستمی خزمایه‌تیی به به‌كارهێنانی تیۆریه زمانه‌وانییه‌كان خوێندۆته‌وه، لای جاك درێدا و ئاڵتۆسێریش به شێوه‌یه‌كی تر ئه‌م تیۆرییه زمانه‌وانییانه به‌كارهێنراون.
3- ئێوه چۆن له مانای (ده‌مڕاست) تێگه‌یشتوون، خۆ ئه‌مه زۆر سه‌ره‌تایییه، به‌ڕاستی سه‌یره، ئه‌مه به‌ڵگه‌ی هه‌ڵچوون و جنێودانه، بۆیه بیركردنه‌وه‌تان له خاڵی سفر نزیك بۆته‌وه، كهسێَك هه‌یه نه‌زانێت، ده‌مڕاست به یه‌كێك ده‌گوترێت، كه به ڕاست یان به ناڕاست خۆی بكاته نوێنه‌ر یان كوێخا و قسه‌كه‌ری لایه‌نێك، یان گروپ و كۆمه‌ڵێك و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه قسه بكات، نه‌ك ڕه‌خنه‌یان لێ بگرێت.
4- ئه‌ی كاری تایپێستتان بۆ كردوه به جنێو و توانج و به چاوی نزم ته‌ماشای ده‌كه‌ن، ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیا نوێیه، كه له خزمه‌ت هه‌موومان دایه و هیچ كارێكی به تایبه‌ت نووسه‌ران بێ تایپكردن مانای نابێ و به خوێنه‌ر ناگات، بۆچی لای ئێوه بێ بایه‌خ و نزمه؟
5- ئێوه چۆن بابه‌ت ده‌خوێننه‌وه و چۆن چۆنی تێی ده‌گه‌ن، من چه‌ند جارێك بابه‌ته‌كه‌ی (كارا فاتیح) م خوێنده‌وه، هه‌ستم نه‌كرد وتبێتی، نابێت فێستیڤاڵ ساز بكرێت، یان نابێت یادی نووسه‌ران و ئه‌دیبانی كۆچكردوو بكرێته‌وه، ئه‌و ته‌نها ڕه‌خنه له‌و شێوه فێستیڤاڵ و یادكردنهوانهی ئێوه ده‌گرێت، ئیتر نازانم تێگه‌یشتنی ئێوه بۆچی ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی وه‌رگرتوه؟
6- نووسیوتانه، ئاگامان لێی نه‌بووه (كارا فاتیح) ناوی خۆی وه‌ك ده‌سته‌ی نووسه‌ران خستۆته سه‌ر گۆڤاره‌كه، من ده‌پرسم له هه‌موو مێژووی ڕۆژنامه و گۆڤاری دنیادا شتی وا ڕووی داوه، یان ده‌شێت ڕوو بدات؟ گریمان له یه‌كێتیی نووسه‌ران ڕووی دا، باشه ئه‌وه عه‌یبه نییه بۆ یه‌كێتیی نووسه‌ران ئاگاتان لێ نه‌بێت یه‌كێك بێت و خۆی بكات به ده‌سته‌ی نووسه‌ران؟ به‌ڕاستی ئه‌م خاڵه ئه‌وه‌نده كۆمێدیی و ئابڕووبه‌رانه‌یه، بۆ (د. شێركۆ عه‌بدولڵا) ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی لقی سلێمانیی یه‌كێتیی نووسه‌ران نه‌بووایه، ئه‌وا كه‌ره‌سته‌یه‌كی زۆر جوان و نایاب ده‌بوو بۆ نووسینی گۆشه تهوساوییهكانی، سه‌یره خۆی عه‌یبه له هه‌موو دونیا ده‌دۆزێته‌وه، كه‌چی شتی وا له گۆڤاره‌كه‌ی خۆیدا ڕوو ده‌دات، یه‌كێتیی نووسه‌ران خۆیان دان به‌وه‌دا ده‌نێن، كه ئاگایان لێ نه‌بووه له پڕ گۆڤاره‌كه‌ی خۆیان هاتۆته به‌ر دهستو بینوویانه یه‌كێكی تر بووه به ده‌سته‌ی نووسه‌ران و نهیشیانزانیوه!!
