خوێندنەوە و ناساندنی: کتێبى کــــارێــــکى ژەهـــــراوى
کتێبى کــــارێــــکى ژەهـــــراوى
(ئەمــەریــکــاو عــێــراق و گــازبـــارانى هــەڵـــەبـــجـــە)ی
نوسەرى هۆڵەندى یــوســت هــیــڵــتــەرمــان
ناساندنی: سهردار فهتاح ئهمین……….
لە نوسینى نوسەرى هۆڵەندى یــوســت هــیــڵــتــەرمــان و وەرگێڕانى لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردى مامۆستا (محەمەد حەمەساڵح تۆفیق) ساڵى 2008 کۆمپانیاى ئاوێنە کتێبێکى پڕ بایەخ و گرنگى بە تیراژى 2000 دانە و بە قەوارەیەکى گەورەى 430 لاپەڕەیى چاپ و بڵاو کردەوە.
کارە هونەریەکانى ئهم کتێبه: تایپ کوردۆ و سەیران، دیزاینى عادل حەمە، هەڵەچنى عەتا موحەمەد و مۆنتاژى شۆڕش خدر ئەنجامیان داوە.
ئەم کتێبەى یــوســت هــیــڵــتــەرمــان (کــارێــکــى ژەهـــراوى)، لێکۆڵینەوەیەکە، دەربارەى گازبارانى هەڵەبجە لە مارتى 1988 دا لەو دەمەى جەنگى ئێران ــ عێراق دەدوێ، کە لە هێرشێکى کیمیاییدا بۆ سەر ئەو شارە، وهک خۆی دهڵێ شارۆچکەیەکى دوورەدەستى کوردستانى عێراقە، هەزاران کەس کوژران. لە گەرماوگەرمى ئەو ترس و تۆقین و شڵەژانەى بەدوایدا هات، کەوا کێ ئەم هێرش و پەلامارەى ئەنجامداوە، هەرلایە ئەویترى تاوانبار دەکرد لە بەردەوامبوونى کوشتارى جەنگدا، بەڵام هەرکە تەمومژەکە رەوییەوە، بەرپرسیارێتیى رژێمەکەى سەددام حوسێن ئاشکرابوو.
لەگەڵ پشتیوانیى و بێدەنگى هاوپەیمانە رۆژئاواییەکاندا بۆ عێراق. ئەم کتێبە، کە لەلایەن چاودێرێکى بەئەزموونى مافەکانى مرۆڤەوە لە رۆژهەڵاتى ناوڕاستدا بە ئەنجام گەیشتووە، به شێوازێک چیرۆکى گازبارانى هەڵەبجە دەگێڕێتەوەو ئەوە دەخاتەڕوو، کە چۆن عێراق توانیوێتى پیسترین چەکى کیمیایى پەرەپێبدات و سەربازەکانى ئێران و گوندە کوردەکانى پێبکاتە ئامانج و ئەمەریکاش چاوپۆشیى لێبکات. ئەمڕۆش لە کاتێکدا کە عێراق لەبەریەک هەڵدەوەشێت و تادێت رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیاتر نوقمى پشێوى دەبێت، ئەو سیاسەتانە سەرلەنوێ بەرۆکى ئەمەریکاو رۆژئاوا دەگرنەوە.
یوست ر. هیڵتەرمان توێژەر و ئاگادارێکى به ئەزموونى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە و لەکاتێکدا کە خەریکى شیکاریى ئەم کتێبە بوو، وەک بەڕێوەبەرى بەشى چەکداریى هیومان رایتس وۆچ کارى دەکرد، ئێستاش جێگرى بەڕێوەبەرى پرۆگرامى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفەریقایە لە گرووپى قەیرانە نێودەوڵەتیەکاندا. کتێبى (لە پشت ئینتیفازەوە: بزووتنەوەکانى کرێکاران و ژنان لە هەرێمە داگیرکراوەکانى فەلەستیندا) ــ ساڵى 1991، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانى دانەر.
یوست هیڵتەرمان دەڵێ بە ڕێزەوە ئەم کتێبە دەبەخشمە (ف، ع، ر، ت، و، ى) کە دەربازبووى کوشتارى ئەنفالن و ئەوانەش کە رزگاریان نەبووە. هەروەها دەیبەخشمە هەموو قوربانیانى جەنگى کیمیایى عێراق لە هەڵەبجە و بەرەکانى جەنگ و شوێنەکانى تر.
