سازه‌دێ و بۆنی كارامێل
هێنده‌ی هه‌موو دونیا دڵی به سازه‌دێ خۆشه ، له‌و ٢٥ ساڵه‌ی ته‌مه‌نی ١٨ یانی به‌خۆشیه‌وه لێره به‌سه‌ربردووه ، به‌ڵام ئه‌وه ماوه‌یه‌كه دووری ڕه‌وه‌ند دڵ و ده‌روونی ده‌گوشێت . هه‌رچی پێشتر شیرینی ناسیبێت باوه‌ڕناكات ئه‌وه ئه‌و بێت وا بێ تاقه‌ت پاڵ به چه‌رخی ڕۆژگاره‌وه بنێت. ئه‌وه چوار دانه مانگی ڕه‌به‌قه سۆمای چاوه‌كانیان پرشینگی سۆزیان له‌یه‌ك هه‌ڵنه‌سووه. هه‌ربۆیه مات دیاره . خه‌م به‌رۆكی گرتووه ، له دڵه‌ڕاوكێدایه ، جار جار لێزمهیهیهكی پڕئازاری گومان باڵ به‌سه‌ر مێشكی‌دا ده‌كێشێت و گومانی ئه‌وه‌ی لا دروست ده‌كات كه ڕه‌نگبێت ڕه‌وه‌ند نه‌گه‌ڕێته‌وه . ئاخر ئه‌و په‌یمانی دابوو كه بێته‌وه. ڕاسته جار جار كه‌مێك وه‌ڕه‌سی خۆی ده‌رده‌بڕی به‌تایبه‌ت كه هه‌ستی به‌و كه‌م و كوڕیانه ده‌كرد له دێ‌دا به‌دی ده‌كران ، به‌ڵام ئه‌و هه‌رده‌م مشوری چاككردنیانی ده‌خوارد . دواجار كاتێك لافاوه به‌خوڕه‌كه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م به‌هاره یه‌ك له كۆڵه‌كه داره‌كانی پرده‌كه‌ی چه‌می قرژاڵهسورهی خستبووه له‌قین ، ئه‌و دوو رۆژی ڕێك به‌ته‌نها خه‌ریك بوو هه‌تا چاكی نه‌كرده‌وه وازی نه‌هێنا. باشه ئه‌گه‌ر یه‌كێك به‌ته‌نگ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی دێوه نه‌بێت چۆن ده‌چێت دوو دانه ڕۆژ تا بینه قاقای خۆی له نێو ئاوی ئه‌و چه‌مه سه‌رشێته‌دا نوقم ده‌كات. ئێ ئه‌و هێنده‌ی چاوه‌كانی خۆی خاك و خۆڵی سازهدێی خۆشده‌ویست ، بۆیه گومانی ناوێت كه دێته‌وه .
چاو له سه‌ری ئه‌وسه‌ری ڕێگه خۆڵه‌كه ناتروكێنێت.چاوه‌ڕێی كهبوكی بهردڵانه. ناتوانێت ئه‌و بن داره به‌جێ بهێڵێت. ڕێك به‌وه ده‌چێت كه بڕیاری كۆتایی دابێت و هه‌رله‌و جێگایه‌دا چاوه‌ڕێی بكات. له‌و چڵانه‌ی داره‌كه‌ی ده‌ڕوانی كه گه‌ڵای فره‌ڕه‌نگ ، گه‌ڵای بۆنداری ڕه‌نگاوڕه‌نگیان له خۆ گرتبوو . چڵ چڵی داره‌كه خۆیان ئاماده ده‌كرد، له ئان و ساتدابوون ده‌ست به چینێك له شین و شه‌پۆڕی پایزانه بكه‌ن. له ژێر لێوه‌كانیه‌وه و له گه‌ڵ رۆحی ماندووی خۆیدا كه‌وته گفتووگۆ:
– نه‌با ئه‌و ساته‌ی ئه‌و ده‌گاته ئێره من لێره نه‌بم. نا یه‌ك بست لێره دوورناكه‌ومه‌وه. جا بۆچی دوور بكه‌ومه‌وه؟ پێویست ناكات بۆ هیچ لایه‌ك بڕۆم.
– كچێ هێنده پابه‌ند مه‌به به بالۆره‌ی داوئامێزی ئه‌و كوڕه‌وه ، ئاخر ئه‌ویش هه‌ر سهرشێتێكه وه‌ك زۆربه‌ی كوڕانی تر وایه. سه‌یره چۆن تا ئێستا له‌و ڕاستییه نهگهشتوویت؟
– جا تۆ چوزانیت وایه؟ گوایا سه‌یری كار و ڕه‌وشتیت نه‌كردووه؟ نا‌بینیت چ رۆحێكی په‌پولانه‌ی هه‌یه، نا‌بینیت چ بازوویه‌كی بنیاتنه‌رانه‌ی هه‌یه؟
– هه‌موویان وان، خۆیانت لێ ده‌كه‌ن به خزمه‌تكارێكی دڵساف و بێ وێنه. به‌ده‌م هیچیان نه‌هێشتووه‌ته‌وه. كه كاریش دێته سه‌ر به‌جێ گه‌یاندن ، بۆشایی نێوان وته و كرده‌وه‌كانیان هێنده‌ی ماوه‌ی نێوان ئاسمان و ڕێسمانه.
– نا ، من ناتوانم ئه‌و دیده‌ی تۆم هه‌بێت، ئه‌وانیش له ئاده‌مییه‌ك زیاتر چی تر نین. ناتوانم وه‌ك تۆ گشتگیریانه له‌هه‌موویان بڕوانم. من كه وریام ده‌توانم هه‌ڵاوێردیان بكه‌م. ئه‌وانیش وه‌ك هه‌موو ئاده‌مییه‌كی زیندوون . باش و خراپ . چالاك و ته‌مبه‌ڵ ، وریا و گهمژهشیان تێدایه. من له كرده‌وه‌كانیان ده‌روانم ئه‌وجا هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆمیان بۆ ده‌كه‌م. پاشان پێم بڵی! ئه‌و كه‌سه كێیه كه بێ كه‌م و كوڕی له‌م سه‌ر زه‌مینه هه‌ناسه ده‌دات و ژیان به‌ڕێ ده‌كات؟
– هه‌روا ساویلكانه بیر بكه‌ره‌وه ! ده‌زانیت به‌و شێوه بیركردنه‌وه‌یه تۆ پێ له‌قه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆت ده‌ده‌یت. ئه‌وه ژیانی خۆته ، چۆن ده‌توانیت قومار به ژیانی خۆته‌وه ده‌كه‌یت؟ ده‌زانیت گرێدانه‌وه‌ی گوریسی ژیان كه به‌هۆی هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه پچڕابێت چه‌نده كۆششی گرانی ده‌وێت.
