مەرگ لەدیدی نووسەرانی کوردەوە
هەر لەدێر زەمانەوە پرسی ” مەرگ و نەمری” پرسێکی گرینگ بووە لای مرۆڤ، گەر سەیری ئەفسانە کۆنەکانی گەلانیش بکەین، بەشێکی زۆریان گوزارشت لە خەونی ” نەمری” لای مرۆڤ دەکەن، بهتایبهتی ئەفسانەی ” گلگامیش” بەشێوەیەکی جددی ئەو پرسەمان بۆ دەردەخات.
لەلایەکی تریشەوە پرسی ” مەرگ” سەرەتا لەلای فەیلەسووفانی یۆنانی ، پانتاییەکی گەورەی بۆ خۆی داگیرکردووە. بەمشێوەیە هەتاوەکو فەیلەسووفانی پۆست مۆدێرن، پرسی مەرگ جێگەی بایەخ و شرۆڤەی ئەوان بووە، لێ کەسیان وەکو مارتین هایدیگەر ، خۆی بەم پرسەوە سەرقاڵ نەکردووە.
ئەو لەکاتی شڕۆڤەکردنی بوونی مرۆڤدا دەڵێت : بوونی مرۆڤ خۆی هەمیشە پەیوەندییی بە مەرگەوە هەیە ، مەرگ خۆیترین شێمانەی بوونە.١” واتە مەرگ هەمیشە لەگەڵ بوونی مرۆڤدایە ، یان شتێکه کەهەمیشە لەگەڵمان دەژی. ئەریک فرۆمیش ، خۆی زۆر بە پرسی مەرگەوە خەریککردووە. لەهەمانکاتیشدا باس لە دوو چەمکی نوێ دەکات ” نیکرۆڤیلی ، مەرگ دۆستی” و ” بیوڤیلی، ژیاندۆستی” لای کەسی ” ژیاندۆست” چاکە هەموو ئەو شتەیە کە لەخزمەتی ژیاندایە ، خراپەش ئەوەیە کەلە خزمەتی مەرگ دایە .٢ لای کەسی نیکرۆڤیلی ” مەرگدۆست” هەمیشە هەوڵدەدات کە بەرگێکی جوان ببەخشێتە مەرگ، بەپێچەوانەوە کەسی بیوڤیلی” ژیاندۆست” هەمیشە هەوڵ دەدات کە ژیان جوان و خۆشەویست بکات.
لای کەسی ژیاندۆست ، ژیان موقەدەسە، بەڵام لای کەسی مەرگدۆست، مەرگ شتێکی موقەدەسە.
لەناو نووسەرانی کوردا ئەم پرسە زۆر بەکەمی باسکراوە، لێ خۆشبەختانە لەم دوایانەدا کاک ” بڕوا بەرزنجی” کتێبێکی خۆی پێشکەشکردم ، کە بریتییە لە کۆمەڵێک دیدار لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری کورد ، کەتیدا باسی ” مەرگ و بەهەشت و وەسیەت” کردووە.