له پێشەکیى دانەر بۆ وەرگێڕانە کوردییەکە:
یوست هیڵتەرمان لە پێشەکیى ئەم کتێبەدا دەڵێ من ئەم کتێبەم بە دڵساردییەکى زۆرەوە نووسى، لەبەرئەوەى کتێبێکی پێشترم، کەوا بەشێکى باشى لێکۆڵینەوەم بۆ کردبوو، بە ناوى (تاوانى جینۆسایدى عێراق: پەلامارى ئەنفال بۆ سەر کورد)، کە لەلایەن چاودێریى مافى مرۆڤەوە (هیومان رایتس وۆچ) بڵاوکرایەوە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و ئەوروپا بایەخێکى کەمى پێدرا، کاتێ کە لە ساڵى 1993دا بڵاوبووەوە. من نەمتوانى لەوە تێبگەم بۆچى کتێبێک کە تاوانى جینۆسایدى بە دۆکیومێنت کردبێت، نەیتوانى هەستى خەڵک بورووژێنێت، ئەمە لەکاتێکدا کەوا گرنگییەکى زۆر درابوو بە جینۆسایدەکانى پێشتر، بەتایبەتى هۆڵۆکۆست کە لەناوبردنى بەکۆمەڵى جوولەکەکانى ئەوروپا بوو. ئاخۆ جیهان لەم ئەزموونە هیچ فێرنەبووە؟ ئەوجا هەر لەو سۆنگەیەوە بوو، کەوا کەوتمە گەڕانى وردتر بە دواى ئەو رووداوانەدا، کە هاوکات بوون لەگەڵ پەلامارى ئەنفال و پێش ئەوە، بەتایبەتى ئەو رۆڵەى کە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکاو وڵاتانى تر گێڕایان بۆ پشتگیریى عێراق لە سەردەمى جەنگى ئێران ـ عێراقدا. لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت تاقە جەنگ بووبێت لە سەردەمى جەنگى ساردەوە، کە چوار ئەندامى لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و یەکێتى سۆڤیێتیشەوە، لە هەمان لادا کۆکردبێتەوە (هەمووان لەگەڵ عێراقدا بوون دژ بە ئێران) و پێنجەمیشیان کە چین بوو، بە بێلایەنى مایەوە.
ئەو تاوانەى کە یوست هیڵتەرمان بایەخى پێدەدا، پەلامارى ئەنفال، کە بووە هۆى مەرگى دەیان هەزار کەسى بێتاوان. پێشتر لەو کتێبەدا، کە لەلایەن هیومان رایتس وۆچەوە بڵاوکرایەوە، دانەر تیشکى خستبووە سەر تاوانەکە، بۆیە ئەمجارە ویستى سەرنج بخاتە سەر تاوانێکى ترى ترسناک، تاوانێک کە بووە هۆى ئەوەى پەلامارى ئەنفال سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ئەو تاوانەش بەکارهێنانى چەکى کیمیایى بوو.
بۆ یوست هیڵتەرمان ، پێویستى دەکرد توێژینەوەکەى فراوان بکات و لە هەڵەبجە و ساڵى 1988ەوە بگهڕێتە دواوە بۆ سەرەتاى ساڵانى هەشتاکان، کاتێ کە رژێمەکەى سەددام دەستى کرد بە تاقیکردنەوەى توخمە کیمیاییە خامەکان، دژ بە هێزەکانى ئێران لە بەرەکانى جەنگدا.
ئەوەى کە یوست هیڵتەرمان لەم کتێبەدا بۆى دەرکەوتووە، پەرەسەندنێکى مەترسیدار بوو لە سێ بواردا، کە بریتیبوون لە:
جۆرى ئەو گازانەى بەکارهاتن (لە گازى فرمێسک رێژەوە بۆ گازى خەردەل و پاشان دەمارەگازى جۆراوجۆر)، ئەو هۆکارانەى ئەم گازانەى پێڕێژران (لە سەرەتاوە بە هۆى هاوەن و تۆپەوە و پاشان بە فڕۆکە) ئامانجەکانیان (لە هێزەکانى ئێرانەوە بۆ هاوڵاتییە کوردە مەدەنیەکان لە هەردوک ئێران و عێراقدا) تاقی کردهوه. هەروەها ئەوەشی بۆ دەرکەوت، کە گەیشتنە هەر قۆناخێکى نوێ بە هۆى خۆکەڕکردن و بێدەنگیى لێکردنەوە بووە لە هەنگاوەکانى پێشتر. ئەوەى کە تینى بۆ هێنا بگاتە ئەنجام، ئەوەیە، کە پێویست بوو ئیدارەى ریگان(سهرۆکی ئهوسای ئهمهریکا) هەنگاوى پێشوەختى بنایە بۆ جڵەوکردنى بەکارهێنانى چەکى کیمیایى لەلایەن عێراقەوە، کە لە پێگەیەکدا بوو دەیتوانى بیکات و بەمەش لەوانە بوو سەددام حوسێن هەرگیز لەتوانایدا نەبوایە گازى ژەهراوى دژ بە خەڵکى مەدەنى بەکاربهێنایە و هەرگیز هەڵەبجەش رووینەدایە، بەهەرحاڵ کە هەڵەبجەش روویدا، ئەگەر ئیدارەى ریگان دەسبەجێ کارى بکردایە بۆ ئیدانە کردنى لەوانەبوو، رێگریى لە دکتاتۆرى عێراق بکردایە کەوا لە یەکەم رۆژى هەر قۆناخێکى ئەنفالدا، گازى ژەهراویى بەکارنەهێنایە و بەو پێیە نەیدەتوانى دەیان هەزار گوندنشینى تۆقیو و ترس لێ نیشتوو لە دێهات دەرپەڕێنێ و دواتر بیانکوژێت.