– نا وانییه ئه‌و كوره به‌ویستی خۆی ژیانی ئێره‌ی هه‌ڵبژاردووه. ئه‌و به‌دڵ له‌گه‌ڵ نه‌ریته‌كانی ئێره‌دایه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هاتووه لێره ، له‌م دێ چهپهكهدا ژیان پێكه‌وه بنێت. نا‌بینیت چ پسپۆڕیكی په‌له‌وه‌ر سازییه؟ ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌شاردا ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئێره‌ی بدایه چ ده‌وڵه‌تێكی بۆ خۆی پێكه‌وه ده‌نا؟ پاشان من خۆم كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌م خسته سه‌ریه‌وه كه بروات به‌شوێن شهمامدا ، به‌ڵكه هه‌وڵێك بۆ هێنانه‌وه‌ی بدات. هه‌رچه‌ند من ئه‌و ئه‌ركه به‌كارێكی نه‌كرده و موسته‌حیل ده‌زانم ، لێ ئه‌و دڵسۆزانه ئاماده‌بوو شان له ژێر كارێكی وا بنێت. هه‌ربۆ ئه‌وه‌ش ڕۆشت ، ئاخر ئه‌و كوا سڵ له‌گرانی ئه‌ركه‌كانی ده‌كاته‌وه. هیودارم له‌و كاره‌دا سه‌ركه‌وتوو بێت.
– به‌ڵام ده‌بوو تائێستا بهاتایه‌ته‌وه. چ به بوون چ به نه‌بوونی كاره‌كه‌ی ده‌بوو بگه‌ڕێته‌وه . ئه‌و كاره هێنده‌ی كات ناوێت.
ماوه ماوه گه‌ڵایه‌كی نیمچه وشكه‌وه‌بووی هه‌ڵده‌گرت، كه‌مێك ئه‌مدیو و ئه‌ودیوی ده‌كرد. پاشان له‌پی ده‌ستی كرده‌وه و گه‌ڵایه‌كی له‌سه‌ر په‌نجه‌كانی ده‌ستی دانا . هه‌ندێك وردتر له گه‌ڵاكه‌ی ده‌ڕوانی و سه‌رنجی له ده‌ماره‌كانی ده‌دا . ده‌یڕوانی تا بزانێت كام دهمارهیان له‌گه‌ڵ هێڵكێش و خه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی له‌پی ده‌ستیدا ته‌ریب ده‌وه‌ستنه‌وه. ئه‌و وته خهرافییهی به‌بیر ده‌كه‌وته‌وه كه ده‌ڵێت (( ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی گه‌ڵایه‌ك له له‌پی ده‌ستتدا دابنێێت و ئینجا وا بكه‌وێته‌وه كه هه‌ر دوو ده‌مارێك له دهمارۆچكهكانی نێو گه‌ڵاكه له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو خه‌تێكی نێو له‌پی ده‌ستتدا هاوته‌ریب بوه‌ستنه‌وه ئه‌وه نیشانه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرایه بۆ باشی به‌ختت.)) چاوه‌كانی له‌گه‌ڕان به‌دوای ته‌ریبی خه‌ت و باشی به‌ختدا ماندوو ده‌بوون. كه‌مێك له ده‌وری خۆی ورد ده‌بووه‌وه ، دیسان چاوه‌كانی ده‌بڕیه‌وه گه‌ڵاكه‌ی نێو ده‌ستی ، ئه‌مجاره ده‌یویست بزانێت كه داخۆ له ڕێی شێوه‌ی گهڵاكهوه ، ده‌توانێت ئه‌وه‌ی به‌بیردا بێته‌وه كه دارتوو چۆن چۆنی پۆلێن بكات ، هه‌وڵی ده‌دا تا بزانێت ده‌بێت له نێو كامه پۆلی ڕووه‌كه‌كاندا ریزی بكات. سه‌ره‌تا گه‌شته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه توو سه‌ربه پۆلی بنه‌ڵه تووتڕكهكان نه‌بێت. ئاخر تووتڕك له ڕێی گرێ دڕكاویهكانیهوه پاریزگاری خۆی ده‌كات، بۆیه ڕوه‌كێكی تا ڕادده‌یه‌ك ناحه‌زه ، جگه له‌وه‌ی كورته باڵایه‌و له چاو دارتوودا مشهخۆرێكهو خۆی به ڕوه‌كه هاوسێكانیدا هه‌ڵده‌واسێت ، به‌ڵام كوا دارتوو وایه؟ ئه‌و پێویستی به دڕكی شێوه بزمارین نییه. نا دارتوو پێویستی به به‌رگری له‌خۆكردن نییه . وێرای ئه‌وه‌ش هه‌موان دارتوویان خۆش ده‌وێت. ئاخر كێ هه‌یه یادگارێكی شیرینی ژێر دارتوویه‌ك وه‌ك لاولاو خۆی بههزریدا هه‌ڵنه‌واسیبێت. بیری ده‌هێنا و ده‌برد ، به‌ڵام پۆلێن كردنی چی! ئه‌و هه‌ر زوو ده‌ركی به‌و ڕاستییه كرد كه زانیارییه‌كانی ده‌رهه‌ق زانستی ڕووهكزانی له بیروهۆشیدا ته‌واو كاڵبوونه‌ته‌وه. بۆیه هه‌رزوو لهوگهمهی پۆلێنكردنه پاشگه‌زبووه‌وه . دیسان بیری بۆ لای ڕه‌وه‌ند گه‌ڕایه‌وه.
