پرۆژه‌ی ڕێکه‌وتنامه‌ی نێوان ئه‌مریکاو و عێراق بۆ!
عێراق له مێژوی خۆیدا نه‌یتوانیوه وه‌ک وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ و داهێنه‌ر هه‌ڵسوڕانی ئابوری و سیاسی خۆی ئه‌نجام بدات، هێنده‌ی ئه‌و قه‌باره‌یه‌ی ناوێکی وڵاتێک و جوگرافیایه‌کی سه‌ربه‌ستی پێسپێردراوه. له‌و بڕوایه‌دام وڵاتێکی وه‌کو عێراق ئه‌گه‌ر له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ژێرخانه ئابوریه بزوێنه‌ره‌ی هه‌یه‌تی خاوه‌نی نه‌بوایه، یان له زه‌وی ئه‌و به‌ناو وڵاته‌دا نه‌بوایه، ڕه‌نگه هه‌زار هێنده‌ی دی کوشتار و چه‌رمه‌سه‌ری به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌یدا بهاتبایه هیچ کام له‌م زلهێزانه‌ی دونیا ئاماده‌ییه‌کی ئه‌وتۆیان تێدا نه‌ده‌بوو ئاوڕێکی ئینسانیانه‌ی لێبده‌نه‌وه.
ئه‌مڕۆ له هه‌رکام وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات زیاتر عێراق بووه به‌و خاڵه‌ی که سه‌رجه‌م زلهێزان و خاوه‌ن ئابوورییه زه‌به‌لاحه‌کانی جیهان چاویان و لمۆزی تهماعکاریان بڕیوه‌ته ئه‌و وڵاته‌ی ناوی عێراقه. عێراق له مێژووی خۆیدا جێگایه‌ک بووه بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی مه‌رامه سیاسی و ئابووری و ئاینیه‌کانی چوارده‌ور و وڵاتانی ده‌ره‌کی. بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له ململانێ سیاسیه‌کان و ده‌رئه‌نجامه ئابوریه‌کان تێبگه‌ین باشترین سه‌رچاوه ئه‌و ڕابردوه خوێناویه‌یه که مێژوی عێراقی تێدا تێپه‌ڕیوه له سه‌رده‌مه جیاوازه‌کاندا که له زمانی مێژوو نوسانه‌وه ده‌یگێڕنه‌وه.
ئه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌می کۆتایی ئیمپراتۆریه‌تی (عوسمانیه‌کانه‌وه) سه‌یرێکی عێراق بکه‌ین بۆ خۆی داگیرکردنه‌کانی له لایه‌ن ئیمپراتۆریه‌تی ئینگلیز و فه‌ره‌نسیه‌کانه‌وه، جێگا‌و ڕێگای عێراق له‌به‌ر هۆکاری ئه‌و (زێڕه ڕه‌شه‌ی) له ژێر زهویهکهیدایهو، بۆ خه‌ڵکه سادهکهشی بووه‌ته هاورده‌ی مه‌ینه‌تی، گێڕانه‌وه‌یه‌کی زۆر واقعی و ساده به‌ده‌ست ده‌خات، ئه‌گه‌ر که‌سانێک بیانه‌وێت له‌م ئاڵۆزیه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش تێبگه‌ن با ئاوڕدانهویهک به مێژوی ئه‌و وڵاته‌دا بکه‌نه‌وه تا باشتر و ساده‌تر سه‌رجه‌م هاوکێشه بێچارهسهرهکانیان بۆ ڕوون ببێته‌وه. ئێستا ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌مریکا فه‌رمانڕه‌وای یه‌ک قوتبی جیهان ده‌کات و وێڵه به‌شوێن ئه‌و جێگایانه‌دا که تا دوێنێ خه‌ونی پێوه ده‌بینی، عێراق یه‌کێکه له‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌نی زۆرترین یه‌ده‌کی نه‌وتی ژێر زه‌مینه و بۆ وه‌گه‌ڕخستنی پیشه‌سازی سه‌رده‌م هێشتا هێچ ئه‌ڵته‌رناتیفێکی دی جیگای ئه‌م زێڕه ڕشه‌ی نه‌گرتۆته‌وه، بۆیه ئه‌و گرنگایهتیهی ئه‌مڕۆ ده‌درێت به عێراق له به‌ر خاتری گێڕانه‌وه‌ی شوناسنامه‌ی ئینسانی نیه بۆ خه‌ڵکی عێراق، هێنده‌ی بۆ داگیر کردنێکی بێئهملاولای وڵاتانی زلهێزی وه‌ک ئه‌مریکاو زلهێزانی دیکه‌ی جیهانه. ئه‌گه‌ر نا مێژووی ئه‌و وڵاته پڕ له موسیبه‌ته هه‌رده‌م به غه‌یری تراژیدیایه‌کی ناکام هیچ خێر و