ئامانجى سەرەکی یوست هیڵتەرمان لە ڕێگهی نوسینی ئەم کتێبەیهوه، باسکردنى ئەوە بوو، کە روویدا بۆ خوێنەرە رۆژئاوایەکان و چیرۆکەکە پشت بە گێڕانەوەى ئەوانە دەبەستێ، کە لە رووداوەکەدا بەشداربوون: وەک قوربانیانى چەکى کیمیایى، ئەو پزیشکانەى کە چارەسەریان دەکردن، ئەو ئەفسەرانەى سوپا کە زانیارییان هەبوو لە سەر بەکارهێنانى چەکى کیمایى و کەسانى سەر بە هەواڵگریى کە چاودێریى جەنگەکەیان دەکرد. هەروەها ئەو دیپلۆماتانەى، کە وشەى زیرەکانەیان بەکاردەهێنا بۆ بەرگرى کردن لە پێگە و هەڵوێستى وڵاتەکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا یوست هیڵتەرمان ئامانجێکى لاوەکیى گرنگى تریشى هەبوو لە نووسینى ئەم کتێبەدا و ئێستا خۆشحاڵە، کە ئەم وەرگێڕانە یارمەتیى تێگەیشتنى مەسەلەکە دەدا و بۆ خوێنەرانى کورد و (لە سەرێکى ترەوە بۆ ئێرانیەکان)یشى روون دەکاتەوە، کە چۆن ئەم رووداوانە بەرپابوون و چۆن و بە پشتبەستن بە چ زانیارییەک سیاسەت داڕێژانى رۆژئاوا گەیشتنە بڕیارى خۆیان و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەرەنجامەکانى کرد، ویستراو بووبێت یان نا.
یوست هیڵتەرمان دەیەوێ لە رێگەى ئەم کتێبەوە تێگەیشتنێکى باشتر بۆ کورد بڕەخسێت، کە چۆن سیاسەتى وڵاتە بەهێزەکان کار لە ژیانیان دەکات و ئاوێتەى دەبێت و دەتوانن چیبکەن بۆ دانانى کاریگەرى لە سەر ئەو سیاسەتە بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەى تاوانى گەورەى وەک هەڵەبجە و ئەنفال. هەروەها دەیەوێت تیشک بخاتە سەر مەسەلەیەک، کە بەلایەوە بایەخى زۆر گەورەى هەیە. ئەویش ئەوەیە کە چۆن کوردە سەرنجدەرەکان لێى تێدەگەن، ئەوانەى کە دوو کارەکەى ئەو(کتێبهکان)یان خوێندووەتەوە: ئەوەى لە سەر ئەنفال، کە هیومان رایتس وۆچ بڵاویکردەوە و ئەم کتێبەش کە ئەم ساڵ بڵاوبۆوە.
نوسەر لەلایەک نووسینەکانى بۆ گرووپى قەیرانە نێودەوڵەتیەکان لە سەر مەسەلەى قورس و ئاڵۆزى کەرکوک بووە لەلایەکى ترەوە. هەندێ جار پەیوەندیى تەلەفۆنى یان نامەى لە رۆژنامەنووسە کوردەکانەوە پێدەگات و دەڵێن کەوا سەریان سوڕماوە و تێناگەن، کە هەمان ئەو کەسەى یارمەتیدەر بوو لە ناساندنى تاوان و ستەمکاریەکانى ساڵانى هەشتاکاندا بە جیهان، بتوانێ هەڵوێستێکى وا لە سەر کەرکوک وەربگرێت کە ئەوان بە دژەکورد لێى تێدەگەن.
یوست هیڵتەرمان رێکخراوێکى خۆى هەیە (گرووپى قەیرانە نێودەوڵەتیەکان) بە وردى چاودێریى کێشەى کەرکوکى کردووە و بە پشتبەستن بەو چاوپێکەوتنانەى لەگەڵ نوێنەران و کەسانى پێکهاتەکانى کەرکوکدا ئەنجامدراون لە ماوەى چەند ساڵێکدا، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەى، کە باشترین رێگە بۆ چارەسەرى دۆخى ئەم شارە و پارێزگاکە، ریفراندۆم نیە، وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆى دەچێت و گرەوى لە سەر دەکات، بەڵکو لە رێگەى پرۆسەیەکى گشتگیرو کۆدەنگى هەموو کۆمیونیتى و پێکهاتەکانەوە دەبێت، کە بوار بڕەخسێنێت کەرکوک بە هەرێمێکى تێکەڵ بمێنێتەوە و هەموولا هاوبەش بن لە دەسەڵات و سەرچاوەکانیدا، بە لاى کەمەوە بۆ ماوەیەکى کاتیى درێژکراوە.
