Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
لە یادی یەكێتیدا…پیشەسازی سیخوڕ

لە یادی یەكێتیدا…پیشەسازی سیخوڕ

Closed
by June 3, 2008 گشتی

     ئاسۆعەبدوللەتیف………

 یەكێتی و پارتی بە هۆی فاكتەری كێبركێی ئایدۆلۆژیەوە، وەك چۆن زۆرێك لە سیخوڕو پیاوانی بەعس و سەرەك خێڵیان لە ژێر چەتری خۆیاندا جێكردەوە، دەبێ لە یادەوەریەكانی خۆشیاندا یان باسی بكەن یان ئەوەندە دروشمی پاكیزەیی شۆرش نەدەن بە گوێماندا، ئاخر ئەم جێكردنەوەیە تەنها جێكردنەوەیەكی ئەبستراكت (مجرد) نەبوو بۆ تواندنەوەی ئەوان لە هەناوی شۆرشدا، بەڵكو جێكردنەوەیەك بوو كە دواجار ئەم كاراكتەرانە گەرایانكردو كولتوری سیخوڕییان هێنایە نێو حزبی كوردی بەناوی پیشەسازی سیخوڕ،
 ئەم پیشەسازیە لەو ساتەوەختەوە دەستی پێكرد كە بە ئاسانی لەو كاراكتەرانەی موخابەرات و ئیستخباراتی رژێم بوراین و بە چەپڵە رێزانیش شكۆمەندیمان بۆ گەراندنەوەو تەنانەت بۆ هەندێكیشیان پۆستمان بۆ داتاشین، ئیدی ئەم پیشەسازیە هاتە نێو زۆرێك لە كایە سیاسی و فەرهەنگی و رۆژنامەوانیەكانمان و دنیایەك قەڵەم و رۆژنامەنوسی سەركزو جاسوسیان بەرهەم هێنا بۆ گیانی ئەم خەڵكە "چ مەعقولە بەعسیەك ئێستا سەرنوسەر و مدیرعام بێت" و پێشمەرگەی كەمئەندامیشمان هەبێت كەنەفتی سەر جێگابێت؟ بەداخەوە هەندێ نوسەرو بەناو رۆشنبیریش ئۆرگەنایزكراون بۆ سیخوری و زانیاری كۆكردنەوە بەسەر هاورێكانیانەوە، ئەم كولتوورە قێزەونە چەندە ئەخلاقی پیاوە گرگنەكانی بەعسە "ئەوانەی ئێستا لە ژێر چەترە كوردیەكەدان" ئەوەندەش بۆتە ئەخلاقێكی تازەی حیزبی كوردی كە ئەم پیشەسازیە نوێیە بەرهەمی هێناوە، بۆیە دەسەڵات كاتێ باس لە یادەوەری خۆی و لەدایك بوونی خۆی و رۆژە سەختەكان و شەهیدان و پاكیزەیی و بەرائەتی شۆرش ئەكات كە رێزمان هەیە بۆی، ئەبێت ئاماژەیەكیش بەم پیشەسازیە نوێیە بكات، كاتێ باس لە ئەنفال ئەكات و فرمێسك ئەرژێنێ ئەبێ باسیش لە پاكژكردنەوەی ریزەكانی بكات لەو سیخورانە، نەك لە گەرمیان و هەڵەبجەو بالیسان و گۆپتەپە فرمێسك برێژێ و لە بەغداش لێ خۆشبوون و ئیمتیاز بكاتە دیاری، ئەگەر نوكتەی سیخوڕیكردنی دوێنێ بەسەر كوردو شۆرشەوە بۆ بەعس كە ئەنفال و كیمیابارانی كردین هۆكارەكەی كاڵفامی و جەهلی سیاسی و هەژاری بیركردنەوەی شۆرشی كورد بووبێ كە ریزەكانی شل و شێواوكردبوو، بەڵام ئەی نوكتەی سیخوڕیكردنی ئەمرۆی شارو دونیای نێت و سێڵ و تەكنیك مایەی چییە؟! دەسەڵات ئەبێ بزانێت متمانەی لە مەترسیدایەو بە تەقدیسكردنی سەروەریەكانی رابردووش دروست نابێتەوە، لەیادی یەكێتی نیشتیمانیدا بەراست ئەو سیخورانەی ئێستا هەن فریشتەی نێو فایلەكانن و خۆمان دزەمان پێكردن بۆ ریزەكانی بەعس یان نا؟ ئایا رۆژنامەكان جاهیلن و نایزانن یان شتی دیكە هەیەو ئێمە نایزانین؟ ئەتوانین بپرسین كێ شۆرش و حیزب ناردوێتی با بە نوسراوی رەسمی و بەیاننامەی مەكتەب سیاسی بەرائەتیان دەربكەوێت و ئیعلانی بكەن با لەو سەر ئێشەیە رزگارمان بێ و ئێمەش ئەوەندە نەكەوینە هەڵەوە، كێش سیخور بووە با دادگایی بكەین وەك چۆن فەرەنسیەكان میرابۆیان سزادا، ئایا وا هەست ناكەن بەشێكی زۆری ئەم گەندەڵی و نەبوونی متمانەیە لە حزب و حكومەت بەرهەمی ئەم پیشەسازیەن؟!
 
Asolm2002@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.