ده‌خوازێت هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیدا بیبینێت ، هه‌تا پاش له ئامێزگرتنی یه‌كتر ، ده‌نگۆی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی له به‌نده‌كانی ژیانی باوی دێ‌دا كراوه سه‌باره‌ت به ڕێگرتن له (به‌زۆر به‌شوودان) له ده‌می ئه‌مه‌وه ببیستێت ، ئه‌و گۆڕانه‌ی كه بووه‌ته وێردی سه‌رزمانی نێر و مێی دێ. ئاخر ئه‌گه‌ر جاران ئه‌و به‌نده به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستای بوایه شه‌مام به‌و ده‌رده نه‌ده‌چوو . نا ئه‌گه‌ر وا بوایه هه‌رگیز ڕێڕه‌وی ژیانی ئه‌و كیژۆڵه دڵ پڕ هیوایه نهدهگۆڕڕا. بۆیه شیرین حه‌زی لێ‌بوو گۆڕانكارییه‌كه ناو بنرێت به‌ندی شه‌مام. به‌ڵام مشت و مڕی نێو ئه‌نجومه‌نی دێ كارئاسانی بۆ ئه‌و ناونانه نه‌كرد ، ئیدی ناونانێكی وا سه‌ری نه‌گرت. لێ ناونان به‌لای شیرینه‌وه گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو. دواجار ئه‌و گۆڕانكارییه دادوه‌رییه‌كی باشتر بۆ كیژانی دێ دێنێت ، بۆیه شیرین گه‌زگه‌ز باڵای به‌سه‌رگرتنی ئه‌و كاره‌وه ده‌كرد.
له هه‌مان ئه‌و شوێنه‌دا وه‌ستاوه ، له‌وێدا ، له دوا رۆژه‌كانی به‌هاری ئه‌مساڵدا لێك جیابوونه‌وه و ماڵئاواییان له‌یه‌كتر كرد. هه‌ر هه‌مان ئه‌و شوێنه‌شه كه یه‌كتریان تیادا ناسی بوو . ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر له‌وێشدا بوو ، له‌ژێر هه‌مان دارتوودا، كه یه‌كه‌مجار ده‌ستیان له نێو ده‌ستی یه‌كتر كرد و له ڕێی وردیله هه‌سته دهمارۆچكهكانی سه‌ری په‌نجه‌كانی ده‌ستیانه‌وه ته‌زوی ماچ به سه‌رتاپای له‌شیاندا تێده‌په‌ڕی ، له‌و ساتانه‌دا له نێو شه‌پۆله‌كانی شڵه‌ژاویی و ههناوكهوتن و داخورپانی دڵه‌وه ، ئه‌و جوڵه جه‌سته‌ییه سه‌یرانه‌یان ده‌كرد كه زه‌بری دوو دڵی یه‌كتر ڕاكێش له هه‌ناو و ماسولكه‌كانی جه‌سته‌ی تازه دڵدارانی ده‌كات. هه‌ربۆیه ده‌م و چاوی هه‌ردووكیان سورههڵگهڕابوو ، شنه‌ی شه‌رمیش به خوڕ له كوڵمهكانیان ده‌باری. خۆ ده‌شیانزانی كه‌كه‌س نهیدیوون . جا با له‌و كاته‌دا خه‌ڵكی ئه‌وانی بینیبێتیش ، خۆ ئێره سازه دیێه ، لێره گه‌ڕان به‌دوای هاوه‌ڵی بهردڵاندا نه تابووه و نه شورهییشی به‌دواوه‌یه. بۆیه شه‌رمی ئه‌وان زیاتر شه‌رمكردن له‌یه‌كتری بوو . چونكه له‌و ساته‌دا هیچیان نه‌یانتوانی بوو به‌رهه‌ڵستی ئه‌و هێزی كێشكردنه‌ی نێوانیان بكه‌ن كه هه‌نگاوه سهراتاییهكانی خۆی ده‌نا.
له تاریك و لێڵی ده‌م به‌یانه‌وه به پێوه چاوه‌ڕێ ده‌كات. هێنده نه‌بوو مه‌لای مزگه‌وت له بانگدان بووبووه‌وه كه ئه‌م له‌ماڵ ده‌ركه‌وت ، له‌و ساته‌وه له چاوهڕێدایه. وا خۆر ته‌واو به‌رزبۆته‌وه و له‌قوڵایی ئاسمان و گه‌ردووندا دیلانێ ده‌كات. پێده‌چێت دیسان حه‌ز به‌وه بكات به تیشكی كه‌م تینی پایزانه‌ی خۆی ماچی په‌ڕه ڕه‌ش و سپییه‌كانی سه‌رپشتی له‌قله‌قه‌كانی دێ بكات. ئه‌و دوو له‌قله‌قه‌ی كه هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك له پاش ده‌سته‌به‌ربوونی ده‌ستوور و داب و نه‌ریتی دێوه هاتبوون و هێلانهیهكیان بۆ خۆیان له‌سه‌ر داره ههڵچووهكهی لای ده‌سته‌ڕاستی سازهدێوه بۆ خۆ سازدابوو. دیاربوو حه‌زیان به‌وه بوو له‌ژێر خۆرهه‌تاوی پایزدا خۆ بكێشنه‌وه و ماندوێتی هاوینی به‌سه‌رچوو به هه‌وای بۆنداری دێ بسپێرن ، بۆیه نه‌یانده‌ویست له‌م نێوه‌ڕۆ وه‌خته‌دا هێلانه‌كه‌ی خۆیان جێ بهێڵن. ئه‌میش لێیانی ده‌ڕوانی. له‌خۆی ده‌پرسی كه " ئاخۆ ئه‌و له‌قله‌قانه چه‌نده شاد و دڵخۆش بن؟ " بێگومان شادن ، ته‌ماشایان بكه ، بزانه چۆن به خامۆشی هه‌ڵنیشتوون ! به‌وه‌دا دیاره كه نقه‌یان له خۆبڕیوه ، ئاخر ئه‌وان توشی كێشمه‌كێشی چاوه‌ڕوانی نه‌بوون. شیرینیش ئیره‌یی پێ ده‌بردن و ده‌یگوت "دیاره كه شاد و بێ خه‌من بۆیه وا خۆیان لێ شل كردووه و تینی خۆرهه‌تاو هه‌ڵده‌مژن."
ئه‌مه سێ ڕۆژه شیرین له‌و حاڵه‌دایه . به‌ڕۆژ دێت ، لێره‌دا، له‌ژێر ئه‌م دارتووهدا چاوه‌ڕێ ده‌كات ، شه‌وانه‌ش له ماڵه‌وه بۆ چه‌ند ساتێكی كه‌م نه‌بێت خه‌و له چاوه‌كانی ناكه‌وێت. بۆیه هێنده ماندووش دیاره. ئاخر چی بكات ئه‌و تازه كه‌وتووه‌ته نێو خه‌ڵوه‌تی چاوه‌ڕوانی یاره‌وه.