7- نووسراوه ئێمه ئاگام لێ نه‌بووه بابه‌ت و وه‌رگێڕانی كرچوكاڵی بڵاو ده‌كرده‌وه، ئه‌م قسه‌یه ئه‌گه‌ر ڕاست بێ عه‌یبه‌یه بۆ یه‌كێتیی نووسه‌ران چۆن ده‌بێت ئاگایان لێ نه‌بێت، باشه ژماره‌یه‌ك، دوان، سیان، چوار، خۆ ئه‌و شه‌ش ژماره بابه‌تی له گۆڤاره‌كه‌دا هه‌بووه. ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه ڕاستیش نه‌بێت، ئه‌وا بێگومان عه‌یبه، كه قسه‌ی ناڕاست ده‌كه‌ن.
8- نووسراوه (كارا فاتیح) شیعرێكی برای خۆی بێ ئاگاداریی ئێمه له گۆڤاره‌كه‌دا بڵاوكردۆته‌وه، كه مه‌به‌ستتان له شیعره‌كه‌ی منه و هێنده‌یش بڕواتان به هه‌ڵوێسته‌كه‌ی خۆتان هه‌بووه، به‌شێك له شیعره‌كه‌ی منتان چاپ كردۆته‌وه، هه‌رچه‌ند به لاتانه‌وه شیعر نییه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان له‌وه‌یه گۆڤاره‌كه‌تان له‌به‌ر برایه‌تی و مه‌حسوبیه‌ت به‌كارهێنراوه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعرێكی من، ده‌پرسم، باشه ئه‌وه كه‌ی كێشه‌ی منه وا به‌و شێوه‌یه په‌لامار ده‌ده‌ن؟ باشه ئه‌ی ئێوه له كوێ بوون و خه‌ریكی چی بوون، ئاگاتان له گۆڤاره‌كه‌ی خۆتان نه‌بوو. خۆتان سه‌رنووسه‌ر و خاوه‌ن ئیمتیازی گۆڤارهكهشن، كه‌چی بێخهبهرن له‌وه‌ی مه‌حسوبیه‌ت و برایه‌تی و واسیته‌ی تێدایه؟ باوه‌ڕ ده‌كه‌م، خه‌ریك داهێنان بن، چونكه هه‌ر خودی به‌ڕێزتان له‌م وتاره‌دا ده‌ڵێن، ئه‌و حه‌وت ئه‌ندامه‌ی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی لقی سلێمانیی یه‌كێتیی نووسه‌ران خاوه‌نی ئه‌زموونن و هه‌ریه‌كه‌یان به‌قه‌د باڵای ئه‌و (مه‌به‌ست كارا فاتیح)ه، به‌رهه‌می پوخت و داهێنایان هه‌یه. من نه‌ك له هیچ شاعیر و نووسه‌رێكی كورد، به‌ڵكو له هیچ بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفێكی دونیایشم نه‌بیستوه به‌و شێوه‌یه باسی خۆی بكات. ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت ئێوه‌ی به‌ڕێز نه‌ك هه‌ر هیچ ئاگایهكتان له ئیشوكاری خۆتان نه‌ماوه و نازانن چ بهرپرسییهكتان له‌سه‌ر شانه، بگره له‌وه‌ش خراپتر، خۆشخه‌یاڵ پاڵتان لێ داوه‌ته‌وه، پێتان وایه له هه‌ره باشترین نووسه‌ره‌كانی كوردن و، مێژووی نووسین و فه‌رهه‌نگی كوردی به چاوی ڕێز و حورمه‌ته‌وه په‌نجه‌ی داهێنه‌ر و كه‌ڵه نووسه‌ر و شاعیری مه‌زن …هتد، تان بۆ ڕاده‌كێشێت، بێ ئاگان له‌وه‌ی له هیچ كۆڕ و كۆبوونه‌وه و وتوێژی ئه‌دیب و خوێنه‌رانی جیدی و خوێنه‌وارانی ئاسایییشدا ناوی به‌ڕێزتان، نه به چاك و نه به خراپ، له كوله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا نایه‌ت. من وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی، زیاتر له بیست و پێنج ساڵه به‌دوای نووسینی باش و كتێبی سه‌نگیندا ده‌گه‌ڕێم و ئاشنای هه‌موو