سەرەتای کۆدیدارەکە بە ” بەختیار عەلی” دەستپێدەکات و دیدی خۆی لەمەڕ پرسی مەرگ و ئەودونیا دەخاتە روو. بەختیار عەلی دەڵێت : ( مردن هەمیشە لەگەڵماندایە، من لەنووسەرە ژیاندۆستەکانم بەلام باوەڕم بە فەرامۆشكردن و یادکردنی مردن نییە. ل ٢٤)
پاشتر دەڵێت: ( هەتا عەشق قووڵ بێت مانای ئەوە نیە، کە شەرعیەت ببەخشێتە مردن، عەشق موقەدەسە ، بەڵام ژیان لە عەشق موقەدەسترە. ل ٢٧)
ئەو باوەڕیشی بە وەسیەتکردن نییە . ( کە مردم با خێزانەکەم و هاورێکانم بڕیار بددەن لە کوێ بمنێژن ، ئەوەم بەلامەوە گرینگ نییە. حەزم دەکرد لە قۆناغێکدا بژیم ڕێزێکی زیاتر بۆ نووسین و نووسەر تێدابێت ، بەڵام من لە قۆناغێکدا ژیام ، ڕێزی شڕترین کاڵا لە ڕێزی نووسەری ڕاستەقینە زیاترە، بەلامەوە گرنگە لە کۆمەڵگایەکدا بژیابامایە بە زیندوویەتی لە نووسەرانی بپرسێت لە کوێدا دەژیت ، نەوەک دواتر بپرسێت لەکوێدا بتنێژن .ل ٢٩ )
شێرکۆبێکەسیش لەبارەی پرسی مەرگەوە دەڵێت : ( مردن سەرئەنجامێکی بێ چەندو چوونی ژیان خۆیەتی ، تاقە حەقیقەتێکیشە کە ڕەهاە و قابیلی هیچ گومانێک نییە. نە ژیان بێ مردن ئەبێ و نە مردنیش بێ ژیان، بەمجۆرە مردن دیوەکەی تری ژیانە.ل ٦١)
بەڵام شێرکۆ پێوایە کە مەرگ جۆرێک لە دادپەوەریش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئەو دەڵێت : ( تەنها لە مردندا ئەو دادپەروەریە ئەبینین کە هیچ جۆرە جیاوازییەک لە نێوان مرۆڤەکاندا نامێنێ ، بە دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات، پادشا و گەداوە. ل٦٢)
دیارە شێرکۆبێکەس هەمیشە رۆحێکی گەنجی و ژیاندۆستی پێوە دیاربوو، سیحری ئەمەش وەکو خۆی دەڵێت : ( ئەوە جوانی و خۆشەویستی و میهرەبانی ژنە ناهێڵن لە دەروونمدا پیربم و مردنم لەبیر ئەبەنەوە. ل ٦٥.) ئەو تەنانەت حەز دەکات لەو دونیاش ” شیعر بۆ حۆریە جوانەکان بنووسنێت” چونکە وەکو خۆی دەڵێت : ( خۆ تونچێتی دۆزەخ بە من ناکرێ و یان دەرگاوانی ماڵی مەلائیکەت و یاخود مەی گێڕ بۆ غوڵام و حۆریەکانی بەهەشت ، ئەویش هەر ناتوانم چونکە تا سینیەک ئەگەیەنم ، دوان ئەڕژم !ل٦٧)
لەتیف هەڵمەتی شاعیریش لەمەڕ پرسی زیندوبوونەوە دەڵێت : ( باوەڕم وایە لە سەدا سەد لە دوای مردن زیندبوونەوەیەک هەیە . ” پاشانیش لە بارەی مەرگەوە دەڵێت : ( مردن پەڕینەوەیە بۆ دونیایەکی تر . لای من مردن نییە ، بەڵكو بازدانێکە بۆ جیهانێکی تر ، مردن ناوێکە لە ناوەکان وەکو ئاسمان یان ژیان یان پەرداخ یان شەکر، مردن کۆتایی جەستە و خەون و خەیاڵ نیە ، بەڵکو دەستپێکردنەوەیەکی ترە. ل ٧٩ )
لەتیف هەڵمەت زیاتر وەکو کەسێکی ئیماندار و سۆڤی خۆی دەردەخات و ماوەیەکیشە ئەمە بە شیعرەکانییەوە دەبینرێت. ئەو لەمەڕ بەهەشتەوە دەڵێت: ( دڵنیام لەبەهەشتدا شاعیر هەیە ، ئەو هەموو پەری و باخ و ڕەزە جوانە لەبەهەشتدا هەبێ ، چۆن دەبێ شاعیری تیانەبێ، ڕەنگە جوانترین دەقی شیعری عاشقانە لە بەهەشتدا هەبێ. ل ٨٤)
ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە لەتیف هەڵمەت خۆی بەکەسێکی ئیماندار و سۆڤی دەزانێت ، کەچی دەڵێت ( من زۆر ڕقم لە پێخەمبەر یوسفە، چونکە ئازاری زولەیخای داوە.ل٨٤) . کەسێک ئیمانداربێت ، چۆن دەبێت ڕقی لەپێخەمبەرێکی خودا بێت؟!.