بەلاى (یوست هیڵتەرمان)ەوە لێکدانەوەى ئەم بۆچوونە، وەک هەڵوێستێکى دژە کورد هەڵەیەکى گەورەیە. ئەو خاڵەى کە ئەو و حکومەتى هەرێمى کوردستان لە سەرى کۆک نین، ئەو پرسیارەیە کە ئاخۆ چى لە بەرژەوەندیى درێژخایەنى کوردە…؟ دەڵێ ئێمە هەموو دەزانین ئێوەى کورد کوردستانێکى سەربەخۆتان دەوێ. ئەمە بە لاى ئەویشەوە هیوایەکى ڕەواو بەجێیە، بەڵام ئەو باوەڕى وایە ئەمە ئامانجێکى واقیعى نیە لە بارودۆخى ئێستاى ناوچەکە و نێودەوڵەتیدا و تەنانەت سەرکردایەتیى کورد لەم رووەوە لەگەڵ ئەم ڕایەدان. هەروەها لەوەشدا لەگەڵ ئەودان، کە باشترین رێگە، قۆستنەوەى ئەم دەرفەتەى مێژووە، کەوا کورد ئێستا لە پێگەیەکى باشتردایە بۆ بەرەوپێشەوەچوون، وەک لە ماوەیەکى دوورودرێژى لەمەوبەر. بۆیە دەبێ هەر شتێک لەتوانایاندا هەیە بیکەن بۆ بەهێزکردنى ئەگەرى جیابوونەوەیان لە عێراق لە پاشەڕۆژدا.
(یوست هیڵتەرمان)دەڵێ کەوا سەرکردایەتیى کورد و ئەو لە سەر هۆکار جیاوازن، نەک ئامانج، ڕاستێکەشى ئەوەیە کە لەم کاتەدا پشتگیرییەکى بەرفراوانى نێودەوڵەتى نیە بۆ سەربەخۆیى کورد، بەڵکو بەپێچەوانەوە، بۆچوونى بەهێز و بەربڵاو هەیە بۆ رەتکردنەوەى. رەنگە زۆرێک لە کوردەکان درک بەمە نەکەن، چونکە دەرفەتى ئەوەیان نەبووە قسە لەگەڵ عێراقیەکانى تر، یان تورکەکان، یان سوریەکان، یان ئێرانیەکان یان ئەمەریکیەکان بکەن و لەبرى ئەوە حەز دەکەن گوێ لەو کەمە خەڵکە بگرن، بە ئەمەریکیەکانیشەوە، ئەوە دەڵێنەوە کەوا گەلێک لە کوردەکان پێیان خۆشە گوێیان لێبێت، بۆ نموونە، ئەوەى کە پشتگیریى سەربەخۆیى کورد دەکەن، بە هەر نرخێک بێت. ئەمە زۆر مەترسیدارە و پێویستە میدیاى کوردى رووپەڕى رۆژنامەو کەناڵەکانى لە سەر گفتوگۆى راشکاوانە بخاتە سەرپشت، بۆ ئەو کەسانەى راو بۆچوونى جیاوازیان لە سەر مەسەلەکە هەیە.
بە بڕواى (یوست هیڵتەرمان) مەسەلەى کەرکوک یەکێکە لەو گرفتانە و فشارهێنان و پێداگرتنى توند، پەیوەندیى کورد لەگەڵ هەموو لایەک دەخاتە مەترسییەوە: (لە کەرکوکدا، لە ناوچەکەداو لە کۆمەڵى بەرفراوانى نێودەوڵەتیشدا). ئەمەش لەوانەیە کورد بخاتە دۆخێکەوە، کە تیایدا ئەکتەرێکى دڵڕەق و توندوتیژ جارێکیتر بگەڕێت بە دواى دووبارەکردنەوەى ستەمکارى و تاوانەکانى رابردوودا، کە تیایدا کەس بە هاناى کوردەوە نەیەت، چونکە ئەوکاتە پێیدەڵێن: ئێوە زۆر پێتان داگرت و لەڕادەبەدەر رۆیشتن.
ئەم سیناریۆیە ئەوەیە، کە بەتەواوەتى دەبێت رێگەى لێبگیرێت و ئەمەش ئەرکى سەرکردایەتیى کوردە، کە باشترین رێگەچارە بدۆزێتەوە و مامەڵەى لەتەکدا بکات و ئەگەر بە شێوەیەکى واقیعى خۆیان بنوێنن بۆ بەئەنجام گەیاندنى ئاواتە رەواکانیان، ئەوکاتە دەبینن کەوا زۆر کەس و زۆر حکومەت پشتگیرییان دەکەن.
یوست هیڵتەرمان پاش ئهم پێشهکییه، که کورتهی ناوهڕۆکی کتێبهکهکهی خستۆته ڕوو، که لهم مانشێتانهدا، چڕی دهکاتهوه: (مشتومــڕى هـــەڵــەبــجـــە، شایەتحاڵى هێرشێکى گاز، تەمومژى جەنگ، ململانێ و زۆرانبازى لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، مەسەلەکە بۆ وا گرنگە ، سەرنجێک لە بارەى سەرچاوەکان و مێتۆدى نوسینی ئهم کتێبه.
له بەشى یەکەمیشدا: پەڕینەوە لە دەروازەى کیمیایى، جەنگى ئێران ـــ عێراق پێویستیى عێراق بە چەکێکى نوێ، یەکەمین هێرشى تۆمارکراوى گازى خەردەل: هاوینى 1983، یەکەم شەڕگە لە جیهاندا کە دەمارەگاز بەکاربێنێ لهزستانى 1984 دا دهخوێنیتهوه.