له‌ژێر دارتووهكهدا دێت و ده‌چێت ، خۆی به پاكژكردنه‌وه‌ی شیله و پوش و په‌ڵاشی په‌رش بووه‌وه‌ی بن داره‌كه‌وه خه‌ریك ده‌كات. نه‌ده‌زانرا ئایا ده‌وروبه‌ری دارتووه‌كه بۆ ئه‌وه پاكژ ده‌كاته‌وه تا سه‌رنجی خه‌ڵكی ئاوایی بۆ خۆی ڕانه‌كێشێت كه كپ و خه‌مبار دیاره؟ یان هه‌ر هی ئه‌وه‌یه ئه‌و بۆ خۆی خولیای خاوێنی دێیه. ئاخر ده‌شێت خه‌ڵكی دێ له خۆ بپرسن كه داخۆ شیرین بۆ هێنده له‌بن ئه‌و دارتووههدا مابێته‌وه ؟ ڕه‌نگه پرسیاری وه‌ها به خه‌یاڵیاندا ڕه‌ت ببێت. به‌ڵام زیاتر له‌وانه‌یه وا لێك بده‌نه‌وه كه هه‌ر بۆخۆی بخوازێت ئه‌وناوه برێك پاكژتر ڕابگرێت. خه‌ڵكی سازه‌دێ هه‌موو ده‌زانن كه كاتی خۆی باپیره‌ی شیرین ئه‌و دارتووهی له‌وێدا ڕواندبوو . بۆیه ئه‌وان له‌وانه‌یه وا هه‌ست بكه‌ن كه ئه‌میش بره‌و به كاره جوانه‌كانی باپیره‌ی بدات.
زوو زوو به‌ده‌م لابردنی پرچه ڕه‌شه‌كه‌یه‌وه كه وه‌ك ده‌سماڵێكی بریسكه‌دار به‌سه‌ر كوڵمه بۆر ههڵگهڕاوهكهیدا بڵاو ده‌بووه‌وه سه‌رێكی هه‌ڵده‌بڕی و له ده‌روازه‌كه‌ی دێی ده‌ڕوانی. هه‌ر جوڵه‌یه‌ك له‌وێوه به‌دی بكرایه خورپه‌یه‌كی له دڵه ناسكه‌كه‌یه‌وه ده‌هانی. ئاخر چاوه‌ڕوانی خۆشه‌ویستان كارێكی هه‌روا ئاسان نییه ، نا ئه‌وه هه‌روا ئاسان نییه كه بۆ دیداری ئه‌و ئازیزانه‌ی كه لێت دووركه‌وتوونه‌ته‌وه خوله‌كه‌كانی كاتژمێر به ڕێ بكه‌یت.
دڵی ترپهترپێكی له ڕاده به‌ده‌ر ده‌كات ، ترپهترپێك وه‌ك ئه‌و ترپهترپانهی له سینه‌یدا ده‌نگیان ده‌دایه‌وه، كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار بیلبیله‌ی چاوه‌كانی له‌سه‌ر دڵۆپێك له ئاره‌قه شهونمییهكانی لاملی ڕه‌وه‌ند نیشتنه‌وه. چه‌نده دیمه‌نێكی جوان بوو به‌لایه‌وه كه ده‌یبینی وا به دڵ له گه‌ڵ حه‌شاماتێكی نێر و مێی دێ‌دا خه‌ریكه . سه‌یربوو به‌لایه‌وه كه ڕه‌وه‌ند دوای وچانێك له كاری هه‌ره‌وزی بۆ ههرێزكردنی باخچه‌كه‌ی دێ به‌ده‌ور و خولیاندا دێت و چای بۆنداریان بۆ له پیاڵه لێو تهنكهڵهكان ده‌كات. له‌گه‌ڵ قومدان له چای دیژلهمهدا كۆڕی مشت‌و مڕیش له نێوانی ههرهوهزكاراندا گه‌رم بوو ، ئه‌ویش هانی ده‌دان له ده‌ربڕینی هه‌ستی خۆیان شه‌رم نه‌كه‌ن. چه‌ند گڕبوونهوهیهكی جوان بوو له ژێر ئه‌و دارتووهدا. بابه‌تێك ببووه جێ مشت و مڕی هه‌موو به‌شدارانی كاری ڕازاندنه‌وه‌ی باخچه‌كه‌ی دێ ، بابه‌تێك ته‌واو په‌یوه‌ست به كاری ڕازاندنه‌وه‌وه و هیچی تر ، په‌یوه‌ست به سوده‌كانی ڕازاندنه‌وه‌ی دێوه. بڕیار بوو نه‌مامه نوێیه‌كان له هه‌فته‌ی دواتردا بچێنن . ئیدی له نێوان خۆیاندا لێیان ده‌كۆڵیه‌وه ، چۆن ریزی چاندنه‌كه رێك بخه‌ن؟ داره‌كان چه‌ند سانتیمه‌تر له پیاده ڕێكه‌وه دووربن ؟ ئه‌دی چه‌ند مه‌تر له‌یه‌كتریه‌وه دووربن ؟ باشتره له كامبهری باخچه‌كه‌وه بیاننێژن؟ هه‌موان به‌شدار ده‌بوون لهگفتووگۆدا . بێ سڵكردنه‌وه له‌وه‌ی بیرۆكه‌كانیان گه‌مژانه بێت بیروبۆچوونی خۆیان به گوێی یه‌كتردا ده‌دا. جار جار ناكۆك ده‌بوون له‌وه‌ی له كامبهری باخچه‌كه نه‌مامه‌كان بنێژن . پاشان له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی شیرین كۆك بوون كه باشتره له دیوی ده‌ره‌وه‌ی باخچه‌كه و له‌به‌ری رۆژئاواوه بیانڕوێنن . ئه‌وه‌ی بیر دهكهوتهو كه چۆن له‌و ساتانه‌دا زمانی ته‌ته‌ڵه‌ی ده‌كرد ، ئاخر ئه‌و له‌كاتی ده‌ربڕینی ڕاكه‌ی خۆیدا هه‌ستی به كێشبوونێك بۆ سۆزی ڕه‌وه‌ند ده‌كرد. كاتێك گوتی ( من بۆیه پێم باشه له لای رۆژئاوای باخچه‌كه‌وه نه‌مامه‌كان بڕوێنین هه‌تا پاش نێوهروانێكی ده‌ره‌نگ له ژێر سێبه‌ری داره‌كاندا كه دهیانڕوێنین پیاسه بكه‌ین) ئاخر ئه‌وان زیاتر پاش نێوهڕوانێكی دره‌نگ ده‌رفه‌تی پیاسهكردنیان ده‌بێت چونكه كاته‌كانی تری ڕۆژ پابه‌ندی كاره‌كانیانن . داره‌كان ته‌نها له‌به‌ری رۆژائاواوه سێبه‌ری خۆیان له سه‌ر پیاده ڕێكان ده‌خه‌ن، بۆیه شیرین پێی باش بوو له‌و به‌ره‌ی باخچه‌كه‌وه نه‌مامه‌كان بنێژرین. دوایی ههرهوزكاران ئه‌و بۆچونه‌یان له هه‌موو بۆچونه‌كانی تر پێ باشتر بوو. ئیستاش ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ لێدانه‌كانی دڵیدا ده‌ڵێت كه‌نگێ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لام؟ ده‌وه‌ره‌وه تا هه‌ندێ پێكه‌وه پیاسان بكه‌ین.
ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه له كه‌سی نزیك و خۆشه‌ویستانی خۆی جیابووبێته‌وه . ساڵ و نیوێك پێش ئێستا كاتێك باوكی شه‌مامی هاوڕێی له داب و نه‌ریته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دێ لایدا ، ئیتر به‌ده‌ستووری دێ نه‌ده‌كرا و ڕێی پێ نه‌ده‌درا له دێ‌دا بمێنێته‌وه ، ئاخر ئه‌و شه‌مامی به‌ده‌ر له‌ویستی خۆی به شوو ده‌دا بۆیه له‌گه‌ڵ خۆیدا بردی بۆشار و هه‌رگیز نه‌گه‌ڕانه‌وه. له‌وێ ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی كه شه‌مام هه‌رگیز نه‌یده‌خواست سه‌ربگرێت به ئه‌نجام گه‌یه‌ندرابوو. ئه‌و لادانه‌ی باوكی شه‌مام یه‌كه‌م له‌ڕێ لادان بوو له داب و نه‌ریتی باوی دێ . یه‌كه‌م له ڕێ لادان بوو له‌لایه‌ن یه‌ك له دێنشینانی سازهدێوه ئه‌نجام درابوو.
یه‌ك له ڕێسا په‌سه‌ند كراوه‌كانی دێ ئه‌وه‌بوو كه به‌زۆر بهمێردكردنی كچان هه‌رگیز له سازه دێ‌دا ڕێگه‌ی پێ نه‌ده‌درا. ئه‌و ڕێسایه ماوه‌یه‌كی كورت پاش خڕبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ دامه‌زراندنی دێ و له دوای ڕێكه‌وتنێكی زۆرینه‌ی دانیشتوانی پێگه‌ییوی دێوه ببووه یه‌ك له‌و بنما كهلتوریانهی كه سازه دێی له ته‌واوی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری جیا ده‌كرده‌وه. لێ به‌ختی شه‌مام له‌و بواره‌دا ڕه‌شی هێنابوو. باوكی چووبووه كه‌لی شه‌یتان و له بڕیاره‌كه‌ی خۆی په‌شیمان و پاشگه‌ز نه‌بووبووه‌وه . ئه‌و هه‌ر سووربووبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌زۆر كچه ١٧ ساڵاناكهی بداته كوڕی هاوسێ دوكانداره‌كه‌ی جارانی شاری. ئه‌و چاره‌نوسه‌ی شه‌مام شیرینی گه‌لێك دڵته‌نگ كردبوو. لی ئه‌مجاره كه له هاوه‌ڵی دڵی دووره كاریگه‌ریه‌كان زۆر جیاوازترن.
ئه‌و لێكدابڕان و جودا بوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مجاره لێی ڕووداوه گه‌لێك زیاتر له دابڕانه‌كه‌ی شه‌مام دڵته‌نگی كردووه. كاتێك له شه‌مام دابڕا هه‌تا چل دانه ڕۆژ توشی خه‌مۆكی بوو بوو، ده‌تگوت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كات چله‌ی ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه به‌سه‌ر بچێت هه‌تا كه‌مێك ئاه بهبهردڵیدا بێته‌وه. ئاخر شه‌مام هیچ دڵی به‌و شووه خۆش نه‌بوو . ئه‌و حه‌زی به خوێندن بوو ، حه‌زی به‌وه‌بوو بوارێكی بۆ بگونجێت تا په‌ره به‌خوێندن بدات و له‌م كهونهو و له‌بوون ووردبێتهوه ، هه‌تا ڕاده‌یه‌كی بارگهكراو به ویستی سنوورنهناسانهی تافێ لاوێتی ده‌یخواست له نهێنییه‌كانی گه‌ردوون بگات. به‌ڵام نا باوكی ده‌یویست بیداته شوو و هه‌ر له ته‌مه‌نی جوانیدا خێزانێكی بۆ پێك بهێنیت. ئه‌م كاره‌ی باوكی بیرۆكه‌ی په‌رده‌هه‌ڵماڵینی له‌سه‌ر زانسته گه‌ردوونیه‌كان له به‌ردیده‌ی شهمامدا به هه‌ڵم كردبوو . جا شیرین به‌ده‌ر له هاوڕێیه‌تییه نزیكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شهمامدا بۆ مردنی ئه‌و گیانی پهیپێبردنهش لهشهمامدا هێنده‌ی تر خه‌فه‌تبارتر بووبوو. لێ ئه‌م دابڕانه‌ی پار له ڕه‌وه‌ند زێده‌تر كاریگه‌ری له‌سه‌ر جێهشتووه. ئاخر ئه‌وان ریشوی هه‌ستیان خه‌ریك بوو تووندتر پێكه‌وه گرێ بدرێن. بۆیه ئه‌مه‌یان گه‌لێك سه‌ختتره ، ئه‌م دابڕانه زیاتر په‌یوه‌سته به‌ژیانی تاكه كه‌سی خۆیه‌وه. ئه‌م جاره‌یان ئازاری لێك دابڕان نه‌ك ته‌نها تووشی خه‌مۆكی كردبوو ، به‌ڵكو له ماوه‌ی یه‌كه‌مین هه‌فته‌ی جودابوونهوهكهدا زه‌واد و خوردیشی لێ تاڵ كردبوو.