لەلایەکی ترەوە دەڵێت . 🙁 من شوێنم بەهەشتە ، داوای لێبوردنیش لەکەس ناکەم ، چونکە خراپەم بۆ کەس نەبووە، ڕۆژی لە ڕۆژان دەنکە گەنمێکی کەسم نەخواردووە یان قسەیەکی ناخۆشم بە کەس نەوتووە. ل ٩١)
هەرچەنە لە لاپەڕەیەک پێش ئەوە،دەڵێت : ( ئێمە هیچمان نییە تەنها شیعر نەبێ، دەقەکانی تر لەئاستی شیعردا نین و لە ئاستی تێکستەکانی جیهانیشدا نین، بەڵام شیعر لەئاستی تێکستی جیهانیدایە. ل ٨٩”) . گەر ئەمە دڵبریندارکردنی سەدان چرۆکنووس و رۆماننووسی کورد نەبێت ، ئەدی مانای چییە؟ ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت ، کە ئەو نوسەرانەی کە خۆیان بە چیرۆک و رۆمانووسیەوە خەریکککردووە، بەناهەق خۆیان هیلاککردووە، چونکە بەرهەمەکنیان لە دیدی لەتیف هەڵمەتەوە هیچە.
پاشتر لەتف هەڵمەت دەڵێت : ( دڵنیام لە ڕۆژی سێ شەممەدا نامرم ، لەوانەبێت لە ڕۆژانی دووشەممە یان پێنچ شەممان بمرم.)
جێگەی ئاماژەیە لە کتێبەدا کۆمەڵێک نووسەری تر تێیدا بەشداربوون لەوانە : ( مەحمود زامدار، کەریم دەشت، جەلیل کاکەوەیس و عەتا نهایی. ئەحمەد محمەد ئیسماعیل )
ئەم کتێبە بەشێوازێکی ڕۆژنامەوانی نووسراوە، نووسەر لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر دانیشتووەو ڕووبەڕو لەگەڵیاندا ، پرسی ” مەرگ و بەهەشت و وەسیەت و ئەو دونیایان” لەگەڵدا باس دەکات.
ئەمەش هەوڵێکلی باشە ، بۆ ئەوەی خوێنەر لەمەڕ ئەو پرسە گرینگانە، ئاگاداری هزرو بۆچوونی نووسەرە دیارەکانی کوردبێت ، هەربۆیە جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک ” بڕوا بەرزنجی” بکەین ، کە توانیویەتی ئەو هەموو نووسەرە کوردە کۆبکاتەوە ئەم پرسە گرینگانەیان لەگەڵدا باسبکات.
ئەردەڵان عەبدوڵڵا/
www.facebook.com/ardalan.abdula.9
سەرچاوە:
١. لەبارەی هایدگەرەوە ، کۆمەڵە گۆتار. لەئەڵمانیەوە : کاوە جەلال. بڵاوکراوەکانی کۆنسێپت بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێبازی نوێ. ساڵی ٢٠١٢.لاپەرە ٧٨.
٢.ئەریک فرۆم. جەوهەری مرۆڤ. وەرگێرانی : ئەردەڵان عەبدوڵلا. خانەی موکریانیبۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. چاپی یەکەم. هەولێر. ٢٠١٣لاپەرە.٣٧
٣.مردن بەڕێوە . کۆدیدار. بڕوا بەرزنجی . چاپی یەکەم. لەبڵاوکراوەکانی رەخنەی چاودێر. سلێمانی. ٢٠١٤