كتێبخانه‌كانی به‌تایبه‌ت شاری سلێمانیم، ئاگاداری ئه‌وه بووم، كه زۆر كتێب به زوویی له بازاڕدا نه‌ماوه و نووسینی چه‌ندین نووسه‌رم بینیوه، كه خوێنه‌ری باش هه‌بووه و زۆر كتێبیش له كۆڕ و كۆبوونه‌وه و سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان بوونه جێگه‌ی باسوخواسی ئه‌دیبان و ڕۆشنبیران، به‌ڵام ڕۆژێك له ڕۆژان نه‌مبینی، كتێبێكی ئێوه‌ی به‌ڕێز، بچوكترین سه‌رنجی له‌سه‌ر بێت، یان كه‌سێك له كتێبخانه‌كان سۆراغی بكات، یان له سایه‌ی ئه‌و هه‌موو داهێنانه‌ی ئێوه‌ی به‌ڕێزدا، ده‌زگایه‌ك یان چاپخانه‌یه‌ك، یان كتێبفرۆشێك بچوكترین قازانجی مادیی كردبێت، ئه‌وه‌ی بیستوومه و جارجاره بووبێته جێگه‌ی پێكه‌نین (نه‌ك بیركردنه‌وه و گفتوگۆی جیدی) ته‌نها نووسینه هه‌ناسه كورت و سهرپێییهكانی (د. شێركۆ عه‌بدولڵا) بووه، كه له‌و بۆشایییه‌ی نووسینی كوردی له‌بواری ته‌وس (گنز- satire) هه‌یه‌تی، نووسینه‌كانی ئه‌م به‌ڕێزه خۆی به خوێنه‌ری كورد له‌و بواره‌دا ناساندوه، كه دڵنیام ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێك، كه‌مترین هۆشیاریمان به شێوه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی له‌سه‌ر نووسینی ته‌وس (گنز- satire) له لا سه‌ری هه‌ڵدا، ئه‌وسا تێده‌گه‌ین، ئه‌و نووسینانه، چ گورزێكی گه‌وره‌ی له‌م بواره داوه و چه‌نده تێگه‌یشتنی خوێنه‌ری كوردی بۆ ته‌وس (گنز- satire) به هه‌ڵه‌دا بردوه و، نه‌یهێشتوه ئه‌م بواره‌ی نووسین له ناو كورددا به شێوه‌یه‌كی ئاساییی خۆی له دایك بێت و به خوێنه‌ری كورد ئاشنا بێت.
ته‌وس كه بریتییه له نووسینێك بۆ مه‌به‌ستی ڕه‌خنه‌گرتن له دیارده خراپ و دزێوه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا و سیاسه‌ت و ژیانی مرۆڤ به گشتی، له ڕێگه‌ی زمانێكی كۆمیدییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ یان كه‌مترین توندوتیژی و به‌ریه‌ككه‌وتنێكی ڕه‌ق دروست نه‌بێت له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه لێگیراواندا، ئامانج لێره‌دا گواستنه‌وه‌ی خوێنه‌ر و له ئاستێكی باڵاتردا كۆمه‌ڵگایه‌ك له ناهۆشیاریی و جۆرێك له گێلێتییه‌وه بۆ هۆشیاریی و ئاگادارییه‌ك له‌و دیارده دزێوانه، هه‌روه‌ها ئه‌و زمانه كۆمیدییهیش كه به‌كارده‌هێنرێت، هه‌مان ئه‌و زمانه شه‌عبی و بازاڕیی و ساده‌یه نییه، كه وا تێگه‌ییشتووین كۆمیدیا ئه‌مه‌یه، به‌ڵكو له هه‌مووی گرنگتر، زمان ئه‌ركی خۆی ون ناكات، زمان له هیچ نووسینێك، چ كۆمیدی بێت یان كۆمیدی نه‌بێـت، ناچێته ژێر باری ئه‌و هه‌ڵه باوه‌ی، گوایه بۆ زۆرترین خه‌ڵك و تێگه‌یشتنه له پانتایییه‌كی به‌رین و فراواندا، ئه‌ركی زمان له نووسینی بابه‌تی كۆمیدییشدا، تێكشكاندنی ئه‌و مانایانه‌یه، كه له ئاستی واقیع و