له بەشى دووەمدا: کاردانەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان و دانانى ڤۆڵیۆم کۆنترۆڵ، پەردەلادان لە رووى بەڕێوەبەرێتیى ریگان، لایەنگرییەکى پەرەسەندوو، دۆناڵد رامسفیڵد سەردانى بەغدا دەکات، تەواوکردنى کارەکە(کتێبهکه): سیاسەتى ئەمەریکا لە ساڵى 1984دا، نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە دەکات، دەرفەتێکى لەدەستچوو، دهخوێنیتهوه.
ئاوڕێکی دیکه له بــــــــــەرایــــــى و ناوەڕۆکى (کــــارێــــکى ژەهـــــراوى):
ئهم بابەتانەش دهخوێنیتهوه: لیستى نەخشەکان، کورتکراوەکان پێشەکى دانەر بۆ وەرگێڕانە کوردییەکە له بـــــــــــەرایـــــى گەشت بۆ هـــەڵــەبــجـــە دا، سهرنج دهدهیت، که نووسهر له مایسى 2002 گهشتی بۆ تاران کردووه چۆته ههمان کات، مایسى 2002 چۆته هەڵەبجە، له ئەیلولى 2006 چۆته عەممان،ههروهها ناوی ئهو کهسانهی هێناوه و سوپاس و پێزانینی پێشکهش کردوون، که لهم کارهیدا یارمهتیان داوه و دهڵێت: پاڵنەرى بنەڕەتیى ئەم کارەم، ئەو رێکخراوە بوو کە من تا ساڵى 2000، یەکێک بووم لە ستافەکەى، ئەویش (هیومان رایتس وۆچ و کێن رۆسى) بەڕێوەبەرى بوو.
لە پاش حەوت ساڵ کارکردن و کێن هانیدام دەست بکەم بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەم کتێبە، کە بەند بوو بە لێکۆڵینەوەى مافى مرۆڤ لە کوردستانى عێراق لەلایەن من و دوو هاوکارى ترەوە لە ساڵانى 1992 ــ 1994 دا. هەروەها بۆ هاوبەشانى پێشتریشم لە پرۆژەى ئەنفالدا: جۆرج بلاک، مەولان ئیبراهیم، شۆڕش حاجى، پەیمان محەمەد، جێمێرا رۆن و ئەندرو وایتلى. جۆرج ئەوەى پیشاندام، کە چۆن راپۆرتى مافى مرۆڤ دەکرێت ببێتە پارچە نووسینێکى کارى جوان وەک لە ناڕەزایینامەیەکى بێتامى پێشێلکردن و کتێبەکەى "تاوانى جینۆسایدى عێراق" (کە لە سەرەوە باسکراوە)، زۆر بەداخەوە خەڵکێکى زۆر کەم خوێندوویەتیەوە. شۆڕش و پەیمان شایانى ناوهێنان و پێزانینى تایبەتین، وەک سەرچاوەیەکى بەردەوامى هاندان و کارکردن و زانیاریى فراوان لە سەرانسەرى ئەم پرۆژەیەدا.
له بهشێکی دیکهدا یوست هیڵتەرمان دهڵێ: لە قۆناخەکانى لێکۆڵینەوەکە و لەکاتێکدا کە من بە پارت تایم وانەم دەوتەوە لە سەنتەرى لێکۆڵینەوەى هاوچەرخى عەرەبیى سەر بە زانکۆى جۆرجتاون، کۆمەڵێک لە قوتابیە دەرچووەکان یارمەتییاندام وەک کۆرس و بە شوێن سەرچاوەى سەرەتاییدا دەگەڕان، کە زۆریان بە عەرەبى بوون و کورتە نووسینێکیان لە سەر جەنگ ئامادەکرد، لەوانە: کریستى ئادەمز، جولیان غێراردى، رانیا غومە، ریمە ئەلموللە، محاسن نەسرەدین، رێژین سەهاکیان، شیرین سەیکەلى و کەیتلین ولیامز. من سوپاسیان دەکەم بۆ ئەو کارە گەورە و گرانەى کردیان و حەز دەکەم بەتایبەتى رانیا جیا بکەمەوە، وەک یاریدەدەرى لێکۆڵەر بەو ئاستە نایابە و زیاد لەوەى لێى چاوەڕوان دەکرا ئەنجامیدا و نەک هەر دەستبەکارى توێژینەوەى جیددى بوو (ماوەیەکى دوورودرێژ دواى ئەوە لێکۆڵینەوە سەربەخۆکەى لەگەڵ مندا کۆتایى پێهات)، بەڵام پرۆژەى بۆ خۆى گەڵاڵە کردبوو و هاوکاریى ئەوەى دەکرد، کەوا کتێبەکە لۆجیکى گێڕانەوە لەخۆ بگرێت. ئەوانى تر کە بە سەرچاوە یارمەتییان دا: نیاز خالید لە ئەمستردام (کورد)، غێدە جەڕار لە عەممان (عەرەب)، رۆڵین هیڵتەرمانى خوشکەزام کە بۆ ماوەى چەندین سەعات چاوپێکەوتنەکانى چاپکرد، کە ئەرکێکى لابەلایە و کەس پێینازانێت.