چوار دانه مانگه گڕی بیركردن له هه‌ناویدا كڵپه ده‌سه‌نێت و له‌م دوایینن هه‌فته‌یدا له ڕاده‌به‌ده‌ر تینی سه‌ندووه. لێ ئه‌وه سه‌دای په‌یمان دانه بڕێك ئاه به ده‌روونیدا ده‌هێنێته‌وه ، ده‌نا ئه‌و له م ده‌مانه‌دا پهشۆكاوترین كیژی دێ بوو . كه بیری ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ڕه‌وند دابوونی به‌نێو كوچهوكۆڵانهكانی یادگارهكانیدا ده‌گه‌ڕان ، ئیدی وێنه‌ی ئه‌وساتانه له پێش چاوه‌كانیدا ده‌بریسكانه‌وه كه تیایدا ماڵئاواییان له یه‌ك كردوو و له‌یه‌ك جودابوونه‌وه. چه‌ند نزیك له‌یه‌كه‌وه وه‌ستابوون . چه‌ند به ته‌نگ خۆشی یه‌كتره‌وه بوون و ئاوا له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌دوان:
– پاش شه‌ش مانگ له ئاڵوگۆڕی سۆز، چۆن ده‌توانیت جێم بهێڵیت؟ چۆن هێز لهئهژنۆكانتدا هه‌ن ئه‌و پڕۆژه‌یه وا به‌نیوه ناچڵی لێ بگه‌ڕێیت؟ ها ڕه‌وه‌ند گیان چۆن ده‌توانیت، چۆن؟
وێنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی ڕه‌وه‌ند لهبهردیدهكانیدا قوتبوونه‌وه . هێواش هێواش ده‌سته‌كانی شیرینی گرتبوو ڕووه و لای لێوه‌كانیه‌وه بردبوونی پێش ئه‌وه‌ی بڵێت:
– نا شیرین گیان تكایه لێم تێ بگه، ئه‌مه جێهێشتن نییه. من به ئه‌ركێكی مرۆییانه ده‌ڕۆم.
– ئه‌ركی مرۆییانه‌ی چی ، تۆ ده‌توانیت چی بۆ بكه‌یت؟ خۆ من نامه‌وێت پهژێوانت بكه‌مه‌وه، به‌ڵام گیانه‌كه‌م ئه‌و كاره‌ی تۆ به‌نیازیت بیكه‌یت ، كارێكی ترسناكه. نه‌با هه‌ناسه‌كانی تۆشم له‌ده‌ست بچێت، ئاه زمانم لاڵ بێت . ئاخر من له ژیانی تۆ ده‌ترسم.
– ترست نه‌بێت ئازیزه‌كه‌م، ته‌نها هه‌وڵێك ده‌ده‌م ، ناهێڵم زیان به‌كه‌س بگات، ههوڵێكهو ده‌یده‌م ، به‌ڵكو ببمه یاریده‌ده‌رێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی شه‌مام بۆ ڕیڕه‌وی ئاسایی خۆی.
– خۆ من به سه‌ركه‌وتنت له‌و كاره‌دا ده‌بمه شادمانترین په‌پوله‌ی گوڵزاری ژیان. به‌ڵام هه‌ر له خۆوه ترسێك پانتایی هۆشمی داگیر كردووه.
– دڵه‌كه‌م، تكایه گه‌شبینیه، گه‌شبینی كلیلی گه‌شتن بهئاواتهكانه. له‌ده‌ڵه‌وه هیوای سه‌ركه‌وتنم بۆ بخوازه، من بۆخۆم هیوایه‌كی باشم هه‌یه. تۆ له‌و باسه بگه‌ڕێ، ئاخر پێشتر زۆر باسمان كردووه. له‌م گفتووگۆیه‌دا ته‌نها خۆمان دووباره ده‌كه‌ینه‌وه و هیچی تر . تۆ وه‌ره پێم بڵێ، حه‌زده‌كه‌م بزانم گوڵه گه‌شه‌كه‌ی دڵم پێشبینی ئه‌وه ده‌كات چی به دیاری بۆ بهێنم؟
– نامه‌وێت هیچ شتێك هستنیشان بكه‌م. گیانی شیرین، جوانی دیاری بۆخۆی له ئازادكردنی ویست و بژێریاری دیاریهێندایه. بزانم خۆت به‌چی سه‌رسامم ده‌كه‌یت؟
– بێگومان ده‌زانم چیت بۆ دێنم ، كه‌واته بامنیش بیهێڵمه‌وه بۆ كاتی خۆی ، بزانم به ده‌ست و دیاریم ده‌توانم گه‌وهه‌ری خۆشی له دڵت بنێم!
– بڕوات بێت ئه‌وه پرسی ناوێت، كێ هه‌یه پاڵ به به‌ختی خۆیه‌وه بنێت؟ ئاه كه به شیرینی دیاری مه‌ست ده‌بم.
– چاوی ڕاستهكهم ، دره‌نگه ئیدی ده‌بێت بڕۆم . ده‌زانیت چه‌نده سه‌خته كه له خۆ ده‌گه‌ڕێم ته‌نها بم . به‌ڵام ئه‌م جودابوونه‌وه‌یه درێژه ناكێشێت. حه‌ز ده‌كه‌م بێگومان بیت له‌وه‌ی كه دێمه‌وه. جا چۆن ده‌توانم نه‌یه‌مه‌وه. ها چۆن ده‌توانم؟ پاشان باسی پرۆژه و مافه‌كانی كیژانت كرد. ئاخر تۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ت وا بردۆته پێشه‌وه ئیدی هیچی بۆ من تیادا نه‌ماوه‌ته‌وه بیكه‌م. بێ گومانم به چوستی هه‌وڵه‌كانی تۆ سه‌رده‌گرێت. تكایه سور به له به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و خواستانه. بێ گومانم ئاسووده‌یی به‌دوادا دێت، ئاسوده‌یی بۆ هه‌موان.
– بێ تۆیی كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌جێگه‌یاندنی پرۆژه‌كه ده‌بێت، به‌ڵام بێگومان به ، لێ ناگه‌ڕێم تا نه‌بێته به‌ندێكی جێگیری داب و نه‌ریته باوه‌كانی دێ. با ئیتر كه‌سی دی له كیژانی ئه‌م دێیه به ده‌رده‌كه‌ی شه‌مام نه‌چن و ئه‌و ئازارانه‌ی جه‌سته‌ی شهمامیان ده‌گه‌زی هه‌رگیز دوباره نه‌بنه‌وه.
– بزانم چ سوارێكی ئه‌و بواره ده‌بیت! دڵنیام ئه‌و كاره به‌هۆی لێواشاوهیی تۆوه سه‌رده‌گرێت.
– ئازیزه‌كه‌م ، په‌یمانم پێ بده كه دێیته‌وه.
– په‌یمانه كه دێمه‌وه دڵه شیرینه‌كه‌م. ئاخر بزانه كه به‌رگه‌ی دووری هه‌ناسه‌كانت ناگرم ئه‌وه بۆیه به زووترین كات دێمه‌وه.