له ژیانی ئاسایی و ڕۆژانه‌ماندا بۆ كۆمیدیا و پێكه‌نین هه‌مانه، هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی نووسینه‌كانی ئه‌م به‌ڕێزه، به‌كارهێنانه‌وه‌ی ئه‌و له‌فزه ناشیرین و ده‌ربڕینه شهعبییانهیه، كه گوایه له كۆمه‌ڵگادا ڕه‌واجیان هه‌یه و به‌كارده‌هێنرێن، له كاتێكدا زمانی كۆمیدیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له زمانی نووسینی تر زیاتر ده‌گاته گوێی خوێنه‌ر و زۆرترین خه‌ڵك ده‌یبیستێت، ده‌بوو زمان و خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی ئێمه‌ی تا ڕاده‌یه‌ك پاك و هۆشیار و فراوان بكردایه‌ته‌وه، نه‌ك كۆمه‌ڵێك وشه و ده‌سته‌واژه و ده‌ربڕینی شه‌عبی، گوایه خه‌ڵك پێكه‌نینی پێیان دێت، دیسانه‌وه گه‌رم بكرێنه‌وه و زیندوو بكرێنه‌وه و بخرێنه‌وه سه‌ر زار.
ئه‌ركی نووسینی ته‌وس (گنز- satire) به بارێكدا گواستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه له گێلێتییه‌وه بۆ جۆرێ له هۆشیاریی له‌سه‌ر ئه‌و دیارده دزێوه‌ی لێوه‌ی ده‌دوێت، ئه‌م گواستنهوهیهیش به پێكه‌نینه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت، دواجار پێكه‌نینیش جۆرێك ده‌بێت له كرانه‌وه و چێژ له زانین، به‌ڵام به داخه‌وه نووسینی ته‌وس (گنز- satire) ی كوردی به تایبه‌ت نووسینه‌كانی به‌ڕێز (د. شێركۆ عه‌بدولڵا) ته‌واو ئه‌ركێكی پێچه‌وانه‌یان هه‌یه، ئێمه پێش ئه‌م نووسینانه، خۆمان جۆرێك له هۆشیارییمان له‌سه‌ر ناشیرینیی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا و نادادی و گه‌نده‌ڵییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگاكان هه‌یه، كه‌چی نووسینی ته‌وسی كوردی كاریگه‌ریی ئه‌م هۆشیارییه، بۆ دروستكردنی جۆرێك له كردار و به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی ئه‌و ناشیرینی و نادادی و گه‌نده‌ڵییانه‌ی ده‌گۆڕێته‌وه به پێكهنێنێكی هه‌رزان و دروستكراو و بێتام له‌سه‌ر ئه‌و دیاردانه، واته كۆی هۆشیارییمان ته‌نها پێكهنێنێكی هه‌رزان و سه‌رپێیی به‌ڕووی ئه‌و دیارده ناشیرین و ڕهخنهلێگیراوانهدا دروست ده‌كات. پێكه‌نین له‌بری چێژێكی ڕۆحی، ده‌بێته پرۆسه‌یه‌كی خۆخاڵیكردنهوهی ڕق و بێزاریمان له ئاست ئه‌و دیارده دزێوانه، ئاكامه سلبییه‌كانی ئه‌م حاڵه‌ته ترسناكهیش زۆرن، كه لێره‌دا چه‌ند خاڵێكیان ده‌خه‌مه‌ڕوو:
1- كۆی ئه‌و دیارده دزێو و ناشیرینانه‌ی، كه ئه‌م نووسینه تهوساویییانه به حیساب ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرێت، وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی پێكه‌نین ڕه‌واجیان پێ ده‌درێت، ئیتر لێره‌وه ئه‌م دیاردانه وه‌ك حاڵه‌تێكی ئاسایی دێن و تێپه‌ڕ ده‌بن و بگره وه‌ك ڕۆتینیش به‌رده‌وام ڕوودهدهنهوه.