یوست هیڵتەرمان له گـەشـت بـۆ هـەڵـەبـجـەدا دهڵێ: لە 16ى مارتى 1988دا تۆ لەکوێ بوویت؟ ئەى باشە من لەکوێ بووم؟ کاتێ کە ویژدان پێویستى بە یادەوەریى دەبێت ئەم لە ئاستیدا لاڵ دەبێت، 16ى مارت چوارشەممەیەک بوو، کە دەبوو رۆژێکى کارى ئاسایى بوایە بۆ زۆربەى خەڵک و سەرنجێکى ئەوتۆى رانەکێشایە، ئەو دەمە من لە هاتوچۆى نێوان فەڵەستین و کالیفۆرنیادا بووم و لە تەواوکردنى تێزى دکتۆراکەمدا بووم لە سەر بزووتنەوەکانى کرێکاران و ژنان و خەباتیان لە ژێر داگیرکردنى سەربازیى سەختى ئیسرائیلدا. نازانم ئەو رۆژە لە واشنتۆن دى سى بووم یان لە کوێ؟ بەهەرحاڵ با ئەوێ بێت.
من دەبوو رۆژنامەکانى ئەو چەند رۆژە بخوێنمەوە، بەڵام شتێکى ئەوتۆ تۆمار نەکرابوو. مەسەلەکەش لانیکەم هەفتەیەکى پێچوو، پێش ئەوەى هەواڵەکان بڵاوببنەوە، بەڵام پاشان کارێکى زەحمەت بوو سەردێڕى هەواڵەکان فەرامۆش بکرێت، چەشنى "هێرشى گازى ژەهراوى سەدان کەس دەکوژێ" (رۆژنامەى واشنتۆن پۆست)، "ئێران، عێراق تاوانبار دەکات بە هێرشى گاز و زیانى تۆقێنەرى" (رۆژنامەى ئینتەرناشناڵ هیراڵد تریبیۆن)، "قوربانیانى گاز بە ترس و سامى مەرگەوە رەقبوون" (گۆڤارى تایمزى لەندەنى)، " شارێکى کوردنشین بە چەکى کیمیایى لەناودەبرێت" (Midi Libre)،"چەکە چەپەڵەکانى سەددام حوسێن" Le Nouvel Observateur)، "کۆتایى دنیاو کاولکاریى تەواوى جەنگى کیمیایى"(Quotidien de paris)، "ئەمە هیرۆشیمایەکى کوردە" (Wiener Zeitung)،"جەنگى کیمیایى لە کوردستانى عێراقدا" (El pais)، "جینۆسایدى خەڵکى کورد" (Le Unita). ژمارەیەکى نیویۆرک تایمز، جاڕ لەوە دەدات کە عێراق دژ بەوە وەستاوەتەوە کە "بەتەواوەتى تاوانبار دەکرێت چونکە پەناى بردووەتە بەر چەکى کیمیایى… راستییەک بە هەموو ماناو پێوەرێک بە تاوانى جەنگ لەقەڵەم دەدرێت".
لەم سەروبەندەدا ناوێک هاتە ئاراوە ئەویش "هەڵەبجە" بووـ کە شوێنێکە کەس نەیبیستبوو، بەڵام وا باسدەکرا کەوا گوندێکە لە هەرێمى کوردەکانى عێراقدا. راستێکەى ئێرە شارۆچکەیەکى گەورە بوو و بە کۆمەڵگاى نیشتەجێى دانیشتووانى گوندە وێرانکراوەکان دەوردرابوو. ئەو دەمە تەلەفزیۆن کەوتە پیشاندانى دیمەنى ترسناک لە شوێنى کارەساتەکەوە: لاشەى ژن و منداڵ لە پشتى ئۆتۆمبێلێکى بارهەڵگرى پیکابەوە بە سەر یەکدا کەوتبوون، هەروا تەرم بوو لە دۆڵ و شیوى نێو چیاکاندا پەرت و بڵاو کەوتبوو، پیاوێکى مردوو لەپەوڕوو کەوتبووە سەر زەوى و بۆ دواجار کوڕە کۆرپەیەکى خۆى لەئامێز گرتبوو. هەندێک لەم وێنە و دیمەنانە دواتر دەبنە هێما و سیمبۆڵ لە کوردستاندا، بەڵام لە شوێنانى تر زوو لەبیرچوونەوە. جیهان، بابى یارى خۆى، سرێبرێنیکاى خۆى، تیمیسوارى خۆى، هیرۆشیما و ناگازاکیى خۆى، لەندەن، درێسدن، بەرلینى خۆى هەبوو، وا هەڵەبجەى خۆیشى هاتە پاڵى، بەڵام ئێستا کێ لەبیرى ماوە؟