نیوه ساڵێك بوو دڵیان گرێدراوی یه‌ك بوون. شه‌ش مانگ هه‌ستكردن به‌وه‌ی كه بۆ خۆشی كه‌سێكی تر ده‌ژیت و هه‌ناسه ده‌ده‌یت، شه‌ش مانگ له ئارامی مێشك و هێمنی ده‌روون. له دواهه‌مین دیداریاندا په‌یمانی پێدا كه یه‌كتر ببیننه‌وه. سه‌رتاسه‌ری وه‌رزی هاوین شیرین كه گوێی له واق و ویڕی قاز و قوڵینگه كۆچكه‌ره‌كان ده‌بوو خۆزگه‌ی ده‌خواست كه له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندا گۆێی له ئاوازه خۆشه‌كانیان بگرتایه.
چ به‌هارێكی ڕهنگینبوو كه‌جێی هێشت، ده‌بوو بگه‌ڕێته‌وه بۆ شار. په‌یمانی به دایكه ناساخهكهی دابوو تا جه‌ژنی قوربانی له‌لای ئه‌و بكات. ئیدی ئه‌و سه‌ردانه‌ی بۆشار بۆ ببووه ده‌رفه‌تێكیش تا هه‌وڵێك بۆ گێرانه‌وه‌ی شه‌مام بدات.
له‌و دوا دیداره‌دا دوا شت كه له شیرینی وه‌رگرت چوكلێتێكی به كارامێل ئاخنراو بوو. هه‌ر كه چوكلێتهكهی وه‌رگرت خێرا به پێكه‌نینێكه‌وه به شیرینی گووت:
– شه‌كره شیرینه‌كه‌ی رۆح ، ده‌ته‌وێت دیسانه‌وه هه‌مان ئه‌و خۆزگه‌یه‌ی خۆمت بۆ به‌یان بكه‌مه‌وه. ئه‌و خۆزگه‌یه‌ی كه هه‌ر له‌منداڵیمه‌وه ئاواته‌خوازم بمزانیایه ئاخۆ ئه‌و كارامێله خۆشه چۆن دروست ده‌كرێت؟ كه‌مێك له كاخه‌زه ڕه‌نگ ئاڵتوونیهكهی چكلێته‌كه‌ی ڕوانی و ئینجا گووتی:
– ده‌ڵێم ئه‌م چكلێته هه‌ر ئاوه‌ها هه‌ڵبگرم و نه‌یخۆم.
– چییه گیانه؟ ئه‌مه‌ش خولیایه‌كی تازه‌یه و من ئاگام لێی نییه؟ وام ده‌زانی ته‌نها خولیای نوسینی ئه‌و وشانه‌ت هه‌یه كه ماناكانیان باش نازانیت.
– ئه‌دی . ئه‌مه‌ش خولیایه‌كی تره كه ده‌مه‌وێت بۆت باس بكه‌م. به‌ڵام توخوا به شێت و دێوانه له نێو هه‌یوانی مێشكت و په‌نجه‌ره ڕازاوه‌كانی خانه‌كانی مێشكتم مه‌نێ ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌م چكلێته هه‌ڵده‌گرم هه‌تا هه‌ركات سه‌یریم كرد و بۆنی كارامێل له كاغه‌زه‌كه‌یه‌وه ده‌رچوو ئیدی بۆنی دوا ماچی لێوه كارامێلاویهكانتم بیر بكه‌وێته‌وه.
– شاڵا هه‌ر پێم بگوتیتایه دێوانه! تۆ ته‌ماشاكه، خۆ خه‌ریكه لێشم ده‌بێته شاعیر. ئاخر گیانی گیانان ده‌زانیت ئه‌و چوكلێته هه‌ڵبگریت له گیرفانهكانتدا ده‌تلیسێته‌وه و هه‌موو گیانت ده‌بێته شیله.
– جا له‌وه باشتر چی هه‌یه؟ ئه‌وسا هه‌موو دونیای ده‌وروبه‌رم بۆنی تۆیان لێدێت و هه‌ر زوو هه‌وڵ ده‌ده‌م بگه‌ڕێمه‌وه بۆ لات. گیانه‌كه‌م سه‌یری هه‌ڵبزڕكاوی ڕوخسارم بكه ، هه‌ر له‌گه‌ڵ لهكۆڵكردنی چارۆكه‌ی ئه‌م سه‌فه‌ره‌دا خه‌ریكه بیرت ده‌كه‌م .
– تۆ بڵێیت حه‌وسه‌ڵه‌ی كاره‌ساتێكی وه‌هات هه‌بێت. بیر بكه‌ره‌وه ڕه‌وه‌ند گیان . شیله و شه‌كری تواوه به جله‌كانتدا بڵاو ببنه‌وه. چی ڕووده‌دات ؟ خۆ هه‌رچی مه‌گه‌زی ده‌وروو به‌ره لێت ده‌نیشێته‌وه. وه‌ی دایه‌گیان له‌و دیمه‌نه ، چه‌ند دیمه‌نێكی سه‌یر ده‌بێت !
ده‌ستی كرده خرمه‌ی پێكه‌نین و ئینجا به‌رده‌وام بوو و گوتی:
– ده‌زانیت بۆ ئه‌و حاڵه به‌زه‌ییم پێتدا دێته‌وه. ده بیخۆ كوڕه نازداره‌كه ، با بۆنی كارامێل نهتكاته نێچیری مار و مێرو
– ئه‌و دیمه‌نه مه‌حاڵه ڕووبدات. بڕوات بێت ئه‌وه‌ی پێی بڵێیت گۆڕان به‌سه‌ر دۆخی ئه‌م چكلێتهدا نایه‌ت. ده‌زانیت بۆ؟
– ئاده‌ی بزانم بۆچی؟ گوایا تۆ كوڕێكی باشیت و كاره‌ساتت لێ ڕونادات؟ ئه‌وه بیركردنه‌وه‌یه‌كی هه‌رزه‌كارانه‌یه.