2- ئه‌م نووسینانه ڕێگه له قووڵبوونه‌وه‌ی هۆشیاریی كۆمه‌ڵگا ده‌گرن له‌سه‌ر دیارده دزێوه‌كان، ئه‌ویش به‌وه‌ی به جۆرێك له خۆخاڵیكردنه‌وه به‌هۆی پێكه‌نێكی ده‌ستكرده‌وه، ئه‌م هۆشارییه ده‌گۆڕێت به گێلێتیی و ستاییشێكی نائاگایییانهیش به بكه‌ری دیارده دزێوه‌كان، به‌وه‌ی بوونه‌ته هۆی پێكه‌نین، چونكه پێكه‌نین هێمایه‌كی دڵخۆشییه.
3- ئه‌و زمانه شه‌عبییه‌ی گوایه زمانی كۆمیدیایه، هونه‌ریشی ساده و بێ ئه‌رزش كردوه، ئه‌ویش به‌وه‌ی كاتێك ئه‌م جۆره نووسینه تهوسانه له سیناریۆی فیلم و دراما و شانۆ … هتد كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گیرێت، كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری بێ مه‌عریفه و بازاڕی ده‌كاته كه‌ڵه هونه‌رمه‌ندی كۆمێدی و ناوبانگ ده‌رده‌كه‌ن، له كاتێكدا بچوكترین هۆشیارییان نه له‌سه‌ر هونه‌ر و نه له‌سه‌ر كۆمیدیا و، نه له‌سه‌ر فیلم و دراما و شانۆ … هتد نییه. ئه‌مانه به‌وه ده‌بنه پاڵه‌وانی ئه‌م بواره، چونكه ئه‌و زمانه شه‌عبی و بازاڕییه‌ی تێكسته‌كه‌ی پێ نووسراوه، نزیكه له جووڵه و هه‌ڵسوكه‌وت و قسه‌كردنی ئه‌مانه‌وه له كۆمه‌ڵگادا، ڕۆژانه‌یش ده‌بینین له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه، مه‌هزه‌له و كاری ئاست نزممان به كاری هونه‌ریی به‌رز به‌سه‌ردا ساغ ده‌كه‌نه‌وه و كه‌سانی وه‌هایش بوونه‌ته ئه‌كته‌ر و هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ، كه وشه‌یه‌كیان له‌سه‌ر هونه‌ر نه‌خوێندوه و نه‌خوێندۆته‌وه.
4- خاڵێكی تر له ئاكامه خراپه‌كانی ئه‌م جۆره نووسینانه، كه كه‌م كه‌س هه‌یه هه‌ستی پێ بكات، ئه‌ویش پچڕانی ته‌واوه‌تی ئه‌و ڕایه‌ڵه‌یه، كه له نێوان پێكه‌نین و فه‌نتازیای جوانیدا هه‌یه، ئه‌م نووسینه ته‌وسه خراپانه‌ی لای ئێمه باون، به‌شێوه‌یه‌كی توند و حه‌یاتی و له ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ناویه‌كداچوو و حاشاهه‌ڵنه‌گردا، ناشیرینی و دزێوییه‌كانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاتییان به پێكه‌نینه‌وه و گرێداوه. نیعمه‌تی پێكه‌نین كه وزه‌ی ژیان له مرۆڤدا بارگاویی ده‌كاته‌وه، له‌سه‌ر زه‌مینی جوانی ته‌ره ده‌كات و ده‌یكاته پاشكۆی ناشیرینییه‌كان، هه‌ر بۆیه له ژیانی واقیعدا ده‌بینین زۆر كه‌س هه‌رچه‌ند هه‌زه‌لی و قسه‌خۆشن، به‌ڵام قهسهخۆش و كۆمیدییهكانیان ده‌چنه خانه‌ی فشقیات و گاڵته‌جاڕی به دونیا و له ئاستی كه‌سێتی و له ئیشوكار و له په‌یوه‌ندییان به‌وانی تریشه‌وه، كه‌سانی ته‌واو خراپ و زه‌ره‌رمه‌ندن.