فه‌ڕێکی نه‌بووه بۆ خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که‌ی. ئه‌وه‌ی لای من جیگای گومانه ئه‌و جۆره خوێندنه‌وه سیاسیه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان گروپه له ده‌سه‌ڵات بوه‌کانی ناو عێراقه که به حیساب ئه‌مانه نوێنه‌رایه‌تی خه‌لکی عێراق ده‌که‌ن، بۆ هه‌ر که‌سێکی دوور له‌و به‌رژه‌وه‌ندیه شه‌خسیانه ئه‌گه‌ر به لانی که‌می دوربینی و عه‌قڵه‌وه بڕوانێته ناو مه‌یدانی ئه‌م گه‌مه قێزه‌ونه تێده‌گات که خودی ئه‌م گروپ و سیاسه‌ت مه‌دارانه تا چه‌ند له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رجه‌م خه‌لکی عێراق کار ده‌که‌ن. مێژووی ئه‌م گروپانه ئه‌گه‌رچی پێکهاته‌یه‌کن له نێو تێڕوانینی ناسیۆنالیزمانه و ئیسلام گهرایانهدا، به‌ڵام له سه‌رچاوه‌ی ڕاستیهکهشهوه تێفکرین تێده‌گه‌ین خودی ئه‌م گروپانه به چ ئه‌ندازیه‌ک خه‌ریکی گێژ کردن و ملشکاندنی خه‌ڵکی سڤیلی عێراقن، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ئاینده‌یه‌کی نادیار خۆیان له نێو ئه‌و گه‌مه سیاسیه‌دا یاریزان بن و خه‌ڵکیش ته‌نها وه‌ک ته‌ماشا چیه‌ک سه‌یر بکه‌ن. ئه‌وه‌ی تا ئێستا له جێگا‌و ڕێگایه‌کی وه‌ک وڵاتی عێراقدا جێگای نه‌بوه‌ته‌وه لانی که‌می ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه که له سه‌رجه‌م وڵاتانی خاوه‌ن پیشه‌سازیدا جۆرێک له بوون__ بوون به ڕاده‌یه‌ک له کایه‌کاندا خوێنده‌وه و جێگایه‌کی بۆ دیاری کراوه. لێره‌دا مه‌به‌ستم له بوون_ بوونێک وه‌ک سه‌رجه‌م تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا که یه‌کێکه له پره‌نسیپه به‌کارهێنراوه‌کان له زمانی سیاسه‌ت مه‌دارانی نیزامی سه‌رمایه‌داریدا، لانی که‌م وڵاتێک ئه‌گه‌ر خاوه‌نی لیهاتووی سیستمێکی جۆرێک به‌ناو مه‌ده‌نی هه‌بێت ده‌کرێت تاکه‌کانی نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ش به جۆرێک توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت له ده‌سه‌ڵاته‌کان و سیاسیه‌کانیان بکۆڵنه‌وه و ڕێگایان پێنه‌ده‌ن هه‌رچۆنیان ویست ئاوا به ئاره‌زوی خۆیان ئاینده‌یان بۆ دیاری بکه‌ن. من له‌وه‌ته‌ی به بیرمدا بێته‌وه، دابین کردنی نه‌وت بۆ به‌کارهێنانی له لایه‌ن خه‌ڵکی عێراقه‌وه هه‌رده‌م کارێکی پڕ چه‌رمه‌سه‌ری بووه تا بتوانیت ده‌ستت بگات به به‌رمیلێک نه‌وت یان بوتڵێک غاز. ئیتر تێناگه‌م ئه‌م سه‌روه‌ته بێمانایه چ کاتێک بوه به سیمبوڵی خۆشی و شادی بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵکی، هێنده‌ی به‌شێک بوه بۆ دڕندهکردنی زیاتری ده‌سه‌ڵاته یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ناو عێراق.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا ڕوون و ئاشکرایه باسکردنی پرۆژه‌یه‌که بۆ ڕێکه‌وتنامه‌یه‌ک له نێوان ده‌سه‌ڵاتی ئێستای عێراق و ئه‌مریکادا، بۆیه له سه‌ردێڕه‌که‌دا ناوی ئه‌مریکام پێشخستوه، چونکی خه‌ڵکی عێراق داوای له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مریکا نه‌کرد تا بێت ڕزگاری بکات له‌ده‌ست دڕنده‌یه‌ک تا پێش چه‌ند ساتێک خۆی یارمه‌تی ده‌ری