یوست لهم کتێبهیدا باسی سهردانهکانی دهکات لە حوزێرانى ساڵى 1992دا، وەک راوێژکارێکى هیومان رایتس وۆچ لە نیویۆرک، سەردانى کوردستانى عێراقم کرد و ئەرکەکەم ئەوەبوو جێگەى هاوکارێکم بگرمەوە. ههروهها باس لە راپەڕینەکەى پاش جەنگى کەنداو لە مارتى 1991دهکات، که هیومان رایتس وۆچ لێکۆڵینەوەیەکى دوورودرێژى لە سەر پەلامارى ئەنفال ئامادەکرد و بە راپۆرتێک، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 1993دا، بڵاوکرایەوە و بە رادەیەکى بەرفراوان پشتگوێ خرا. هەروەها رێکخراوەکە هەوڵى بزواندنى حکومەتەکانی دا بۆ بەرزکردنەوەی کێشەیەکی جینۆساید دژ بە عێراق لە دادگاى عەدلى نێودەوڵەتیى لاهایدا، بەڵام بە بایەخەوە گوێى لێنەگیرا. تەنها ئەوانەى لە ساڵى 2003 دا جێى رژێمیان گرتەوە، خواستى ئەوەیان هێنایە ئاراوە بۆ سەرلەنوێ کردنەوەى فایلى هەڵەبجەو ئەنفال، شانبەشانى گەلێکیتر لەو تاوانانەى کە سەددام حوسێن و هاوکارانى بەرپایان کرد لە ماوەى سی ساڵى تاکڕەوییاندا، ئەویش "ئەنفال" بوو کە ئۆپەراسیۆنێکى دژەیاخیبوون بوو وهک سهددام ناوی لێنابوو، لە دوادوایى رۆژانى جەنگى ئێران ــ عێراقدا لەلایەن سەددام حوسێنەوە سازکرا، بۆ چارەسەرى بنەبڕى کێشەى کوردى لەمەڕ خۆى. پەلامارى ئەنفال بوو بە هۆى کوشتنى سیستماتیکیى دەیان هەزار خەڵکى مەدەنیى کورد، کە یەکەمجار بە گازى ژەهراوى لە گوندەکانیان دەرپەڕێندران و پاشان کۆزەى سەنتەرە کاتییەکان کران و لەوێش بە پێى تەمەن و رەگەزى نێرومێ جیاکرانەوە و لە بیابانەکانى رۆژئاواى عێراق و دوور لە کوردستان، راپێچى مەرگ کران.
جیهانى رۆژئاوا ئارەزووى سزادانى سەرکردایەتیى عێراقیان نەدەکرد:
لە ماوەى دەیەی نەوەتەکانى ئابڵووقەى ئابووریدا، کاتێ کە سەددام حوسێن بەدواى داگیرکردنى کوەیتدا، دۆستایەتیى لەگەڵ ئەمەریکادا بچڕى و ئەوپەڕى بێهیوایى هێنایە ئاراوە.
یوست هێڵتهرمان دهڵێ: بەمجۆرە هەشت ساڵ لە پاش یەکەم پەردە هەڵماڵینم لە سەر تراجیدیاى کورد، جارێکیتر کەوتمەوە کار بۆ تیشک خستنەسەرى زیاترى ئەم کێشانە و تاوتوێ کردنى ئەو بارودۆخەى هەڵەبجەو ئەنفالى بەرپاکرد و وەستان لە ئاست بەشێک لەو هەڵاوبگر و مشتومڕانەدا، کە راستەوخۆ لە دواى دەرکەوتنى یەکەم دیمەنەکان لە سەر شاشەى تەلەفزیۆن بوون بە گێژەنگ و پێش ئەوەى جیهان روو وەربگێڕێتە سەر مەسەلەکانى تر. باشە بەڕاستى دەبوو هەر بە تەنها لۆمەى عێراق بکرێت یان دەستێکى نهێنیى ئێرانیشى لە پشتەوە بوو؟ ئاخۆ حکومەتەکانى رۆژئاوا، کە بە لاى عێراقیاندا دادەتاشى لە جەنگى هەشت ساڵەى لەگەڵ ئێراندا، ئاگادارى ئەوە بوون، کە عێراق گازى ژەهراویى بەکارهێناوە، نەک تەنها لە هەڵەبجەدا، بەڵکو بە درێژایى هەشت ساڵى شەڕ و پێکدادان؟ باشە هەر ئیدارەى رێگان نەبوو، بە شێوەیەکى تایبەتى، کە نەک هەر چاوپۆشیى لە رەفتارى عێراق دەکرد، بەڵکو چالاکانە هانیشى دەدا؟ ئەى لەڕاستیدا تاچەند بەکارهێنانى گاز لەلایەن عێراقەوە بایەخدار بوو لە مەیدانى شەڕدا و دژ بە کورد؟ ئایا بێجگە لە هەڵەبجە، سکاڵایەکى ئەوتۆ هەن کەوا رژێمى خومەینى پەناى بردبێتە بەر چەکى کیمیایى و بەڵگە هەیە بۆ ئەوە؟ لێرەدا پرسیارى گەورە و بنەڕەتیى یوست هێڵتهرمان ئەوەیە کەوا کێ زانى چۆن و چى و کەى بە پێى ئەم زانیارییە کاریانکردووە و ئایا ئەگەرى کردەوەیەکى ترى ئەڵتەرناتیڤ لەئارادا نەبووە؟ لە هەندێک سەرەوە ساغبوونەوەى ئەم پرسە کلیلى مەسەلەکەیە.