5- خاڵێكی تر له ئاكامه سلبییه‌كانی نووسینه تهوساوییهكان، ئه‌و ڕۆڵه خراپه‌یه كه له ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسییه‌وه ده‌یگێڕن، ئه‌ویش به‌وه‌ی بۆ لایه‌نی به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداران ده‌بنه خێر، ئه‌و ناشیرینی و نادادییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران دروستیان كردوه، له بری به‌ركه‌وتنی توند له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا دروست بكات و، به‌ر به كاره ناشیرینه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران بیگیررێت، كه‌چی له ڕێگه‌ی گۆڕینی ڕه‌خنه و ناڕه‌زایی خه‌ڵك بۆ كۆمه‌ڵێك ده‌ربڕینی فشقیات و خستنه پێكه‌نینی مرۆڤ له ئاست ئه‌و ناشیرینی و نادادییانهدا، له‌و لاوه ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسان وه‌ك هێمای خۆشی و به پێكه‌نین هێنانی خه‌ڵك و له‌و لاوه دیارده دزێوهكانیش به‌رده‌وام ده‌بن و زیاتر په‌ره‌ده‌سێنن، له‌م لایشه‌وه بیركردنه‌وه‌ی جیدی و وزه‌ی به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه لای خه‌ڵك به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره دزێوانه ده‌مرێنن، هه‌ر بۆیه بێ سه‌به‌ب نییه كه له‌ژێر باڵ و ڕه‌حمه‌تی ڕاگه‌یاندنی ده‌سه‌ڵاتداراندا كار و نووسینه‌كانی (د. شێركۆ عه‌بدولڵا) سه‌ر ده‌رده‌هێنن و پشتگیریی ده‌كرێن، ڕاگه‌یاندنی ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆیش به بێ ئاگایی خۆی له‌م ئاكامه سلبییانه و به ناهۆشیاریی له‌سه‌ر نووسینی ته‌وس (گنز-Satire) ده‌رگای بۆ ئه‌م جۆره نووسینانه خستۆته سه‌ر پشت.
ئه‌مانه هه‌مووی سه‌ره قه‌ڵه‌می خێرا بوون، له‌سه‌ر نووسینی ته‌وسی كوردی، له‌به‌ر بێ بواری به خێرایی ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر بابه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌م له گۆڤاری نووسه‌ردا، له ماوه‌ی ئه‌و ساڵونیوهی، كه حه‌وت ژماره‌ی گۆڤاری نووسه‌ری تێدا ده‌رچووه و (كارا فاتیح) له ده‌سته‌ی نووسینی بووه، من 8 شیعر و دوو لێكۆڵینه‌وه‌ی درێژم بۆ ئه‌و گۆڤاره ناردوه، به‌ڕێزانی یه‌كێتیی نووسه‌ران (ئه‌گه‌ر ئیمانتان به ئه‌رشیف هه‌بێت) حه‌تمه‌ن له ئه‌رشیفی گۆڤارهكهتاندا ماوه، به پێی ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی له (كارا فاتیح) وه‌رم گرتۆته‌وه، دوو لێكۆڵینه‌وه‌كه‌م به بیانووی درێژییانه‌وه بڵاو نه‌بۆته‌وه، له‌و هه‌شت شیعرهیش، كه بۆ حه‌وت ژماره‌ی گۆڤاری نووسه‌رم ناردوه، ته‌نها یه‌ك شیعرم بڵاو بۆته‌وه، به‌م پێیه‌ش هیچ مه‌حسوبیه‌ت و كه‌سایه‌تیی له‌م نێوه نه‌خوێنراوه‌ته‌وه، چونكه زۆر شاعیر و نووسه‌ر و چیرۆكنووس هه‌ن له‌م ماوه‌یه‌دا زیاد له چوار جار بابه‌تیان له‌م گۆڤاره‌دا بڵاوبۆته‌وه، من ته‌نها ویستوومه هاوكاریی گۆڤاره‌كه بكه‌م و له به‌رامبه‌ریشدا