بوو، به‌ڵکوو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مریکا خۆی وه‌ک زلهێزێک و داگیرکه‌رێک که به شوێن هێنانه‌دی خه‌ونه کۆنه‌که‌یه‌وه بوو بۆ داگیرکردنی زۆرربه‌ی وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت، لێره‌وه‌یه که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌خاتری به‌رژه‌وه‌ندیه دوور هاوێژه‌کانی له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا ئاماده‌یه زۆرترین باج بدات بۆ دابین کردنی ئاینده‌یه‌کی زۆر دورتر و زیاتر له‌و باجه‌ی ئه‌گه‌ر له ڕوی مادیه‌وه بێت یان مه‌عنه‌ویه‌وه ده‌یدات، بۆیه ده‌سه‌ڵاتی سیای ئه‌مڕۆی عێراق به هیچ ئه‌ندازه‌یه‌ک بریتی نیه له سه‌رجه‌م خواسته‌کانی خه‌ڵکی عێراق، هێنده‌ی پێک هاته‌ی چه‌ند گروپ و ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی چینه باڵاکانی ناو سه‌رمایه‌داران و عه‌شیره‌ت گه‌رایان و مه‌زهه‌ب گهرایانن، که ئه‌مانه بۆخۆیان هه‌رده‌م به ناوی خه‌ڵکی عێراق و سه‌رجه‌م له پێکهاته‌کانیانه‌وه ده‌دوێن، ڕاستیه‌که‌ی ئه‌م گروپانه نوێنه‌رایه‌تی ڕه‌سمی وڵاتانی زلهێزی جیهان و چواردهورن، ئه‌مه بۆ مێژوو راستهیهکه و ڕابردووی ئه‌و وڵاته شاهید حاڵی ئه‌و بارودۆخه‌یه. هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که جیهانی کۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه‌بردن له عێراق و زۆرێک له وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وتدا بریتی نه‌بووه له کۆمه‌ڵگای داهێنه‌ر، هێنده‌ی بریتی بووه له کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌کاربه‌ر، ئه‌مه‌ش به ڕای من تاوانه‌که‌ی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ خودی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگاکه هێنده‌ی تاوانێکه به نێو چاوانی سیاسه‌ت مهدارانمی حاکمه‌وه. چونکه هه‌رده‌م ئه‌و کۆمه‌ڵگایه توانیایهکانی بێئه‌نجام سه‌یر کراوه و هێزو توانیی ده‌ره‌کیه‌کان زۆرتر وه‌ک فریاد ڕه‌س چاوی لێکراوه، تا ئه‌و ئیراده‌یه‌ی که له ناوخۆی کۆمه‌ڵگاکه‌دا هه‌بووه.
بۆیه به ڕای من ئێستا سیاسه‌ت مه‌دارانی عێراق له نێو به شه جیاوز و مه‌یله جیاوازه‌کاندا، له نێوان قبوڵکه‌ری ڕێکه‌وتنامه‌که و دژه‌کانیاندا، ناتوانم بڵێم ئه‌وه‌ی پێی قبوڵ نیه باشتره له‌وه‌ی که پێی قبوڵه، چونکه به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رجه‌م ،به‌شێکی کاریگه‌ر نه‌بوه له مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا هێنده‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه تائیفیه‌کان و گروپیه‌کان دروست که‌ری بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی نێوان قبوڵ و ڕه‌ت کردنه‌وه بوون. بۆیه ده‌ڵێم تا ئه‌و کاته‌ی خه‌ڵکی عێراق خاوه‌نی خۆیان نه‌بن و نوێنهرانێکیان نه‌بێت بۆ هه‌میشه دووریان بخاته‌وه له سیاسه‌تی شه‌ڕی تائیفی و قه‌ومی و مه‌زهه‌بی ناتوانم بگه‌م به‌و بڕوایه‌ی بڵێم عێراق ده‌بێته ئه‌و وڵاته‌ی که ژیانی بۆ هه‌موان تێدا مسۆگه‌ر ده‌کرێت!!!
تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن
هۆڵه‌ندا
07/07/2008