– تۆ ته‌ماشاكه بزانه چۆن هێرش ده‌كات. جا كوا من شتی وام گوتووه؟ تۆ بۆ خۆت تاوان له‌كۆڵم ده‌نێیت و به‌ئاره‌زوی خۆشت حوكمی كوێرانهم به‌سه‌ردا ده‌ده‌یت. به‌ڵام گرنگ نییه با وابێت. ئاه ده‌زانم چۆن له قوڵایی ناخته‌وه ده‌ته‌وێت بزانیت چۆن ئه‌م چكلێته ده‌پارێزم ؟
– گوایا چی لێ ده‌كه‌یت؟ خۆ له قاڵبه سه‌هۆڵی ناگریت؟
هه‌ركه رێڕه‌وی بیری له گه‌ڵ ئه‌و دوا وتووێژانه‌دا شۆڕ ده‌بووه‌وه نێو چه‌می یاده‌وه‌ریه‌كانی ئیتر ترپه‌كانی دڵی خێراتر ده‌بوون. ده‌یگوت هاكا هاته‌وه و دیاریه‌كی له نێو ده‌سته‌كانم كرد. تۆ بڵیی چكلێته‌كه‌ی پاراستبێت. ئه‌و په‌یمانی دا ئه‌م پایزه له‌گه‌ڵ وه‌رینی یه‌كه‌م گهلادا بێته‌وه. ئێستاش ئه‌و تۆنه له گوێكانی شیریندا ده‌زرینگێته‌وه ، به‌تۆنێكی ناسك وشه‌ی گه‌ڵای ڕافه ده‌كرد .چه‌ند به ناسكی دیگوت گه‌لا ، ئاخر ئه‌و پێی وا بوو ڕافهكردنی ( ڵ) به پڕی و قه‌ڵه‌وی ناسكی گه‌ڵاكان لكه‌دار ده‌كات . بۆیه حه‌زی به‌وه‌بوو بڵێت گه‌لا. پایزی پار ، هێشتا لاله‌ی دڵیان بۆنی یه‌كیان نه‌كردبوو، كاتێك سه‌رنجی گه‌ڵا ڕێزان و خه‌زانی دڵ مهستكهریان ده‌دا ئاوا له وه‌رینی گه‌ڵاكانیان ده‌ڕوانی:
– ڕه‌وه‌ند ، ته‌ماشاكه ، ته‌ماشای ئه‌و دار تووه بكه، بزانه جه‌نده خه‌مگین دیاره . ته‌نها چه‌ند گه‌ڵایه‌كی كه‌م به به‌ده‌نیه‌وه ماوه. نازانم چۆن به‌رگه‌ی جودا بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو گه‌ڵایانه یان بڵێم (گهلایانه) ده‌گرێت؟
– شیرین گیان ئه‌و دارتووه دارێكی ڕه‌سه‌نه و ناخوازێت خۆی له به‌ند و باوی سروشت یاخی بكات. ئاخر ئه‌وه‌ته‌ی دونیا دونیایه داره‌كان گه‌لاكانیان بۆ خاتری جوانی پایز به‌قوربانی ده‌كه‌ن. ئهوگهلایانه جگه‌ری ئه‌ون، دیاره بۆ هه‌ر گهلایهك فرمێسكێكی ته‌ڕی به‌خاك سپاردووه بۆیه وا بن قهدهكهشی ته‌ڕ و بڕه. گوێبگره بزانه چ ئاوازێك ده‌سازێنێت، دڵنیام كه ماتهمترین ئاواز بۆ وه‌رینی دوایین گه‌لای جگه‌رگۆشه‌ی ساز ده‌كات. هاكا ماڵئاوایی له‌و گهلایهش كرد . به‌ڵام ته‌ماشاكه، له سوڕی وه‌رزه‌كان بڕوانه ، خه‌مگینی و جیابونه‌وه له گه‌لا هه‌رگیز ئه‌و داره نا‌ئومێد ناكات. دیاره خۆی بۆ پڕبوونێكی تر له خۆشی ساز ده‌كات. ئاخر گه‌لا كۆنه‌كان گوێكانیان له ڕازی دڵداران پڕبووبوون ، بۆیه ده‌بێت ده‌ستبه‌رداریان ببێت. له‌وه‌رزی تازه‌دا گه‌لای تازه به‌رهه‌م ده‌هێنیت تا له‌گه‌ڵ سۆزی دڵداراندا گه‌شه بكه‌ن و به ته‌ڕی ماچه‌كانی ئه‌وان سه‌وز دابێن.
جوڵه‌یه‌ك له دووره‌وه به‌دی ده‌كات، چاوه‌كانی كه‌مێك ده‌نوقێنێت هه‌تا باشتر له ریتمی ڕۆشتنهكه بگات. لهبهرخۆووه ده‌ست به قسه‌كردن ده‌كات " به گوژمی ڕۆشتنهكهدا له‌وه ده‌كات ڕه‌وه‌ند بێت. كه‌سێكی تریشی له‌گه‌ڵه، بڵێیت ئه‌وه شه‌مام بێت، تۆ بڵێیت توانیبێتی ئه‌و مێرده نابهدڵهی ڕازی بكات ده‌ستبه‌رداری شه‌مام بووبێت، یان بڵێی شهمامیش هه‌ڵهاتبێت " به په‌شۆكاوی و سه‌رسامییه‌وه ده‌یگوت " چ په‌له‌مه بزانم ؟ ئێستا ده‌گه‌نه ئێره، ئه‌وسا هه‌موو شتێكم لا ئاشكرا ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌یان بهشهمام ناكات ، ئه‌و هێنده گۆشتن نه‌بوو. نا چاوه‌ڕێ ناكه‌م تا ده‌گه‌نه ئێره ، با به‌ره‌و ڕوویان بڕۆم . ئا به‌ره‌و ڕویان ڕاده‌كه‌م. ده‌مه‌وێت زووتر پێیان بگه‌م، ڕاده‌كه‌م تا لێیان نزیكتر ببمه‌وه . ئه‌وسا خۆم پێی ده‌ڵێم ، ده‌بێت گۆڕانی ئه‌و به‌نده پڕ بایه‌خه‌ی داب و نه‌ریتی باوی دێ له ده‌می منه‌وه بیبیستێت. "
هه‌موان به‌م بڕگه‌یه رازی بوون كه جێی بڕگه كۆنه‌كه بگرێته‌وه ( هه‌رچی كیژێك له سازه دێ‌دا بژێت ، ئه‌ركی دانیشتوانی سازهدیێه نه‌هێڵن به ده‌ر له ویستی خۆی هاوسه‌رگیری بۆ سازبدرێت).
به‌ره‌و ڕوویان ڕایده‌كرد ، له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانیدا بۆ پێشه‌وه بۆنی كارامێلی به‌سه‌ردا دهات . ده‌یگوت " خودایه كه بۆنی كارامێل خۆشه، ئا لێره‌وه بۆنی كارمێل ده‌كه‌م. چه‌ند حه‌ز به بۆنی كارامێل ده‌كه‌م."