هیچ پاداشتێكم وه‌رنه‌گرتوه، ئیتر ده‌بێت ئه‌و هێرشانه‌ی به‌ڕێزتان له‌به‌ر چی بێت و له پای چی بێت، بێجگه له‌وه‌ی گوزارشت له لاوازیی تواناتان ده‌كات و، توانای دیالۆگێكی گونجاو و وه‌ڵامێكی لۆژیكییتان نییه بۆ ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له نووسینه‌كه‌ی (كارا فاتیح)دا هه‌ن و، كه‌وتوونه‌ته جنێو و تۆمهتداتاشین و په‌لاماری كه‌سانی تر. هه‌روه‌ها نووسیوتانه له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م شیعره، هه‌ڵوێست له (كارا فاتیح) وه‌رگیراوه‌و ده‌ركراوه، دیاره ئه‌گه‌رئه‌م قسه‌یه زه‌ڕڕه‌یه‌ك ڕاستیی تێدا بووایه، ئه‌وا من زۆر به‌داخ و خه‌مناك ده‌بووم به‌وه‌ی، هه‌ر كه‌سێك به‌هۆی منه‌وه تووشی ئاڵۆزی و ناڕه‌حه‌تی بێت، به‌ڵام نازانم چۆن و بۆچی به‌ڕێزانی یه‌كێتیی نووسه‌ران قسه‌ی وا ناڕاست ده‌كه‌ن، له كاتێكدا خودی ئه‌و گۆڤاره‌ی، كه هی خۆتانه ناڕاستیی ئه‌و قسه‌یه‌تان ده‌سه‌لمێنێت.
وه‌ك له‌سه‌ر به‌رگی گۆڤاره‌كه ئاماژه‌ی بۆ كراوه، ژماره (6)ی گۆڤاری نووسه‌ر، واته ئه‌و ژماره‌یه‌ی شیعره‌كه‌ی منی تێدا بڵاوكراوه، مانگی 7ی ساڵی 2012 ده‌رچووه، سێ مانگ دوای ئه‌وه، واته له مانگی 10ی ئه‌و ساڵه‌دا ژماره‌ی 7 ده‌رچووه‌و، ناوی كارا فاتیح هه‌ر له ده‌سته‌ی نووسینه و كاری له‌و ژماره‌یه‌یشدا كردوه، پاشان چه‌ندین جار له‌و ماوه‌یه و دوای ئه‌وه‌ش، كه بابه‌تم بۆ ئه‌و گۆڤاره ناردوه و له یه‌كێتیی نووسه‌ران سه‌ردانم كردوه، ئه‌و هه‌ر ده‌سته‌ی نووسه‌ران بووه، من ئاگادار بووم كه ژماره‌ی ههشتیشی له كۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا ئاماده‌كردوه، به‌ڵام خۆتان بڕیاری ڕاگرتنی گۆڤاره‌كه‌تان دا، واته دوای زیاتر له شه‌ش مانگ له بڵاوبوونه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ی من و كاركردن له دوو ژماره‌ی تری گۆڤاری نووسه‌ردا، كارا فاتیح هه‌ر له‌وێ كاری كردوه، به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی شیعری من هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر وه‌رنه‌گیراوه، نزیكه‌ی ساڵێك دوای ئه‌و شیعره‌ی من، ئه‌و هه‌ر له یه‌كێتیی نووسه‌ران ده‌وامی كردوه و چه‌ندین جاریش سه‌ردانم كردوه، وازهێنانیشی په‌یوه‌ندیی به ڕاگرتنی گۆڤاره‌كه‌وه هه‌بووه، ئیتر نازانم تۆمه‌تی وا بۆ و له پای چی داده‌تاشن؟ له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه، ئێوه‌ی به‌ڕێز وه‌ك یه‌كێتیی نووسه‌ران و وه‌ك نموونه‌یه‌كی زۆر شاز له مێژووی ڕێكخراو و سه‌ندیكای نووسه‌ران له جیهاندا هه‌ڕه‌شه‌ی دادگاییكردن و شكاتكردنتان له‌و نووسهرهتان كردوه، كه ماوه‌یه‌ك كارتان له‌گه‌ڵ كردوه و ئه‌ركه‌كانی ئێوه‌ی له ده‌ركردنی گۆڤارهكهتاندا ڕاپه‌ڕاندوه، ئه‌ویش ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌كی ساده و ئاسایی له ئه‌دای ئیشوكار و چالاكییهكانتانی گرتوه.