یوست گەلێک تێکۆشاوە تا گەیشتوتە ئەم ڕاستیانە و دهڵێ: که لە ئێرانەوە پەڕیمەوە بۆ کوردستانى عێراق بە مەبەستى دۆزینەوەى شایەتحاڵى زیاتر، بەتایبەتى هەندێک لەو فەرماندە کوردانەى لە ئۆپەراسیۆنى دەرپەڕاندنى عێراقیەکان، لە هەڵەبجەدا، بەشدارییان کردبوو لە رۆژانى پێش هێرشە کیمیاییەکەدا. ئەم گەشتە بوو بە یەکەم هەنگاوى گەڵاڵەکردن و سەروبەرگرتنى ئەوەى، کە روویدا و دەسپێکى لێکۆڵینەوەیەک بوو بۆ شانۆى تاوانەکە.
له بەشى سێهەمدا ئهم بابهتانه دهخوێنیتهوه: ناوبڕى کیمیایى هێرشى بەدر (مارتى 1985)، داگیرکردنى فاو (شوباتى 1986)، تەفرەدان: مەسەلەى ئێران ـــ کۆنترا، رێگەدانانێکى نوێ.
لهبەشى چوارەمدا: به ناونیشانی (شەڕ لە کوردستاندا، هێرشى گاز بۆ سەر کوردەکانى ئێران، تەشەنەکردنى یاخیبوون لە کوردستانى عێراقدا، چەرخى دەسەڵاتى عەلى کیمیایى، کەناڵى پەیوەندیى "تایبەت" و مەسەلەیەکى ناوخۆیى چهند باسێکی گرنگت دێته ڕێگه.
بەشى پێنجەمیش: هـەڵـەبــجــە، هاوسەرگیرییەکى بەرژەوەندى، باس و خواسى شەڕەکە، لە نێوان دوو بۆچوونى جیاوازدا، "بۆ پاراستنى خەڵکى خۆمان"ی له خۆگرتووه.
بەشى شەشەم و حەوتەم و هەشتەم و نۆهەم که دوا بهشی کتێبهکهیه: ئهم باسانه(کاریگەریى رەوشى هــەڵــەبــجــە، چەڕە دووکەڵ، گاز وەک بەشێکى تەواوکەرى ئەنفال، ئەنفال و موخابەراتى ئەمەریکى، بەکارهێنانى گاز بۆ کۆتایى پێهێنانى جەنگ، هەڕەشەى گازبارانى تاران، ئێران و بەکارهێنانى گاز، دێــــــزە، ئایا ئێران گازى بەکارهێنا؟، تاقیکردنەوە لە سەر کوردەکان؟، چاووڕاوى با بەسەرداهێنانى گاز، ئێران و عێراق و هەڵەبجە، هاوسەنگکردنى زانیارییەکان، ساختەکارى لە بەڵگەدا، پێنتاگۆن و هەڵەبجە، هەواڵدەر و گوێگرتن لە پەیوەندییەکان، لێوشین لە بەرانبەر لێوسووردا، لە ناو پێنتاگۆندا، رێگا بەرە و کوەیت، "قەدەغەکردنى" جینۆساید، بەرژەوەندییەکى باڵاتر، میراتى کیمیایى دهخوێنیتهوه.
سەرەنـــجــــام: تەپوتۆزى پاش کارەسات، کورد و بووژانەوەى ناسیۆنالیزم، ئێران و هەوڵ و تەقەلاى ئەتۆم، ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرنەکەوتن لە زوو دەستێوەرداندا، بەئامانجکردنى خەڵکى مەدەنى و گەشەکردنى کولتوورى لە سزا دەربازبوون و یوست به وتـــەیـــەک کــــۆتـــــایــــــى به کتێبهکهی دههێنێت، له کورته باسێکدا له ئـــابـــــى 2006 ڕێک 10 ساڵ پاش هێرشێکی دڕندانهی دیکهی سهدام بۆ سهر ههولێر به چاوپۆشی ویلایەتە یەکگرتووەکان بیر خوێنهر دێنێتهوه.
لهم کتێبهدا به پێشهکی و ههر 9 بهش سهرنجامهکهیهوه دانهر 416 پــــەراوێــزی گرنگی تۆمار کردووه لهگهڵ بــیــبــلـــۆگـــرافــــى 203 کتێب و ڕاپۆرتی ههمه جۆر، پشتی پێبهستووه بۆ ئهم کارهی، جگه لهو 139 کهسایهتییهی، که ناوی هێناون و 21 یش ناوی نههێناون بۆ ئەم ئەنجامدانی ئەم کتێبە چاوپێکەوتنی لهگهڵ کردوون.
له لیستى نەخشەکاندا به 4 هێڵکاری ئاماژه به جوگرافیای رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، سنوورى ئێران ـــ عێراق، دابەشبوونى دیمۆگرافى کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ـــ که لە کتێبى (ئێران، عێراق و میراتى جەنگ)، کە لەلایەن لۆرانس ج. پێتەرو گرەى ج. سیک نووسراوە وەریگرتووە ، نیویۆرک: پاڵگرەیڤ ماکمیلان، لهگهڵ نهخشهی ناوچهکان و قەزاى هــەڵــەبــجــە و ناوچەکانى ئۆپەراسیۆنى ئەنفال که (مایکڵ میڵەر) کێشاوێتی.