Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
قاقا بەمەرجی ئیهانە بەژن..!

قاقا بەمەرجی ئیهانە بەژن..!

Closed
by February 2, 2014 ژنان

 

 

 

 

 لەم دوایین سەفەرەمدا بۆ کوردستان، هەستم کرد زۆر شت هەبوو وە هەیە  کە پێویستە قسەیان لەسەر بکرێت و ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی گەورە بەدوای خۆیاندا بێنن.

لە یەکێک لەبەرنامەکانی کەنالی کوردسات بەرنامەیەکی کورتی ئێواران هەیە بەناوی “قاقا”. دیارە لەناوەکەیەوە ئامانج ئەوەیە خەڵک بخەنە قاقا. یەکێک لەو بەرنامەیەم بینی کە بەڕاستی خەلکی دەخاتە پێکەنین!! کەمێک تەماشام کرد و ویستم بزانم  ئەم پرۆگرامە چییە و ڕەنگە منیش تۆزێک لەو بێتاقەتیە بێمە دەرێ و کەمێک بمخاتە پێکەنین. بەرنامەکە ڕەنگە هەر ١٠ دەقیقەیەک بووبێت، بەحساب درامایەکی کۆمیدیە. ئەو ئێوارەیە باس لە ژنێک بوو کە مێردەکەی بەهۆیەوە دەوڵەمەند دەبوو، چونکە ژنەکە زۆر چەنەباز بوو تەنانەت چەنەبازترین و بەهێزترین پیاو ڕایدەکرد لەدەستی!!!!!

دیارە ئامانج لەم کورتە درامایە ئەوە نەبوو کە باسکردنی  زۆروتن لە مرۆڤدا وەک چەنەباز بخاتە بەرباس و ژێر ڕەخنە، بەڵکو پێکەنین و سەپاندنی ئەو وەهمە کۆمەڵایەتییە دێرینە و جووینەوەی ئەو نەریتە باو و دواکەوتووە بوو؛ کە بەڵێ ژن چەنەبازە!!! کارەساتەکە ئەمەیە: دەزگاو کەناڵێکی ئاسمانیی دێت ئاوا پەروەردەی مناڵ و گەورە و ژن و پیاو دەکات؟ ئاوا مێشکی خەڵک بار دەهێنن؛ بەوەی ژن چ دەعبایەکە و دەکرێت ببێتە جێگای مەسخەرەو پێکەنین و “قاقا”؟!! ئەگەر حیزبێکی ناو دەسەڵات و بە ئاگاییەوە ئەم کارە دەکات، ئیتر قسە لە چ ئاڵوگۆڕێک دەبێ بکرێت لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و ڕوانینی خەڵک؟ کە پەروەردەی خەڵک لەسەر قسە و قسەڵۆک، لەسەر وەهمی کۆمەڵایەتی دێرێن بکرێ، ئیتر چ چاوەروانیەک لەم دەزگایانە دەکرێ بۆ چاک کردن و ریفۆرم لەژیانی خەڵکدا؟ من دڵنیام ئەم کەنالە تەنها کەناڵ نییە و ئەگەر وردتر بڕوانین بەشێکی زۆری کەناڵەکان بەم جۆرە بینەر کۆدەکەنەوە و بەمەرجی ئیهانە بە ژن، خەڵك بخەنە “قاقا”. لەهەمووی سەیرتر ئەوە بوو بەلامەوە کە ئەو خانمە ئاکتەرە چۆن قبووڵی کردبوو ئەو ڕۆڵە پر لە ناشرینی و حەقارەتە سەبارەت بە ڕەگەزەکەی خۆی قبووڵ بکات؟

 

لەماوەی ١٠ دەقیقەدا ناشرینترین و گەورەترین سوکایەتی بە ٢ ملیۆن مرۆڤی کورد کرا کەچی زۆر سادە و ساکار بەسەر خەڵکیدا تێدەپەرێ و تەنها کەسێکیش سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵ و ستافەکە تۆمار نەکردو و داواکاری گشتییش وەک هەمیشە لەخەوێکی شیریندا نووستبوو. بەڵام لەسەر ماچێک -کە نموونەیەکی جوانی خۆشەویستی و ڕیزلێنان بوو لە ژن- ئەم داواکاری گشتییە لەخەوی هەزار ساڵەی ڕاپەڕی و کەوتە هەلەکە سەما.

بەشی زۆری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەو ڕۆڵە نێگەتیڤەیان کە هەیانە، کۆنترۆڵیان نییە لەسەر هیچ کام لەو پرۆگرام و بەرنامانەی پێشکەشی بینەری داماوی کوردی دەکەن، کە ئایا تا چەند پڕۆگرامهایەکی زانستین، مرۆڤانە و پەروەردەیین..؟ بەکام پێوەری پرۆفیشناڵییەتی و بەکام ستانداردی هونەری ئەم شتە تاڵ و سووا و دووبارە و ناخۆشانە دەرخواردی خەڵک دەدەن…؟! 

ڕێگا ڕەوف
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.